Skip to Content

744 Views

فیلیپ لیڤین دەنگی کرێکارانی ئەمریکا لە شیعر … ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

فیلیپ لیڤین دەنگی کرێکارانی ئەمریکا لە شیعر … ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

Be First!
by May 25, 2017 General, Literature, Slider
image_print

فیلیپ لیڤین لەسەرەتای شیعر نووسینییەوە ئەو بۆشاییە گەورەیەی دەبینی کە ئەدەبی ئەمریکیی دەرگیری ببوو، ئەویش هێنانەدەر و بەهێزکردنی ئەدەبی کرێکاران بوو. فلیپ سوور بوو لەسەر دۆزینەوەی دەنگێک بۆ ئەو کرێکارانەی کە دەنگیان بە هیچ جێگایەک ناگات. ئەمەش لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ( دیترۆیت مەگەزین) دا دەردەبڕێ کە دەڵێ “بینیم ئەو خەڵکەی کاریان لەگەڵ دەکەم بەجۆرێک لە جۆرەکان دەنگیان بەهیچ شوێنێک ناگات. لە نێو ئەدەبی ئەمریکییدا دەنگیان نەدەبیسترا، کەس قسەی لەگەڵ نەدەکردن. منیش ڕێک وەک گەنجێکی خوێن گەرم هاتم ئەو پەیمانە گەوجێتییەم دا و لەبری ئەوان کەوتمە قسەکردن و ئیتر ژیانم بەو جۆرە بوو. ئەوەی توانیم ئەنجاممدا و یان بەهەرحاڵ هەوڵم بۆ دا.” یان لە دیدارێکی تردا دەڵێ ” لە کارگەکان کارم دەکرد و هەوڵی نووسینیشم دەدا، بە خۆمم وت کەس شیعر بۆ ئەم جیهانەی ئێرە نانووسێ، ئەم جۆرە شیعرە هەر بوونی نییە و نابینرێ.ناتوانی بینینی. بۆیە پەیمانم بە خۆم دا و وتم من شیعر بۆ ئەو خەڵکە دەنووسم.” ئەمانە قسەی فیلیپ لیڤین شاعیری چینی کرێکاری ئەمریکا بەگشتی و کرێکارانی دیترۆیت بە تایبەتی کە شیعرەکانی خۆی کردە ئاوێنەی واقیعی ژیان و خەباتی چینایەتی کریکاران لە دژی سەرمایەداری ئەمریکا. ڕەخنەگری بەناوبانگی ئەمریکیی هێربەرت لەیبۆتز دەنووسێ ” لیڤین لە شیعرەکانیدا هەمیشە و بەبەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی کرێکارانی کارگەکان، کە چۆن هەژاری و کۆێرەوەری لە نێو ڕیزەکانی کرێکاراندا جەستەیان تێک دەشکێنێ و ڕوحیان بریندار دەکات.”
فلیپ لیڤین لە دەی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٨ لە ناوچەی پیشەسازی شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگەن لە خێزانێکی کرێکاری جوولەکەی بەڕەچەڵەک ڕووسی لە دایک بووە، کە منداڵێتی ئەم شاعیرە بە دیاردەی بێکاری و تووندوتیژی ڕەنگڕێژکراوە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی دەمرێ. فیلیب براکانی دەکەونە دۆخێکی نالەبار و ناچار دایکیان ئەرکی بەخێوکردنیان لە ئەستۆ دەگرێ. لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەست دەکات بە کرێکاری و لە کۆمپانیایەکی ئۆتۆمۆبێل سازی دادەمەزرێت. ساڵی ١٩٤٦ خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکات و دەچێتە کۆلێژ لە زانکۆی وەین لە دیترۆیت، ئەو جێیەی کە فیلیب تیایدا دەستی بە نووسین کرد و دایکیشی زۆر پشتیوانی بوو. بۆیە فیلیپ دەڵێ ” من زۆر بەختەوەر بووم کە دایکێکم هەبوو هانی دام تا ببم بە شاعیر.” لە ساڵی ١٩٥٠ بەکالۆریۆس لە هونەر بەدەست دەهێنێ و پاشان لە کۆمپانیاکانی شۆفرلێت و کایدلاک شفتی شەوان دەست بە کارکردن دەکات بەپێی وابوو بێماناترین ئیشن، لەگەڵ ئەوەشدا فلیپ لە سەعاتە پشووەکانی ڕۆژەکانی کارکردنیدا شیعری بۆ کرێکارانی کارگەکەی دەخوێندەوە.
دەرگاکان کڵۆم دراون و تەلبەندەکانیش بەپێوەن
دەسەڵاتێکی پۆڵایینی دژ بە بەفر
ئەم مۆنەمێنتە خۆڵەمێشییەی عەقڵێش کە بەرگری کەش و هەوا دەکا
لە ناڕەزایەتی دەستی بێکاری پیاوانی یەکگرتوو دەترسێ
داخورانی لەسەرخۆی عەقڵیان کە هێشتا ئەم تەلبەندە بە پێویست دەزانن.

ساڵی ١٩٥١ لەگەڵ هاوسەری یەکەمی پاتی کانتێرمان هاوسەرگیریی دەکات و دوو ساڵ بەردەوام دەبن تا ساڵی ١٩٥٣ لێک جیا دەبنەوە. هەر ئەو ساڵە دەچێتە زانکۆی ئایۆئە و لەوێش لەگەڵ شاعیران ڕۆبەرت لۆوێڵ و جان بێریمان دەخوێنێت کە فیلیب ئەوەی دووایی بە مامۆستای مەزنی خۆی ناوزەد دەکات. ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامەی ماستەرەکەی لەسەر جان کیتس بەدەست دەهێنێت و هەر ئەو ساڵە لەگەڵ خانمە ئەکتەر فرانسیس چ ئاڕتێلی هاوسەرگیریی دەکات. ساڵی ١٩٥٧ دەگەڕێتەوە زانکۆی ئایۆئە و دەست بە وانە وتنەوە دەکات و لەهەمان کاتیشدا بڕوانامەی ماستەر لە هونەری شێوەکاریی بەدەست دەهێنێ. ساڵی ١٩٥٨ دەچێتە بەشی زمانی ئینگلیزیی لە زانکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا و لەوێ لەلایەن شاعیر یوڤۆر وینتەرز پێشوازی لێدەکرێ و جێگای دەکرێتەوە تا خانوو دەگرێ و دەکەوێتە سەر کارکردن. ئەوجا فیلیپ تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٩٢ لەو زانکۆیە درێژە بە وانە وتنەوە دەدات.

فیلیپ لیڤین وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕی کرێکاری هەڵوێستەکانی بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە ڕوون بووە. فیلیپ ڕەخنەگری نیزامی سەرمایەداری ئەمریکیی بوو، دەنگی بڵندی نەخێر و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی بورژوازی بووە لەدژی کرێکاران. سەنگەری ئەدەبیی ئەم شاعیرە کارگەکان بوو، کۆبوونەوەکانی کرێکاران بوو. مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بوو. لەهەمان کاتیشدا بڕوای بە خەباتی نێونەتەوەیی کرێکاران هەبوو. بەتایبەتی لە جەنگی ئەهلی ئیسپانیادا بەئاشکرا لایەنگری شۆڕشگێرەکانی کرد لەدژی فاشیستەکان.چارڵس مۆڵیسوۆرس وای لێکدەداتەوە کە فیلیپ کاتێ لە بەرشلۆنە دەبێ، دەبێتە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان شۆڕشگێرەکانی بەرشلۆنە و چینی کرێکاری دیترۆیت. ئەو دەنووسێ ” هەردوو شار لەسەر پشتی تووڕەیی و چەوسانەوەی کرێکاران و شۆڕشی خامۆش بوو لە یەکێ لە خەفەبووەکان وەکو کڵۆڵبوون و ترسی ڕەگەزپەرستی لەوی تر، بنیاد نراون.” هەندێ لە ڕەخنەگران پێیان وایە کە شیعرەکانی فیلیپ تاریک و چاونەترسن. هەربۆیە ڕەخنەگر پاوڵ گرەی پێی وایە کە “قسەکەرەکان(حیکایەتخوانەکان)ی نێو شیعرەکانی فیلیپ ( گەریلان) و دوای دۆڕانی جەنگ، کەوتوونەتە نێو جەنگێکی بێکۆتایی.” کەچی ڕیچارد هیگۆ جۆرێکی تری خوێندنەوەی هەیە و دەڵێ ” شیعرەکانی لیڤین گرنگن چونکە لەناو ئەو شیعرانەدا ئێمە گوێ بیستی شتەکان دەبین و بایەخیان پێ دەدەین.”
لە سڕرەیەکی درێژ و لەژێر باراندا
لە فرۆد هایڵاند وەستاوین
بۆ ئەوەی کارمان دەست بکەوێ
تۆ دەزانی کار یانی چی؟
ئەگەر هێندەت تەمەن هەبێ بتوانی ئەمە بخوێنیتەوە
دەزانی کار چییە
هەرچەندە لەوانەشە نەیخوێنییەوە
خۆت لەبیر کە. ئەمە دەربارەی چاوەڕوانییە
پێیەکانمان لە شلبووندا دەگۆڕین
هەست دەکەی نەرمە بارانێک وەک ئاونگ
بەسەر قژتدا دەبارێ و
بینینت لێڵ دەکا
تا پێت وایە براکەی خۆت لەبەردەم دایە

شێوازی شیعریی فیلیپ لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، بەدەستەوەگرتنی ئاڵۆزی و جوانییە لەپشت فەلاکەتباری ژیانی کۆمەڵایەتی کرێکاران. زۆربەی کات شیعرەکانی وێنای ژیانی ڕۆژانەی ژیاریی ئەمریکای دەکرد. یادەوەری و نۆستالیژیا و ئێش و ئازار و تووڕەیی سێنتڕاڵی گێرانەوەی شیعرەکانی فیلیپن. کارەکتەرەکانی لەنێو هەر سێ بۆشاییەکانی کاتتدا درێژ بوونەتەوە. فیلیپ ئەو خەڵک و جێگایانەی کە بوونیان نەماوە، جارێکی تر دەهێنێتەوە نێو شیعر و زیندوویان دەکاتەوە. هاودڵی و چارەسەری مرۆییانەی بابەتەکانی وەک بەهێزترین کواڵیتی بەرهەمەکانی، لەگەڵ هاوسۆزییەکانی کە تەقریبەن و هەمیشە بۆ چەوساوەکان دەربڕیوە. فلیپ لیڤین مێژووی لەبەرچاو بووە. ئەو نەچۆتە دەرەوەی مێژوو و نە فەرامۆشی کردووە. زۆرجار پێداگری لەسەر بەرژەوەندییەکانی کرێکاران دەیخاتە هەندێ هەڵوێستەوە کە دژایەتی حیزبی سیاسیی لێ دێتە بەرهەم. فیلیپ لە شیعری (حیزبی کۆمۆنیستدا) کە کۆبوونەوەی خۆی لە دیترۆیت لە ساڵی ١٩٤٠ دا بەست،
ئێمە بە بەوپەڕی سادەییەوە ئایدیالیستین؟
ئەوەی کە من لێی دڵنیام ئەوەیە کە شتێکی پێویست لە ژیانماندا کەم بوو
وە لەنێو یانەی کۆلیژی خوێندکارانیشدا نەبوو
لە گفتوگۆی ناڕۆشنیشدا نەبوو، لەو وشە بێتامانەی
کە مۆسیقای تایبەت بە خۆی دەیچنێ
پرۆلیتاریا .. بورژوازی .. ترۆتسکی

پاشان دەبینین ئەم شاعیرە ئەوەندەی شاعیری هەست ناسکە ئەوەندە ئەهلی پراکتیک نییە و وەک خۆشی لە دیدارێکدا لەگەڵ گۆڤاری (پاریس ڕیڤیوو) دانی پێدا دەنێ و سەبارەت بە سیاسەتی ئیپریالیستانەی وڵاتانی زلهێز بە تایبەت ئەمریکا لە کاولکاری و بە کۆیلەکردن و داگیرکردندا دەڵێ ” من هیچ شتێک لەم بارەوە ناکەم. من پیاوی کردار نیم. تا ئەو ئاستەی کە من هێندە بە قووڵی ئەخلاقیی نیم بەسەر ترس لە زیندان و ئەشکەنجە و نەفیکردن و هەژاریدا زاڵ ببم. من لەو کەسە بیرکەرەوانەم کە دەچمە گۆشەیەک و دەنووسم. ئەی چیمان پێدەکرێ؟” سەرباری ئەمەش فیلیپ لیڤین ئاریشە مێژووییەکانی سەدەی بیستی لەچەشنی بایەخی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خیانەتەکانی دوایی ستالین و قەیرانە جیهانییەکانی سەرمایەداری و بە پاشکۆبوونی نەقابە و یەکێتییە کرێکارییەکان بۆ کۆمپانیا گەروەکان و سەرمایەداری دوەوڵەتی و کوێرەڕێگای ناسیونالیزم کە تەنانەت بۆ هونەرمەندێکی بیرتیژیش زەحمەتە بیگوازێتەوە نێو هونەر، ئەنارشیزمەکەی بە تەواوەتی بێهێزی کرد لە هێنانە ناوەوەی ئەم ئاریشانەوە بۆ نێو شیعر. لێرەوە دەگەینە ئەو ڕایەی کە فیلیپ ئەوەندەی فۆکسی لەسەر دیتەڵی ژیان و خەباتی کرێکاران بوو، ئەوەندە فۆکسی لەسەر کێشە گەورەکانی دونیای مۆملانێی سیاسەت نەبووە. ئەمەش ڕەنگە بە خاڵێکی نیگەتیڤ دابنرێ، بەڵام هیچ لە شوناسی چینایەتی کڕێکاری ئەم شاعیرە کەم ناکاتەوە.
ژیانی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، بابەتی سەرەکیی شیعرەکانی فیلیب بوون. نەخشاندنی سەروسیمای چینی کرێکاری ئەمریکیی و دۆخی جوولەکە پەناهەندەکان شایەتی دۆخی ژیانی ئەمریکان لەو سەردەمەدا. ئەزموونی کرێکاریی فیلیب کاریگەری هەبووە لەسەر شیعرەکانی و بەتایبەتیش ئەو جیهانبینییەی کەدواتر بوو بە شوناسی چینایەتی شیعرەکانی. ئەو ئەگەرچی لەڕووی فۆرمەوە لە سەرەتا و دەستپێکدا بە فۆرمێکی کۆنەوە دەستبەکار دەبێ، بەڵام دواتر ئاڵوگۆڕ بەسەر شیعرەکانیدا دێت. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری نیویۆرک لەیادی هەشتا ساڵەی لەدایکبوونی فیلیب ڕێزلێنانێکی بۆ سازکرا و بەشێک لە شیعرەکانی فیلیب لەلایەن شاعیران یوسف کۆمیونیاکا و گەڵوەی کیناڵ و ئی ئێڵ دۆکتیرۆ و چارڵس رایت و جین ڤەڵەنتاین و شارن ئۆڵدز خوێنرانەوە و هەروەها فیلیپ خۆشی ژمارەیەک شیعری تازەی خۆی خوێندەوە.
تۆ براکەی خۆت خۆش دەوێ
ئێستا لەناکاو بەزەحمەت هەڵدەستی
خۆشەویستیت بۆ براکەت سەردەکا و
کە نە لە تەنیشت و نە لە دواوە و نە لە پێشەوەت نییە
چونکە لە ماڵەوەیە و هەوڵ دەدا بنوێ کە سەرلەبەری شەوی ڕابردوو
لە کۆمپانیای کادیلاک کاری کردووە، بۆ ئەوەی
پێشنیوەڕۆ هەستێت و وانەی زمانی ئەڵمانیی بخوێنێ
هەشت سەعات شەو کاری کردووە تا بتوانێ
گۆرانی واگنەر ئەو ئۆپێرایەی کە زۆر ڕقت لێ دەبێتەوە ، بڵێ.

جێوشوێنی فیلیپ لیڤین لە بزووتنەوەی شیعری ئەمریکیی دیارە و ئەم شاعیرە نەکەوتۆتە دەرەوەی جیهانی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبییەوە. نووسەران و ڕەخنەگران بە بایەخەوە لە بەرهەمەکانی ئەم شاعیرەیان ڕوانیوە و هەڵیان سەنگاندووە. شاعیر و نووسەر ئێدوارد هیرش دەڵێ ” فیلیپ واڵت وایتمانێکی بەتەوس و گەورەیە لەناو جەرگەی ناوچەیەکی پیشەسازیدا.” دەیڤد بەیکەریش ئاوا فیلیپ و شیعرەکانی دەخوێنیتەوە ” فیلیپ یەکێکە لە دەنگە هەرە پڕ لەریووەکانی دونیای گەواهی و دڵنیایی کۆمەڵایەتیمان، بەوپەڕی ڕوونییەوە دەدوێ. یەکێ لە کارەکانی کتێبە شیعرە هەرە گرنگەکانییەتی لەم سەردەماندا. شیعر لەدوای شیعری وەستانەوەیە لەدژی ئەو هەلومەرجە فەلاکەتبارەی کرێکارانی ئەمریکا کە ڕەنگە کرێکاران لە هیچ سەردەمێکدا تێکشکان و وێرانی ئاوایان بەخۆیانەوە نەدیبێ.” کاتێکیش بۆ خەڵاتی لۆریت (وەک شاعیری لۆریت هەڵدەبژێردرێ) جەیمز بیلینگتۆن دەنووسێ ” فیلیپ دەنگێکی زۆر زۆر ئەمریکییە، نازانم لە وڵاتانی تر بەو چۆنایەتییە(کوالەتییە) شیعرت دەربارەی کرێکاری ئاسایی چنگ دەکەوێ.”
فیلیپ لیڤین دەڵێ ” هەمیشە کرێکاران لەناو شیعرەکانمدا بوونیان هەیە، چونکە من لەناویاندا گەورەبووم و من شاعیری یادەوەریم.” نەستی شاعیرانەی فیلیپ، نەستێکی کرێکارانەیە و هەرچۆنێ لەگەڵ یادەوەری ئیش بکات، کارەکتەری کرێکار و خەباتکاری چینایەتی دەبنە تەوەرەی شیعریی ئەو. لەو شاعیرانە بووە کە لە بابەت پەکی نەکەوتووە و شاعیرانە دایڕشتوون. ئەو لە جیهانێکدا بابەت و مەغزای شیعرەکانی هەڵهێنجاوە، کە جیهانێکی پێشکەوتووی پیشەسازی بووە و ئاستی بیرکردنەوە و پێشبینی سیاسیی و کۆمەلایەتیی و ئابووریی کرێکاران لە ئاستێکی باشدا بووە. فیلیپ لەسەر ژیانی کرێکاران و دیاردەی بێکاری و مانگرتنی کرێکاران، لەسەر کارفەرما و شوناسی چینایەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی ئازیزانی نووسیوە. فیلیپ شیعری نووسیوە نەک وتاری سیاسی و دروشم. بۆیە شیعرەکانی جگە لە کتێبەکانی، لە گەلێ ئەنسۆلۆژیاش بڵاوبوونەتەوە.
فیلیپ بیست و یەک کۆشیعر و کتێبێکی نووسین و دوو کتێبی وەرگێڕان و سێ کتێبی چاوپێکەوتن چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لەماوەی چل ساڵی پڕ لە بەخشش و داهێنانیدا، دوانزە جار خەڵات دەکرێ و ڕێزی لێدەگیرێ. لە ساڵی ١٩٩٢ لە زانکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیا خانەنشین دەبێ و تا لە چواردەی شوباتی ساڵی ٢٠١٥ لە تەمەنی هەشتا و حەوت ساڵی هەر لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا ماڵئاوایی لە ژیان و شیعر و داهێنان و خەباتی چینی کرێکار دەکات.

——————————————
سەرچاوەکان :

1- https://en.wikipedia.org/wiki/Philip_Levine_(poet)
2- http://www.poemhunter.com/philip-levine
3- https://www.poetryfoundation.org/poems-and-poets/poets/detail/philip-levine
4- World Socialist web site
www.wsws.org
Published by the International Committee of the Fourth International (ICFI)

Previous
Next

Leave a Reply