Skip to Content

کورد و جەنگی ساردی رووسیا و ئەمریکا…. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

کورد و جەنگی ساردی رووسیا و ئەمریکا…. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by ئایار 25, 2017 General

لە سەرەتای سەدەی رابردوو دا، گرفتی نێوان رووسیا و ئەمریکا، خرابووە چوارچێوەی جیاوازی ئایدۆلۆژی، بەو شێوەیە پێناسە دەکران “بلۆکی سەرمایەداری و بلۆکی سۆشیالیزم”! بەمجۆرە ئەو دوو زلهێزە لە ژێر ئەو دوو ناونیشانە دا هەموو کاتێک دژ بە یەک بوون، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دنیا بە تایبەتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە مێژوودا روویداوە هەر دوو زلهێز بچنە بەریەک و هاوپەیمانییەتی ببەستن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام ئەندازەی ناتەبایی نێوانیان هەموو کاتێک لە هاوپەیمانییەتی نێوانیان مەزن تر بووە. ئەگەر لە سەر هەنگاوێک هەڵوێستیان جووت بووبێت، ئەوا لەسەر هەزارانی تر ناتەبا بوونە هەوڵیانداوە بۆ یەکتری بەهێزی خۆیان بنوێنن. لەم تێڕاوانینەوە کاتێک کە لە نیو گەرمەی هاوپەیمانیەتییدابوون، بۆچوونی یەکتریان فەرامۆش کردوە. لە دیسەمبەری سالی ١٩٤١دا ئەمریکا بوو بە لایەنێکی کارێگەر لە شەڕی جیهانی دووەم لە بەرەیەکدا لەگەڵ رووسیا، بریتانیا و چەند وڵاتێکی تر دژ بە ئەڵمانیای نازی. سەڕەرای بوونی هاوپەیمانییەتی لە نێوان ئەو دوو زلهێزە، لە ساڵی ١٩٤٥ دا کاتێک کە ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دا دژ بە دوو شاری یابانی، هێرۆشیما و ناگاساکی، پرس و ڕای بە رووسیا نەکرد.

بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە دژ بە یابان لە پێش کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، وەرچەرخانێک بوو لە شێوەی رووبەروو بوونەوەی ئەو دوو زلهێزە بەرامبەر بە یەک. شێکەرەوە سیاسیی و مێژوو ناسەکان، مێژووی سەرهەڵدانی شەڕی ساردی نێوان رووسیا و ئەمریکا دەگەرێنەوە بۆ دوای شەڕی دووەمی جیهانی تا ساڵی ١٩٨٩. بەڵام ئەزمونی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ تا ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەوەی سەلماندوە.
گرفتی نێوان ئەو دوو زلهێزە بەردەوامیی هەیە و مێژوو سەلماندویەتی کە هەر دوو زلهێز هەڵگری هەر دروشمێک بووبن یان هەنوکە هەڵگری هەر دروشمێک بن، هەردووکیان یەک سروشتیان هەیە و خاوەن یەک مەرامن. لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی، سیاسیی، سەربازیی و ئابووریی خۆیان دا بڕیار لە چارەنووسی جەنگ، نەتەوەکان، دیاریکردنی سنووری جوگرافیایی وڵاتانی ژێرد دەست و دنیایی سێیەم دەدەن.

ئەمریکا و رووسیا، خاوەن سوپای زەبەلاحی پڕ چەکراو بە نوێترین تەکنەلۆژیا و هێزی سەربازیی پیادەن. دەتوانن بچنە جەنگەوە دژ بە یەک، بە هەمان شێوەی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم، سوپا و هێزی سەربازیی خۆیان بەکاربهێنن دژ بە یەک بۆ یەک لا کردنەوەی گرفتەکانیان ، بەڵام نایانەوێ ئەوە بکەن و هەڵەی ئەو دوو جەنگە دووبارە بکەنەوە، وڵاتەکانیان و شارەکانیان بکەن بە ئامانج بۆ هێڕشە سەربازییەکانیان دژ بە یەکتر، کە لە ئەنجامدا تووشی زەرەری زۆری گیانی و ماددی ببن. هەروها کاردانەوە و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و ناگاساکی وانەیەک بوو بۆ هەر دوو زلهێز کە هەوڵبدەن ناکۆکیی و گرفتەکانیان لە فۆرمێکی جیاوازدا بەرجەستە بکەن و بەردەوامیی بدەن بە شەڕی نێوان خۆیان بیگۆڕن لە جەنگی گەرم بۆ جەنگی سارد!

جگە لە سەرهەڵدانی شەڕی ساردی نێوان رووسیا و ئەمریکا، کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی چەرخی ئەتۆمی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆربەی وڵاتان هەوڵیاندا ببن بە خاوەن چەکی ئەتۆمی بۆ پاراستنی دەسەڵات، سنوور و بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان، گومانی تێدا نییە هەندێک وڵات سەرکەوتوو بوون لە هەوڵەکانیان، هەندێکی تر بە پێچەوانە.
تورکیا و ئیران، یەکێک بوونە لەو وڵاتانەی لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست دا دەڕکیان بە هەر دوو دیاردەی دوای جەنگی جیهانی دووەم کردوە کە یەکەم، شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و رووسیا بوو . دووەم، سەرهەڵدانی چەرخی ئەتۆمی بوو. ئەو سەڕۆکانەی کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی تا هەنوکە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو دوو وڵاتەیان گرتۆتە دەست، سوودمەند بوون لە بوونی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و رووسیا، لەهەمان کاتدا دەرکیان بەوە کردوە کە دەبێت هەوڵبدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ چەرخی ئەتۆمی بۆ دروست کردنی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهان دا. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیانداوە و لە هاڤرکێی بەردەوام بوون بە نهێنی و بە ئاشکرا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە چەکە تا ئەو سات و کاتانە.
مێژوو پێمان دەڵێت، کورد بە پێچەوانەی دوژمنەکانی وەکو تورکیا و ئێران، وەک نەتەوەیەکی ژێر دەستی وڵات داگیرکراوی خاوەن بزوتنەوەی سیاسیی لەو هاڤرکێ و گەمەیەدا بەشی هەر دۆڕان بووە، بە پلەی یەکەم بووە بە قوربانی پەیرەو کردنی سیاسەتی هەڵەی سەرکردەکانی لە ئەنجامدا نەک نەبووە بە خاوەن وڵات، چەکی ئەتۆمی بەڵکو نەبووە بە خاوەن بەرچیخ.

شەڕی ساردی، نێوان ئەمریکا و رووسیا دژایەتیەکی بە پلان و ستراتیژ بووە، خویندننەوە و شێکردنەوەی تایبەتی بۆ کراوە لە لایەن هەر دوو لا. ئەو شەڕە تەنیا شەڕی سەربازیی و سیاسیی نەبووە، بەڵکو شەڕی زانست و تەکنەلۆژیا بووە. میدیایی زەبەلاحی بۆ دامەزراوە و بودجەی خەیاڵی بۆ تەرخان کراوە لە لایەن هەر دوو زلهێز. دەزگای هەواڵگری، گروپی چەکداری نافەرمی و مافیایی سەر بە هەردوو دەوڵەت بۆ خراوەتە گڕ. ئەمریکا و رووسیا هەوڵیانداوە حزب و لایەنگر دروست بکەن لە نێو وڵاتانی دنیا، بە سەدان سەرکردەی بزوتنەوە سیاسییەکان و سەڕۆکی وڵاتانیان بە خۆیان گرێ داوە و بەبی گوێدانە سروشتی دەسەڵاتی سیاسیی سەڕۆکی ئەو وڵاتانە تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان پشتیوانیان لێ کردون. هەر دوو زلهێز سوپاییان هەناردە کردوە بۆ وڵاتان بە مەبەستی خۆتێهەڵقوڵتاندن و سەپانددنی هەیمەنەی خۆیان و رووبەروو بوونەوەی هاوپەیمانی یەکتر. ئەو جۆرە شەڕە زۆر لە شەڕی گەرم زیانی زیاتر بووە، بەلام هەر دوو وڵات خاکی میللەتان و نەتەوەی تری دنیایان کردوە بە سوتەمەنی شەڕی ساردی نێوانیان نەک میللەت، ئەرز و وڵاتی خۆیان!

لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە کوردستانی ئەمڕۆ، یەکێکە لەو وڵاتە بێکەسانەی کە لە چوارچێوەی جیهانی سێیەم دا پێناسە دەکرێت، بێهیزترین نەتەوە و خاکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ سامێک و مەترسی نییە، بوونی ئەو جۆرە خاسیەتانە هۆکاری ئەوەن، کە کوردستان کراوە بە گۆڕەپانی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و رووسیا، لانە و بێشەی سەدان هێزی سەربازیی فەرمی و نافەرمی تا دەگات بە گروپی مافیا، چەقۆ کێش و پیاو کوژ کە لە لایەن زلهێزەکان و تورکیا، ئیران، سووریا و عیراق پشتیوانی لێدەکرێن، بە هاوکاری سەرانی پارتە کوردییەکانی باشووری وڵات.
لە چەرخی ئەتۆمی و ئەو بارودۆخە جەنجاڵەدا، میللەتی کورد پێویستی بە سەرکردە و پارتی پێشڕەو هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت تەکان بە بزوتنەوەی رزگاری بدات. ئەو جۆرە ئەرکە ناتوانرێت بۆ سەرانی پارتە کوردییەکانی بنەماڵە و خێزان بەجێبهێڵدرێت کە خەریکی دزی، لێژنە دروستکردن، کۆبونەوەی بێ ئەنجام، بەرز کردنەوەی دروشمی بریقەدارن بۆ هەڵبژاردنە نەزۆکەکان!

—————————
سەرچاوە:
http://www.historylearningsite.co.uk/modern-world-history-1918-to-1980/the-cold-war/what-was-the-cold-war/

World War II


https://www.britannica.com/event/World-War-II

Previous
Next
Kurdish