Skip to Content

بۆ ئەمریکا پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات؟ …  شێرکۆ کرمانج

بۆ ئەمریکا پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات؟ … شێرکۆ کرمانج

Closed
by ئایار 19, 2017 General, Opinion, Slider

دوای سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بۆ ئەمریکاو دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان لە سەردانەکەیدا ئەو شتانەی دەستنەکەوتبێت کە هەوڵی بۆ دەدان، لەوانە: بڕینی یارمەتیەکان لە پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو دانانیان وەک تیرۆریست؛ لەگەڵ ڕادەستکردنی فەتحوڵا گولەن، پیاوە دیندارە موسڵمانە تورکەکەی نیشتەجێ لە ئەمریکا، کە ئەردۆگان بە عەقڵی پشت کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦ ی ناساندوە.
لە پرێس کۆنفرانسەکەی کۆشکی سپی ئەردۆگان هەر قەوانە کۆنەکەی لێدەدا ئەویش کە خۆی لەوەدا دەدیتەوە کە پەیەدە بەچکەی پەکەکەیەو جیاوازییەک لەنێوانیاندا نیەو شەڕی تیرۆر (داعش) بەپشتیوانیکردن لە گروپێکی تیرۆریستی (پەیەدە) ناکرێت.

هەر لەوێدا، ترەمپ باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا کردو گرنگی هاوکارییکردنی هەردوو وڵاتی خستەڕوو بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆر. بەڵام ئەردۆگان گوێی لەوەنەبوو کە بۆی چووبوو ئەویش پشتکردن لە پەیەدەو ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان‌و دانانیان وەک گروپێکی تیرۆریستی. تاکە شتێک کە ترەمپ گوتبێتی‌و ئەردۆگان پێیخۆشبووبێت ناوبردنی پەکەکە بوو وەک گروپێکی تیرۆریستی.

پرسیارێک کە لەسەر زاری زۆر کەسە ئەوەیە داخۆ ئەمریکا پشت لە تورکیا دەکات‌ بەڕووکردنی لە پەیەدەو ڕۆژاڤا، بەواتایەکی دیکە ئەمریکا تورک بە کورد دەگۆڕێتەوە. سادەگۆیەکان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یەکسەر دەڵێن بەڵێ، ئەوە نییە ئەمریکا مکوڕە لەسەر پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤاو ناردنی چەک بۆ پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات. تێگەیشتن بەمشێوەیە لە سیاسەتی وڵاتان بەگشتی‌و ئەمریکا بەتایبەتی، کە ئێستاکانێ تاکە گەورە زلهێزی دنیایە، ناحاڵیبوونە لە چۆنییەتی سیاسەتکردن‌و سیاسەت داڕشتن لەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان ناسراوە.

ئەمریکا نە کورد بە تورک دەگۆڕێتەوەو نە تورک بە کورد. ئەمریکا لەناوچەکە سیاسەت دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ستراتیجییەتە گشتییەکانی لەناوچەکەو لەناوبردنی داعش کە بەشێکە لەو ستراتیجیەتە. بۆیە کاتێک کە ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕچەک دەکات بۆ دژایەتیکردنی تورکیا ئەم کارە ناکات. ئەمریکا لە گرنگیی پێگەی ستراتیجی تورکیا گەیشتوەو حەزناکات کە تورکیا بخاتە بەرەی ئەوانی دیکە کە لەم قۆناغەو لەم ناوچەیە بەرەی ڕوسیاو ئێرانە، کە بە بەرەی نەیارانی ئەمریکا ناسراون. بۆیە ئەمریکا هیچ کاتێک نایەوێت تورکیا زویربکات بەڵام لەوانەیە لەناچارییا سیاسەتەکانی ئەمریکا ببن بەمایەی ڕەنجان‌و توڕەبوونی تورکیا.

باشە ئەگەر ئەمریکا گرنگیی‌و پێگەی تورکیا درکدەکات‌و نایەوێت زویریبکات ئەی بۆ ئامادەنییە کە پشت لە کوردانی ڕۆژاڤا بکات، کە خواستی یەکەمی تورکیایە بۆ درێژدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەو دوو وڵاتە؟
لێرە هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هۆکاری پشتیوانی ئەمریکییەکان لە ڕۆژاڤا زۆرن بەڵام دەکرێت لێرە لەسەر گرنگترینیان هەڵوەستە بکەین:
یەکەم، ئەمریکا ساڵانێک پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی بەناو میانڕەوی سوریا کرد، بە جەیشی حوری سوریشەوە، بەڵام دوای خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلار هەموو هەوڵەکانی بە فیڕۆچوون‌و بەشێکی زۆری لەو چەکانەشی کە بە گروپە میانڕەوەکانی دا گەیشتنە دەست گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش‌و جەبهەی نوسرە. بۆیە ئەمریکا بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕا، هێزەکانی پەیەدەو سوریای دیموکرات ئەو بەدیلە چاوەڕوانکراوە بوون.

دووەم، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بەرگریکردن لە کۆبانی‌و شەڕڤانەکانی پەیەدە‌، کە لەژێر کاریگەریی میدیاو ڕای گشتی ڕۆژئاوا ئەنجامدران، سەرەتایەکی چاکبوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە کە توانای شەڕڤانە کوردەکانی لە بەرگریکردن لە خۆو شەڕکردن لەگەڵ داعش نیشاندا. ئەمە لە شەڕەکانی دواتر، بەتایبەتی شەڕی مەنبەج‌و ڕۆژئاوای فورات، زیاتر دەرکەوت. بەکورتییەکەی بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت کە کوردەکان هێزێکن ئەگەر پشتیوانیان لێبکرێت دەتوانن نەک هەر شەڕی داعش بکەن بەڵکو بەرگریش لە ناوچەکانیان بکەن. ئەزمونی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەڕڤانەکان هەیانبوو کاریگەریی خۆی هەبوو لە سەرنجڕاکێشانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ شەڕڤانەکان‌و سەرکردەکانیان.

سێیەم، ڕاستە ئەمریکییەکان نایانەوێت تورکەکان پەراوێزخەن بەڵام لە قەیرانی سوریا بۆیان دەرکەوت کە تورکەکان لە باشترین حاڵەتدا هاوپەیمانێکی خراپن چونکە ساڵانێک بوو سنورەکانی خۆیان نەک هەر بەڕووی داعش‌و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دانەخستبوو بەڵکو لە سنورەکانی تورکیا هاوکاری‌و کارئاسانی پێشکەش بە تیرۆریستەکان دەکرا، بەئاشکرا یان بەدزی. کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورانە تەنیا بەپشتیوانیکردن لە پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرا کە بەشی هەرە زۆری ئەو سنورانەیان لە ماوەی چەند ساڵێک لە داعش، هاوسنورەکەی تورکیا، پاککردەوە.

چوارەم، ئەمریکییەکان پێویستییان بە هاوکارێک‌و هاوپەیمانێک بوو کە پێویستی بە ئەمریکییەکان بێت بەڵام توانای ئەنجامدانی شەڕو بەڕێوەبردنی خەڵکیشی هەبێت لەسەر زەوی سوریا. هاوپەیمانێک کە لەبەرئەوەی پێویستی بە یارمەتی ئەوانە هیچ کاتێک لەژێر فەرمانی ئەوان دەرنەچێت. ڕاستیی ئەم خاڵە لەوکاتە زەقتر دەردەکەوێت کە بارودۆخی کوردانی ڕۆژاڤا ڕەچاوبکەین کە لەلایەکەوە تورکیا، لەلایەک پارتی، لەلایەکی دیکە داعش‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە میانڕەو و توندڕەوە تادەگات بەشار ئەسەد دەوردراوە کە بەئاشکراو بەدزی دژایەتی پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن. بەکورتی وەک چۆن ئەمریکا کەسی نییە لەسەر زەوی شەڕی بۆ بکات کوردەکانی ڕۆژاڤاش کەسیان نییە کە هانای بۆ ببەن‌و یارمەتیان بدات. لەئاکامدا هەردووکیان بوون بەتەواوکەری یەکدی.

چوارەم، تورکیا هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاو پێش ئەویش خەونی بە درێژکردنەوەی قوڵایی ستراتیجی خۆی دەدیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاراستەی کەنداوی عەرەبی، هاتنی بۆ ناو سوریا لەم ئامانجەی نزیکدەکردەوە. ئەمریکا ئەم پەلئاوێشتنەی تورکیای پێ باش نییە. ئەمەش کاتێک زەقتر دەردەکەوێت ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە تورکیا لە ٢٠٠٢ ـەوە حکومەتێکی ئیسلامیی-سوننیی ڕابەرایەتی دەکات‌و لەهەوڵی زیندوکردنەوەی خەونە ئیمپراتۆرییە عوسمانییەکانە لەسەر بنەمای دین‌و مەزهەبی سوننە. پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا بەشێکە لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ لەباربردنی ئەو خەونەی تورکیا.

پێنجەم، لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ دا پاش ئەوەی ئەمریکا باسی لە چارەسەری سیاسی کرد بۆ کێشەی سوریا، کە هاتنی ڕوسیای بۆ ناو هاوکێشەکانی سوریا بەچڕی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دواتر باڵادەستی ئێرانی نەک هەر لە سوریا بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێکەوتەوە. ئەمانە هەمووی وای لە ئەمریکا کرد کە پێیوابێت ئەگەر پشتیوانی لە کوردەکان نەکات‌و لەڕێگەی ئەوانەوە بازوی خۆی‌و ناوچەکانی ژێردەستی تاکە هاوپەیمانە ساواکەی بەهێزنەکات ئەوە سوریا لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ڕوسەکان لەلایەک‌و ئێرانییەکان‌و هاوپەیمانەکانی (وەک ئەسەد و حیزبوڵا) لەلایەکی دیکە. بەکورتی‌و بەکوردی ئەمریکا پشتیوانی لەڕۆژاڤاو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بۆ بەرگریکردن‌و ڕێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی ڕۆڵی ئێران لە سوریاو لە ناوچەکە.

شەشەم، دوای شڵەژانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئاکامی ئەوەی بە “بەهاری عەرەبی” ناسراوە ئەمریکییەکان بەگشتی‌و ترەمپ بەتایبەتی بەدوای بکەری سەقامگیریکەردا دەگەڕێن لەناوچەکە. کوردانی ڕۆژاڤا سەلماندویانە نەک هەر سەقامگیری ناوچەکانیان دەتوانن ڕابگرن‌و بپارێزن بەڵکو ئەو ناوچانەش کە وەک ناوچەی ناکوردی دانراون تائێستا کێشەیەکی وایان تێدا سەریهەڵنەداوە کە ببێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکییەکان. بۆ ئەمریکییەکان پرسی سەقامگیریی پێش دیموکراسی دێت. لەڕاستیشدا هەروایە چونکە توێژینەوەکان‌و ئەزمونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێماندەڵیت کە هەرێم‌و وڵاتە ناسەقامگیرەکان ژینگەیەکی چاکن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم‌و تیرۆریستان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. بۆیە ئەمریکا پێیوایە کاتێک کە پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات پشتیوانی لەو ئەزمونە سەقامگیرە دەکات کە بەخۆی بەرگری لەخۆی دەکات لەدژی سەرهەڵدان‌و تەشەنەی بیری توندوتیژی‌و تیرۆریزم.

حەفتەم، سەرکەوتنی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە ڕێزگرتنی فرەیی دینی‌و نەتەوەیی، ئەگەر ڕێژەییش بێت، لەو ناوچانەی کە بەڕێوەیان دەبەن لەگەڵ تەبەنیکردنی سێکولاریزم‌ وەک بنەمایەک بۆ یاسادانان‌و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەبووە لە نزیکبوونەوەی کوردو ئەمریکییەکان بەڵام پێموانییە بێ بوونی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمانپێکردن پەیوەندییەکان بەو ئاستە دەگەیشتن کە ئێستا پێیگەیشتون.
ئەم هۆکارانە بەگشتی پێماندەڵێن کە پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا، پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەندەی پەیوەندی بەیەکگرتنەوەو یەکنەگرتنەوەی بەرژەوەندی‌و ئامانج‌و ستراتیجییەکانی بکەر (actor) ـەکانە ئەوەندە پەیوەندی بە ئەخلاق‌و ئایدیۆلۆجیاوە نییە.

ئەگەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئایدیۆلۆجیا دامەزرابان هیچ کاتێک هێزێکی چەپڕەوی ژینگەپارێزیی ئینتەرناشناڵیستی وەک پەیەدە لەگەڵ ئەمریکای بازاڕی ئازادو دیموکراسخوازی سەردەمی باراک ئۆباما، یان ئەمریکای ناسیونالیستی ئابوری‌و کۆنزێرڤەتیڤی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، لێکنزیک نەدەبوونەوە. ئەخلاق‌و مافەکانی مرۆڤ‌و بەها دیموکراسییەکان لێرەو لەوێ قسەیان لەسەر دەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەشە جارجار کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک یان بکەرێک هەبێت، بەڵام بەگشتیی پرس‌و بەهای یەکلاکەرەوە نین، ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هاوئامانجی‌و هاوبەرژەوەندی‌و هاوستراتیجییە. بۆیە کوردو کوردستانیان چ لە ڕۆژاڤا چ لە هەر شوێنێکی دنیا بن دەبێت لەو ڕاستییە بگەن‌و لەسەر ئەم بنەمایانە لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دنیا نزیکببنەوە.

Previous
Next
Kurdish