Skip to Content

مردنی نەوشیروان و سەرهەڵدانەوەی محەمەدی مەهدی … نەوزاد جەمال

مردنی نەوشیروان و سەرهەڵدانەوەی محەمەدی مەهدی … نەوزاد جەمال

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General, Opinion, Slider

ئەوەی ئەم دووناوە کۆدەکاتەوە ئەوەیە کە پاشمەرگیان دەبنە فریادرەسێکی پیرۆز. ئەمیان بەدیوەسیاسییەکەی و ئەویتریش بەدیوە ئایینەیەکەی. زۆرنییە کە یەکەمیان ماڵئاوایی کردووە، باسی دووەمیان لە کەناڵەکانەوە گەرمە! رێکەوتێکی سەیرە، بەڵام مایەی سەرنجیشە.

بەپاڵەوانکردن

ئەگەرچی کەسمان پاڵەوانی فریادرەسی لێقەوماومان نیین، بەڵام زۆربەشمان دەستمان لەسازکردنی پاڵەوانەکاندا هەیە: هەر بەپێناسەکردن و ستایشکردن و باسکردن تا بڵاوکردنەوەی دەنگۆکانیان بەزارەکی و نوسراو. چونکە، ئێمە کۆمەڵگەیەکین ئەو کاتە دەپەرژێنە سەرمرۆڤەکان، کە ئاودیوی جیهانی زیندووان بوون. لەساتێکدا دەبنە مایەی رێزو دەربڕینی خۆشەویستی کەماڵئاوایی دەکەن. ئیتر لێرەوە شانازیان پێوەدەکەین. بەڵام، ئەم هەستە چەندە شاعیرانەو جوان و نمایشی وەفادارییە، کۆمەڵێک رەهەندی سایکۆلۆجی و ئایینی و کولتوری هەیە.

بۆیە، هەمیشە دەپرسم ئاخۆ ئێمە پێویستمان بە “پاڵەوانە”، یا پاڵەوانەکان پێیوسیتیان بەباسوخواسەکانی ئێمەیە لەبارەیانەوە؟ پاڵەوان مانای چییە؟
بەپیی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد ‘ئەو کەسەیە کە بەهۆی بوێریی یا دەستکەوتە ناوازەکانیەوە یا خەسڵەتە نایابەکانیەوە پیی سەرسامین’. هەڵبەت، لەکاتی نەهامەتی و لێقەومان و لێکترازان و داتەپینەکاندا، مرۆڤەکان یا چاویان لەئاسمانە یا بکەرێکی پاڵەوان-ئاسا کە پارسەنگی هێزبگەڕێنێتەوە. کەسێک لەپێناوهەمواندا دۆخەکە بەلادابخات و لەجێگەی هەمووش بجەنگێت! ئیدی، رەواندنەوەی تەمی نائومێدی و تاریکستانی دۆخەکەیە کە وادەکات هەموو لەکانیاوی هەستونەستییەوە، وێنەی پاڵەوانێک بۆ سەکردەیەک دابتاشێت و لەدڵیدا بینەخشێنێت.

نەوشیروان

رێکەوتێکی سەیرە کەناوی “نەوشریوان” لەمێژوودا ئاماژەیە بەشای شاهانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی (٥٠١-٥٧٩)کە بە’کیسرای یەکەم’یا ‘خوسرەو’یش ناودەبرێت. کەسێکیشە کە بە “نەوشریوانی دادخواز” دەناسرێتەوە لەبەر خەسڵەتێکی تایبەت: خاکیەتی و چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە نابێت فەرمانڕەوای وڵات تەنها لەخانەدان و ماقوڵانی کۆمەڵگەبن! جگەلەوەشی کە بە”شای چاکساز” پێناسەدەکرێت. چونکە، باجی لابردنی و بەربەستێکی دیوارینی لەدژی تیرەو خێڵەهێرشبەرە کۆچەرییەکانی تورک و عەرەب دژ بەئیمپراتۆریەتەکەی دروستکرد!
هەروەها، ئەم کەسێتییە بەرجەستەکەری کەسێتی ‘شافەیلەسوفی ئەفلاتونی’بوو. بەهۆی رێزو بایەخدانی بەفەلسەفەو فەیلەسوفان و کردنەوەی فێرگەی گوندیشاپور (ئەگەرچی کاک نەوشریوان لەدانیشتنێکی رووبەروودا، کەمبایەخی فەلسەفەی درکاندو وتی فەلسەفە هێندە بابەتێکی گرنگ نییە کە وەک بەشێکی سەربەخۆو تایبەت لەزانکۆدا بخوێنرێ!). بەدەر لەپێداهەڵدان و ستایش، ئەم ناوە بۆ نەوشیروان مستەفاو رێکەوتێکە.

ئەفسانەسازی

پسپپۆڕی ئەفسانەناسی ‘جۆزیف کەمپێڵ’ لەکتێبی ‘هێزی ئەفسانە’دا، ئەرکی دەروونی ئەفسانە کە لەئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەقۆناخی لەدایکبوون، رۆیشتن، هەرزەکاری، لاوێتی و پێگەیشتن و دایکوباوکایەتی و تامردن بەسەر مرۆڤدادێن، رووندەکاتەوە. پێیوایە، ئەفسانە نێوانبەرێکە لەنێوان ئەوەی کەدەبێت بیزانین و ئەوەشی کە هێشتا نایزانین. واتە، لەبەرئەوەی قۆناخی داهاتووی ژیانمان لەئێستاماندا هیچ کاریگەرنییە، بۆیە بەمیتافۆر- سیمبول و ئاماژە پێناسەی واقیعی نوێ و پێشهاتەتازەو ئاڵوگۆڕەکان دەکەینەوە. کەواتە، ئەفسانە ئەو رایەڵەیە کە لەنێوان زانراو نەزانراو، نادیاردایە. ئێمە دەزانین واقیع چۆنەو چییە، بەڵام لەوەدا بەرچاومان روون نییە کە ئاخۆ چیدەبێت و چیشمان بەسەردێت. بۆیە، لەم کەلێنەوە ئەفسانە سەرهەڵدەدات و لەرێگەی بەرهەمهێنانی سیمبول و پاڵەوانەوە دێتەئاراوە.

بەڕێکردنی تەرمی نەوشیروان مستەفاو ئەسپەردەکنی بەخاک و کەفوکوڵی لاواندنەوەو ئامادەیی خەلکی ئاسایی تێیدا، ئەگەر نیشانەی رێزوخۆشەویستیش بێت، لەبنەڕەتدا دەرخەری بێهوایی و رەشبینی مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرەیە. ژێدەرێکی ئاشکرای تینویەتی خەڵکەکەیە بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دۆخەکە. چەندە گریان و هاوارە بۆ نەوشریوان، ئەوەندەش شیوەنە بۆ دۆخەنالەبارەکە! وەسفکردنی بەهیوای هەژاران، خاکی، زانا، بیرمەند، هتد… دەلالەت لەو خودە دەکات کەپێویستی بەزانین و تێگەیشتن و رێگەی دەربازبوونە لەقەیرانەکانی.
ئاماژەیەکتریش لەنەفرەتکردنی سەرکردەسیاسیەکانیتر، تاڕادەی جنێودان، هوهاکێشان و تفکردنەوە سەردەردێنێت. لەهەمووی گرنگتر لێکدانەوەی رەهەندە سایکۆلۆجی و کولتوریەکە کە لەپشت ئەو ئەفسانەی مەرگی ئەو پیاوەوە ئامادەیە. بەجۆرێک لای خەڵکی ئاسایی و تەنانەت هەندێک رۆشنبیر، مردن و ژیانی نەوشیروان بووە (Übermensch) سەرومرۆڤەکەی “نیتشە”. لەکاتیکدا نەوشیروان هەمیشە لەوێنەو گرتەکانداو دژی خۆجیاکردنەوەبووە لەخەڵکی ئاسایی!

دیارە، هەوڵێک هەیە کە دەیەوێت ئەو مرۆڤە بکات بەپاڵەوانێکی فریادڕەسی گەل. بۆیە، هەر لەئێستەوە دەنگۆی ئەوەی وەسیەتنامەی هەیە یا نییە چەندان نوقڵانەو فاڵی بۆ بگرینەوە. جگەلەوەی کە بەدوورناگیرێت بەناوییە زۆر شت بووترێت و بکرێت! ئاخر، پیرۆزکردن هەر لەئایینەکاندا نییە، بەڵکو کەسێتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانیش دەبرێنەوە کەشکەڵانی فەلەک. هەروەک لەداستان و ئەفسانە دێرینەکانی رابوردوودا باسکراوە، جەنگی خوداو ئەهریمەن، زۆرانبازی دەعباو دەعەجانەکان لەگەڵ پاڵەوانەکاندا تۆماری سەیری بەجێهێشتووە. ئەمڕۆش هەمان میکانیزم دەخرێتەسەر وێنەی سەرکردەو ناودارەکان. بەو شێوە، نەوشیروان پاڵەوانە سەرەکیەکەیە، لای نەیارەکانیشی کاراکتەری دژەپاڵەوان و رۆحە ئەهریمەنەکەی هەڵگرتووە!

شایەنی ووتنە کە پاڵەوان وەک مرۆڤیکی ناوزاەو هەڵکەوتوویەکی بێوێنەو دانسقە، دەردێکی کوشندەی رێکخراوەسیاسیەکانی ئێمەیە. پەتایەک کە دەیەوێت سەرکردەکانی بکاتە نەمر لەپۆست و بڕیارەکانیاندا. سەرکردەکانی ئێمە چیتر کار بۆ مانەوەی خۆیان ناکەن، چونکە ئەو ئامانجە بەدیهاتووە. بەڵکو، شەڕ لەسەر داهاتووی نەوەکانییان دەکەن! لەم رووەوە، پرسی جێگرەوەی سەرکردەکان لەلای زۆربەی حزبەکانی ئێمە، تابویەکی (حەرامێکی) سیاسییە.
هەمیشە بەئەنقەست ئەو بابەتە پەکدەخریت. بەبیانوی ئەوەی سەرکردەکە کەموێنەیە و کەس نییە بتوانێ(لەراستیدا نابێت) جێی بگرێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو ئەفسانەسازیانەی بزاڤی سیاسی کورد سەدساڵێکە سەکردەکانی کار لەسەر سایکۆلۆجیەتی جەماوەرو شتنەوەی مێشکیان دەکەن. هەمیشە خۆیان بەباوک و تاکەپەناو چاوساخ دادەنێن، وەکئەوەی بێئەوان بەلەمەکە سەرلەبەر نوقم بێت!

راستە، هەموو مرۆڤێکی خاوەن کاراکتەری جیا، تاک و دانسقەیە لەخۆیداو کەس ناتوانێت ببێتەوە بە ئەو. بەڵام، لێرەدا قسەکە لەسەر پڕکردنەوەی ئەرک و پۆستەکەیە نەک خودی کەسەکە. لەبەرئەوەی حزبی کوردی هێشتا نەبۆتە دامەزراوە، هەموو ئەرک و روڵێکی رێکخراوەیی بەکەسیی کردووە. لەگەڵ مردنی بەرپرسە بڕیاردەرەکانیدا، کورسی و پێگەکانیشیان دەمرێندرێت!

کاتێک کە هاوڵاتی بێدەرەتان بوو، ئیتر هەموو سیفەت و خواستە ناخەکییەکانی بەسەرکردەکانییەوە دەلکێنێت. خۆی بەبێدەسەڵات، کەمزان، کەمئەزموون، بێهیوا و بێکەس دادەنێت. لەبەرامبەردا هەموو سیفەتەگرنگەکانی وەک مانەوە، خۆشی و درێژەدان بەژیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی، دەخاتەسەر وێنەی سەرکردەو پێغەمبەر و پیاوچاک روناکبیرو بیرمەندەکانییەوە. لەکاتێکدا مەرج نییە ئەو سیفەتانە تێکڕا لەو کەسێتیانەدابن. بەڵام، لەبەرئەوەی بەدیاریرکراوی لەخۆیدانییە، ئیتر دەبێت کەسێک هەبێت ئەوانەی تێداببینرێتەوە!

هەر کاتێک شەڕۆشۆڕو قەیرانی ئابوری و گرفتی دارایی هاتەئاراوە، پڕوپاگەندە باشترین راوکەری مێشکەکانە. چونکە لەو ساتانەدا، بیروهەست بۆ وەرگرتنی باش ئامادەیە. لەو دەمەی ناسۆرو نائومێدی باڵئەکێشێت بەسەر خەیاڵ و هەستدا، ئیتر مرۆڤ ناچارانە چاوەڕێی وەڵامی فریادڕەسە. بۆیە، کەسە دیارەکان لەسەر خواستی ناخی خۆیی و پێویستییەکانی بەباشبێت یا خراپ وێنادەکاتەوە.

ئیدی، تاچەندە نائومییدیی زاڵبێت، ئەوەندەش جاوەڕوانی پاڵەوان دەکرێت. هەڵبەت، لەو جێگەیەی ئایین و بیروباوەری سادەو نائەقڵانی زاڵ بێت، مرۆڤکانی زۆرترین ئامادەیی وەرگرتن و بیرۆکەی پاڵەوان و فریادرەسی نەمرن.

Previous
Next
Kurdish