Skip to Content

وێستگەکانی ژیانی نەوشیروان مستەفا  ….  عادل عزیز و بەختیار شارەزوری

وێستگەکانی ژیانی نەوشیروان مستەفا …. عادل عزیز و بەختیار شارەزوری

Closed
by ئایار 28, 2017 General

نەوشیروان مستەفا کەسێک کە جیاواز تر لە هەمو سەرکردەکانی شۆڕشی باشور دەردەکەوێت و دەبێتە یارچیەکی ناو گۆڕەپانی شۆڕش ، وەک کەسێکی بەئاگا لە ڕوداوە ناوچەیی و جیهانیەکان ، بەئاگا لە گۆرانکاریە فکرییەکان و بەئاگا لە فکری سیاسی و وە کۆمەڵناسێک کە بە پێ ی سیاسەتێکی واقعیانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکان دەکات ، ئەم پیاوە وەک مێژو ناسێک کە بوبوە باکگراوندێکی بەهێزی سیاسیەت کردن و چۆنیەتی ئاراستەکردنی شۆڕش بۆ ئەو ئامانجانەی کە پێویستی مانەوە و بەرگری نەتەوەیەک بو دەردەکەوێت ، وەک شارەزایەکی شۆڕشی پارتی زانی و سەربازی کاری زۆر گرنگی کردوە ، ئەم پیاوە دەکرێت ژیانی بەسەر چنەد وێستگەیەکدا دابەش بکرێت و وە بتوانرێت زانستیانە میتۆد و فکر و پڕۆژەکانی بخوێنرێتەوە ، ئەگەر وێستگەکانی پۆلێن بکرێت ئەوا دەتوانین چوار وێستگەی سەرەکی دیاری بکرێت :
وێستگەی یەکەم :
کارکردن لە ناو قوتابیان و رۆژنامەگەری.
لەم وێسگەیەدا لەسەر دو ئاست کار دەکات ؛
ئاستی یەکەم ؛
ڕۆژنامەوانی : کە خۆی لە ڕۆژنامەی ڕزگاریدا دەبینییەوە ، ئامانج لەم کارکردنەی برەو دان بوە بە بواری ڕۆژنامە گەری ، کە لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەگەری بوبوە پانتاییەک بۆ گەیاندنی فکر و گۆڕان لەسەر ئاستی پاشخانی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا ، ئەمەش بەو مانایە دێت لەم ڕێگەیەوە بتوانێت وەک ڕێگایەک بۆ گەشتن بە هاوڵاتی کار لەسەر ئامادەگی هاوڵاتی بکات بۆ دروست بونی گیانی بەرگری ، ئەوەی لای نەوشیروان مستەفا مەبەست بوە ، کە ڕۆژنامەگەری بکاتە مەبەستێک بۆ گەشتنە ئامانجێک ئەویش دروست بونی گیانی بەرگریە لای خەڵک .
ئاستی دوەم ؛
کارکردن لەسەر دروست بونی ڕێکخراوێکی نوێ خواز .
دورکەوتنەوە لە حیزبی کۆنەپارێز ، پێ ی وابوە کە پارتی دیموکرات ناتوانێت ڕابەرایەتی کۆی شۆڕشی کوردی بکات ، بۆیە کاری لەسەر کۆمەڵەی رەنجدەران کردوە لەگەڵ هاوڕێکانی تا بتوانن لە هەناوی شۆڕشدا ڕێکخراوێک دروست بکەن ، تا بتوانێت لەگەڵ کەوتنی شۆڕشدا ئەم ڕێکخراوە جڵەوی شۆڕس بگرێت و دیسانەوە هەستانەوەیەک بدات بە گیانی شۆڕش گێڕی و بەرگری ، وە بە پێ ی گۆڕانە فکری و بەریەککەوتنە جیهانیەکان ئاراستەی فکری کۆمەڵە بکات ، دوای هەرەس دروست کردنی مەفرزە سەرەتاییەکان و کاراکردنی کۆمەڵەی ڕەنجدەران ، کە بوە قۆناغێکی گرنگی شۆڕش و فکری شۆڕشگێڕی کە تێکەڵ بو لە مۆدێلی گیڤارایی و ماوی کە ئەمەش دوای کۆمەڵەی مارکس لنینی ، قۆناغێکی گرنگ بو لە دەرچون لە شەپۆلی فکری بەریەککەوتنە جیهانییەکان ، کارکردن لەسەر ئاستی شوناسی نەتەوەیی لە بەرگی شۆڕشگێڕیەتیدا ، کۆمەڵە یەکێکە لە باشترین خوێندگای فکری و شۆڕشگێڕی کە نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی سەرکردەیەکی تێدا بینیوە .
وێستگەی دووەم :
قۆناغی یەكێتی نیشتمانی کوردستان .
لەم قۆناغەدا لەسەر هەمان فکری کۆمەڵەو و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنێک کە بتوانێت ئەوانەی لە دەروەی کۆمەڵەن و بە باڵی مەکتەب سیاسی ناسرا بون ، لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕیدا یەک بخات ، تونرا یەکێتی نیشتمانی دروست بکرێت ، کە داینەمۆی ناو ڕۆحی ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵە و نەوشیروان مستەفا بو ، لەم قۆناغەدا ئەم ڕێکخراوە توانی ئەو بۆشاییە گشتیەی لەسەر ئاستی نەتەوەیەک هەبو پڕ بکاتەوە و لەسەر هەمو ئاستەکان ( سەربازی و سیاسی ) ڕۆڵی سەرەکی ببینێت و ڕابەرایەتی باشوری کوردستان بکات ، ئەم پیاوە لەم قۆناغەدا وەک سەرکردەیەکی سەربازی و سیاسی ڕۆڵی سەرەکی بینوە ، هەر لەم کاتانەشدا کاری لەسەر جەستەی کۆمەڵگا کردوە وەک کۆمەڵناسێک تا بتوانێت ئەو ماتریالە ئامادە بکات کە شۆڕش پێوسیتی پێیەتی ، بەدەر لەم کارانە وستویەتی کار لەسەر کوردانی پارچەکانی تر بکات بەوەی ڕۆحی نەتەوەی بون زیندو بکاتەوە و هاوکاریان بێت ، وە کاری سەرەکی لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی بەرژەوەندی نەتەوەیی بوە لەسەر ئاستی شەڕی ئێران عێراق و چۆنیەتی بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیەکانی باشوری کوردستان .
وسێتگەی سێیەم :
کۆتای هاتنی خەباتی شاخ و دەستپێکردنی بەڕێوەبردنی شارەکان .
لەم وێسگەیەدا نەوشیروان مستەفا دوای تەواو بونی شەڕی ئێران عێراق و کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالەکان ، کە جارێکی تر کورد مەحکوم بو بە دوبارە بونەوەی مێژوی کەوتن ، ئەم پیاوە بەردەوام دەبێت و هاوکێشە جیهانیەکان باش دەخوێنێتەوە و چیاکان جێناهێڵیت و دەزانێت کە حکومەتی عێراق ڕوبەڕوی سەرکێشی و شکشتێکی گەورە دەبێتەوە ، هەر خۆی کار بۆ ئامادەکردنی ڕاپەڕینێک دەکات ، تا بتوانێت بە پێ ی پێوستی ڕاپەڕین ئەو ئامادەگیە هەبێت ، بە پێ ی پێشبنی خۆی هەر وا بو ، وە توانی ببێتە ئەندازیاری ڕاپەڕین و سەرتاپای کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاک بکەنەوە ، ئیتر ئەم پیاوە لەبەر ئەوەی باوەڕی بە هێزی نیشتمانی هەبو هەوڵی دا هەمو هێزەکان کۆبکاتەوە و بەشداریان پێ بکات ، هەر ئەو کات پاشماوەکانی پارتی کە بە بڕوای کاک نەوشیروان دەبێت بەشداریان پی بکرێت بانگهێشت دەکات و توانی هەمو هێزەکان لە دەوری بیری ڕاپەڕین کۆبکاتەوە ڕێکیان بخات و ئاراستەیان بکات ، دوای سەرکەوتنی بیری ڕاپەڕین خەباتی مەدەنی و حوکمڕانی شارەکان دەست پێ دەکات ، ئەم پیاوە داوای کرد کە شۆڕشگێڕەکانی شاخ دور بخرێنەوە لە بەڕێوەبردنی شارەکان و نەوەی نوێ و کادری ئیداری و حکومڕانی تازە دروستبکرێت تا بتوانرێت شارەکان بەڕێوە بەرن ، ئەگەر چی لەم قۆناغەدا بەهۆی دەست تێوەردانی دەرەکی و ئەقڵی ناوچەیی و خێڵەکی و دابەشبونی باشور بەسەر دو بلۆکدا ، نەیتوانی وەک پێویست ئامانجەکانی جێبەجێ بکات ، بەڵام لە دروست بونی عێراقی نوێدا هەوڵی دا کە لە ناوەندی عێراقدا پێگەی کورد لە ڕوی دەستورییەوە مافەکانی دیاری بکرێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی لەم قۆناغەدا لە نێوان سەرکردایەتی و خەڵکدا بۆشاییەکی گەورە دروست بو ، بەهۆی گۆرانی سەرکردەکانی شاخ لە سیاسیەوە بۆ کاری بازرگانی و خاڵی بونەوە لە فکر و دروستبونی گەندەڵییەکی گەورە ، ئەم پیاوە هەوڵی دا ڕیفۆرم بکات لە ناو یەکێتی نیشتمانیدا ، بتوانێت ڕیفۆرمی ئەم حیزبە بکات بە پێ ی گۆڕانەکان و چارسەری ئەو کێشانەی تۆشی حیزب بوە بکات ، وە دەیزانی جۆرێک لە مۆدێلی سوڵتانی هەیە وە دەبێتە هۆیەک بۆ ئیفلیجکردنی کۆی دامەزراوەکان بۆیە بە پڕۆژەیەکی گشیگیرەوە داوای کرد کە ڕیفۆرمی حیزبی بکرێت و لەوێوە کار لەسەر دامەزراوەکان بکرێت ، دەیوست بەها ئەخلاقیەکانی سیاسەت بگێڕێتەوە بۆ سیاسەت و لەوە زیاتر بەر بە دروست بونی گۆرانی گروپی شۆڕشگێڕانی شاخ بۆ گروپی بازرگانی بگرێت ، کە بە جۆرێک بو ولائی لای هاوڵاتی نەهێشتبو ، خەریک بو حیزب دەگۆرا بۆ ماركێت و بزنس ، هەوڵی ئەم پیاوە کارکردن بو بۆ ڕیفۆرمی حیزب و پاشان ڕیفۆرمی گشتی ، کە وابێت هەمو هاونیشتمانیەک لەبەردەم دامەزراوە حکومیەکاندا هەست بە ماف و ئەرکی خۆی بکات ، خۆی بە بەشێک لە حکومەت بزانی بێ جیاوازی بیر و جیاوازی حیزبی و لێسەندنەوەوی دەستەڵات لە مەکتەب سیاسیەکانەوە بۆ دامەزراوە حکومییەکان ، دەرکردنی حیزب لە کایەکانی ژیاندا ، نەک پراوێزخستنی هاونیشتمانی بەو شێوەیە کە ئەنجامەکەی ئەوە بو کە ئێستە هەیە .
وێسگەی چوارەم :
بەرەی ئۆپۆزسیون و بزوتنەوەی گۆڕان :
دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی وەک دو نمایندەی ئێران و تورکیا بونە جێبەجێکاری ستراتیژی ئێرانی و تورکی و لە ناخۆشدا کاریان لەسەر بە میلشیای کۆی کۆمەڵگا دەکرد و فکری شۆڕشگێڕی و بەرخودان بەرەوە مردن دەچو ، کاریان لەسەر گۆرانی کۆمەڵگا کرد لە کۆمەڵگایەکی خۆ ژێنی بەرهەم هێنەوە بۆ کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و داڕزیو ، دوای ئەوەی کورد لە باشور تێکەڵی بازرگانی نەوت دەبێت و سامانی سروشتی نەوت دەخرێتە خزمەت چەند بنەماڵەیەکەوە ، ئەوەی پێ ی دەوترێت بەشداری هاوڵاتی لە حوکمداری و چالاککردنی پەرلەمان بەرەوە کۆتای بون دەچو ، ئەم پیاوە دەرک بەوە دەکات لە یەکێتی نیشتمانی جیا دەبێتەوە و لەگەڵ هاوڕێکانی مۆدێلی ئۆپۆزسیون بونیاد دەنێن و بەرەی ئۆپۆزسیون و بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەکەن لەم قۆناغەدا گرنگترین ئامانجەکانی نەوشیروان مەستەفا ئەمانە بون :
1. شۆڕشی سپی و بێ خوێن و کۆتایهێنان بە ململانێ ی چەکداری و خۆێن .
2. دروستکردنی پاشخانێکی گەورەی بەئاگابون و ڕۆشنبیری لای تاکی هاونیشتمانی .
3. خۆ گونجاندن لەگەڵ فکری سەردەمیانە و چۆنێتی مامەڵکردنێکی نیشتمانیانە لەگەڵ گۆرانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان .
4. گەڕاندنەوەی ناوەڕۆک بۆ دروشمەکان و گۆڕینی بەرپرسیاریەتی لە ئیمتیازەوە بۆ بەرپەرسیاریەتی.
5. ناچار کردنی پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی نیشتمانی و دور لە بەشکاری حیزبی .
6. ئەکتیڤ کردنی هەر چوار دەستەڵاتەکە ( پەرلامان ، دادوەری ، حکومەت ، ڕاگەیاندن ) دور خستنەوەی داگیرکاری حیزبی .
7. بە نیشتمانی کردنی پەیوەندییەکان دەرەکییەکان .
8. گؤڕینی سیتەمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی و بە مەرجەع کردنی پەرلەمان .
9. دانانی وفدی نیشتمانی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوند و بە نیشتمانی کردنی ئەم پەیوەندیە .
10. دروستکردنی ئابورییەکی پتەو و گێڕانەوەی خۆ بژێوی بۆ هەرێم .
11. خاڵی گرنگی نەوشیروان مستەفا کارکردن بو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەتننامەی ستراتیژی ، کە ڕێککەوتنێکی ناوچەیی و دابەشکاریە ، هەرێم بوبوە پاشکۆی ستراتیژی ئێرانی و تورکی ، ئەم پیاوە دەیوست ئەو ڕەگە مێژوییە بقرتێنێ ، کە لە قوڵای مێژوەوە هاتوە ، ئەویش دابەشکردنی هەرێم بوە بەسەر تورکیا و ئێراندا ، دەیوست هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژی خۆی و ئێران و تورکیا وەک دو دەوڵەتی دراوسێ ی هاو بەرژەوەندی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ، کە ئەمەش دەبوە خاڵی سەرەکی بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ ، سڕینەوەی سنوری ئەو دیو دێگەڵە و ئەم دیو دێگەڵە ، واتا بیری نەوشیروان مستەفا گەورەتر بوە لە لە پارتی و یەکێتی و تەنها دەیوست پارتی و یەکێتی بە پشتوانی شەقام بکات بە دو حیزبی نیشتمانی و دوریان بخاتەوە لە پاشکۆیەتی و پاشان کۆی کۆمەڵگا ئامادە بکات بۆ درستکردنی ستراتیژی سەربەخۆی هەرێم .

ئەگەر ئەمە تەنها تایتڵک بێت بۆ نەوشیروان مستەفا ئەوا دەبێت لەسەر ئاستی ئەکادیمی زیاتر ئەم پیاوە بخوێنرێتەوە ، بەدەر لە کاری حیزبی و شۆڕش و سیاسەت و چاکسازی ، ئەم پیاوە بەدەم ڕێگاوە گوڵی چینەوە ، شارەزایەکی باش بوە لە ئەدەبیات و شیعری کلاسیک و زمانەوانیدا ، کە دەتوانین بڵێین نەوشیروان مستەفا ڕێچکەیەکی فکری گشتگیرە و دەکرێت لە دوای خۆی ببێتە قۆناغێک بۆ نەتەوەیەک لە قۆناغێکی مۆدێلی سوڵتانی و گروپی مافیای بزنسەوە بۆ دامەزارەوەی بون بەشداری هاوڵاتی لە پرۆسە گشتیەکاندا ، کاک نەوشیروان هێندە بە گرنگی زانیوە کە تاک وەک کەسێکی هوشیار بەشداری هەبێت لە پرۆسەی حوکمڕانیدا بەردەوام کاری لەسەر دەوڵەمەندکردنی پاشخانی ڕۆشنبیری تاک و کۆمەڵگا کردوە ، کە ئەم ڕۆشنبیریە دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆمەڵگایەکی زیندو ، هەر بۆیە پاش مردنیشی وەسیەت دەکات ئارامگاکەی ببێتە کتێبخانەیەک تا بتوانرێت بەردەوامی بدات بەو خەونەی و ببێتە سەنتەرێک بۆ ڕۆشنبیرکردنی هاوڵاتی .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish