Skip to Content

تەنها کەف و هیچی تر نا … نووسینی : هێرناندۆ تێڵەز

تەنها کەف و هیچی تر نا … نووسینی : هێرناندۆ تێڵەز

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General, Literature, Slider


وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ……

کە هاتە ژوورەوە هیچی نەوت. منیش چاکترین گوێزدانم بە قایشەکەدا دەهێنا. کاتێ ناسیمەوە زەندەقم چوو. بەڵام ئەو هەستی بە هیچ نەکرد. بەو ئومێدەی هەستم بشارمەوە لە تیژکردنی گوێزدانەکە بەردەوام بووم. گوێزدانەکەم بەسەری پەنجەم تاقیم کردەوە و پاشان خستمە بەر رووناکییەکە. لەو ساتەدا قایش ودەمانچەکەی بە عەسقی قەد دیوارەکەوە هەڵواسی. کڵاوە سەربازییەکەشی بەسەر تاخمەکەیدا هەڵواسی. ئەوسا ئاوڕی لێدامەوە و بوینباغەکەی شل کردەوە و وتی ” گەرمایەکە سەر کەچەڵ دەسوتێنێ ڕیشم بۆ بتاشە.” لەسەر ئەسکەمیلەکە دانیشت.
وام مەزەندە کرد کە چوار ڕۆژ بێ ریشی نەتاشیبێ. ئەو چوار ڕۆژەی کە سەرقاڵی گەڕان و پشکنین بوون بەدوای هێزەکانمان. هەتاوەکە ڕوخساری ڕەش داگەڕاندبوو. منیش لەسەرەخۆ کەوتمە ئامادەکردنی سابونەکە. چەند پارچەیەکم لە سابونەکە بڕی و خستمنە ناو قاپێکەوە. تۆزێ ئاوی گەرمم پێدا کردن و ئینجا بە فڵچەکە کەوتمە تێکدانی. یەکسەر کەف بەرز بۆوە. پاشان وتم ” ڕەنگە کوڕەکانی تری ناو هێزەکەت ئەوەندەی تۆ ڕیشیان هاتبێ” و خەریکی تێکدانی کەفەکە بووم.
“بەڵام دەزانی باشمان کرد. سەرکردەکانمان پێکا. کۆمەڵی تەرمیشمان هێنایەوە. هەندێکیشمان بە زیندوێتی دەستگیر کرد. بەڵام زوو هەموویان لەناو دەبەین”
پرسیم ” چەندت بەدیل گرت؟”
“چواردە. دەبێ بچینە ناو قووڵایی دارستانەکەوە تا بیان دۆزینەوە. تۆڵەیان لێ دەکەینەوە. یەکیان بە زیندوێتی قوتاریان نابێت.”
پشتی دایەوە سەر ئەسکەمیلەکە وەختێ بینیمی فڵچەیەکی سەر بە کەفم بەدەستەوەیە. دەبوو بەروانکەیەکی بکەمە بەر. گومانی تێدا نییە زۆر تووڕە ببووم. بەروانکەکەم لەناو چەکمەجەکە دەرهێنا و لە دەوری ملی موشتەرییەکەمم بەستا. ئەو لە قسەکردن نەکەوت. ڕەنگە وای زانیبێ من سۆزم بۆ حیزبەکەی ئەو هەیە.
وتی ” دەبێ شار ئەو وانەیە فێر ببێ کە ئەو ڕۆژە چ کاریکمان ئەنجام دا”
منیش بەدەم بەستنی بەروانکەکە لەسەر ملە رەش داگەڕاوەکەیدا وتم ” وایە.
“ئەوە نمایشێکی سەرکەوتوو بوو، ها؟
وتم ” زۆر باش بوو”. ڕووم بەرەو لای فڵچەکە وەرچەرخاند. کابرا بە ماندووبوونێکی زۆرەوە چاوەکانی نووقاند و دانیشتبوو چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد سابونێکی جوان لە دەم و چاوی بدەم. هەرگیز ئاوا لێم نزیک نەبوو بوو. ئەو ڕۆژەی فەرمانی بە هەموو خەڵکی شار کرد بێنە هەیوانی قوتابخانەکە بۆ بینینی ئیعدام کردنی چوار یاخیبوو. لەوێدا بەڕێکەوت ڕوو بەڕوو بینیم. بەڵام دیمەنی شێواندنی تەرمەکان وای لێکردم سەرنجی ڕوخساری ئەو پیاوە بدەم کە سەرپەرشتیاری هەموو شتەکانی دەکرد. ئەو ڕوخسارەی ئێستا لەبەردەستمدایە. بەدڵنیاییەوە ڕوخسارێکی جوان نەبوو. ئەو ڕیشەیشی کە تۆزێک پیرتر لەتەمەنی خۆی نیشانی دەدا لێی نەدەهات. ناوی تۆرس بوو. کاپتن تۆرس. پیاوی خەیاڵەکان چونکە کێی تر بێجگە لەو بیری بۆ ئەوە دەچوو یاخیبووەکان بەڕووتی ئیعدام بکات و ئینجا نیشانە لە تەرمەکان بگرێ؟ دەستم کرد بەوەی قاتێک سابون لە دەموچاوی بدەم. ئەو بەردەوام چاوەکانی نووقا بوون.
وتی ” ئێستا لێم گەڕێێ بێ هیچ زەحمەتییەک یەکسەر خەوم لێدەکەوێ بەڵام ئەم دوای نیوەڕۆیە ئیشم گەلێ زۆرە”. لە فڵچەپیاهێنان بە دەموچاویدا وەستام و بە حەز و ویستێکی درۆزنانەوە پرسیم “گوللەباران کردنتان هەیە؟”
“شتێکی لەو جۆرەیە بەڵام تۆزێک هێواشترە”
دەستم کرد بە فڵچە پیاهێنانی ڕیشی. دەستەکانم دیسانەوە کەوتنەوە لەرزین. کابرا هەستی پێنەدەکرد و منیش ئەمەم پێخۆش بوو. بەڵام خۆزگەم دەخواست کە هەر نەهاتایە. لەوە دەچوو کە ئەندامگەلێ زۆری حیزبەکەمان بینیبێتیان کە هاتە ژوورەوە. ئەو دوژمنەی لەژێر یەک بنمیچدا کۆمەڵێ هەلومەرجت بەسەردا دەسەپێنێ. منیش ناچار بووم وەک هەر کەسێکی تر لەسەرخۆ و جوان وەک هەر موشتەرییەک ڕیشی بتاشم. خۆم بگووشم تا نەهێڵم دڵۆپە خوێنێکی لێ بێتەخوار. وریا بم ببینم ڕیشە پژنەکەی چەقۆکەم گومڕا نەکات. ببینم پێستەکەی پاک، نەرم، تەندروست بۆتەوە و کە دەستی پیا بهێنم هەست بە هیچ موویەک نەکەم. بەڵێ من یاخیبوویەکی نهێنی بووم و لەهەمان کاتیشدا سەرتاشێکی خاوەن ویژدان بووم و زۆر شانازیم بە پیشەکەمەوە دەکرد. ئەم ڕیشە چوار ڕۆژییەی کاپتن بۆ من بەرەنگاربوونەوەیەکی گونجاو بوو.
گوێزانەکەم گرتە دەست و دەمەکەیم کردەوە و دەستم بەریش تاشینی کرد لە لاجانگییەوە بەرەوخوار . گوێزدانەکە جوان مووەکانی دەتاشی. ڕیشی زبر و ڕەق بوو. زۆر درێژ نەبوو بەڵام پژن بوو. نەختە نەختە پێستەکەی بەدەردەکەوت. گوێزدانەکە کڕەی دەهات، دەنگێکی باوی دەردەهێنا وەک کۆبوونەوەی کەفەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ مووەکانی لێواری گوێزدانەکە. وچانێکم دا و لە کورتە ساتێکدا پاکم کردەوە و دیسانەوە گوێزدانەکەم بە قایشەکەدا هێنایەوە و تیژم کردەوە. چونکە من سەرتاشم و دەبێ کارەکەم بەجوانی ئەنجام بدەم. کابرا چاوەکانی نووقاو بوون و ئێستا کردیەوە. لەژێر بەروانکەکەوە دەستێکی جوڵاند و بەو جێگایەی دەموچاوی خۆی هێنا کە تاشرابوو. ئینجا وتی ” سەعات شەش وەرە بۆ قوتابخانەکە” منیش بەدڵ ڕاچلەکێنێکەوە وتم”هەمان بەزمەکەی ئەو ڕۆژەیە؟”
وتی ” لەوانەیە خۆشتر بێ”
” بەنیازی چی بکەی؟”
“جارێ نازانم، بەڵام خۆمان دڵخۆش دەکەین”
جارێکی تر پاڵی بە ئەسکەمیلەکە دایەوە و چاوەکانی نووقاندەوە. منیش بە گوێزدانەکەمەوە سەلارانە لێی نزیک بوومەوە و وتم “بەنیازی سزای هەموویان بدەی؟”
“بەڵێ هەر هەموویان”.
کەفەکە بە دەموچاوییەوە وشک دەبۆوە. دەبوایە پەلە بکەم. لە ئاوێنەکەوە تەماشای شەقامەکەم کرد. بینیم وەکو جاران بوو. دوکانی بەقاڵەکە دوو سێ موشتەری تیا بوو. ئینجا تیلەیەکی چاوم بڕییە سەعاتەکەی قەد دیوارەکە بینیم سەعات دوو و بیست دەقیقەی پاش نیوەڕۆیە. گوێزدانەکە سەربەرەوخوار لە تاشینی خۆی بەردەوام بوو. ئێستا خەریکی لایەکی تری لاجانگیم. ئەو مرۆڤ کوژە ڕیشێکی پڕی هەبوو. دەبوایە ڕیشەکەی وەک هەندێ شاعیر یان قەشە بهێشتایەوە. جوان لێی دەهات. زۆر کەس نەیان دەناسییەوە. زۆرتر لەبەر ئەوتا کراسەکەی کەفاوی نەبێ، بەباشم زانی هەوڵ بدەم دەوروبەری ملی بە نەرم و نیانی داپۆشم. لەوێ بەدڵنیاییەوە چونکە مووەکان هەرچەند نەرمیش بن بەڵام لوول بووبوون، بۆیە دەبوایە گوێزانەکە لێهاتوانە بگرمە دەست. ڕیشکەی پژن بوو. ڕەنگە یەک کونی بچووک بکرێتەوە ببێتە هۆی ئەوەی مرواری خوێنی لێ بێ. سەرتاشی چاكی وەکو من شانازی بەوەوە دەکات کە نەهێڵێ شتی لەم جۆرە لە موشتەرییەکەی ڕوو بدات. ئەمەش موشتەرییەکی زۆر چاک بوو. چەند لە ئێمە بە فەرمانی ئەو کوژراوە؟ چەند لە ئێمە بەفەرمانی ئەو کەلەلا (لەتوپەت) کراوە؟ چاکترە هەر بیری لێ نەکرێتەوە. تۆرس نەیدەزانی من دووژمنی ئەوم. نە ئەو و نە خەڵکیتر نەیاندەزانی. من زۆر نهێنی بووم و جگەلە چەند کەسێک، کەسیتر نەیدەزانی بەتەواوەتی چی دەکەم. من هەموو جارێ شۆڕشگێڕەکانم لە هەڵسوکەوتی تۆرس لە ناو شار و چ پیلانێکی هەیە بۆ هەڵسان بە هێرش بۆ گرتنی یاخیبووەکان ئاگادار دەکردەوە . بۆیە زۆر زەحمەتە شیکاری ئەوە بکەم کە ئێستا لەبەردەستم دایە و لێی بگەڕێم بەئاسانی ریشی بتاشم و بەزیندوویی لەدەستم دەربچێ.
ئێستا ڕیشەکەی تەواو تاشرا و گەنجتر دیارە. باری لەچاو ئەو ساڵەی هاتە ئەم شارەوە سووکترە. خۆی هەرکەسێک سەردانی سەرتاش بکات دەبێ ئاوا دەرکەوێ. لەژێر گوێزدان پیاهێناندا تۆرس بووژایەوە، بووژایەوە چونکە من سەرتاشێکی باشم، باشترین سەرتاشم لە شارەکە(ئەگەر ڕێ بەخۆم بدەم وا بڵێم). هەندێ کەفی تر لەژێر چەناگەی بوو ڕێک لەسەر قوڕقوڕاگەی بوو لەسەر بۆڕی خوێنەکە. دونیا بۆ وا پرووکاوە. ڕەنگە تۆرسیش وەکو من شەڵاڵی ئارەقە بووبێ. بەڵام ئەو نەدەترسا. هێمن و لەسەرخۆ بوو، تەنانەت بیری لەوەش نەدەکردەوە ئەم دوای نیوەڕۆیە چی لە زیندانییەکان دەکات. لەلایەکی تریشەوە، بەو گوێزدانەی بەدەستمەوەیە کە بەسەر پێستی دەموچاویمدا دەهێنا هەوڵی دەدا نەهێڵێ خوێنەکە لەو کونە بچکۆلانەوە تێیبزێ. بزانە ناتوانم جوان بیر بکەمەوە.. ئەی بەخێر نەیەیت. چونکە من شۆڕشگێڕم نەک مرۆڤکوژ. چەند ئاسانە بیکوژم و شایانی کوشتنیشە. ئەرێ بەڕاست شایانی کوشتنە؟ نەخێر! ئەوە چ ئەهریمەنێکە! هیچ کەس شایانی ئەوە نییە کەسێکی تر بکاتە قوربانی و ببێ بە مرۆڤکوژ. چیت لەمە دەست دەکەوێ؟ هیچ. هەندێک دێنە پێشەوە و هێشتا هەندێکیتر بەڕێوەن. یەکەمەکان دووەمەکان دەکوژن و ئینجا ئەوانی تر و ئیتر بەو جۆرە تا دەریایەک لە خوێن هەڵدەستێ. دەمتوانی قوڕگی هەروا لرخ لرخ هەڵدڕم. دەمتوانی بواری نەدەم فزە بکا بەتایبەتی کە چاوەکانی نووقابوون و نە ئەو چەقۆ دەمتیژەی دەستم و نە بریسکانەوەی چاوەکانی نەدەدیم. بەڵام من وەک تاوانکارێکی ڕاستەقینە دەلەرزیم. لە قوڕگییەوە خوێن بەسەر بەروانکەکە و ئینجا کورسییەکە و دەستەکانم و پاشان زەوییەکە فیچقەی دەکرد. دەبێ دەرگاکە دابخەم. خوێنەکەش هێواش هێواش فیچقەی دەکرد گەرم،لە بن نەهاتوو، ڕێچکەبەستوو سوورو گەش ڕێچکەی بەست تا گەیشتە شەقامەکە. من دڵنیام ئەو قورگ بڕینە ، ئەو هەڵدڕینە قووڵە، هیچ ئازاریکی نابێت. هەست بە ژان ناکات. بەڵام ئەی چی لە لاشەکەی بکەم؟ لە کوێ بیشارمەوە؟ دەبێ ڕابکەم و هەرچیم هەیە جێی بهێڵـم. دەبێ سەری خۆم هەڵبگرم و دوور دوور دوور بکەومەوە. بەڵام دەکەونە شوێنم تا دەمدۆزنەوە.’ بکوژەکەی کاپتی تۆرس کە زۆر ترسنۆکانە قوڕگی هەڵدڕی وەختێ خەریکی ڕیش تاشینی بوو.” لەلایەکی تریشەوە” تۆڵەی هەموومانی کردەوە، ناوی سەرتاشەکە دەڵێن(لێرە ناوی من دەهێنن). سەرتاشێکی شارەکە بوو، کەس نەیدەزانی کە بەرگری لە داواکانمان دەکات.
ئەی هەموو ئەمانە چین؟ مرۆڤکوژن یان قارەمان؟ چارەنووسم بە لێواری ئەو چەقۆیەوە بەندە. دەتوانم تۆزێک زیاتر دەستم بسوڕێنم و گوێزدانەکە زیاتر دابگرم و قوڕگی ببڕم.پێستەکە وەک پارچە ئاوریشمێک ، وەک لاستیکێک، وەک قایشێک لێک دەبێتەوە. هیچ شتێک وەک پێستی مرۆڤ ناسک نییە و بەردەوام خوێنیش لەوێدا ئامادەیە فیچقە بکات. چەقۆی لەم جۆرە شکست ناهێنێ.ئەمە باشترین چەقۆمە. بەڵام قوربان نامەوێ ببم بە مرۆڤکوژ. تۆ هاتووی بۆ لام تا ڕیش بتاشی. منیش کارەکەم شەرەفمەندانە ئەنجام دەدەم…نامەوێ دەستم بە خوێن سوور ببێ. تەنها کەف و هیچیتر نا. تۆ خەڵک ئیعدام دەکەیت و منیش سەرتاشم. هەرکەس جێوڕێی خۆی لە نەخشەی شتەکاندا هەیە.بەڵی وایە جێوڕێی تایبەت بەخۆی هەیە.
ئیستا چەناگەی ساف و لووسە .کابرا دانیشت و سەیرێکی ئاوینەکەی کرد. دەستی بە پێستی دەموچاویدا دەهێنا و هەستی بە تازەیی و نوێبوونەوە دەکرد.
وتی سوپاس بەرەو لای عەسقییەکەڕۆیی تا پشتێن و تاخم و دەمانچەکەی ببەستێ. رەنگم پەڕیبوو؛ هەستم دەکرد کراسەکەی بەرم خوساوە. کاپتن تۆرس خۆی بەستا و دوای ئەوەی قژی داهێنا یەکسەر دەمانچەکەی ڕێک خستەوە ناو کیفکەکەی. کڵاوەکەی کردە سەر. لەگیرفانی پانتۆڵەکەیەوە کۆمەڵێ وردەی دەرهێنا و هەقەکەی خۆمی دامێ. بەرەو دەرگاکە هەنگاوی نا. لەبەردەم دەرگاکە بۆ ساتێک هەڵوەستەیەکی کرد و ئاوڕێکی لێدامەوە و وتی :
“پێیان وتم بێمە بەردەستت دەمکوژی. منیش هاتم بزانم دەمکوژی یان نا. کوشتن ئاسان نییە.ئەم قسەیە لە من وەربگرە” و ئینجا بە شەقامەکەیا بەرەو خوار کەوتە هەنگاو نان.

بەکورتی دەبارەی هێرناندۆ تێلەزی چیرۆکنووس
هێرناندۆ تێڵەزی چیرۆکنووس لە بیست و دووی ئازاری ساڵی ١٩٠٨ لە شاری بۆگۆتا لە وڵاتی کۆڵۆمبیا لە دایک بووە و هەر لەوێش خوێندنی تەواو کردووە. هێرناندۆ هەر زوو کەوتە نێو دونیای ڕۆژنامەگەرییەوە و لە ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامەی پڕ خوێنەری ئەو سەردەمەی کۆڵۆمبیا وەک ئەندامی کارای دەستەی نووسەران کاری کردووە. بەڵام تا ساڵی ١٩٥٠ کە کۆچیرۆکیکی بڵاو نەبۆوە، ناوی دەرنەکرد. چیرۆکە تراژیدیا – کۆمیدیەکانی بەڵگەی وریایین وەک چاودێرێکی زۆر هەستیاری ژیانی هاوچەرخ و بەتایبەتیش ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکەی. لە سەردەمی ئەو نووسەرە وڵاتی کۆڵۆمبیا ژمارەیەک شەری ئەهلی و دیکتاتۆری سەربازی تێدا دەگوزەرا . هێرناندۆ خۆشی قوتابی مێژوو بوو و ئاگاداری ئەوە بوو کە ئەو سێ هێزە یاخیبووەی سەدەی نۆزدە وڵاتەکەیان دابەشکردە سەر سێ وڵات : کۆڵۆمبیا و ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر. ئەم نووسەرە ماوەیەک ئەندام پەرلەمان بوو و پاشان نوێنەری وڵاتەکەی بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕەنگە بەناوبانگترین بەرهەمی ئەم نووسەرە کورتەچیرۆکی ” تەنها کەف و هیچی تر نا” بێ. ئەم چیرۆکە لە قۆناغەکانی ئامادەیی خوێندنی خوێندکارە ئیسپانییەکان لە ئەمریکا دەخوێنرا. هێرناندۆ تێڵەز لەساڵی ١٩٦٦ کۆچی دوایی دەکات و ماڵئاوایی لە خەمی ژیان و دنیای نووسین دەکات.

—————————-

سەرچاوەکان :
1- http://www.tc.umn.edu/~ston0235/3302/readings/tellez.pdf

2- http://en.wikipedia.org/wiki/Hernando_T%C3%A9llez

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish