Skip to Content

گەشەکردن و ئاوابونی سکۆلاریزم! …. حەمید تەقوایی

گەشەکردن و ئاوابونی سکۆلاریزم! …. حەمید تەقوایی

Closed
by نیسان 28, 2017 General, Opinion

بەدواداچونێک بۆ ئابوری سیاسی ڕێژەگەرایی(نسبیەت) و جیهانشمولی(Universalism)

سکۆلاریزم یەک دەستکەوتی دەورانی مۆدێرنە و یەک کۆڵەکەی کۆمەڵگەی مەدەنییە. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی پۆست – مۆدێرنەدا ژیان بەسەردەبەین. سەردەمی نکۆڵیکردن لە بەها جیهانشمولیەکان! لە ڕوانگەی سیاسی – کۆمەڵایەتییەوە سکۆلاریزم چیتر لە جەرگەی ئەسڵی کۆمەڵگەدا نییە، ئیتر لە ئۆپۆزسیۆندایە. بیروباوەڕێکە کە ئیتر دەبێ جارێکی تر لە پێناویدا بجەنگیتەوە.

بە گشتیش ئەم کێشەیە بەهەمانشێوە سەبارەت بە کۆمەڵگای مەدەنیش ڕاستە. کۆمەڵگای مەدەنی دامەزراوە – یان بڕیاربوو کە دابمەزرێت – لەسەر بنەمای مۆدێرنیزم، یاسا مەدەنیەکان و دەولەت و وڵات، لە بەرامبەر کۆمەڵگا دینی – قەومی – دەستەوتاقمەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا. هاوڵاتیان – لانی کەم لەڕویی یاساییەوە – ئەندامانی یەکسانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگیرێن بەبێ لەبەرچاوگرتنی دین و قەومیەت یان زەمینەو پاشخانی فەرهەنگیان.

لە ڕوی سیاسیەوە یاسای زێڕینی دیموکراسی بریتی بوو لە یەک تاک (یان یەک هاوڵاتی) یەک دەنگ، یەک کۆمەڵگا و یەک یاسا. بەڵام چیتر بەم شێوەیە نییە. پۆست مۆدێرنیزم ئەم بۆچونەی قبوڵ نییە. ئێستا کۆمەڵگای تێکەڵە لە ناسنامە جیاوازەکان لەسەر بنەمای دین و دەستەوتاقمی قەومی لەبەرچاودەگیرێت و دەوڵەت و حکومەت وەک یەک هاوپەیمانی وەیان پێکهاتەیەک لە سەرانی ئەم دەستەوتاقمانە پێناسە دەکرێت.

بە ناونیشانی یەک نمونە لە عێراقدا لە دەیەی ڕابردودا پێکهاتەی دەوڵەت و دامودەزگای دەسەڵات بە فەرمی بریتی بوو لە سەرۆک کۆماری کورد، سەرۆک وەزیرانی شیعە، و سەرۆکی پەرلەمانیش سونی بوو. کوردستانی خودموختاریش لە باکوری عێراق لەژێر دەسەڵاتی دوو حیزبی بنەماڵەیی و خێڵەکی کورد دا بوە. ئەم پێکهاتەیە ئاکامی یەک بەندوبەست و ڕێکەوتنی فەرمی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ دەستەوتاقمە دینی و قەومیەکانی دەورەی دوای ڕوخانی سەدامە. (ئێستا بە پەیدابونی داعش ئەم هاوسەنگیە تێکچوە و دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات بە زیادکردنی جورعەی بەعسی – سەلەفی بۆ ئەم تێکەڵەیە و بەهۆکاری توندبونەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات)! لە بارەی ئەفغانستانیشەوە داستانی لۆیاجەرگاش هەر بەهەمانشێوەیە.

ئەم واتا تازەیەی دیموکراسی و کۆمەڵگا، نەک تەنها بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات بەڵکو بۆ خودی وڵاتانی ڕۆژئاواشە. ئێمە دژی دادگاکانی شەریعە لە کەنەدا، بۆ بەرگری لە “یەک یاسا بۆ هەموان” لە بەریتانیا، و دژی بە فەرمی ناسینی ئیمام و موفتیەکان بە ناونیشانی نوێنەرانی پەنابەرانی بەناو وڵاتانی “ئیسلامی” – ئەو پەنابەرانەی کە زۆربەیان لە دۆزەخی یاساکانی شەریعە لە وڵاتەکانیاندا هەڵاتون بۆ ولاتانی رۆژئاوا – لەسەراسەری ئەوروپادا خەباتمانکردوە.
بەفەرمی ناسینی خەڵک نە بەناونیشانی هاوڵاتیانی ماف یەکسان بەڵکو بەناونیشانی ناسنامە قەومی – دینی یەکان بە بەها و ئارمان و نیازی جیاوازەوە ناوکۆکەی بنەڕەتی ئەم بۆ دواوە گەڕونەوەیەیە بەرەو سەدەکانی ناوەڕاست.

لە ڕوی ئایدۆلۆژییەوە پۆست مۆدێرنیزم نکٶڵی لەو ماف و بەها جیهانیانەی کە بەهۆی ڕێنیسانس و سەردەمی ڕۆشنگەریەوە جێکەوتە بون دەکات و لە جێگەی ئەوان فرە فەرهەنگی دادەنێت. بەپێی بنەماکانی پۆست مۆدێرنیزم شادی، ئازار، ئازادی، یەکسانی و تەنانەت ئینسانیەت بە شێوەیەکی گشتی بە ئەزمون و بەها مرۆییە یەکسانەکانیەوە قابیلی گواستنەوە نین. وە هیچ مۆدێلێکی ستاندارد و هاوبەش و هیچ کارێکی هاوبەش کە پێویستە لەپێناویدا خەبات بکرێت و بەدەست بهێنرێت بونی نییە! سکۆلاریزم، نە تەنها بە مانای جیایی دین لە دەوڵەت، بەڵکو بە مانای بەفەرمی ناسینی خەڵک بە ناونیشانی مرۆڤ، بەدەر لە شێوەی باوەڕبونیان بە خودا یان باوەڕ نەبونیان، نکٶڵی لێدەکرێت. وە خودی تاک و سروشتی مرۆڤایەتی دەبرێتە ژیر پرسیارەوە!

بۆچی بەم جۆرەیە؟ ڕیشەی ئابوری – کۆمەڵایەتی ئەم بۆچونە چییە؟ بۆچی سەرەڕای ئەو واقعیەتەی کە خەڵکی سەراسەری جیهان لە ڕێگای میدیای کۆمەڵایەتییەوە زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ یەکتردا پەیوەندیان هەیە، وە سەرەڕای ئەو واقعیەتەی کە هەلومەرجی ژیانی مادی، وەکو کارەبا، ئۆتۆمبیل، کۆمپیوتەرو چەندانی تر بۆ هەموو خەڵکی سەر گۆی زەوی یەکسانە، وە سەرەڕای ئەوەی کە مانا و ستانداردی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی ژیانی ڕۆژانە هەرچی زیاتر جیهانی بۆتەوە، بەڵام بۆچونی جیاوازبون، ڕێژەییگەرایی و فرە فەرهەنگی(مەڵتی کەڵچەریزم) زەمینەی زیاتری پەیدا کردوە – لانی کەم لە مەیدانی ئایدۆلۆژی، سیاسەت و میدیادا؟ بۆچی خودی فەرهەنگ و سیستمی بەهاکان و فەلسەفە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە هەلومەرجێکی مادی و ژینگەیەکی جیهانداگری بۆ هەموو خەڵک فەراهەمکردوە بەڵام “ڕێژەیی” لەبەرچاودەگیرێن؟
بە بۆچونی من وەلامی ئەمە لەناو خودی پەیوەندیە ئابوریەکاندا خۆی حەشارداوە کە جیهانی گۆڕیوە بەیەک گوندی جیهانی.

لە کاتی ڕێنیسانس و سەردەمی ڕۆشنگەریدا، سەردەمی گەشەکردنی سکۆلاریزم، زۆربەی کۆمەڵگاکان – لە ڕاستیدا بێجگە لە ئەوروپا – هێشتا دەورانی ناوبراو بە ڕۆژئاوایکردنی (Westernization) سەدەکانی ناوەڕاست و پێش سەرمایەداریان بەسەر دەبرد. وە جیهان پێویست بوو بگۆڕدرێت! ئەوەی کە بە ڕۆژئاواییکردن دەکرا – کە لە ڕاستیدا شتێک نەبوو جگە لە باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و گەشەکردنی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی – پێویستیەکی سەردەمەکە بوو.
بەڕۆژئاویکردن ڕێک ناوێکی ترە لە پێناو بە جیهانیکردنی بەها مرۆییەکان. “سیستمی بەهاکانی ڕۆژئاوا” لە ڕاستیدا یەک دەستکەوتی جیهانییە – دوا هەنگاوی مێژوی درێژی گەشەکردنی فەرهەنگی مرۆڤایەتیە – لە چین و میسر و یۆنانی کۆنەوە تا شۆڕشی هزری و پیشەسازی لە ڕۆژئاوا. بۆرژوازی ئەوروپا، لە ڕێگەی بیرمەندە پێشڕەوەکانیەوە، ئەم سیستمی ماف و بەها جیهانیانەی بە فەرمی ناسی و بڵاویکردوە، چونکە لەو سەردەمەدا لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەکانیدا بەتەواوی یەکانگیر و هاوجوت بون.

بۆرژوازی لاوی ئەوروپا لە هەمو ڕویەکەوە لەم نیاز و ئیرادە سیاسی و ئابوریە بەهرەمەند بوو کە جیهان داگیربکات و بیگۆرێت بە جێگایەکی مۆدێرن و گونجاو بۆ ئابوری بۆرژوازی. خاوەنزەویی وخانەدانەکان لەگەڵ ئاین و نەریت و ئەخلااقیاتی خانەدانیان ئەبوایە بڕۆنە کەنارەوە و ڕێگا بۆ گۆڕانکاری پێویست لە ڕاستای شکڵگیری بازاڕی کارو کاڵا بکەنەوە. ئەمە ئابوری سیاسی سیکۆلاریزم و جیهانشمولیەتە. بۆ بۆرژوازی تازە پێگەیشتوی ڕۆژئاوا و فەلسەفەو بیرمەندە پێشڕەوەکانی، فەرهەنگ و شارستانیەتی ڕۆژئاوا مۆدێلێکی ڕاستەقینە بوو بۆ هەموو جیهان چونکە باقی جیهان هێشتا ئامادەی کار و سەرمایەگوزاری نەبوو. ڕێگاوبانەکان و هێلی ئاسن و ژێر بینای پێویست بۆ کارکردنی سەرمایە دەبوایە ئامادەبکرێت، تەندروستی وپەروەردە و فێرکردن دەبوایە باشتر بکرێت، وە لە هەمووی گرنگتر، دەبوایە جوتیارەکان لە زەویەکان هەڵبکەندرێن و بگۆڕدرێن بە کرێکاری کرێگرتە. ئەوە ئەو ئاڵوگۆڕانە بوون کە لە خودی ڕۆژئاوادا سیکۆلاریزم و مۆدێرنیزمیان کردبووە پێویستیەک. ڕۆژئاوای پێشڕەو و شۆڕشگێڕ دەیویست ئەم بەهایانە هەناردە بکات بۆ ئەوەی بتوانێت سەرمایەداریەکەی هەناردە بکات!

ئێستا ئەو سەردەمە بەسەرچووە! پینج سەد ساڵ دوای ڕێنیسانس، لە کاتێکدا سەرمایەو سەرمایەداری هەموو کونج و کەلەبەرێکی جیهانی گرتۆتەوە، بۆرژوازی هیچ ئاسۆیەکی بۆ گەشەکردن نییە. هەر بۆیە هیچ هەستیاریەکی (ئیحساس) بۆ نیازو پێویستی جیهانداگریانە (universalism) نییە. لە دەستپێکی سەدەی بیست ویەکدا، لەکاتێکدا کە کاپیتالیزم لە هەر وڵاتێکدا هێزی باڵادەستە، کەچی هێشتا قاهیرە و تاران و ئەدیس ئەبابا و لیما هیچ شیوە لێکچونێکیان لەگەڵ لەندەن وپاریس و نێورکدا نییە، بۆیە بەرگری لە فەرهەنگی “ڕۆژئاوایی” لەڕوانگەی بۆرژوازیەوە، چیتر نرخێکی گونجاو نییە و لە بەرژەوەندیاندا نییە. وا باشترە کە ئومێد وچاوەڕوانیەکان نەباتە سەرەوە! ئێستا سەردەمی فەرهەنگی ڕیژەیی و فرە کەلتورییە. ئاین و خێڵ و پیرۆزیە نەتەوەییەکان و هەر شتێک کە خەڵک لەیەکتر بەجیاواز نیشانبدات دوبارە بهێنەرەوە ئاراوە! ئەوانە دوبارە بهێنەرەوە ئاراوە تا بتوانیت هەژاری وەک خۆش بەختی ڕیژەیی، بێمافی وەک ئازادی و مەینەتی وەک خۆشگوزەرانی نیشان بدەیت.

سیستمی نوێی جیهان و بازاڕی ئازاد چیتر توانای ئەوەی نییە کە بەرگری لە بەها “ڕۆژئاواییەکان” بکات بە ناونیشانی ئاسۆی پێشڕەوی هەر کۆمەڵگایەک.
چەند سەد ساڵ لەمەوبەر، تەنانەت پەنجا ساڵ لەمەوبەر. کاتێک وڵاتانێک هێشتا لە هەلومەرجی فیودالیدا (دەرەبەگایەتی) بون، ئێمە مۆدێلی جۆراو جۆرمان بۆ گەشەکردنی ئابوری هەبوو وە یەک سیستمی یەکسان لەپێناو بەها فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکاندا(وڵاتانی گەشەنەکردو بۆ ئەوەی بگۆڕێن بە کۆمەڵگای سەرمایەداری نیمچە ڕۆژئاوایی پەسەندکراو، ئەبوایە بەهاکانی سیستمی “ڕۆژئاوایی” بە ئەلگۆی خۆیان بزانن). ئێستا مەسەلەکە بەپێچەوانەوەیە. سیستمگەلێکی جیاوازمان لە بەهاکان هەیە و مۆدیلێکی ئابوری یەکسان: فریدمینیزم وئابوری نوسینگەی شیکاگۆ. سک هەڵگوشین بۆ هەموان! ئەڵێن لە ڕویی ئابوریەوە هەموو کۆمەڵگاکان یەکسانن بەڵام لە هەموو ڕوەکانی ترەوە هەر کۆمەڵگایەک و تایبەتمەندی خۆی هەیە لەگەڵ ئاینی خۆی و زەمینە نەتەوەییەکانی خۆی و تێگەیشتن و دەربڕینەکانی خۆی سەبارەت بە ئازادی وخۆشبەختی و هتد وهتد.

لە دنیای پۆستمۆدێرندا لە ڕوانگەی ئابورییەوە هەموو یەکسانن بەڵام لە ڕوی فەرهەنگی سیاسی – کۆمەڵایەتیەوە هەموو جیاواز لە قەڵەم دەدرێن. ژیانی ماددی و بەها ماددیەکان جیهانین و هەموو جیهانی داگیرکردوە، بەڵام فەرهەنگ و فەلسەفە و سیستمی بەها مرۆییەکان کە ئەم هەلومەرجەی بەدیهێناوە ڕێژەیی لەقەڵەم دەدرێن!

ئەم بۆ دواوەگەڕانەوەیە بە ڕێکەوت نییە. سکۆلاریزم و جیهانشمولیەت تەواوەن نکۆڵی لێدەکرێت لەبەرئەوەی کە کاپیتالیزم جیهانی بۆتەوە. چەند سەد ساڵیک لەمەوپێش لەپێناو گەشەکردنی جیهانیدا سەرمایەداری پێویست بوو، واتە کۆمەڵگای مەدەنی و بەها جیهانداگرە مۆدێرنەکان، بەڵام ئێستا وەک خەیاڵاتێکی دەست پێڕانەگەیشتوو دێنە بەرچاو. دواجار بووبە: پۆستمۆدیرنیزم! دواتر: دایەلۆگ و ململانیی شارستانیەتەکان! دواتر: کۆمەڵگە ئیسلامیەکان و یاساکانی شەریعە و لۆیاجەرگا و کۆماری ئیسلامی و داعش و بۆکۆحەرام و مەڵتی کەڵچەریزم و نیولیبرالیزم!
ئێمە سکۆلاریستەکان لەگەل ئەم جیهانە بۆ دواوە گەڕێنراوەیە ڕوبەڕوین! لەسەدایەکە دەسەڵادارەکان بانگەشە بۆ دواوەگەڕانەوە و دواکەوتویی دەکەن و ئێستا پەرچەمی سکۆلاریزم و کۆمەڵگای مەدەنی لە دەستی ئێمە دایە کە لە سەدا نەوەدۆنۆکانی جیهان نوێنەرایەتی دەکەین. ئەم جارە نەک لەپێناوی بازاڕی ئازاد دا بەڵکو لەپێناو کۆمەڵگەی ئازاد و خەڵکی ئازاد لەسەراسەری جیهاندا! ئامانجی ئێمە نەک تەنها جیایی ئایین لە دەوڵەت، بەڵکو بۆ بەرگریکردنە لە کۆمەڵگای مەدەنی و کڕۆکی مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان.

ئێمە لەپێناو مۆدێرنیزمدا دەجەنگین، بەڵام نەک لەبەرامبەر هێزە فیوداڵییە (دەرەبەگایەتی) بەسەرچوەکانی پێش لە مۆدێرنیزم، بەڵکو لەبەرامبەر هێزە کاپیتالیستیەکانی دوای مۆدێرنیزم! لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا ڕاستی و واقعیەت، زانست وتەکنەلۆژیا، و لەسەدا نەوەد ونۆی خەڵکی جیهان لەگەڵ ئێمەدایە. خودی ئەو واقعیەتەی کە داگیرکردنی مەیدانی تەحریر لە دڵی شۆڕشی میسردا دەبێتە ئیلهام بەخشی داگیرکردنی پارکی زاکوتی لە دڵی بزوتنەوەی دەستبەسەرداگرتن لە نیۆڕک ئەوە نیشاندەدات کە ڕێژەگەرایی (نسبییەت) بۆچونێکی پوچ و بێمانایە. لەهەمان کاتدا ئەم ئەزمونە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەتوانرێت بەسەر ئەم دواکەوتویەدا سەربکەویت.
* ئەم باسە لە کۆنفرانسی “مافی ئایینی، سکۆلاریزم و مافی مەدەنی” لە ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ دا لە لەندەن پێشکەش کراوە.
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوە: هیوا ئەحمەد

Previous
Next
Kurdish