Skip to Content

لە بەهارێکدا ڕۆیشتن … عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

لە بەهارێکدا ڕۆیشتن … عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

Closed
by نیسان 17, 2017 General, Literature, Poems

جارێکی تر بۆ برینی مەرگی شاپوور و قابیل

بەر لە سەفەری یەکجاریی هیچ ڕۆژ نەبوو
نەبن بە خەندە و بزە بۆ سەر لێوی منداڵانی گەڕەکانی برسێتی
وەکو تیشکی هەتاو نەچنە هەناوی گشت ماڵێ مەحکوم بە تاریکیی و سێبەر
هەتا نەشبوون بە گۆرانی نەچوونە لای دیرۆکی نوێ
لە بەهارێکدا ڕۆیشتن گوڵ ڕەشپۆش بوو
خەزان چاوی بە فرمێسکی ئینسان ئەڕشت
شیعر لە نووسین یاخی بوو
شەقام لە خوێن
عیشق لە دڵ
گوڵ لە باخەوانەکانی ڕەنجەڕۆیی ژیان تۆرا.
کە لە بەهار کەوتنە ڕۆیشتن
ئەستێرەکان لە کۆڵانە دەیجوورەکانی ئاسمان وەکو سەرخۆش یەک یەک بەلادا ئەهاتن
کەسێک نەبوو دوا چیرۆکی ماڵئاوایی برینەکانی هەژاری و کوێرەوەری
ژێر کەپرەکانی بەدبەختی مرۆڤەکان بنووسێتەوە
کەسێک نەبوو دوایین خەندەی لێوەکانیان ببات بۆ گوڵ
دوایین ماچیان بداتە دەست دەزگیرانە ناکامەی ئەو دیو پەردەی چاوەڕوانی
دوایین وتاریان بەرێتە بەر ماڵە برسییەکانی شار
لێیان گەڕێ جگەرەیەک لە خەمی قووڵ بۆ سوکنایی دڵی ناسکی ئاوارەکان بکێشن و
ئینجا بچنە لای حەوزی پڕ لە مرواری هەقبێژی قەراغ بەستەکانی ئومێد و هیوا و ئاوات
وەختێ ڕۆیشتن کە زۆر زوو بوو بۆ ئەو کۆچە
بارانێک لە وشەی سووری خۆشەویستی هاتە بارین
هەناسەکانی ناو سینگی عاشقەکانی ڕێی سووری دادپەروەی
تاساو تاساو ڕێک لەبەر پێی مەرگی ئەوان هاتنە چۆکان
ئەوان لە بەهارێک ڕۆیشتن هێشتا سەفەر خۆی نەهاویشتبووە سەر پشتی کەشتی زوڵم و
بێ دڵەڕاوکێ لە دەریای ترس و بیم بپەڕێتەوە.
تازە خەندەکان بە کاڵی سەنگەریان لە لێو دەگرت و
تازە دڵەکان دەبوونە مێرگی جوانی و
تازە وشە سوورەکانی نێو هۆڵەکانی میدیا و گەل
تازە هاوارەکانی حامییەکە و گڵکەند
تازە بەکر عەلی و شیعر
فەرهاد فەرەج و خەبات و
ئومێد و شەقام و کتێب و حیزب و چەک
نە بوو بوون بە ماسییەکانی نێو دەریای غەدری جەهالەت
پەنجەرەکان فێر نەبووبوون دابخرێن و
دەرگاکان هەر لەسەر پشت بوون
تازە منیش شیعرم چاوی لە تاریکیی تاراوگە هەر هەڵئەگلۆفی و
نەیدەزانی لەپڕ لەودیو دەریاکانی غوربەتەوە بۆ هەمیشە
دەبین بە دوا یادگار و
دوا ماڵئاوایی دوو هاوڕێ
هەردوو لە بەهار ڕۆشتین
من بەرەو دوورگەکانی شیعر و تەنیایی و
ئەوانیش بۆ سەرمەدییەکی جاویدانەی عاشقبوون چوون.

نیسانی ٢٠١٧
وڵاتی باران و بەفر

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish