Skip to Content

پۆستەری “سینەمای سەعادەت” لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر پەردەی لەسەر لادرا

پۆستەری “سینەمای سەعادەت” لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر پەردەی لەسەر لادرا

Closed
by نیسان 10, 2017 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر پەردەی لەسەر لادرا.
ئەمساڵ لە بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان، لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، 12 فیلم لە وڵاتانی چین، تورکیا، کۆلۆمبیا، ئەڕژەنتین، لێتۆنی، پۆڵەندا، هەنگاریا، رووسیا، مەکزیک، ئەندوونێزی، فەڕەنسا و ئیسپانیا بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ 3 فیلمی ئێرانی نمایش دەکرێن.
بە پێی یاساوڕێسا نوێیەکانی ئەم فیستیڤاڵە کە ساڵی رابردوودا پلانی بۆ داڕێڕا و رچاوگیرا، فیلمەکانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە ناو ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێن کە تاکوو ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندیی ئاسیا نمایش نەکرابێتن.
ئەمساڵ لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، هەندێک لە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” یەکەمین نمایشی ئاسیایی خۆیان لەم فیستیڤاڵەدا دەبینن. لەم ناوەندەدا چەندین فیلم یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتییان لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر دەبێت و بۆ یەکەمین جار لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان و لەم فیستیڤاڵەی ئێران پەردەیان لەسەر لادەبردرێت.
5 دادوەری بیانی و 2 دادوەری ئێرانی فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر هەڵدەسەنگێنن.
لەم بەشەدا، یەک تەندیسی سیمورغی زێڕین بە باشترین فیلم و هەروەها 5 سیمورغی سیمین لە لقەکانی دەرهێنان، سیناریۆ، ئەکتەری پیاو، ئەکتەری ئافرەت و خەڵاتی تایبەتی دەستکەوتی هونەریی لە یەکێک لە بوارەکانی وێنەگرتن، مونتاژ، موزیک، دیزاینی جلووبەرگ و یا دیزاینی سەحنە پێشکەش دەکرێت.
سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی “رەزا میرکەریمی” و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 21 تا 28ی ئەپرێلی 2017 لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish