Skip to Content

پەروەردەی ئیسلامی سیاسیی و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئینسانەکان

پەروەردەی ئیسلامی سیاسیی و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئینسانەکان

Closed
by ئایار 9, 2017 General, Opinion, Slider

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

ململانێی و کێشمەکێشی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەمیشە بە ئاسۆ و تێڕوانینی چینایەتییەوە دەچێتە پێش. چینەکان هەر یەک بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازیان هەیە و لەم سۆنگەیەوە تێڕوانینەکانی خۆیان بۆ سەرجەم کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگە دەخەنە ڕوو.
ئەو فەرهەنگەی لەم کۆمەڵگەیەی ئەمڕۆ دەینینین بریتییە لە فەرهەنگی بۆرژوازی کەوەک چەترێک بەسەر کێشەکانی ژیان و ئینساندا هەڵدراوە. ئەوە ڕاستە کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێویستییەکی یەکجار حەیاتیی بە فەرهەنگی دواکەوتووانە هەیە بۆ ئەوەی مەرامە چینایەتییەکانی خۆی دەستەبەر بکات. هەر بۆیەش دەستبردن بۆ ئایین لە ئەنجامی دواکەوتوویی خەڵک، گەلێ دەستکەوتی بۆ بۆرژوازی فەراهەم کردووە. بۆیە سەرمایەدارانیش نەک کێشەیان لەگەڵ ئایین نییە، بەڵکو یارمەتیدەر و پاڵپشتی ئایین وەک پێویستییەک لە پێناو مانەوەیان، دەبینن. بزووتنەوە سیاسییە ئایینیەکان ئیش لەسەر نەزانی و بێئاگایی خەڵک دەکەن. لە کوردستانیش ئەم بزووتنەوە جەهالەتخوازە لە سێ دەیەی ڕابردوو هەلومەرجێکی بۆ هاتە ئاراوە کە بە ئازادانە کەوتۆتە وێزەی ژیانی خەڵک و موداخەلەکردن لە سەرجەم پنتکاکانی ژیان.

لە ئاکامیشدا ئەم دەست تێوەردانە بەڕێگای جیاجیا ئەنجامدراون کە پەروەردەی ئایینی و بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکەی ژەهرپژێن بەشێکن لەو ئەرکە. بەمجۆرەش کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی عێراق بەرەو داخرانێکی بەرباد و تاریکییەکی نووتەک بردووە. ئامانجیش لەم کارە ژاکانی ئومێدی مرۆڤی کوردە کە لەبری پیادەکردنی کلتووری شۆڕشگێڕانە لە ڕاپەڕین و خەبات بۆ گۆڕان و ئاڵۆگۆڕ، ببێ بە تەسلیم بوون بە فەتوا و هەوڵ دەدرێ قسە بەناو شەریعەتەکانی ئیسلام ببنە بنەمای یاسای ژیان.

ئەم پەروەردەیە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی تەژی لە جەهالەت و نەزانیی دێنێتە بوون کە یاساکانی بەردو شمشێر دەسەڵاتی تێدا بەڕێوە دەبەن. ئەم جۆرە پەروەردە کردنە ئینسانەکان و ژیانیان ئاڵۆز دەکات و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئینسانییەکانیان دادەبڕێت و لە جێگایاندا کۆمەڵە پەیوەندییەک دێتە ئاراوە کە تەنها و تەنها بەچاویلکەی ئایینەوە دەڕوانێتە دەوروبەر و ژیان. یارمەتی و هاوکاری و هەرەوەزی نێوان ئینسانەکان دەگۆڕێ بە خێر و سەدەقە و سەرفترە. واتە پەیوەندییەکی زەلیلانە جێی پەیوەندییە ئینسانەکان دەگرێتەوە. ئەمەش کۆمەڵگە بەرەو داخرانێکی مەترسیدار دەبات و لەدوا شیکردنەوەشدا تێکشکانی ئیرادەی ئینسانەکان دێنێتە ئاراوە. ئیرادە بۆ کارکردن، ئیرادە بۆ هەوڵ و تێکۆشان، ئیرادە بۆ ئاڵوگۆڕ دەبێ بە ئەفسانە و لێرەوە کۆمەڵێ مرۆڤی بێ ئیرادە و دەستەمۆکراو بەڵام چاو لە ڕەحمەتی ئاسمان دروست دەبن کە بچووکترین بەهایان بۆ کارکردن نییە و لەبری ئەوەی پۆزەتیڤانە ژیان بخوێننەوە ، دەست دەکەن بە بینین و لێکدانەوەی نێگەتیڤانەی ژیان و دیاردەکان و ئینسان و کۆمەڵگە. دەستبردن بۆ تەواوی ئازادییەکانی ئینسان لەڕێی ئەم پەروەردە بەربەرییەت هێنەرەوە ڕێچکەکانی زۆر بە ڕوونی لە کۆمەڵگەی کوردستان دەبینین کە دەتوانین ئاوا ئاماژەیان پێ بکەین :
یەک : ئیشکردن لەسەر زیادکردنی ژمارەی مزگەوتەکان لە کوردستانی عێراق کە خۆی نزیک لە حەوت هەزار مزگەوت دەدات و تا دێت ئەو ژمارەیەش بەرەو هەڵکشان دەچێت.
دوو : ئیشکردن لەسەر گۆڕینی ناوی ئینسانەکان ( بەتایبەت کۆرپەی تازە لە دایکبوو) لەناوی کوردیی و غەیرە ئاینییەوە بۆ ناوی ئایینی. کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران لەپێناو فراوانترکردنەوەی بیری شیعەییزم هەر خانەوادەیەک منداڵەکەی بە ناوەکانی فاتیمە و عەلی ناو بنایە بڕێک پارەی دەدانێ. ئێستا ئیسلامی سیاسیی هەوڵ دەدات ناوە غەیرە ئایینییەکان بە ناوی کفر و زەندەقە ناو زەد بکات و ناوە عەرەبییە ئیسلامییەکانیش جوان نیشان بدات.
سێ : شۆردنەوەی عەقڵی گەنج و مێرمنداڵ لەڕێگەی دامودەزگا تەبلیغییەکانی بەردەستیان وەک ڕادیۆ و تیڤی و کەناڵە ئاسمانییەکان و هەروەها لە ڕێگەی کتێب و بڵاوکراوەکانیان، لەهەمووشیان گرنگتر بەڕێوەبەرانی مزگەوتەکانن کە سی دی مێشک شۆرین بە بابەتە ئایینییەکان بە خۆڕایی دوای نوێژ بەسەر نوێژکەران دابەش دەکەن.
barg

چوار : سووکایەتی کردن بە ژنان و بە سووک تەماشاکردنیان لە سەرجەم بوارەکانی ژیان، وەک کلتووری باوی ئیسلامیی یەکێکە لە ڕوکنە تەبلیغییە پەروەردەییەکانی ئیسلام.
پێنج : وەستانەوە دژ بە هونەر و ئەدەب و یانە و باڕ و و شوێنی سەرگەرمکردن و یانە کۆمەڵایتییە تێکەڵەکان و بە نێگەتیڤ تەماشاکردنیان وەک واجیب و جیهاد.
شەش : کردنەوەی دەیان ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی کە لە ڕاستیدا ڕێکخراوی حیزبیی ئیسلامین و کاریان ئیشکردنە لەسەر خاڵکی لاوزی ئابووری خانەوادەکان و یارمەتیدانیان و بەدەستهێنانیان لەم ڕێگەیەوە.
ئەمەش لەپێناو فراوانترکردنەوەی پایەی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسییە لە کۆمەڵگە.
بەڵام کاتی لەڕووی ئابوورییەوە لەم پەروەردەیە دەڕوانین( واتە ڕەهەندی ئابووری ئەم پەروەردەیە) کە مەودای سەقەتی ئەم پەروەردەیەشە ئەوەیە کە تەواوی پەیوەندی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە دەکەوێتە دەرەوەی بازنەکان و تێڕوانینی ئینسانەکان و جیاوازی چینایەتی وەک دیاردەیەکی لەخواوە ئاراستەکراو نیشان دەدا و بەپیرۆز دادەنێ، زۆرجاریش لێرە و لەوێ و لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا دەبیستین کە دەڵێن( خوا دەڵێ : لە تۆ حەرەکەت و لەمنیش بەرەکەت). بەڵام خەڵک بێئەوەی ئەو پرسیارە بکەن ئەی دەوڵەمەندە تەمبەڵ و تەوەزەلەکان کەی کار دەکەن؟ ئەوان هیچ کارێک ناکەن و هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان بۆ لەبەر دەستە؟ ئەی بۆ ئێمە ڕۆژانە ڕەنج دەدەین و ئارەق دەڕێژین بەسکێ تێر و بە سەد سک برسین؟ بە بێ ئەم پرسیارانە سەر دەلەقێنن و ڕەزامەندیی لەسەر قەدەرێک نیشان دەدەن کە بریتییە کە تووندکردنەوەی کۆت و وبەندی کۆیلەتییان. ئینجا لە بری ڕێکخراو و سەندیکا سیاسیی و پیشەییەکان و ڕێکخراوەکانی پارێزەر لە مافەکانی مرۆڤی خەڵکی بەشمەینەت، شوکری نیعمەتکردن و لەخودا پارانەوە دەبێتە کلتوور بۆ بەدیهاتنی خەونی ئینسانەکان. ئیتر داماڵینی مرۆڤ لە کاری شۆڕشگێڕانە، واتە دەست نەبردن و قسەنەکردن لە کاری خودا دەگاتە لووتکەی خۆی. بە وشەیەکی تر خودا خۆی وای داناوە کە ژیان چۆن بێت، ئیتر قسەکردن لەسەر ئەم ناڕەوایی و تەقسیمکارییەی خودا، کفرە و سزاکەی دۆزەخە.

لەبەرئەوەی ستراکتۆری پەروەردەی ئیسلامیی لەسەر کوشتنی ئازادی و قەبوڵنەکردنی ڕای جیاواز بنیادنراوە. لەم سۆنگەیەوە ئەوپەڕی بێهوودەییە هەوڵدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئایدیۆلۆژیایەک کە دژی جوانی بێت.
ئەوەی دەست و پێی ئیسلامی سیاسیی کۆنەپەرستی لە کوردستان لە سی ساڵی ڕابردوو ئاوەڵا کردووە کە بە ئارەزووی خۆیان بکەونە وێزەی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگە، جگە لە پێکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن بەعس و پاشانیش دەسەڵاتی زەرد و سەوزەوە، نزمی ئاستی بزووتنەوەی کرێکاریی و ڕادیکاڵی کۆمەڵگەیە کە توانیویەتی ئەو کاریگەرییە بەسەر ژیان جێبهێڵێ.
کرۆکی ئەم پەروەردەیە بریتییە لە وەستانەوە لە بەرامبەر عەقڵ. لە کوێدا عەقڵ کاری خۆی بکات، ئەم کلتوورە دووچاری تێکشکان و پاشەکشە دەبێ. بزووتنەوەی ڕێنیسانیسی ئەوروپی پشتی ئایینی مەسیحی شکاند کە تا ئێستاش نەیتوانیوە پشت ڕاست بکاتەوە. لەلایەکی ترەوە گەشەی ئابووری و گۆڕانی قۆناغی کۆمەڵگە لە فیوداڵییەوە بۆ سەرمایەداری و هاتنە دەرەوەی بزووتنەوەی کرێکاران و پێکهاتنی ئەو چینە لە ئەنجامی گەشەی مانیفاکتۆرە و پێشکەوتنی پیشەسازییەوە کە ڕۆڵی بەرچاویان گێرا لە دەست کۆتاکردنی گەمە ناشیرینەکانی ئایین لەسەر ژیان و چارەنووسی ئینسانەکان. بزووتنەوەی ڕێنیسانی ئەوروپیی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی – فەرهەنگیی گەورە بوو، کە چەندین ڕێباز و قوتابخانەی فەلسەفیی و فیکریی و ئەدەبیی هێنایە دەرەوە کە هەر هەموویان کاریگەرییان لەسەر گەڕانەوەی مرۆڤ هەبوون بۆ عەقڵ. بورژوازی ئەو سەردەمەی ئەوروپا کە تازە پێگەیشتبوو تا ئەندازەیەک خەریکی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بوو. هەرچی واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئینسانییە دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە و هێزە بۆرژوازییەکان تا سەر ئێسک کۆنەپەرستن و چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش ناکرێ ئومێد لەسەر هیچ هێزێکی کۆنەپەرست هەڵچنن و پێویستە تەنها پشت بە هێزی چینایەتی خۆیان ببەستن بۆ خەبات لە دژی کۆیلەتی کاری کرێگرتە.
گەشەی بزووتنەوەی کرێکاریی و هاتنە دەرەوەی ئەدەبیاتی مارکسیستی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و هەروەها بەرپابوونی کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١ و پاشان شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر لەسەرەتای سەدەی بیست و لەوێشەوە بڵاوبوونەوەی ئەدەبیات و پەروەردەی کرێکاریی و مارکسیستی بوو بە مایەی ترس و نیگەرانی وڵاتانی زلهێز لە چەشنی ئەمریکا و بەریتانیا. بۆیە ئەو هێزانە کەوتنە تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەروەردە کۆمۆنیستییە. بۆ ئەم مەبەستەش باشترین ئامرازێک کە دەستیان بۆ برد ئایین و بەهێزکردنی ئایین بوو لە جیهانی سێیەم و وڵاتانی دواکەوتوو. دیارترینیشیان کۆمەک کردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیخوان موسلمین بوو لە میسر.

ئیسلامی سیاسیی بە گشتی (کە سەلەفییەتیش بەشێکە لەو) خاوەن ڕێچکەی پەروەردەیی تایبەت بەخۆیەتی و ئامانجی گێژکردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە لەژێر ناوی شوکرانە بژێری بۆ خوا و ترس لە خوا، خەڵك لە خەبات و تێکۆشان دوور دەخاتەوە و بەمەش خۆی لە ئامانجە دژی ئینسانییەکانی خۆی نزیک دەکاتەوە. جەوهەری ئەم کارەشی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازییە و هیچی دی.

ئەدەبیاتی پەروەردەی ئیسلامیی، ئەدەبیاتێکی بۆگەنی و دواکەوتوو و کۆنەپەرستە. ئامانج لە پشت ئەم پەروەردەیەی ئیسلامی سیاسیی گۆڕینی ئاڕاستەی ڕێڕەوی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەیە ڕوەو وێرانەیی و داتەپینی مۆڕاڵی، ڕوەو پاش، ڕوەو تاریکیی و حوکمی شمشێرو بەرد، ڕوەو بە داعش تەغلیفکردنی ژیان. بۆیە بۆ ئەوەی ئامانجی ئەم نووسینەم بە ڕوونی دیار بێ، هەوڵ دەدەم ئامانجی کۆنەپەرستی پەروەردەی ئیسلامیی ئاوا بە بە چەند خاڵێک چڕ بکەمەوە :
یەک : بەرچاو ڵێڵکردن و گواستنەوەی زەینی خەڵکی هەژار و ستەمدیدەی ئەم کوردستانە بەرەو ئاقارێکی تر. بە واتایەکی تر شێواندنی ڕووی ڕاستەقینەی خەباتی ئینسانەکانی کۆمەڵگەیە لە دژی ستەم و چەوسانەوە و زەمینەسازکردن و بارهێنانیخەڵکی هەژاری کوردە بۆ دژایەتی کردنی هەر کتێب و نووسەرێکی پێشکەوتووخواز و ئازادیخواز.

دوو : خاڵی کردنەوەی ئینسانەکان لە ڕوحییەتی شۆڕشگێڕانە و کوشتنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی زەحمەتکێش و دەستەمۆکردن و ملکەچکردنیانە بە واقیعی مەوجود. تەسلیمبوون بە قەدەری ئیلاهی بێئەوەی بچووکترین توانای ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە خۆیان نیشان بدەن.

سێ : شێواندن و ناشیرین کردنی کلتووری خەڵکی ستەمدیدەی کورد. چونکە ئیسلامی سیاسیی ( سەلەفییەکانیش وەکو بەشێک لەو هێزە کۆنەپارێزە) بڕوایان وایە هەر کلتوورێک لەدەرەوەی کلتووری ئیسلامیی، کلتووری ئیلحاد و کفرە. بۆیە شێواندن و لەنێوبردنی ئەم کلتوورە بەناو کفرە جیهاد و واجبە. کە دیارترینیان مەسەلەی ژێرپێخستنی ئازادی پۆشینی جلوبەگە بەتایبەتی بۆ ژنان و هەوڵدان بۆ جێخستنی کلتووری حیجاب. لەمەش سەیرتر فراوانترکردنەوەی بازنەی چوونە عەمرە و حەج و کردنەوەی دەیان کۆمپانیای بازرگانیی بۆ ئەو مەبەستە.

چوار : دواجار ئاوی جۆگەلەی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەڕژێنە نێو یەک گۆم ئەویش گۆمی پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەدارانە و سەنگەر پتەوکردنە لە دژی خەڵکی هەژار و ستەملێکراوی کورد.
خەڵکی کوردستان دەبێ چاوکراوە و وریا بن و ئەم جۆرە ژەهر پژێنەی ئیسلامی سیاسیی و بەتایبەتیش سەلەفییەکانی کوردستان بناسن و ڕیسوایاین بکەن و بە نەریت و کلتووری ئینسانی و مۆدێرنی خۆیان ڕووبەڕوویان بوەستنەوە. پڕۆژەی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان، پڕۆژەی بە پاکستان کردن و بە سعودیە کردنی هەر پنتکێکی جوگرافی کوردستانە. ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە گێڕانەوەی حوکمی شمشێر و جەهالەتی سەدە و نیوێک لە لەمەوبەر و بە گشتیگیرکردنی ئەم جەهالەتەیە بەسەر ژیانی ئینسانەکان.
لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکە بۆ قەدەغەکردنی ئازادییەکان، قەدەغەکردنی گەڕانەوە بۆ عەقڵ و پشت بەستن بە بیرکردنەوە و عەقڵ بۆ دیاردەکان و ژیان، هەروەها قەدەغەکردنی هەو هەوڵ و خەباتێکە بۆ باشترکردن و بەرەو پێشچوونی ژیان و ئینسان و کۆمەڵگەیە. ئەم پڕۆژەیەی ئیسلامی سیاسیی دەستی داوەتێ لەڕاستیدا کوشتنی ئیرادە و ئازادییەکانە و لەهەمان کاتیشدا لە ڕەگەوە دەرهێنانی مۆدێرنەیە لە ژیان و کۆمەڵگە. ڤێرژنی ئەم پەروەردە کۆنەخوازەی ناوی پەروەردەی ئیسلامی سیاسییە سەرقاپاغێکە بۆ هیچ مەنجەڵێک ناشێ جگە لە تەنەکەی زبڵ. ئەم جەهالەتە سێبەرەکەی لە کوردستان لە هاتوچۆ دایە و لەسەر هەموو ئینسانێکی منەتبار بە دەستکەوتە مێژووییە و زانستییەکانی ئینسانییەت ئەوەیە دژ بەم عەقڵیەتە جەهالەتخوازە بوەستێتەوە و ڕیسوای بکات.

نیسانی ٢٠١٧

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish