Skip to Content

چۆنیەتی خوێندنەوەی تابلۆیەکی شێوەکاریی … هەندرێن خۆشناو

چۆنیەتی خوێندنەوەی تابلۆیەکی شێوەکاریی … هەندرێن خۆشناو

Closed
by ئایار 25, 2017 General

زمانی تابلۆی شێوەکاریی دەچێتە ژێر خانەی زانستی نیشانەکان یان سیمبولەکان (سیمیۆلۆجیا)، کەوای هەژماردەکات کە گەیاندن لە نێوان مرۆڤەکاندا بەندە لەسەر کۆمەڵێک لە نیشانە و سیمبول و ماناکانیاندا، هەروەک چۆن زمانی ئاخاوتن بریتیە لە کۆمەڵێک دەنگ، کۆدەبنەوە بۆ پێکهێنانی چەندین وشەی مانادار.
ئەوەی لەسەر زمان دەوترێت لەسەر هەندێک لە سیستەمەکانی گەیاندنیش هەروایە، ئەویش پێکدێت لە چەندین نیشانە و سیمبولی باو، کە لە نێو کۆمەڵگایەکی دیاریکراوی مرۆڤایەتیدا لەسەری ڕێکەوتوون، بەرانبەر هەر هەستێک لە هەستەوەرەکان، سیستەمێک لە پەیوەندییە باوە مانادار و ئاماژەکارەکان هەیە، بینینە ئەگەر بەچاو قسەبکەیت، دەستپێداهێنانە ئەگەر بە دەست قسەبکەیت، چێژوەرگرتنە ئەگەر بە زمان قسەبکەیت، و بیستنە ئەگەر قسە لەگەلڕ گوێدا بکەیت، مەبەستیش لە هەموو هەستەوەرەکان گەیاندن و لێک تێگەیشتنە.
لە تابلۆشدا هەر ڕەنگێک و هێڵێک مانای سیمبولی خۆی هەیە، دەربڕی هزر و بیری هونەرمەندەکەیە، کە دەیەوێت بیگەیەنێتە وەرگر یان بینەر، دەتوانین زمانی تابلۆیەکی هونەریی ناوبنێین بە زمانی بینین، وەکو جۆرە گرتەیەک یان دیمەنێک، کە بریتییە لە چەندین ئاماژەی سروشتی، بە شێوەی وێنە گفتوگۆ لەگەڵ چاوی بینەر دەکات.
لە تابلۆی شێوەکاریدا گفتوگۆ لەگەڵ بینەر دەکرێت بە ڕەنگ و هێڵ و پێکهاتە، هەروەک چۆن موزیک گفتوگۆ بە ئاواز دەکات، شانۆکاریش گفتوگۆ بە دەنگ و جوڵانەوە و رۆناکی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا دەکات.
تاکە شتیش کە ئەو هونەرانە بەشدار و هاوبەشن تێیدا جوانییە، ئەوەی کە هونەرەجوانەکانیش جیادەکاتەوە ئەوەیە کە پشت بە هەست و هزرێکی هۆشیارانە دەبەستێت، هونەرێکی سەرمەدییە لەگەڵ زەمەندا دەژی و بەردەوام دەبێت.

ئاماژەکانی هێڵ و پێکهاتە:
هەر هێڵێک یان پێکهاتەیەک لە تابلۆی شێوەکاریدا ئاماژەی سیمبولی و پەیامی خۆی هەیە، کە هونەرمەند هەوڵدەدات لە مەودای تابلۆکەی خۆیدا دایبڕێژێت، بۆ دەربڕینی هەست و هزری خۆی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە هۆکاری دیکە بێت بۆ باسکردن و راڤەکردنی تابلۆکەی. بۆ نمونە هێڵی نەرم و چەماوە، ئاماژەی نەرم و نیانی و ناسکیە، ڕەنگدانەوەی حاڵەتە دەروونیەکەی هونەرمەندەکەیە، کە بەکاریدێنێت بۆ باسکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە مێینە و خۆشەویستی و رۆمانسیەت. هێڵی شکاویش، ئاماژەی توندی و ڕەقی و پتەوەییە، پەیوەستیشە بە نێرینەوە، ڕەنگدانەوەی کوێرەوەری و کۆشش و چەرمەسەری هونەرمەندە، و غوربەت و دوورەپەرێزی لە واقیعی خۆیەوە، هەروەها بۆ بابەتەکانی یاخیبوون و شۆڕشیش بەکاردێت.
هێڵ و پێکهاتەی بازنەییش، کە بە یەکێک لە سیمبولە دەوڵەمەندەکانی ئەم هونەرە دەژمێردرێت، کە هەڵگری زۆرێک لە ئاماژە زەوەندەکانە، کە دەربڕینێکە بۆ مێینە، و بە پیتی، هەربۆیە بە درێژایی مێژوو لە بوارەکانی هونەردا ئەم پێکهاتە بازنەییە دەبینرێت، بە تایبەتی لە میسردا، کە بازنە بە ڕێژەیەکی زۆر لە پەرستگاکان و کلێسەکان و مزگەوتەکان و گۆڕستان و تەنانەت لە کۆشک و تەلارە مێژووییەکانیشدا دەبینرێت.
پێکهاتەی پێچۆکە و مارپێچی، بەسوودە بۆ گەیاندن لە بابەتەکانی کۆچکردن و ئاوارەبوون و دەربەدەریی، و پەرتەوازەیی دەروونی و کۆمەڵایەتی، ئاماژەشە بۆ وونبوون، لە کاتێکدا کە هێڵی ڕاست ئاماژەیە بۆ جێگیریی و چەسپاندن.
پێکهاتەی قوچەکی و شەیپوریش ئاماژەیە بۆ ئارامیی، و هاوسەنگی و هیوابەخشین و ڕوانین بۆ لوتکە و سەرکەوتن.
بۆشاییش باوە کە بکرێتە چوارچێوەیەک بۆ کۆی کارە هونەرییەکە، و ڕەگەز و پێکهاتەکانی بگرێتەباوەش، و ببێتە باکگراوندێک کە پێکهاتە و شێوە و ڕەنگەکان بتوانن پشتی پێوە ببەستن، بۆشایی بەکەڵکیشە لە بابەتەکانی خەونی تەمومژاوی و گەڕان بەدوای ئارامی رۆحیدا.

ئاماژەکانی ڕەنگەکان:
وا باوە کە هەر ڕەنگێک بۆ دەربڕینێک بەکاربێت، بەتایبەتی ڕەنگە سەرەکییەکان یان بنچینەییەکان، بۆ نمونە ڕەنگی سوور کە ئاماژەی قووڵ دەبەخشێت، وەکو شۆڕش، مردن، تووڕەیی، گەرمی، خوێن، کوشتن، مەترسی، شەڕ، خۆشەویستی. ڕەنگی نارنجیش ڕەنگی خۆر و ئاگرە، ڕەنگی بەرزخوازی و ئاوات و خواستە، شانازییە، ڕەنگی زەردیش ڕەنگی نەخۆشی و ڕق و کینە و ئیرەیی، هزری نەگۆڕ و جێگیر، بۆ روناکی و ڕاشکاویش بەکاردێت. ڕەنگی سەوزیش(کەسک) ئاماژەیە بۆ بەپیت و بڕشتی، سروشت، هارمۆنی، ژیان و ژیانەوە، هیوا، لەو ڕەنگانەشە کە ئاسودەیی بینەر تێردەکات. ڕەنگی ڕەشیش، ڕەنگی خەمۆکی و خەم، ترس، وێرانی دەبەخشێت، ڕەنگی سپیش، ڕەنگی بێگەردی، خاوێنی، پاکیزەیی، بەرزەفڕیی، ئاشتی و بێتاوانیی دەبەخشێت، ڕەنگی شین، ڕەنگی دەسەڵات و دەستەمۆکردن، هەروەها ئاماژەشە بۆ هزر و بەرزبوونەوە و فراوانخوازیی، ڕەنگی قاوەییش ڕەنگی ئاسودەیی و ئاسایشە، ڕەنگی ئارەزووەکانە، ڕەنگی خۆڵەمێشیش ئاماژەیە بۆ دڵتەنگی و شەرمەزاریی.
زانینی خوێندنەوەی کلیلەکانی تابلۆی هونەری شێوەکاریی، رێگەخۆشکەرە بۆ تێگەیشتنی لە تابلۆکە، و خوێندنەوەی ئەو ئاماژە جوانیانەی کە لە تابلۆکەوە هەڵدەقوڵێت، و چوونە نێو نهێنیەکانی و جیهانی تایبەتی ئەو تابلۆیەوە.
بۆیە بۆئەوەی بتوانین چێژ لە خوێندنەوەی جوانییەکانی تابلۆیەک وەرگرین، پێویستە چەکداربین بە رۆشنبیرییەکی هونەریی، شتێک دەربارەی مێژووی هونەر بزانین، راهێنانی بەردەوام بە چاوەکانمان بکەین بە دیتنی بەردەوامی تابلۆی هونەریی، بۆ ناسینەوەی ئەو رێباز و قوتابخانە هونەرییەی کە هونەرمەندەکە تابلۆکەی لێبەرهەم هێناوە.

Previous
Next
Kurdish