Skip to Content

ڕیفڕاندۆم، ڕێڕەوەکان و هەڵوێست … نادر عبدالحمید.

ڕیفڕاندۆم، ڕێڕەوەکان و هەڵوێست … نادر عبدالحمید.

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General

1. ڕێڕەوەکان. ئەم مەسەلەیە لە ڕێڕەوێکی سیاسی دیاریکراوەوە هاتۆتەئاراوە. دەتوانرێت لە سێ خاڵدا ئاماژەی پێبدرێت:
a) ڕێڕەوی کێشمەکێشەکانی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی لۆکاڵی هەرێمی کوردستاندا، وە بە دیاریکراویش ڕێڕەوی کێشمەکێشەکانی “پارتی” وەک حـزبی بورژوا ناسیونالیستی پاوەنکاری دەسەڵات و ئابووری کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی بورژواز ئیسلامی شیعەگەرا لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا.
b) ڕێڕەوی کێشمەکێشە سیاسی و حـزبیەکانی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی لەناوخۆی کوردستانی عێڕاقدا، بۆ باڵادەستی “پارتی” و پاشەکشە پێکردن، لە قاڵبدان و بەپاشکۆکردنی سیاسی “یەکیەتی”، “گۆڕان” و حـزبە ئیسلامیەکانی کوردستان و یەکخستنەوەی “ماڵی کورد” پاش ئێکسپایەر بوونی سەرۆکی هەرێم و ئیفلیج بوونی حـکومەتی بنکە فراوان و لەکارخستنی پەرلەمانەکەیان.
c) ڕێڕەوی چاوبەستەگی و فریودانی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ کپ کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و بەرگرتن بە تەقینەوەی جەماوەری دەستەنگ و نەدار لە کرێکاران و زەحـمەتکێشانی کوردستان بەڕووی ئەم دەسەڵاتەی کە نەک هەر خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی دابین نەکردوە بەڵکو موچەکانیشیان بە چەند مانگ جارێک ئەویش بە نیوەناچڵی دابین دەکات.

2. تاکتیک. گرتنەبەری سیاسەتی ڕیفڕاندۆم بەرهەمی ستڕاتیژێکی سیاسی حـزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد نیە کە ئامادەکاری و زەمینەسازی پێشوەختیان بۆ کردبێت چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، تا بیانەوێت لە ئێستادا بە عەمەلی بکەنەوە، بەڵکو وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە تاکتیکێکی ناو هاوکێشە سیاسیەکانە لە ململانێی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا و چ لەبەرامبەر دەسەڵاتی بورژوا قەومی-مەزهەبی دەوڵەتی ناوەندیدا، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە جەنگی هەڵپێچان و وەدەرنانی “داعش” بەرەوە کۆتایی دەڕوات و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و نەفرەتێکی بەرفراوانی جەماوەریش بونەتەوە. ڕاگەیاندنی پێشوەختی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد، کە مەرج نیە دوای ڕیفڕاندۆم پابەند بن و ڕێز بگرن لە دەنگدان و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەتێک لە کوردستاندا، ئەم ڕاستیە دەردەخات.

3. ڕیفڕاندۆم و کێشەی نەتەوایەتی کورد لە عێڕاقدا.
a) بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد نەك هەر لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا دەسەڵاتدارە، بەڵکو لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی “بەعس”، لە ساڵی 2003 بەدواوە هێزێکی ئەسڵی بووە لە شکڵدانەوە بە دەوڵەتی ناوەندی عێراق و لەو ڕێگەشەوە دەستی لە چمکێکی دەسەڵاتی ناوەند گیربووە و بۆتە پایەیەکی دەسەڵات لە دەوڵەتی بوژوازی عێڕاقدا.
b) زوڵم و ستەمێکی نەتەوایەتی کە بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێڕاق و بەتایبەت لەسەردەمی دەوڵەتی “بەعس”دا بەسەر خەڵکی کوردستانەوە هەبوو، بەشێوەیەکی گشتی لە ئارادا نەماوە.
c) کێشەی نەتەوەیی کورد لە عێڕاقی دوای ساڵی 2003، نەک لە زوڵم و ستەمی نەتەوایەتیدا، بەڵکو لە دووخاڵدا بەرجەستەبۆتەوە؛ یەکەم کێشمەکێشی حـزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد لەسەر پشک و بەشی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندی. دووەمیش لەسەر مادەی (140)ی دەستوری عێڕاقە کە بە “ناوچە جێناکۆکەکان” گوزارشی لێکراوە. ئەویش بەدوای هاتنی “داعش” لە هاوینی 2014 وە بە عەمەلی کەوتونەتەوە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی “پارتی” و “یەکیەتی”ەوە.
d) لێرەوە مەسەلەی ڕیفڕاندۆم بۆ چارەسەری زوڵم و ستەمێکی نەتەوایەتی نیە کە لەسەر خەڵکی کوردستان بێت، بەڵکو بۆ پچڕینی بەش و پشکی زیاترە لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، وە بۆ پەیاکردنی پارسەنگێکی بەهێزی ناسیونالیستی کوردە لەبەرامبەر هەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی عەرەب و ئیسلامی سیاسی لە دەوڵەتی ناوەندیدا.

4. ڕیفڕاندۆم و دوو هەڵوێست. گەرچی زوربەی شیکاری و لێکدانەوەکان لەڕوانگەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیەوە (بە هەڵسوڕاوانی سەربەخۆ و گروپ و حـزبەکانیەوە) بۆ مەسەلەی ڕیفڕاندۆم، بەگشتی هاوڕاییەکی پێوە دیارە، بەڵام دوو هەڵوێستی سیاسی عەمەلی جیا لانی کەم لەبەرامبەر ئەم ڕیفڕاندۆمەدا بەرجەستە بوونەتەوە.
a. هەڵوێستی یەکەم بە پشت بەستن بەو شیکاری و لێکدانەوانەی سەرەوە، لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی ڕیسواکاریاندا دژی خاوەنانی پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم کە حـزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد و بەتایبەت “پارتی”ە، پێدادەگرنەوە لەسەر ناجدی بوونی خاوەنانی پڕۆژەکە و پابەند نەبوونیان بە ئاکامی ڕیفڕاندۆمەکەوە. لێرەوە لەمەیدانی سیاسی عەمەلیدا دەکەونە جێگەوڕێگەی گروپێکی فشار بۆ پاڵێوەنانی خاوەنانی ئەو پڕۆژەی ڕیفڕاندۆمە کە بە جدی بێنە ژێرباری ئامادەکاری زەمینەکانی و پابەند بن بە ئاکامەکانیەوە. ئەم پاساوانەی خوارەوە بەڵگەی ئەم هەڵوێستەن “هەتا ئەگەر ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە قەومی کوردی و ئاوێتەکراو بە ئیسلامیش بێت، هێشتا دەتوانی بۆ یەکجاری مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت، رێگا خۆش دەکات بۆئەوەی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکیش ئاسانتر لەژێر هەیمەنەی ناسیۆنالیزم بێنە دەرەوە و مەیدانێکی تەخت و رێگایەک سەر راست دەخاتە پێش بۆ پەرەگرتنی خەباتی چینایەتی و یەکلاکردنەوەی کێشەی بورژوازی و پرۆلیتاریای کوردستان.” وەیا “سەربەخۆیی کوردستان …. ڕێگا ئاسان دەکات بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی گەندەڵ و مافییای ناسیونالیزمی کورد، هاوسەنگی هێز و پۆلاریزە بوونی کۆمەڵگە لە دەوری تێکۆشان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئازاد و یەکسان و سۆشیالست فراهەم دەکات.” و لێرەوە پێیان وایە “ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خۆی پرۆسەی ڕزگاری خەڵکی کوردستانە لە دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کورد نەک قایم کردنی دەسەڵاتی ئەوان”، بۆیە هەموو خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەن “بۆ فشار هێنانی جدی بۆ سەر حـزبە ناسێونالستیەکانی کوردستان بۆ مل دان بە بەرپا کردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان”.
بنەمای ئەسڵی هەڵوێستێکی عەمەلی سیاسی و پاساوێکی فکری سیاسی لەم چەشنەی سەرەوە، لە ستڕاتیژی سیاسی ئەو ڕەوت و حـزبانەدایە کە پێشوەخت ستڕاتیژەکەیان لەسەر “سەربەخۆیی کوردستان” دامەزراوە، نەک لەسەر بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمۆنیزم لە کوردستان و کردنی بە پایەگای شۆڕشێکی کۆمۆنیستی لە عێڕاقدا.

من لە باسێکدا لەژێر ناونیشانی “ئەناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان”، هەڵساوم بە ڕەخنە گرتن لە “ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان وەک ڕێگەخۆشکەری خەبات بۆ سۆشیالیزم”، بۆیە لێرەدا ناچمەسەری، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم پڕۆژە سیاسیەی باڵی ڕاست و کۆنەپەرستی ناسیونالیستی کورد جارێکی تر بووە دەرخەری ناوەڕۆکی ئەو بەشە لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کە چۆن خۆیان وەک گروپی فشار لەلای چەپی هەمان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیەوە دەبیننەوە. تەواوی ئەو پاساوە فکری و سیاسیانەی سەرەوە و هەڵوێستێکی عەمەلی ئاوا، ماناکەی ڕۆشنە کە جێگەگرتنە لەلای چەپی بزوتنەوەی ناسیونالیستی لە کوردستاندا.

b. هەڵوێستی دووەم کە لەسەر هەمان شیکاری و لێکدانەوەکانی سەرەوە بۆ ڕێڕەوەکانی هاتنەئارای ئەم پڕۆژەی ڕیفڕاندۆمە و ڕیسواکاری حـزبە ناسیونالیستەکانی کورد، پێدادەگرێت لەسەر پوچەڵی ئەم پڕۆژەیە و ڕۆڵی کۆنەپەرستانەی بەدەست حـزبە ناسیونالیستەکانەوە بەتایبەتیش “پارتی” لە هەڵفریواندنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ کپ کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانیان و بۆ سەرکوتی دەنگی ئازادیخواز و هەر بەرەنگاریەک دژی ملهوڕیەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا. وە لەبری ئەوەی بیەوێت ببێتە گروپێکی فشار و لەلای چەپی هەمان پڕۆژەوە بوەستێت، دەیەوێت ئەم بۆنەیە بکاتە هەلێک بۆ هەرچی بەرچاوڕۆشنی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکێش و ئازادیخوازان و ڕێکخراوبونێکی هەرچی زیاتریان بەدژی ئەم دەسەڵاتە و پەرەدارکردنی ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی. ئەمە هەڵوێستێکی دروستی مارکسیستیە تا ئەوکاتەی کە ئەم پڕۆژەیە دێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە وەک هەر تاکتیکێکی تر بەپێی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی ئەم مەسەلەیەی تیا بەڕێوە دەچێت هەڵوێستە تاکتیکیەکە دیاری دەکرێت، ئایە بایکۆت دەکرێت یان بەشداری، ئایە دەنگ بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان دەدرێت یان نا؟
c. جیاوازی ئەم دوو هەڵوێستە تاکتیکیە. لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی دوو خەتی ستڕاتیژی جیا لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا، کە لەم مەیدانە دیاریکراوەدا بەم شێوەیە خۆیان دەخەنەڕوو.

5. خاڵی کۆتایی. ئەوە بڵێم “مافی بڕیاردان” لەسەر چارەنوس و جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەبەخۆ، مافێکی حـاشا هەڵنەگر و بەڵگەنەویستە لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، وە ئەوە هەڵەیە کە چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو ڕۆڵەی ئەم پڕۆژەی ڕیفڕاندۆمە لەم چرکە ساتەدا هەیەتی بەدەستی حـزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کوردەوە، پێشوەخت بکەونە دژایەتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمەکە، هەروەک پێچەوانەکەشی نادروستە کە پێشوەخت خۆی کردوە بە لایەنگر و وەک گروپی فشار لەلای چەپیەوە وەستاوە. مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە چۆن ستڕاتیژی تێکشکانی دەسەڵاتی حـزبە ناسیونالیستەکان و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیزمەوە لەڕێگەی ڕێکخستن و ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکێش و ئازادیخوازەوە، لەم مەسەلە موشەخخەسەدا ڕەنگ پێدەدەیتەوە.

25-05-2017
nadr1506@yahoo.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish