Skip to Content

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بە کاری هەرەوەزی …عەزیز محمد و شەماڵ عەلی

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بە کاری هەرەوەزی …عەزیز محمد و شەماڵ عەلی

Closed
by نیسان 18, 2017 dengekan, General, Opinion, Slider


کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 10

بەڕێزان: شەماڵ عەلی وعەزیز محمد

Shamal & Aziz

– سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

شەماڵ عەلی: من کەسێکی کۆمۆنیستم و لە سەرەتای هەشتاکانەوە لە ناو جووڵانەوەی چەپی ڕادیکاڵی ئەو سەردەمەدا لە ڕووی سیاسیەوە ئەکتیڤ بووم. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق بووم. لەگەڵ دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانیشدا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بووم و تا ئێستاش ئەندامی هەردوو ئەو حزبانەم.

عزیز محمد: هەڵسوڕاوێکی سیاسیم لە سەرەتای هەشتاکانەوە بە مەبەستی زیادکردنی بەشی ئینسانەکان لە (ژیان و ئازادی و دەسەڵات) لە ڕێگای هەڵویستی جەماعیەوە و بە ئاسۆی ڕزگاری یەکجاری و هەمەلایەنەوە کەم تا زۆر هەڵسوڕاوم.

– “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ ئێوە چی دەگەیێنێت؟

بزووتنەوەی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بە ئەکتێکی دەستەجەمعی فراوان و ئامانجدار و زۆر جار فۆرمۆڵنەکراو دەگوترێت. بزووتنەوەی هەرەوەزی دەتوانێت ناو بێت بۆ جووڵانەوەیەکی فراوانی پێکهێنانی هەرەوەزیەکان لە پانتاییەکی فراواندا بە فۆرمی جۆراوجۆرەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە پێداویستی جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی. دیارە ئێمە هیشتا هێشتا لە کوردستاندا جووڵانەوەیەکی فراوانی پێکهێنانی هەرەوەزیەکان نابینیت. ئەوەی کە هەیە هەوڵ و دەستپێشخەریەکی بە ئەرزشە لە شاری خانەقین و خەریکە پەل بۆ جێگای تریش دەکێشێت، ئومێدەوارین تا ئاستی جووڵانەوەیەکی فراوان گەشە بکات.

– بە بۆچوونی ئێوە هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەرەوەزیەکان وەک هەر کارێکی دەستەجەمعی تر لەناو سیستەمی چینایەتیدا لەژێر کاریگەری ئاسۆی سیاسی و فیکری باڵادەست تیایاندا دەتوانن ئامرازی وەدیهێنانی ئامانجی جیاواز بن. هەرەوەزیەکان خۆیان لە خۆیاندا ناتوانن ئەلتەرناتیڤی سیستەمی ئێستا بن. بەڵام دەتوانن فاکتەرێکی بەهێز بن بۆ هێنانەدی زەمینەی سەرهەڵدانی سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ. دیارە لای ئێمە هەرەوەزیەکان چ لە ئێستادا و چ لە ئایندەشدا (کە ببێتە جووڵانەوەیەکی هەرەوەزی بەهێز ) دەتوانن ببنە جێگای پێکگەیشتن و هاوکاری ڕەوتی سیاسی و ئاسۆی جیاواز و هەمەچەشن. هەربۆیە ئەوەی لێرەدا دەیڵێین بە مانای لە قاڵبدانی پێشوەختی هەرەوەزیەکان و بەشداریکردن تیایدا بە شەرتی چەقۆ یان بەمەرجی باڵادەستی ئەو تێڕوانینە نییە کە ئێمە هەمانە. بەڵام ئێمە لامان وایە ئەوانەی کە هەرەوەزیەکان بە ئامرازی ڕووخاندنی سیستەمی ئێستا و جێگاگرتنەوەی بە سیستەمێکی نوێ دەزانن (یان بەو پێوەرەوە ڕەخنەی لێدەگرن و پێیان وایە کە هەرەوەزیەکان بۆیە جیگای رەخنەن کە ناتوانن ببنە ئەو ئامرازە) دەرگیری وەهمێکی گەورە بوون. بەڕای ئێمە هەڵگێڕانەوەی سەرمایەداری بێ شۆڕش مەحاڵە و لە پرۆسەی شۆڕشیشدا لە دەسەڵاتخستنی چینی سەرمایەداران و گرتنی دەسەڵات لەلایەن چینی کرێکارەوە پێویستیەکی حەیاتی و چارەنووسسازترین وەرچەرخانیشە لەو پرۆسەیەدا. شۆڕشیش چ لە وەرچەرخانە چارەنوسسازەکەیدا و چ بۆ بەئاکام گەیاندنی وەک پرۆسەیەک پێویستی بە حزبی سیاسی و خەباتی سیاسی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی کۆمۆنیستەکان (واتە ئەو بەشە لە چینی کرێکارە کە نەک کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی جەماوەر لە سایەی سەرمایەداریدا بەڵکو ئامانجی سەرنگونکردنی هەموو سیستەمەکەیە) هەیە. هەرەوەزیەکان ناتوانن جێگای ئەو ئامرازو کەرەستانەی شۆڕش بگرنەوە. هەرکەس دەیەوێت لەمڕۆدا بانگەشەی ئەوە بکات کە گوایە ئەو دیدە بۆ شۆڕش و ئامرازەکانی کۆنە و خەباتی سیاسی و تەحەزوب پێویست نییە، لە ڕاستیدا کەوتۆتە ژێر کاریگەری وەهمێکەوە کە لە دنیای سەردەمدا سامان و سەرچاوەی دارایی زەبەند بۆ بڵاوکردنەوەی تەرخان کراون و چەندین دەزگای سیخوڕی و کارگێڕی و ڕاگەیاندنی لە پشتەوەن.

هەرەوەزیەکان لای ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە لە بناغەوە بەرەنجامی گیانی هاوکاری و پێکەوە کارین. بەڵام دەکرێت لە دنیای سەردەمدا (کاتێک کە ڕەوتی ناشۆڕشگێڕ باڵادەست بن تاییاندا) ببن بە ئامرازی دەستی ڕەوتی ڕیفۆرمیستی و تەنانەت کۆنەپەرستیش. وەک چۆن سەندیکا کرێکارییەکان کە بەرهەمی گەشەکردنی خەبات و هۆشیاری چینایەتی کرێکارن لە قۆناغێکی دیاریکراودا بوونەتە داردەستی ڕەوتی کۆنەخواز و تەنانەت فاشیستیش، وەک ئەوەی لە ئیتالیای مۆسۆلینیدا بینییمان، هەرەوەزیەکانیش شرینقەی مەناعەیان لەو جۆرە بەکارهێنانە لێ نەدراوە. هەر بۆیە ئێمە بەپێچەوانەی ئەوانەی کە بانگەشەی خۆدوورگرتنی هەرەوەزیەکان لە سیاسەت و فیکر دەکەن و لە ڕاستیدا ناواقعیترین بانگەشە دەکەن، وا دەزانین موتوربەکردنی هەرەوەزیەکان بە سیاسەت و مەنهەجی بارهێنانی بەشداران تیایدا بە گیانی پشتبەخۆبەستن و بەشداری لە بڕیارداندا و دیموکراسی ڕاستەوخۆ مەرجی پەرەگرتن و پێشکەوتنیانە و پرنسیپی لەهەرکەس بە پێی توانا و بۆ هەرکەس بە پێی پێویستی مەرجێکی ڕۆڵگێرانیانە لە زەمینەسازیدا بۆ ئاڵوگٶڕی ڕیشەیی.

ماوەتەوە ئەوەی بڵێین کە بە دیدی ئێمە هەرەوەزیەکان ئەگەر تەنانەت ئامرازی ڕیفۆرمیش بن، بەشداری شۆڕشگێڕان و کۆمۆنیستەکان تیایدا ئەرکێکە دواخستن هەڵناگرێت. کۆمۆنیستەکان و بە تایبەت لە کوردستاندا مێژوویەکیان لە خۆدوورگرتن لەو پیکهات و ڕیکخراوانە هەیە کە دەقاودەق جێگای پەسەندیان نیین. لە دیدی ئێمەدا ئەوە ناتوانێت مامەڵەی کەسانێک بێت کە دەیانەوێت لە واقعدا کاریگەریەکیان هەبێت و جگە لە پاراستنی شوناسی سیاسی خۆیان ئەرکیکیان بۆ خۆیان دانابێت. هەندێک بە شانازیەوە دەڵێن لە هەڵپەڕکێیەکدا بەشداری ناکەین سەرچۆپی بەدەست خۆمانەوە نەبێت، ئەوانە تەنها دەبێت ئاوات بخوازن کە هێندە شانسیان هەبێت لە شایی خۆشیاندا بە دڵی خۆیان هەڵپەڕن. باڵادەستی سیاسەتێک و مەنهەجێکی شۆڕشگێڕانە لە هەرەوەزیەکاندا یان لە هەر فۆرمێکی تری ڕیکخراوەی جەماوەریدا مەسەلەیەکی پراکتیکیە و ئەو لایەنەی خۆی بە خاوەنی ئەو مەنهەجە دەزانێت دەبێ هەموو ڕۆژێک ڕابەر بوونی خۆی و کارامەبوونی خۆی لەبەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو ڕیکخراوەداو گەیشتنی بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی بسەلمێنێتەوە تاکو بتوانێت مەنهەجی خۆی باڵادەست بکات.

– بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە؟

لە مێژووی ڕابردووی جووڵانەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیدا، هەرەوەزیەکان و ڕۆڵ و کاریگەرییان لە قۆناغی جۆراوجۆردا مەیدانی کێشمەکێش و جەدەلی جیاواز بوون. بەشیک لەو ڕەخنە یاخود سەرنجانەی سۆشیالیستەکان لەسەر ئەم بابەتە بوویانە لە جێگای خۆیاندا بوون و بەشیکی تریشی زادەی تێگەیشتنێکی تایبەت لە سۆشیالیزم و شۆڕش بوون کە لە ڕوانگەی ئێمەوە تێگەیشتنی دروستی کۆمۆنیستی نەبوون. بەر لە دەرکەوتنی کۆمۆنیزم وەک جووڵانەوەیەکی سیاسی جەماوەریی کاریگەر و جێکەوتنی دیدی مارکس لەناو ئەم جووڵانەوەیەدا ئەزموونی هەرەوەزیەکان لە هەندێک وڵاتدا وەک ئەلتەرناتیڤێکی سیستەمەکە طەرح کراوەو وا بینراوە کە سەرەنجام سەرکەوتن، فراوانبوونەوە و باڵادەستی ئەم ئەزموونانە خودبەخود کاپیتالیزم وەک سیستەمێک کۆتایی پێ دەهێنێت و کۆمەڵگا دەبێتە سۆشیالیستی.

ئەم دیدە پەرەسەندنگەراییە (یئڤۆلیوشنستیە evolutionist) بۆ پرۆسەی گۆڕانی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم، سەرەڕای ئەوەی کەوتە بەر ڕەخنە و بۆ ماوەیەک وەلانرا، لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی بیستدا دووبارە بانگەشەی بۆ کرایەوە. لەو بڕگەیەدا مافی دەنگدانی گشتی (لانی کەم بۆ پیاوان) لەگەلێک وڵاتی گرنگی ئەوروپادا بەدەست هات و یاسا دژە سۆسیالیستیەکان لابران یان لاواز کران و ئەمەش ئەو وەهمەی دروست کرد کە فراوانبوونەوەی هەرەوەزیەکان و سەندیکا کرێکاریەکان لە بوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و مومکین بوونی گەیشتنی سۆشیالیستەکان بە پەرلەمان، سەرەنجام دەتوانێت لە پرۆسەیەکی شێنەییدا سەرمایەداری بگۆڕێت بە سۆشیالیزم. ئەم دیدە لە ئەڵمانیا ئیدوارد برنشتاین نوێنەرایەتی دەکرد و بەر لەوەش لاسال بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە هەرەوەزیە بەرهەمهێنەکان بە کۆمەکی دەوڵەت دەتوانن جێگا بە کۆمپانیا سەرمایەداریەکان لێژ بکەن. گوایە هەرەوەزیەکان وەک ناوکۆکەی ئابووری سیستەمی داهاتوو بە پشتیوانی دەوڵەت دەتوانن لە کێ بەرکێ لەگەڵ کۆمپانیا سەرمایەداریەکان گرەو ببەنەوە و سەرەنجام سیستەمێکی ئابووری نوێ بهێننە کایەوە.

ئەم تێڕوانینە بۆ جێگاوشوێنی هەرەوەزیەکان بەر ڕەخنەی توندی کۆمۆنیستەکان و پەیڕەوانی دیدی مارکس کەوتن. جووڵانەوەی هەرەوەزیەکان کە لە ١٩٠٣ کە بەسەرپرشتیاری ئەدۆلف ڤان ئیلم لە ئەڵمانیا دامەزرا و لە ماوەی دە ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرت وەک بەشێک لە ڕەوتیکی ریفۆرمیستی خۆی نیشاندا و لەسەر نەریتێک چووە پێشەوە کە روبەرت ئۆین و چارلس فوریە بانگەشەیان بۆ دەکرد. بەو جۆرەش هەم لە ڕووی فیکریەوە بانگەشەکارانی هەرەوەزیەکان بە دیدێکی ریفۆرمیستیەوە بانگەشەیان بۆ هەرەوەزیەکان دەکرد و هەم لە ڕووی واقعیشەوە هەرەوەزیەکان لەبن هەژموونی نەریتێکدا بوون کە شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ڕەت دەکردەوە. دەکرێت ئەم ڕاستیە مێژووییانە کارێکی کردبێت کە جووڵانەوەی هەرەوەزی لە خانەی جووڵانەوەی ڕیفۆرمیستی دانرابێت .

بەڵام ئێمە ئەوە بە حەتمی نازانین کە هەرەوەزیەکان هە تاهەتایە ئەم جێگایەیان هەبێت، واتە لە خانەی جولانەوەی ریفۆرمیستیدا دابنرێن . لە ڕاستیدا ئێمە ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان لەوەی ئەم بوارەیان بە یەکجاری بۆ ڕیفۆرمیزم جێهێشتووە بە بێ کاریگەر نازانین لەوەی هەرەوەزیەکان نەیانتوانیبێت ببنە سەنگەری بەرەنگاریەکی پێشڕەوانە لە ماف و دەستکەوتەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و لانی کەم ئەو ئاکتە بنوێنن کە زۆر جار سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریە میلیتانتەکان نوواندویانە. لە دیدی ئێمەوە سۆشیالیستەکان لە سایەی باڵادەستی دەوڵەتگەرایی و مۆدێلی ئابووری نەخشەبۆداڕیژراو و سەرمایەداری دەوڵەتی کەمتر بەلای بایەخی هەرەوەزیەکان بۆ فەراهەمکردنی زەمینەی ئاڵ‌وگۆڕی شۆڕشگێڕانە و سۆشیالیستیدا چوون. مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و بەر لەوەش دەوڵەتگەراییەک کە بە کاریگەریی لاسالیەکان لەناو سۆشیال-ئەنترناسیۆنالی دووەمدا کنەی کردبوو، کارێکی کرد کە لای زۆرێک لە سۆشیالیستەکانی سەدەی بیستەم چ ئەوانەی پرۆسۆڤێت بوون، چ ئەوانەش کە ڕەخنەی دیموکراسیانەیان لەو ئەزموونە هەبوو و تەنانەت ئەوانەش کە لایەنگری سۆشیال-دیموکراسی بوون، سۆشیالیزم بە ئابووری نەخشەبۆڕیژراوی دەوڵەتی و ئەنتیتێزی بازاڕی ئازاد ببینرێت، نەک ئابووریەک کە لەسەر بنەمای خۆبەڕیوەبەری و خاوەندارێتی گشتی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاری کرێگرتە داڕێژرا بێت. لە چوارچێوەی ئەو دیدە دەوڵەتگەراییەدا بۆ سۆشیالیزم بە پێچەوانەی مارکسەوە کە کۆمۆنیزمی لە ڕووی ئابووریەوە بە بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان لە لایەن یەکێتی کۆمەڵە هەرەوەزیەکان بە بەرنامەیەکی ئابووری گشتی دەبینی (مارکس، الحرب الاهلیة فی فرنسا ١٨٧١ ل ٣٢) هەرەوەزیەکان جگە لە ئیکسیسوارێک کە خاوەندارێتی سەرمایەداریانەی دەوڵەت دەڕازێنێتەوە و لە هەموو ناوەرۆکێکی سۆشیالیستانە داتەکێنراوە، شتێکی تر نەبووە و نییە.

بەڵام سەرنجدانی مەسەلەیەکیش لێرەدا حەیاتییە. دەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێت کە هەرەوەزیەکان وەک خۆیان ناتوانن کۆتایی بە سەرمایەداری بهێنن تەنانەت ئەو کاتەش کە دەسەڵات کەوتۆتە دەست چینی کرێکار و کۆمەڵگا لەلایەن سیستەمێکی شوراییەوە بەڕێوە دەبرێت. پرۆسەی شۆڕش تەنانەت لە پاش گرتنی دەسەڵاتیشەوە پرۆسەیەکی بەردەوامە و لەم نێوەشدا هەرەوەزیەکان ئەگەرچی دەتوانن ئامرازێک بن بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان وەک مۆدێلێک ناتوانن حەسانەتێکی بەردەوامیان لەبەردەم کاریگەریی سەرمایەداریدا هەبێت. کۆمۆنیزم بە مانای شۆڕشی بەردەوامە و کەسێک پێی وا بێت هەرئەوەندە سەرمایەداریت وەک موڵکایەتی بۆرژوازی بە بڕیارێک کۆتایی پێ هێنا و کاری کرێ گرتەت بە بڕیارێک ئیلغا کردەوە ئیتر تۆ تا ئەبەد سەرمایەداریت وێران کرد و فرسەتی سەرهەڵدانەوەت لێ گرتووە، ئەو کەسە سەرمایەداری زۆر بە دەستی کەم گرتووە و زۆر سووک دەستی داوەتە کاری قورسی شۆڕش. سەرمایەداری توانای خۆ تازەکردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگا و کەلەبەری تر هەیە بۆ زیندوومانەوە، تەنانەت توانای ئەوەشی هەیە کە هەرەوەزیەکان وەک مۆدێلێک بۆ دووبارە سازدانەوەی سەرمایەداری بەکار بهێنێت.
بۆ نموونە هەر ئەو مەبدەئەی کە دەڵێ “لە هەرکەس بە پێی توانای و بۆ هەرکەس بە پیی کارەکەی” -کە زۆر کەس بە لەمەتنبڕینی سەرنجێکی مارکس کە لە نامیلکەی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا هاتووە هەروەها لەژێر کاریگەریی تەبلیغاتەکانی کۆمۆنیزمی ڕووسیدا وەک مەبدەئێکی سۆشیالیستی لێی دەڕوانن- هەر ئەو مەبدەئە دەتوانێت هەرەوەزیەکان بکاتە کارگەی بەرهەمهێنانەوەی جیاوازی چینایەتی و ئیمتیازی زیاتر بۆ ئەوانەی کاری زۆرتر دەکەن.

لە میسر ئەزموونێکی هەرەوەزی هەیە کە لەلایەن هەڵسوڕاوێک بە ناوی سامح سعید عبود وتارێکی دوور و درێژی لەسەر نووسراوە و زۆر بە ترش و خوێوە وەک شۆڕشێکی هێمن و بنەمایی و زۆر ڕادیکال پێشکەش دەکرێت. هەر لە درێژەی ئەو وتارەدا بۆت دەردەکەوێت کە سەرەنجامی ئەو پرۆژەیە گەیشتۆتە دابەشکردنەوەی زەوی و زار و بەرهەمهاتنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی بۆ خێزانە بەشدارەکان لەو ئەزموونە هەرەوەزیەدا. ئەمە چ ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانەیە کە تۆ هەرەوەزی بکەیتە کارگەی بەرهەمهێنانەوەی وردە مالیک و وردە بۆرژوازی؟ کەسێک زۆر شایی بەم ئەزموونەی میسر و ئەو تێگەیشتنە -یان لە ڕاستیدا نادروست تێگەیشتنەی- سامح عەبود بێت لەسەر شۆڕش و ڕۆڵی هەرەوەزیەکان، بە دروستی پەی بەوە نەبردووە دەردی دنیای سەردەم چییە. ئێمە لەم ڕۆژگارەدا بەدەست چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سەرمایەدارانەوە گیرمان نەخواردووە، بەدەست سیستەمێکەوە گیرمان خواردووە کە ئەو سیفەتەی سەرمایەدارانی کردۆتە پێداویستیەکی بنەڕەتی کەڵەکەبوونی سامان و دەسەڵات لە دەستیاندا. ئێمە گیرۆدە و ماڵوێرانی دەستی سیستەمێکین کەلەسەر بنەمای قازانج بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و چەوساندنەوەی ئینسان بۆ قازانجکردن دامەزراوە.

ناوکۆکەی ئەو سیستەمە بەرهەمهێنانی کاڵاییە. واتە بەرهەمهێنانیک کە ئامانجەکەی ساغکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزاریی بەرهەمهاتوو لەبازاڕە و لەو ڕیگایەوە قازانجکردنە. بۆ ئەوەی ئینسان لەدەست مەینەتیەکانی ئەمڕۆ ڕزگاری بێت دەبێ ئەو سیستەمەی بەرهەمهێنان و گٶڕینەوە بگۆڕدرێت. دەبێ سیستەمێک دروست ببێت کە تیایدا بەرهەمهێنان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ئینسان بێت و کارکردن بۆ هەر کەس تەحقیقکردنی زاتی خۆی بێت و مانادان بێت بە ژیانی نەک بەشێک لە ژیان کە دەیکەینە قوربانی زیندوومانەوەمان. تاکو خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازی بوونی هەبێت و بەرهەمهێنان لەپێناوی گۆڕینەوە لەبازاڕ و لەو ڕیگایەوە قازانج کردن بێت، داینەمۆی دروستکردنەوە جیاوازی چینایەتی، وەبەرهێنان و چەوساندنەوە و ژێردەستەکردنی ئینسان لە جێگای خۆیەتی. ئەگەر هەرەوەزیەکان بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە خاوەندارێتی تایبەتیدا نەبرێن و بۆ ڕیشەکێشکردنی کاری کرێگرتە و جێخستنی پرنسیپی “لە هەر کەس بە پێی توانا و بۆ هەرکەس بە پێی پێویستی” نەبرێن جگە لە ئامرازێکی ریفۆرم و جگە لە بەشیک لە بەرنامەیەکی ریفۆرمیستی هیچی تر نابن.

سەرەڕای ئەو سەرنجانە وای بە پێویست دەزانین لێرەدا قسەیەک لەسەر پەیوەندی ریفۆرم و شۆڕش بکەین، کە بە زۆری وەک دوو پۆڵی دژ بە یەک و دوو شتی مانع الجمع (Mutually Exclusive ) لە زەینی کۆمۆنیستەکاندا جێخراون. ئیمە پێشتر لەسەر نادروستی دیدگای پەرەسەندنگەرایی (Evolution)بۆ گۆڕینی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم قسەی خۆمان کرد. بەڵام لیرەدا پێویستە تەئکید لەوە بکەینەوە کە ریفۆرم و شۆڕش لە سروشتی خۆیاندا ناکۆک نین و ئەو دیدە دروست نییە کە لای وایە هەر ئاڵوگۆڕێک لە سایەی سەرمایەداریدا ڕیفۆرمە و هەر گۆڕانکاریەکیش دوای گرتنی دەسەڵات شۆڕشە. یاخود ئەوەی کە شۆڕش تەنها بەو ساتە دیاریکراوە بزانین کە دەسەڵاتی تیادا لە چینێکەوە بۆ چینێکی تر دەگوویزرێتەوە و گوایە هەر شتێک بەرلەوە مەحکومە بەوەی تەبەعیەت لە مەنتقی سەرمایەداری بکات و بەو مەنتقە کار بکات. هەرچەندە بوار بەرتەسک بێت و مەترسی و ڕیگریەکان گەورە بن، شۆڕش و داڕشتنی بنەمای سیستەمی ئایندەی دوای شۆڕش هەر لە ئێستادا ئیمکانی هەیە. بەم مانایەش دەکرێت هەرەوەزیەکان هەر ئەمڕۆ لە سایەی سەرمایەداریشدا نموونەیەک لە سیستەم و شیوازی بەڕێوەبردن و خاوەنداریتی سۆشیالیستی پێشکەش بکەن.

لە دیدگای ئێمەدا وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و جێگاگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی کرێکاریی لەسەر بنەمای تەدەخولی ڕاستەوخۆ و ئازادانەی جەماوەر خاڵیکی وەرچەرخانی چارەنوسسازی شۆڕشە، بەڵام هەموو شۆڕش نییە. شۆڕش چۆن پاش گرتنی دەسەڵاتیش پرۆسەیەکی بەردەوامە، پێش گرتنی دەسەڵاتیش هەروایە و بەشداری کردن لەم شۆڕشەدا و شۆڕشگێڕێتی بەم مانایە سنوورێکی دیاریکراوی لەگەڵ ریفۆرمیزمدا هەیە، بەڵام ئەو ئاکتانەی یان ئەو هەنگاوانەی ئەمڕۆ هەڵیاندەگرین هەر لە خۆیاندا ناتوانن ئاکت و هەنگاوی شۆڕشگێڕانە یاخود ناشۆڕشگێڕانە بن. هەرەوەزیەکان لەم تێگەیشتنەدا دەتوانن هەر ئەمڕۆ ئاکتی شۆڕشگێڕانە بن و وەک چۆن دەشتوانن ئاکتی ناسۆڕشگێڕانە و ریفۆرمێکی سادە و ڕەنگە ناکاریگەریش بن.

کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

دیارە دەکرێت بە دوو وشە بڵێین ئەو نەزەرە پوچ و بێ ناوەرۆکە و بارگاویە بە چەندین هەڵەی مەنهەجی و سیاسی، بەڵام بەرلەوەی وەڵامی پڕ بە پێستی ئەو نەزەرە و دیدگایەک کە لە پشتی وەستاوە بدەینەوە بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە جێگاوشوێنی هەرەوەزیەکان بناسینین، پێویستە ئەو سیاقە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیە بناسێنین کە ئەم ئەزموونەی تێدا دەرکەوتووە. کوردستان کۆمەڵگایەکی تایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە ناوچەیەکە کۆمەڵیک خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە لە دنیای سەردەمدا. هەر نەخشەیەک کە مەبەستێتی بە ئاراستەی وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا هێزی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش کۆبکاتەوە دەبێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی دروستی دۆخی تایبەتی ئەم کۆمەڵگایە و ئەو ڕەوەندە بناغەییانەی خەریکن تیایدا دەگیرسێن دابڕێژرێت. پێویستە لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەین کە لە ڕوانگەی ئێمەوە مەنهەجیەتی دروست بۆ لێکدانەوە دەبێت بەر لە هەرشتێک کۆمەڵگا لە گشتیەتی خۆیدا لەبەرچاو بگرێت. بەم مانایەش ئێمە بۆ لێکدانەوەی دیاردەکان و دانانی نەخشە بەر لە ئاماژەکردن بۆ ململانێی چینایەتی و بە بنەماوەرگرتنی هەندێک حوکمی گوایە بڕاوە و بەدیهی لەسەر چینەکان و جێگاوشوێنیان و خەسڵەتی جەوهەرییان پێویستە سەرنج بدەینە کۆمەڵگا وتایبەتمەندیە میژویی و سیاسیەکانی. لە ڕوانگەی ئێمەوە کۆمەڵگا لە چینەکان گەورەترە و هیچ کەتەلۆگێکی لەپێشەوە فۆرمۆڵەکراو بۆ ناسین و پێشبینی کردنی وردەکاریەکانی پراکتیک و خەباتی چینایەتی موعتەبەر نییە.

لەم بڕگە زەمەنیەدا کە ئێمە دەرکەوتنی هەرەوەزیەکانی خانەقین دەبینیین، پەلامارێکی هەمەلایەنە بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لە ئەنجامداندایە. سیاسەت و بەرنامەی نیۆلیبرالیزم کە لە دوای جەنگی ١٩٩١ و بەدەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی کوردایەتی دەستی پێ کردووە و پاش جەنگی ٢٠٠٣ و داگیرکاریی عیراق ڕەوەندەکەی خێراتر بۆتەوە، ئەمڕۆ خەریکە هەنگاوێکی تر دەبرێتە پێشەوە و تیایدا هەموو شوێنەوارەکانی ئابووریەکی کۆنترۆڵکراو لەلایەن دەوڵەتەوە کە لەپاڵ خەسڵەتی تردا بە مانای زەمانەتکردنی هەندێک خزمەتگوزاری سەرەتایی و پاڵپشتی نرخی هەندێک شمەکی سەرەکی بوو دەسڕدرێتەوە، باجی جۆراوجۆر لەسەر خەڵک دادەنرێت یان زیاددەکرێت، پاشماوەکانی کەرتی دەوڵەتی بە کەرتی تایبەت دەفرۆشرێت و لەم ڕێگایەشەوە بێکارسازیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت، ئەمە جگە لە کەمکردنەوەی موچە و بڕینی یەکجارەکی هەندێک دەستگیرۆیی کۆمەڵایەتی. ئەم پەلامارە کە لە ژێر پەردەی قەیرانی سیاسی و ئابووریدا چنگ لەسەر شان دەبرێتە پێشەوە کۆمەڵێک دەرهاویشتە لەگەڵ خۆی دەهێنیت کە دەبێ لە مەتنی هەندێک ڕەوەندی میژوویی ناو کۆمەڵگای کوردستان بۆی بڕوانین، کە دەکرێت لە خوارەوە لە چەند خاڵدا دیاری بکەین:
– کۆمەڵگای کوردستان دەورانێکی دوورو درێژ لەژێر کاریگەری جەنگ و ململانێی کوردایەتی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیدا بووە و تایبەتمەندیەکانی کوردایەتی وەک جووڵانەوەیەکی عەشیرەتی و دێهاتی چەکدار و فاشیزمی دەسەڵاتی حاکم لە عیراقدا وای کردووە ئەو ماوە درێژە مەیدانی سەرەکی ململانێ سیاسیەکان لەم کۆمەڵگایەدا لە دەرەوەی شارەکان ببرێتە پێشەوە و هەر بۆیە لەو چەند دەیەیەدا واتە لەسەرەتای شەستەکانەوە تاکو سەرەتای نەوەدەکان بوارێکی زۆر بەرتەسک بۆ بەرجەستە بوونی جووڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێکخراوە جەماوەریەکان فەراهەم بووە.

– ئەنفال و کیمیاباران و کۆچی بە کۆمەڵ کاریگەری سایکۆلۆجی زۆر گەورەی لە مەودایەکی کۆمەڵایەتی فراواندا جێهێشت و ئاستی چاوەڕوانیەکانی جەماوەر و گیانی کاری دەستەجەمعی و پێکەوەیی و بەرەنگاری زۆر هێنایە خوارەوە. لە دوای نەوەدەکانیشەوە گەمارۆی ئابووری، نادیاری و هەڵواسراوی چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان بۆ زیاتر لە دەیەیەک، تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستانی تێک دا و درێژەی بەو دۆخە وێرانە دا کە ئەنفال و ڕاگواستن و تێک و پێکدانی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا خوڵقاندبووی.

– دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی میلیشیایی کوردایەتی کە خۆی لەسەر زەمینەی ئەو فاکتەرانە و تەدەخولی هێزە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە فەزای دوای ڕوخانی بلۆکی خۆرهەڵات و باڵادەستی کۆنەپەرستی سیاسی لە ئاستی دنیادا شکڵی گرت، کاریگەری لەسەر خوڵقاندنی تەگەرەی گەورە لەبەردەم پەرەگرتنی جووڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕیکخراوە جەماوەریەکان و لاوازی چەپی کۆمەڵگا بە گشتی هەبوو.
– بەو پێشینانەوە پشت بەستنی ئابووری کوردستان بە داهاتی نەوت ڕێگرە لەبەردەم پەرەگرتنی هۆشیاری چینایەتی چینی کرێکار و خۆناسینی وەک چینێک کە لە ڕووی ئابووریەوە بەهێز و کاریگەرە.

– لە ڕووی فیکری و ئایدۆلۆژیەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تێزە نیۆلیبرالەکان لە بواری ڕێکخراوبوونی جەماوەریدا کە بە ئاراستەی ناسیاسی کردن و بەرەتەسککردنەوەی ئاسۆی هەڵسوڕاواندا کاری کردووە، دۆکتارینی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی جێخستووە و توێژی هەڵسوڕاوی کۆمەڵگای دەرگیری تەرزێک لە کارو هەڵسوڕانی کۆمەڵایەتی کردووە کە جەماوەر کەمترین ڕۆڵی تێدا دەبینێت. سەدان و هەزاران هەڵسوڕاو کە دەیانتوانی ماتریاڵی پێکهێنان و بەڕێخستنی ڕێکخراوەی جەماوەری بن، کراونەتە هەڵسوڕاوی مەدەنی کۆمەڵێک دەستە و کۆمەڵە کە بە پیی پێناسە جەماوەر بۆیان حەشاماتێکی بەکاربەرن و چاوەڕوانی خزمەتکردن و هۆشیارکردنەوە و ڕاهێنانن، نەک هێزێکی داهێنەر و خوڵقینەری ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لە لایەکی تریشەوە ئیدامەدانی ئەو دەستە و کۆمەڵانە پابەندی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ دەسەڵات یان ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانن کە بەنەخشەوە کار بۆ فەراهەمکردنی بارێکی هاوسەنگ و ئارام بۆ دەسەڵاتداران دەکەن.

هەموو ئەو فاکتەرانەی سەرەوە کارێکی کردووە کە جەماوەر لەبەرانبەر پەلاماری نوێ و بەرنامەی نیۆلیبرالیزم بۆ داماڵینی جەماوەری کریکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە سادەترین مافەکانی کە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژ و قوربانی چەند دەیە بووە لە عیراقدا، لە دۆخێکی ناوازە لە بێ چەکی و نائامەدەییدا بێت بۆ بەرەنگاریی. ئەوانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان لە بواری کاری جەماوەری و پێکهێنانی ڕیکخراوە جەماوەریەکان دەست و پەنجەیان نەرم کردووە، بە ڕەگ و پێستەوە شعوریان بە سەختی و ناکامی ئەو هەوڵانە کردووە و هەربۆیە کاتێتی کە ڕیگای تر تاقی بکەینەوە و میتۆدی تر بگرینە بەر.

بەرلەوەی باس لەو میتۆدە بکەین جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین کە پەلاماری برسیکردن و مەحرومکردنی خەڵک و بەرنامەی نیۆلیبرالیزم یەکێک لە دەرکەوتەکانی پاشەکشەکردنی دەوڵەت و دام‌ودەزگا ڕەسمیەکانە لە بواری خزمەتگوزاری و فەراهەمکردنی پێداویستیە سەرەکیەکان بە نرخێکی داشکاو. ئەم دۆخە بۆشاییەکی دروست کردووە کە هەرهێزێک بە نەخشەوە دەتوانێت پڕی بکاتەوە. کۆمۆنیستەکان و چەپەکان دەتوانن ئەو هێزە بن و گەر نەبن ئەوا بوار لە بەردەم هێزی کۆنەپەرست یان تەنانەت -وەک لە زۆر جێگای تری دنیا ڕووی داوە- باندە تاوانکارەکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی لەو بۆشاییە سوود وەرگرن.

ئەوەی کە دەتوانێت میتۆدێکی دروست بێت بۆ بەرەنگاری لەمڕۆی کوردستاندا پیکهێنانی هەرەوەزیەکان و بەڕیخستنی جووڵانەوەیەکی هەرەوەزی فراوانە. ئەم تەرزە لە ڕیکخراو بوون ڕاستەوخۆ هەڵهێنجراوی پیداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەلاماری برسیکردنە، سادەیە، لەگەڵ ئاستی خەبات و هۆشیاری خەڵکدا وێک دێتەوە و جەماوەر تیایدا ڕاستەوخۆ بەرهەمی کاری پیکەوەیی خۆی دەبینێت و بە دوور لە بەرکەوتێکی ڕاستەوخۆی توند و تیژ لەگەڵ دەسەڵاتدا دەتوانێت بڕسکێت و بەرەو پێش بچێت. ساڵیک بەر لە ئێستا ئێمە لە ڕووی تیئوریەوە بەم ئەنجامە گەیشتین و پێشنیاری هەرەوەزیەکانمان خستە ڕوو، ئەمڕۆ خەریکین بە هیمەت و لیهاتوویی هاوڕییانی خانەقین و ناوە و دەرەوەی کوردستان لەسەر واقعیەتێک و بوونێکی زەمینی قسە دەکەین. هەرەوەزیەکانی خانەقین ئەوە دەسەلمێنیت کە کاری هەرەوەزی دەتوانێت دەستپێکی جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز بێت. لە ئەزموونی یۆناندا سەندیکا بەهێزەکان توانییان بە برەودان بە هەرەوەزیەکان سەنگەرێکی بەهێزی بەرەنگاری لەبەردەم نیۆلیبرالیزم و تاڵانکاری ئەوروپا و ترۆیکادا لێ بدەن، دەکرێت لە کوردستاندا هەرەوەزیەکان بتوانن ڕیکخراوە جەماوەریەکان هەڵبسێننەوە و دەستپێکی ڕیزبەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز بن.

لە کۆتاییدا بۆ ئەو تێروانینەی کە دەڵی هەرەوەزیەکان خەریکن کاری حکومەت دەکەن دەبێ بڵێین ڕاست دەکەن، بەڵام بە دیوێکدا کە ئەو تێڕوانینە بۆی ناڕوانێت ئەم ڕاستیە دەتوانێت هەوێنی پشت بەستنی جەماوەر بەخۆی بێت. ئێمە پێویستە بەر لەهەرکەس خۆمان لە پارادایمی ‘جووڵانەوەی ناڕەزایی’ دەربازبکەین. ناڕەزایی کردەیەکی مەشروعە و نیشانەی زیندویی جەماوەرە، بەڵام کاتێک دەکرێتە پرنسیپێک و پێوانەیەک بۆ هەرئاکتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوا پێشگریمانە ئەوەیە کە دەسەڵات و تەنانەت دەسەڵاتێک کە لەجەماوەر دابڕاوە توانای جێبەجێکردنی خواست و ئاواتەکانی خەڵکی هەیە. ئەمە جگە لە دانانی خەڵک لە پێگەی داواکار و خوازیار و بەندکردنی لەم پێناسەیەدا هیچی تر نییە. ئێمە دەڵیین پێویستە لەو پێناسەیە خۆمان ڕزگاربکەین و جەماوەر بە گیانی خۆبەڕێوبەری و حکومەتکردن پەروەردە بکەین. پێویستە دەسەڵات وەک بوونێکی گەورەتر لە دامەزراوەکانی دەسەڵات ببینیین و بەو مانایەش هەوڵی گرتن و بەکارهێنانی بدەین. ئەوە دروستە کە شۆڕش ناتوانێت بەبێ تێک‌وپێکدانی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی چینی فەرمانڕەواو و ڕێکخستنی کارگەران وەک چینێکی باڵا دەست لە ڕیگای پێکهاتە و دامەزراوەی ترەوە بەسەرکەوتن بگات. بەڵام دەسەڵات بەر لەوەی دامەزراوە بێت هەیمەنەیە و ئێمە لەم بوارەدا دەتوانین هەر ئێستا کار بکەین. بەهێزبوونی هەرەوەزیەکان دەتوانێت هاوسەنگی هێز بگۆڕێت و هەیمەنەی چینی باڵادەست لە ڕووی فیکری و مۆڕاڵی و سیاسیشەوە لاواز بکات. سەرەنجام بەشدارانی هەرەوەزیەکان و جەماوەرێک کە لە جووڵانەوەیەکی هەرەوەزیدا چالاکانە بەشدارە ڕامکردنی بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵاتداران زۆر سەختترە لە جەماوەرێک کە تەنها لە پێگەی کرێچیەکی دەسەڵاتەوە ناڕەزایی دەردەبڕێت.

– دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە؟

ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیڵیین پێشنیارە نەک ڕێنوێنی، بە بڕوای ئێمە هەرەوەزیەکان لە ئێستادا پێویستیەکی حەیاتیان بە فراوانبوونەوەی ئاسۆیی هەیە. بە دەربڕینێکی تر گەشەی چەندایەتی هەرەوەزیەکان لەمڕۆدا لە گەشەی چۆنایەتییان گرنگترە، ئێمە لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین بۆ پشتیوانی کردن لەم فراوانبوونەوە و بایەخی ئەم کارە مەرجدار بە هیچی تر ناکەین. کاری هەرەوەزی وەک پێناسەی خۆی کارێکی سەربەخۆی جەماوەریە و ئێمە ئەمە بە بەشێک لە پێناسەکەی دەزانین، بەڵام ئەوەی کە ئاستی هۆشیاری جەماوەری بەشدار و ئاستی ڕێکخراوبوونیان لە کوێدایە نابێت خاڵی فۆکۆسی هەڵسوڕاوان بێت. ئێمە بە دیدێکی ماتریالیستیەوە پێمان وایە هۆشیاری چینایەتی و سیاسی لە پرۆسەیەکی واقعیدا دەچێتە پێشەوە. ئەو دیدگایەی پێی وایە هەنگاوی سەرەتایی هەر کارێک هۆشیارکردنەوەیە بە دروست نازانین. بەوە ئاشناین کە سۆشیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان یەکەمین ئەرکی خۆیان بە هۆشیارکردنەوەی جەماوەر دەزانن. زۆر جار دەگوترێت کە کۆمۆنیستەکان پێویستە بیروباوەڕی خۆیان بڵاو بکەنەوە، ئێمە لامان وایە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نزیکایەتی لە میتۆدی ئاینی و کاری تەبشیری هەیە. ئێمە تێوەچوون لە پراکتیکێکی واقعی و دەرگیربوونی جەماوەر لە هەوڵێکی دەستەجەمعیدا بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی ژیانیان ئەو پرۆسە واقعیەیە کە هۆشیاری تێدا پێش دەکەوێت و ڕێکخراوبوونی تێدا پەرەدەگرێت.

یەکێک لە مەرجەکانی ئەو فراوانبوونەوەیە ئاراستەکردنی جەماوەر و هاندانیانە بۆ دەستبردن بۆ پێکهێنانی هەرەوەزیەکان، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی پێشڕەویەکانی هەرەوەزیەکانە. موبادەرەی چالاکوانانی سۆشیالیستە بۆ پێکهێنانی هەر چەشنە هەرەوەزیەک کە زەمینەی سەرکەوتنی هەیە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەندە بچوک یان گەورەیە.
هەنگاوێک کە دەتوانێت هەر ئێستا هەڵبهێنریتەوە و لە پاش فراوانبوونەوەی نیسبی هەرەوەزیەکان فوکۆسی بخرێتە سەر پەروەردە کردنی کەوادری هەرەوەزیە. ئەو چالاکوانانەی ئێستا موبادەرەی هەرەوەزیەکان دەکەن پێویستە هەوڵ بدەن کەوادری وەک خۆیان پەروەردە بکەن، نووسین لەسەر هەرەوەزیەکان و وەڵامدانەوە بە ئیشکالاتە فیکریەکان، گواستنەوەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی تر و نووسین لەبارەیانەوە، گرتنی سیمینار و کۆڕی بەردەوام تا دەگاتە ئاستی سازدانی خولی تایبەت بۆ ئامادکردنی کادری ئەم جووڵانەوەیە لە وردەکاریەکانی ئەو پرۆسەی پەروەردەکردنەیە.

دیارە ئەمانە گشت ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانێکی سۆشیالیست نیین کە لەناو هەرەوەزیەکاندا کار دەکەن، بەڵام ئەو بابەتە واتە پێشنیارمان بۆ هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست لە دەرەوەی مەبەستی پرسیارەکەی ئێوەیە و دەکرێت بۆ کاتێکی تری هەڵگرین.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish