Skip to Content

ئەنفال … نەبەز سەمەد

ئەنفال … نەبەز سەمەد

Closed
by نیسان 13, 2017 General, Genocide, Opinion, Slider

ئەنفال پرۆسەی جینۆسایدی کوردە. هەوڵێکە بۆ قڕکردن، سڕینەوە و دیارنەهێشتنی کورد و فڕێدانی بۆ دەرەوەی بوون و ژیان. واتا ئەنفال سڕینەوەی ئۆنتۆلۆگیی کوردە. کوشتن لە جینۆساید (ئەنفال)دا کوشتنێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستەماتیکە. واتا پێشتر ئامانج، مەبەست، مێتۆد و ڕێگەکانی جێبەجێکردنی دانراون و زانراون. هەروەها کوشتن لە جینۆساید (ئەنفال)دا دوو کوشتنە لە یەک کاتدا: کوشتنێك وەک تاک، کوشتنێک وەک کۆ (گروپی نەتەوەیی، ئاینی، ئێتنیکی، هتاد)، ئەم دوو کوشتنە لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان، کۆ وەک کەس بەرجەستەدەکرێ و دەکوژرێ، تاک وەک ئەندامی گروپێک، لەبەر ئەوەی هەڵگری ئایدێنتیتێی (شوناسی) ئەو گروپەیە دەکوژرێ.

یەکەم هەنگاوی جینۆساید لە تیۆری (ئیدیۆلۆگی)یەوە سەرچاوەدەگرێ، سەرەتا شوناس و ئیدێنتیتێیەکی دیاریکراوی نائارەزوومەندانە دەبەخشرێ بەو گروپەی کە جینۆساید دەکرێ. پاشان بەڕێی پڕۆسەی نامرۆڤاندنەوە ئەندامانی گروپە دیاریکراوەکە لە مرۆڤبوون دەخرێن. لێرەوە جینۆسایدکار ڕەوایەتی بۆ کوشتن و جینۆسایدکردنی ئەو گروپە دیاریکراوە دەباتەوە.
بەعس پێش ئەنفال لە ڕووی تیۆری (ئیدیۆلۆگی)یەوە کورد وەک دوژمن دیاری دەکا و شوناسێکی تایبەتی پێدەدا، وەک ناعەرەبێک. پاشان بەڕێی پرۆسەی نامرۆڤاندنەوە کورد لە مرۆڤبوون دەخا و ئینجا ڕەوایەتی بە کوشتن و جینۆساید (ئەنفال)کردنی دەدا.
بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال و هۆکارەکانی ڕوودانی گەرەکە لە ئیدیۆلۆگیی بەعسیزم و ڕەگ و ڕیشەکانی تێبگەین. هەروەها لە کەسێتی سەدام حوسێن وەک سەرۆکی حیزبی بەعس تێبگەین. هاوکات لە مێژوو و چۆنیەتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق تێبگەین. گەرەکە لە دەوڵەت_نەتەوە، ناسیۆنالیزم و مۆدێرنە و پەیوەندیان بە جینۆسایدەوە و چۆن بەعس توانیویەتی سوود لەوانە وەربگرێ بۆ ئەنفالکردنی کورد تێبگەین.

بەعس بۆ فۆرماندن و شێوەدان بە خۆی و ئیدیۆلۆگییەکەی سوودی لە چەند سەرچاوەیەک وەرگرتووە. بەعس سوودی لە ئیدیۆلۆگیی تۆتالیتاریانیزم، نازیزم، و ستالینیزم وەرگرتووە. ئەمانەی لەگەڵ ترادیسیۆنی خێڵەکی و مێنتاڵێتی پیاوسالاری عەرەبی گونجاندووە. واتا لەگەڵ بارودۆخی سۆسیۆ_کولتووریی ناوچەی جیۆگرافیی نیمچە دوورگەی عەرەبی گونجاندوویەتی. هاوکات سوودی لە ئاینی ئیسلام وەرگرتووە بەتایبەتی لە ڕەوتی سونی. لێرەوە ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوی پانعەرەبی هێناوەتەگۆڕێ، کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویدی (ناعەرەب) دامەزراوە.

ئێمەی کورد تاکو ئێستا تێگەیشتن و ئاگاییەکی تەواومان لەمەڕ ئەنفال نییە. بۆیە تاکو ئێستا ئەنفال بەردەوامە و نەمان توانیووە دۆخی ئەنفال تێبپەڕێنین. واتا ئەنفال پچڕانێکی لە ژیان و مێژووی ئێمەدا دروستنەکردووە. ئێمە نەمان توانیووە بچینە قۆناغی پاش_ئەنفال. تاکو ئێستا ئەنفال قۆناغی شین، کڕوزانەوە، حیکایەت و گێڕانەوەی زارەکی تێنەپەڕاندووە. ئەنفال نەبووە بە پرسیار لە لامان، بۆ ئەوەی لێی بهزرین: داخۆ ئەنفال چییە؟ بۆچی ڕوویدا؟
لە ڕووداوی تراژیدی، جینۆساید و شکستی وەها گەورەی وەک ئەنفالدا دوو ئەگەر هەن: یەکەم، ئەو نەتەوەیە یان گروپەی جینۆساید دەکرێ و ڕووبەڕووی قڕکردن دەبێتەوە بەتەواوی شکست دەهێنێ، لاواز دەبێ و لەناودەچێ. یان (ئەگەری دووەم)، ئەو نەتەوەیە هەڵدەستێتەوە، سەرلەنوێ خۆی بونیاددەنێتەوە، بە هێز و گوڕوتینێکی گەورەترەوە دێتەوە نێو مێژوو، بوون و ژیان. واتا ئەو جینۆسایدە نەک هەر لەناوی نابات بەڵکو بەهێزتری دەکا، وەک: جوولەکەکان.

ئێمەی کورد پتر لەسەر ئەگەری یەکەم ئیشمان کردووە، هەرچەندە بەعس لە ئەنفالدا نەیتوانی بەتەواوی کورد لەناوبەرێ. سەرەڕای ئەوەی دوای ئەنفال هەوڵی هەستانەوە و خۆ_بونیادنانەوە لەلای کورد هەبووە بەتایبەتی لە ڕاپەڕین و کۆڕەودا، بەڵام هەر زوو ئەو هەوڵانە بێئەنجام بوون، ئاخر دواتر کورد دەستی کرد بە جەنگی ناوخۆ و لاوازکردن و لەناوبردنی خۆی. واتا ئەوەی بەعس لە ئەنفالدا بۆی نەهاتەدی دەسەڵاتی کوردی و ئێمەی کورد خۆمان بۆمان هێنایەدی و ئیشەکەمان بۆ تەواو کرد. لە کاتێکدا، ئەنفال ئەو شیمانەیەی لەخۆیدا هەڵگرتبوو کە ئێمە بەڕێی ئەوەوە بەهێزترببین و بتوانین بوون و ئۆنتۆلۆگیی خۆمان بسەلمێنین و لەو ڕێگەیەوە بێینە نێو مێژووەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان دابمەزرێنین.

ئەنفال تاکو ئێستا نەبووە بە ئاگایی، مەعریفە و زانین لەنێو کۆ_ئاگایی و یادەوەری کورددا. بۆیە گەرەکە ئەنفال بکرێ بە دیسکورزێکی مەعریفی و ئۆبژێکتێکی زانستی، ئەمەش بەڕێی لێکۆڵینەوە، توێژینەوە، ئەرشیفکردن، دۆکۆمێنتکردنی ئەنفالەوە دەکرێ. بەداخەوە تاکو ئێستا کەمتر بەشێوەیەکی زانستی، ئەکادیمی، دامەزراوەیی و بە گروپ ئیش لەمەڕ ئەنفال کراوە، بەڵکو پتر هەوڵ و ئیشی تاکە کەسی کراون. واتا تاکو ئێستا لەلای ئێمەی کورد ئەنفال نەبۆتە هۆی بەرهەمهێنانی مەعریفە، دەقی ئەدەبی باڵا، فیلمی سینەمایی، تابلۆی هونەری و ئیشی هونەری باڵا بەتایبەتی لەسەر ئاستی گلۆبال بتوانێ ئەنفال بە جیهان بناسێنێ.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish