Skip to Content

سەرۆک جاشەکان و بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا … شاخەوان شۆڕش

سەرۆک جاشەکان و بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا … شاخەوان شۆڕش

Closed
by نیسان 16, 2017 General, Genocide, Opinion, Slider

لێرەدا سەرنج دەدەینە واتای بوونی سەرۆک جاشەکان بۆ تاوانی گەلکوژی ئەنفال، چۆنیەتی تاوانباریان لە دادگادا، هەروەها لێکدانەوە و بیانووەکان لە دیدی تایبەتی دژ بەیەکەوە.
واباشە لە دوو ڕوانگەوە سەرنج بدەینە ئەو بابەتە. یەکەم: لەدیدی بەرەی لایەنگرانی قوربانیانەوە، لە دیدێکی سۆزدارانە و نۆرماتیڤەوە زۆرجاران دەگوترێت و جەختدەکریتەوە لەسەر ئەوەی کەوا ئەندامانی سەر بە نەتەوەی کورد خۆیان بەشداریان لە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا کردووە و خۆیان بوونەتە چاوساغی سوپای عەرەبی ئێراقی و پێشی کەوتوون، وە بەشداری راستەوخۆیان لە تاوانەکاندا کردووە، بۆیە لە تاوانی کۆمەڵکوژیەکانی ئەنفالدا ئەوان لە هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی تاوانبار ترن.

لە روانگەیەکی مۆرالی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، ئەو کوردانەی بەشداریان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، ناپاکیان لە خەڵکی کوردستان کردووە بۆیە ئەوانە جگە لە تاوانباریان لە ئەنجامدانی تاوانکە، تاوانی ناپاکیشیان ئەنجامداوە. دیارە بوونی تاوانی ناپاکیە کە خەڵکی سەر بەنەتەوەی قوربانی والێکدەکات، بەرامبەر بەو تاوانکارە ناوخۆییانە ڕقئەستورتربن و داوای سزای تووندتر بکەن. بۆنمونە لە کاتی ڕاپەریندا خەڵک رقئەستورترە بەرامبەر بە کەسانێک کە ئەندامی کۆمەڵگەی قوربانین بەڵام هاوکاری لایەنی دەسەڵاتی تاوانباریان کردووە. بەڵام ئایا خەڵک تاچەند لەوەدا داواکەیان ڕەوا و گونجاوە؟ ئایا دەکرێ سزای ئەوانە تووندتر بێت؟ لە روانگەی یاساییەوە پێویستە ئەو خاڵە لە دوو لایەن و ئاستەوە روونبکرێتەوە و وەڵام بدرێتەوە، لە ئاستی دادگای نێوخۆیی و لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا. دادگای نێوخۆیی کە لەلایەن نەتەوەی قوربانیەوە دامەزرێندراوە و پیادەی دەستور و یاسای تایبەت بە ولات دەکات، لەزۆربەی بارەکاندا سزای بۆ ئەو کردەوانە داناوە کە دەکرێ وەکو زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی یا سەروەری وڵات سەیربکرێن. دیارە هەر وڵاتە بەجۆری تایبەت بە خۆی و بەپێی بروا و ئایدۆلۆژیاکەی سەیری ناپاکی دەکات و پێناسەی دەکات، بۆیە جودایی زۆر لەمبارەیەوە لە پێناسە و تێگەیشتنەکاندا هەیە.

ئەگەر ئێمە سەیری واتا باو و پەسندکراوەکەی ناپاکی بکەین، بەئەگەری زۆر هەموو وڵاتەکان بەپێی یاسای نوسراوە یا نەنوسراوە هاوکاری دوژمن لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەوە بە ناپاکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دادەنێن. ئەگەر کەسێکی کۆمەڵگە ئەو سنورانە ببەزێنێت و هاوکاری لایەنی دژ و نەیاربکات، ئەو کەسە وەکو ناپاک لە کۆمەلگە و وڵات سەیری دەکرێت بەرەورووی سزا دەبنەوە. بۆیە ئەو کەسانەی کە لەسەر تاوانی ناپاکی بەرەورووی سزا ببنەوە، کە سزای تاوانکاریەکانی دیکەش وەردەگرن، کۆی سزاکەیان گەورەتر و تووندتر دەبێت. دیارە لە ئەگەری نەبوونی یا بزری دادگای ناوخۆدا لەو تاوانکاریانە ناپێچرێتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی قوربانی بەپێی تێگەیشتن و مۆرالی کۆمەڵگە بەپێی یاسای نەنوسراوەی کۆمەڵگە ئەو کەسانە وەکو تاوانبار لە ناپاکیدا سەیردەکات و دەکرێ لە ڕێگەی کرداری تایبەتی نایاساییەوە هەوڵی سزادانیان بدرێت، وەکو بۆنمونە تیرۆرکردنیان.

لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا، تاوانی ناپاکی لە وڵاتی کۆمەڵگەی قوربانی لێپێجانەوەی لێناکریت و یاسایەک بۆ ئەو لایەنە تەرخان نەکراوە. هەروەکو ناپاکی پەیوەندی راستەوخۆی بە وڵاتە پەیوەستدارەکە خۆیەوە هەیە، پێناسەی ئەو چەمکەش لە دیدی تایبەتی وڵاتی پەیوەستدارەوەیە و تایبەتە بەهەندێ پێشێلکاری کە تەنها بۆ ئەو وڵاتە واتا و گرنگی یاساییان هەیە. بۆیە لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا کەسانی تۆمەتبار تەنها لەسەر ئەو تاوانکاریانە سزا دەدرێن، کە لە هێرشەکەدا ئەنجامیان داوە و دەچنەخانەی تاوانەکانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. بەمشێوەیە چەمکی ناپاکی بۆ دادگایەکی نێوتەتەوەیی سەرووی وڵات گرنگی یاسایی نییە. چونکە دادگای نێونەتەوەیی جیاوازی لە نێوان کەسە تۆمەتبارەکاندا ناکات و تەنها سەرنج دەداتە تاوانکاریەکانیان کە ئەنجامیان داوە. بۆ نمونە ئەگەر سەرۆک جاشێک لەسەر تاوانی گەلکوژی بدرێتە دادگایەکی نێونەتەوەیی، ئەو سەرۆکجاشە لەسەر تۆمەتی چۆنیەتی هاوکاری و بەشداری لە تاوانکە، وە بەهێزی و لاوازی بوونی بەڵگەکان لەوبارەیەوە دەکۆڵێتەوە. ئەگەر بەشداریەکەی سەڵمێندرا، ئەوا بەپێی جۆری تاوانەکەی بەپێی یاسای دادگا سزای بۆ دەبڕێتەوە.

دادگای نێونەتەوەیی لەوە ناکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو سەرۆکجاشە ناپاکی لەنەتەوەکەی خۆی کردووە یانا. لەئەگەری بوونی یاسای ناپاکی ناوخۆی وڵاتدا، وە بوونی سزا لەمبارەیەوە، لەوبارەدا ئەو بابەتە کێشەی دادگای ناوخۆیی وڵاتە نەوەک دادگای نێونەتەوەیی. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی بەهەمان شیوە لە ئەگەری بوونی تاوانەکانی ناپاکی ناکۆڵێتەوە و دادگاکە پیادەی ئەو یاسا و پرەنسیپانە دەکات کە تایبەتن بە تاوانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. چونکە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی دادگایەکی ناسیونالی ناوخۆیی کوردستان نییە. ژمارەیەکی زۆر سەرۆک جاش ناویان لە دادگا هەبوو و دەبوایە بدرێنە دادگا لەسەر تۆمەتی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، بەڵام دەسەڵاتی زەرد و سەوزی کوردی یا دەسەڵاتدارانی ئێراقی پەنایاندان. ئەگەر ئەو سەرۆکجاشانە بدرابانە دادگا، دادگا لەسەر تاوانی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دادگایی دەکردن. ئەگەر لە کوردستان دادگایەکی ناسیونالی کوردستان هەبووایە و بۆ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی تەرخانکرابووایە، دەیتوانی لەئەگەری بوونی یاسا بۆ تاوانەکانی ناپاکی لەسەر جۆر و قەوارەی تاوانکە دادگاییان بکات. وەکو گوتمان دادگای لەو جۆرە لە کوردستاندا بوونی نییە و یاسایەکیش لەمبارەیەوە بوونی نییە، هەروەکو تاکو ئێستا باشوری کوردستان خاوەنی دەستور نییە.

دووەم: لەلایەکیتر ئەو بەشداریەی بە دەیان فەوجی جاشی کورد لە تاوانی ئەنفالدا هەندێ خەڵکی تووشی گومان کردووە لە بوونی تاوانی گەلکوژی. لە دوو روانگەی جیاوازەوە ئەو فاکتەرە دژ بە بوونی تاوانی گەلکوژی لێکدراونەتەوە و بەکارهێندراون. کەهەردوولایان بەرژەوەندی تایبەتیان لەپشتی ئەو گۆتەیاندا هەیە. لایەنی تاوانکار بەدید و لێکدانەوەیەک، لایەنی سەربە گەلی قوربانیش لە دید و لێکدانەوەیەکی دیکەوە. لایەنی تاوانکار واتە لایەنگرانی ڕژێمی بەعس و بەرگریکارانی ئەوان وەکو بەڵگە دژ بەبوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی بەکاریان ‌هێناون و دەهینێت. هەرچی لایەنی سەربەگەلی قوربانیە کە دەسەڵاتی کوردی زەرد و سەوز لەگەل دۆستانی سەرۆکجاشەکان دەگرێتەوە، کە پەنای سەرۆکجاشەکانیان داوە و دژی دادگاییکردنیانن، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان لەسەرۆک جاشەکان خۆشبووین و لێبوردنیان بۆیان دەرکردووە، بۆیە دژی هەموو جۆرە دادگاییەکی ئەو سەرۆک جاشانەن.

سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە لێبوردنەکەی ١٩٩١ دووپات دەکەنەوە و جەختی لەسەر دەکەنەوە. لەلایەکیتر لێرە و لەوێ ئەوەش گوتراوە کە دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان زیان بە کورد دەگەیەنێت و وادەکات گومان بخاتەسەر بوونی تاوانی گەلکوژی. واتە دەسەلاتی زەرد و سەوز بۆ پاراستنی سەرۆک جاشەکان و هێزەکانیان لە ریزی پارتی دەسەڵاتدارەوە لێبوردنەکەو ئەو بیانووی زیانگەیاندن بۆ دۆسیەی بوونی تاونی گەلکوژی بەکاردەهێنن. گرنگە بیریبخەینەوە کەهەرچی لایەنی تاوانکارە بەشداری جاشەکان لە تاوانی ئەنفالدا بۆ خۆدەربازکردن لە تاوانباریان لە تاوانی گەلکوژیدا بەکاردەهێنن. ئەوانە بەشداری جاشەکان دژ بە ناساندنی تاوانەکە وەکو تاوانی گەلکوژی بەکاردەهێنن. وەکو بەلگەیەک دژ بە بەڵگەکانی بوونی تاوانی گەلکوژی بەکاریدەهێنن. لایەنگرانی رژێمی بەعس و بەرگریکارانی لایەنی تاوانکار ئەو بابەتە دەقۆزنەوە و دەڵێن ئەوەی روویداوە لە ئەنجامی شەڕێکی ڕەوادا دژ بەو گروپ و رێکخراوە چەکدارانە بووە کە دژی وڵات بوون، دەسەڵاتی ئێراق دژی گەلی کورد نەبووە. بوونی بەهەزاران چەکداری کورد کە بەهێزەکانی بەرگری نیشتیمانی دەناسران لە ریزەکانی سوپادا وەکو بەڵگەی نیازپاکی دەسەلات و نەبوونی ڕق و مەبەستی لەناوبردنی گەلی قوربانی پیشان دەدەن. لەو روانگەیەوە لایەنگرانی دەسەڵاتی بەعسی ئێراقی هەوڵی پیشاندانی سوپایەکی نیشتیمانی عەرەبی و کوردی ئێراقی دەدەن، کە لەباری بەرگریدابووە دژی سوپای ئێران و بەکرێگیراوانیان، بۆیە شەڕێکی ڕەوای بەرگریان کردووە. مەبەستیش لەناوبردنی گەلی کورد نەبووە، هەروەکو کورد مافی ئۆتۆنۆمی هەبووە و لە سوپادا بەشداری چالاکانەیان هەبووە.

گومان لەوەدا نییە کەوا بەهەزاران جاشی کورد و بەدەیان سەرۆکجاشی کورد بەشداریان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کردووە. ئەوانە یەکەم: هێزێکی تایبەتی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و بەشێک بوون لە هێزەچەکدارەکانی ئێراق و لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی بەرگری و ئاسایشی حکومەتی ئێراقدابوون. فەوجی جاشە کوردەکان سەربەخۆ توانا و دەسەڵاتی نە بڕیار و نە چاڵاکیان هەبووە. ئەوان بەهیچ جۆرێک لە ئاستێکدا نەبوون بتوانن کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی سەرۆکایەتی ئێراقدا هەبێت. بۆیە ئەوان جگەلە هێزێکی ملکەچی چەکداری ئێراقی کە چاوەڕێی فەرمانیان کردووە، چیتر نەبووین. ئەوان بەرەگەز کورد بوون، بەڵام سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و ئەوەیان کردووە کە لەبەرژەوەندی ڕژێمی بەعسی ئێراقیدا بووە. کاری سەرەکی هێزی جاشەکان شەڕ و لێدانی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. هێزی جاشەکان دژی هێزی شۆڕشگێرە کوردەکان بەکاردەهێندران. بۆیە فەوجی جاشەکان لای کۆمەلگەی کوردی هێزێکی نەخوازراو بوون و خەڵک حەزی بە چارەیان نەدەکرد، خەڵک وەکو هێزێکی بەکرێگیراوی حکومەتی ئێراق سەیریان دەکردن. بەمجۆرە هێزی جاشەکان لەبەرەی دژ بە خەڵکدا بوون و لەسەنگەری ڕژێمی ئیراقیدا بوون، کە خەڵکی کوردستان وەکو دەسەڵاتێکی بێگانەی ناڕەوا سەیریان دەکرد.

بڕیاری قڕکردن و لەناوبردنی دانیشتوانی ناوچە قەدەغەکراوەکان بە هەڵەبجەشەوە، لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێنەوە درابوو، سەرۆکی بیرۆی باکوری پارتی بەعس عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) جێبەجێیکرد. ئەوەش واتای یەکلاکەرەوەی بۆ بوونی مەبەستی لەناوبردن لەلایەن دەسەڵاتی ئێراقیەوە هەیە. بوونی هێزی چەکداری کورد کە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی دەسەڵاتی ئاسایش و سوپای عەرەبی ئێراقیدا بووە و کە لە سەنگەری سوپای تاوانکاردا بوونی هەبووە، هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەو فاکتەرەدا نییە و ناتوانێ ئەو راستیە بگۆڕێت.
بەپێی بەڵگەکان لەگەڵ ئەوەی سەرۆک جاشەکان و چەکدارەکانی فەوجە سوکەکان سەر بە ڕژێمی ئێراق بوون و فەرمانەکانی ڕژێمی ئێراقیان ملکەچانە جێبەجێ دەکرد، بەڵام ڕژێمی بەعس لێیان بەگومان بووە و ئەوانەی تەنها بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەکارهێناوە. سەرانی ڕژێمی بەعس بڕوایان بە سەرۆک جاش و جاشەکان نەبووە، وە بە شایستەی ئەوەی نەزانیون کە لە کۆمەلگەی عەرەبیدا بتویندرێنەوە و ژیانیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە. هۆکەشی ئەوەبووە کە جاشەکان کورد بوون. بۆنمونە عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) لە کۆبوونەوەیەکدا دەڵێ، دەتانەوەی کۆمەڵگەی عەرەبی بەوانە پڕبکەنەوە و دەوڵەمەندی بکەن؟! ئێزدیەکان (ئێزدیەکان بە عەرەب ناونوسکرابوون و ژمارەیەکی زۆریان لە فەوجە سوکەکان بوون) !؟ بیانێرنە سەروو و لەوێ دەیاندۆزمەوە و بە شۆفڵ و بلدۆزەر سەریان پان دەکەمەوە. وەکو پێشتر بینیمان سەرانی بارزانیەکانی سەر بە ڕژێم لەگەل ئەوەی دڵسۆزیان بۆ ڕژێم پیشاندابوو، بەلام کە بڕیاری لەناوبردنی بارزانیەکان دەرچوو، ئەوانیش لەنێوبردران.

شاخەوان شۆڕش
١٣/٤/٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish