(مەملەکەتی دڕکاوی)* گۆشەیەکی دیکەی ئەنفال … هەڵمەت عوسمان


ڕەنگە ئەم وتەیە بەجێبێت ، کە دەڵێت:(نووسەر هەر ئەوەندە خاوەنی دەقە، تا بڵاوی دەکاتەوە، ئەگینا دواتر تەنها ناوەکەی هی خۆیەتی) نووسەرێک هەیە “ساتەوەختی نووسینی ئەم بابەتە ناوەکەیم بیرنییە” دەڵێت: نووسینەکانم وەک پارچە ئێسقانێک فڕێدەدەم، هەندێک تەنها بۆنی پێوە دەکەن و هەشە دەیکڕێنێتەوە” بەلای ئەوەوە ئەوانەی تەنها بۆنی پێوە دەکەن، مەبەست لە خوێنەرە ئاساییەکەیە و بەشێوەیەکی سەرپێیی نووسینەکان دەخوێنێتەوە، ئەوەشی دەی کڕێنێتەوە، ئەوانەن لەگەڵ خوێندنەوەی، تێبینی و ڕەخنەیان لەسەری هەیە و تۆماریشی دەکەن.

ڕەنگبێ بە سەرەتایەکی تۆزێک نەگونجاو دەستم پێکردبێ، بەڵام هەردوو قسەکە بەشێک لە راستیان تێدایە، واتا لە دوای بڵاوبوونەوەی هەردەقێک، (ڕۆڵان بارت) گوتەنی: ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی نووسەر، تەنها ئەوەندە نەبێت وەک زانیارییەک ناوەکەی بزانین! ئیتر تۆپەکە دەکەوێتە لای خوێنەر و دەبێ ئەو ئەسپی خۆی تاو بدات، لێرەشەوە خوێنەری ئاسایی و خوێنەری بلیمەت دەردەکەون، دەشێ خوێنەرێكی ئاسایی دەقێک بخوێنێتەوە، بەڵام نەتوانێ هیچی لێ هەڵکڕێنێ شایەنی باسبێت، هەڵبەت پێچەوانەکەشی ڕاستە، خوێنەرێکی شارەزا لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەی، سەرەقەڵەمی ڕەخنەکانی ڕیزدەکات ” ڕەخنە بەمانا بنیاتنانەکەی”. ناشبێ ئەوەمان بیربچێ، یەکەم ڕەخنەگری دەق، نووسەر خۆیەتی، ئەوەش ئەوکاتە دەبێت، کە چەند جارێک بە دەقەکە دادەچێتەوە و زیاد و کەمی دەکات و ڕێنووس ڕێک دەخاتەوە.

(ئەنفال) وەک ڕووداوێکی نەخوازراوی چاوەڕوان نەکراو، دەکرا چەند تێکستی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەلایەتی لەسەر نووسراوە، زیاتری لەسەر بنووسرێ، چونکە ئەم کارەساتانە کاری بە دونیا ناساندنی زیاتر بەرەو پیش دەبەن، من دڵنیام گەر سەدان ڕۆمانی قەبارە گەورە لەم بارەیەوە بنووسرێ، هێشتا ناتوانین پەی بە ئازار و ڕووداوەکانی ئەم ڕووداوە ببەین! ئەوەی وایکرد( هۆڵۆکۆست) ببێتە کەیسێکی جیهانی و زۆرێک لە نووسەرانی جیهان لەسەری بدوێن، خودای ڕووداوەکە نەبوو، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو ڕۆمان و دەقە ئەدەبییانە بوو کە نووسەرانی ژاپۆن لەبارەیەوە نووسیان و ڕووداوەکەیان لەبەرچاوی خەڵکی جیهان گەورەتر و گەورەتر کرد، ئەوەی کۆمەڵ کوژی ( ئەرمەنی)یەکانی زەق کردەوە و هەموو ساڵێک زیاتر لە بالای خۆی گەورەتر دەکرێت و ڕای جیهانی لەسەر یەک دەنگکرد کە بە جینۆسایدێکی قێزەون ناوبرا! ئەدیبەکانی هاوزمانبوون بە نووسینە ئاگرینەکانیان ئەو کارەیان کرد.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، نووسەرانی کورد تا کوێ توانیویانە کەیسی ( ئەنفال) ئاودیوی سنور بکەن؟! بەجۆرێک گەر نەتوانراوە چاوی جیهان بەرەولای رابکێشرێت، ئایە توانراوە بۆچوونی وڵاتانی ناوچەکە، نەرمەکێشبکرێت؟! ئەمە کە نەکراوە، چەندی ئۆباڵەکەی لە ملی ئەدیبەکانمانە، سەد هێندە لە ملی سیاسییەکانمان! کە لەبەر هەڵپەی بەرژەوەندی خۆیان، ئاگایان لە وەها ڕووداوێک نەماوە، کە دەکرێ دواجار وا سەرکردەکانی جیهان بکەن، مافی تەواوی کوردبوونی خۆمان وەربگرین! ڕاستە ماف دەسەنرێ، نادرێ، بەڵام مەیلی ئەوانیش پێویستە.

ڕۆمانی (مەملەکەتی دڕکاوی)، ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ناویم بیست، بەڵام دووسێ مانگێک دەبێت بەردەستم کەوتووە، بەسروشتی خۆشم، لەگەڵ خوێندنەوەی هەر ڕۆمانێک، پێنووس و کاغەزێکیش لای خۆمەوە دادەنێم و وردەوردە بەدەم خوێندنەوە، سەرنجەکانم دەنووسم… چونکە ئەم جۆرەی ئەدەب لای من لە گرنگترین جۆرەکانی ئەدەبە، ئاخر زمان و پێناسەی هەر گەلێکە. ڕۆمان نابێت نووسینەوەی مێژووبێت، وەلێ ناشبێ مێژوو پشتگوێ بخات، چونکە بابەتی مێژوو، کاری مێژوونووسە، بەڵام ڕۆمانی مێژووی تەوزیفکردنی مێژووە بە زمانی شیعریی.

یەکێ لە کارە باشەکانی نووسەر ئەوەیە، ڕۆمانەکەی نەداوەتە دەست کەس پێشەکی بۆ بنووسێت و کورتەباسی ڕۆمانەکە بخاتەڕوو، ئەو ڕۆمانانەی پێشەکییان بۆ نووسراوە، ئاوەزی خوێنەر تێکدەدەن، کاتێ خوێنەر زانی ناوەڕۆک چ باسە، ئیتر چ پێویست بە خوێندنەوەی دەکات؟!
(ناونیشان) سیحرێکە دنەی خوێنەر دەدات، دوای خوێندنەوەی ئارەزووی ببزوێنێ لاپەڕەکە هەڵبداتەوە و بچێتە ناو بابەتەکە، واتا کلیلی دەرگای هەر دەقێک ناونیشانە، ئەم بەشەی دەق هەرچەند سەرنج راکێشبێت، مەیلی خوێندنەوە زیاتر دەکات. لە هەناوی (مەملەکەتی دڕکاوی) کە تەنها دوو وشەیە، جیهانێک لە بەربەست و بەربەرکانێی توند و جەنگی خوێناوی هەست پێ دەکرێت، ئەو جیهانەی تەنها کورد توانی بەرگەی بگرێت، کە دواتر لەشێوەی ڕایەڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، درێژەی کێشا، کە ئێستاش ئاسەوارەکانی دەبینین، نیشانەی ئەوەیە ئەم ڕێگا دڕکاوییەی پێشمان درێژەی هەبێت.

کاری گێڕانەوە بە جۆرێ ڕێکخراوە، هەم ئەم ئەرکەی سپێردراوە بە کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە، واتا گێڕەرەوە لەگەڵ ئەوەی هەمووشتزانە، لەهەمان کاتیش جارجار دەبێتە کەم شتزان، بەجۆرێ تا دۆزینەوەی (دیمەن)ی قوربانی ئەنفال، لەلایەن (کامەڕان)ی ڕۆژنامەنووس، نووسەر خۆی گێڕەرەوەیە، بەڵام لەدوای ئەمەوە، ئیتر (دیمەن)ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام لە نزیک کۆتایی نووسەر خۆی دەبێتەوە بە گێڕەرەوە! لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا، هاتنە ناوەوەی گێڕەرەوەی هەمووشتزان، بزەقی دەبینرێت، کاتێ خۆی لەهەندێ شوێن هەڵدەقورتێنێ. ئەمەش دروست لە لاپەڕە( ٥٨_٥٩ ) بەدیاردەکەوێت.

ڕەوتی ڕۆمانەکە( سەرەتا – ناوەڕاست – کۆتایی)ە، سەرەتا کامەڕان ڕۆژنامەنووس، دەگەڕێت بەدوای قوربانییەکی ئەنفال، کە ماوەیەکە ڕزگاریبووە و گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، دواتر بەسوتفە و لە ڕێگەی پیرە پیاوێکەوە هەواڵی ئەو کچەی دەست دەکەوێت، کاتێکیش دیمەن دەدۆزێتەوە، ئەوسا ئەویش دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتە تراژیدیایەکەی دەکات.

ڕۆمانەکە کۆتایی داخراوە، دەکرێ ئەمە بەخاڵی لاوازی ڕۆمانەکە بزانین، چونکە ئەمجۆرە دەقانە،هیچ هەڵبژاردەیەک ناخەنە بەردەستی خوێنەر، تا بۆخۆی بڕیار بدات، کۆتاییەکەی چی لێدێت، بەڵکو نووسەر بە شێوەیەکی ڕەها بڕیار لای خۆیەتی و خوێنەر پەراوێز دەخات!
کەسایەتییەکانی ناو ڕۆنامەکە، کەسایەتی زیندوو و چالاکن و دەستەپاچەنین بەرنبەر بە ڕووداوەکان، هەندێجار توانای گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکانیان هەیە و ئەوە بەزەقی دەبینین، کاتی چ کەسایەتی کامەڕان و چ دیمەن، زۆرجار جڵەوی نووسین لە نووسەر دەسەنن و خۆیان ڕێدەکەن! دەشێ نووسەر لە زۆرێک لە شوێنەکان، بڕیاری کۆتایی پێهێنانی ڕۆمانەکەی دابێت، بەڵام ئەوە دیمەنە وای کردووە، ڕووداوەکان بەردەوامبن.

واتا شەڕی نێوان نوسەر و کەسایەتییەکان، بەردەوام هەست پێدەکرێت، بەتایبەت لە بەرەبەری کۆتایی! کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە زیاتر دیمەنە، چونکە کامەران هەرئەوەندە ئەرکی هەیە تا دیمەن دەدۆزیتەوە، ئیتر لەوە بە دوا ، دیمەن دەبێتە شاکەس و کۆی ڕووداوەکان لەسەر زاری ئەوەوە دەگێردرێنەوە و چەند لاپەڕەیەک پێش کۆتایی کامەران دێتەوە ناو باسەکە. ئەوەی لەم ڕۆمانە بەدی دەکەین، هێزی ئاشتییە دژ بە هێزی شەڕ، ئەم ململانێیە زنجیرەی ڕووداوەکان درێژ دەکەنەوە، دواجار هێزی ئاشتی باڵ دەکێشێت و ئەوساش دەبێتە لوتکەی ڕووداوەکان، بۆیە کەسایەتییەکان هەمیشە هەڵگری سیمای مەردایەتی و نامەردایەتیان پێوەدیارە، ئەوتا (ئاراس)ی جاش، کە نووسەر بە(ئاراز) نووسیویەتی! وەک نموونەی یەکەم، دەبێتە چاوساغی عەرەبی بەعس و پێ بە پێ ڕێگای گوندەکانی گەرمیانیان پێ نیشان دەدات و هاوکاری جەللادانی بەعس دەکات، لەسەر زانیاری دان پێیان! لەهەمان کاتیش (باوکی عەلا) کە بازرگانێکی قەتەرییە و کڕیاری دیمەنە، دوای ئەوەی لەگەڵ خۆی دیمەن دەباتە قەتەر و دواجار ڕاستی ڕووداوەکانی بۆ دەردەکەوێت، بڕیاردەدات دیمەن بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان و شادی بکاتەوە بە خاک و کەسوکاری و بڕیارەکەی دەگەیەنێتە جێ! کەواتا نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت ” تەور دەسکی لە دار نەبێت، دار نابڕێتەوە” و ” مەرج نییە هەموو گورگێک جێگای مەترسی بێت”، واتا پەیامی دەقەکە ئەوەیە، نابێت هیچ کات بێ ئومێدبین لەبەرنبەر کەوتنەکان، دەشێ ڕۆژێبێت، بەرزتر بفڕین لەوەی پێشتر فڕیبووین!

کەسایەتی ڕەگەزی مێ لە ڕۆمانی کوردی، بەکەمی بەرچاو دەکەوێت، خاوەن ئیرادە و توانایەکی بەهێزبن، بەداخەوە ئەوەی دەیخوێنینەوە لە ڕۆمانە کوردییەکان، گشتیان قبوڵکەری ستەم و ئازارن و توانای خۆ دەربازکردنیان نییە، بەڵام ئەوەی لە ڕۆمانی( مەملەکەتی دڕکاوی) دەیبینین، شتێکی جیایە، دیمەن هەم نمونەی کچێکی بەتوانا و بوێرە، هەمیش زیرەک، ئاخر ئەوە توانای دیمەن دەردەخات، دوای گیرانیان بەدیل و بردنیان بۆ بەندینخانەی (تۆبزاوا) و دواتریش گرتوخانەی (دوبس) و بینینی دەیان ڕووداوی ناخۆش و زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانی بەردەمی و تا ئەوەی فرۆشتیان بە بازرگانێکی شاری بەغدا و هەلاتنی لەم ماڵە و دووبارە کەوتنە نەخۆشخانەی دەروونی و هەم دیسان فرۆشتنی بە بازرگانێكی دەرەوەی وڵات، کە ئەمەیان زیاتر هیوای گەرانەوەی دیمەنی بۆ کوردستان کردە بڵقی سەر ئاو، بەڵام هیشتا هیوا بڕاونابێت و دەست بەخۆیدا شۆڕناکاتەوە، بگرە زیاتر و زیاتر هەوڵی دەربازبوون دەدات لەم زەلکاوەی تێی کەوتووە، ئەوە زیرەکی دیمەنە، وایکرد (باوکی عەلا) ڕای بگۆڕێت لەسەر ئەوەی لەخۆی مارە نەکات و وەک یەکێک لە کچەکانی خۆی سەیری بکات، چونکە ئەو بەم زیرەکی خۆیەوە، کە تەنها پۆلی شەشی سەرەتایی تەواوکردووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ برایەکەی بەناوی (ئارام) وەک مامۆستایەک وابووە بۆی، بەڵام لەوەها شوێنێک و نەبوونی ئارامی برای، ئەو راستییە دەسەلمێنێ ئەوە زیرەکی خۆیەتی وایکردووە بۆچوونی ئەو خێزانە نەک سەبارەت بە خۆی بەڵکو بۆ تەواوی کورد بگۆڕێ، کە لەماوەی چەندین ساڵ، حیزبی بەعسی وێنای کوردی پێ ناشیرین کردبوو لەبەرچاوی وڵاتانی عەرەبی!
مۆنۆلۆگ(خۆدواندن)، بەشێکی زۆری دەقەکەی داگیرکردووە، دەکرێ بڵێین زیاتر لە نیوەی، ئەم کردەیە زاڵە، هەموو ئەو دەقانەی زادەی خەم و ناسۆرن، ئەم ڕەگەزەی ئەدەب خۆی پاتە دەکاتەوە، چونکە لەم بارەدا کەسایەتییەکان تاکە کەسێک هەبێت باوەڕیان پێی هەبێت، خۆیانن و لەگەڵ خۆیان ڕاز گلەیی دەکەن.

(( ئەم زۆرجار ورەی دەدایە بەرخۆی و دەیگووت: هەردەبێت بیدۆزمەوەو بیدوێنم … ل ٦))
(( کاتژمێرێک دوای ئەوە کامەران لە ئەژنۆی خۆیدا و بە خۆی گوت: ئای کە گێلی کامەران، چۆن ئەو کەسەت وون کرد. ل٨))
(( پیرە پیاوەکە لە دڵی خویدا دەیگوت: زمان بەڵای سەرە… ل ٨))
((کامەران بە تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە ترسی لێ نیشت: یان مردووە یان منی لەبیر نەماوە ل١٠))
(( لە دڵی خۆیدا دەیگوت: خۆزگە شاعیربام … ل١٩))
(( کامەران لە دڵی خۆیدا گوتی: دیسانەوە ڕووداوەکانی بەر دەرکی سەرا هاتەوە گۆڕێ. ل٣٣))
(( حاجی هەندێک بیری کردەوە لەدڵی خۆیدا گوتی: کامەران ڕاست دەکات… ل٤٧))
ئەم مۆنۆلۆگانە بەردەوام دەبن، بە جۆرێ هەموو پێنج ڕووپەڕێک، تووشت بە تووشی ئەم ڕەگەزەی ڕۆمان دەبێتەوە.
چیڕۆک لە چەندین ڕووداو پێکدێت، بە یەک ڕووداو، کورتیلە چیڕۆک دروست دەبێت، تا ڕووداو زۆرتربێت، ماوەی دەق زیاتر دەبێت، هەروەها کات، شوێن و کەسایەتی لە خزمەوتی ڕووداوی چیڕۆکدان، واتا گەر بڵێین ڕووداوێک ڕوویدا، گوێگر خێرا بیری بۆ پرسیارگەلی؛ کەی بوو؟ لە کوێ ڕوویدا؟ کێ ئەنجامی دا؟ دەچێت. واتا هیچ ڕووداوێک بێ ئەم سێ ڕەگەزە، دروست نابێت. خزمەتکردنی ئەم ڕەگەزانە بەیەکدی، لەخزمەتی بەردەوامی دانە بە نووسین.

(( لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە دەیڕوانیە شەقامە پان و بەرینەکەی بەردەمی، دیمەنی هاتنە خوارەوەی کلۆ کلۆ بەفرەکەی پێ جوان بوو، ل٥)) لەگەڵ یەکەم ڕستەی ڕۆمانەکە دەزانین، کاتەکە زستانە و شەویشە، چونکە لە لاپەڕە ١٩ دا دەڵێت: (( ئێستا ئەو شەوەیە کە لەپەنجەرەی ژووری هۆتێلەکەوە دەیڕوانیە کلۆ کلۆ بەفرەکە))
کەواتا سەرەتای دەستپێکردنی بە چەند ڕستەیەکی خەیاڵاوی شاعیرانەوە دەستپێدەکات، دەکرێ ئەوە بە دەستپێکێکی جوان دابنێین، بۆ سەرنج راکێشانی خوێنەر، چونکە هەمیشە یەک ڕستە و یەکەم پەڕەگراف و یەکەم ڕووپەڕ، کلیلی پەلکێشکردنی خوێنەرە بەرەو ناوەوەی دەق.
ئەوەی دواجار نووسەر بە نەمری دەهێڵێتەوە، زمانی نووسینەکەیەتی، هەموو ئەو نووسەرە مەزنانەی ناوایان لە گۆرەپانی کایەکانی نووسین دەدرەوشیتەوە، بەرهەمی جوان نووسینەکانیانن. ڕووداو با هەر گەورەبێت، گەر زمانی گێرانەوەی لاوازبوو، ڕووداوەکەش بچوک دێتە پیش چاو. ئەوەنییە ئەدۆنیس لە وەسفی سەلیم بەرەکاتی کورد نەژاد دا دەڵێت: ((کلیلی زمانی عەرەبی لە گیرفانیدایە))١ . ئاخۆ دەبێ کەی نووسەرانی کورد گەر کلیلی زمانەکەشیان لە گیرفان دا نەبێت، جارجار بتوانن هەڵیبگرن و لەبیریان نەچێت لە کوێیان داناوە؟!

زمانی (مەملەکەتی دڕکاوی) زمانێکی سادە و نەرمە، هەندێجار زمانی ناوچەیی زاڵە، بەتایبەت ئەوکاتەی کەسایەتییەکان دەدوێن ((ئەو ڕۆژە ژنەکە بێ هیچ پێویستیەک منداڵەکەی لێ بەرەوە بوو. ل ٦٦)) بەرەوەبوو لە شێوازی قسەی خوارناوچەیی دەچێت! راستە قسەی کەسایەتیەکەیە، بەڵام نووسەر دەبێت زیاتر خەمی زمانە ستانداردەکەی بێت، نەک ناوچەییەکە، ((بە شۆفڵ خۆڵیان خستە سەر تەرمەکەی ل٦٦)) خۆڵیان پێداکرد بۆ ئەو شوێنە جوانترە. (حەشامات ل١٧) چەند جارێک دووبارە بوویتەوە، دەکرا گردبوونەوە یان خۆپیشاندان بەکاربهێنێت، (( پێویستیمان بە پیرەکانە ل ٩)) بەتەمەنەکان، یا پیاوە بەتەمەنەکان جوانتربوو بەکاربهاتایە.
هەندێ جاریش لەکاتی خوێندنەوە چاوت بە هەندێ هەڵەی ڕێنووسی زەق دەکەوێت،((هەوڵ و تەقەڵا ل٥)) هەوڵ و تەقەللا دروستە، هەرکات وا ڕێککەوت، وشەیەکی لێکدراو لە کۆتایی ڕستە هات، بە جۆرێ بەشێکی لەکۆتایی ڕستەکە و بەشەکەی دیکەی کەوتە سەرەتای ڕستەی دواتر، ئەوا واپێویست دەکات هێمای تەقەڵ ( – ) دابنرێت، بۆ ئەوەی خوێنەر واهەستبکات ئەم وشەیە گرێدراوی وشەکەی سەرەتای ڕستەی دواترە، یاخود دەکرێت بە یەک کلیک پێکەوە بلکێنرێن، بۆ ئەوەی پێکەوە بێن، (( ڕاستە قینە ل٦ )) ڕاستەقینە، یاخود ڕاستە- قینە
دروستە. ئەمەوێڕای ئەوەی سەرجەم ئەم وشانەی بە (ی) بزوێن کۆتایی دێت، لەکاتی کۆکردنەوە یان پێوەلکاندنی بزوێنێکی دی، یاخود هاتنی (ی)دانەپاڵ، ئەم (ی)یە دەبێتە دووان، وەکو ( خۆشی / خۆشییەکان ، جوانی ئەو/ جوانیی ئەو ، ئەم بەرزیە / ئەم بەرزییە).

یاسایەکی نەگۆڕە لە پێش هەموو چونکە و بەڵامێک، وێرگوڵ(بۆر، فاریزە)دیت، ئێمە لەکاتی خوێندنەوەی ئەمەمان نەبینی، چونکە هەر فاریزەیەک بۆ ئەوەیە خوێنەر هەناسەیەک هەڵبکێشێت و هەناسەی تەنگ نەبێت لە خوێندنەوە، هەروەها جاری واهەیە لە ڕستەیەک دووسێ دانە فاریزە هەیە، بەلام لە نیوە پەڕەگرافێک، هیچ نابینین، بەجۆرێ لە تەواوی لاپەرە(٩٤) تەنها چوار فاریزە دەبینرێت! ((جگە لە ئەدیب و شاعیرانمان … محمد شێخۆ و دەیانی تر ل ١٧٧)) لەبری ئەو چەند خاڵە نۆ ڕستە، بەلام فاریزەیەک نابینرێت!
لەکۆتایی دا کاری ڕەخنە هەڵکۆڵی نەقشە، لەسەر جەستەی دەق، ئەمەش بۆ ئەوەیە سیمای دەقەکە جوانتر بکات و ببێتە ڕێنیشاندەرێک تا نووسەری دەق، تێبینییە باشەکان، بەهەند وەربگرێت و ئەوانەشی خۆی باوەڕی پێیان نییە، بەلاوەی نێ. چونکە ڕێی تێدەچێت زۆرجار ئەوەی ڕەخنەگر درکی پێدەکات لە هەڵهێنجانی زانیاری، نووسەری دەق، درکی بەوە نەکردبێ، هەروەها ئەوە چەند ئاساییە رەخنە لە دەقێک بگیرێت، هێندەی دی ئاساییە خودی ڕەخنەکەش، ڕەخنەی لێبگیرێت، بۆئەوەی بزانرێت ئایە توانیویەتی ئامانج بپێکێ یا نا؟!

هەڵمەت عوسمان_ کۆیە

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* جومعە کانی لەلەیی، مەملەکەتی دڕکاوی، ڕۆمان، چاپخانەی کەمال/سلێمانی ، چاپی یەکەم ٢٠١٥.
١_ ئازاد عبدولواحید، تۆ بڵێی زمانزانین غەمی داهێنەران نەبێ؟، گ. رامان، ٥/٥/٢٠١٧، ژ.٢٤٠ ، ل.١٥٢.