Skip to Content

471 Views

رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن : یەکەم رۆژنامەی کوردی  لە کوردستاندا

رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن : یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا

Be First!
by April 29, 2017 General, Opinion
image_print


پێش 97 ساڵ له‌ سلێمانی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی له‌ كوردستان ده‌رچووه‌

پ. ی. سەلام ناوخۆش-زانکۆی سەلاحەدین

لە قۆناغی شەڕ و ئاشتیدا، چەندەها ئەفسەر و کارمەندی ئینگلیز هاتونەتە کوردستان، لەنێوان ئەوانەدا، میجەرسۆن وەک کوردیزان و کوردناس و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسێک لە هەموویان زیاتر ناسراوە. ماوەیەک بەناوی خوازراو خۆ بەکورد و موسڵمان لە کوردستان ژیاوە. ماوەیەک لە بەغدا رۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی)بە کوردی دەرکردوە. لە کوردستانیش یەکەم کەس بووە کە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەربکا. ماوەیەکیش بەتایبەتی لە ساڵی 1919وە هەتا هاتنەوەی شێخ مەحمود حاکمی سلێمانی بووە.
ئەم کورتە نووسینە کە لە سێ‌ بەش پێکدێ‌، هەوڵێکە بۆ دەرخستنی چەند لایەنێک لە ژیان و هەڵوێستی میجەرسۆن.

لە بەشی یەکەمدا باس لە میجەرسۆن و زمانی کوردی کراوە. لەو بەشەدا باس لەوە کراوە کە سۆن لەپێناوی بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا کوردیەکی وا فێربووە کە بە دەگمەن گومانی پێ‌ ببردرێ‌ کە کورد نەبێ‌. لە بەشی دووەم باس لە هەڵوێستی سۆن لە حوکمداری شێخ مەحمود و هەندێ‌ مەسەلەی دی پەیوەست بە کوردەوە کراوە. لە بەشی سێیەم باس لە ڕەوشی رۆژنامەگەری کوردی لەدوای میجەرسۆن کراوە.

میجەرسۆن و زمانی کوردی:

میجەرسۆن لەساڵی 1898 بە پلەی شەرەف زانکۆی کامبریج تەواو دەکا. زۆر ئارەزووی زمانی رۆژهەڵاتیەکانی هەبووە. دام و دەزگای دەوڵەتی بەریتانی بۆ ئەوەی سود لەکەسانی وەک سۆن ببینێت، لە ساڵی 1902 سۆن دەنێرێتە ئێران، لەوێ‌ هەر بە ساڵێک فێری زمانی فارسی دەبێ‌.(1) بۆ ئەوەی زیاتر لەئێران و کوردستان جێی خۆی بکاتەوە، لە ساڵی 1905 بەساختە موسڵمانبوونی خۆی ڕادەگەیەنێ‌.
لە بەشەکوردستانی بندەستی ئێراندا خۆی فێری زمانی کوردی دەکا. بەحوکمی ئەوەی فارسی و کوردی دەزانێ‌، بۆیە دەتوانێ‌ بە ئاسانی خۆی بگەیەنێتە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە. لە کوردستان ناوی دەگۆڕێ‌ و ناوی خۆی دەکا بە میرزا غولام حوسێنی شیرازی. ناوەکە تەواو فارسیە. بەم ناوە لە هەڵەبجە دەبێتە دۆستی عوسمان پاشای جاف و عادیلە خانم. زۆر هاموشۆی خەڵکی کردووە، چۆتە هەموو دیوەخان و مزگەوت و بازاڕێک بەجۆرێ‌ دەڵێ‌ “میستەر سۆن سەری بچوایە نوێژ و ڕۆژی نەدەچوو”.(2)
مێجەرسۆن لەو گەشتەیدا کە خۆی ناوی ناوە گەشتێکی شاراوە بەرەو میسۆپۆتامیا و کوردستان، زانیارییەکی زۆری لەبارەی زمان و داب و نەرێت و ڕەوشت و ئاکاری کوردەوە کۆکردۆتەوە.

لە دوو هەڵوێستدا، عوسمان پاشای جاف گومان لە کوردێتی سۆن دەکا. یەکەم عوسمان پاشا فەڕەنسی دەزانی و کتێبی فەڕەنسی دەخوێندەوە، جارێکیان سۆن پرسیاری لێ دەکا دەڵێ‌ جەنابتان کتێبی فەڕەنسی دەخوێننەوە؟ ئێوە فەڕەنسی زانن؟ یەکسەر عوسمان پاشا لێی دەپرسێ‌ تۆ چۆن دەزانی ئەم کتێبە فەڕەنسیە؟ سۆن لە وەڵامدا دەڵێ‌ من پێشتر لای پیاوێکی فەڕەنسی ئیشم دەکرد، لەوێ‌ هەندێ‌ فەڕەنسی فێربوومە. بەڵام ئەم وەڵامە نەیتوانی تەواو گومانی عوسمان پاشا لەسەر سۆن لاببا.
“، یەکسەر گومانەکەی عوسمان پاشا دەبێ‌ بە یەقین، بۆیە لەلای خۆی دەری دەکات و (3) پاش ماوەیەک بەدزی بەرێگەی پردێ‌- کەرکوک بەرەو بەغدا دەچێت و، لەوێشەوە دەگەڕێتەوە.ONدووەم جارێک لەنێوان سۆن و عوسمان پاشا گەنگەشە لە سەر شتێ‌ دەبێ‌، سۆن لەبریتی بڵێ‌ “نا” دەڵێ‌ “نۆ
لە سەردەمی جەنگی جیهانی دا 1914-1918 جارێکی تر مێجەرسۆن لەعێراق بەدەرکەوتەوە، کە ئینگلیز لە 11/3/1917 بەغدای داگیرکرد، رۆژنامەیەکی بەناوی (العرب) لە 4/7/1917 دەرکرد. لەپاش ئەوەی هێزی داگیرکاری ئینگلیز لەخوارووی کوردستان نزیک بوەوە ئەو لە بەغدا لە 1/1/1918 رۆژنامەیەکی بەناوی (تێگەیشتنی راستی) بڵاوکردەوە. لەژێر ناوی رۆژنامەکەدا نووسراوە: “رۆژنامەیەکی سیاسی و ئیجتیماعی و خادیمی یەکبون و سەربەستی کوردانە”.(4) زۆربەی توێژەرەوانی کورد لەو باوەڕەدان کە ئەو رۆژنامەیە مێجەرسۆن و شوکری فەزڵی دەریان کردووە. هەر بۆ زیاتر دڵنیابوون لە سەر ڕۆڵی سۆن لەو رۆژنامەیەدا ئەوا ئیدمۆنز لە وەڵامی نامەیەک بۆ تۆفیق وەهبی دەنووسێ‌: “تێگەیشتنی راستی ئۆرگانی پڕوپاگندەی سیاسی بەریتانی بوو، میستەر سۆن سەرپەرشتی دەکرد”.
لە 1/1/1918 هەتا 27/1/1919 شەست و حەوت ژمارە لەو رۆژنامەیە دەرچووە. سۆن ئەزموونێکی باشی لە تێگەیشتنی راستی وەرگرت، پاش ئەوەی راپەڕینەکەی شێخ مەحمود لەمانگی حوزەیرانی 1919 هەرەسی هێنا، سۆن بووە حاکمی راستەوخۆی سلێمانی و لە نیسانی 1920 هەتا تەمووزی 1922 سەد و هەژدە ژمارەی لە رۆژنامەی (پێشکەوتن) دەرکرد، لەو ماوەیەدا رۆڵی بەرچاوی سۆن لەبواری گرنگیدان بەزمانی کوردی دەردەکەوێ‌.

1- چاپخانەیەکی بە پیتی عەرەبی هێنا بۆ سلێمانی و رۆژنامەی پێشکەوتنی پێ‌ دەردەکرد لەپاشان هەر بەو چاپخانەیە رۆژنامەکانی دی سلێمانی وەک بانگی کوردستان و رۆژی کوردستان و بانگی هەق و ئومێدی ئیستقلال و ژیانەوە… دەرچوون.
2- زمانی کوردی کردە زمانی فەرمی لە سلێمانی هەتا فەرمانێکی دەرکرد کە دەبێت ناوی شار بە (سلێمانی) بنوسرێ‌ نەک (سلیمانیە).
3- لەپێناو پاککردنەوەی زمانی کوردی لە پەیڤی عەرەبی و تورکی و فارسی ئەو لە پێشکەوتن کێبڕکێیەکی راگەیاند بۆ یەکەم و دووەم و سێیەم خەڵاتی دانا.(5)
لەبواری نووسینیش، ئەوا سۆن لە قۆناعی پێش و پاش جەنگ ئەم نووسینانەی لەبارەی زمانی کوردیەوە بڵاوکردۆتەوە:

1. Kurdish Grammar (Grammar of Kurdmanji of Kurdish language) London 1913.
2. Elemenemtray Kurmanji Grammar (Sulaimania district) 1919
3. A Siuthern Kurdish Fork song in kermanshani dialect، journal of Royal Asiatic soliety 1909 jan. pp 35-51.
4. Notes on a Kurdish dialect، Sulaimania.(6)

گەواهی هەندێ‌ لە توێژەرانی کورد
لەبارەی کوردیزانی سۆن:

1- موحەممەد زەکی مێژوونووسی کورد لە (خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) دەنووسێ‌: “بەقەد کوردێک کوردی ئەزانی و لە عالمێکی کورد زیاتر شارەزای زمانی کوردی بوو”.
2- د. کەمال مەزهەری مێژوونووسیش لە (تێگەیشتنی ڕاستی) دا دەنووسێ‌: “کوردی زانینی سۆن گەیشتبووە رادەیەک قورئانی پیرۆزی بە باشی وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی”.(7)
هەر لەو بارەیەوە جارێکیان سۆن بە بەردەمی چایخانەیەکی سلێمانیدا تێدەپەڕێ‌ و دەبینێ‌ زۆرکەس بە قومارەوە خەریکن، یەکسەر وتارێ‌ بەناوی خۆیەوە لە (پێشکەوتن) بڵاودەکاتەوە و تێیدا دەڵێ‌:
“دەڵێم ئەم یاری یانە لەسەر پارە یان چایی بێ‌ یاخود لەسەر هەرچی شتێکی تر بێ‌ قومارە، فەرقێکیان لەنێواندا نی یە، لە قورئانی پیرۆزدا بێژراوە: (یسڕلونک عن الخمر والمیسر قل فیهما اپم کبیر ومنافع للناس وڕپمهما ڕکبر من نفعهما) یەعنی (لەتۆ دەپرسن لە مەی و قومار بڵی لەو دوانەدا زیانی گەورە و قازانج هەیە، بەڵام زیانیان زۆرترە لە قازانجیان)، دیسان قورئان دەفەۆموێت: (إنما یرید الشیگان ڕن یوقغ بینکم العداوە والبغچا‌و فی الخمر والمیسر ویدعکم عن ژکر الله وعن الێلوات) یەعنی (جگە لەمە نی یە کە شەیتان دەیەوێ‌ لەناوتانا دوژمنی و رق بخاتەوەو بەمەی و قومار تێوە بهێڵێتەوە لە زکری خوا و لەنوێژ).”(8)
ئەمە وەنەبێ‌ سۆن مەبەستی بوبێ‌ لاوی کورد لەزیانی قومار و مەی ئاگادار بکاتەوە، بەڵکو ئەو وەک دەوڵەتەکەی دووفاقیەتی بەکار دەهێنا، ئەگەرنا ئەو لەلایەک باسی زیانی قومار و مەی دەکا، لەلایەکی تر هەر لەناو سلێمانی لە بیستەکان بەڕەسمی (تیاترۆخانە)ی کردۆتەوە. شێخ لەتیف لە یاداشتەکانی دا دەنووسێ‌: “سۆن زۆر رەوشت نزم بوو، بەهەر لایەکدا بڕۆیشتایە سێ‌ ئافرەتی ڕەوشت نزمی لەگەلڕ خۆیدا دەبرد و جوانترین جلوبەرکی لەبەر دەکردن، تیاترۆخانەیەکی گشتی کردەوە بۆ ئەوەی رەوشتی خەڵکی پێ‌ بێنێتە خوارێ‌”.(9)
واچاکە ئێستاش ئاگاداری ئەو هەڵمەتی بەدڕەوشت کردنەی کوردستان بین کە بەرنامەی دوژمنانە.

3- ئەحمەد خواجەی مێژوونووس لە (چیم دی) دا دەنووسێ‌: “پیاوێکی سیاسی، زیرەک، لە فارسی و کوردی زمان زان، ئارەزووی بەرزکردنەوەی زمانی کوردی ئەکرد، چەند نووسراوێکی دەست نووسی زۆر بەنرخی خۆی بەکوردی بەجێ‌ هێشت لەزمانی کوردی بەزۆر شێوە و لە هەورامی و فارسی زۆر شارەزابوو”.(10)
4- عەلی باپیر ئاغا، وەک خۆی دەڵێ‌ بە کاتب لای میجەرسۆن لە سلێمانی دامەزراوە. رۆژێکیان مێجەرسۆن بە عەلی کەمال دەڵێ‌: دەزانی من کوردی و فارسی لەتۆ باشتر دەزانم؟ عەلی کەمال دەڵێ‌: “سۆن پێی وتم: من پارچە شیعرێکی فارسیت دەدەمێ‌ بۆم بکە بە کوردی. گەر بە هەڵە وەرت نەگێڕایە سەر زمانی کوردی ئەوە من ئەم قاپووتە نایابەی خۆمت لەگەلڕ بیست ڕوپیە پێشکەش دەکەم، خۆ ئەگەر نەتتوانی کارەکە ئەنجام بدەیت یان هەڵەت تیاکرد، دەبێ‌ تۆ گەواهی بۆ من بدەیت کە لەو بوارەدا لەتۆ زاناترم”.

عەلی کەمال رۆشنبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بوو، کوردی و فارسی زۆر بەباشی دەزانی، بۆیە بێ‌ سڵەمینەوە بە بەریکانێ‌ یە رازی دەبێ‌ و شیعرەکە بۆ رۆژی پاشتر بۆ کوردی وەردەگێڕێ‌ و دەیداتە سۆن، سۆن لە وەڵامدا دەڵێ‌ عەلی ئەفەندی دۆڕاندت، عەلی کەمالیش سەرسام دەبێ‌ چونکە ئەو هەموو بەهرەو توانای خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بەریکانێیەکە بباتەوە. سۆن دەڵێ‌: “من دەستخۆشیت لێ دەکەم شیعرەکەت زۆر بەجوانی وەرگێڕاوەتە سەر شێوەی کوردی، بەڵام لەکۆتاییدا نووسیوتە: (ساحێبی)، ئەم هەڵبەستە (سەعدی شیرازی)یە. ئەم زاراوەیە (ساحێب) کوردی نییە عەرەبییە، دەبوایە تۆ لەباتی ئەوە بتنووسیایە (خاوەن) یان (خاوەنی)، ئەمە کوردییەکی رەسەنی شێوەی سلێمانییە”.
کە ئەمانەم بیست هەر بەپێوە وشک بووم، دوای تاوێک سەرسامی دەستم لە گەردنی خۆم داو وتم ئەشهەدو تۆ کوردی لەمن باشتر دەزانی و تۆ براوە و من دۆڕام”.(11)

قۆناغی دوای مێجەرسۆن و رۆژنامەگەری کوردی

لەپاش هەڵاتنی مێجەرسۆنی حاکمی موتڵەقی سلێمانی، هەرچەندە هەندێ‌ نووسەرو فەرمانبەری رۆژنامەی (پێشکەوتن) لەگەلڕ مێجەرسۆن چوون بۆ کەرکوک، هەروەها مێجەرسۆن پیلێکی چاپخانەکەی دەرهێنا، بەڵام ئەو چاپخانەیە رۆڵێکی زۆر گرنگی بینیوە لە رەوتی رۆژنامەگەری کوردیدا بەجۆرێ‌ حکومەتی کوردی سێ‌ رۆژنامەی زمانحاڵی خۆی بەو چاپخانەیە چاپکردوەو بابەتەکانی ئەو رۆژنامانە بەشێک لەمێژووی سیاسی و کەلتووری ئێمە دەنوێنن.

لە سلێمانی رێکخراوێکی سیاسی هەبوو ناوی (جەمعیەتی کوردستان) بوو، مستەفا پاشا یاموڵکی لە تەموزی 1922 سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە بوو. هەرکە مێجەرسۆن لە ئەیلولی 1922 سلێمانی بەجێهێشت و شێخ مەحمود حکومەتێکی کوردی دامەزراند، مستەفاپاشا یاموڵکی ئیمتیازی رۆژنامەیەکی بەناوی (بانگی کوردستان) وەک زمانحاڵی کۆمەڵەکەی وەرگرت و خۆیشی بووە بەڕێوەبەری بەرپرس و سەرنووسەر.

یەکەم ژمارەی رۆژنامەی بانگی کوردستان لە 2/8/1922 هەتا 3/11/1922 سێزدە ژمارەی لێدەرچووە، ماوەیەک لەجیاتی ئەم رۆژنامەیە، شێخ نوری شێخ ساڵحی شاعیر، رۆژنامەی (رۆژی کوردستان)ی وەک زمانحاڵی حکومەتی دووەمی کوردستان دەرکردووە. یەکەم ژمارەی ئەم رۆژنامەیە لە 15/11/1922 دەرچووە، دواژمارەش (ژمارە 15) لە 3/3/1923 درچووە.
لەپاشان (رۆژی کوردستان) چیتر دەرنەچوو، بەڵام موستەفا پاشای یاموڵکی ژمارەی (14)ی بانگی کوردستانی دەرکردووە. هەر مستەفا پاشا سێ‌ ژمارەی تری (بانگی کوردستان) ی لە بەغدا دەرکردووە.
لەپاش ئەوەی حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود لەسلێمانی دەڕوخێ‌، شێخ ناچار دەبێ‌ بچێتە شاخ، لەوێ‌ رۆژنامەی (بانگی هەق) وەک یەکەم رۆژنامەی شاخ دەردەکات. یەکەم ژمارەی (بانگ هەق) یاخود (بانگی هەق) لە 28/مارتی 1923 دەرچووە، لەبەر ئەوەی ئەم رۆژنامەیە زمانحاڵی ئۆردوی کوردستان بووە، بۆیە ئەو ژمارەیە تەنیا یەک وتار بووەو ئەویش بریتی بووە لە چەند هەوالڕ و ئاگادارییەک بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان.
گرنگە کورتە ئاماژەیەک بۆ ئەو ژمارەیەی (بانگی هەق) بکەین. ئەو ژمارەیە تژی بووە لە چەندەها ئایەتی قورئانی وەک (انما المۆمنون إخوە) و (ولا تحزن ان الله معنا) و (ومالنێر الا من عند الله). ئەم رۆژنامەیە تەنیا دوو ژمارەی سەربەخۆی لێدەرچووە، دواژمارەی (کە هەندێ‌ بە ژمارە سێی دادەنێن) لە 12/4/1923 دەرچووە. هەرچی ژمارە دووە، چاپ نەکراوەو لەهیچ شوێنێ‌ بڵاو نەکراوەتەوە.

جارێکی تر کە شێخ مەحمود توانی بێتەوە سلێمانی، رۆناکبیرانی ئەوسا وەک رەفیق حیلمی، ئەحمەد خواجە، ئەحمەد ێبری، حسێن کازم سەرقاڵی دەرکردنی رۆژنامەیەکی تر بوون.
رەفیق حیلمی خۆی دەنووسێ‌: “دوای هاتنەوەی شێخ مەحمود بۆ سلێمانی (بانگی کوردستان) بەینێکی تر بڵاوکرایەوە. ئینجا لەجێی ئەو رۆژنامەی (ئومێدی ئیستقلال) هاتە بڵاوکردنەوە.”. لەو ماوەیەدا تەنیا ژمارە (14)ی بانگی کوردستان بڵاوکراوەتەوە. مستەفا یاموڵکی بەتەنیا لە 8/6/1923 دەریکردووە.

ئومێدی ئیستقلال دوا رۆژنامەی زمان حاڵی حکومەتەکانی شێخ مەحمود بووە. ئەو رۆژنامەیە (25) ژمارەی لێدەرچووە، ژمارەی یەکەمی لە 20/9/1923 بووە، دوا ژمارەشی لە 25/5/1924 بووە.
ئەو پێنج رۆژنامەیە (پێشکەوتن، بانگی کوردستان، رۆژی کوردستان، بانگی هەق، ئومێدی ئیستقلال)، وەرچەرخانێکی گرنگیان لەمێژووی شاری سلێمانیدا بەرپاکرد. لەدوای ئەو رۆژنامانە چەندەها رۆژنامەی تر وەک (ژیانەوە)، (ژیان) و (ژین) لە بیستەکانی سەدەی بیستەم دەرچوونە. هەر ئەو رۆژنامانەش وای لە نوسەرانی سلێمانی کرد کە شارەکەی خۆیان بە پایتەختی رۆناکبیری بزانن.
لەکۆتایییدا، ئەگەر مێجەرسۆن بە چەندەها مەبەست و ئامانجی سیاسی چاپخانەی هێنایە سلێمانی و یەکەم رۆژنامەی کوردی لەو شارە دەرکرد، ئەوە ئەو کارەی ئەو بە بەرژەوەندی ژیانی رۆژنامەڤانیی کوردی تەواو بوو.

به‌راوردی ڕۆژنامه‌ی كوردستان ده‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن

له‌ نێوان هه‌ردوو ڕۆژنامه‌كه‌دا 22 ساڵ هه‌یه‌ ، به‌ڵام جیاوازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌. ڕاسته‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستان ڕۆژنامه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو ، به‌ڵام ڕۆژنامه‌كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕادیكال نه‌بوو ، به‌ڵكو ڕۆژنامه‌یه‌كی ڕیفۆرمی بوو. نه‌یده‌ویست له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی جیا ببێته‌وه‌ هه‌تا پاش چه‌ند ژماره‌یه‌ك میقداد به‌درخان له‌ ڕۆژنامه‌كه‌ نه‌ما، گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت ، وه‌ك دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵیش ده‌ڵێت : عه‌بدولره‌حمان بدرخان ڕۆژنامه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ ، خودی عه‌بدولره‌حمان بدرخان خۆی وه‌ك عه‌بدوڵڵا جه‌وده‌ت ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی توركه‌ لاوه‌كان بوو !
ڕۆژنامه‌ی كوردستان ڕۆژنامه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بوو ، له‌ ڕووی ئه‌ته‌كیه‌تی ڕۆژنامه‌ییه‌وه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌ری نه‌بوو هه‌روه‌ها له‌ ڕووی ڕادیكالیه‌وه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌ی عوسمانی شه‌ریف پاشا نه‌بوو.
لێره‌دا ڕه‌وشی ده‌ربه‌ده‌ری و كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له‌ به‌ر چاو بگرین ، چونكه‌ دوو فاكته‌ره‌ ده‌وریان هه‌بوو له‌ سه‌ر شوناسی ڕۆژنامه‌كه‌. هه‌ر ئه‌و دوو فاكته‌ره‌ش ده‌وریان هه‌بوو له‌ سه‌ر به‌رده‌وام نه‌بوونی ڕۆژنامه‌كه‌.
له‌ كۆتاییه‌كانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ، سۆن و شوكری فه‌زلی له‌ به‌غدا له‌ ساڵی 1918 ڕۆژنامه‌یه‌كیان به‌ناوی ” تێگه‌یشتنی ڕاستی ” له‌ به‌غدا به‌ كوردی ده‌ركرد. له‌ دوای ڕووخاندنی حوكمداری شێخ مه‌حموود ، مێجه‌ر سۆن بووه‌ حاكمی سلێمانی و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی له‌ سلێمانی به‌ناوی پێشكه‌وتن یا پێشكه‌وتنی سلێمانی ده‌ركرد .

ئامانجی ڕۆژنامه‌كه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی لایه‌نگرانی شێخ مه‌حموود و ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له‌ دۆزی كوردی . مێجه‌ر سۆن ده‌یویست ناسیونالیزمێكی مه‌ده‌نی له‌ پیاوماقووڵ و ڕۆشنبیرانی كورد له‌ ژێر سایه‌ی حوكمڕانی ئینگلیز پێكبێنێت.
ڕاسته‌ مێجه‌ر سۆن هه‌موو شتێكی له‌ پێناو ئینگلیز كرد و ده‌یویست كوردانێكی گوێڕایه‌ڵ بۆ ئینگلیز بنیات بنێ و شێخ مه‌حموودێكی ئینگلیز دۆست له‌ رۆشنبیرانی كورد دروست بكات.
ده‌توانم بڵێم له‌ رووی كۆنتێكستی جیوگرافی و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ ، ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن زیاتر كوردستانی بوو، به‌ڵام رۆنامه‌ی كوردستان رۆژنامه‌ی دیاسپۆرای كورد بوو .

Previous
Next

Leave a Reply