Skip to Content

ئەدیب و نووسەرانى دژە سیستەمى تۆتالیتار و بەرهەمهێنانەوەى هەمان سیستەمى تۆتالیتار

ئەدیب و نووسەرانى دژە سیستەمى تۆتالیتار و بەرهەمهێنانەوەى هەمان سیستەمى تۆتالیتار

Closed
by نیسان 13, 2017 General, Opinion, Slider

ڕزگار عەلى

لەم گوتارەدا ئەوە دەردەخەین کە چۆن کایەى ئەدەب و نووسەرانمان ٢٥ ساڵە هەمان ئەو دەسەڵاتە بەرهەمدەهێنێتەوە کە دەسەڵاتى تۆتالیتار دەیەوێت، یان ئایا ئەدەب و نووسین چۆن دەچێتە خزمەتى دەسەڵاتى تۆتالیتارەوە. ئێمە لەم گوتارەدا کایەى ئەدەب و نووسەرانى ٢٥ ساڵى ڕابردوو وەردەگیرن، بە تایبەت لەناو ئەدەب و نووسەران هەردوو ژانى (ڕۆمان و شیعر)، ئایا ئەدەب و نووسەران لە کۆێى بەرهەمهێنانەوەى دەسەڵاتى دەسەڵاتى تۆتالیتارە؟ ئایا دەسەڵاتى تۆتالیتار چۆن کایەى ئەدەب و نووسەران دەکاتە کایەى خۆى هاوشێوەى دەزگاکانى ترى دەسەڵاتێکى ستەمکار؟ ئایا دەسەڵاتى تۆتالیتار چۆن نووسەران و خیتابەکانیان لەناو دەزگا (درۆینەکان) جێگە دەکاتەوە.

لە ماوەى ڕابردوودا یەکێک لەو جیاکارانەى نێوان سیستەمى تۆتالیتار و سیستەمى دیکتاتۆرییەت کردممان ئەوەبوو، دەسەڵاتى تۆتالیتار پێچەوانەى دەسەڵاتى دیکتاتۆرییەت سوود لە هەموو کایە جیاوازەکان وەردەگرێت بۆ سوودگەیاندن بەوەى دەسەڵاتى (فاشی) ڕاستەقینەى خۆى بشارێتەوە، واتە سیستەمى تۆتالیتار سیستەمێکە مانەوە و فۆڕمپێدانى لە ڕێى ئەو ماسکانەوە دەبێت کە دایدەمەزرێنێت، ئەو ماسکانە دەکاتە ڕووپۆشێک بۆ خۆى بۆ ئەوەى جەوهەرى سیستەمەکە شاراوە بێت، واتە سیستەمى تۆتالیتار کۆمەڵە سەتحێتێکى جیاوازى (بێ ڕۆحى) بەرەنگارى درۆینە لەناو سیستەمەکە جێگە دەکاتەوە بۆ ئەوەى شیعارى دیموکراسیبوونى پێ بەرزبکاتەوە، ئەو سەتحێت و درۆ و ماسکانەش کە ڕۆحی سیستەمى پێ دەشارێتەوە هەندێکیان ئەمانەن (حوکمەت و پەرلەمان و وەزارەت و حزبى تر و هێزى دامەزاروەیی و پەروەردە …)، ئەم درۆینانە کە دایدەمەزرێنێت هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و لە دەرەوە و پشتى ئەمانە دەزگا ڕاستەقینەکان و دەسەڵاتە ڕاستەقینەکان بەدى دەکرێت، ئەم دەزگایانە هەم دەبنە ماسک بۆ دەزگا ڕاستەقینەکان و هەم بە ناڕاستەوخۆش دەچنە خزمەتى سیستەمى تۆتالیتار. یەکێک لەو کایانەى تر کە لە پاڵ ئەو درۆیانەدا دەبێتە ماسک و بە ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتى سیستەمى تۆتالیتار نووسین، ئەدەبیات و خیتابەکانیانە. ئەدەب و نووسەران و خیتابەکانیان وەکو کایەیەک بۆ بەرهمهێنانەوەى دەسەڵات، وەکو گەمەى دەسەڵات.

میشێل فۆکۆ تەئکیدى لەوە کردۆتەوە کە چۆن ئێمە ئەو دەسەڵاتە بەرهەم دەهێنینەوە، کە کەوتوونەتە نێو ئەپارەتووسەکان و ستراتیژییەکان و گەمەکانى دەسەڵاتەوە، فۆکۆ لە ڕێگەى کەشفکردنى دەسەڵاتەی (فەرماندەرکەرەوە) نەهاتووە خودى دەسەڵات کەشف بکات، بەڵکو لە ڕێگەى کایەکانى ترى دەسەڵاتەوە کە دەسەڵاتدار نین خودى دەسەڵاتە کەشف دەکات، (فۆکۆ) ڕاى وایە دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە لە هەموو كونوقوژبنێکە، دەسەڵات لە هەموو کایەکانى تردایە، واتە بەو تەعبیرە دەسەڵات جەوهەرێکى شاراوەى هەیە کە ئێمە فرامۆشمان کردووە، فۆکۆ لە تێزەکەیدا دوو پرسیار دەورژێنێت و ئاماژە دەکات، دەسەڵات چییە؟ دەسەڵات لە کوێوە دێت؟ لێرەدا (فۆکۆ) بەم پرسیارانە دوورمان دەخاتەوە لە وەڵامە تەقلیدییەکان کە دەسەڵات لەناو یاسا و ئایدۆلۆژییەکان و سەرکردە و حوکمڕانەکاندایە، بەڵکو (فۆکۆ) دەمانبات بۆ ناو کۆى پەیوەندییەکان و سیستەم و هێماکان، دەسەڵات لەناو هێما جیاوازەکان و تەعبیرە جیاوازەکاندا خۆى مانفێست دەکات، کەواتە دەسەڵاتە لەناو ئاڕاستەکاندایە، هەندێک جار ئەو ئاڕاستانە لەسەرەوە بۆ خوارەوە نییە، بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە.

تەعبیرى (فۆکۆ) ئەوەیە کە دەسەڵات گەمە دەکات و خۆى دەشارێتەوە و هەوڵیش دەدات بەردەوام فۆڕمى نوێ بۆ خۆى پەیدا بکات، ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگاى توندوتیژیی و سەرکوتکردنەوە بەدى نایەت، بەڵکو فۆڕمێکى نەرمى هەیە و لە ڕێگاى حەیەوێتى ئەویترى جیاوازەوە خۆى دەسەپێنێت[ بڕوانە: جیل دولوز_مدخل قرات فوکو]. دیارە بە پێى ئەم تەعبیرەى (فۆکۆ) ئێمە دێین کایەى ئەدەب و نووسەران و خیتابەکانیان وەکو کایەیەک کە دەبێتە گەمەى دەستى دەسەڵاتەوە وەردەگرین، کاتێک ئەم کایەیە وەردەگرین پێمان وایە مرۆڤ زادەى جێگە و زەمان و کەلتور و دەسەڵاتی خۆیەتى، ڕاستە کۆمەڵێک بابەتى یونفێرساڵ لەناو هەموواندا هەیە، بەڵام ئەو یونفیرساڵە هیچ کاتێک و هیچ قۆناغێک نەیتوانیوە تایبەتمەندى شوێنێکى دیاریکراو بە تەواوى غەفە بکات، واتە ئەگەر لەسەر ئاستى تاکدا وەریبگرین، ئەرکى ئەو سوبێکتەى کە لە ڕۆژهەڵات هەیە جیاوازە لەو سوبێکتەى کە لە ڕۆژهەڵاتە هەیە، ئەم تەعبیرەش بۆ ڕۆشنبیر و حوکمڕان و کایەکانى تریش دەبێت، ناکرێت ئەرکى ڕۆشنبیرییەکى ڕۆژهەڵاتى و ڕۆشنبیرییەکى ڕۆژئاوایی یەک بێت، هەروەها ناشکرێت گوتار و تەعبیرەکان بە تەواوى لە یەک بچن، کەواتە ئێمە لێرەدا دەگەینە ئەوەى ئایا لە کۆمەڵگەى کوردى وەکو تایبەتمەندییەک دەبێت ڕۆشنبیر و گۆتارەکانیان چۆن بێت؟ ئەم دیاریکردنەى کە ئێمە دەیکەین بۆ وەزیفەى ڕۆشنبیر ئەوە ناگەیەنێت لە قاڵبیان بدەین بۆ ئەوەى وەکو ئێمە بیربکەنەوە، بەڵکو ئەم گوتارى دژە گوتارێکە کە گوتار نییە و خۆى بە گوتار مانفێست کردووە. بە گەڕانەوەمان بۆ ٢٥ ساڵى ڕابروو ئەو گوتارانەى لە ڕۆشنبیرانى کورددا بوونى هەبوو زیاترییان گوتاری ئەدەبى بوون، لە ٢٥ ساڵى ڕابردوودا ئەدەب تایبەت شیعر و ڕۆمان، هەم کایەى مەعریفەى ڕاستەقینەیان داگیرکردووە و ناهێڵن هیچ گوتارێک لە دایک بێت، هەم خۆیان بوونەتە موفەکیر و ناهێڵن هیچ کەسێک و بیرکردنەوەیەکى جیاواز لە پاڵ ئەواندا بوونیان هەبێت، چۆن؟ دیارە هەرچى تایبەتە بە کارئەکتەرى رۆشنبیرەکانەوە، کۆمەڵێک بوون هەر لەسەرەتاوە نامۆبوون بەرانبەر دونیاى خۆیان وەکو ڕۆشنبیر، ئەوانە هەرگیز بیریان لە گوتار و ئەرکى ڕۆشنبیر و ئەکتى سیاسى و پەروەردەى تاک لە دەرەوەى سیستەم نەکردەوە، بەڵکو یان لەناو سیستەمەکە بوون و بەردەوام پەرچەکردارێک بوون، یان بە تەواوى لە سیستەمەکە و دۆخى کوردبوون دابڕابوون.

کارئەکتەرى ڕۆشنبیران دیارە بە تایبەتى ڕۆشنبیران و ئەدەبنووسانى کورد بەردەوام لەناو دۆخێکى خۆدۆزەرەوەى (دانپێنراو)دا بوون، هەر ئەم وجودى دانپێنراوەش وایلێکردن بکەونە ناو فەنتازیایىەکى بیرکەرەوەى ناواقیعییەوە کە داببڕێت لە هەموو کایەکانى تر، واتە ئەدەبنووسان دابڕاوترین چینەکانى کۆمەڵگەى کوردین کە بەناوى سەقافەتبوونەوە خۆیان لە هەموو بەرپرسیارییەتییەک دەدزییەوە، (ئیدوارد سەعید) لە پێناسەى ڕۆشنبیردا ئاماژە دەکات: ” بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە خەڵک هەموو ڕۆشنبیرن، بەڵام هەموویان لە کۆمەڵگەدا دەورى ڕۆشنبیر نابینن” ئەوەى لەم ڕۆشنبیرانە غیاب بوو ئەوەبوو بۆ ڕۆژێکیش دەورى ڕۆشنبیریان لە کۆمەڵگە نەبینیوە، ئەم ڕۆشنبیرە ئەدەبنووسانە چوونە قاوغەکەى خۆیان و تەنیابوون و دابڕانیان وەکو کاڵایەک کردە ملى خۆیان و تەنانەت کردیانە گوتار و ئاماژەیان دەکرد هەر کەس بە تەنیا بێت و دوورەپەرێزبێت لە کۆمەڵگە ڕۆشنبیرە، (مارکوزە) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى قوتابخانەى فرانکفۆرت، لە شۆڕشى قوتابیانى ٦٨دا بەدەستێک مەعریفەى شۆڕشگیری دەنووسی و بەدەستێک لەناو ئاپۆڕادا دەیبەخشییەوە، چاوێکى لەسەر تیۆر بوو چاوێکى لەناو ئەو چاوانەدا کە ٦٨یان وێنە دەکرد، ڕۆشنبیرى مارکۆزە ڕێک ئەو پێناسەیەى (جولیان بیندا)ى بەسەردا دەبڕا، بیندا دەیگوت: ” ڕۆشنبیر دەبێت هەردەم چاوەڕێى ئەوە بێت بسوتێنرێت” بەڵام هەرچى ئەدەبنووسانى ئێمەیە بەناوى )بێلایەنییەوە( دابڕان لە سیاسەت و ئەکتى سیاسى، دیارە ئەوانەى ناوەوەى وڵات بێلایەنبوونیان بۆ ئەوە نەبوو کە مەعریفەیەک لە دەرەوەى هەموو لایەنەکان بونیاد بنێن، بەڵکو بێلایەنبوونیان یان بەشێکبوون لە سیستەم، یان بەشێک بووە لە جەبانییەت و ترسنۆکییان بەرانبەر سیستەم، ئەوانەى دەرەوەى وڵاتیش بۆ ئەوەبوو ئەو حەشاماتە کە دەورى گرتوون و بەشێکیان لەناو سیستەم بوون نەتۆرێنن، بۆیە هەردەم بێلایەنییان هەڵدەبژارارد. ئەوەیان سەبارەت بە کارئەکتەرى ڕۆشنبیران و ئەدەبنوسانە.

هەرچى تایبەتە بە گوتارەکانیان، ئەدەبنووسانى کورد و خیتابەکانیان بەتایبەت ئەوانەى لە دواى ڕاپەرینەوە هاتن، بە تەواوى دابڕاوبوون لە مێژوو، کەلتور، شوناس و سیستەم و دەسەڵاتى ئێمە، ئەوەى ئەدەبنووسانى کوردى بە ئێمەوە گرێدەدا تەنیا زمانە کوردییەکە و ئەو حەشاماتە خوێنەرە کوردە بوو کە لە خۆیانیان کۆکردەوە. ئەدەبنووسانەى کورد خیتابى سەرەتایی نەوەدەکانیان هەمان کردارى ئەو سیاسییە نیاردەتاڵانە بوو کە هاتنەوە شار، ئەوانیش وەکو سیاسییەکان بە دواى دۆزینەوە و ئەوەى لاى (هێگڵ) هەیە دەربارەى هاوکیشەى ئاغا و کۆیلە ( دانپێناندا) بوون، ئەوانیش بە دواى ئەوەدا بوون ببنە پێغبەرێکى سەرکردە و زۆرترین کەس لە خۆیان کۆبکەنەوە، لە کاتێک ئیشى نووسەر ئەوە نییە حەشامات لە خۆی کۆبکاتەوە، ئیشى نووسەر ئەوەیە حەشامات بکوژێت، یان تاک لەناو حەشامات دەربهێنێت و بیکاتە سوبێکتێکى شۆڕشگێڕی، (هیگڵ) لەپێشکەشکردنى وانەکانى (فەلسەفەى مێژوو) تەنیا دوو قوتابى ئامادەیی وانەکانى بوون، هیگڵ بەوە کارێکى نەکرد کە خیتابەکەى بگۆڕێت و دابەزێتە ئاستێک کە حەشاماتێک بونیاد بنێت بۆ ئەوەى لێی تیبگەن، بەڵکو هیگڵ خیتابەکەى مەعریفیەکى ئازاربەخش بوو بۆ سوبێکت، پەروەردەى هیگڵ سوبێکتێکى شۆڕشگیڕیی مەعریفەزان بوو، بەڵام نووسەران و ئەدەبنووسانى کورد بۆ ئەوەى زۆرترین حەشامات لە خۆیان کۆبکەنەوە خیتابەکایان لەسەر (چێژى خوینەر) بونیاد دەنا، نووسەرانى کورد بیانزانیایە خوێنەر چی دەویت ئەوەیان پێ دەبەخشى، هاوشێوەى هەڵبژاردنى حزبەکان خیتابەکانیان لە شێوەى (حەملەى هەڵبژاردن) بەیان دەکرد، هەر نووسەرێک بیتوانیایە زۆرترین ئینسان و خوێنەر لە خۆى کۆبکاتەوە ئەوە باشترین نووسەر بوو، ئەدەبنووسان ئەم حەزە نەگریسەیان تەنیا بۆ ئەوەبوو خۆیانى پێ بدۆزنەوە، بۆ ئەوەبوو شوناسى خۆیان لەناو کۆمەڵگە بەیان بکەن، بە دیوى (فرۆید)ى خیتابیان بەیانکردنى ئەو چەپاندنە بوو کە هەیانبوو. سیستەمی تۆتالیتار کاتێک ئەفکارێکى جدى، یان ئەفکارێکى خەلاق و کاریگەر وجودى دەبێت لە پاڵ ئەو ئەفکارەدا سەدان ئەفکارى درۆزن و تابع بەخۆى لە پاڵ ئەو ئەفکارە خەلاقە دروست دەکات بۆ ئەوەى جدیبوون و کاریگەربوون و خەلاقبوونى ئەو ئەفکارە بکوژێت، بەڵام لەسەرەتاى دروستکردنى سیستەمی سیاسى لەناو کۆمەڵگەى کوردى ئەو کارەى کە سیستەم دەیەوێت ڕۆشنبیرە درۆزنەکان بۆى دەکەن، واتە سیستەم لە ڕێگەى ئەو ڕۆشنبیرانەى گەورەترین خزمەت دەکرێت، هەم بەلایەکدا کارئەکتەرى ڕۆشنبیر کارئەکتەرێکى لاوازە و دەورى ڕۆشنبیر نابێنیت هەم نایەڵێێت ئەوانەى دەورى رۆشنبیر دەبینن دەرکەون، لێرەدا سیستەم نەک دژى ئەو ڕۆشنبیرانە نییە، بەڵکو بەردەوام بەم نووسەرانە ڕۆژنامەکان و مەکینە ئیعلامییە گەورەکەى ڕۆحى سیستەمیشیان پێ بەڕێوە دەبات.

(ژان پۆل سارتەر) یەکێکبوو لەو فەیلەسوف و ڕۆشنبیرانەى زۆربەى تیۆر و گوتارەکانى بیرۆکەیەکى شۆڕشگێڕی بوو، هەر لە شانۆوە تا دەگاتە ڕۆمان و ئەفکارە فکرى و کارە فەلسەفەکانیشى، ئەم فەیلەسوفە لەگەڵ ئەوەى تیۆرەکانى هێزیکیان دەبەخشییە تاک، سوبێکتێکى کاریگەری دەخوڵقاند، گوتارێکى نەفیبوونیان بە سوبێکت دەبەخشى، ڕۆحێتێکى تەسلیمنەبوون و ئازابوونیان مانفیێست دەکرد، بەڵام کەوتە بەر ڕەخنەیەکى زۆرى نووسەران و ڕۆشنبیران کە هیچ ئەکتێکى پراکتیکى لەدەرەوەى خۆى نییە، (سیمۆن ئارۆن) دەڵێت: “سارتەر ڕۆشنبیریکە دەیەوێت بە بێ مەترسى دونیا لە ئۆفیسەکەى خۆیەوە بگۆڕێت” سارتەر دواى ئەو ڕەخنانە، لە شەستەکاندا کە هاوکاتبوو لەگەڵ شۆڕشى ٦٨ى قوتابیان، ڕۆمان و شانۆ دەخاتە ئەولاوە و دەستدەکات بە چالاکى ڕۆشنبیرى سیاسى، هەر خۆى تیۆرەکانى دەکات کردار، هەر خۆى ئاڕاستەى پراکتیکى تیۆرەکان پیشانی سوبێکتى شۆڕشگیڕى دەدات، بەڵام ڕۆشنبیرانى ئێمە و نووسەرانى ئێمە دواى ڕاپەڕین لە دۆخێکى تەحلیلى ڕوداوى ڕۆژانە زیاتر تیناپەڕن، بەردەوام چاوەڕێیان کردووە سیستەم ڕووداوێک بخوڵقێنێت و ئەمانیش تەفسیر و تەحلیلی بۆ بکەن، ئەو چ نەزانییەکە تۆ لە جیاتى ئەوەى شوناسى سیستەم و حزب بزانیت تا ڕووبەڕووى ببیتەوە، دێیت تەفسیرى ڕووداوەکان دەکەیت، سەیربکەن پاش ٢٥ ساڵ کایەى ڕۆشنبیرى ئێمە لە کوێدایە، سەیربکەن پاش ٢٥ ساڵ زیاتر چ تاکێکیان دروستکردووە، سەیربکەن خۆیان لە کوێى ڕووداوەکانن، سەیربکەن ئێمە ٢٥ ساڵ زیاترە ئەم سیستەمە یاریمان پێ دەکات بێ ئەوەى بزانین شوناسى چییە، بێ ئەوەى ڕۆشنبیرەکان پێمان بڵێن چی بکەین و چی نەکەین، سەیربکەن چۆن ئێمە لەناو دۆخێکین کە دەبێت تیۆرى شۆڕشگیڕى دابڕێژین، بەڵام فێرمان دەکەن چۆن چێژ لەوە ببینین مانگ ئاوا دەبێت، چۆن بە چ شێوەیەک خۆشەویستى بکەین، چۆن وەسفى یار بکەین، چۆن بچینە قاوغى ڕۆحانییەوە هیچ پەیوەندییمان بە سیستەمەوە نەبێت، سەیریکەن چۆن هەموو کۆمەڵگەیان کردە شاعیر و ڕۆماننوس، چۆن تێیانگەیاندین سیاسەت لە هەر کوێیەک بێت خراپە، چ خراپەیەک ئەو خراپەیەى کە (سلافیۆ ژیژەک) ناوى دەنێت( خراپەى موتڵەق)، خراپەى موتڵەق بەماناى کردەوە هەرە شەیتانییەکان، بۆ کایەى سیاسەتیش بەو مانایەى کە جەوهەرى سیاسەت لە هەر کوێیەک بێت و لە چ زەمینێک بێت خراپەى موتڵەقە، هەر کەسێک بیکات و چ لایەنێک بانگەشەى خراپنەبوون و گەندەڵنەبوون بۆ سیاسەت نەکات (درۆى موتڵەق) دەکات، بۆیە دەبێت ئێمە هەوڵى ئەوە بدەین لە دەرەوەى کایەى سیاسى رزگارى خۆمان بدۆزینەوە، بە خەیاڵ حەقیقەت بۆ خۆمان بونیاد بنێین، بە خەیاڵ واقیع بکەینە بەهەشت، بە خەیاڵ دونیایەک دروستبکەین لە دونیاى سیاسەت جوانتر بێت، پێیان گوتین وەرن با ئیتر توخنى سیاسەت نەکەوین، سەیربکەن چ کارەساتێکیان خوڵقاند کە نابێت کەس باسی سیاسەت بکات، سەیربکەن ڕێگاى ڕزگاریان بەوە پیشان داین کە هیچ عیلاقەمان بە سیاسەت نەمێنێت، وایانفێرکردین کە لەناو عیشق و وەسفى یاردا بین ئێمە رزگارمان دەبێت، وایانفێرکردین تەنیا بۆ خۆمان بژین و هیچ پەیوەندییمان بەوى ترەوە نەمێنێت، سەیربکەن چۆن دەزگاکانى ڕۆشنبیرى و چاپخانە و کتێبفرۆشەکانیان هەمووى کردە کایەیەک کە مەعریفەیەکى تێدا نەبێت، هیچ تویژینەوەیەک وەرنەگیرێت، هیچ کتیبێکى سیاسى و فیکرى چاپ نەکرێت، ئەو ڕۆشنبیرانە تەواو لە واقیع دابڕاوبوون، وایان بەیانکرد ئێمە بەرانبەر تاڤگەى نیگارا دانیشتوین و دونیایەک فریشتەى چاو شینى قژ زەرد بە بەردەمماندا تیدەپەڕن، بۆیە دەبێت ئێمە چێژ لە سروشت وەربگرین، چێژ لە بینینى فریشتەکان وەرگرین، چێژ لە هاژەى ئاو وەرگرین.

ئەم جۆرە خیتابانە و نووسینەکانیان ئەوەندە چێژبەخش بوو ئەگەر مرۆڤێک لە ژیانیدا سەردێڕی ڕۆژنامەکانیشى نەخوێندبێتەوە بەڵام کتێبێکى شەسەد لاپەڕەى ئەم خیتابە چێژبەخشەیان بدەرێ بە دوو ڕۆژ بۆت تەواو دەکات، ئەمە دروستکردنى کارخانەیەکبوو کە حەشیشى بێئاگاییان دەبەخشێتە تاک، کارخانەیەک کە سیستەم ڕۆحییەتى لەسەرى بونیاد ناوە. ئەوەى ئەم ڕۆشنبیرانە خوڵقاندیان تاکێک بوو ئێستا لە سێبەرى خۆشى دەترسێت، تاکێک بووەتە بوودەڵەیەک کە سیستەم بە کەیفى خۆی یارى بەهەستەکانیان دەکات، تاکێک وەکو یاریزانێکى ئەتارى دوو دەسەکەکەى لاى ئاغاکەى بێت و چۆنیان بووێت وا گەمەى پێ دەکەن، تاکێک کە ئامادەیە خۆى بکوژێت بەڵام ئامادە نییە ڕووبەڕووى ئەو شتە بێتەوە کە هۆکارە بۆ خۆکوشتنەکەى، بیهێنە بەرچاوى خۆتان گەر ئەو سوبێکتە ڕۆشنبیرییەى لە ژنێکى باکوردا دروستبووە، ئەو جەنگاوەرە سپارتایەى کە لە مێینەیەکى باکوردا هەیە و پێی پەروەردە کراوە، ئەگەر خیتابەکانى ئەم ڕۆشنبیرانەى کوردانى باشورى پێ ببەخشى چییان لێ دەردەچێت؟ لە باشترین حاڵدا یان خۆى دەسوتان یان نەیدەوێرا وێنەکەى لە پڕۆفایلى فەیسبووکەکەى دابنێت، بەڵێ ئەمە بەرهەمى سیستەمى سیاسى نەبوو، بەرهەمى فاشیزمى یەکێتى و پارتى نەبوو، بەڵکو بەرهەمى ڕۆشنبیران و ڕۆماننوسان و شاعیراکانى ٢٥ ساڵى ڕابردووى ئێمە بوو.

Previous
Next
Kurdish