Skip to Content

نارنجۆكێكی هه‌تیو … عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج

نارنجۆكێكی هه‌تیو … عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج

Closed
by ئایار 2, 2017 General, Literature


بۆ شه‌هید عه‌زیز گه‌زه‌ڵانی

له‌وانه‌یه‌ نه‌زانیت باوكت بۆ ناوی (عه‌زیز)ی به‌سه‌رتدا بڕیوه‌، به‌ڵام دڵنیایت كه‌ (گه‌زه‌ڵان) بڕه‌ ماڵێكه‌ و شانازیت پێوه‌ ده‌كات. ئه‌گه‌رچی نه‌خوێنده‌واری، به‌ڵام لووله‌ی بڕنه‌وه‌كه‌ت زمانێكی پاراوی هه‌یه‌. گشت ده‌زانن كه‌ چاوت خوار ناڕوانێت، ئێستاش واخۆت مه‌ڵاس داوه‌ و شانت به‌ قۆنداخه‌كه‌وه‌ نووساندووه‌، له‌ توێی تاوێرێكه‌وه‌ به‌ دووچاوی ئاگرین ده‌ڕوانیته‌ چه‌قی ڕێگاكه‌، هه‌ر چه‌نده‌ش چاوه‌كانت خه‌واڵوون و له‌شت مێرووله‌ ده‌كات، به‌ڵام گیانی ئاگات پارچه‌یه‌ك ته‌وژم و په‌لاماردانه‌. به‌تایبه‌تی كه‌ یادی ئه‌و ڕۆژه‌ت دێته‌وه‌ بیر، كه‌ ئاگریان به‌ردایه‌ ئه‌و دێیه‌ خنجیلانه‌یه‌ی له‌ هاتوچۆكردنتدا سێبه‌ری ئارام بوو به‌سه‌ر سه‌رته‌وه‌ و ئارامگای پشووت بوو.

وه‌ك مشتێك شووشه‌ی هاڕاو پژابێته‌ برینه‌كانته‌وه‌، ئۆقره‌ت نه‌ماوه‌، زۆر باشیش ئه‌وه‌ت له‌یاده‌ كه‌ چۆن دایك و كۆرپه‌یه‌ك له‌ناو خانووه‌كه‌دا بوون به‌ زووخاڵ. وا ڕووباری تووڕه‌ییت په‌نگ ده‌خواته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ ئاسمان گولله‌ باران بكه‌یت، به‌ڵام خۆت به‌ هاوڕێكانت ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌س پێش تۆ ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كات. بۆیه‌ وا دانت به‌ خۆتدا گرتووه‌. له‌ هه‌ر جێگایه‌كی تر بوویتایه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ خه‌و دیبردیته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مێرده‌زمه‌ی خه‌و بتارێنی جاروبار ده‌ست به‌سه‌ر نارنجۆكه‌كه‌ی باخه‌ڵتدا دێنیت و لات وایه‌ گۆنای تاقانه‌كه‌ته‌. له‌وانه‌شه‌ باڵنده‌ی خه‌یاڵ بۆ گه‌زه‌ڵانت بباته‌وه‌، وا چاوت هه‌ڵده‌گڵۆفیت و لاسایی كه‌وێك ده‌كه‌یته‌وه‌. به‌مجۆره‌ هاوڕێكانت وریا ده‌كه‌یته‌وه‌، كه‌ له‌ جێی خۆیان ئاماده‌بن .

كاتی ئاوا ئێجگار به‌ستسی تێپه‌ڕ ده‌بێت. وا سه‌ره‌تای هێرش هێنه‌ره‌كانت لێوه‌ دیاره‌، ڕێگاكه‌ی پاشیانه‌وه‌ له‌به‌ر تۆزوگه‌رد شاراوه‌ته‌وه‌. پێشه‌نگیان سێ‌ چوار تانك و زرێپۆشه‌. بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ به‌دی بكه‌ن گولله‌ تۆپ به‌ ڕاست و چه‌یدا ده‌وه‌شێنن. تۆش لێوی خواره‌وه‌ت ده‌كرۆژی و مه‌ترسیت له‌وه‌یه‌ هاوڕێكانت خوێنیان بجمێ‌ و پلانه‌كه‌ت لێ‌ بشێوێنن. له‌شت بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ تاوێره‌كه‌. تانكه‌كان و ڕیزێك زرێپۆش له‌ بازنه‌ی بینینته‌وه‌ ده‌رچوون. بڕێك سه‌رباز وا ڕوو له‌ دێیه‌كه‌ ده‌نێن، تۆش په‌له‌پیتكه‌ ده‌بزوێنی.
كات وه‌ك نوقڵ له‌ ده‌متدا توایه‌وه‌. ماوه‌ی چه‌ندی خایه‌ند، نازانیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌یت نه‌رمه‌ گه‌رمایه‌كه‌. كه‌ ده‌ستی بۆ ده‌به‌یت. باڵت وه‌ك سڕبووبێت به‌ گرانی ده‌جووڵێت.

تینوویتی به‌ شێوه‌یه‌كی نائاسایی، گه‌رووتی ته‌نیوه‌. بۆ جاری دووه‌م تین ده‌ده‌یته‌ خۆت. ده‌ست بۆ كانگای ئێشه‌كه‌ت ده‌به‌یت و چاوت به‌ پێنج په‌نجه‌ی سوور ده‌كه‌وێت. وریا ده‌بیته‌وه‌، شانت بڵند ده‌كه‌یته‌وه‌، هه‌ست به‌ ئازارێكی بێئه‌ندازه‌ ده‌كه‌یت. ده‌ته‌وێ‌ هاوار بكه‌یت، وشه‌كان له‌ گه‌رووتدا ده‌تاسێن، مێشكت نه‌بێ‌ له‌كاردایه‌، بۆماوه‌یه‌كی كورت له‌سه‌ر سك ڕاده‌كشێیت. ده‌ته‌وێ بیر له‌ ئه‌نجامی خۆت بكه‌یته‌وه‌. له‌دڵتدا ده‌ڵێیت كه‌ تینی ئه‌وه‌ت پێ‌ ماوه‌ نارنجۆكه‌كه‌ت بوه‌شێنیت. بڕیار ده‌ده‌یت نزیكتر ببیته‌وه‌ بۆیه‌ وا چڕنووك له‌ پنجه‌كان ده‌گریت و ته‌كان ده‌ده‌یت. چیت نیازه‌. به‌ چاوته‌وه‌ دیاره‌ ده‌ته‌وێ‌ بوونی خۆت بسه‌پێنیت و پێیان ڕاگه‌یێنیت كه‌ هێشتا هه‌ر ماوی. وا سه‌ربازێك دێته‌ ناو بازنه‌ی ڕوانینته‌وه‌. ده‌ست بۆ باخه‌ڵت ده‌به‌یت، به‌ڵام ڕۆشنایییه‌ك به‌به‌ر چاوتدا دێت و شه‌پۆلێكی به‌زه‌یی مه‌چه‌كت شل ده‌كات.

له‌ ده‌روونی خۆتدا ئه‌و سه‌ربازه‌ به‌تاوانباری ڕاسته‌قینه‌ نازانیت، به‌ڵكو به‌ سووته‌مه‌نییه‌كی ده‌زانی ئاخێنرابێته‌ دۆزه‌خی جه‌نگه‌وه‌. بۆیه‌ دوودڵ ده‌وه‌ستیت. ئێشه‌كه‌ت هه‌ردێ‌ ئارامت لێ‌ ده‌بڕێ‌ و هه‌ست به‌ سه‌رمایه‌كی ناكاوی ده‌كه‌یت. دانه‌كانت به‌یه‌كدادێن و گلێنه‌ی چاوه‌كانت ته‌ڵخ ده‌بن. له‌گرمه‌ی تانكێك ڕاده‌چڵه‌كیت وره‌یه‌ك دێته‌ گیانت و ئاره‌زووی هه‌ڵدانی نارنجۆكه‌كه‌ت ده‌كه‌یت. گوڕ ده‌ده‌یته‌ خۆت و ده‌ستت له‌ فه‌رمانت ده‌رده‌چێ‌ و ده‌ماره‌كانت شل ده‌بن. هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت كێشت نه‌ماوه‌ و تابلۆكان له‌به‌ر چاوتدا هه‌ڵده‌په‌ڕن.

ئاداری 1972 كه‌ركووك

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish