Skip to Content

عەزیز محمەد لە نێوان وابەستەیی و خۆگونجاندندا … شاخەوان شۆڕش

عەزیز محمەد لە نێوان وابەستەیی و خۆگونجاندندا … شاخەوان شۆڕش

Closed
by حوزه‌یران 1, 2017 General, Opinion

گومان لەوەدا نییە عەزیز محەمەد خاوەنی خەباتێکی ڕامیاری دوورودرێژە، کەسایەتیەکی سادە و خاکی و خەڵک دۆست بوو، لەناوبژیوانی و هەوڵی ئاشتەواییدا شوێنی دیاربووە و لەگەڵ ڕێکەوتن و چارەسەر لەرێگەی دایەلۆگەوە بوو. ئەو تایبەتمەندیانە تایبەتمەندی ئەرێنین و لایەنی درەوشاوەی سەرکردەی کۆچکردوو عەزیز محەمەدن.

لەلایەکیتر کەلتوری پێداهەڵدان و بەرزکردنەوەی رۆژهەڵاتی، جگەلەوەی چاوپۆشینە لەلایەنە نەرێنیەکان، ئاراستەیەکی لایەنگرانەی سوپگێکتیڤانەیە کە لارە بەلای درێژەی نائومێدی و داماویەکان. سەبارەت بەو جۆرە کەسایەتیانە ناچارین پەنجە لەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان دابنێین، بۆ ئەوەی بتواندرێ سوود لە هەلسان و کەوتنەکان وەربگیرێت.

عەزیز محەمەد بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆکی حزبی شوعی بوو، لە مێژووی رامیاری خۆیدا هەلسان و دابەزینی زۆری تۆمارکردووە. ئەو ئەگەرچی سەرکردەیەکی ئێراقی بوو بەڵام پەیوەندی راستەوخۆی بە باشوری کوردستان و مێژووی خەباتی رامیاری باشوری کوردستانەوە هەیە. هەروەکو نزیکەی ٦٠ ساڵە باشوری کوردستان لە قەیرانی رامیاری ناوخۆدا خۆی دەخواتەوە و بەدەستی کۆمەڵێ سەرکردە و پارتی ناسەرکەوتووەوە گیرۆدە بووە، عەزیز محەمەد وەکو سەرۆکی پارتێکی دیاری ئەو ماوەیە، لەو قەیرانە بێبەری نییە.

خەباتی چەپ لە کوردستان و ئێراقدا لە سەرهەلدانیەوە و تاکو کۆتایی هەشتاکان وابەستەی تێگەیشتنێکی رۆژهەڵاتی تەسکبین و بەتایبەتی سۆڤیەت بوو. خەباتێک کە ئامادەی قوربانی کۆمەڵگە بۆ ئایدۆلۆژیای نازانستی و وشکی تووندڕەو بوو. چەپەکانی ڕۆژئاوا زوو دەرکیان بەو وشکی و گیرۆدەییەی لێکدانەوەی وشەیی مارکسیسزم کرد، بۆیە هەوڵیاندا رەوتەکە بەرەو ئاراستەیەکی ریالیستانەی گونجاو ببەن، ئاراستەیەک کە بتوانێ لەگەڵ داخوازیەکانی کۆمەڵگە و چینی ستەمدیدە بگونجێت، وە بەدیهێنانی ریالیستانە بێت. بۆنمونە ئەو هەوڵانەی رۆزا لوکسمبۆرگ، کۆرچ، گرامسی یا شارەزایانی خوێندگەی فرانکفۆرت لە دوای بیستەکاندا دایان.

عەزیز محەمەد لە ٦٤ ـەوە تاکو ٩٣ سکرتێری حزبی شوعی بوو، جگە لەملکەچی بۆ سۆڤیەتی براگەورە چیتری تۆمار نەکرد. کەلێنی گەورەی بوونی چەپ لە کوردستاندا پشکی دیاری بەرپرسیاریەکەی لەئەستۆی حزبی شوعی دایە، هەروەکو خۆی بە پێشڕەوی پارتە چەپەکان دەناساند. شکستێکی گەورەیە دوای ٧٠ ساڵ خەبات، بوونی چەپ لە مەودایەکی سنورداری ناکاریگەردا رەتناکات و لەکۆبوونەوە بچوکەکان تێناپەرێت. چۆن نان و ئاو بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە پێویستە، هێندەش بوونی پارت و ڕێکخراوی چەپ بۆ بوونی کۆمەلگەیەکی تەندروست پێویستن. دیارە حزبی شوعی رۆڵی خۆی لەمبارەیەوە نەبینی و بەرپرساریشە لەو بارە نالەبار و نابووتیەی کە ئێستا بەرەی چەپی تێکەوتووە.

لەژێر سەرۆکایەتی عەزیز محەمەدا بوو کە حزبی شوعی چووە ناو بەرە لەگەڵ حزبی بەعسدا لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتا و ناوەراستی حەفتاکاندا. ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی خۆکوژانە بوو. جگەلەوەی حزبی شوعی کەوتە سەنگەری دژ بە خەباتی ڕزگاری خەڵکی کوردستان، حزبی بەعس بە بەرنامە زیرەکانە حزبی شوعی لەناوەوە داڕزاند. دوای ئەو کەوتنە حزبی شوعی هەرگیز وەکو پێشوو خۆی نەگرتەوە. دووبارە هەلبژاردنەوەی عەزیز محەمەد لە کۆنگرەی دوای ئەوە و دواتر تەنها ئاماژە بە لاسایی کەلتورێکی کۆنسەرڤەتیوی چەقبەستووی رۆژهەڵاتی دەکەن. ئەگەر سەرکردەیەک کەم یا زۆر پشکی لە نسکۆ و ژێرکەوتنێکدا هەبوو، رەوتی راشیونال و هوشیار جارێکیتر هەڵینابژێرێتەوە. رەتکردنەوەی بەرپرسیاری لەبارێکدا کە مرۆڤ ناتوانێ لە ئاست داخوازی و ئاماجەکاندا بێت، هەستکردنێکی ژیرانەیە و ئازایەتی گەرەکە. بەڵام پەسندکردنی بەرپرسیاری لەگەڵ بوونی فاکتەرە نەرێنیەکان کە ناسەرکەوتوویی رابردوو وێنە دەکەن، پەسندکردنی درێژەدانە بە ناسەرکەوتوویی و مانەوە لەباری پەنگخواردووی پێشوودا لەلایەن کەسەکەوە.

کەلتوری رامیاری دوورەپەرێزی و خۆگونجاندن کاریگەری دیاری بەسەر عەزیز محەمەد و حزبی شوعیەوە هەبووە. دیارە رەوتی خۆ گونجاندن و خۆلادان لەبەرورووبوونەوەی نارەواییەکان، چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ناکەن، بەڵکو پەسندکردنی کێشە و قەیرانەکانە و خۆڕاهێنانە لەگەڵ بارودۆخ و هاوکێشەیەک کە نارەوایی سەپاندوویانە. ٢٦ ساڵە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان لەلایەن دوو بەرە و بنەماڵەوە ناڕەواییان لەبەرامبەردا دەکرێت لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حزبی چەکدارەوە گەندەڵی، تاوان و ناپاکی کۆمەڵگەیان ئیفلیج کردووە، بەڵام ئەو لەو ماوەیەدا وەکو کەسایەتیەکی دیار، بیهەڵوێست مایەوە و دەنگی دژی ئەو ناڕەواییە هەڵنەبڕی. ئەو هەوڵیداوە رەچاوی بەرژەوەندیەکانیان بکات، هەروەکو لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات کراوە. پێشینان دەڵێن بێدەنگی نیشانەی رەزامەندییە، ئەو پەندە راستی تێدا هەیە. ئەگەر ئەو وزە و توانای ململانێی نەبوو و بەساڵدا چووبوو، دەیتوانی لانی کەم مەدالیای بارزانی رەتکاتەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، دەکرێ بەخشینی مەدالیا پرسیار دروستکەن و جێگەی رەخنەبن. چونکە زۆر لە مەدالیاکان نەک هەر ناتوانن راستیەکان بپێکن، بەڵکو راستیەکان لە بەرگی بەرژەوەندییە بارگاوی و رەنگاویەکان دەئاخنن و مارکوشتەی دەکەن. هەروەکو بوونی مەدالیای زۆر لە شێوەی مەدالیای سۆڤیەتی، بارزانی یا بلە و زۆر جۆری دیکە رەزامەندی لایەن و دیدێکی رامیارییە لە ئاکار و کرداری ئەو کەسەی خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.

1-6-2017

Previous
Next
Kurdish