Skip to Content

ئەودیوى یەقین یان گومان ….  یوسف عزەدین

ئەودیوى یەقین یان گومان …. یوسف عزەدین

Closed
by ئایار 22, 2017 General, Literature, Slider

هەردەم سەقامگیر و ساویلکەکان
گومانى ئێمەیان پێ ناگیرێتە خۆ و
زۆر بەسادەیش راڤەى رووتەختى دنیامان بۆ دەکەن و
پێشمان دەڵێن ئەفسانەى قووڵاییەکان هەرزەگۆیى و گاڵتەجاڕییە – هێرمان هیسە-.

لەگەڵ ئەوەى نووسینى خوێندنەوەیەک کەوەک خۆى شیاوى خوێندنەوەیەکى جیدیانە بێت و توانستى داگیرکردنى شوێنجێگەیەکى دیاریکراوى مەعریفى هەبێت و سنوورەکانى سەلەفیەت و تەقلیدییەتى نووسین تێپەڕبکات، ئاستەم نییە!؟.. بەڵام هەن پێیان ئاستەمە، بەو پێیەى ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە تێڕوانین و تەسەوورێکیان نییە دەرحەق بەتەرزە نووسینێک کەتواناى تێپەڕکردنى سەلەف و تەقلیدى چەشنە نووسینێکى هەبێت کەزادەى دۆگما ئایدیۆلۆژییەکان و هەموو ئەو چەشن و شێوە تێڕوانینە رووکەشییە تەبسیتکراوانەیە کەساڵانێکە بەشێوەیەکى بەرچاو زۆرێک لەبوارەکانى نووسینى بەئەدەبیاتیشەوە دووچارى ئیفلیجبوون و گۆتبوون و راوحکردن کردووە.

رەنگە بتوانین بڵێین بەدرێژایى سەدەیەک لەنووسینى کوردى، ژمارەى هەرە زۆرى نووسراوەکان مەگەر لەفۆرمدا گۆڕانکارى تێدا ببینرێتەوە، دەنا لەبنەڕەتدا هەر کاوێژکردنەوەى ئەوەى پێشووە، بەچەشنێکى بێزارکەر و ناقۆڵا کەبۆتە مایەى نەخوێندنەوە یان دروستکردنى خوێنەرێکى ناخوێنەر، چونکە کاتێک خوێنەر دەبێتە خوێنەر کەتێکست بتوانێت حەزى کەشفکردن و گەڕانى تێدا ببزوێنێت و ویستى کردنەوەى دەرکەکانى تێدا بەرجەستەبکات، نەک بەپێچەوانەوە رایکێشێتە نێو خمخۆرکى بێزارى و وەڕسى و هەموو حەز و ئارەزووەکانى وەک خوێنەرێک تێدا بکوژێت و بگرە ئازاریشى بدات و تووشى چەندین کۆمپلێکسى سایکۆلۆژیشى بکات، کەم نین ئەو کتێب و نووسینە کوردیانەى لەکاتى خوێندنەوەیاندا خوێنەر ترسى ئەوە دایدەگرێتەوە ئەگەر پێچەوانەى ئەوەى کەپێى دەگوترێت، بەچەشنێکى دیکە بیر بکاتەوە رەنگە مەجازیانە فەلاقە بکرێت، ئەقڵییەتى حوجرە هەر ئەوە نییە لەدوو توێى هەندآ کتێبى ئاینییەوە ئێخەى خوێنەر دەگرێت و بەهەڕەشەو گوڕەشەو چاوسوورکردنەوەو ئەشکەنجەدانى رۆحى و خۆسەپاندن و ئیمپریالییەتى زمان و دۆگماى بۆچوون و تێزەکان دەچێتە نێو قووڵاییەکانى زەینى خوێنەرەوەو مێشکى دەسڕێتەوەو دایدەبڕێت لەهەر گومانێک کەبیەوێت دزەبکاتە نێو کەلێنەکانى تەسەوورییەوە، بەڵکو بەشێکى بەرچاوى ئەوەى لەبەرگێکى نوێداو لەم سەردەمەشدا نووسراوە هێشتاکە دانەبڕاوە لەئەقڵیەتى حوجرەگەرێتى و نووسەران و موریدانى بەچەشنى مەلا و فەقێیانى سەردەمانێک و بەهەموو کەرەستەکانى فەلاقەو ئەشکەنجەدانەوە گەڕاونەتەوەو خۆ کەس ناوێرێت تەسەوورێکى پێچەوانە بنووسێت یان دەرببڕێت، کاتێک دەزانرآ لەهەموو مینبەر و میحراب و پەنا و سووچ و کووچەو کۆڵان و گۆڕەپان و چایخانەو گوزەر و دەزگاو شوێنە رەسمى و ناڕەسمییەکانى ئەو پایتەختە وەهمییە لاهوتییە غەیبانییەوە تارماییە پارێزەرەکانى ئەو جۆرە ئەقڵییەتانە بەو پەڕى وەلائیانەوە بۆ مەرجەعێک کەخۆیان ئینتیمایان بۆى هەیە پەلامارى دەدەن.

وەک لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەم پێداوە: تێڕوانینێکى سەلەفیانەیە بۆ ئەوەى کەپێشووتر نووسراوەو ئەوەى کەدواتریش دەنووسرێت، گوتارێکى وەعز ئامێزەو هیچى لەگەڵ گوتارى مەلا و فەقێ و سوختەکانى حوجرەدا فەرق نییە، کاتێک دەڵێیت هێشتاکە رۆشنبیرى و هزرى کوردى نەچۆتە دەرەوەى دیوارە دۆگماکانى حوجرەوە، کەسانێکى زۆرت بەگژددا دێن، کەچى راستییەکەش ئەوەیە کەلەم رۆژگارەدا تازە بەتازە خۆى نوێ دەکاتەوەو جارێکى دیکە ئێخەمان پێدەگرێت و بەبەشێکى بەرچاوى نووسینەکانى ئێستاشەوە نەیانتوانیوە تەجاوزى ئەو دۆگمایە بکەن، نەیانتوانیوە لەدەرەوەى تەقدیسکردن و موقەدەسەوە خوێندنەوەیان هەبێت، مەسەلەکە لەگەمەکردن بەزاراوەکاندا نییە، وەک کەسانێک کەسانێکى دیکەمان بەسەردادەسەپێنن و بانگهێشتى خوێندنەوەى تێکستە تاقانە و ناوازەکانیان دەکەن، تێکستە جوانەکانیان، تێکستە مەزنەکانیان، تێکستە تا ئێستا نەنووسراو و لەمەو دواش نەنووسراوەکانیان؟!.

نازانم هیچ رێى تێدەچێت، تۆ خوێندنەوەیەکى زیندوو بۆ تێکستێکى زیندوو بکەیت، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى تێکست وەک خۆى هەڵبوەشێنیتەوە؟! بەبێ ئەوەى بیر لەنەگوتراوەکانى بکەیتەوە؟! تەنانەت ئەوەى کەخودى دانەرەکەشى بیرى لێنەکردۆتەوە، بەڵام تێکست بەرەو ئەوێت دەبات، بەرەو ئەو شوێنەى کەدانەر دەسەڵاتى بەسەریدا نەشکاوە، بەرەو ئەو شوێنەى کەوەک بۆشاییەک جێماوە، بەرەو ئەو شوێنەى کەبۆتە پەراوێز، بەبێ ئەوەى دانەر ئاگادار بووبێت، لەو پەراوێزخستنە، یان مەبەستى بووبێت.

مانەوەى هەندێک لە تێکستە ئایینییەکان تا ئەم ساتەوەختە، لەڕووى هەڵگرتنى خوێندنەوەو تەئویلکردنەوە، بەدەر لەو پێگەیەى کەپاراستویەتى یان سەپاندنى و هۆکارەکانى دیکە، بەشێکى دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو پەراوێز و پەنهان و نهێنى و بۆشاییانەى کەلەنێو تێکستەکەدا هەیە، کاتێک تێکستێکى ئایینى دیاریکراو سەبارەت بە”هاوڕێیانى ئەشکەوت” دەخوێنمەوە، ئەوەى کەسەرنجم رادەکێشێت، نەگوتنى ژمارەى تەواوى ئەو کەسانەیە کەچوونەتە نێو ئەشکەوتەکەوە، سەربارى دیاریى نەکردنى ساڵەکانى مانەوەیان، رەنگە سەرپێى ئەمە ببرێتەوە بۆ نەزانینى ژمارەى کەسەکان و ساڵەکانى مانەوەیان، لەکاتێکدا نەزانین و وەڵام نەدانەوە لەگەڵ رەهابوونى تێکستەکەو زانینى میتافیزیکییانەى پێشوەختى بەهەموو شتێک نەگونجاو و نەشیاوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر هەر ژمارەیەکى سەبارەت بەکەسەکان و ساڵى مانەوەیانى بگوتایە بێ چەندو چوون جێى قبووڵ بوو، کەواتە دەبێت لەڕوویەکى ترەوە تێى بڕوانین، وەک خۆم پێموایە گوتنى هەر زانیارییەک وەک یەقینێک سەبارەت بەژمارەى کەسەکان و ساڵەکانى مانەوەیان، ئەم رووداوەى دەبردە نێو مێژووییەکى بەرجەستەوە، ئەو دەمیش لەگەڵ راستى و دروستى ئەو مێژووە، ئەگەر وایە یان وانییە دەکەوتە ناکۆکییەوە، بەڵام بەوپێیەى کتێبە ئاینییەکان و تێکستەکانیان هەوڵى مانەوە لەدەرەوەى مێژوو دەدەن، کەواتە دەبێت ئەو بۆشاییە جێبهێڵن و خودى زانینەکە پەیوەست بکەن بەهێزە میتافیزیکییەکانەوە، تا تێسکتەکە خودى دەسەڵاتە میتافیزییکییەکەى لەدەست نەدات و هەمیشە بۆشایى و کەلێن و سوووچ و گۆشەى نەزانراو هەبێت، کەتێکست عاجیزە لەئاست وەڵامدانەوەیدا، لەکاتێکدا ئەو تێکستە وەک گوتەیەکى هێزەکانى پشت خۆى، خۆى نمایشدەکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بۆ نەفی نەکردنەوەى خۆى و مانەوەى بەردەوامى پێویستى بەنەزانراوە زیاتر وەک لەزانراو.
دروستکردنى خوێنەرى ناخوێنەر یان مردوو پێدەچێت بەدەر لەوەى کارێکى خۆبەخۆ بێت بووبێتە پرۆسەیەک، پرۆسەیەک بۆ موعتادکردنى خوێنەر بەخوێندنەوەى تێکستە مردووەکان و ئەودەم لەجێى گەڕان بەشوێن بۆشایى و کون و کەلێن مەوداو کایە مەعریفیەکان و پرسیارکردن، تەنها گوێقوڵاغى وەڵامەکان دەبێت و تەسلیم بەدیفاکتۆى ئەو چەشنە تێکستانە دەبێت و خۆشەى دەکەن بەگوێڕایەڵى و هیچ نەگوتن و پرسیارنەکردن، بەمەش دەبێتە خاوەن ئەقڵیەتێکى غەیبانى بەو مانایەى کەتەنها بەشى دەبێتە قایلبوون و خۆبەدەستەوەدان بۆ ئەو لێشاوە باوەى کەلەگەڵ خۆى دەیبات، ئیدى ئەو دەم خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەى هەر کتێب و نووسینێکى مردووى بارگاوى بەهەموو ئەو کەرستە میتافیزیکى و غەیبانیانەى کەلەناوەوە تێکی دەشکێنێت، دەبێتە ئەو خوێنەرەکڵۆڵەى کەلەگەڵ خوێندنەوەى هەرچەشنە کتێب و بابەتێکى لەو چەشنە وەک مردوویەک دەبێت چاوەڕێى تەلقیندانى بکات، ئیدى لەو ساتەوەختانەدا خوێنەرێکى ئاوها بەو چەشنە خۆشەکراو هیچ توانایەکى بەرپەرچدانەوەى ئەو تێکدان و شێواندنە ناوەکییەى خۆى نییەو دەرهێنانەوەشى لەو ئاستەنگە کارێکى سەختە، چونکە تەسلیمبوون بەدۆگماکان یەکێکە لەکێشە گەورەکانى نەک هەر خوێنەران بەڵکو نووسەرانیش لەئاست نووسینى تێکستێکدا کەبتوانێت پرسیار بوروژێنێت.

“عەلى حەرب” دەڵێت: ( وادێتە پێشچاو لەمابەینى وتارێکەوە بۆ وتارێکى دیکە من ناکۆک و دژ بەخۆم یان ناکۆک و دژ بەبیرۆکەکانى پێشووترم بم، نکوڵى لەمە ناکەم و ناکرێت شتێکى تریش بم).
لەدرێژەى هەمان گوتەشیدا دەڵێت:
( ئەگەر نەگۆڕێم و بەردەوام جیاواز نەبم رەنگە لەبیرکردنەوە رابوەستم، یان لانى کەم ببمە مزگێنیدەر و بیرمەندیش بەوە دەکوژرێت کەببێتە مزگێنیدەر).
رەنگە ئەوەى کە “عەلى حەرب” ئاماژەى پێدەدات یەکێک بێت لەڕێگەچارە سەرەکییەکانى وەستان و راوحکردن و بگرە مەرگى نووسەریش، ئیدى پێویستە هەردەم لەنێو قووڵایى ناکۆکییە خودییەکان و کرانەوە لەئاست مەعریفە جیاواز و راو و بۆچوون و تەرحەکاندا بگەڕێینەوە بۆ نووسین یان خوێندنەوەو هەر بەم شێوەیەش دەتوانین ئیدامەیەکى ئەکتیڤ بەخۆمان بدەین.

هەرچەندە زۆر جار بەناچارى و هێندەى رێزمان و دەستوورى زمان و وشە دەستەواژەکان رێمان پێدەدەن، تێکست بەجوان یان بەهێز و یان دژەکانى ناودێر دەکرێت، بەڵام ئیشکالێک لەهەموو ئەمانەدا هەیەو لەڕاستیدا کاتێک بەنووسینێکى دیاریکراو دەگوترێت تێکست، ئەو واتایە لەخۆ دەگرێت کەدەکرێت بخوێنرێتەوەو قابیل بەڕاڤە و تەئویل و قسە لەسەر کردنە، ئیدى دەکرێت تێکستێک تۆکمەتر بێت لەیەکێکى تر، یان لەئاست خوێندنەوەدا کراوەتر بێت و یەکێکى دى داخراو بێت و ئەمەو زۆر چەشنە تێڕوانین و دەستەواژەو زاراوەو کەرستەکانى دیکەى ناساندنى تێکست، ئەو راستیە ناشارێتەوە کەناکرێت تێکست ببێتە سێبەرێکى نووسەرەکەى، وەک لەو پانتاییە بەناو رۆشنفکرییەى کەئێمەى تێدا دەگوزەرێین سەربارى زۆر شوێنى دیکەى دنیا بەرچاو دەکەوێت، رەنگە تێکستە لاواز و لەرزۆکەکان پێویستیان بەنووسەرەکەیان بێت، لەکاتێکدا داکۆکى نووسەرێک یان هاوبیرەکانى لەتێکستێکى دیاریکراو زیاد و کەم هیچ ناخاتە سەر تێکستەکە، تەنها تێکستە زیندووکانن کەوەک خۆیان هەڵگرى تواناى تێکنەشکاندنن و دەتوانن مەوداکانى زەمەن تێپەڕبکەن و ئەمەش پەیوەست نییە بەچەشن و شێوەى لۆژیکى بوونى یان نەبوونى سەربارى زۆر شتى دیکە کەئەقڵیەتێکى تەقلیدى پێى وایە نهێنى مانەوەى تێکستە زیندووەکان لەوەدایە.
یەکێک لەو کتێبانەى کەلەسەردەمى خۆیدا بۆ بەرگرى کردن لەئایینى مەسیحى و دەسەڵاتى کڵێساو مەرجەعیەتى ئایینى لەلایەن “تۆماس فۆن ئەکوینو” بەناوى ” رەخنەگرتن لەکافرەکان”، دژ بە تەرح و بۆچوونەکانى “ئیبن روشد” نووسراوە، لەمڕۆدا وەک تێکستێکى زیندوو سەیر ناکرێت و خوێنەر بەخوێندنەوەى ئەگەر بەمەبەست بیەوێت بیخوێنێتەوە بێجگە لەدژایەتییەکى بێ بنەماى نووسەرێکى ئەوروپى چاخەکانى رابردوو بۆ تەرحەکانى “ئیبن روشد” و رکو کینێکى ئاشکرا، سەربارى ترس و خۆفێکى بێ وێنە لەبۆچوونە جیاوازەکان هیچى دیکەى تێدا نابینێتەوە، هەرچەندە سەیرە پێش ئەوەى نووسەرانى ئیسلام و نێوەندە ئایینییەکانى ئیسلام دژ بەبۆچوون و تەرحەکانى “ئیبن روشد” بنووسن نووسەرێکى ئەوروپى مەسیحى دژى وەستابێتەوە، لەکاتێکدا دواتر بیرو بۆچوونەکانى ئەو بیرمەندە کاریگەرییەکى بێوێنەى کردە سەر نەخشەى فیکریى و ئایینى ئەوروپاو ئەوە بوو ئەوان لەناوەوەڕا گۆڕان و کەچى وڵاتانى عەرەب و رۆژهەڵاتى ئیسلامى هەرچەندە ئەو کتێبانەى “ئیبن روشد” لەزۆر رووەوەو بگرە هەر لەناوەڕۆکەوە جا چ شاراوە یان بەئاشکرا دژ بەو دەسەڵاتە ئایینییە ئیسلامییە بوو کەلەمەرجەعێکدا کۆ ببۆوەو لەگەڵ دەسەڵات جیانەدەکرایەوە، بەهەرحاڵ ئەوروپایەک کەدەستپێشکەر بووە لەدژایەتى “ئیبن روشد” و قەدەغەکردنى کتێبەکانى گۆڕاو پانتاییە ئیسلامییەکەش وەک خۆى ماوەیەوە.

ئەوەى کەلێرەشدا پێویستە ئاماژەى پێبدرێت خوێندنەوەى ئێستامانە بۆ ئەو تێکستانەى “ئیبن روشد” کەماونەتەوەو لەسووتاندن و فەوتان رزگاریان بووە، هاوکات خوێندنەوەى تێکستەکانى “غەزالى” یشە لەگەڵ تێکستە رەخنەییەکانى “ئیبن روشد” بۆ فیکر و تێڕوانینى “غەزالى”. بەو پێیەى تێکستەکانى هەردوو نووسەر تۆکمەن و هەردەم قابیل بەخوێندنەوەن و هەڵگرى کۆمەڵێک تایبەتمەندى خۆیانن کەوا لەخوێنەر دەکات وەک تێکست بیانخوێنێتەوە ئەمە لەگەڵ ئەوەى کەوەک ئاماژەمان پێدا ئەوەى هەردوو نووسەر نووسیویانە دیارە پێشتر “غەزالى” و پاش نزیکەى هەشتا ساڵێکیش “ئیبن روشد”، وەک خۆیان هەڵگرى خەسڵەتەکانى تێکستن و قابیل بەخوێندنەوەن، بەبێ ئەوەى چۆنیەتى خستنە رووى میتۆدى و فیکریى و تێڕوانین و بۆچونەکان هیچ کاریگەریەکى هەبێت، چونکە بەدەر لەهەر دۆگماو بۆچوونێکى پێشوەخت و سەلەفى و راوەستاو لەپشت ئەوەى خستویانەتەڕوو، لەساتەوەختى کردەى نووسیندا زۆر شتیان رەنگە بەئاگا یان بێئاگا شاردبێتەوە کەئێستا بەخوێندنەوەیان هەوڵى کەشفکردنیان دەدەین، سەربارى ئەوەى کەویستویانە بیڵێن و نەیانوتووەو دەیان وردەکارى تر کەتێکستە زیندووەکانى پێدەناسرێتەوە، ئەمە جگە لەوەى کەتێکستەکانیان بۆ خۆیان هەڵگریین. وەڵامدانەوەى “ئیبن روشد” بۆ “غەزالى” سەبارەت بەوەى کە” غەزالى” لەڕێى خستنەڕووى بیست چەشنە بۆچوونەوە بەرپەرچى تێکستە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفەکان دەداتەوەو تا دەگاتە بەکافر لەقەڵەمدانى “فارابى” و “ئیبن سینا”، دەرحەق بەوەى کەئەوان دنیا لەهەموو شتێک بەکۆنتر دەزانن و پێیان وایە یەزدان وردەکارییەکان نازانێت و…تاد. “ئیبن روشد” لەکتێبى “تەهافوتى تەهافوت”دا بەرپەرچى تێڕوانینەکانى “غەزالى” دایەوەو ئیعتیبارى بۆ فەلسەفە گەڕانەوەو “ئیبن سینا” و “فارابى” یشى لەخانەى تەکفیر هێنایە دەرێ و هێرشێکى زۆر توندى کردە سەر “غەزالى” و بە پیاوێکى شەڕانگێز و جاهیل و خراپەکارى دایەقەڵەم کەلەپێناو سەپاندنى راوبۆچوونەکانى سڵى لەبەکار هێنانى هیچ شێوازێکى پڕ پێچ و پەناو دووڕووانە نەکردۆتەوە بەتایبەتیش لەپێناو تەکفیرکردنى ئەو دوو زاتەى کەناومان هێنان. بەڵام دیارە ئەوەى کە”ئیبن روشد” لەنووسینەکانیدا سەبارەت بەو مەسەلەیە شاردویەتییەوە، پاشگەزبوونەوەى “غەزالى” یە لەتەکفیرکردنى ئەو دوو زاتە وەک لەکتێبى “تەفرەقە” دا ئاماژەى پێداوە، بێگومان تێکستە زیندووە تۆکمەکان زۆر لەوە قووڵترن سەرپێى تێیبڕوانین و لێیخووردببینەوە. چى لەوە سەیرتر هەیە “ئیبن روشد” لەژێر پەردەى پەیوەست بوونى بەئایین و بیربۆچوونە میتافیزیکییەکانەوە بێت و ئاماژە بەوە بدات کەخوداوەند نابێت لەنێو زەمەندا قەتیس بکەین، چونکە ئەو خالیقى هەموو ئەو شتانەیە کەدروستى کردووەو بەو پێیەش هیچ یاسایەک کەئەو شتانە دەگرێتەوە ئەو ناگرێتەوە، کەواتە خوداوەند لەدەرەوەى زەمەندایە و هەموو شتەکانى دیکەش لەنێو زەمەندان، ئیشکالەکە تەنها ئەوەندە نییە بەڵکو لاى ئەو بیرمەندە شتێکى ترەو بەشارەوەیى و زۆر زیرەکانە خۆى لێداوە ئەویش ئەوەیە کەجەخت دەکاتە سەر ئەوەى کەجووڵە تەنها خەسڵەتێکى تایبەتە بەو شتانەى لەنێو زەمەندان و هیچ شتێک لەدەرەوەى زەمەن و دنیاى ماتەریاڵ جووڵەى نییە، لەڕوانگەیەکى ترەوە کەواتە هیچ شتێک نییە بکەوێتە دەرەوەى زەمەن و ئەگەر تەسەوورێکیش بۆ شتێکى وا هەبێت ئەوە ئەو شتە لەڕاستیدا نییە!؟.

ئەم ئاماژە پێدانەمان بۆ ئەوەیە کەبزانین تێکست تەنها ئەوە نییە کەوەک خۆى لەخۆى دەگرێت، بەڵکو شاراوەو نەگوتراو و تەنانەت ئەو گوتراوانەشى کەبەو چەشنەى لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا پەردەپۆشکراوە شتگەلێکى زۆر گرنگن بۆ کردنەوەى دەرکەکانى تێکست و دۆزینەوەى کۆدەکانى و کارى خوێنەرى جیدیش هەوڵدانە بۆ کەشفکردن و دۆزینەوەو گەڕانى زیاتر بەشوێن نهێنى و پەنهانەکانى تێسکتدا، ئەمەش لەکاتێکدا خوێنەر دەڕۆستى دێت کەتوانیبێتى ئەو وەهمە لەمێشکى خۆیدا بسڕێتەوە کە تێکستە تۆکمەکان بەچەشنى قەڵا سەختەکان پێویستیان بەسوپایەک هەیە تا ماوەیەکى دوور و درێژ گەمارۆى بدەن و لەڕێکەوتێکیشدا دیوار و دەرکەکانى تێک بشکێنن و ئەگەر توانیان داگیرى بکەن.

بەدرێژایى ساڵانێک سیستەمێکى بەرفراوانى فیکرى و رۆشنبیرى و ئەدەبیى میتافیزیکى کارى بۆ وێناکردنى تێکست کردووە وەک شاکارێکى موقەدەس و نووسەریش وەک بوونەرێکى تەقدیسکراو، بەمەش کارى خوێنەریان کورتکردۆتەوە بۆ وەرگرتنى ئەوەى کەهەیە بێ چەندوچوون و بگرەو بەردەى خوێندنەوەیەکى جیدیانە، نێوەندى ئەدەبى و رۆشنبیرى و فیکرى و رەخنەیى کوردیش بەشێوەیەکى بەرچاو هەندێک لەنووسەرانى کوردى کردۆتە قارەمان و هەوڵیداوە بەگێڕانەوەى ماجەراکانى ژیانیان و بەسەرهاتە جۆراو جۆرەکان و هەڵوێستە بەنامێیەکانیان نووسینەکانیان بخاتە پەراوێزەو هەردەم ئامادەگى بە ناوەکان بدات لەبرى تێکستەکان، ئەمەش لەسەرجەم کتێبە ئەدەبییەکانى قۆناغى خوێندن و لەدەرەوەى ئەوانیش لەزۆرێک لەنووسین و لێکۆڵینەوەکاندا دەبینرێتەوە، ئیدى بەشێکى زۆرى خوێنەرانى کورد ئاگادارن بۆ نموونە لەوەى فڵانە شاعیر کوڕى کێ بووەو دەچێتەوە سەر چ نەسەب و عەشیرەت و خێڵێک و لەکوێ فەقێ بووەو لەکوێ بۆتە مەلا و لەکوێ مردووەو چەندین شتى لەو بابەتەش، سەربارى خستنەڕووى سەرپێیانەو پێناسەکردنێکى بوار و مەوداکانى نووسینى و گرێدانەوەى بەقۆناغێکى دیاریکراوى ئەدەبییەوە، زۆربەى ئەوەى کەئەو دەم و ئێستاش دەکرێت:( تەنها لەکۆڵخۆکردنەوەو زیادکردنى ژمارە ناوەکانە و ئامرازێکە بۆ وروژاندنى هەست و سۆزى نەتەوەیى و شتى لەو بابەتەو ئەویش وەک زۆر شتى دیکە لەڕوانگە تیرەگەرییە فیوداڵییەکەوە مامەڵەى لەگەڵ کراوەو وەک دانانى ناوێکى نەشیاو لەگەڵ نووسەرانى سەردەمێک لەسەردەمەکان و ریزبەندیکردنى و ئاماژە پێدانى و حیساب بۆ نەسەب و جێگەو شوێنە کۆمەڵایەتییەکەى کراوە، ئەگینا هەن هیچى ئەوتۆیان نەنووسیوە ئەگەر نەڵێین هەر نووسینێکى ئەو تۆیان نییە کەوەک ئەدیب ناویان بهێنرێت، کەچى لێرەو له‌وێ بەویستى فڵان و فیسارە کەسى دەستڕۆیشتوو ناویان دەچێتە لیستی نووسەرانى سەردەمێکى دیاریکراوەوە، هەرچەندە ئەمە ئەگەر کێشەش بێت لەڕووى تاکەکەسییەوە هێندەى ئەوە کێشە نییە کەتۆ بەدرۆ مێژوویەک بۆ ئەدەبیاتى میللەتێک دروستبکەیت و فێڵ لەنەوەیەکى خۆت بکەیت و پێیان بڵێیت بۆ نمونە لەکاتێکدا تۆ ئەگەر خاوەنى بیست شاعیر بیت کەشاعیر بێت کەچى ناوى سەد شاعیریان بۆ ریزبکەیت و پێیان بڵێیت ئەمانەن کەڵەشاعیرەکانى شیعرى کوردى!!؟ لەکاتێکدا هەر وەک نمونەیەک عەرەب پاش ساڵانێک لەدانە پاڵى کۆمەڵێک شیعرى زۆر بۆ شاعیرەکانى سەردەمى جاهیلییەت، بەبێ ئەوەى وەک لایەنى ئیستەتێکى یان ناوەڕۆک هیچ کێشەیەکیش لەو شیعرانەدا بەدى کرابێت، کەچى وردبوونەوەو خوێندنەوەى لێکۆڵینەوەى رەخنەکارانى ئەدەبەکەیان واى لێکردن زۆربەى ئەو شیعرانەى کەپێشتر بەشیعرى شاعیرانى سەردەمى جاهیلییەت لەقەڵەمدرابوو وەلابنێن بیکەنە دەرەوەى بازنەکانى ئەدەبیاتى سەردەمى جاهیلییەتەوە وەک عەرەب خۆى ناوى دەبات).

ئەمە لەگەڵ ئەوەى هیچ کاتێک زۆرێک لەتێکستە باشەکان لەهیچ شوێنێکى دنیادا نەچوونەتە نێو رەسمیاتى دامو دەزگا رەسمى و کتێبەکانى قۆناغەکانى خوێندنى وڵاتانەوەو پێویستیشە نەچێت، ئەمەش باشترین شتێکە بۆ مانەوەى ئەو تێکستانە بەزیندووێتى، چونکە هەر کاتێک تۆ هەر تێکستێکت کردە ماتەریاڵى خوێندن بەزۆر و ئەزبەرەکردن و لێپرسینەوە، ئەوە گەورەترین بێحورمەتیت بەو تێکستە کردووەو بەتەواوى مرانووتە، هەروەک چۆن سەرۆکى یەکێک لەوڵاتەکانى ئەمریکاى لاتین پاش چاپکردنى ملیۆنەها نوسخە لە”دۆن کیخۆتە” و بەزۆر دابەشکردنى بەسەر خەڵکى وڵاتەکەیدا و بانگەشەکردنى بۆ ئەوەى کەدەبێت هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە، جوانییەکانى ئەو تێکستەى لاى بەشێکى زۆرى خوێنەران کوشت و “دۆن کیخۆتە”ى کردە ئامڕازێکى ریکلامى بۆ خۆى و دەسەڵاتەکەى.

ئەمە لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئەوانەى خۆیان سەرقاڵى نووسینى رەخنەیى کردووە، هێشتاکە نەگەیشتوونەتە ئەو تێڕوانینە رەخنەییەى کەدواجار لاى “غەزالى” دروست بووە، سەبارەت بەوەى رەخنەیەک لەسەر دژایەتى و لێدانى ئەم و ئەو دروست بووبێت، زۆر دەستەوسانترە کەحەقیقەتێکى مەعریفى بەرهەمبهێنێت، چونکە دژایەتى و لێدان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەتۆ حەقیقەتێکت لایە جیاواز لەوەى کەخراوەتەڕوو، بەمەش کارى تۆ دەبێتە پاکانەو پاساو هێنانەوە بۆ حەقیقەتێکى پێشتر زانراو و سەلمێنراو، بەو پێیەش هەرگیز ناتوانیت فیکر و مەعریفەیەکى نوێ بەرهەمبهێنیت، سەرقاڵبوونى رەخنە بەدانەرى تێستەوەو لەبیرکردنى تێکست دیاردەیەکى ترسناکەو تەنها پێکدادان و دژایەتییەکى بێماناى لێدەکەوێتەوە.

“رۆلان بارت” دەڵێت: ( دانەر بوونى نییە تەنها لەساتەوەختى بەرهەمهێناندا نەبێت، منیش وەک خۆم و لەم ئەزموونە خاکییەمەوە هەستم بەوە کردووە کە پاش نووسین هیچ نامێنێتەوە لەبارەیەوە بیڵێم و هیچ پێوەندییەکى موڵکایەتى و بەڕێوەبردنیش پێوەم نابەستێتەوە (.
یان دەڵێت:
) تێکست دادەنرێت و دەخوێنرێتەوە بەچەشنێک کە لەهەموو لایەنەکانەوە دانەر تێیدا غائیبە (.
زۆر جاران نووسینە جیدییەکان بەگشتى و شیعریش بەتایبەتى لەڕووى مامەڵەکردنى لەگەڵ یەقین و گومان و جێهێشتنى بۆشاییەکانەوە، “تاوییەکان”م بیردەخاتەوە.
“چوانگ تز” “تاو” بەو شتە دەچووێنێت کەهەم بۆشاییەو هەم نابۆشایى، لەکاتێکدا هیچیان نییە. دەیچووێنێت بەو شتەى کەڕەگ و قەدەکان دروست دەکات و بەڵام نابێتە ئەوان، کۆبوونەوەو جیاکردنەوە دروست دەکات، لەکاتێکدا خۆى نەجیادەکرێتەوەو نەکۆشدەکرێتەوە..وەک لەگوتەیەکى “تاوییەکان”دا هاتووە:
)له‌وێ سەرەتایەک هەبوو
له‌وێ سەرەتایەک هەبوو دەکەوتە پێش ئەو سەرەتایەوە
له‌وێ بوونێک هەبوو
له‌وێ نابوونێک هەبوو (.
رەنگە زیندووترین تێکست ئەو تێکستە بەراییە بێت کەدەیەوێت ببێتە سەرەتا یان بۆ خۆى ئەو سەرەتایەیە کەدەبێت هەوڵى دۆزینەوەى بدەین، ئەگەر پێشمان وابێت هەر سەرەتایەک سەرەتایەکى دیکەى لەپشتەوەیەو بەم چەشنە سەرەتاکان لەشوێنێکدا راناوەستن و سەقامگیرنابن، یان بەبڵێین تەواو نابن و نابنە کۆتایى، ئەو دەم خوێندنەوەمان بۆ تێکست دەبێتە کردەیەکى بەردەوامى گەڕان و هەوڵدان بۆ کەشفکردنى نەگوتراو و نەزانراوەکان.. هەوڵدانیشمان بۆ خوێندنەوەى نەنووسراو و نەگوتراو و نەزانراوەکان، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەى ئەو دنیا ونبووەى کە دانەر خۆشى لێى بێئاگایە.

izadyusf@gmail.com

Previous
Next
Kurdish