Skip to Content

مەراقەکانی مایکڵ …  شیعری : عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

مەراقەکانی مایکڵ … شیعری : عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General, Poems


بۆ (مایکڵ)ی هاوکارم کە لە پڕێکدا جێی هێشتم

مایکڵ زوو زوو دەچووە قوژبنی تێفکرین و جگەرەی غەمی دەکێشا
غایەلەی دەکرد بەوەی ڕۆژێک ئاسمانەکان ببڕێت و ببێ بە مووشەکێ لە عەشق
کە پێدەکەنی، کەنارییەکان بە بێ ڕوخسەت قەفەزەکانیان جێدەهێشت بێئەوەی بیر لە فڕین بکەنەوە
کە تووڕە دەبوو تەرازووی میزاجی ژیان لاسەنگ دەبوو
وەک لاسەنگی ئەو چەوسانەوە نەگریسەی ئەمڕۆ یەخەی مرۆڤ ئەگرێ
مایکڵ بە مەراقەوە باسی وەسوەسەکانی خۆی بۆ باران دەکرد
دەیوت چ خۆشە لە جوغزی ژیانەوە بڕوانیتە کێلە قەبرەکانی غەدر
بڕوانیتە گۆمە وشکبووەکانی زوڵمەت
لە جوغزی جوانییەوە وێنە و نیگارەکانی سەر دیواری تەمەن بنەخشێنێ
مایکڵ حەسرەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی وەکو پرچی درێژی کرۆبسکایا دەهۆنییەوە
دەیوت چ دەبێ ئەگەر ئینسان سەروەری عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆی بێ
چ دەبێ ئاگری خۆزگە ستەم هەڵکروزێنێ
هەلاواردن تەنها لەنێو لاپەڕەکانی دیرۆکدا بخوێنییەوە
مایکڵ بەدەم جگەرە کێشانەوە هەموو شەممەیەک قاوەیەکی تاڵی تەنیایی لەگەڵم دەخواردەوە
دەیوت نۆشت بێ.. مەشخەڵ گیان.. قاوە تاڵەکەت نۆش بکە
پرسیارەکان دەوریان داوین و خەریکین دێینە خنکان
تا لە پەرێزی تێکۆشان وەک سەرخۆشەکانی ڕۆمانی دایکی گۆرگی نەبین بە ئەستێرە
نەبین بە دەنگ
تا ئاسۆ نەچەمێتەوە سەرچۆکان
هەتاو نەبێ بە ناسنامەی دڵی گیرفانی ڕێبوارەکانی سەوداسەری ئازادی
هەناسەکان نابینین بێن و خۆیان لە دەریاچەی ئۆخەی هەڵبکێشن
ئینسان نابینین لە پەت و زنجیر و کۆت ڕزگاری بێ
نابینین نا نابینین قەت هەتاو تاریکیی ڕاو بنێ
مایکڵ ئێستا لە پەنجەرەی تاریکییەوە دەڕوانێتە من و ئێوە
لەنێو گۆڕدا خۆی بە خەونەکانی دوێنێی دادەپۆشێ
جلی ئومێدی لەبەردا و پشوو درێژ چاوەڕوانە
چاوەڕوانی هاتنە دەرەوەی ئێمەیە لە سەردابەکانی ژیان
چاوەڕوانی بروسکەی هاوارە مەزنەکانی هێزی ستەمدەیدەیە چەخماخە بدات
چاوەڕوانە گەردوون جاویدانە لەبەردەم هانگاوەکانی ئینسان بکەوێتە سەما
مایکڵ ڕۆیی .. وەک چۆن ڕووبار دێت و دەڕوا
بەڵام دوای خۆی چەند شیعرێک و ئومێدێکی گەش و ڕووناک
پارکێک لەقسەی نەستەق و
ڕووبارێک لە پێکەنین و
دەوەنێکی لە یادەوەریی بە جێهێشت
ئێستا من دوای چوونی مایکڵ، لەهەمان سووچ جگەرەی غەم دەکێشم و
هەمان کاسکێتی ئومێد و خەونی مایکڵم لەسەردایە
هەر بە چاویلکەکەی مایکڵ دەڕوانمە کتێبەکان،
کتێبە سوور و گەشەکان وشەکانی وەک هیمۆگلۆبین سوور سوور دەتکێنە خوێنمەوە
گەر ئیجازەی ئێوەی ئازیزیشم هەبێ شەممەی دادێ دەچمە سەر گۆڕەکەی مایکڵ
ئەم شیعرەی وا دەیخوێننەوە، بە دەنگی بەرز
بە دڵی پڕ لە ئومێد و خەون و ئاوات بۆ مایکڵی دەخوێنمەوە.

کانوونی یەکەمی ٢٠١٦

تێبینی :
مایکڵ : هاوکارم بوو و لە ساڵی ٢٠١٣ کتوپڕ مەرگ ڕاپێچی کرد.
کرۆبسکایا : نادیجدا یان نادیە کرۆبسکایا( ١٨٦٩ – ١٩٣٩) خەباتگێڕی بەلشەفی و سیاسەتمەدار و هاوسەری لێنین بوو.
ڕۆمانی دایک : لە نووسینی نووسەری مەزن مەکسیم گۆرگییە و ساڵی ١٩٠٦ بڵاو کراوەتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish