Skip to Content

خەراباتی کوردایەتیی و فاشیزمی  ئینفیصاڵییەکان … کامیار سابیر

خەراباتی کوردایەتیی و فاشیزمی ئینفیصاڵییەکان … کامیار سابیر

Closed
by ئه‌یلول 16, 2016 General, Opinion

ئارگیومێنت لەگەڵ حەماقەتەکانی ناسیۆنالیزمدا، بەتایبەتیی ناسیۆنالیزمی نەژادیی -کوردیی، ماندووبوون، ئەرک و توانایەکی سەرسوڕهێنەری دەوێت. لەسەروو هەمووشیانەوە، جەرائەتی دەوێت، جەرائەتێک کە تەحەدای هەژموونی هەشتا بۆ نەوەت ساڵ لە قوڕوچڵپاو، لە گەناوی ئەم فاشیزمە کولتووریی و کۆمەڵایەتییە بکات کە کوردایەتیی و مونەوەرەکانی ( لە سیاسیی و لە شاعیرەکان) بەدرێژایی ئەو مێژووە، تەخشانیان کردووە. ئێستاش، کۆمەڵێ ئەکادیمیست کە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، لە مرۆڤبوونی خستوون، بەهۆی رانتی نەوتەوە یان بەهۆی فاشیزمی جەهلەوە، چاویان سوور بووە، بە راستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ( بەنەیارەکانی پارتییشەوە)، خزمەتی پرۆژە فاشییەکەی ئەردۆغان و پارتیی ( دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە) دەکەن. راستییەکەی شەڕکردن لەگەڵ وەهمەکانی دەوڵەتی کوردیی و فشقیاتی ریفراندۆم و درۆودەلەسەکانی کوردایەتیی، بۆ شەڕی زۆرینەی عەوام و زۆرینەی نوخبەکانی کورد( لە هەردوو کوردستانی عێراق و ئێراندا) راتدەکێشێت.

هاوکات، دەبێ شەڕی کولتووری زاڵی سیاسیی، ئەدەبییاتی سیاسیی کوردایەتیی و وڕێنەی ئەو مێنتاڵیتییە شاعیرانەیە بکەیت کە باوەڕی هەر بە ببڕە و بە بکوژە هەیە، باوەڕی بە نەژادی خاوێنی کورد و پیسیی هەموو نەژادەکانی تر هەیە، باوەڕی بە مەعصومییەت و رەوایی هەموو سیاسییەکان و نوخبەکانی کورد هەیە و هەموو دونیا و چواردەوری گەلی کورد، بەئەهەریمەن دەزانێت. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، دەبێ شەڕی میلیاردێرەکانی کوردایەتیی، چەتەکانی دەوڵەتی کوردیی و ناسیۆنالیزمی ئەو ئەکادیمیستە هەرزەکارە سایبەرانە( cyber) بکەیت کە لەهەندەران و لە کوردستانەوە، بە هۆی رانت و بەرژەوەندییەوە بێت یان بەهۆی حەماقەتی کولتووریی و فاشیزمی سیاسییەوە بێت، تەغذییەی ئەم جۆرە فاشیزمە “سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی”ە دەکەن. سەرەنجامیش، دەبێ شەڕی ئەو فاشیزمە کولتووریی و فاشیزمە سیاسییەی هەموو ئەو ئەکادیمیستە بێ فیکر و نووسەرە جاهیلانە بکەیت کە دەڵێن” دەوڵەتی کوردیی، خەونی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە”! بەدەرلەوەی کوردستان، وەکو پارچەیەکی سەرتاسەریی سەیر دەکەن، یان لای کەم مەبەستیان لە کوردستانی ئێستای عێراقە؟، ئەمەیان مەگەر هەر ناسیۆنالیستە سایکۆپاثە psychopathic نێرجسییە کوردەکان، بیزانن؟

ئەلێکساندر سێلیڤانۆڤ( پسپۆر لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا) بۆچوونی لەسەر فاشیزم, بەمشێوەیەیە” گەنجەکان، رۆمانتیکانە تێی دەڕوانن، هیچی ئەوتۆی لەبارەوە نازانن، وەکو تەصەوفی سیاسیی سەیری دەکەن، بەلایانەوە شتێکی باشە، سیمۆڵیزمی تێدا دەبیننەوە، بەڵام لایەنە رەش و قەترانییەکەی، دۆزەخە ترسناکەکەی ئەودیو سنوورەکانی فاشیزم، نابینن”. ئێستا، هەمان بۆچوونی سێلیڤانۆڤ، وەکو کاڵا بە باڵای زۆربەی نووسەران و نوخبەی کوردییدا ببڕە، بە قولانج کەم و زیادی نییە. بەشێکی زۆری ئەوانەی داوای دەوڵەتی کوردیی، دەوڵەتی نەژادیی یان دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن، تەنیا لایەنە پۆزەتیڤ و عیرفانییەکانی دەبینن، لایەنە نێگەتیڤەکەی، فاشیزمە سیاسیی و فاشیزمە ئابوورییەکەی فەرامۆش دەکەن، یان عەقڵیان پێی ناشکێ. ئەوە، کارەساتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم فاشیزمە ئایدیۆلۆژیی و بیزنسە سیاسییە هەر مەپرسە کە من, فاشیزمی ئابووریی کوردایەتیی، پێدەڵێم. ئەمجۆرە لە نوخبە نەتەوەییەکان و فاشیستە نەژادییەکان، لەناو سیاسییەکان و ئەوانەی لە رەهەندە ئەکادیمیی و کولتوورییەکاندا کار دەکەن، توانای ئەوەیان هەیە، گەنجانێکی زۆر تووشی ئەم طاعونە کولتووریی و سیاسییانە بکەن و گەنجەکانیش وەکو سێلیڤانۆڤ پێیوایە، سیمبۆڵیزم لەمانەدا دەبیننەوە و دوای هەڵای فەخفەخە و کاریزمای وەهمیی دەکەون.

دەوڵەتی نەتەوەیی بە میثۆد و باکگراوندە نەژادییەکەی، هیچ گومانێک هەڵناگرێت ، بەرەو فاشیزم دەڕوات! ئەو پرۆسێسی دەوڵەتی نەتەوەییەی لە گەڵ دروستبوونی ناسیۆنالیزمەوە لە ئەوروپاوە سەری هەڵدا، لە زۆر شوێنی دونیا ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە-نەژادییانە، بەرەو دەوڵەتی نیشتمانیی, وەرچەرخاون. گڵۆباڵیزم و مۆدێرنیزم، کۆچی سەرتاپاگیر لەنێوان وڵاتەکاندا و تێکەڵبوونی نەژاد و نەتەوەکان، کەم تا زۆر، دەوڵەتی نەژادیی و نەتەوەیی، کاڵ کردووەتەوە. دەوڵەتی نیشتمانیی و دەوڵەتی هاووڵاتیی، بە مەبنای پێکەوەژیان, فرە کولتووریی، فرە دینیی، فرە نەژادیی و …فرە جڤاکیی جێگەی دەوڵەتە نەژادپەرستەکانی جاران کە دەوڵەتی نەتەوەییان پێدەگوترا، گرتووەتەوە. دیارە لێرەو لەوێ، بەتایبەتیی لە جیهانی عەرەبیی، ئیسلامیی، هەندێ وڵاتی ئەفریقا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناویندا، ئەم جۆرە فاشیزمەی دەوڵەتی نەتەوەیی، هێشتا ماوە. دەوڵەتی نەژادیی تورکیا، دەوڵەتی نەژادیی –عوروبیی عێراق و سوریا، هەرسێکیان کەم تا زۆر، سەریان لە کوانووەکانی فاشیزمەوە، دەرهەق بەگەلی کورد دەرهێنا. دیارە، فاشیزمی تورکیی لە تورکیا و فاشیزمی عوروبیی لە عێراق، ئەم سەرمەشقەیان بەتەواویی دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد و کێشە سیاسییەکەی، بە ئەنجام گەیاند. لە عێراقدا، هەرچەندە فاشیزمی عەرەبیی و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و تا رادەیەکیش پانعەرەبیزم، رۆڵی بەرچاویان لە کەمپەینەکانی ئەنفال و ژاربارانکردنی شارۆچکەو گوندەکانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام بەشێکی بەرچاو لەم وەحشییەتەی عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی-بەعثیی، بەرتەکی فاشیزمی کوردایەتیی و عەمالەتی کوردایەتیی بوو( ئەوکات بۆ ئێرانی شاهەنشاهیی و ئێرانی ئیسلامیی-شیعیی).

بۆچوونێک هەیە لەسەر پێوەندیی هەیمەنەت( هەژموونگەریی ) و فاشیزم، بەناوی موسۆلینی(Mussolini )ەوە، بە هەڵە و بە سایبەریی تۆمارکراوە. بۆچوونەکە بۆ ئارگیومێنتی کۆمەڵێ ئیکۆنۆمیستی فاشییەکان دەگەڕێتەوە و پێوەندیی بە موسۆلینییەوە نییە. بۆچوونە نەزانراوە ئابوورییەکە دەڵێ” دروستتر و گونجاوترە بە فاشیزم بگوترێ کۆپرەتیزم Corporatism، لە کاتێکدا، فاشیزم، تێکهەڵکێشییەکە لە نێوان دەوڵەت و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا”. ئەم دۆخی کۆپرەتیزمەی کوردایەتیی، ئەگەر بە هەلومەرجە سیاسیی و ئابوورییەکەی هەرێم، بەراوردی بکەیت، صەد لە صەد، ئەو فاشیزمە ئابوورییەی کوردایەتیی و ئەو ناسیۆنالیزمە نەژادییەی دەوڵەتی کوردییە کە زۆرجار جەختم لێکردووەتەوە. کۆمەڵێ چەتە و مافیای سەردەمی تەمەڕودی شاخ کە ناویان ناوە شۆڕش و قسەی قۆڕی کوردایەتیی، تەواوی جومگە سیاسیی، ئابووریی و دیپلۆماسییەکانی ئەو حکومەتە جەردەیەی هەرێمی کوردستانیان قۆرغ کردووە و لەنێوان دوو حیزبی میلیشیایی و چەتەگەرییدا، وەکو برا گەورە و برا بچووک، بەشیان کردووە. ئەم کۆپرەتیزمەی پارتیی و یەکێتیی، ئەم کۆپرەتیزمەی عەصابە نەتەوەیی و میلیشیاکانی کوردایەتیی،لە هەموو دونیای لیبراڵیزم و ئابووریی سەرمایەدارییدا وێنەی لە دڕندایەتیی و بێئەخلاقیی( نامۆراڵیی)دا نییە. بەلەبری دانانی ماتماتیکییش بێت، کۆپرەتیزمی دەوڵەتی کوردیی و فاشیزمی کوردایەتیی، هاوواتا، هاوکار و مانیفێستی یەکترن.

فاشیزمی کوردایەتیی، لەسەر کۆنسێپتگیریی(conceptualise) دەوڵەتی نەتەوەیی( نەیشن ستەیت) بە دروشمە بریقەدارەکانی resplendently و بە بەنجە ئیستیحمارییە کولتووریی و سیاسییەکانی، بەناوی خاکی باووباپیرانی کوردەوە ( Kurdish Fatherland)، شەرعییەتی مافیایی و میلیشیایی خۆی لەو هەموو حەماقەت، ئیستیحمارییە سیاسیی و کولتوورییە وەرگرتووە. لێرەشەوە، کۆپرەتیزمێکی زۆر وەحشییانەی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کورستاندا سەپاندووە. لەبەرامبەردا، هێشتا دەیان نووسەر و ئەوە دەعبایانەی پێیان دەگوترێ”رۆشنبیر” ، بێشەرمانە و جاهیلانە، غازاتی ئەوە بەردەدەن کە”دەوڵەتی کوردیی، خەونی هەموو کوردێکە، یان خەونی هەموو خەڵکی کوردستانە”! ئەم نەتەوە ئۆرگانییە Organic nation، ئەم رۆحە سیاسییە political ethos، ئەم خورافاتە ئایدیۆلۆژییە و ئەم نەشئە ناسیۆنالیستییە، بە ئاسمانی فەنتازیا نەژادییەکانیاندا، باڵیان پێدەگرێت و ئەوەندە بەرز دەبنەوە کە هیچ جیاوازییەک نابینن و هیچ بەربەرستێک، بەر بە خولیای حەزە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەوان ناگرێت. لێرەوەیە کە سەریان بە فاشیزم گەرم دەبێت و ئازادیی و رای پێچەوانە،لای ئەم جۆرە ناسیۆنالیست و فاشیستانە، لای ئەم ئەکادیمیستە نەتەوەیی و ئەم رۆشنبیرە رەیعییانە، مانایەکی نامێنێتەوە.

ئەم نەتەوە ئۆرگانییە، لە زمانی مایکڵ مان( Mann ) ەوە لە کتێبەکەیدا( فاشیستەکان- Fascists ) کە ئەو بە سۆسیۆلۆجیای فاشیزم ناوی دەبات، پێیوایە کە چوار سەرچاوەی سەرەکیی لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی ( Social power) لە ناو جڤاکە مرۆییەکاندا، کایە ( ئایدیۆلۆژیی، ئابووریی، عەسکەریی و سیاسیی)ەکان لەخۆدەگرن. هەروەها باوەڕی وایە بۆ ئەوەی فاشیزمی ئابووریی لە کۆمەڵگەدا جێکەوت بکەیت، پێویستت بەو چوار دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە دەبێت. بەتایبەتتریش کایەی ئایدیۆلۆژیی لەرێگەی کۆنترۆڵکردنی سیستەمی پڕوپاگەندەوە، کۆنترۆڵی تەواوی بەرهەمهێنان ،بازاڕ و بژێویی، وەکو کایەی ئابووریی، کۆنترۆڵی دەسگا عەسکەریی و ئەمنییەکان و دواهەمینیش وەکو کایەی سیاسیی، کۆنترۆڵی ئینستیتیوتە سیاسیی و دیپلۆماسییە لۆکاڵیی و ناوچەییەکان، دەگرێتەوە( Mann, 2004,pp5-9). ئەم کتێبە لە زانکۆی کامبریج، چاپکراوە، خوێنەر، بەئاسانیی لە نێتەوە، پێیدەگات.

باوەڕ ناکەم، فاشیزمی کوردایەتیی، هەر چوار کایەکەی لە فاشیزمەکەی موسۆلینی، باشتر کۆنترۆڵ نەکردبێت. لەهەمووشیان مەترسییدارتر، فاشیزمە ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی و فاشیزمە ئابوورییە قاچاغەکەیەتی کە کۆمەڵانی خەڵکی کورستانی پێ تەعذیب دەدات و مرۆڤی کوردی هێناوەتە ئاستێکی ئەوەندە نزمەوە کە دەبێت چاوی لەدەست و مەکرەمەی قائیدە دز و فاشیستەکانی کوردایەتیی بێت.مرۆڤی کورد، دەبێ چاوی لەوە بێت مەرحەمەتی پێبکەن و موچەی سێ چوار مانگ پێشتری ، بە یەک لەسەر سێی موچەکەی خۆی، بۆ دابین بکەن. بۆ ئەوەی باسەکە بە سەردێڕو مەغزای ئەم وتارەوە گرێ بدەینەوە، باس لە مۆبی نوخبە فاشیستەکانی کورد، لە مۆبی نەتەوەپەرستەکانی کورد و ئەو ئەکادیمیستە نەژادپەرست و فاشیستانە دەکەم کە وێڕای ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتە حیزبیی و شێخنشینییەکەی پارتییدا ناکۆکن، بەڵام بەهۆی جەهل و حەماقەتەوە بێت، یان بەهۆی بەرژەوەندیی و بەیعەتدانەوە بێت، هەموو ئۆتۆمبیلە سیاسیی و فیکرییەکانیان، مەکینەکەی مەسعود بارزانییان لەسەرە و تەنیا بۆدییەکەیان جیاوازە.

لەسەر ئەرضی واقیعیش، هەموویان خزمەت بە فاشیزمی کوردایەتیی دەکەن. راستییەکەی مێنتاڵیتیی و تێگەیشتنی بارزانیی بۆ دەوڵەتی کوردیی، دروستترە تا ئەم ئەکادیمیستە هەزیلە ئۆپۆزیسیۆنانە، چونکە لای کەم بارزانیی و پارتیی دەزانن چۆن بیزنس بەم کارتە نەتەوەییانەوە بکەن؟ دەزانن، کۆپرەتیزمی کوردایەتیی و موشتەقاتەکانی( ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی ) چۆن بەگەڕ بخەن بۆ ئەوەی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار قازانج بکەن ؟ هەروەها، دەشزانن چۆن هەلەکەسەما( بەزمانی شەعبیی) بەم ئەکادیمیستە ئەکت ناسیۆنالیست و مەغز فاشیستانە بکەن؟ ئەم بەراوردکارییە لەنێوان دەعباکانی” رۆشنبیران”ی کوردستانی عێراق( بەوانەی هەندەرانیشەوە) و صاڵیح موسلیم، لە کوردستانی سوریا دەکەم.

بەشێک لەم نەدیی بەدییەی ئەکادیمیست و نوخبانەی هەرێم، بەشێک لەم ناسیۆنالیستە فشەکار و نوخبە پۆپۆلیستانە، دەتوانن بڵێن صاڵیح موسلیم، ئاستی خوێنەوارییەکەی زۆر نییە، ئەکادیمیی نەیخوێندووە! توێژینەوەی نەکردووە، سەر بەنەوەی کۆنە و …دەیان خۆهەڵکێشانی تر. فەرموون بەراوردی ئەم دوو هەڵوێستە بکەن، بەڵام کاژی ناسیۆنالیزمت فڕێ نەدابێت، کاژی تەقدیسکردنی نەژادی کوردت فڕێ نەدابێت و مەغزت بە نەخۆشیی ناسیۆنالیزم، ئالوودە بووبێت و لە ئیستیحماری کوردایەتییدا، خۆت بگەوزێنیت و کەرەکەری دەوڵەتی کوردیی، بەری نەدابێتی، لەم بەراوردکارییە تێناگەیت. ئەوە وێڕای ئەوەی تۆلێرانسی فیکریی، جورئەتی سیاسیی، عەقڵانییبوون و واقیعییبوونیشی دەوێت.

سەرەتای سێپتێمبەری ٢٠١٦، صاڵح موسلیم لە ئەڵمانیا لە شاری Koln، لەناو ئاپۆڕەیەکی گەورەی جەماوەرییدا، بە سێ زمان( کوردیی، عەرەبیی وتورکیی) گوتاری دا. لەو وتارەدا بەئاشکرا، بەوپەڕی شەفافییەتەوە، روو بە میدیاکان، روو بە رای گشتیی کورد و جیهان، رایگەیاند ئەوان، وەکو کوردەکانی سوریا، پرۆژەی ئینفیصاڵییان( جوداخوازیی) نییە. ئەو بە ئاشکرا و بەوپەڕی جورئەتی سیاسییەوە دەڵێ با عەرەبەکان لە ئێمە نەترسێن، ئێمە ئینفیصاڵیی نیین. هەروەها دەڵێ، ئێمە دەمانەوێ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەش ئازاد بن، ئێمە دەمانەوێ لە چوارچێوەی پرۆسێسێکی دیمۆکراتییدا، هەموومان ئازاد بین. ئێمە داکۆکیی لە مافی مرۆڤ دەکەین و داوای برایەتیی گەلان و پێکەوەژیان دەکەین. ناوەڕۆکی قسەکانی بەهەر سێ زمانەکە، یەکجۆر بوو. بە پێچەوانەی میدیای فاشیزمی کوردایەتییەوە، هەمیشە کۆنتێکستە کوردییەکان، لە تەرجەمەی زمانە بیانییەکان، جودان. بۆ عەوامی کورد شتێک دەڵێن و بۆ میدیا ئیقلیمیی و جیهانییەکانیش شتێکی تر دەڵێن.

بەو حوکمەی لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی و دەوڵەتی کوردیی، زۆر دەنووسم، گەنجێک، دێڕێکی بۆم نووسیبوو، بەمشێوەیە” دیارە ئەوانەی بەردەوام دەڵێن، دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە، ئێمە بە غەیرە کورد دەزانن!”. ئەگەر بێیت باکگراوندە فیکریی، مەعریفیی، ئینسانیی و سیاسییەکەی پشت ئەو رستەیە بخوێننەوە، ئەوکات تێدەگەن، بۆچی دەڵێم هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئەو دەربڕینەدان” دەوڵەتی کوردیی، خەونی هەموو کورێکە”، جۆرێک لە فاشیزمی جەهل و حەماقەتی سیاسییان تێدایە؟ ئەوسا تێدەگەن کە بوختان ناکەم، کاتێ دەڵێم، سەرەڕای ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئەم ئەکادیمیست و نوخبانەی نەیاری دەسەڵاتی پارتیین، بەڵام هەموویان هەمان مەغز و هەمان مەکینەی مەسعودبارزانییان لەسەرە و هەموویان لە ژێر زەبرە سیاسیی، کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەتی کوردیی و ریفراندۆمی ساختە و بیزنسی چەتەگەریی( ئابووریی سەربەخۆ)دا، بە قولانج جیاوازتر لە کادیرە موحەسەنەکانی پارتیی، بیر ناکەنەوە.

ئێستا با بۆ مەغزای پشت ئەم رستەیە( ئێمە بە غەیرە کورد، دەزانن) بگەڕێینەوە! کاتێ ئەم جۆرە نوخبانە ، نۆکاوی کوردایەتیی زۆر دەخۆن ، بەردەوام غازاتی ئەوە بەر دەدەن و دەڵێن” دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو خەڵکی کوردستانە”. ئایا چەند لەگەڵ واقیعی سیاسیی و جیۆگرافیای کوردستان و ژمارەی کوردیشدا یەک دەگرێتەوە؟ ئەگەر لە کوردستانی عێراقەوە، سەیری بکەین، دەیان هەزار، بگرە صەدان هەزار کەس، لە چەشنی کامیار سابیر نابینن کە جڕت بۆ دەوڵەتی کوردیی رادەکێشن و قەشمەریی بەناسیۆنالیزمی نەوت و سەگوەڕی ریفڕاندۆم و هەموو ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی دەکەن؟ نیو میلیۆن گەنج نابینن کە هەموو خوزیعبەلاتەکانی کوردایەتیی، بەر نوکە شەق دەدەن! دوو میلیۆن خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت نابینن کە هەموو “کەرەکەر”ییەکانی دەوڵەتی کوردیی، بە قوربانی ژیانێکی باشتر، ئازادتر وبەکەرامەتتر، دەکەن؟

ئەگەر لە ئاستی پارچەکانی تری کوردستانیشدا سەیری بکەیت، زۆرینەی رەهای کوردی کوردستانی تورکیا و سوریا، لە ئەتمۆسفیری سیاسیی و فیکریی پەکەکەدایە و ئەوانیش بەئاشکرا دەوڵەتی نەتەوەییان بەر نەفرەت داوە، بە دەوڵەتی دزەکانی کوردایەتییشەوە( دەوڵەتی کوردیی). کوردەکانی سوریا، جگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت کە مورتەزیقەی موئەسەسەی کوردایەتیی هەرێمن، بە شەفافیی و بە عەقڵانییەوە، نەفرەتیان لە دەوڵەتی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی کردووە. لە کوردستانی تورکیاشدا، بەهۆی هەژموونی فیکریی و سیاسیی پەکەکەوە، میز بە دەوڵەتی کوردیی و بەو عەقڵە نەخۆشە ناسیۆنالیستییە نەژادییەدا دەکەن کە نوخبە مۆبەکانی کوردستانی عێراق( بەوانەی تاراوگەشەوە)، قیڕەقیڕەی بۆ دەکەن، یان گلەیی لە بارزانیی دەکەن کە گاڵتەیان لەگەڵدا دەکات و بەجدیی، هەوڵ بۆ دەوڵەت دروستکردن! نادات.

کاتێ حەماس و حەماوەی کوردایەتیی، جڵەوت شل بکات و هەروا بە ئاسانیی بەسەر زارتدا بێت و بڵێی دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە، وەکو داتا وئامار، بە ژمارە و بە جیۆگرافیای کوردستانەکانیش بێت، هەڵگرانی ئەم نەخۆشییە نەژادییە و ئەم ڤایرۆسی نەتەوەپەرستییە، نەک هەر بەدرۆ دەکەونەوە، بەڵکو رێک دەکەونە خانەی فاشیزم و راسیزمەوە. فاشیستن، چونکە بەهۆی کڵپەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە، بەرچاویان رەش بووە، عەقڵیان ئیستیحمار بووە، لەخۆیانەوە درۆ بەناوی هەموو کوردەوە دەکەن یان زۆرینەی گەلی کورد، دەخەنە خانەی بیرکردنەوە نەخۆشەکانی خۆیانەوە. راسیستیشن، چونکە ئەم هەڵاواردنە گەورەیە، ئەم فەضیڵەتە سیاسییە نەخۆشە بەسەر زۆرینەدا دەسەپێنن و رای زۆرینەی کوردیش، رەت دەکەنەوە.

جا کاتێ بارزانیی و حیزبەکەی کە کاسبێکی زۆر باشن و مانگانە، میلیارد دۆلارەکانیان، بەهۆی کەرایەتیی ئەوانەی باوەڕیان بە دەوڵەتی نەژادیی کوردیی هەیە، زۆرو زۆرتر دەبن، زۆر بەکارامەیی ئەم کارتە نەتەوەییە پووچانە، تەوظیف دەکەن. دوو مەتر لەولاترەوە، ئەو حەماسە ئایدیۆلۆژییە و ئەو مۆتیڤە تیجاڕییەی دەڵێ ” لەسەر دوو مەتری کوردستانیش بێت، دەوڵەت رادەگەیەنم” هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو ئەکادیمیستانەدا نییە کە لە زانکۆکانی رۆژئاوا خوێندوویانە، بەڵام لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە کوردییەکانەوە، دەمارە نەژادییەکانی ملیان رەپ رەپ دەبێت و دەڵێن دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە بەڵام بەم میثۆد و بەم میکانیزمانە نا. جا ئەوانەی زوو دەیانگوت لە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو دەوڵەتی کوردیی رادەگەیەنین، یان ئەو بارزانییەی وەهمی بەوە هەیە کە ببێ بە والیی ئاییندەی ویلایەتی موصڵ و بە پرۆسێسی لکاندنەوە ( annexation)، بگەڕێنەوە سەر تورکیای عوظما و ویلایەتێکی نەوتییش، رادەستی ئەم والییە بکرێ، هیچ جیاوازییەکانیان نییە. هەروەها هەردوولایشیان جیاوازییان لەگەڵ ئەو ئەکادیمیست و نوخبە نەژادییانەدا نییە کەلەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و میدیاکانەوە هاتوهاواری ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە، وا بە ڕێوەیە و دەبێ خەباتی بۆ بکەین.

لە کۆتاییدا، ئەم نوخبە فاشیستانەی بە نەزانیی و بەهۆکاری فاشیزمی جەهلەوە بێت یان بەهۆی حەماقەتە سیاسیی و فیکرییەکانیانەوە بێت کە دەڵێن دەوڵەتی کوردیی، ئێستا کاتیەتی، بارزانیی پیاوی ئەوە نییە کە دەوڵەت دروست بکات، یان بارزانیی توشی یەئسی کردوون لەوەی کە لە عێراق جیانابێتەوە! یاخود ئاو بە ئاشەکەی پارتییدا دەکەن و دەڵێن دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە، وێڕای ئەوەی چینە لە فاشیزمی سیاسیی و راسیزمی نەژادییدا دەکەن، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش، هەموویان “جوندی”ی شەتڕەنجەکەی سەر مێزەکەی بارزانیین. هەموو ئەمجۆرە نوخبانەش، کاتێ لەگەڵ ئەو بەرچاوڕۆشنییەی صاڵیح موسلیم لەگەڵ جەرائەتە سیاسیی و عەقڵانییەتەکانی ئەو و حیزبەکەیدا بەراورد دەکەیت، ئەوسا تێدەگەیت، بۆچی مرۆڤی ناسیۆنالیست( بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان و تاراوگە)، بەئاسانیی بەرەو فاشیزم دەڕوات، ئەوسا باشتر تێدەگەیت ئەم خەراباتی کوردایەتییە، ئەم ئەکادیمستە ئینفیصاڵییانەی کورد، ئەم نوخبە نەژادییانەی کوردایەتیی، چەند قەڕنی تریان دەوێت تا بە عەقڵانییەت و بیرکردنەوە واقیعیی و مرۆییەکانی صاڵیح موسلیم بگەن؟

Previous
Next
Kurdish