Skip to Content

یادکردنەوەی ڕۆژی کرێکاران، وەبیرهێناوەی مارکسە، کە پیشانیداین سەرمایەداری چییە

یادکردنەوەی ڕۆژی کرێکاران، وەبیرهێناوەی مارکسە، کە پیشانیداین سەرمایەداری چییە

Closed
by نیسان 30, 2017 General, Opinion, Slider

نووسینی: گاڤین ماککریا
لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

هەموو ساڵێک، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، تارماییی یادەوەرییەک خۆی پیشانی ئێمە دەدا: تارمایی کارل مارکس. ئەو تارمایییەی مارکس لە ساڵی ١٨٨٩ەوە، کە ئینتەرناسیۆنالی دووەم، یەکی ئایاری وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران هەڵبژارد، لەو کاتەوە هەموو ساڵێک خۆی پیشانمان دەدا. هەرچەندە ئێمە لەوە تێدەگەین، ئەو لێرەبوونەی مارکس هۆشە لە پشتی نومایشەوە، بەڵام ئێمە حەزناکەین ئەو تارمایییە بە دیار سەرمانەوە بێت. ئاخر لێرەبوونی مارکس ئێمە نائاسودە دەکا، چونکە ئەو شتە سەخت و گرانەکان دەهێنێتەوە یادمان.

بەدرێژایی ساڵانێک، ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دا بۆ دوورخستنەوەی تارمایی مارکس. هیتلەر لەژێر ناوی ڕۆژێک بۆ کارکردنی نیشتیمانی، مارکسی ناشت؛ گۆرباتشۆف لەنێو ڕیزی ڕێڕۆیشتن، ڕێپێوان و نومایشدا مارکسی شاردەوە. کڵێسەی کاسۆلیکی وەک یوسف (Joseph)، وەک قەشە و پێغەمبەری کرێکاران گۆڕان بە مارکس دەدات. فرانکۆ، وەک لە یاسالادەرێك بەتەواوی مارکس قەدەغە دەکات. هەندێ وڵات بەڕێی پشووی فەرمییەوە، مارکس ساتاردەکەن؛ ئەوانی دی، وەک بەریتانیا و ئیرلەندا، ئەو دەشێوێنن لەگەڵ یەکەم دووشەممەی مانگی ئایاردا. ئێستا کاتییەتی، ئێمە دەبێ ئەو تارمایییە قبووڵ بکەین: ڕۆژی کرێکاران ڕۆژی مارکسە، جا ئێمە حەزی پێ بکەین یان نا.

ڕۆژی کرێکاران دەتوانێ چی بۆ ئێمە بکا، ئەو ڕۆژە بە بیرمان دەهێنێتەوە، کە مارکس هێشتاش لێرەیە، لەنێو هۆشماندا زیندووە. هەرچەندە کۆمۆنیزم وەک سیستەمێکی سیاسی کاتی بەسەرچووە، بەڵام مارکس بە بەهێزییەوە لەنێو زمان و هزرینماندا ماوەتەوە. ئەمڕۆ ئاخاوتن سەبارەت بە پارە، ئیش، چین، یان حکوومەت چالاککردنەوە و زیندووکردنەوەی ئەو زمانەیە کە مارکس پێی دەئاخڤی. هۆشمان بەڕێی سیستەمێک (سەرمایەداری)ەوە، کە ئێمە تێیدا دەژین دیسپلینکراوە و ڕاهێنراوە، ئەوە تەنیا مارکسە دەسوێژ/ئامرازی هزرین لەبارەی ئەو سیستەمە بە ئێمە دەدات. مارکس بوو یارمەتی داین بۆ پێناسەکردنی سەرمایەداری وەک سەرمایەداری، مارکس بوو دەسوێژەکانی تاقیکردنەوەی سەرمایەداری پێداین و بێداری کردینەوە لە ڕۆڵی خۆمان لەنێو سەرمایەداریدا. مارکس بوو، کە ئێمەی کرد بە ”سەرمایەدار”.

مارکس_ من هیچ شتێکی ڕادیکاڵ لێرەدا ناڵێم_ سەرمایەدار بوو. ئەو کەمتر بە وێناکردنی جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤە) شیاوەکانی سەرمایەدارییەوە خەریک بوو، بەڵکو مارکس پتر خەریکی تاقیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی خودی سەرمایەداری بوو. مارکس کەسێکی دووربین (پێشبینیڤان) نەبوو (یان ئەگەر وەها بووبێ، ئەوا یەکێكی خراپ بوو) بەڵکو مارکس پتر شرۆڤەکار، ڕەخنەکار، و زانیاری پێدەر بوو. مارکس بەدرێژایی ژیانی، هزرینەکانی سەبارەت بە دەشێ کۆمۆنیزم چۆن بێ، بەناڕوونی مانەوە. لەبری ئەوە مارکس جەخت لەسەر سیستەمێك دەکا، کە لە ڕوانگەی ئەو هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە، لەنێو هزرین و ڕەفتارەکانمان و هەروەها لەنێو جیهانی ئەستووییشدا لێرەبوونی هەیە.

ئەو لە هەموو_شوێنێک_بوونەی سەرمایەداری، بۆ مارکس نەشیاوی لێ دەربازبوونە، ئەوە گەورەترین ڕوانگەی مارکسە. مارکس لەوە تێگەیشتبوو کە هەنگاونان ڕووەو دەرەوەی سەرمایەداری _بۆ هۆشی مرۆڤێک کە بەتەواوی بەڕێی خودی سەرمایەدارییەوە کۆنتڕۆڵکراوە_ نەشیاوە (مەحاڵە). ئێمە ناتوانین ئەوە هەڵببژێرین داخۆ لەگەڵ سەرمایەداریدا پەیوەندیمان هەبێ یان نا. (تەنانەت ئەوانەی کە لەژێر حوکمی ڕژێمە ”کۆمۆنیستەکان”یشدا ماونەتەوە ئەو هەڵبژارنەیان نییە.) سەرجەم ئەوەی دەتوانین بیکەین _کە زۆر گرینگیش نییە_ ئەوەیە بیربکەینەوە لەبارەی، داخۆ چ جۆرە پەیوەندییەکمان بە سەرمایەدارییەوە هەیە. وەک سەرمایەدار ئێمە چۆن دەهزرین؟ چۆن دەژین؟ چۆن ڕەفتار لەگەڵ سەرمایەدارانی دیکەدا دەکەین؟

کاتێك وەک باکگراوندێك بۆ نووسینی ڕۆمانەکەم خاتوو ئەنگڵس ”’Mrs Engels”، ماوەی ساڵێک خەریکی لێکۆڵینەوە بووم لەبارەی مارکس، بە وەڵامێکی پێشبینیکراو گەیشتم. من ژیانی کەسی مارکسم ڕووبەڕووی تیۆرییەکانی کردەوە و دادوەریم کرد، لە ئەنجامدا، زۆر توڕەبووم لە هایپۆکرایسی (واتا جوداوازی قسە و ڕەفتار؛ ئەوەی دەیڵێی ئەوە ناکەی. ن.س)ی مارکس. لێرەدا پیاو (مارکس)ێك هەیە کە ژیانێکی زۆر باش ژیاوە_ بۆرژوا، پارەکۆکەرەوە، پێگەخواز_ لە کاتێکدا، لە نووسینەکانیدا ڕقی لەو شتانە بووە. لێرەدا پیاو (مارکس)ێک هەیە شتێکی گۆتووە (کۆمۆنیزم) و شتێکی دیکەی کردووە (کەپیتەلیزم/سەرمایەداری).

هەرچەندە، کاتێك کتێبەکەم تەواوکرد، من ئاشتی و ئارامییەکی تازەم لەگەڵ مارکسدا دۆزییەوە، مارکسم خۆشویست و گەشەم بەو خۆشەویستییە دا. لە ڕاستیدا، ئەوەم بۆ دەرکەوت ئەو کەسەی بەڕاستی لێی توڕەبووم ئەوە خۆم بووم نەک مارکس.
بەڵێ، ئەوە ڕاستە کە بۆ مارکس گۆڕین دەشێ بەبێ گۆڕینی خودی خۆت ڕووبدا، بەڵام ئەمە بەتەواوی ئەوە نییە کە من چۆنم؟ من لە کایەی گشتی ڕقم لە ”بانکڤانەکان” نییە و لە کایەی خۆمەندیشدا لەگەڵ خەڵات و خۆشییەکاندابم؟ من ڕەخنەی نایەکسانی و چەوساندنەوە ناکەم، کاتێك بەبێدەنگی خۆزگە بە ئەوانە بخوازم کە پارە و دەسەڵاتیان هەیە؟ لە ڕاستیدا، داخۆ ئەو هایپۆکراسییە نییە لەنێو چەقی سەرمایەداریدا کە وەها دەکا دەسەڵاتی سەرمایەداری بمێنێتەوە؟ ڕەتکردنەوەی ئەوەی چۆن هەندێ لە سەرمایەدارەکان دەهزرن و ڕەفتاردەکەن، هەرچەندە، لە هەمان کاتدا، داوای لێبوردن بۆ شێوەکانی سەرمایەداری خۆمان بکەین_بۆ خۆمان چ بەشێکی سەرمایەداری هەڵدەبژێرین بۆ قبووڵکردن و چ بەشێکی بۆ ڕەتکردنەوە_ داخۆ ئەوە واتای بوون بە سەرمایەدار نییە؟ داخۆ لەبەر ئەوە نییە ئێمە بەبەردەوامی هەست بە نابەختیاری، نائاسوودەیی، سەختی و تۆمەتباری دەکەین، هەروەها بۆچی بانگی سەرمایەداری دەکەین (چیدیکە؟) تاکو وەها لە ئێمە بکا هەست بە باشتربوون بکەین؟

مارکس فێری کردم کە یەکەم هەنگاوی گۆڕین، ڕەنگە تەنانەت شۆڕش، ئەوەیە کە تێبینی بکەی. تێبینیکردنی چۆن سەرمایەداری گەشە بە هەردوو جیهانی دەوروبەرمان و جیهانی ناخەکیمان دەدات. تێبینیکردنی چۆن هزرین، کردار، و توانستەکانمان بەرهەمی سەرمایەدارین و لە بەرانبەردا، ئەوان چۆن بەڕێی سەرمایەدارییەوە بە سەرمایەداریکراون. بەڕێی تێبینیکردنی ئەو شتانەوە، ئێمە دەستدەکەین بە بینینی ئەو ڕێگایانەی کە ئێمە پتر ئارام و بەخشندەتر دەکەن بەرانبەر خودی سەرمایەداری خۆمان و بۆ سەرمایەدارانی دیکەش لە ژیانماندا.

Previous
Next
Kurdish