Skip to Content

ڕۆڵی پیاوان لە بزووتنەوەی فیمینستیدا و شکاندنی بێدەنگی … کەژاڵ حەمەڕەشید

ڕۆڵی پیاوان لە بزووتنەوەی فیمینستیدا و شکاندنی بێدەنگی … کەژاڵ حەمەڕەشید

Closed
by ئه‌یلول 16, 2016 General, Women

هەر کات دیبەیت و گفتوگۆ لەسەر تووندوتیژی دژی ژنان، بزووتنەوەی ژنان، ئازادی ژنان، تیرۆر، یاساکانی نایەکسانی جێندەری، ڕێپێوان و ناڕەزایەتی و،،هتد دێتە پێشەوە هەمیشە چەقی باسەکان لەسەر ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە ڕووبەروبوونەوەدا دێتە بەر باس، ژنان چی بکەن، چۆن بینە مەیدان، ڕێکخراوەکانی ژنان، مانگرتن، ڕێپێوانی ژنان،،،هتد. بەڵام هەرگیز گفتوگۆ لەسەر ئەوە نیە پیاوان ئەبێت چی بکەن لە بابەتێکی گەورەو گرنگی کۆمەڵایەتیدا کە لە راستیدا پەیوەندی ڕاستەو خۆی بەوانەوە هەیە. ئەوە ڕاستە لیرەو لەوێ پیاوانێک هەن لە نووسەران سیاسەتمەدارو، بیرمەندو، تادەگات بە هونەرمەندو کەسایەتیەکان لە بوارە جیاجیاکاندا پشتیوانی بزووتنەوەی ژنان و بابەتی یەکسانی دەکەن، ئەوەش ڕاستە کە لە مێژوودا پیاوان پشتیوانیێکی گەورەی بزووتنەوەی یەکسانی جێندەری بوون، بەڵام باسەکە ئەوەیە کە لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئارادا نیە کە هەست و کاردانەوەی پیاوان بجوڵێنێت لە ئاستێکی گشتی و کۆمەڵایەتیدا لە بەرامبەر بە تووندوتیژی دژی ژنان کە کاراترین کارکتەر پیاوە ڕۆڵی تیا دەبینێت. لەم بارەیەوە کۆمەڵگاکانی ئێمە واتە گۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بەتەواوی دوورن لەم جۆرە دیبەیتە، لە کۆمەڵگای خۆماندا لە بابەتەکانی بزووتنەوەی ژنان، ئەم باسە وونەو لە ئارادا نیە. هەندێک بەردەوام ئەڵێن( سیستمی سەرمایەداری چەوسانەوەی جێندەری دروست کردوەو سەرجاوەی تووندوتیژی و نایەکسانی جێندەریە و وە سیستمی سەرمایەداریە داری داری داوەتە دەست پیاوان تا ژنان بچەوسێنەوە)، بەڵام هەرگیز ئەو پرسیارە نایەتە پێشەوە بۆچی پیاوان لە وەها سیستمێکدا ئەو ڕۆڵەیان وەرگرتووەو قبوڵیان کردوە؟ پرسیارێکی تریش ئەوەیە سیستمی سەرمایەداری پەیامی ئاسمانیە یاخود داهێنانێکی مۆڤ خۆیەتی؟ بێگومان سیستمی سەرمایەداری بەرنامەی داڕێژراوی بیری چەوسێنەری مرۆڤە و لە باری جێندەرەوە بیرۆکەیەکی پیاوانەیەو هەموو جۆرەکانی جیاکاری و دیسکرمنەیشن
لە خۆ دەگرێت.Discrimination
گەر باس لە ڕۆڵی پیاوان بکرێت لە بابەتی توندوتیژی و نایەکسانی جێندەریدا ڕەنگە یەکسەر ئەو بەشەی پیاوان بێتە بەر پێش چاو کە توندوتیژی دەکەن، کە لە ڕستیدا بەشێکی تری گەورەی پیاوان هەن ئەو بەشەی پیاوان کە توندوتیژی بەکار ناهێنن بەڵام بێدەنگن لە .Men Silenceبەرامبەر کێشەکەدا
لە راستیدا بێدەنگی هۆکارێکە بۆ بەردەوامیدان بە کێشەکە. هەندێ جار بێدەنگی وا دەگەیەنێت وە یان باوەڕ بوونە بەوەی کە وایە توندووتیژی باش نیە، کارەساتە بەڵام سروشتی کۆمەڵگا وایە!!، لە هەندێ کەیسی تردا وا دەگەیەنێت کە بەڵێ پیاوان بۆیان هەیە تووندووتیژی بەرامبەر بە ژنان بەکار بهێنن. بەم شێوەیە قەبارەی پیاوانی بێدەنگ ڕووبەرێکی فراوانی گرتوەتەوە. ژمارەو گروپی بچوکی پیاوان هەن کە باوەڕیان وایە کێشەی ژنان کێشەی ژنان خۆیانەو جۆرێک لە هاوسۆزیان هەیە لەگەڵ کێشەکانی ژناندا ، بەڵام باوەڕیشیان بەوە هەیە کە پیاوان دەبێت پشتیوانیان بکەن بەڵام پشتیوانیەکەیان تەنها ووتەی سەر زاریانەو بێهەڵوێستن لە بەرامبەر بە کارەساتەکان، کە ئەمەش لە ڕاستیدا هەڵوێستێکی پاسڤانەیە. هەندێکی تر لە پیاوان ڕەنگە لە کۆڕو کۆبوونەوە کۆمەڵایەتیەکانیان لە شوێنی کارو لە ڕێکخراوو پارتە سیاسیەکانیان دەنگ هەڵبڕن و پشتیوانی ژنان بکەن، لە بەخشینی کۆمەک و یارمەتیدانی و هەندێ کاتیش لە بەڕیوەبردنی کاری ناوماڵ و سەرپەرشتی مناڵان بەشداری بکەن، ئەم بەشە لە پیاوان لە راستیدا مەبەستیان باشە بەڵام هێشتا کاریگەر نین، چونکە هێشتا گروپێک لە پیاوان یان جووڵانەوەو تێڕوانینێکی تەواو لە ئارادا نیە کە بەتەواوی بیسەلمێنێت کە جدین و بەڵێنیان داوە بۆ کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی پیاوان لە دژی ژنان لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا.
ئەوەی کە بزووتنەوەی ژنان و یەکسانی جێندەری تایبەتە بە ژنان پیاوان سەقاڵ نین لەگەڵیدا لە ڕاستیدا ئەمە خاڵێکی لاوازی چوونە پێشەوەی ئەو بابەتەیە. لایەنە لاوازەکەی ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەیە نوێنەرایەتی تەنها بەشێکی کۆمەڵگا دەکات کە ژنانە. لەلایەکی تر
مۆنۆپۆلی یان کۆنترۆڵی پیاوان لە سیستم و کۆمەڵگادا، لە پەرلەمانەکان و، بوارە سیاسیەکان و، ڕێکراوەکان و، دامو دەزگا دەوڵەتیەکان و دامەزراوە ئابوری و ڕۆشنبیری و دینی و کەلتوریەکانو،،، ئەمانە وای کردوە کە هەمیشە دەنگی ژنان گرنگی کەمتری پێبدرێ و وەلابنرێ و سەر باری هەوڵ و تیکۆشانی زۆریان بەڵام کەم دەست کەوتن. هەر بەهۆی ئەم پێگە
کۆمەڵایەتیەوە کە پیاوان هەیانە ئەگەر کاردانەوەیەیان هەبێت و بێدەنگی بشکێنن لە بەرامبەر بە تووندووتیژی بەرامبەر ژنان ئەوا دەتوانن شان بەشان ژنان ئاڵوگۆڕی گەورە جێبخەن، هەر بۆیە نایەکسانی و کێشەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان چەندە پەیوەندی بە پیاوانەوە هەیە، چارەسەر و کۆتایی پێهێنانیشی ئەوەندە پەیوەندی بەوانەوە هەیە. لێرەدا ڕەنگە بابەتی سەربەخۆیی بزووتنەوەی ژنان بێتە پێشەوە، سەربەخۆیی بزووتنەوەی ژنان مانای تایبەت و ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەشداری پیاوان لەم بارەیەوە مانای ئەوە نیە بزووتنەوەی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان کراوە بن بۆ پیاوانیش یان پیاوان بەهۆی پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتیانەوە کۆنترۆڵی ئەو مەیدانە بکەن، بەڵکو لێرەدا قسە لەسەر ڕۆڵ و بەشداری و تێوە گلانی پیاوانە لەگەڵ بابەتی ڕووبەروبونەوەی توندو تیژی و نایەکسانی جێندەری.
فیمینیزم لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا ئەم ئاستەنگی و گرفتانەی هەبوەو هەیە، لە کەنەدا لە دوای کارەساتەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیک کە بە کوشارەکەی مۆنتریال ناسراوە ساڵی ١٩٨٩ بابەتی وەستانەوە بە دژی توندوتیژی دژی ژنان بابەتێکی بەربڵاوو دیبەیتی زۆری لەسەر بڵاو بۆوە لە پەرلەمان و ناوەندە حکومیەکان و هەروەها لە کۆمەڵگەدا، دکتۆر مایکل کۆفمان دەڵێت لەو ڕۆژگارانەدا بوو دوان لە ژنە ئاکتڤیستە فیمنستەکان ئەو پرسیارەیان ڕووبەڕوکردینەوە “پیاوان لە کوێن؟” لەم سەرو بەندەدا مایکل کۆفمان و هاوەڵەکانی کە یەکێکیان جاک لەیتۆن بوو کەوتنە سەرو بەندی پێک هێنانی کەمپینی قردێلە سپیەکان وەک بزووتنەوەیەکی پیاوان بۆ شکاندنی بێدەنگی پیاوان و بەشداریکردنیان لە کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان. هەروەها چەند ساڵیک دواتر لە ٢٠٠١ دا فرانک بێرد بە بیرۆکەی “خۆت بخەرە پێڵاوەکانی ئەوەوە” چالاکیەکی کۆمەڵایەتی بەڕێدەخات بۆ هۆشیاری دان و دژ وەستانەوە بە رامبەر بە توندو تیژی دژی ژنان. ئەوان وەختێک دەیانویست شان بەشانی ژنان لەو خەباتەدا بەشدار بن بۆ کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەو توندوتیژی دژی ژنان ئەوەشیان بە تەواوەتی لە پێش چاو بوو کە ئەم کارەی ئەوان نەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەو ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەوان سەربەخۆیی و سەنگ وقورسایی ئەو بزووتنەوەیەیان لە پێش چاو بوو.
“کەمپینی قردێلە سپیەکان” و ڕێپیوانی “مایڵێک لە پێڵاوەکانی ژنێکدا ڕێ بکە” نموونەی دوو چالاکی و بەشدارکردنی بەهێزی پیاوانن بۆ کۆتای هێنان بە نایەکسانی جێندەری.
walk

walk2

walk3

Walk a Mile in her Shoes
مایڵێک لە پێڵاوەکانی ئەودا ڕێ بکە

پەندێک هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا ئەڵێت: “خۆت بخەرە پێڵاوەکانی ئەوەوە”
“Put Yourself in her/his Shoes”
واتە هەرگیز ناتوانیت لە ئەزموونی کەسێکی تر تێبگەیت ئەگەر لە پێڵاوەکانی ئەودا ڕێ نەکەیت. بە واتایەکی تر خۆت لە جێی ئەو دابنێ.
Walk a Mile in Her Shoes
“مایڵێک لە پێڵاوەکانی ژنێکدا ڕێ بکە ” گەورەترین چالاکی جیهانی پیاوانە بۆ کۆتایی هێنان بە توندو
تیژی پیاوان لە دژی ژنان، لاقەکردن، وە نایەکسانی جێندەری، ساڵانە ڕێپێوانێکی پیاوان ڕێکدەخات. لەم ڕێ ڕۆشتنەدا پیاوان بە پێڵاوی پاژنە بەرزی ژنانەوە بۆ دووری مایڵێک ڕێ دەکەن. ئامانج لەم چالاکیە بردنەسەری ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری گشتیە بە تایبەتی پیاوان و کوڕانی گەنج سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان و نایەکسانی جێندەری. ئەم ڕێپێوانە چالاکیەکی سیاسی کۆمەڵایەتیە لە ئاستی گشتی و کۆمەڵگادا بەڕێوە دەچێت بۆ خوڵقاندنی ئەزموونێکی بەهێزو کارا کە ببێتە هۆی بردنە پێشەوەی بیرۆکەی یەکسانی ژن وپیاو، بردنەسەری ڕۆشنبیری تاکەکان لەو بارەیەوە، دواتریش پراکتیزەکردن لە ئاستی کۆماڵایەتی و سیاسیدا. هەروەها پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گشتیە وە ئەزموونێکی کاریگەرە بۆ تێگەیتن لە توندوتیژی جێندەری و کار دەکات بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و ستراتیجێکی بەهێز بۆ کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەو نایەکسانی دژی ژنان.
فرانک بێرد، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠١دا لە کالیفۆرنیا پێشنیاری ئەم چالاکیەی کرد بۆ “سەنتەری تراومای ڤالی” کە ئەو کاتە فرانک خۆی وەکو پارێزەرێکی کەیسەکانی لاقەکردن لەو سەنتەرە کاری دەکرد. ئەو کاتە ژنان سەبارەت بە قەیران و کێشەکانی لاقەکردن و دەست درێژی سێکسی بزووتنەوەیەکی سەرکەوتوویان بەڕێخست. فرانکیش پێی خۆش بوو پێیانەوە پەیوەست بێت. ئەو لە ساڵی ١٩٩٣ وە لەو سەنتەرە کاری دەکرد، هەوڵی ئەدا کە ژمارەو ڕۆڵی پیاوان زیاد بکات لە کار کردن بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان لە لایەن پیاوانەوەو هەروەها کۆتایی هێنان بە نایەکسانی جێندەری.
فرانک ئەڵێت: “توندو تیژی لە دژی ژنان تەنها ژنان ئازار نادات، پیاوانیش نیگەران دەبن لەوەی کە ئەو ژنانەی خۆشیان دەوێن ڕووبەڕووی لاقەکردن بونەتەوە. پیاوان ئازار دەچێژن کاتێک ئەیانەوێت پەیوەندی ئەوینداری لەگەڵ ژنێک ببەستن کە لە ئەتمۆسفێرێکی ترس و گلەیی و بێباوەڕیدان. هەروەها دەڵێت هەمان ئەو توندوتیژیە کە ژنان دەکاتە ئامانج، پیاوانیش دەگرێتەوە، چونکە دەستدرێژی سێکسی ئامانجەکەی سێکس کردن نیە، بەڵکو ئامانجەکەی دەسەڵات، هێز، وە جەوسانەوەیە.”

فرانک یەکەم جار لەگەڵ گروپێکی بجووک لە پیاوان لە کالیفۆرنیا لە پارکێک کۆبوونەوەو بە پێڵاوی پاژنە بەرزی ژنانەوە دەسووڕانەوە بۆ جەند سەعاتێک، دواتر ئەم گروپە بجوکە بوو بە ڕێپیوانی دەیان هەزار کەسی بەشێوەیەکی بەرفراوان ناسرا. ئەوان مەبەستیان کۆکردنەوەی کۆمەک بوو بۆ سەنتەرەکانی دەست درێژی سیکسی و شێڵتەرەکانی ژنان وهەروەها پرۆگرامی بردنەسەری ڕۆشبیری جێندەری و کەمکردنەوەی تاوانەکان لە دژی ژنان بوو.
دواتریش فرانک لە ساڵی ٢٠٠٧دا پرۆژەیەکی فراوانی هیومانیتریانی پێک هێنا بۆ گەشەپێدانی ئاشتی و ڕێگەگرتن لە توندو تیژی و هەروەها گەشەپیدانی پرۆژە کۆمەڵایەتیەکان.
frank

فرانک بێرد داهێنەری “مایڵێک لە پێڵاوەکانی ئەودا ڕێ بکە”

کەمپینی قردێلە سپیەکان White Ribbon Campaign
دواتر ڕێپێوانی “مایڵێک لە پێڵاوەکانی ئەودا ڕێ بکە” بوو بەیەکێک لە چالاکیەکانی کەمپینی قردێلە سپیەکان. کەمپینی قردێلە سپیەکان گەورەترین بزووتنەوی ” White Ribbon Compiegne ”
جیهانی پیاوانە کە کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە توندووتیژی دژی ژنان، و بردنەپێشەوەی یەکسانی جێندەری، و پەوەندی تەندرووست، وە هەروەها بەدەست هێنانی تێڕوانینێکی نوێ بۆ مانای پیاوەتی. ئەمان ڕەنگی سپیان هەڵبژارد وەک سیمبولی ئاشتی. ئەم کەمپینە لە ساڵی ١٩٩١ وە بۆ یەکەم جار لە کەنەدا لە لایەن چەند کەسێک لە شارەکانی تۆرۆنتۆ، ئۆتاواو، کینگستۆن دەست پێشخەری بۆکراوە. دکتۆر مایکل کۆفمان دامەزرێنەرو چالاکتیرن کەسی ئەم کەمپینەبووە وە هەروەها “جاک لەیتۆن” کە کەسایەتیەکی چەپ و سیاسەتمەدارێکی ناوداری کۆمەڵگای کەنەدی و شاری تۆرۆنتۆ بوو، هەروەها ڕۆن سلاسەر مامۆستای زانکۆ پشتیوان ویارمەتیدەرێکی باشی ئەو بوون لەو کاتەدا. بیرۆکەی پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی پیاوان و ئەم کەمپینە لە کاردانەوە بەرامبەر بە کارە تیرۆرستیەکەی ٦ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٨٩ کە لەلایەن پیاوێکی ڕق هەڵگرتوو لە فیمینیزم بە ناوی مارک لیپین بە چەک و چەقۆی دەستیەوە دەچێتە زانکۆی ئیکۆل پۆلیتەکنیک مۆنتریاڵ/ کەنەدا و
Ecole Polytechnique in Montreal/ Canada
لەوێ لە کۆلیژی ئەندازیاری ١٤ خویندکاری کچ تیرۆر دەکات ١٣ی تر بریندار دەکات لە ماوەی تەنها ٢٠ خوولەکدا. کە دواتر پەرلەمانی کەنەدا لە ساڵی ١٩٩١دا ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژی نەتەوەیی یادکردنەوەو هەروەها ڕوبەڕوو بونەوەی توندو تیژی دژی ژنان لە کەنەدا بە فەرمی ناساند. کەمپینی قردێلە سپیەکان ٢ ساڵ دواتر لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٩١ لە دەوروبەری ڕۆژی نیونەتەویی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسراوە، پێک هات. لەو کاتەوە ئەو ڕێکخراوە داوایان لە پیاوان کرد کە قردێلەی سپی بپۆشن وەک بەڵێن دانێک کە هەرگیز توندوو تیژی بەرامبەر ژنان نەکەن و قبوڵیشی نەکەن، یان بێدەنگ نەبن لەبەرامبەریدا. قردێلە سپیەکان پرۆژەیەکی بردنەپێشەوەی ڕۆشنبیری و هۆشیاری گشتیە گرنگی دەدات بە بەشداریکردن و ڕۆڵی پێاوان و کوڕانی گەنج داوایان لێ دەکات کە بیر لە هەڵسو کەوت و خووڕەوشتیان بکەنەوەو پێداچوونەوە لەم بارەیەوە بکەنەوەو لەگەڵ پیاوانی ترو هاوەڵەکانیان قسە بکەن بۆ ڕووبەروبونەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان .
مێژووی کوشتارەکەی مۆنتریال و مێژووی دامەزراندنی کەمپینی قردێلە سپیەکان وە هەروەها ١٠ی دیسەمبەر کە ڕۆژی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤە لە مێژوودا بە جۆرێک لە جۆرەکان بە ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی نێونەتەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەستراوەتەوە کە لە ڕاستیدا ٢٥ی نۆڤەمبەر مێژووی تیرۆرکردنی ٣ ژنی سایەتمەدار کە هەرسێکیان خووشک بوون لە ووڵاتی جمهوری دۆمەنیکان ساڵی ١٩٦٠، ئەو سێ ژنە سیاسەتمەدارە خەباتیان دەکرد لە دژی دەسەڵاتی دکتاتۆری “ڕافایل ترۆجیلۆ” کە فەرمانی تیرۆرەکەش لەلایەن دکتاتۆر خۆیەوە دەرچووبوو، هەروەها ڕۆژی راگەیاندنی قردێلە سپیەکانە بۆیە لە کەنەدا ٢٥ی نۆڤەمبەر تا ١٠ دیسەمبەر بە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناودەبرێت و لەو ماوەیەدا چالاکیەکان بەردوەوام دەبێت.

michel
مایکڵ کۆفمان دامەزرێنەری “کەمپینی قردێلە سپیەکان”

کەمپینی قردێلە سپیەکان هەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی هۆو ڕیشەی نایەکسانی و تووندوتیژی جێندەری و بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕێکی فەرهەنگی کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی دواڕۆژێکی بێ توندوتیژی و چەوسانەوە. وە پێیان وایە کە پیاو بەشێکە لە چارەسەرەکان و هەروەها بەشێکە لە بەدیهێنانی ئایندەیەکی ئارام و یەکسان بۆ گشت مرۆڤەکان.ئەوان کار دەکەن لە ڕێگەی ڕۆشنبیری و بردنەسەری هۆشیاری گشتی، دەستڕاگەیشتن، یارمەتی تەکنیکی، سەرخستنی توانایی، هاوکاری و هەروەها دامەزراندنی ئامرازو ستراتیجی درووست، وە کاردەکەن وەک نموونەیەکی پۆزەتیف بەرامبەر بە تێگەیشتنە نێگەتف و دواکەوتووەکان لە بارەی پیاوەتیەوە، دەیانەوێت کار بکەن لەسەر پیاوان بۆ دەستگرتن بەو توانا گەورەیەوە کە هەیانە بۆ ئاڵوگۆڕێکی پۆزەتیف.
سەرچاوەو بڵاوکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە کچان و کوران سوودی گەورەی لێ ببینن. لە ماوەی ٢٥ ساڵ کارکردنی ئەم ڕێکخراوەدا، ئەجێنداو ئامرازەکانی قردێلە سپیەکان لەلایەن سەدان هەزار مامۆستاو قوتابیەوە لە سەرتاسەری ئەمریکای باکوردا بەکار دەهینرێت لە پرۆسەکانی خویندن و لە ناو پۆلەکان و زانکۆو قوتبخانەکاندا سوودیان لیوەردەگیرێت بۆ بردنە پیشەوەی بیرۆکەی یەکسانی جێندەری و دامەزراندنی پەیوەندی تەندروستی نێوان ژن و پیاو. بەم شێوەیە کەمپینی قردێلە سپیەکان لەلایە وەک دکتۆر مایکل دەڵێت لە ساڵی یەکەمیدا لەلایەن سەدان هەزار پیاوو کوڕی گەنجەوە پێشوازی لێکراو دواتریشبە ووڵاتانی ئەوروپاو ئوسترالیاو هەندێک لە ووڵاتانی ئاسیادا بڵاو دەبێتەوەو تا ئێستا توانیویانە لە ٦٠ ووڵاتی جیهاندا بڵاو ببنەوە، کە بەهێزترینیان کەنەدا و ئوسترالیاو، بەریتانیایە. وە لە هەندێ ووڵات دا ٢٥ی نۆڤەمبەر بە ڕۆژی قردێلە سپیەکان ناسراوە.

Jack

جاک لەیتۆن”١٩٥٠-٢٠١١” سیمایەکی ناسراوو سیاسەتمەدارێکی چەپی کەنەدی، یارمەتیدەرێکی سەرەکی دامەزراندنی کەمپینی قردێلە سپیەکان بوو
Jack Layton “1950-2011”New Democrat Party/NDP Leader
One of the co-founder of White Ribbon Compiegne

——————————————————————————–

سەرچاوەکان:
http://www.michaelkaufman.com/wp-content/uploads/2008/12/The-Day-the-White-Ribbon-Campaign-Changed-the-Game.pdf
The Day the White Ribbon Campaign Changed the Game: A New Direction in Working to Engage Men and Boys Michael Kaufman, Ph.D.
http://michaelkaufman.com/ Men and Gender Equality
http://www.walkamileinhershoes.org/
https://en.wikipedia.org/wiki/%C3%89cole_Polytechnique_massacre

http://www.biography.com/people/marc-lepine-235980#profile
http://www.history.com/this-day-in-history/international-day-to-eliminate-violence-against-women
http://tcfv.org/pdf/mensguide/EngagingMenandBoys.pdf

Previous
Next
Kurdish