Skip to Content

373 Views

دوا شوێن  …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

دوا شوێن …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Be First!
by May 28, 2017 General, Poems
image_print

1
خۆر كه‌ ئاوا ده‌بێت دوا تیشكی له‌ناو له‌پی شاعیره‌ نامراده‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێت
كه‌ ده‌شسووڕێته‌وه‌ یه‌كه‌م تیشكی له‌ناو له‌پی داده‌نێته‌وه‌
په‌ریی حه‌وت ئاسمان له‌ناو له‌پی دێنه‌ ده‌رێ‌
ده‌كه‌ونه‌ گه‌ڕان و كۆچ و سۆراخی دوا شوێن
حه‌وت كۆتریش نه‌وی ده‌بنه‌وه‌ و حه‌وتجار ده‌سووڕێنه‌وه‌
چاوم له‌سه‌ر و پرچی شوێندا هێلانه‌ی كرد
هوما كاتێك به‌پشتدا وه‌رده‌گه‌ڕێت
برینی زه‌وی ته‌ماشا كردووه‌ و ده‌ست له‌ برینی ئاسمان ده‌دات
وه‌ك ئاگرێكی نه‌رم و ئاوازی گۆرانیی خاوی مه‌یخۆران
به‌ ته‌نیشتی تێده‌په‌ڕم و ده‌یخه‌مه‌وه‌ سه‌ر ده‌ست و پێ

ئه‌م به‌خشنده‌یییه‌ له‌ به‌ختیاریی مۆمێك زیاتره‌
له‌سه‌ر مێزی سه‌ری ساڵ و به‌خشنده‌یی
یه‌كه‌مین خواردنه‌وه‌ و
یه‌كه‌مین پیرۆزبایی و
یه‌كه‌مین ئاواتخواستن و
یه‌كه‌مین مه‌یخۆشبوون
دڵ هه‌رشتێك ببینێت
ئه‌وی لێ‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و ده‌ڕژێ‌
ئاسمان خۆی له‌ ته‌لی نازداوه‌ بۆ دره‌وشانه‌وه‌
دڵۆپ دڵۆپ دڵمی لێ‌ ده‌ڕژێ‌
فرمێسك به‌سه‌ر دڵم ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌
چاوتان داخه‌ن و بڕۆنه‌ ناو زه‌رده‌خه‌نه‌ی باده‌ و ئاوی خدره‌وه‌
دڵم ده‌كه‌وێته‌ له‌پی ده‌ستتانه‌وه‌

شه‌و خۆی له‌ ته‌لی نازداوه‌ له‌ناو له‌پی ده‌ستتان
ژیان ده‌لاوێنێته‌وه‌ و سه‌رنجی منداڵێك ده‌دا
سه‌رگه‌رمی یارییه‌ به‌ گه‌رمایی ناوچه‌وانی كارمامزێكی سه‌مازانه‌وه‌
پیته‌كانی ژیان له‌ناو له‌پی ده‌ستتان
عه‌وداڵی گه‌رمایی سه‌مان
دارماڵم له‌ شه‌وق و تاسه‌ی سه‌ما
زه‌رده‌خه‌نه‌ی باده‌ و ئاوی خدر
ده‌تخه‌نه‌وه‌ سه‌رته‌ختی ئه‌وه‌ل ته‌مه‌نه‌وه‌
خودایه‌ ئه‌وه‌ چییه‌ ڕووده‌دات

2
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ مقه‌س له‌ چاوی مۆم ده‌دات و ماڵی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌
كه‌ به‌ره‌و گیرۆده‌یی دڵ دێم
هه‌نگاو ڕێگا خه‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌ و نیوه‌گیان ده‌بم
زاڵم بووم له‌گه‌ڵ ژان و بركێكی بێئاماندا به‌ره‌و لات هاتم
ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌سته‌ ده‌سته‌مۆكانی بادا ده‌سته‌ومل بم
یان له‌گه‌ڵ ئاگری به‌تین و كاتی ناسكی هێلكه‌ ترووكاندا پێشبڕكێ بكه‌م
سێبه‌ر خاڵ و پیتی مرۆڤی چاو و دڵڕوونه‌
به‌ دوایدا دێت و له‌به‌ر خۆی چرا ده‌دۆزێته‌وه‌
ئه‌وه‌ی چرا له‌ ژیان بدۆزێته‌وه‌
له‌ مردنیش ده‌یدۆزێته‌وه‌
زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌ ڕوخساری چاو و دڵڕوون تیشك ده‌هاوێت

له‌ ڕێگای ژیان و مردن سه‌رگه‌ردان نه‌ماومه‌ته‌وه‌
پێم خستووه‌ته‌ سه‌ر ڕێگای بێداریی ته‌واو
له‌ ژیان ناسووتێم
له‌ مردنیش
له‌ هه‌ردوو جیهاندا شادمانم
مه‌ودای بینینی چاوی خۆم و تیشكی دوا چراشم ناسیوه‌
هه‌ردووكیان هه‌ر ئه‌شقن
ئه‌شقی به‌ حه‌فت شار و حه‌فت ئاسماندا گه‌ڕاو
خۆ یه‌كتر نابینن و به‌رانبه‌ر یه‌كیش هه‌ڵترووشكاون و ئاماده‌ی ئامبازن
بۆ هه‌ر شوێنێك چاوم ڕابهێنم
ئارام ده‌چم و باڵنده‌ی خۆشباڵ هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ناو بای نه‌رم و نیانی سه‌رپه‌ڵه‌
باڵنده‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی زه‌وییه‌
سه‌رپه‌ڵه‌ش كچێنی زه‌وی ده‌ڕوێنێ‌

له‌ ئارامیی گوێ‌ له‌ خۆگرتن و گه‌رمایی دڵ به‌ر و سێبه‌رم
به‌ تانه‌ و تۆمه‌ت و سه‌رزه‌نشت و ستایش
ناكه‌ومه‌ ڕنینی میوه‌ی پێنه‌گه‌یشتووی هه‌ڵه‌ و لیته‌ی مێژووه‌وه‌
شادمانم به‌ هیواكانم و پشوودانی مانگ له‌ ئاوی بن كووپه‌دا

3
ئه‌وه‌ پێی من له‌ ڕێگاكان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌
زه‌وی له‌به‌ر لاوازی هه‌موو په‌راسووی ده‌ژمێردرێن
ئاڵای شه‌كاوه‌ نه‌ به‌ره‌ نه‌ سێبه‌ره‌
كراس گومانی ماره‌
ساڵی جارێك هه‌موو گومانه‌كانی فڕێ‌ ده‌دات
گومان فڕێدان
نانێكی گه‌رم و بۆنخۆشه‌

ته‌نووری ناخ
گوێی له‌ ئاواز و ئازاری دار ڕاگرتووه‌ و برژاندوویه‌تی
ڕاهاتووم سه‌رنجم له‌و شه‌قامانه‌دا ورد بكه‌مه‌وه‌
ڕوخساره‌ بێ‌ گومانه‌كان پێیدا تێده‌په‌ڕن
له‌سه‌ر نووكی په‌نجه‌كانت دێیت
له‌ پشته‌وه‌ چاوم ده‌گریت و مژده‌یه‌كی له‌پڕیت
تێناپه‌ڕیت و له‌گه‌ڵمدا ده‌مێنیته‌وه‌ و ده‌بینه‌ سڵاوی خودا
ئه‌و به‌ختیارییه‌ به‌ گومان ڕاده‌گه‌یه‌نین
ژیانمان برده‌وه‌
ژیان وشه‌یه‌كی شه‌ڕانی بوو
ئێمه‌ هێمنمان كرده‌وه‌ و تێر سه‌رنجمان دا
له‌ میوه‌ی مه‌یی و بای پێش په‌ڵه‌ نیشته‌جێ‌ بوو
وا خه‌ریكه‌ ئه‌زه‌ل له‌ شوێنێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا ده‌رده‌كه‌وێت

4
شه‌رابێكم خواردووه‌ته‌وه‌ ده‌ستكردی ده‌ستی خودامه‌
نازانم له‌ ترسی خودا و خۆشه‌ویستی كێوه‌ بچم
هه‌ر له‌ به‌ند و داوم و به‌ڕێگادا ماومه‌ته‌وه‌

5
سوپاس بۆ ئه‌و متمانه‌یه‌ی بێده‌نگی به‌ منی داوه‌ ڕێگاكانم تێدا بژی
تا مه‌ستی ئه‌شق و توانه‌وه‌ و جام پڕبوون
هه‌ست به‌ خه‌یاڵم ده‌كات و پێم ده‌ڵێت
تۆ له‌ چاره‌نووست ده‌گه‌ڕێیت و جوامێری په‌ریی حه‌وت ئاسمانی وچانێك بده‌
بێ‌ ڕه‌نگ و ده‌نگ ده‌بم
تا له‌ بیرم بچێته‌وه‌ له‌ چ ڕۆژێكدام

بێده‌نگی به‌هه‌شتی سێبووری و كتێبخانه‌یه‌كه‌ هه‌ر به‌تامی سروود ده‌مێنێته‌وه‌
من به‌ڕێوه‌م به‌بیركردنه‌وه‌یدا ڕه‌ت ببم و بچمه‌ ناوی
باڵنده‌ له‌ شوێن پێیه‌كانم هێلكه‌ داده‌نێن
به‌گه‌رمیی گه‌ڕانه‌وه‌م هێلكه‌كانیان ده‌ترووكێن
ئاخ مه‌ودای چوون و گه‌ڕانه‌وه‌م چه‌ند كورت بوو
چاوانی پڕ نه‌كردم له‌ ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌می چاوه‌ڕوانی و خه‌مڵینی چاو و برۆی په‌رییانه‌وه‌
یه‌كه‌مین هاتن و دوا ڕۆیشتن
دیواری ماڵم به‌ هه‌ناسه‌ی جوانه‌مه‌رگان و ئه‌سپه‌شێی سندمشكێن گه‌رم بوو
سڵاوی خودا بووه‌ میوانم
له‌به‌ر هه‌تاوێكی نیمچه‌ گه‌رمیش وه‌نه‌وز ده‌ده‌م
فریشته‌ له‌ ژوور سه‌رم باڵه‌فڕێیانه‌ و خۆشحاڵم به‌ هاوڕێیانم و خواخوای بینینیانم

6
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیار و وه‌ڵامێك
له‌ دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ‌ بزانیت
ژیانی خۆت به‌ نه‌وا و گه‌شه‌ی ده‌نگ بڵێ‌
به‌ڵێن ناسینه‌وه‌ كه‌ ده‌رگای فریودراو داده‌خا و
ڕازی هه‌ڵدراوی دیاریی یاران و بۆنی شه‌وبۆی حه‌وشه‌ی خه‌ڵوه‌تخانه‌ و
گرشه‌گرشی به‌رده‌باز كه‌ له‌ دوێنێ و سبه‌ینێ‌ جیانابێته‌وه‌
به‌سه‌ر یه‌كه‌م تیشك و دوا تیشك دابه‌شمان ده‌كه‌ن
له‌وپه‌ڕی ئاسووده‌ییشدا ئاگری مێوانداری خۆش ده‌كه‌ن
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ به‌ ڕێگایه‌كی دوور ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ژیان
ژیان ته‌واوی ڕێگاكان به‌ تۆ ده‌دات و ده‌یكه‌یته‌ هیوا و ده‌گه‌یته‌ ئه‌وپه‌ڕی

دوا ڕسته‌ت له‌ سوپه‌ری له‌شكری پاشا بنووسه‌ و مه‌چۆ بۆ هیچ شوێنێك
پیاڵه‌ی شكۆ و شانازی ئه‌شق به‌رزكه‌ره‌وه‌ و مه‌زانه‌ ده‌مری
له‌شكری كلۆ به‌رده‌پیرۆزه‌ و شاخی كه‌ڵه‌كێوی ناوچه‌وانی خانووه‌كانمانیان
به‌تاڵان برد و هێرشیان په‌رت بوو
نانی تاڵیشیان خوارد
ئاگر له‌ شاخه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ چاوی ده‌ترووكێت
خۆی له‌ ڕه‌نگی مه‌ی هه‌ڵده‌كێشێت
پیتی نه‌مری ده‌كه‌وێته‌ ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری و ڕیشاڵی دره‌ختی شێتێك
زه‌وی به‌ ئاواته‌وه‌یه‌ نه‌مر ئاگری له‌سه‌ر بكاته‌وه‌
ئاگر بكه‌ره‌وه‌ با زه‌وی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و چاره‌نووسی بووژانه‌وه‌ی بنووسێته‌وه‌
چاره‌نووس نووسینه‌وه‌

جریوه‌ و جووكه‌ی باڵنده‌ی خرۆشاوی به‌ر هه‌تاوه‌
له‌ مه‌یدانی جه‌نگدا تووشی چاره‌نووسی خۆی هاتووه‌

7
گوێ‌ له‌ ورته‌ و دروود ده‌گرم
ئه‌رێ‌ پرسیار له‌ كوێ‌ بكه‌م
ئایه‌ به‌مه‌ ده‌زانیت
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ڕكه‌به‌رایه‌تی زۆری یه‌كدی ده‌كه‌ن
شه‌پۆلیش كه‌ خۆی به‌ تاشه‌به‌رد داده‌دات هه‌ڵه‌ی گێلانه‌ی نییه‌
گوێی له‌ گۆرانی دڵتوندیی سروشت بووه‌
له‌گه‌ڵ گۆرانیدا پیاسه‌یه‌ك ده‌كات و خێرا به‌لاماندا تێده‌په‌ڕێت
دوای جێپێ خۆشبوون و هه‌ناسه‌ وه‌رگرتنێك

كڵۆ به‌فرێك له‌ ئاسمان ده‌پشكووێت
دڵی سووتاوی سروشت فێنك ده‌كاته‌وه‌
سروشت به‌و هه‌موو باره‌یه‌وه‌
دڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گێڕێت
تا دڵگه‌رمی بگه‌یه‌نێت
چوومه‌ ماڵی خودا به‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناخی خۆم
په‌له‌م نه‌كرد به‌ ئارامی له‌ دوای كارواندا ڕۆیشتم
گه‌ڕامه‌وه‌ ئه‌شق و ژیان و مردن و ناخی خۆم وه‌ك ناوله‌پم ناسی
ناسین بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو ئه‌لبوومدا وێنه‌ت هه‌بێت
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ش ده‌بێته‌ چیا و تاهه‌تایه‌ ده‌ژی
سێبه‌ر و هه‌تاوی ده‌بێت
ئێمه‌ له‌ناو سێبه‌ر و هه‌تاوی خۆی ده‌ژێنێ و دڵخۆش ده‌بێت

8
به‌ درێژایی ژیانم ئاوی بن كووپه‌یه‌كم خوارده‌وه‌
مه‌یلی زۆرم دایه‌ ڕوونیی ئاوه‌كه‌
به‌رگه‌م نه‌گرت و هه‌ردوو چاوم له‌ده‌ست دا
ڕووناكی داوای لێبووردنی نه‌كرد
ئای چاو له‌ ڕووناكیدا له‌ ئاوی ڕژاوی سه‌رجامی پڕ ده‌چیت
چه‌ندیش بیر له‌و ده‌زووه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ خوێنی ناوكمیان پێ‌ ڕاگرت
مردوو ئاوی ڕوونی بن كووپه‌ ده‌خواته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی ناشتن ده‌كات
مۆنالیزاش بزه‌یه‌كی به‌ند كردووه‌ و ئازادی ناكات
ده‌كات و ناكات هه‌ردوو چاوه‌ له‌ ده‌ست دراوه‌كه‌مه‌
نیشانه‌یه‌ك له‌ كووپه‌ و مۆنالیزا ده‌ركه‌وت
كه‌وتووه‌ته‌ گه‌ڕان و كۆچ و سۆراخی چاوم
چاو له‌ دڵدا سكاڵا و ڕووناكی ده‌چێنێت

ژیان له‌گه‌ڵ چێندراوه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌م و ڕاسپارده‌یان له‌ بیر ناكه‌م
له‌ بیرنه‌كردن ڕه‌نگی دڵه‌
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ دوو باڵی خه‌مگینی هه‌بوو
ئاسمان باشی نه‌بینی
خامۆشانه‌ به‌ره‌و زه‌وی بووه‌وه‌
ویستی باوه‌ش به‌ نیگا كه‌وتووه‌كانی بكات
نیگاكانی تاسه‌ی شادین نه‌مریی ده‌ده‌ن به‌ سه‌ره‌تای ئه‌شق و خۆشحاڵیی ته‌واو
ئه‌ستێره‌كانی به‌هه‌شت ده‌بن به‌ كیژ و كوڕی
ده‌ست له‌سه‌ر ناوچه‌وانی داده‌نێن
له‌ شادیی نه‌مری حاڵی ده‌بێ و ئارامی ڕووته‌ختی پارێزراو ناشێوێنێت
هه‌تاویش به‌سه‌ر نووسینی كێله‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌

9
هه‌موومان به‌ڕێگاكاندا ده‌ڕۆین
بگه‌ین یان نه‌گه‌ین چ ڕووده‌دات و شیر له‌سه‌ر چ جامێك ده‌ڕژێت
جامی پڕ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌
حه‌وت په‌رده‌ له‌ چاوی پیس ده‌یپارێزن
شاعیره‌ نامراده‌كه‌ به‌ دیار گه‌رمایی دڵی ده‌مێنێته‌وه‌
فاڵگره‌وه‌كه‌ به‌ هه‌ردوو ده‌ستی ڕانه‌گه‌یشت
ته‌نیا ده‌ستێكی خوێنده‌وه‌
تاسه‌ و خولیای چوونه‌وه‌ سه‌ر ڕێگا ڕایچڵه‌كاند
سێوی ئه‌فسانه‌ بوو به‌ دوو كه‌رت
ئای خانه‌كانی گه‌ده‌ چه‌ند زوو ده‌گۆڕێن
په‌نجه‌مۆریان هه‌ریه‌ك دوو ڕۆژ ده‌مێننه‌وه‌
شاعیرێكی نامراد له‌ قۆزاخه‌ هاته‌ ده‌رێ

ئاوریشمی سه‌ر لكی دره‌خته‌كانی حه‌وشه‌ی كۆكرده‌وه‌
هه‌ڵیدایه‌ ناو هه‌تاوێكی هه‌ڵنه‌هاتوو
په‌رییه‌ له‌ خه‌وماوه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌پوولانه‌ی
هێشتان تووشی مۆمی جه‌للاد نه‌هاتوون
دێن له‌ كه‌پری ناو بێستانه‌كانمان ده‌مێننه‌وه‌
بیر له‌ شێوه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌
سروشتیش هێشتان منداڵه‌ و له‌شی له‌گه‌شه‌كردن دایه‌

10
شه‌وقی ئه‌وپه‌ڕی شكۆ له‌و ڕێگایه‌دا نیشتووه‌
ده‌مگه‌یه‌نێته‌ فریشته‌ی خۆم له‌سه‌ر زه‌وی و چێژی پێگه‌یشتنی سێوی حه‌وا
ڕه‌نجێكیش له‌ ڕوخسارم نهێنییه‌ و پێچ به‌ ڕۆحم ده‌دات

ته‌واو دڵنیام شاعیره‌ نامراده‌كه‌ دوای سڵاوی خودا له‌ ڕێگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
ده‌چێته‌ ناو نیگا ئالووده‌كانی
چێژی بووژانه‌وه‌ و
ڕۆشنایی نزا و
گه‌رمایی بێباكی و
مشتومڕی گفتوگۆیه‌كی گوماناوییه‌وه‌
له‌سه‌ر كێلی ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌ دڵ ده‌یانناسێت
ئاگرێك ده‌كاته‌وه‌ و پێشكه‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌كوژێت
ڕاسپارده‌یه‌كی له‌ ده‌می باپیریه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌
ئه‌وینی تاریك یان ژیانی زۆردار فه‌رمانی ڕاگه‌یاندووه‌
تا چنینی مافوورم ته‌واو نه‌بێت
بۆت نییه‌ بمریت
ئای ئاگری هه‌ناو چه‌ند خوێنی پڕ شكۆ
له‌ ددانی دیكتاتۆر بووه‌ته‌ ڕووبه‌ری تابلۆیه‌ك كه‌ ڕه‌نگ تێیدا دڵته‌نگه‌
وای ئاگری هه‌ناو چه‌ند خوێنی پڕ شكۆش
له‌ دڵی شاعیره‌ نامراده‌كه‌ پل ده‌دات و ناشزانێت ئاده‌م له‌ به‌هه‌شت یان دۆزه‌خ شه‌ڕی ژیان به‌تاڵ ده‌كات
هه‌ر وا بمێنه‌ره‌وه‌ و ڕازت مه‌دركێنه‌
ئێمه‌ ئاوا دڵ و چاومان خۆشبین ده‌بێت و خۆشمان ده‌وێیت
له‌ پێشوازیی خۆشه‌ویستی خۆمان
به‌ بوتڵێك مه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌هه‌شت خۆش كراوه‌ وه‌ستاوین
تا ئه‌فسانه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌ماندۆزێته‌وه‌
هه‌ر یه‌ك كه‌س ئاگری دۆزییه‌وه‌ و هه‌میشه‌ش له‌ كاتی پێویستیدا ده‌رده‌كه‌وێت

Previous
Next

Leave a Reply