Skip to Content

لە یادی 102 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەكاندا … عەلی مەحمود محەمەد

لە یادی 102 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەكاندا … عەلی مەحمود محەمەد

Closed
by نیسان 25, 2017 General, Genocide

ئەمڕۆ 102 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئیعدام كردنی 253 كەسایەتی ناسراوی ئەرمەنی لە یەك شەمەی سوری 24-4-1915ەدا , كە لە شوێنە جیاجیاكانەوە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی كۆیانیان كردبوەوە بە كۆمەڵ بە ئاشكرا لە شاری ئەستەمبوڵی پایتەخت ئیعدامیانیان كرد, لە چوارچێوەی پرۆسەی كۆمەڵ كوژی ئەرمەنەكان كە لە نێوان ساڵانی 1894 بۆ 1923 درێژەی كێشا , كە كۆی قوربانیانی تاوانەكە بە 1,5 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت, كە هاوتەریب لە گەڵ ئەم كۆمەڵكوژییەدا گەلانی سریان و ئاشورو ئێزیدی و یۆنانیش لە لایەن هەمان فەرمانڕەواییەوە كۆمەڵكوژی كران.لەم نێوەدا ئەرمەنیەكان بەشێك لە كوردان بە هاوبەشی تاوانەكە دەزانن كە لەو كاتەدا لە چوارچێوەی سوارەی حەمیدییە بەسەرۆكایەتی ئاغا كوردەكان رێكخرابوون, ئەمە بە ئاشكرا لە تابلۆكانی مۆنمێنتی سەرەكی جینۆسایدی ئەرمەنی لە شاری یەریڤان وە نوسینەكانیان رەنگ دەداتەوە, چۆن كوردەكانیش جاشە كوردەكان بە هاوبەشی تاوانی ئەنفال دەزانن كە لە چوارچێوەی سوارەی سەلاحەدین ئەیوبیدا بە سەرۆكایەتی ئاغا و سەرۆك عەشیرەتەكان رێكخرابوون, لە یەك چونێكی دیكەش لە نێوان هەردوو قوربانی ئەوەیە, هەردوولا بە تاوانی هاوكاری داگیركەر سزا دراون, ئەرمەنیەكان بە تاوانی هاوكاری سوپای روسی تزاری كە تا رەواندزو خانەقین بە هاوكاری ئەرمەنیەكان هاتبوو, پاشان لە گەڵ شۆڕشی ئۆكتۆبەر و مەرسومی ئاشتی لینین كشانەوە, كوردەكانیش هاوكاری ئێران تا دەوروبەری چاڵە نەوتەكانی كەركوك و هەڵەبجە هاتن.ئێستا دەبێت بەرەو روی ئەم تاوانە مێژوییە ببینەوە, چارەسەری ئەو نەخشانە بكرێت كە ناوی ئەرمەنستان و كوردستانەو هەر یەكەیان كۆمەڵێك شارو شارۆچكە بە نیشتمانی خۆیان دەزانن هاوبەشە لە نێوان هەردوولا, ئەمە بۆ خۆی كێشەیە, كێشەكە گەورەتر دەبێت دوژمنە هاوبەشەكە توركیایە بكشێتەوە لەو ناوچانە , هاوكات لە دوای سەربەخۆیی ئەرمینیاوە دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت ,كوردە موسڵمانەكانی ئەرمینیا رویان لە ئازەرباینجان كردووەو ئێزیدییەكانیش ئەرمینیا وەك كاردانەوەیەك بۆ سارێژ نەبوونەوەی برینەكانی مێژوو, واتا لەسەر بنچینەی رابردوو جەمسەر بەندی كراوە, بۆیە ئەم كێشە سەدەییە ئاڵۆزە دەبێت چارەسەر بكرێت, بە پێی راستییەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی هەڵبگرترێت, نەك بە ئینشای ناسیۆنالیستانە كورد بكرێتە مەلایەكەت و ناشرینییەكان لە كەوڵی مێژووەكەی بكرێتەوە, ئاخر نموونەی پاشای كۆرەی رەواندزیشمان لە بەرامبەر ئێزیدییەكان هەیە, ئینكار بۆخۆی تاوانە و راكردنیشە لە بەرپرسیارێتی مێژویی, لە وڵاتێكی وەك سلۆڤاكیا 5 ساڵ زیندانی سزاكەیەتی, ئەگەر ئینكاری تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنی بكرێت .لە یادی 100 ساڵەی تاوانی ئەرمەندا لە تەبلیسەوە بۆ یەریڤان دەرۆیشتم بۆ بەشداری لە كۆنفرانسی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی, پرۆفیسۆرێكی ئابوری ئەرمەنی لە گەڵمدا سوار بوو, كە گەیشتینە سنوری ئەرمینیا پۆلیسەكە پرسی بۆ كوێ , لە وەڵامدا وتم” بۆ كۆنفرانسی نێونەتەوەیی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی لە یەریڤان”, كە لە بازگەكە رەت بوین, پرۆفیسۆرەكە وتی “كوردیت ” لە وەڵامداوتم “بەڵێ” , وتی “دەچیت بۆ كۆنفرانسی جینۆساید” ,لە وەڵامدا وتم “بەڵێ “, وتی “ئێمە نەك كێشەی مێژویمان لە گەڵ كورددا هەیە بۆ بەرپرسیارێتی , هاوكات كێشەی خاكیشمان هەیە, نموونە شاری قارس پێمان وایە ئەرمەنییە تۆ چی دەڵێیت “, لە وەڵامدا وتم “ئێستا هی هیچ لایەكمان نییە , وەلێ بكەوێتە دەست كوردان بەم بۆچونە سیاسیەی ئێستاوە, ئەوا لە دەستێكی ئەمیندایە بە پێی بەڵگە مێژوییەكان لە روانگەی سرَینەوەی شوێنەواری گۆڕینی دیموگرافی مامەڵەی لە گەڵدا دەكەن” , وتی “ترسم هەیە كوردەكان وەك تۆ بیر نەكەنەوە, ئەوەتا تۆ لە ناو ئۆتۆمۆبیلەكەش شوێنەكەی خۆت داوە بە من ,هەرچەندە كرێی ئۆتۆمۆبیلەكەش تۆ داوتە, كەچی من لە پێشەوە سوار بوومە, تۆش لە دواوە”.لە وەڵامدا وتم “نا, ئەدی پێش ماوەیەك ئەحمەد تورك بە فەرمی بەرپرسیارێتی قەبوڵ كردو بەناوی كوردەوە داوای لێبوردنی كرد, ئەگەر هەر بەرپرسیارێتیەك هەبێت”.ئێمە شەو رۆژ داوا لە جیهان دەكەین, ئەوتاوانانەی بەسەر گەلەكەمان هاتووە بە جینۆساید بناسن, ئێستا لەبەردەم تاقیكردنەوەداین, بۆخۆمان چۆن مامەڵە لە گەڵ مێژوودا دەكەین ؟, دەرچوون لەوتاقیكردنەوەیە بە سەلامەتی دەمانگەیەنێتە مەنزڵگای مرۆڤ بوون, دەبا مرۆڤ بین .

Previous
Next
Kurdish