Skip to Content

ڕۆژنامەگەریی چوار پارتی کوردستانی   (١٩٧٥-١٩٩٣) …. ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر

ڕۆژنامەگەریی چوار پارتی کوردستانی (١٩٧٥-١٩٩٣) …. ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر

Closed
by ئه‌یلول 16, 2016 General

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران، پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم چوار حزبەی سێ پارچەی کوردستان، لە گەشەپێدان و دەوڵەمەند کردنی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە، بەتایبەتیش لە فەترە زەمەنی ساڵانی(١٩٧٥-١٩٩٣)دا. لەم هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییانەی سەر گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی و چەکداری کوردستاندا، بۆیە ئەم چوار حزبەمان هەڵبژاردووە، چونکە؛-
– لەڕووی بنکەی جەماوەرییەوە،ئەندام و لایەنگرو هەواداری زۆریان هەبووەو هەیە. جگە لەمەش، لە بواری چالاکی سیاسیی و کاری پێشمەرگایەتیدا، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە تۆقاندن و زەبر وەشاندن لە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا و-هەندێک جار- ناچارکردنیان کە دان بە داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەماندا بنێن- ئەگەر بۆ کاتێکی کەم و تاکتیکیش بوو بێت-.
– لەڕووی سیاسییەوەش،بەهۆی ئەم حزبانەوە، کێشەی ڕەوای کورد(بەتایبەتیش لەدەرەوە)، زێتر ئاشنای شەقامی ئەوروپی کراوەو هاریکاری و سۆزی ئەوانی بۆ ڕەوابوونی کێشەکە، دەستەبەر کردووە.
– ڕێبەرە پلە یەکەکانی ئەم حزبانە بوونەتە ناسنامەیەک بۆ نەتەوەکەمان و بەهۆی ئەوانەوە کێشەکە زێتر ناسێندراوە.کەم بێگانە هەیە – ئەگەر سەرەداوێکی لەگەڵ سیاسەت و خوێندنەوە هەبووبێت- ، ناوی تاڵەبانی و بارزانی و ئۆجەلان و قاسملوی نەبیستبێت.
– هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، هەر ئەوان گۆڕەپانەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، جا چ بە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بێت، نموونەی باشووری کوردستان، یان بنکە فراوانی جەماوەرەکەیان وەک ئەوەی باکور و ڕۆژهەڵات.
کە تەنها ناوی ئەم چوار حزبە دێنین، وەنەبێت ڕۆڵی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی تر لە خەباتی چەکداریدا،نادیدە بگرین، بەڵکو تەنها ئەوانە وەک نموونە وەرگیراون، لەبەر ئەم هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێکردوون. ئەم چوار حزبە وەنەبێت تەنها ئەم ناوونیشانە ڕۆژنامەگەرییانەیان بڵاوکردبێتەوە، کە ئێمە لەخوارەوە باسیان دەکەین…نا، زۆر ناوونیشانی تریشیان دەرکردووە،بەڵام ڕاستەوخۆ ناوی ئەوانی لەسەر نییە. ئێمە تەنها ئەوانەمان هەڵبژاردوون کە ڕاستەوخۆ ناوی ئەوانی لەسەرە، یان ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی بێ ئەملاو ئەولای بوون…دەنا؛ هەر یەکێک لەم چوار حزبە ناوهاتییە بگری، چەندین ڕێکخراوی پیشەیی وابەستە بەخۆیان هەیە،نموونەی؛ ئافرەتان(ژنان)، قوتابیان(خوێندکاران)، مامۆستایان، هونەرمەندان، مافناسان، …..تاد.ڕاستە ئەم ڕێکخراوانە بانگەشەی سەربەخۆبوون دەکەن و ناوی حزبەکانیان لەسەر بڵاوکراوەکانیاندا،نانووسن، وەلێ لەمیانەی بابەت و هەڵوێست و وتارەکانیاندا، ڕاستییەکان، ڕوونتر دەبنەوە. یان لەم کاتانەی کە حزبەکانیان بە ‌قۆناغێکی سەخت و ناسک و چارەنووسسازدا تێدەپەڕن، ئەم ڕێکخراوانە، بێ سڵەمینەوە، خۆیان لە حزبەکانیان بەخاوەن دەکەن.

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
لە ڕێکەوتی ٢٢/٥/١٩٧٥، هەر یەکە لە مام جەلال و د.فوئاد مەعسوم و عەبدولڕەزاق عەزیزو عادل موراد، لەشاری (دیمەشق)دا، کۆبوونەتەوەو ڕێکخراوی( یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)یان، دامەزراندووە.یەکەمین بەیانی فەرمی راگەیاندنی دامەزراندنیان لە ١/٦/١٩٧٥دا، بڵاوکردۆتەوە. پاش ئەوەی ( کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان) و (بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان)، پەیوەندی بە (یەکێتی) تازە دامەزراو دەکەن، ئەم ڕێکخراوە دەبێتە نیمچە بەرەیەک. تا بەستنی یەکەم کۆنگرە لەساڵی١٩٩٢ دا، وەک ڕێکخراوێکی نیمچە بەرەیی بیروڕا جیاواز،خەباتی کردووە.پاش ئەم کۆنگرەیە، بۆتە یەک ڕێکخراوی سیاسی خاوەن یەک بەرنامەو ئایدۆلۆژیاو پەیڕەوو پرۆگرام. تا ئێستاکە سێ کۆنگرەی بەستووە. لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێدا، ڕۆڵێکی کاریگەرو بەرچاوی هەبووە.باوەڕی بە سۆسیال دیموکرات و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە، لەم پێناوەشدا درێژە بە خەبات دەدات.
لەڕووی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە، (ئەلشەرارە)، یەکەم بڵاوکراوەی ئەم ڕێکخراوەیە. ئۆرگانی ناوەندی ئەم ڕێکخراوە بووە. یەکەم ژمارەی لە تشرینی دووەمی١٩٧٥ دا، بەزمانی عەرەبی، لە دیمەشق دەرچووە. یەکێتی، تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢،(٤٦) گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی بە زمانەکانی؛ کوردی،عەرەبی،ئینگلیزی،هۆڵەندی،ئەڵمانی، دەرکردووە.دوا بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی(ئەلئیتحاد)ە. ئەم بڵاوکراوانە، (٣٠)یان بەزمانی کوردی، (٩) بە عەرەبی، (٤) بە ئینگلیزی، (٢) بە هۆڵەندی، (١) بە ئەڵمانی بووینە. یازدە دانەیان لەساڵانی١٩٩١ و١٩٩٢ دا،دەرچووینە. ڕیزبەندی بڵاوکراوەکانی یەکێتی بە پێی کات، بەم شێوەیەیە؛ ( ئەلشەرارە ١٩٧٥، ڕێبازی نوێ ١٩٧٦،دەنگی یەکێتی١٩٧٦ ، زی سپارک ١٩٧٧، بەلاغی عەسکەری ١٩٧٧،ئاڵای شۆڕش ١٩٧٧، لێتینسەلە ١٩٧٧،کۆمەڵە١٩٧٨ ، ڕاپەڕین- سوید ١٩٧٨، کۆمەڵە- ئەوروپا ١٩٧٨، هەواڵنامەی کوردستانی عێراق ١٩٧٨، ئاڵا-ئەمەریکا١٩٧٩ ، دێر فونکە-ئەڵمانیا ١٩٧٩،هەواڵنامەی کوردستان لە ڕۆژنامەکانی ئەوروپادا- ئەوروپا ١٩٨٠، ئەلخەلیج- کوێت١٩٨٠ ،ئەلخەنادق ١٩٨٠ ، بزووتنەوە ١٩٨٠، دەڤۆنک ئوت کوردستان- هۆڵەندا١٩٨١، سۆسیالیست ١٩٨١، پێشمەرگە ١٩٨٢، سەوت ئەلئسبوع١٩٨٢ ، راپەڕین ١٩٨٢،ئەلئیتحاد-سوریا .هۆڵەندا١٩٨٢، کۆسار١٩٨٣، کوردایەتی ١٩٨٣، سەنگەر١٩٨٣ ، هەڵوێست ١٩٨٣،کیفاح ئەلئەنسار-ئەوروپا ١٩٨٣، دەنگی شۆڕشی عێراق ١٩٨٣، زی تۆرخ-ئەمەریکا ١٩٨٤، ڕۆشنبیری ١٩٨٤،ڕزگاری ١٩٨٥، ئەرکی نوێ- سوید ١٩٨٧،زی کوردستان فۆکوس- بەریتانیا١٩٨٩ ، ئەستێرەی کوردستان- ئەمەریکا١٩٨٩ ، بابەگوڕگوڕ١٩٩١ ،سەرهلدان ١٩٩١، پەیامی نوێ ١٩٩١، بابەگوڕگوڕ کەرکوک ١٩٩١، ئەلئیعتسام١٩٩١ ، کوردستانی نوێ ١٩٩٢، ئەلئیتحاد-دهۆک ١٩٩٢، سیاسەتی دەولی ١٩٩٢، پەرلەمان- دهۆک ١٩٩٢،کوردستان تایمز١٩٩٢ ، ئەلئیتحاد- هەولێر ١٩٩٢).

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لە ڕێکەوتی ١٦/٨/١٩٤٦،لەشاری بەغدا، لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ ئاڕاستەی جیاواز( چەند سەرۆک عەشیرەتێکی خەباتگێڕ، کۆمەڵێک سیاسەتمەدارو ڕووناکبیری ناسیۆنالیست، چەند سەرکردەو ڕووناکبیرێکی هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی و سۆسیالیستی)، لە کۆنگرەیەکدا،دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.خاوەنی شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١-١٩٧٥)ە. یەکێکە لە لایەنە کاریگەرەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (١٩٧٦-١٩٩١).تا ئێستاکە سێزدە کۆنگرەی بەستووە.
لەڕووی ڕاگەیاندنەوە، جگە لە ئێستگەکەیان(دەنگی کوردستانی عێراق)، کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی هەمە چەشنی بڵاوکردۆتەوە.یەکەم بڵاوکراوەی (پارتی)، ڕزگاری بووە.(ڕزگاری)، ئۆرگانی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد – پاشان کوردستان-ە.یەکەم ژمارەی لە ئەیلولی١٩٤٦ دا، دەرچووە.یەکەم بڵاوکراوەی ئەم فەترە زەمەنیەی کە ئێمە باسی لێوە دەکەین(١٩٧٥-١٩٩٣)،(زۆزک)ە. زۆزک، بڵاوکراوەیەکی هەواڵی وەرزیی بوو، لقی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەڵمانیا بە زمانی عەرەبی،دەریکردووە. ژمارە شەشی دەکەوێتە ئەم فەترەیەی کە ئێمە لەسەری دەدوێین.ژمارە شەش لە شوباتی ١٩٧٦دا، بە چوار لاپەڕە دەرچووە.ئەمە یەکەمین بڵاوکراوەی پارتییە لە شۆڕشی گوڵاندا. دوای زۆزک، رۆژنامەی (خەبات) دێت. ژمارە (٥٢٦)ی خەبات – کە دەبوو لەسەری بنووسرابایە ژمارە ٥٢٨-، لە ١/٧/١٩٧٦دا،دەرچووە. شایانی گوتنە؛ ژمارە(٥٢٧)، دوا ژمارەی خەبات بووە کە لەدوا ڕۆژەکانی شۆڕشی ئەیلول لە١٩٧٥ دا،دەرچووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢، (٢٣) بڵاوکراوەی دەرکردووە، کە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلینیان بکەین؛ ( زۆزک- ئەڵمانیا ١٩٧٦، خەبات ١٩٧٦، صدا خەبات- ئەوروپا١٩٧٦ ، پێشمەرگە- بەزمانی ئینگلیزی- ئەوروپا ١٩٧٧،زاگرۆس-ئەمەریکا ١٩٧٨، ئەخبار کوردستان ١٩٨٠ – لە دوو چاپی جیاوازی کوردی و عەرەبی-،سەفین١٩٨٠ ، مەتین١٩٨١ ، ولات-ئەوروپا ١٩٨٢، گۆڤاری شەهیدانی کوردستان ١٩٨٢، صدا کوردستان -لوبنان ١٩٨٣، دەنگی کوردستان ١٩٨٣، بابە گوڕگوڕ ١٩٨٤، ڕزگاری- ئێران ١٩٨٤، ئەزمڕ ١٩٨٥، کوردستان تودەی- ئەمەریکا ١٩٨٧، ئەخبار مەتین ١٩٨٨، ئەلئەنسات- دهۆک ١٩٩١، ئەلئەنسات- ئاکرێ ١٩٩١، سەرەدان ١٩٩١، دەروازە ١٩٩٢، سپێدە- ئێران ١٩٩٢، مەهاباد-سلێمانی-؟-). بڵاوکراوەکانی پارتی بە زمانەکانی؛ کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بووینە. لەم (٢٣) دانەیەدا؛ (٨)یان لە دەرەوەی کوردستاندا دەرچووینە. هەروەها (٥) دانەشیان لە ساڵەکانی ١٩٩١ و١٩٩٢ دا،دەرچووینە.

حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران
لە ڕێکەوتی ١٦/٨/١٩٤٥، بە ڕێبەرایەتی پێشەوا (قازی محەمەد)، لە شاری مەهاباد، دامەزراوە. خاوەن دیدگاو ئایدۆلۆژی نەتەوەیی، دیموکراتە.چەندین جار کەرت بوون و لێکترازان، لە ڕیزەکانیدا، ڕوویداوە.یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم حزبە، ڕۆژنامەی ( کوردستان ) بووە. کوردستان؛ ئۆرگانی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێرانە.یەکەم ژمارەی لە ١١/١/١٩٤٦، لە شاری مەهاباد، دەرچووە. یەکەم بڵاوکراوەی ئەم حزبە لەنێوان (١٩٧٥-١٩٩٣)دا، بریتییە لەم ( کوردستان )ەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٥،لە بەیروت دەرچووە. کوردستان لە (١٩٧١-١٩٧٥) لە بەغدا دەرچووە. پاش ئەوەی کە ڕێبەرانی ئەم حزبە ئامادە نابن بچنە ژێر باری داخوازییەکانی ڕژێمی بەعس، کوردستان لە بەغدا دادەخرێ و چیتر بڵاو نابێتەوە.کەریم حسامی، لەم بارەیەوە، لە کتێبی؛ ( لە بیرەوەرییەکانم ١٩٧٥- ١٩٧٩،بەرگی پێنجەم،ستۆکهۆڵم، ١٩٩١، ل٩)دا، دەنووسێت؛ ( ڕۆژی ١٥/١/١٩٧٥، لەلایەن موخابەراتەوە پێیان ڕاگەیاندین کە نابێ ڕۆژنامەی کوردستان، چاپ و بڵاوبکەنەوە.یان دەبێ دژی مەلا مستەفا بنووسن و بە عەمیلی ئەمەریکا ناوی بەرن.ئێمە پاش باس و لێکۆڵینەوە بڕیارماندا کە ڕۆژنامەکە ڕابگرین).
بەگوێرەی گێڕانەوەکەی حسامی بێت، پاش ئەوەی لە بەغدا قەدەغە دەکرێت، بڕیار دەدەن لە سوید چاپی بکەن.لەوێش ڕێک ناکەوێت.ئەمجارە بڕیار دەدەن لە ئەڵمانیا چاپی بکەن، لەوێش سەرناگرێت.بۆیە؛ دواجار دەیبەن لە بەیروت چاپی دەکەن.ئەو ژمارەیەی کە لە بەیروت دەرچووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی١٩٧٥ دا،دەرچووە. حسامی لە لاپەڕە (٦٤)ی هەمان بەرگی بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت؛ (خاوەن چاپخانەکە دۆستی سەلاح بەدرەدین بوو،پیتی فارسی هەبوو،ڕۆژنامەو نووسراوی ڕێکخراوە ئێرانییەکانی چاپ دەکرد.کرێکارەکانی چاپخانە، میسری بوون ).
بەداخەوە، کەریمی حسامی ڕوونی ناکاتەوە،ئەم ژمارەیەی کە لە بەیروت چاپ و بڵاوبۆتەوە، زنجیرەی ژمارە چەندی لەسەرە.ئێمە پاش سەیرکردن و گەڕان بەدوای سەرچاوەگەلێک لەبارەی ئەم ژمارەیەوە،هیچ ئەنجامێکمان دەستگیر نەبوو.ئاڵۆزترین ساغکردنەوە،ساغکردنەوەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ە بە هەموو قۆناغەکانییەوە، چونکە لە کات و ساتی جیا جیا،لە شوێنی جۆر بەجۆر،بڵاو بۆتەوە.ڕۆژنامەکە، ڕۆژنامەیەکی کۆچەر بووە هەر چەند ژمارەیەکی لە شوێنێک دەرچووە.ئەوە لە مەسەلەی لێکترازانەکانیشی هەر گەڕێ،چونکە هەر لایەنەو بە هەمان ناو، درێژەی بە دەرکردنی کوردستان، داوە. ژمارەی وا هەیە لە بەغدا دەرچووە، هەمان ژمارە لە وڵاتێکی تری وەک فەڕەنسا، یان سوید، دووبارە بڵاوکراوەتەوەو ئەدرەسی ئەم وڵاتانەی لەسەرە…من، یەک بەباری خۆم، زۆر بەدوای ئەم مەسەلەیەدا گەڕاوم، بەڵام ئەنجامێکی دروست و دڵخۆشکەرم،دەست نەکەوتووە.
حزبی دیموکرات، پاش ئەم ژمارە (کوردستان)ەی بەیروت، تا ساڵی (١٩٩٣)،(١٥) بڵاوکراوەی تریشی دەرکردووە، کە ئەمانەن؛ ( دەنگی کورد-تاران ١٩٧٩، دەنگی کوردستان- تاران ١٩٧٩، پێشەوا-مەهاباد ١٩٧٩،زانیاری پێشمەرگە-سنە ١٩٧٩، شەهید- بانە ١٩٧٩، هەواڵەکانی کوردستان- بە زمانی فەرەنسی بووە- فەڕەنسا ١٩٨٠،یەکێتی ١٩٨١،کێلەشین ١٩٨١،نەکەرۆز ١٩٨١،ئارارات ١٩٨٢،پڵنگ ١٩٨٢، ٢٦ی سەرماوەز ١٩٨٤،نووچەنامە- فەڕەنسا ١٩٨٤،بازتاب وقائیع کردستان در مطبوعات فارسی زبان- ئەوروپا ١٩٩١،کوردستان د ئێران- بە زمانی فەڕەنسی بووە- فەڕەنسا ١٩٩١). لەم (١٦) بڵاوکراوەیە، شەش دانەیان لە تاران و پاریسدا، دەرچووینە.زمانی بڵاوکراوەکان؛ کوردی،فارسی، فەڕەنسی، بووینە.زۆرترین ناوونیشان لە ساڵی ١٩٧٩دا،دەرچووینە کە ژمارەیان پێنج دانەیە.لەم ساڵەدا، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە ئارادا بوو،خەڵکی کوردستانیش توانیبوویان خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پێ.کا.کا)

سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێبازو فکری ئاپۆچێتی لە ساڵی ١٩٧٦وە،دەست پێدەکات…دوو ساڵی سەرەتایی، لەژێر ناوو گرووپ و بازنەی جیا جیادا، خەباتیان کردووە.لەمە بەدواوە،بڕیار دەدەن چیتر بە پەرتەوازەیی و گرووپ گرووپ نەمێننەوە.بۆیە؛ بە ئامادەبوونی (٢٣)کەس، کە دووانیان کچ بوون، لە ڕێکەوتی ٢٧/١١/١٩٧٨، لە گوندی ( فیس )ی سەر بە قەزای (لیجە)ی شاری ئامەد(دیاربەکر)، یەکەم کۆنگرە (دامەزراندن) دەبەستن و هەر لەوێش دامەزراندنی (پارتی کرێکارانی کوردستان )، ڕادەگەیەنن.لە ١٥/٨/١٩٨٤شدا،خەباتی چەکداری دەست پێدەکەن.ئەم پارتە؛ بۆ بەدەست هێنانی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەمان لە باکوری کوردستاندا، باوەڕیان بە فکرو ئایدۆلۆژیای (مارکسی- لینینی) هەیە. خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی، بە یەکەوە گرێدەدەن. لەڕووی خەباتی ڕاگەیاندنەوە، کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەیان دەرکردووە.یەکەم پارتی کوردینە کە بوونەتە خاوەنی کەناڵی ئاسمانی. بۆ دەست نیشانکردنی یەکەم بڵاوکراوەیان(گۆڤار،ڕۆژنامە)، یەکێک لە ئەندام و دامەزرێنەرە دیارەکانیان (جەمیل بایک) دەڵێت؛ ( خەباتی ڕۆژنامەوانیی ئێمە بە یەکەمین کۆنفرانس لە ساڵی١٥/٧/١٩٨١ کە لە لوبنان بوو،دەست پێدەکات.لە کۆنفرانسی یەکەمدا ئەو بڕیارەمان وەرگرت کە ئێمە ڕۆژنامەی سەرخوەبوون لە ئەوروپا دەربخەین.لە ئاکامی ئەو بڕیارەدا،هەڤاڵان کاریان کرد سەرخوەبوون لە ئەوروپا دەرچوو. یەکەمین ڕۆژنامەی ئەم تەڤگەرە سەرخوەبوونە.( بڕوانە؛ حەسەن جودی،مێژوویەک لە ئاگر،نهێنی و خۆڕاگری بزووتنەوەی ئاپۆچی،دیمانەیەک لەگەڵ جەمیل بایکدا،چاپی سێیەم،سلێمانی،٢٠١٤،ل٤٢٩ ). ئەو (سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک باسی لێوە دەکات،سەرەتا لە فۆرمی ڕۆژنامەدا بووە،دواتر بۆتە گۆڤار.ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو. یەکەم ژمارەی بە (٢٠) لاپەڕە، لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢،لەشاری (کوێلن)ی ئەڵمانیا، بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکی،دەرچووە.نرخەکەی یەک مارک و نیو بووە. ژمارە (٢)ی بە (٢٠) لاپەڕە لە شوباتی ساڵی ١٩٨٢دا،دەرچووە. ژمارە (١٢٠)ی بە (٢٤) لاپەڕە لە مانگی دێسێمبەری ١٩٩١دا،دەرچووە. پاش ئەوەی کە بە شێوەی ڕەسمی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە لە ٢٦/١١/١٩٩٣دا،چالاکییەکانی ئەم پارتە قەدەغە دەکرێت،بنکەو بارەگای ئەم ئۆرگانەش (سەرخوەبوون)،بۆ هۆڵەندا دەگوازرێتەوە.
بەڕای ئێمە، ئەو(سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک باسی لێوە دەکات،یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم پارتە نییە.یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی پارتی ناوهاتی،ئەو (سەرخوەبوون)ەیە کە زیندانیانی (پێ.کا.کا) لە زیندانی شاری (غازی عەنتاب)،لە مایسی (١٩٧٩)دا،دەریانکردووە.کاتێک کە ئەم بڵاوکراوەیە دەرچووە،شەش مانگ بەسەر دامەزراندن و ڕاگەیاندنی (پێ.کا.کا)دا تێپەڕیوە.ئەو (سەرخوەبوون)ەی کە لە زینداندا ئامادەکراوە،بە دەستی نووسراوەتەوە،لە دەرەوەی زیندان کۆپی کراوەو دابەشکراوە.یەکەم ژمارەی بەزمانی تورکی، لە مایسی ١٩٧٩دا،دەرچووە.ژمارە (٤)ی دوا ژمارە بووەو لە ئەیلولی ١٩٧٩دا،دەرچووە.پاشان هەر چوار ژمارەکە،لە بەرگێکدا،لە ئەڵمانیادا،جاپ و بڵاوکراوەتەوە. دووەم بڵاوکراوەی ئەم پارتە؛(هەوار) بووە.هەواریش پێش ئەم بەروارەیە کە جەمیل بایک دەست نیشانی کردووە. هەوار؛ ڕۆژنامەیەک بوو،بەزمانی کوردی (کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکی، لە زیندانەکانی شاری دیاربەکر،دەردەچوو.(مەزڵوم دۆغان و فەرهاد کونتای و حەیدەر دورموش)، سەرپەرشتییان دەکرد. یەکەم ژمارەی بە هەشت لاپەڕە لە ١٩/٨/١٩٨٠دا،دەرچووە.ژمارە (٣)، دوا ژمارە بووەو لە ٢/٩/١٩٨٠دا،دەرچووە.جارێکی تر ، لە ئەڵمانیا بەم شێوەیە چاپ کراونەتەوە؛ ژمارە (١)،لە ٥/٤/١٩٨١دا،دەرچووە.ژمارە (٢)،لە ٢٤/٤/١٩٨١دا،دەرچووە.
کەواتە ( سەرخوەبوون)ەکەی زیندانی غازی عەنتاب،یەکەمین کاری ڕۆژنامەگەریی ئەم پارتە بووە. دووەم کاریشیان، (هەوار)ەکەی زیندانی دیاربەکر،بووە.ئەم (سەرخوەبوون)ەی جەمیل بایک،دەبێتە سێیەمین کار،نەک یەکەمین. پاش ئەم سێ بڵاوکراوەیە، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەشیان بڵاو کردۆتەوە؛ (بەرخوەدان-ئەڵمانیا ١٩٨٣،پێشمەرگە- باکوری کوردستان ١٩٨٣،دەنگی کوردستان- زیندانی ئیستانبوڵ ١٩٨٩،شەڤکا بەرخودان- زیندانەکانی تورکیا ١٩٨٩، کورد ئا- ئەڵمانیا ١٩٩٢،سەرهلدانا کوردستان- زیندانەکانی تورکیا-ساڵی چاپکردنی نەزانراوە).لەم نۆ ناوونیشانەی باسمان کردن،پێنج دانەیان لە زینداندا، دەرچووینە.سێ دانەشیان لە ئەڵمانیادا،دەرچووینە.

ئەنجام
لەم بەسەرکردنەوەو دەورکردنەوەیەدا،دەگەینە ئەم ئەنجامانە؛
(١)- هەر چوار پارتە سەرەکییەکەی سێ پارچەی کوردستان، (٩٤) ناوونیشانیان دەرکردووە،کە دەکاتە لە سەدا دوازدەو نیوی سەرجەم ئەم ناوونیشانانەی کە لەنێوان (ئازاری ١٩٧٥-١٩٩٣)دا، دەرچووینە.لەم (٩٤)دانەیە،(٤٦)یان،( یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان )،دەریکردوون.کە دەکاتە نزیکەی نیوەی بڵاوکراوەکان.بە هەرسێ حزبەکەی تر ئینجا هێندەی (یەکێتی)،بووینە.ئەم ڕێکخراوە،لە رووی کاری ڕۆژنامەگەریدا،پێشەنگی بێ ڕکابەرە.دوای (یەکێتی)،ئەمانی تر،بەم شێوەیە ڕیزبەند دەکرێن؛ پارتی دیموکراتی کوردستان (٢٣) دانە، حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران، (١٦)دانە،پارتی کرێکارانی کوردستان(پێ.کا.کا)، (٩)دانە.
(٢)- یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی پارتی کرێکارانی کوردستان،ئەم (سەرخوەبوون)ەیە کە لە زیندانی غازی عەنتابدا لە مایسی ١٩٧٩دا، دەرچووە،نەک ئەم (سەرخوەبوون-١٩٨٢)ەی کە لە ئەڵمانیادا دەرچووە.
(٣)- زۆربەی هەرە زۆری- لە نیوەی زێتر-ی بڵاوکراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان،لە زینداندا دەرچووینە.
(٤)- یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان،سەرەڕای بەکارهێنانی زمانی کوردی و عەرەبی لە کاری ڕۆژنامەگەرییدا،پێشەنگە لە زمانە زیندووە جیهانییەکانی وەک؛( ئینگلیزی،هۆڵەندی،ئەڵمانی).
(٥)- لە کۆی (٢٣) ناوونیشانی ڕۆژنامەگەریی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقدا، (٨) دانەیان لە دەرەوەی کوردستاندا، دەرچووینە.
(٦)- سەردەمی زێڕینی رۆژنامەگەریی حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران، لە پاش ڕوخانی شا لەساڵی (١٩٧٩)ەوە،دەست پێدەکات.

ئیسماعیل تەنیا-هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish