Skip to Content

576 Views

داوایه‌ك له‌سه‌رجه‌م ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیرانی کورد …. ده‌سته‌یه‌ك رووناکبیری  سپی

داوایه‌ك له‌سه‌رجه‌م ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیرانی کورد …. ده‌سته‌یه‌ك رووناکبیری سپی

Be First!
by April 25, 2017 General
image_print

وه‌کو ده‌زانن نه‌ته‌وه‌ی کوردی ئێمه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ هه‌موو وڵاته‌ به‌شبه‌شکراوه‌کانی تیایدا ده‌ژین به‌ جۆره‌ها سته‌مه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ هۆکاری (بابه‌تی و زاتی) هه‌بێت، هه‌روا له‌ به‌شی باشووری کوردستاندا که‌ (26 ) ساڵ پێش ئێستا هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی بواریدا خه‌ڵکانی سته‌ملێکراو دژی ڕژێمی به‌عس رابپه‌ڕن، وه‌لێ به‌ داخه‌وه‌ هه‌ ر زوو له‌ لایه‌ن دوو حیزبی به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌وه‌ ئه‌زموونه‌که‌ له‌باربراو ئێدی هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و حیزبیی خۆیان خستبووه‌ گه‌ڕ، له‌م پێناوه‌شدا چه‌ندان شه‌ڕی بێزراو و قێزه‌ونیان به‌رپاکردو نه‌یانهێشت تاوێك هاوڵاتیانی هه‌ژارو سته‌مدیده‌ی کورد له‌و پارچه‌ زه‌ویه‌‌دا پشوو بدات و خۆشی له‌ خۆی ببینێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ك ته‌نیا هێزی مادی وه‌کو (پاره‌ی دزیاریی و هێزو چه‌ک)یان به‌کارهێنا، به‌ڵکو له‌ مه‌ش مه‌ترسیدارتر: هێزی مه‌عنه‌وی و رۆشنفیکرییان به‌کارهێنا بۆ شه‌رعییه‌تدان به‌ بوونی خۆیان و کاره‌کانیان، به‌وه‌ی وه‌لائی زۆربه‌ی خامه‌ به‌ده‌ستان و هزرمه‌ندان و هونه‌رمه‌ندانیان کڕیه‌وه، کاره‌ساته‌که‌ ئا لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات، جونکه‌ هه‌میشه‌و له‌ناو هه‌ر میلله‌تێكدا ئه‌دیب و هزرمه‌ندو هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیرانن خه‌ڵكان هوشیار ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌بنه‌ سه‌رمه‌شقی خه‌ڵکه‌ ساده‌که‌و فشاری گۆڕانکاریی و به‌ره‌وپێشچوون به‌ جۆره‌ها شێوه‌ به‌کاردێنن و هه‌رگیز ویژدان و هزریان نافرۆشن بۆ به‌هایه‌کی که‌م و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن و ملدان به‌ ڕژێمی تۆتالیتاری و عه‌سکه‌رتاریی.
جێی خۆیه‌تی ئیتر بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ واز له‌ تێڕوانینی نێرگزییه‌ت بهێنین و بیر له‌ پاشه‌ڕۆژی نه‌وه‌کانی داهاتوو بکه‌ینه‌وه‌و بزانین که‌ مێژوو ره‌حم به‌ که‌س ناکات، با هه‌ڵوێستی حه‌قدۆستی و جوامێریی و مرۆڤدۆستانه‌ نه‌گۆڕینه‌وه‌ به‌ موچه‌یه‌ك یان به‌رژه‌وه‌ندی و ئیمتیازێکی شه‌خسی و له‌م پێناوه‌شدا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وه‌لانێین و ببینه‌ بزمارێك بۆ تابووتی میلله‌تی مه‌زڵوم و بکه‌وینه‌ به‌رچه‌کوشکاریی دیکتاتۆران.. ئایا هه‌ر کام له‌ ئێمه‌ له‌ خۆی نه‌پرسیووه‌ ده‌بێت هۆی چی بێت وا له‌سه‌ده‌ی 21دا که‌ جیهان بازی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌دا ناوه‌، که‌چی ئێمه‌ هێشتا نه‌بووینه‌ته‌ خاوه‌نی بوونی خۆمان؟ دڵنیام هۆکاری سه‌ره‌کی خودی خۆمانین و له‌ناو خۆشماندا که‌سانێکی نووسه‌رو ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندو هزرمه‌ند رۆڵی زۆر کاریگه‌رییان هه‌یه‌، جا یان به‌ بارو ڕووی سلبیدا یان ئیجابیدا، ئه‌مه‌ش خاڵێکی زۆر گرنگه‌ بۆ لێفکرین و هه‌وڵ و خۆماندووکردن و خه‌باتکردن.
گه‌ر نموونه‌ی به‌شی باشووری کوردستان بهێنینه‌وه‌و به‌راوردی بکه‌ین به‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواو باکوور، ئه‌وا ده‌بینین گه‌ر له‌وان خراپتر نه‌بێت باشتر نییه‌، رۆژ دوای رۆژ ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی باشوور په‌ره‌ به‌ تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووسان و ئازادیخواهان و که‌سایه‌تیه‌ دیاریه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌دات، که‌ هاوڕای ده‌سه‌ڵاتی دواکه‌وتووی سته‌مکارانه‌ی خۆی نین، نووسه‌ران و خامه‌ به‌ده‌ستان و سیاسه‌تمه‌داره‌ بێلایه‌نه‌کان که‌ ته‌نیا مه‌به‌ستیان خه‌می میلله‌ته‌؛ ده‌بینین چۆن به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ لێیان ده‌درێت و شاربه‌رده‌ر ده‌کرێن، ئه‌مانه‌ش له‌ ره‌فتارگه‌لێکی دیکتاتۆریی و ملهوڕیی و سته‌مکارانه‌ هیچی تر ده‌رناخات و نانوێنێت. گه‌ر هزرمه‌ندان و خامه‌به‌ده‌ستان بیرنه‌که‌نه‌وه‌و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرن و نه‌بنه‌ یه‌ك ده‌نگ دژی جه‌ورو زوڵم، ئه‌وا دۆخه‌که‌ به‌ره‌و خراپتر هه‌نگاو ده‌نێت ، زۆربه‌ی چاودێران وایان ده‌بینی رۆشنبیرانی کورد هاوده‌نگ ده‌بن له‌ به‌رپاکردنی دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ له‌ کوردستاندا، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ 2244 رۆشنبیر هه‌ڵوێست له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات بنوێنن دژی به‌ره‌ی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و ببنه‌ به‌هێزکردنی دیکتاتۆریی! گه‌وره‌ترین نه‌نگی بۆ که‌سی هۆشمه‌ندو خامه‌به‌ده‌ست و هزرمه‌ند حیزبی بوونه‌، که‌ ده‌یکاته‌ ئامێرێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و هه‌موو جوانی و داهێنانێکی لێ داده‌ماڵێت.
ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت؛ هه‌موو که‌سێك ده‌توانێت له‌ هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵه‌کانی پێشووی په‌شیمان بێته‌وه‌و ویژدانی به‌ ئاگا بهێنێته‌وه‌و چیدی خۆمان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنین به‌وه‌ی چه‌پڵه‌ بۆ کاروکردارو که‌سایه‌تیه‌ك لێ بده‌ین که‌ خۆشمان باوه‌ڕمان پێ نییه‌، با هیچ نه‌بێت له‌گه‌ڵ خۆماندا راست بکه‌ین، چونکه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان به‌ خامه‌ به‌ده‌ست و رۆشنبیرو هزرمه‌ند داده‌نین زۆر تاوانبارترن له‌ که‌سێکی ئاسایی و ناحاڵی، گه‌ر به‌رگری له‌ سته‌مکارو دزو گه‌نده‌ڵ و مافیاکان بکات، ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌مووان ببنه‌ ده‌نگێکی (نه‌خێر)ی مه‌زن به‌ رووی دیکتاتۆره‌کان و سته‌مه‌کانی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، به‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و هاتنه‌ ناو جه‌ماوه‌رو کۆبوونه‌وه‌و دامه‌زراندنی به‌ره‌ی که‌سانی هۆشیاری ناو کۆمه‌ڵگا، ئه‌وانه‌ی خۆیان داماڵیوه‌ له‌ خزمه‌تکردنی حیزبایه‌تی و گیرفانیان و مانه‌وه‌ی مه‌سئوله‌ مافیاکان، تکاتان لێ ده‌که‌ین له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان وه‌رن به‌ده‌م ئه‌م داواکاریه‌وه‌و هه‌ر یه‌ك له‌ ئێوه‌ دڵسۆزانه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌م بیروبۆچوونه‌ بزانێت و شێلگیرانه‌ خه‌باتی بۆ بکات و با هه‌موو له‌ده‌وری یه‌ك کۆبینه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕه‌کان هێنده‌ به‌هێز بن ، به‌ یه‌کجاری ده‌نگی رۆشنبیران و داهێنان و هونه‌رمه‌ندان له‌ بوون بسڕنه‌وه‌و پنتێك بۆ‌ ئازادی نه‌هێڵنه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان خه‌ونه‌کانی خۆیانی تێدا بنووسێته‌وه‌.
بروا بکه‌ن ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ی گۆرانکاری و به‌ره‌وپێشچوون و هوشیاربونه‌وه‌یه‌، ئێدی جیدی با کات نه‌کوژین و له‌ خه‌ونه‌ رۆمانسیه‌کانمان بێدار بینه‌وه‌..
بڕوخێت نه‌فامی، بژی مه‌عریفه‌

Previous
Next

Leave a Reply