Skip to Content

حیكایەتی شۆڕشی شوبات … كەڤین مورفی … وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

حیكایەتی شۆڕشی شوبات … كەڤین مورفی … وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

Closed
by نیسان 10, 2017 General, Marxism, Opinion, Slider

كرێكارانی ڕووسیا لە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 1917دا مانیانگرت. ئەمە بووە هۆى كۆتاییهێنان بە قەیسەرییەت لە ڕووسیا

كەڤین مورفی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی: كەڤین مورفی یەكێكە لە هاوڕێ سۆسیالیستەكانم، كە لە هەمانكاتیشدا سەرپەرشتیاری پڕۆژەى ژاكۆبنی شۆڕشی ڕووسیایە لەیادەى سەد ساڵەى شۆڕشی ئۆكتۆبەردا، داوای لێكردم بۆ وەرگێڕانی چەند وتارێك بۆ زمانی كوردیی كە لە پرۆژەكە و ئەرشیڤی ماركسیستەكان لە ئینتەرنێت و كتێبێكیشدا بەزمانە جیاوازەكان بڵاودەبێتەوە، دەقە كوردییەكانیش هاوپێچ بكرێن].

گرنگترین مانگرتن لە مێژووی جیهاندا بە ژنانی كرێكاری كارگەى ڕستن و چنین لە پترۆگراد لە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 1917 دەستیپێكرد (بەپێی تەقویمی كۆنی یولیان دەكاتە 23ی ئۆكتۆبەر). 13 سەعات كاركردن لە ڕۆژدا لەكاتێكدا منداڵان و هاوسەرەكانیان لە شوێنێكی دیكە بوون، ژنان ژیانێكی ناخۆش و كارەساتباریان هەبوو كە دەبوو خێزانەكانیشیان بەڕێوەبەرن و بۆچەندین سەعات لە سەرمای ژێر سفری سەدییەوە لەڕیزدا بمێننەوە بە ئومێدی ئەوەى پارچە نانێكیان دەستبكەوێت. هەروەك چۆن تسویۆشی هاسیگاوا لە لێكۆڵینەوە گرنگەكەیدا لەسەر شۆڕشی شوبات دەڵێت: “بۆ ئەوەى ژنان كردار بنوێنن هیچ پێویستییەك بە پروپاگەندە و بانگەشە نەبوو”.

قەیرانە قوڵە كۆمەڵایەتییەكانی ڕووسیا بەهۆى شكستی ڕژێمی قەیسەرییەوە بووە هۆی بڕیاردان لەسەر چەند ڕیفۆرمێكی مانادار و قەیرانەكانیش لە درزی قوڵی ئابووریی نێوان دەوڵەمەندان و كۆى كۆمەڵگای ڕووسییەوە سەرچاوەى دەگرت. ڕووسیا ڕووسیا لەلایەن ئۆتۆكراتەكانەوە بەڕێوە دەبرا، قەیسەر نیكۆلاسی دووەم، چەندین جار دۆمای هەڵوەشاندبووەوە، پەیكەرەیەكی هەڵبژێردراوی بێ دەسەڵاتی بونیاد نابوو و كە لەلایەن یاساوە باڵادەستیی پیاوانی بەسەر موڵك و ماڵەكاندا سەپاندبوو.

لەبەردەم دەروازەى جەنگدا، چالاكیی مانگرتن هاتەئارا كە لە شۆڕشی 1905 و كرێكاران بەرپایان كرد و بەربەستییان لەسەر شەقامەكانی پایتەختدا دروستكرد و ئەو شەقامانەیان داخست. جەنگ كۆتاییهاتنی بە قەیسەرییەت بۆ ماوەیەك دواخست، بەڵام شكستی میلیتاریی و لەدەستچوونی نزیكەى حەوت ملیۆن و سەدان زیانی گەورەی بێ پێشینە گەندەڵیی ڕژێمی بەڕادەیەك بۆ هەموو كونج و كەلەبەرەكانی كۆمەڵگا بەدوای خۆیدا هێنا. بۆیە ئەمە لەدەستدانێكی گەورە بوو و قوڵ بوو كە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، شازادە لیڤۆڤی بەرەو جۆرێك لە پیلانگێڕیی برد – ئەویش بەبێ ئەوەى هیچ كردارێكی هەبێت – كە بووە هۆى دەركردنی قەیسەر و زیندانیكردنی لە تزارینا. ڕاسپۆتین، قەشەیەكی شارلاتان و سەرسەریی نفوزێكی زۆری لە دادگای قەیسەردا بەدەستهێنابوو، لە دیسەمبەری 1916 نەك لەلایەن ئەنارشیستەكانەوە، بەڵكو لەلایەن پاشایەتیخوازەكانەوە كوژرا.
لەبەرەى چەپدا، بەلشەڤییەكان ببوون بە هێزی گەورە و كاریگەر لە پانتاییەكی بەرفراوانتری شۆڕشگێرانی پێشڕەوی گەورەترین شەپۆلی مانگرتنەكان لە مێژووی جیهاندا (بەشێكی سەرەكیی سۆسیالیستە میانڕەوەكانی لایەنگریی جەنگ خۆیان لەهەموو كردەیەكی مانگرتن پاراست).

قەیسەرییەت بۆ ساڵانێك جەنگا. سی مانگرتنی سیاسیی لە نیوەى دووەمی 1912 لە كێڵگەى ئاڵتوونی لینا قەتڵوعامی 270 كرێكاری لێكەوتەوە و ئەوان ئازایانە ڕووبەڕووی پۆلیسی نهێنیی قەیسەر (ئۆخرانا) بوونەوە و دەستگیركران. لێكدابڕانی شۆڕشگێڕانی دەستگیركراو لە 1915 و 1916 دەسەڵات و هێزی ڕێژەیی چەپی لە پیترۆگراد پیشاندەدا: بەلشەڤییەكان 734، ناحزبییەكان 553، ئێس ئاڕەكان 98، مەنشەڤییەكان 79، میژرایۆنستییەكان 51، ئەنارشیستەكان 39. لەگەڵ شەش سەد ئەندامانی بەلشەڤییی لە كارگەكانی كانزا، ئەندازیاریی و ڕستن و چین لە ڤایبۆرگ، شارۆشكەیەك بوو كە زۆرینەى خەباتگێڕانی سەرتاسەری جەنگی لێكۆببووەوە.
لە 9ی كانوونی دووەمی 1917دا، دوانزەهەم ساڵیادی یەكشەممەى خوێناویی قەتڵ و عامەكە كە لە شۆڕشی 1905دا ئەنجام درابوو، زیاتر لە 142000 كرێكار مانیانگرت. كاتێك دۆما لە 14ی شوبات كرایەوە، 84 هەزار كرێكاری دیكە لەلایەن مەنشەڤیكە پرۆ جەنگەكانەوە ڕابەرایەتیی كران.

كەمبوونەوەى كەرەستەى خۆراك بووە هۆی ئەوەى حكومەت داوای كۆكردنەوەى دانەوێڵەی زیاتر بكات لە گوندەكاندا. بۆ نموونە نانەواییەكانی پیترۆگراد داخرابوون و خستنەڕووی نان بۆ چەندین حەفتە كەم بووەوە و ئەم قەیرانەش وردە وردە دەسەڵاتدارانی قەیسەرییەتی زیاتر بەرزكردەوە. ئۆخرانا (پۆلیسی نهێنیی قەیسەرییەت) چەندین ڕاپۆرتیی نهێنیی دەربارەى پێكدادانەكانی نێوان پۆلیس و ژنانی كرێكاری لە هێڵەكانی سەرەگرتن بۆ نان لە پیترۆگراد پێشكەشكردبوو. دایكان “سەیری منداڵانی نەخۆش و برسی و نیوەبرسیی خۆیان دەكەن و ئەمەش لەوانەیە بووبێتە هۆى ئەوەى ئەوان زیاتر لەپیاوان لە شۆڕش نزیك بووبێتنەوە. میلیكۆڤ ڕۆدیشێڤ و هاوبەشەكانی زیاتر لەوان ترسناكترن”.

لە 22ی شوباتدا، كایرۆڤی بەلشەڤیی باسی لەوە كرد ژنانی ڤایبۆرگ كۆبوونەتەوە و ژنان حەزیان لەوە نییە لەڕۆژی جیهانیی ژناندا مانبگرن و گوێ لە “دەستوور و فەرمانەكانی حزب” بگرن. ئەمە كایرۆڤی زیاد ئازاردا – ئەو دواتر دەنووسێت “توڕە و بێزار” بووە كە ژنانی بەلشەڤیی ڕێنماییەكانی حزبیان فەرامۆش كردووە – بەڵام بۆ بەیانی دواتر لەپێنج میلی كارگەى چنین مانیانگرت.
بەشداریی ژنان لە نیڤا ثرێد میلزدا هاواریان لێبەرزبووەوە: “بەرەو شەقامەكان! بووەستن! ئەوە ئێمەین!” پاڵیان بەدەرگاكانەوە نا تا كردییانەوە و سەدان ژنانی كرێكاریی كارگەی كانزا و ئەندازیاریی ڕژانە شەقامەكانەوە. كارگەى ئەندازیاریی نۆبڵ ژنانی كرێكار دەستیانكرد بە دروستكردنی تۆپەڵە بەفر و دەیانگرتە جامخانەى كارگەكانەوە تا ئەوانی دیكەش و هاوسەرەكانیان پەیوەندییان پێوەبكەن “وەرنە دەرەوە! كار بووەستێنن!”. هەروەها ژنان دەستیانكرد بە ڕێپێوان بەرەو كارگەى ئەریكسۆن، و لەوێ كایرۆڤ و بەلشەڤیكەكانی دیكە كۆبوونەوەیەكی بچووكیان لەگەڵ ئێس ئاڕی كارگەكان و مەنشەڤییەكان ئەنجامدا و بەزۆرینەى دەنگ بڕیاریاندا پەیوەندیی بە كرێكارانی دیكەوە بكەن.

پۆلیس ڕاپۆرتی لەسەر كۆبوونەوەى ژنان و كرێكارانی گەنج پێشكەشكردووە كە داوای “نان” دەكەن و دەستیانكردووە بەگوتنی گەلێك گۆرانی شۆڕشگێڕانە. لەكاتی ڕێپێواندا ژنان ئاڵا و دروشمە سورەكانیان لە پیاوان وەرگرتووە و هاوار دەكەن: “ئەمە پشووی ئێمەیە. زۆر بەباشی ئاڵاكان بەرز بكەنەوە”. لەسەر پردی لیتیانی، وێڕای دروشم و چوونە پێشەوە بەردەوامەكانی خۆپیشاندەرانەوە پۆلیس دەستیكرد بەڕێگریكردن لێیان بۆ ئەوەى مانگرتنەكە نەگاتە ناوەڕاستی شارەوە. لە درەنگانی دوانیوەڕۆدا سەدان كرێكار دەستیانكرد بە تێكشكاندنی بەربەستەكە و لەلایەن پۆلیسیشەوە هێرشیان كرایە سەر. لە ناوەڕاستدا “بەشێوەیەكی دیار هەزار كەس لە ژنان و گەنجان” دەستیانگەیشت بە نێڤسكی [شەقامی سەرەكیی پیترۆگراد-وەرگێڕ] بەڵام پەرتەوازە ببوون. ئۆخرانا لەڕاپۆرتەكانیدا دەڵێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان وروژێنەر و جوڵێنەرانەن كە بووە هۆى ئەوەى “پێویستیی بڵاوكردنەوەى یەكینەكانی پۆلیس لە هەموو شوێنێكدا بهێنێتە پێشەوە”.

شەست هەزار مانگرتووی 78 هەزار مانگرتووەكە لە شارۆچكەى ڤایبۆرگەوە بوو. ئەگەرچی دروشمگەلێك دژی جەنگ و دژی قەیسەر دەركەوتبوون، بەڵام دیارترین خواست بۆ نان بوو. لەڕاستیدا دەسەڵاتدارانی قەیسەرییەت وابیریان دەكردەوە كە ئەم یاخیبوونە تەنها بۆ نانە، بەڵام ئەم بیركردنەوە زۆر درەنگ بوو و ئاگاداركردنەوەیەكیش بوو بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران لەلایەن سوپای قۆزاقەوە. ئەو شەوە، بەلشەڤیكەكانی ڤایبۆرگ كۆبوونەوە و دەنگیاندا بۆ ڕێكخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی سێ ڕۆژە لەگەڵ ڕێپێوان بۆ شەقامی نێڤسكی.
ڕۆژی دواتر، بزووتنەوەى مانگرتن بەرزبووەوە بۆ دووبەرابەر بۆ 158 هەزار كەس، ئەمە دروستكردنی گەورەترین مانگرتنی سیاسیی بوو دژی شەڕ. حەفتا و پێنج هەزار كرێكارانی ڤایبۆرگ مانیانگرت، بیست هەزاریان لە شارەكانی پیترۆگراد، راسیلیڤسكی و مۆسكۆ، و نۆ هەزاریشیان لە نارڤاوە بوون. جەنگاوەرانی گەنجانی كرێكاری سەر شەقام دەستیانكرد بە پێشڕەویی و ڕووبەڕووبوونەوەى پۆلیس و سوپا لەسەر پردەكان و شەقامی نێڤسكیان لە ناوەڕاستی شاردا كۆنتڕۆڵ كرد.

لە كارگەى ئازیاڤ، قسەكەرانی مەنشەڤی و ئێس ئاڕەكان باسی هەڵوەشاندنەوەى حكومەت دەكەن و لەگەڵ كرێكاراندا بەتوندی باسی كردەوەى نابەرپرسانەى كارگە دەكەن و داوا لەكرێكاران كرا ڕێپێوان بەرەو كۆشكی تراویدە، كە لەوێ ئەندامانی دۆما بەبەردەوامی خەریكی قەناعەتپێكردنی قەیسەرییەت بوون تا سازش بكات. بەلشەڤییەكان لە ئەریكسۆندا داوای لە كرێكاران كردبوو ڕێپێوان بەرەو ناوچەى قازان بكەن و خۆیان بە چەقۆ، ئامرازی ڕەق و تۆپەڵە بەفر چەكدار بكەن بۆ جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەى بەردەمییان لەگەڵ پۆلیسدا.
جەماوەرێكی 40 هەزار كەسی خۆپیشادار دژی پۆلیس و سەربازان لەسەر پردی لیتیانیدا جەنگان، بەڵام لەوێ بەریان پێگیرا. 2500 كرێكاری كارگەى ئەریكسۆن ڕووبەڕووی قۆزاقەكان بووەوە لە ناوچەى سامپسۆنیڤسكی. ئەفسەران هێرشیان دەكردە سەر قەرەباڵغیی و كۆبوونەوەكە، بەڵام قۆزاقەكان بەوریاییەوە جوڵانەوە و بۆیە ڕاڕەوەكە لەلایەن ئەفسەرەكانەوە كرایەوە. كایرۆڤ دەڵێت “هەندێكیان پێكەنین. تەنانەت یەكێكیان بەچاوێكی كراوە و خۆشەوە لە كرێكارانی دەڕوانی”. لە هەندێك شوێندا پرۆسەكەیان بەدەستەوە گرتبوو: “ئێمە هاوسەر، باوك و برامان لە بەرەكان هەیە. ئێوەش دایك، هاوسەر، خوشك و منداڵتان هەیە. ئێمە داوای نان و كۆتاییهێنان بەجەنگ دەكەین”.

خۆپیشاندەران هەرگیز هەوڵیان نەدا خۆیان بكەنە هاوڕێی توڕەیی و ڕقی پۆلیس. لە شەقامەكاندا لاوان سەیارەكانیان ڕادەگرت، گۆرانی شۆڕشگێڕانەیان دەگوت، تۆپەڵە بەفریان دەگرتە پۆلیس. پاشان هەزاران كرێكاران ڕێگاكەیان كردەوە، جەنگ و ململانێیەكی قورس لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەقامی نێڤسكی. لەهەمانكاتدا، كرێكاران سەركەوتووبوون لە كۆبوونەوەى دووبارە لە بەرە شۆڕشگێڕییە نەریتییەكانی كازان و پەیكەری ئەلێكساندەری سێیەم لە ناوچەى زنامینسكایا لابەرن. خواستەكان ببوونە خواستی سیاسیی واتا تەنها لەقسەكردندا بۆ خواستی نان نەمابووەوە، بەڵكو قسە دژی جەنگ و ئۆتۆكراسیی (ملهوڕیی قەیسەر) دەكرا.

لە ڕۆژی بیست و پێنجەمدا، مانگرتن بوو بە مانگرتنی گشتیی، لەسەرووی 240 هەزار كرێكاری كارگەكان لەلایەن فەرمانگەى كرێكاران، مامۆستایان، نووسەران، كارگوزاران، خوێندكارانی زانكۆ و تەنانەت خوێندكارانی ئامادەییەكانیشەوە پەیوەندییان پێوەكرا. سایەق تەكسییەكان پەیمانیاندا كە تەنها سایەقیی بۆ “ڕابەران”ی ڕاپەڕینەكە دەكەن.
دووبارە كرێكاران لە كارگەكانیان ڕیزەكانی خۆیان ڕێكخستەوە. لە كۆبوونەوەى كارگەى پڕ لە زەبر و زەنگی پارڤیانین لە ڤایبۆرگ، بەلشەڤییەكان، مەنشەڤییەكان و قسەكەرانی ئێس ئاڕەكان داوایان لە كرێكاران كرد ڕێپێوان بەرەو مەیدانی نێڤسكی بكەن. یەكێك لە قسەكەران بەم ڕستە شیعرییە شۆڕشگێڕییە كۆتایی بە قسەكانی هێنا: “كۆتایی، جیهانێكی بێ كەڵك، ڕۆتین و گەندەڵیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ڕووسیای لاو لەسەر ڕێگای ڕێپێوانێك وەستاوە!”.

خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی حەڤدە بەركەوتنی توندوتیژئامێز بوونەوە لەگەڵ پۆلیس و سەربازان و كرێكاران دەستیانكرد بە ئازادكردنی هاوڕێ زیندانیكراو و دەستبەسەركراوەكانیان لەلایەن پۆلیسەوە. یاخیبووان دەست لەناودەست دەچوونە پێشەوە، هێزەكانی قەیسەرییەت لەسەر زۆربەى پردەكاندا تووشی تاقەتپڕوكێن هاتبوون یان ڕێگاكەیان دەكردەوە بۆ ناوەڕاستی شار. كۆنتڕۆڵكردنی شەقامی نێڤسكی، خۆپیشاندەرانی یەكخست لە ناوچەى زنامینسكایا. پۆلیس و قۆزاقەكان دووبارە چەند لێدانێكیان بەئاراستەى كۆبوونەوەكاندا بەڕێكرد، بەڵام ئەو كاتەى سەرۆكی پۆلیس ناچاربوو پاشەكشە بكات – ئەویش بەهۆى شمشێری قۆزاقییەوە. ژنانی كرێكار دووبارە ڕۆڵێكی سەرەكییان گێڕایەوە: “سەرەنێزەكانتان دابنێن، وەرنە ناومانەوە”.
لە ئێوارەدا، بەرەى ڤایبۆرگ لەلایەن یاخیببوانەوە كۆنتڕۆڵكرا. خۆپیشاندەران بەرەو وێستگەكانی پۆلیس ڕۆیشتن و دەستیان بەسەر هەموو دەمانچە و شمشێرەكانی سەربازانی قەیسەردا گرت و پۆلیسی ئەمنیی (ژاندارم) و پۆلیس ڕایانكرد.
ڕاپەڕین و یاخیبوون قەیسەر نیكۆلاسی دووەمی خستە بەردەم فشارێكی قورسەوە. ئەو گوتی “من فەرمان دەكەم هەر سبەى ناڕێكیی و پشێویی لە پایتەختدا كۆتایی پێبهێنن”. و فەرمان بە فەرماندەى پیترۆگراد، خابالۆڤ كرا ئارامیی بگەڕێنێتەوە و كۆبوونەوەكان پەرتەوازە بكات. خابالۆڤ ڕاڕابوو (“چۆن لەڕۆژی دواتردا ئەوان بووەستێنین؟”)، بەڵام ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتییەكەى قبوڵ كرد. لە هۆڵی شارەوانییدا گوتی: “دوعا دەكەین و هیوادارین سەركەوتوو بین”. لە بەرەبەیانی ڕۆژی دواتردا، ڕایانگەیاند كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان قەدەغەكراون و ئەگەر كۆتایی پێنەهێنن ڕووبەڕووی هێزی سوپا دەبنەوە.

لە بەرەبەیانی یەكشەممەى 26ی مانگدا، پۆلیس دەستیكرد بە دەستگیركردنی ئەندامانی سەرەكیی و ناوكی كۆمیتەى بەلشەڤیی پیترۆگراد و سۆسیالیستەكانی دیكە. كارگەكان داخران، پردەكان هەڵگیران، و ناوەڕاستی شاریش كرا بە كەمپێكی سەربازیی. خابالۆڤ لەشەقامی سەرەكییەوە تەلەگرافی دەكرد كە “لە بەرەبەیانی زووەوە شار ئارام بووەتەوە”. دوای كەمێك هەزاران كرێكار ڕێگاكەیان كردەوە و لە شەقامی نێڤسكی دەركەوتنەوە و دەستیانكرد بە گوتنی گۆرانی شۆڕشگێڕانە و دروشمگەلێكیان دەگوتنەوە، بەڵام سەربازان بەشێوەیەكی سیستەماتیك تەقەیان لێدەكردن.
بەشەكانی گروپی ڤۆلینسكی لە ناوچەى زنامینسكایا بوو بە ئەركێكی سەرەكیی بۆ كۆتاییهێنان و بەرگرتن لە خۆپیشاندان. هەموو سوارەكان دەستیانكرد بە هێرشكردنە سەر كۆبوونەوە گشتییەكان، بەڵام شكستیان هێنا لە پەرتەوازەكردنیان. پاشان فەرماندە فەرمانی بەسەر هێزی سوپادا كرد تەقەیان لێبكەن. ئەگەرچی هەندێك لە سەربازان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد، پەنجاوپێنج خۆپیشاندەر كوژران لە نزیكی زنامینسكایا و هەندێك لە كرێكاران لەماڵەكانیاندا خۆیان شاردەوە و پەنایان بردە بەر كافتریاكان. زۆربەى كوژراوان لەلایەن هێزی وەفاداریی پاشایەتییەوە بوون بە بەكارهێنانی ئەفسەرانی پلەباڵا.
وێڕای ئەمە، هێشتا ئەم هێرشە خوێناوییە یاخیبوونی خامۆش نەكردەوە.
ڕاپۆرتێكی پۆلیس باسی ئەوە دەكات ڕاپەڕیوان گەیشتووەتە ئاستێكی بەرزی سەرسوڕهێنەری فیداكاریی:
“لەم قۆناغەى ناڕێكییەكاندا ئەمە وەك دیاردەیەكی گشتیی دەبینرا، كە كاتێك لەلایەن هێزی سەربازییەوە هەڕەشەى بڵاوكردنیان لێكرا، سەرسەریانی یاخیبوو زیاتر تووڕە بوون و دەستیانكرد بە هەڵكۆڵینی شەقامەكان و بەرد و فانۆسیان لەسەر شەقامەكان دەگرتە هێزەكان. كاتێك كۆمەڵێك تەقە بە ئاسماندا كرا، نەك تەنها خۆپیشاندان و كۆبوونەوەكان بڵاوەیان نەكرد، بەڵكو وەڵامێكی جەرگبڕیان دایەوە و دەستیانكرد بە تۆپ و بەرد تێگرتن بە پێكەنینەوە. تەنها ئەو كاتەى ڕاستەخۆ تەقە بۆ ناوەڕاستی خۆپیشاندان و كۆبوونەوەكان بكرابایە، ئەگەر و گریمانەى ئەوە هەبوو بەشداریكەران پەرتەوازە بكات… لە حەوشەى ماڵە دراوسێكان خۆیان دەشاردەوە، هەركە تەقەكردن دەوەستا، خێرا خۆیان بەشەقامەكاندا دەكردەوە”.
كرێكاران دووبارە بە سەربازانیان دەگوت چەكەكانیان دابنێن، هەوڵی گفتوگۆیان دەدا كە بردنەپێشەوەى خەبات لەبەرژەوەندیی دڵەكانی زۆرێك لە سەربازانیشە. هەروەك ترۆتسكی باسی دەكات، پەیوەندیی “نێوان ژنان و پیاوانی كرێكار و سەربازان، لەژێر تاق و تروقی گولەباران و ئامێر و چەكدا، چارەنووسی حكومەت، جەنگ و وڵاتی دیاریكرد”.

لە ئێوارەى 26ی مانگدا، ڕابەرانی بەلشەڤیی ڤایبۆرگ كۆبوونەوەیان لە باخێكی سەوزەوات لە دەوروبەری شاردا ئەنجامدا. زۆرێك لە پێشنیارەكان باسی ئەوەى دەكرد كاتی بانگەواز بۆ شۆڕش تەنها دەبێت بە دەنگی گشتیی بێت. ئەوەى لەهەمووان زیاتر هاتوهاواری نابووەوە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، پاشان ئاشكرا بوو یەكێك بوو لە بەكرێگیراوان و سیخوڕانی ئۆخرانا (پۆلیسی نهێنیی قەیسەر). لەڕوانگەى سوپاوە دەبوو شۆڕش لەدوای 26ی مانگەوە ڕووبدات. بەڵام پۆلیس ناتوانێت بەر بە ڕاپەڕین بگرێت بەبێ پشتیوانیی هەزاران سەرباز.
كرێكاران لە ئێوارەى پێشوودا خۆیان لە سەربازخانەى پاڤلۆڤسكی نزیك كردبووەوە: “هاوڕێیان پێتان دەگوترێت كە پاڤلۆڤسكی، تەقە لە ئێمە دەكات – ئێمە سەبازانمان لە یونیفۆرمی ئێوەدا لە شەقامی نێڤسكی بینیوە”. سەربازان “هەموویان ترساو و بێڕەنگ ببون”. داوایەكی دیكەى هاوشێوە لە سەرتاسەری سەربازخانەكەدا بەرز بووەوە. لە ئێوارەدا، سەربازانی پاڤلۆڤسكی بوونە یەكەم ئەو كەسانەى پەیوەندییان بە ڕاپەڕیوانەوە كرد (ئەگەرچی، ئەمە جیابوونەوەى تێكەوت و ئەوان گەڕانەوە بۆ سەربازگەى خۆیان و سێ لەسەر نۆیان بەخێرایی دەستگیركران).
لە بەرەبەیانی 27ی مانگدا، شۆڕش گەیشتە یەكینە سەربازییەكانی ڤۆلینسكی، واتا ئەو هێزەى لەناوچەى زنامینسكایا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردبوو. چوار سەد یاخیبوو بە ئەفسەرەكانی خۆیان دەگوت: “ئێمە چیتر نامانەوێت تەقەمان لێبكرێت و هەروەها چیتر نامانەوێت خوێنی براماكانمان بەبێ هۆ بڕژێت”. كاتێك یەكێك لە ئەفسەرانی قەیسەر فەرمانی قەیسەری بۆ كۆتاییهێنان بەیاخیبوون خوێندەوە و هەر لەو كاتەشدا یەك دوو تەقەى كرد. دواتر سەربازانی دیكەى ڤۆلنسكی چوونە ناو ڕاپەڕینەكەوە و بەرەو سەربازگەى نزیكی پریۆبراژینسكی و لیتوانیی ڕۆیشتن، كە ئەوانیش یاخی ببوون.

بەشداربوویەك دواتر دیمەنەكە بەمجۆرە دەگێڕێتەوە: “سەیارەیەكی سەربازیی بە سەربازێكەوە، تفەنگێكی بەدەستەوە بوو، ببوو بە بەشێك لە كۆبوونەوە و ڕاپەڕینەكە و بەرەو ناوی سامپسۆنیڤسكی گلۆر دەبووەوە. ئاڵاسوورەكان بەزۆر چەكبەدەستەكانیان ناچار دەكرد بڕۆنە لاوە و هەندێكجار خۆشیان دەشاردەوە و نەدەبینران… هەواڵ گەیشت كە هێزێك یاخیبووە: “لەلایەن ژەنەڕاڵ كوتیپۆڤەوە فەرماندەیی هێزێك كرا بۆ سزادانی هێزە یاخیبووەكان و تەقەكردن لە خۆپیشاندەران بەڵام لەماوەیەكی كەم و لە ئێوارەدا هێزەكە و سەیارە جەنگییەكانیان شكستیان هێنا، پاشان كوتیپۆڤ دەنووسێت: “بەشێكی گەورەى هێزەكەم چووبووە ناو خۆپیشاندەرانەوە”.
لەبەیانیدا، ژەنەڕاڵ خابالۆڤ بە یەكینەكانییەوە بەناو شاردا سوڕایەوە و هەڕەشەى مەرگی لە سەربازان دەكرد ئەگەر بێتوو یاخی ببن. لە ئێوارەدا، ژەنەڕاڵ ئیڤانۆڤ، كە بە هێزەكانییەوە پشتیوانیی لە هێزی پاشایەتیی قەیسەر دەكرد، تەلەگرافێكی بۆ خابالۆڤ كرد لەسەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە.

ئیڤانۆڤ: لە چ بەشێكی شاردا فەرمان جێبەجێدەكرێت؟
خابالۆڤ: لەڕاستیدا هەموو شار كەوتۆتە دەستی شۆڕشگێڕانەوە.
ئیڤانۆڤ: ئایا هەموو وەزارەتەكان كاروبارەكان بەشێوەیەكی دروست ئەنجام دەدەن؟
خابالۆڤ: زۆرێك لە وەزیرەكانیش لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستگیركراون.
ئیڤانۆڤ: لەئێستادا چ هێزێكی پۆلیس لەبەردەستی تۆدایە؟
خابالۆڤ: لەڕاستیدا هیچ.
ئیڤانۆڤ: چ تەكنیكێك و ئامرازێكی بەشی جەنگیی ئێستا لەبەردەستی تۆدایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوە.؟
خابالۆڤ: هیچ شتێكم لەبەردەستدا نییە.

ژەنەڕاڵ ئیڤانۆڤ بە ئاگاداربوون لەم بارودۆخە بڕیاری پاشەكشەى دا. قۆناغی میلیتاریی شۆڕش تەواو ببوو.
پارادۆكسی شۆڕشی شوبات ئەوە بوو كە لەگەڵ ئەوەى كۆاتایی بە قەیسەرییەت هێنابوو، بەڵام ئەم شۆڕشە حكومەتێكی ناهەڵبژێردراوی لیبراڵەكانی كردە جێگرەوە هەر ئەو كەسانەى بەتەواوی لە شۆڕش ترسابوون، بەتەواوی گەیشتنە دەسەڵات [بەهۆى شۆڕشەوە]. لە 27ی شوباتدا، “ئەوان بیستبوویان… ئیتر ڕوویداوە یان لەڕاستیدا دەربڕین و نیشاندانی سەلامەتیی خۆیان لەترس ڕزگار بكەن”، یاریدەدەری لیبراڵی دۆما، وەهای نووسیوە. ئەمە پوختەیەكی خۆش بوو، بەڵام ناڕاست، هەواڵ گەیشت كە “بەزوویی نائارامییەكان دادەمركێنەوە”. چاودێرێكی دیكە ئاماژەى بەوە كردووە “كە ئەوان ترسابوون، ئەوان دەلەرزین، ئەوان هەستەكانی خۆیان خستبووە دەستی كۆمەڵە ڕەگەزێكی دژبەر و دوژمنی ڕێگایەكی نەناسراوەوە”.
لەسەروەختی شۆڕشدا “هەڵوێستی بۆرژوازیی تەواو ڕوون بوو: هەڵوێستییان لەلایەكەوە دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش بوو و خیانەتكردن بوو لێی بۆ قەیسەر و لەلایەكی دیكەوە سوودوەرگرتن بوو لە دەرفەتەكە تابگەن بە ئامانجەكانی خۆیان”. ئەمەش پەیوەندیی هەبوو بە هەڵسەنگاندنەكانی سۆخانۆڤەوە، ڕابەری شورای پیترۆگراد، كە سیمپاتی و هاوسۆزیی بۆ مەنشەڤییەكان هەبوو و ڕۆڵێكی یەكاڵاكەرەوەى گێڕا تا دەسەڵات لەدەستەكانیدا لەبەرژەوەندیی لیبڕاڵەكان چڕ بكاتەوە.

ئەو یارمەتییەكی زۆری زۆرینەى سۆسیالیستە میانڕەوەكانی دا. سكۆبیلۆڤی سەركردەى مەنشەڤیی نزیك بوو لە ڕۆدژیانكۆی سەرۆكی دۆمای چوارەم، بۆ پاراستن و بەدەستەوەگرتنی ژوورێك لە كۆشكی تاوریدی. ئامانجی ئەو ڕێكخستنی شورای كرێكاران بوو تا پەیڕەوی لە فەرمانە سەرەكییەكانی جێگر[ی دۆما] بكەن. كێرنسكی ترسی لە ئارامكردنەوەى ڕۆدزیانكۆ هەبوو كە لەوانەیە شورا مەترسیدار بێت، و پێیگوت: “پێویستە چەند كەسێكی كرێكاران دەستگیربكرێن”.
بەپێچەوانەى شورای كرێكارانی 1905 كە وەك ئامرازێكی خەباتی چینایەتیی دەركەوتن، شورا لە 27ی شوباتدا واتا دوای شۆڕشەكە دامەزرا و لەلایەن ژمارەیەكی ئەندامانەوە ڕابەرایەتیی دەكرا كە بەگشتیی كۆمیتەى جێبەجێكار بوو و پێكهاتبوون لە ڕۆشنبیرانێكی تایبەتمەند كە هیچ بەشدارییەكی چالاكانەیان لە شۆڕشدا نەبوو.

لێرەدا چەند كەموكورتییەك دەبینرێت: نوێنەرایەتیی 150 هەزار سەرباز لە پیترۆگراد دروستكرا كە لەسەرووی نوێنەرانی شورای كرێكاران و سەربازانەوە بوو. زۆرینەیان پیاوان بوون، دەستەیەكیش لە ژنان هەڵبژێردران كە نزیكەى 1200 هەڵبژێردراو دەبوون كە بەداخەوە ڕێژەیەكی كەمی بێ كاریگەر بوون. تەنانەت شورا هیچ مشتومڕ و گفتوگۆیەكی لەسەر مافی ڕێپێوانی 19ی مانگ لەلایەن ژنانەوە بۆ خۆپیشاندان نەكرد، كە تیایدا 25 هەزار بەشداربوو، هەبوون، لەنێویاندا هەزاران ژنی چینی كرێكار ئامادە هەبوون.
شورای پیترۆگراد “دەستووری ژمارە 1″ی بەناوبانگی قبوڵ و پشتڕاست كردەوە كە دەسەڵاتی دەدا بە سەربازان بۆ هەڵبژاردنی كۆمیتەكانی خۆیان بۆ ئەوەى كار بە یەكەكانی خۆیان بكەن و پەیڕەویش لە ئەفسەران و حكومەتی كاتیی بكەن ئەویش ئەگەر دەستوور و بڕیارەكانی ئەم شورایە كاری پێنەكرا و كەموكورتیی هەبوو – بەڵام لەڕاستیدا ئەم دەستوورە بریتی بوو لە بەیاساییكردنی دەستێوەردانی خودی سەربازانی توندڕەو لەكاروبارەكاندا.

بۆیە بەسەر لیبراڵەكان و ئێس ئاڕە هاوپەیمانەكانی كێرنسكیدا ئەم سۆڤێتانە سەپێنران. ڕۆدزیانكۆ دەڵێت “ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان بەدەستەوە نەگرتبایە، ئەوانیدیكە دەگەیشتنە دەسەڵات”. لەبەر ئەوەى “چەند لات و پوتێك لە كارگەكان هەڵبژێردرابوون”. كێرنسی نووسیویەتی “چارمان نەبوو جگە لەدامەزراندنی حكومەتیی كاتی. شورا وەك دەسەڵاتی باڵای شۆڕش خۆی ڕاگەیاند”. بەهۆى ئەم بەرنامەیەوە، خۆ-ناونانی گروپ وەك كۆمیتەى كاتیی بەڕێوەبردنی شورا خۆی ڕاگەیاند. بەڵام ئەوان لەبەرنامەكانی خۆیان زۆر دڵنیا نەبوون؛ ئەوان لێگەڕان ڕابەرانی مەنشەڤییەكان و ئێس ئاڕەكان بەشێوەیەكی زۆر ناشرین و قێزەون شوراكان بەكاربێنن.
سۆخانۆڤ دەنووسێت جەبری شۆڕش لای مەنشەڤییەكان ئەوە بوو كە دەبێت “ئەو حكومەتەى قەیسەرییەتی لابردوو دەبێت بە حەتمیی بۆرژوازیی بێت. ئەمە كۆى ماشێنی دەوڵەتیی بوو… دەبوو تەنها پەیڕەویی لە میلیۆكۆڤ بكرێت”.

دانوستانەكانی نێوان دەستەى سەرپەرشتیاریی شورا و ڕابەرانی هەڵنەبژێردراوی لیبڕاڵەكان لە یەكی مارسدا ئەنجام درا. “میلیۆكۆڤ بەتەواوی تێگەیشتبوو لەوەى كە دەستەى سەرپەرشتیاری كۆمیتە دەبوو بە تەواوی پۆستەكان و دەسەڵات ڕادەستی حكومەتی بۆرژوازیی بكات”، بەڵام سۆخانۆڤ ئەوەشی دەخاتە سەر “پێشتر دەسەڵات بۆ جێگرەوەى قەیسەرییەت دیاریكراوە و تەنها و تەنها دەبێت بۆرژوازیی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت… ئێمە دەبێت پەیڕەوی لەم پرەنسیپە بكەین. ئەگەرنا ڕاپەڕین سەركەوتوو نابێت و شۆڕش شكست دەهێنێت”.

ڕابەرانی شورا دەیانویست تەنانەت لانیكەم بەرنامەى “سێ نەهەنگ” جێبەجێ بكەن كە هەموو گروپە شۆڕشگێڕییەكان (هەشت سەعات لە ڕۆژدا، دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكان، و كۆماریی دیموكراتیی) قبوڵ بكەن ئەگەر بێتوو تەنها لیبڕاڵەكان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. ئەم هەموو ترسەى لە هەبوونی ئەم ڕێسایانەدا دەركەوتبوو، سەرسەختانە وای لە میلیۆكۆڤ كرد پێداگریی لەسەر دروستكردنی دوایین ڕێگا بۆ پاراستنی پاشایەتیی بكات.
بەشێوەیەك كە مەحاڵە باوەڕی پێبكەیت، سۆسیالیستەكان شكستییان قبوڵ كرد و پەیڕەویان لە میخایلی برای قەیسەر كرد بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەى خۆى یاسا و ڕێساكان بەدەستەوە بگرێـت. بۆی دەركەوت هیچ سەلامەتیی و ئەمنییەتێكی شەخسیی نابێت چونكە دۆكی گەورە بەتەواوی داڕماوە. هەموو ئەم دانوستانانە لەپشتی پەردەوە ئەنجامدران، بەڵێ، لەدووری چاوی كرێكاران و سەربازانەوە.

سیستەمی “دووانە دەسەڵات” كە لەم مشتومڕانەوە سەریهەڵدا – شورا لەلایەكەوە و حكومەتی كاتیی ناهەڵبژێردراو لەلایەكی دیكەوە – بۆ هەشت مانگ درێژەى كێشە.
زیڤا گالیلی ئەم دانوستانانەى وەك “باشترین سەعاتەكانی مەنشەڤییەكان” وەسفكردوو. ترۆتسكی ئەمەی وە یارییەكی دابەشكاریی نیوە بەنیوە لەقەڵەمداوە: “لەیەكەوە شۆڕشگێڕان داوایان لە لیبڕاڵەكان كرد شۆڕش بپارێزن؛ لەلاكەى دیكەوە لیبراڵەكان داوایان لە پاشایەتیی كرد لیبراڵیزم بپارێزن”.

باشە كرێكاران و سەربازان ئازایانە جەنگان تا قەیسەرییەت لەناوبەرن بۆ ئەوەى دەسەڵات بخەنە ناو دەستی حكومەتێكی تازەوە كە نوێنەری خاوەندارێتیی و پیاوانی خاوەن موڵك بێت؟ لەلایەكەوە زۆرینەى كرێكاران هێشتا لەدەرەوەى سیاسەتەكانی پارتە سۆسیالیستییە جۆراوجۆرەكان بوون. وێڕای ئەمە، بەلشەڤییەكان خۆیان زۆر ڕوون نەبوون دەربارەى ئەوەى چۆن خەبات دەكەن و بۆچی، لەبەر ئەوەى هەندێكیان هێشتا ڕۆڵی ئەوەیان دەگێڕا شۆڕش وەك بۆرژوا-دیموكراتیی دەرك بكەن كە تیایدا حكومەتی شۆڕشگێڕیی كاتیی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت. ئەمە چ مانایەكی هەبوو لە پراكتیكدا، بەتایبەت دوای دامەزراندنی حكومەتی كاتیی، دەرگا ئاوەڵا بوو بۆ تەفسیرە جۆراوجۆر و جیاوازەكان.
ئەگەرچی خەباتگێڕە بەلشەڤییەكان ڕۆڵێكی ڕەخنەیی و گرنگییان لەسەرتاسەری ڕۆژانی شۆڕشدا گێڕا، بەڵام بەگشتیی بەربەست بۆ ڕابەرانیان دروست دەكرا. لە شوباتدا ژنانی كارگەى ڕستن و چنین مانیانگرت لەودیوی فەرمانەكانی ڕابەرانی حزب ئەوانەى بیریان دەكردەوە كات “هێشتا نەگەیشتووە” بۆ كردەى خەباتگێڕیی.

ڕابەرایەتیی ئیدارەى بەلشەڤییەكان (شلیاپنیكۆڤ، مۆلۆتۆڤ و زالوتسكی) هێشتا بڕیاریان نەدابوو. تەنانەت دواى مانگرتنی 23ی شوبات، شلیاپنیكۆڤ دەیگوت هێشتا بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتیی زووە. ئیدارە نەیتوانیی بەیاننامەیەك بۆ سوپا و ڕەتكردنەوەى خواستەكانی سوپای كرێكاران بۆ ئاوێتەكردنی جەنگەكان.
زۆرینەى دەستێوەردانەكان لەلایەن كۆمیتەى شارۆچكەى ڤایبۆرگەوە بوو، كردەكە بووە ئەمری واقیع بۆ ڕابەرانی ڕێكخراوەى حزب لە شارەكەدا، یان بۆ ئەندامان – بەتایبەتی لە ڕۆژی یەكەمدا، ئەو كاتەى ژنان ڕابەرانی حزبیان فەرامۆشكردبوو و ڕۆڵێكی یەكاڵاكەرەوەیان لە بەرهەمهێنانی تیشكەكانی بزووتنەوەى مانگرتندا گێڕا.

بەدرێژایی ڕێپێوان، پەرتەوازەبوون و دابڕان سەری لە بەلشەڤییەكان شێواندبوو. كاتێك شورای پیترۆگراد دەسەڵاتی سیاسیی بە بۆرژوازیی دا لە یەكی مارس، لەو دوانزە بەلشەڤییەى كۆمیتەى جێبەجێكار یەك دانەیان ناڕەزایی دەرنەبڕی. كاتێك بەلشەڤییە چەپەكان گوتیان دەبێت فۆرمی حكومەت شورایی بێت، تەنها 19 دەنگی هێنا، زۆرینەى بەلشەڤییەكان بەدژی دەنگیان دا. لە پێنجی مارس، كۆمیتەی پیترۆگرادی پشتیوانیی شورایی بانگی كرێكارانی كرد بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، تەنانەت هەشت سەعات كاركردن لە ڕۆژدا، لەسەرەكیترین خواستەكانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕبوو، تازە بەتازە خەریك بوو دادەمەزرا.

ئیدارەى حزب لەژێر دەسەڵاتی شلیاپنیكۆڤ گوازرایەوە بۆ نزیكی ڕادیكاڵەكان لە ڤایبۆرگ، هەر ئەو ئەكەسەى بانگەشەى بۆ بەڕێوەبردنی شورایی دەكرد. بەڵام كاتێك كامینڤ، ستالین و مورانۆڤ لە دوورخرانەوەی سیبریا گەڕانەوە و دەستیان بەسەر ئیدارەى حزبدا گرت لە 12ی مارس، سیاسەتەكانی حزب زۆر بەخێرایی بەرەو ڕاستگەرایی وەرچەرخان – لەپێناوی نزیكبوونەوە لە مەنشەڤییەكان و ڕابەرانی ئێس ئاڕەكان و زۆرێك لە خەباتگێڕانی ناو كارگەكان تووڕە بوون، و هەندێكیشیان وازیان هێنا.

لینین بەتەواوی توڕە ببوو. لە 7ی مارس، لە سویسراوە دەنووسێت “حكومەتی نوێ هەرلەپێشەوە كۆت و بەندكراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و بووەتە ئامانجی سەرمایەى ئیمپریالیستیی، لەلایەن سیاسەتی ئیمپریالیستییەوە بۆ جەنگ ئامادە كراوە و بەزەبر تاڵانكراوە”. بەپێچەوانەوە، كامینڤ لە پراڤدا، لە 15ی مارسدا دەنووسێت “خەڵك ئازاد بوون و بەشێوەیەكی پتەو و بەهێز لە پۆست و پێگەكیاندان و گولە بە گولە وەڵام دەدرێتەوە، توێكڵیش بە توێكڵ”. لە كۆتایی مارسدا، ستالین باسی لە گرنگیی یەكگرتن لەگەڵ مەنشەڤییەكان كرد و گوتی حكومەتی كاتیی “ڕۆڵێكی بەهێز دەگێڕێت لە باڵادەستكردنی شۆڕشدا”.

لینین لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی خۆیدا بۆ وەرچەرخانیی ڕابەرایەتیی بەرەو ڕاستگەرایی، لە 30ی مارسدا، دەنووسێت كە بەباشی دەزانێت “بەخێرایی جیابوونەوە لە حزبماندا ڕووبدات، لەوانەیە هەندێك بچنە پاڵ سۆسیال-پلاتفۆرمیزمی كێرنسكی و هاوپەیمانانی”. هیچ یاساناسێك پێویست نەبوو تا قسەكانی لینین ڕوون بكاتەوە [واتا مەسەلەكە ڕوون بوو]. “كامینڤ دەبێت لەئاستی بەدیهێنانی بەرپرسیارێتیی مێژوویی-جیهانیدا بێت”.

جەوهەری لینینیزم لە 1905دا جەختكردنەوەی گشتیی بوو لەسەر بێ ئینتیمایی و بێ متمانەیی لیبراڵیزم وەك هێزی دژەشۆڕشگێڕیی و ڕەخنەى لە سۆسیالیستەكانیش دەگرت كە بەو ئاراستەیەدا دەركەوتوون. بەڵام فۆرمولەى لینین لە ساڵی 1905 بۆ حكومەتی كاتیی شۆڕشگێڕ هێشتا گواستنەوەى بوو بۆ دەرەوەى شۆڕشی بۆرژوازیی یان ئەوەى لەوكاتەدا پێیدەگوت “ئایدیای پووچ و شێوە ئەنارشیستیی” ترۆتسكی بۆ “شۆڕشی سۆسیالیستیی”. كەچی ئێستا لینینش شەخی خۆی ڕۆیشتووە بەرەو ئەم ئایدیا پووچە بۆ سۆسیالیزم كاتێك بەلشەڤییە پیرەكان بەشێوەیەكی ناتێگەیشتوویی [لەكاتی گەڕانەوەیدا] دەڵێن بەرەو ترۆتسكیزم ڕۆیشتووە .

دەستەیەكی بچووكتر لەچەند ڕێگایەكی كودەتاوە لە سەرەتای مارس دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت – گروپێكی بچووكی هەڵنەبژێردراو دەسەڵاتییان برد لەپێناوی ئامانجە چینایەتییەكانیاندا. دوو جیاوازی سەرەكیی بوونیان هەیە. یەكێكیان حزبی جەماوەری كرێكار بوو كە ماندوونەناسانە خەباتی بۆ بەرژەوەندییەكانی دەكرد. دووەمیان، شوراكان بوونیان هەبوو.
لەو كاتەدا شۆڕشی ڕووسیا تەنها دەستیپێكردبوو.

———————-
1- واتا كاتێك پێش شۆڕشی شوبات و لەسەروەختی شوباتیشدا ترۆتسكی بانگەشەى بۆ شۆڕشی سۆسیالیستیی دەكرد بەڵام ستالین و كامینڤ و چەندانی دیكەى ناو بەلشەڤییەكان و هەروەها مەنشەڤییەكان و ئێس ئاڕ و لیبراڵەكانیش دژی بوون، لە نیساندا لینینیش كە لەتێزەكانیدا ئەم قەناعەتە ڕادەگەیەنێت دەڵێن بووە بە ترۆتسكیست(وەرگێڕ)

——————————
وێنەی نووسەر: كەڤین مورفی
kaven

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish