Skip to Content

بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی …. کامیار سابیر

بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی …. کامیار سابیر

Closed
by حوزه‌یران 6, 2017 General, Opinion, Slider

لە ئەرشیفی دەنگەکانەوە ….


بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی
پارێزگای هەڵەبجە، وەکو پارادایمێکی خۆخۆر!
ئەم وتارە، دووبەشە. هەردوو بەشە بەسەریەکەوە دانراون. ( ئەم وتارە سێ ساڵ و نیو لەمەوبەر نووسراوە، لەبەر پێوەندیی بە پرسە سیاسییەکانی رۆژەوە، جارێکی تر، بڵاوی دەکەمەوە)
جەنیوەری ٢٠١٤
کامیار سابیر
…….

{ پێشەکیی، ئەم باسە، لەم کاتەدا بڵاو دەکەمەوە، بە پێچەوانەی ئیشتیهای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئەم حیزب و ئەو رێکخراو ، لەناو فەوضایەکی سیاسیی و کولتوورییدا، کە پێدەچێ، کورد، هیچ کاتێک،ئەوەندەی ئێستا، لە مێژووی کۆن و نوێدا، دروشمی کۆنترادیکت( تەناقوض و موفارەقە)، بەتاڵ و خاڵیی لە فیکر، سیاسەت و جیهانبینیی، بەرزنەکردبێتەوە. }

کانتۆن، بە سادەیی و خاکیی، بە واتای دابەشکردنی کارگێڕیی وڵاتێک( country)، هەرێمێک، ناوچەیەک یان دەوڵەتێک ( State) دێت. نموونەی زۆر لە دونیادا هەن، باشترینیان، وڵاتی سویسرا و ئوسترالیان، بەکردەوە، هەرێمەکانیان، یان حکومەتە لۆکاڵییەکانیان، نیمچە سەربەخۆییەکیان هەیە. کانتۆن، یان حکومەتی لۆکاڵیی، یەکێکە لەو چارەسەرە سیاسیی و دیپلۆماسییانەی لەئاستی نێونەتەوەییدا، گرینگییەکی زۆری هەیە.
بەنرخترین بەهای بەکانتۆنکردن(Cantonisation )، یان ئەوەی لە زمانی سیاسییدا دیسێنترەڵایز( لامەرکەزییەت)ی لاسەنگیی asymmetrical decentralisation، یاخود تەخشانکردنی diffusion دەسەڵاتی پێدەگوترێ، دامرکاندنەوەی توڕەیی و بەردانەوەی ئەوە پەنگخواردنەوەیەیە لە لایەن زۆرینەی تاک و گرووپەکانی ئەو جڤاک و دەڤەرەوە لە دژی ناعەدالەتیی (کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی..تاد)، بوونی هەیە. بۆئەوەی ئازادانەتر، لەڕووی سیاسیی و تا ڕادەیەکیش لەڕووی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆیان و حکومەتە لۆکاڵییەکانی تر و حکومەتی سێنتەر(ناوەند) و ناوچەکەشدا بکەن. بەم هۆکارانە، لەهەوڵی بەکانتۆنکردنی ناوچەکەیان، یان شارەکەیاندا دەبن.

باسی بەکانتۆنکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت شاری کەرکوک کە هێشتا حکومەتی عێراقیی ( بەغداد) بەهاوکاریی حکومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبەن، لای هەندێ ناسیۆنالیستی بێسەوادی کورد و حیزبی خۆبەنەتەوەییزان، باسێکی “تابوو”ە. باسکردنی ئەوەی کەرکوک بکرێ بە کانتۆنێکی سەربەخۆ و حکومەتێکی لۆکاڵیی، جودا لە هەژموونی ئیداریی و تا رادەیەکیش سیاسیی، حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێم، یان ئەوەی پێیدەگوترێ،هەرێمێکی سەربەخۆ، دابمەزررێنی، لەناو هەندێ نەتەوەیی کورددا، لەناو هەندێ حیزبدا، بەتایبەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان( بەدەر لە شیعاری پووچی ناسیۆنالیستیی و دزیینی نەوتەکەی بەشەریکیی لەگەڵ یەکێتییدا، هیچی بۆ کەرکوک نەکردووە) وەکو خیانەتی نەتەوەیی، خاکفرۆشتن، پارچەپارچەکردنی کوردستان و لاوازبوونی دەنگی کورد….دەیان ریتۆریکی رۆمانسیی تر، دەخوێنرێتەوە.

وێڕای ئەوەی پارتیی، خۆی چەند بەشدارییەکی نێگەتیڤییانەی لەدابەشبوونی جیۆگرافیای هەرێمی کوردستان و دابڕانی دهۆک لە شارەکانی تری هەرێم هەیە. هاوکات چەندیش فاکتەرێکی زۆر نێگەتیڤە لەسەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد و دابەشبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق کە تا ئەم ساتەش، دوو ئیدارەیی، دیفاکتۆیەکی سیاسیی و جیۆگرافیی و تەنانەت ئابوورییشە. وێڕای رۆڵی نێگەتیڤانەی پارتیی، لەسەر خەباتی رزگارییخوازانەی کورد، لە پارچەکانی تری کوردستاندا کە ژانی ئەم دەردە، لەپشتی کوردەکانی کوردستانی تورکیە و سوریەدا، زۆر کاریگەرە، کەچیی هێشتا، ئەمجۆرە بازرگانییە بە ناسیۆنالیزمێکی بەتاڵ و کەسیفەوە، هەر درێژەی هەیە و بایی خۆیشی گوێگر و بلوێرژەنیشی هەیە!

لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتی عێراقدا، یەک دەوڵەتی سیادیی هەیە کە ناوی عێراقە. سیستەمی سیاسیی و کارگێڕیی تا رادەیەک لە Dual-State دەوڵەتی دووانیی دەچێت. جیاوازییەکە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان سەر بە دەوڵەتی عێراقە، بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵییدا. ئەو نیمچە سەربەخۆییەی هەرێمیش، دەکرێ بە territorial autonomy واتە بە ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی یان هەرێمیی ناو ببرێت. لە روانگەی ماکس وێبەر- یان ڤێبەر( Max Weber) ەوە، ” دەوڵەت، مۆنۆپۆلی ئەو شەرعیەتە دەکات، کە هێزی فیزیکیی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بەکاربهێنێت.”

وەکو دیفاکتۆ، هێزەکانی دەوڵەتی عێراق، توانای جێبەجێکردنی ئەم مۆنۆپۆلییەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە ئێستادا نییە، ئەگەر بە پرس و راوێژ بە حکومەتی هەرێم( پارتیی و یەکێتیی) نەبێت، توانای جوڵاندنی سەربازێکیان بۆ هەرێم نییە. دووبارە ، وەکو دیفاکتۆ، نە پارتیی و نەیەکێتیی، توانای قەڵەمڕەویی و شەرعییەتی هێزیان لە ناوچەکانی لایەنی بەرامبەردا نییە. کەواتە بەکردەوە، دوو هەرێمی( ئەگەر سیان نەبێت) سیاسیی و جیۆگرافیی لە عێراقدا هەن، دوو هەرێمۆکەش لە کوردستاندا هەن، ئەوە وێڕای ئەوەی حکومەتی دهۆک، بە زمانی سەربەخۆی خۆیەوە، زمانێکی جیاوازتری هەیە لە ئەو زمانی نووسین، پەروەردە و کارگێڕیییەی لە هەولێر هەیە. هەروەکو جیاوازیشە، لە ئەو زمانە کوردییە رەسمییەی لە دامودەسگاکانی دەوڵەتی عێراقدا هەیە. بەکردەوە، لە ئێستادا سێ کارگێڕیی، سێ حکومەتی ترشێندراو بەسەریەکدا، لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

بەکانتۆنکردنی شارێک، یان دەڤەرێک، یاخود ئەوەی لە کوردییدا باوە و بە هەرێم ناوی رۆیشتووە، کۆمەڵێ گرفتی سیاسیی، قانونیی، ئابووریی، کولتووریی وکۆمەڵایەتیی، بەربینی دەگرن و رێگریی hindered لێدەکەن. بەشێکی زۆر لەشییکەرەوە سیاسییەکان، چەند رارەوێکی سیاسیی و قانونیی، بۆ بناغە داڕشتنی هەرێمێکی سیاسیی و ئیداریی دادەنێن، گرینگترینیان ئەمانەن:-

1. ستاندەردبوون و جێکەوتبوونی لە ئاستی نێوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا.
2. بنیاتنانی دەوڵەت state-building، یان حکومەتێکی خۆجێیی.
3. بە دێمۆکراسییکردن یان گواستنەوە لە قۆناغی ئیستیبدادەوە بۆ شەرعییەتی دێمۆکراسیی.
4. دیکۆڵۆنایزی decolonisation هەلومەرجە سیاسیی، ئیداریی و ئابوورییەکە.
لێرەدا قسە لەسەر هەرێمی سیاسیی نییە، ئەوەندەی قسە لەسەر هەرێمێکی ئیدارییە، بە بودجەیەکی سەربەخۆ و کارگێڕییەکی سەربەخۆوە. واتە هەرێمێکی سیاسیی، خاوەن سەروەریی تەواو دروست ناکەین، تا باس لە بنیاتنانی دەوڵەت بکەین، بەڵکو باسی دیکۆڵۆنایزی سیستەمی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم دەکەین. ئەم هەرێمە کە تا هەنووکە شێخ، عەشیرەت، حیزب، بنەماڵە، مام، برازا، باوک و کوڕ، هەروەها کۆمەڵێ لۆردی سیاسیی نەوت، کە ناسیۆنالیزمی نەوتیان وەکو بەیداخی نەتەوەییبوون هەڵگرتووە، بەرێوەی دەبەن و زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش، وەکو رەعیەت، لەلایەن ئەم ئەربابە سیاسییانەوە، سەیر دەکرێن.

دەستوری عێراق، لەسەر دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەسەر دروستبوونی هەرێم و پارێزگای تر، تورت نییە و زۆر لاستیکییە. بەکەڵکوەرگرتن لەم لاستیکییبوونە، دەکرێ پرۆژەی دیسێنترەڵایزی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەجێندایەکی نیشتمانیی، عەدالەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەکاربهێنرێت. دیسێنترەڵایزی حکومەتی هەرێم( حکومەتی پارتییە زیاتر)، هەڵوەشاندنەوەی عەقڵیەتی خێڵ، ناوچەگەرایی و کوێخازادەیی، چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە کە پێوێستە، رێگە بۆ نەوەی نوێ، بۆ خوێنی نوێ، چۆڵ بکەن و مل بە دێمۆکراسیی و هەڵبژاردنی بێ ساختە، هەروەها بۆ بڕیاری نیشتمانیی و کۆلێکتیڤ ( دەستەجەمعیی)بدەن.

لە باسە سیاسیی و کولتوورییەکاندا، هەمیشە نموونەی دیفاکتۆ، رۆڵی بەرچاویان لە بڕاندنەوەی ئارگیومێنتەکاندا هەیە. ریتۆریک، موجامەلات و فانتەسییە( فەنتازیا) سیاسییەکان، بە پارادیم و نموونەی سەر ئەرضی واقیع نیشان دەدرێن. بۆ ئەم مەبەستە، ئەم باسە، چەند کەیسێکی جیهانیی، بەنموونە دەهێنێتەوە.
کەیسی دیسێنترەڵایزی حکومەت لە ئوسترالیا
حکومەتی فێدراڵی ئوسترالیا، لەشەش دەوڵەتی لۆکاڵیی و دە(١٠) دەڤەر territories پێك دێت. دووان لەم دەڤەرانە دەکەونە ناو خاکی سەرەکیی( گەورەترین دوورگەی وشکانیی ئوسترالیا، واتە لە وشکانییدان) ەوە، هەشت دەڤەریشیان دەکەونە دوورگە بچووکەکانی دەوروبەری ئوسترالیاوە( لەناو ئاودان). پارلەمان و حکومەتی فیدراڵ، دەکەونە یەکێک لە دەڤەرەکانی ناو خاکی ئوسترالیاوە و بە پایتەختی سیاسیی( کانبێرا) دەناسرێ. هەر قانونێکی دەوڵەتە لۆکاڵییەکان، لەگەڵ قانونی فیدراڵییدا بەریەکبکەون، قانونی فیدراڵیی، باڵادەست دەبێ.
سیستەمی سیاسیی، قانونیی و کۆمەڵایەتیی ئوسترالیا، لەسایەی حکومەتە خۆجێیەکان و حکومەتی فیدراڵدا، زۆر بە جوانیی و گونجاویی بەڕێوە دەڕوات. حکومەتە لۆکاڵییەکان، زۆرینەی رەهای ئابووریی و تەواوی کاروباری ئیداریی بەڕێوە دەبەن. پێوەندیی ئابووریی و پرۆتۆکۆلیی تەنانەت سیاسییش لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سەروەرییدا دەبەستن، بێئەوەی نیمچەسەربەخۆیی هەر حکومەتێکی لۆکاڵیی، کار لە ئەجێندای نیشتمانیی تاکی ئوسترالیی و وەلائی خەڵکی شوێنە جیاوازەکانی ئوسترالیا بکات.

پێشبڕکێی شارەکان، خۆشگوزەرانیی، هەلی کار پەیداکردن و گەرموگوڕیی بازاڕی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە بەردەوام، دوو گەورە شاری، سیدنی و مێڵبن ( Melbourne مێڵبۆرن)، شەڕەقۆچی ئەوەیانە کامیان لەپێشتر بن، ئێستا شارەکانی بریزبن و پێرسیش( Brisbane and Perth) وەکو دوو شاری گەورەی تر، هەمان رێچەکەی پێشبڕکێیان گرتووە. حکومەتەکانیش ( لۆکاڵیی و فیدراڵ) بەردەوام بەدەست دوو حیزبەوەن( کرێکاران و لیبراڵ)، بەڵام مونافەسەکەیان لەسەر خزمەتگوزاریی و ئیدارەدانی ئابوورییە نەک ئەجێندای حیزبیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەیی و…تاد.

کەیسی حکومەتی سویسرا

حکومەتی سویسرا، وڵاتێکە، چوار زمانی ئاڵمانیی، فڕانسیی، ئیتاڵیی و رۆمانشیی( لە رۆمانیی جودایە) تێدایە، لەیەککاتدا، هەرچواریان زمانی رەسمیین و زمانی نیشتمانیین( دیارە وەکو هەولێر و دهۆک، دوو دایەلێکتی یەک زمان نیین، تا حیزبێکی ناوچەیی و طائیفیی، بەرەو دوو زمانی سەربەخۆیان بڕەتێنێ، بەڵکو هەموویان، زمانی ئێثنیکی جیاوازن). سویسرا، لە ٢٦ کانتۆن پێکهاتووە، پێشتر بەتەواویی سەربەخۆ بوونە ( fully sovereign ) تا پێکهێنانی سویسرای فیدراڵ لە ١٨٤٨ دا. بەمدواییانە لەساڵی ١٩٧٩ دا کانتۆنی ژورا( جورا Jura )، لە کانتۆنی بێرن جودابووەوە. ئەم کانتۆنە سەربەخۆیانەی (لەڕووی سەروەریی سیاسییەوە، نا) وڵاتی سویسرا، بوونە بەهۆی خۆشگوزەرانیی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی. بەهۆی ئیدارەی سەرکەوتووی ئەم کانتۆنانەوەیە، سویسرا بووە بە یەکێک لە باشترین و خۆشترین وڵاتەکانی دونیا کە داهاتی تاک تێیدا بەراورد بە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر بەرزترە.

کەیسی دیسێنتترەڵایزی چاینە( چین)

گەورەترین وڵاتی جیهان، لە زۆریی دانیشتوواندا، وێڕای ئەوەی سیستەمە سیاسییەکەی یەک حیزبییە و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی ماویی ئیدارەی سیاسیی دەدات، وڵاتێک کە سەری هاروماری تێدایە، بەسەر ٢٢ هەرێمی جودادا دابەشکراوە. جیا لە پێنج ناوچەی ئۆتۆنۆمیی و چوار شارەوانیی گەورەی وەکو بەیجین( پەکین)، شەنگهای، تیانجین و چۆنگکینگ کە راستەوخۆ لە ناوەندەوە کۆنترۆڵکراون. لەهەمووی گونجاوتر بۆ بەراوردکردن بە بارودۆخی سیاسیی هەنووکەی هەرێمی کوردستان، بوونی دوو حکومەتی نیمچە سەربەخۆیە لە وڵاتی چین، ئەوانیش ماکاو Macau و هۆنگ کۆنگن. تەنانەت، دۆخێکی ناوازەی تری هەیە کە تایوانە و چاینە بە بەشێک لە خۆی دەزانێ و قانونی نێودەوڵەتیی، یوئێن و وڵاتانی رۆژئاواش، کەوانەکەیان بەکراوەیی هێشتووەتەوە.

ئەو گەشە ئابوورییەی وڵاتی چینی( چاینە) گرتووەتەوە، بەتایبەتیی لە دوو دەیەی رابردوودا، بەرهەمی عەقڵییەتی دێسێنترەڵایز و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە، بۆ ئەوەی برەو بە چالاکیی ژیاریی، ئابووریی، خزمەتگوزارییەکان، گەشەکردن و هەناردەی زیاتر بدەن. ئەو پێشبڕکێ گەورەیەی لەنێوان بەیجین و شەنگهایدایە، خزمەتی نەک هەر بە وڵاتی چاینە کردووە، بەڵکو قازانجی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە( ئاسیا) و تەنانەت جیهانیش هەیە. ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەوڵاتانی جیهان، تەنانەت ئابووریی ئەمێریکاش، راستەوخۆ، پێوەندیی بەگەشەی ئابووریی چاینەوە هەیە. سەرەڕای ئەم نموونانە، ویلایەتە جیاوازەکانی دەوڵەتی ئەمێریکاشمان هەیە، کە حکومەتی لۆکاڵیی، “نیمچە سەربەخۆ”یان هەیە و هەموویان پێکەوە دەوڵەتێکی بەهێزی وەکو ئەمێریکا پێکدەهێنن.

ناسۆریی هەولێر و هەولێرییەکان

شاری هەولێر، وێڕای مێژوویەکی درێژی کولتووریی و سیاسیی، قورساییەکی جەماوەریی و جیۆگرافیشی، بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە. زۆرینەی خەڵکی ئەم شارە، لە دوایین هەڵبژاردندا، وێڕای دونیایەک ساختەکاریی، دەسەڵاتیان بە گشتیی و پارتییان بەتایبەتیی رەتکردەوە. زۆر بۆچوون هەیە، پێیانوایە، لەئەگەری بەهەرێمبوونی سلێمانییدا، شاری هەولێر دەکەوێتە گەرووی پارتییەوە و بە ئاسانیی قووتی دەدات. راستە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، کاتێک پارتیی و بەعث(بەعس) پێکەوە ئەمشارەیان داگیرکرد، لەوساوە ئازادیی، بە کردەوە بوونی نییە. دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریانی سیاسیی، ئیستیبدادێکی حیزبیی، هەژموون و حوکمی بنەماڵەیەک و کۆمپانیاکانیان، بەتەواویی هەموو کون قوژبنێکی ئەم شارەی تەنیوەتەوە. هەولێر، پێشکەوتووە لە رووی ئاپارتمانی نوێ، بیناسازیی و هاوردەکردنی کاڵاکانی بازاڕی جیهانییەوە، بەڵام هەولێر لەلایەن دەسەڵاتەوە بە بەردەوامیی تەخدیر دەکرێ، ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییش لەم شارەدا، لە لووتکەدایە.

ئەوەی بەعث لەگەڵ بەغدادا دەیکرد، پارتییش هەمان شت، لەگەڵ هەولێردا، دەکات. بەعث، سوننە مەذهەبەکان، لایەنگرانی خۆی لە بەعثییەکان، لەشارە سوننەنشینەکانەوە هاندەدا بۆ ئەوەی لە بەغداد نیشتەجێبن. یەک لەسەر سێی تکریت و ناوچە دەشتاوییەکانی عۆجەی بۆ بەغداد برد، بۆ ئەوەی باڵانسی طائیفیی، سیاسیی و جەماوەریی بەغداد رابگرن. لەبەرامبەریشدا شیعەی دەنارد بۆ ناوچە سونییەکان بۆ ئەوەی تێکەڵ ببن ، یان دەیناردن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکاندا، لە شەنگارەوە بۆ خانەقین و بەتایبەتییش بۆ کەرکوکی دەناردن.

پارتییش، بەشێکی زۆری لە پارتییەکانی گەرمیان، سلێمانیی، ناوچەکانی کەرکوک و بادینانی هێناوە بۆ هەولێر و ئیستیطانیان دەکات و دێمۆگرافیای شاری هەولێر بەڕادەیەک گۆڕاوە کە رێژەی هەولێرییەکان لەشاری هەولێردا زۆر کەمبوونەتەوە، بەراورد بە هێنراوەکان لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمەوە. وێڕای ئەوەی زۆرینەی ئەو کوردانەی کە بە لایەنگرانی پارتیی ناسراون، لە مەعاشخۆرەکان و رانتخۆرەکانی پارچەکانی تر، زۆربەیانی لە هەولێر نیشتەجێکردووە و وەکو حیزب، نەک وەکو حکومەت و کاری قانونیی، ناسنامەی عێڕاقیی بۆ دەرکردوون و لە هەڵبژاردندا وەکو “پرۆکسی”ی بەکاریان دەهێنێت. راستە لەسەردەمی گڵۆباڵیزەیشندا، زۆرینەی ئایین، نەتەوە، ئێثنیک و پێست جیاوازەکان لەشارەکاندا تێکەڵ دەبن، بەڵام ئەم تیکەڵبوونەی خەڵک لە هەولێر نا ئاساییەو بە ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی، حیزبیی و بنەماڵەییەوە دەکرێ.

ساڵی ١٩٩٧ رۆدریک ڵۆنگ(Roderick T. Long)، هاوکار لە(Free Nation Foundation ) هەندێ نووسینی لەسەر ئازادیی و بەنەتەوەبوونی گەلان بڵاوکردەوە. لە فەضیڵەتێکی عەدالەتییدا، پێیوایە، مرۆڤ بۆیە بییر لە دروستکردن، بەڕێوەبردنی کانتۆن، هەرێم و ناوچەیەک دەکاتەوە، چونکە بییر لە رەچەتەی مافەکان دەکاتەوە. رەچەتەی مافەکانی خەڵکی سلێمانیی لە هەمبەر مافەکانی خەڵکی بادیناندا، بەتایبەتیی لەرووی گرینگییپێدانی ئابوورییەوە، زۆر جیاوازە و ناعەدالەتییەکی زۆری تێدایە. ئەمە بەوە ناکرێ، بگوترێ دەسەڵاتی یەکێتیی و ئەوانەی شاریان بەڕێوە بردووە، سلێمانییان لەم ئاستەدا راگرتووە، بەڵکو بەوە دەکرێ، ئەم جیاوازییە سیاسیی، طائیفیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەییە بۆچی بەمشوێنە گەیشتووە؟ ئەوە دەزانین کە یەکێتیی جگە لە مەئمورێکی پارتیی، هەیبەتی حیزبیشی بە خۆیەوە نەهێشتووە، هەروەها ئەوەش دەزانین، پارێزگاری سلێمانیی جاران، نزیکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئەمە لە قەبارە و هێز و توانای پارێزگاردا نییە. جیاوازییەکان و ناعەدالەتییەکان ئەوەندە زۆرن، گەندەڵییەکانی پارێزگار و کاربەدەستانی لۆکاڵیی دەشارێتەوە.


هەرێمی سلێمانیی و پارێزگای هەڵەبجە: ئاییندەی کوردستان

!
گەشەی درێژخایەن sustainable development
دیسێنترەڵایزەیشن( لامەرکەزییەت) بە چەندین فۆرمی جیاواز دێت، گرینگترینیان جەختنەکردنەوە لە تەرتەووەرتەکردنی چەق( مەرکەز) یان برەودان بە لامەرکەرزییەتە. لێرەدا، مەبەست لە چەق، دابەشکردنی دەسەڵات، ئیدارە و ئابووریی و خزمەتگوزاریی…تاد دەگرێتەوە. گەورەترین مانیفێستی بەهێزکردنی حکومەتێکی ئۆتۆنۆمیی یان لۆکاڵیی، ئەوەیە کە سیستەمێکی ژیاریی vibrant بۆ دانیشتووانی ئەو شار و ناوچەیە، دەستەبەر بکات. گرینگترین کارنامەیش، دیسێنترەڵایزی داراییە ( Fiscal). مۆنۆپۆلی داهات، پارە و دارایی، لەدەست یەک دوو حیزبدا، بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ، جگە لە گەندەڵیی، هیچیتری بەرهەرم نەهێناوە. ئەوەی پێیشێوابێت، چاکسازیی دەکرێ، لە دنیایەکی زۆر وەهمدا ماخۆلان دەکات. رۆژێک زووتر مەرکەزییەتی دارایی لەهەرێمی کوردستاندا، هەڵبتەکێنرێت، قازانجی زۆرتری بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستانی عێراق( بەکەرکوکیشەوە) دەبێت.

لایەنە نێگەتیڤەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زەویی، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، جیاوازیی رێژەی هەژاریی و دەوڵەمەندیی، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، دابەشکردنی داهات و بودجە بە شێوەیەکی زۆر ناعادیلانە، لەلایەن پارتیی و یەکێتییەوە، بەسەر ناوچەکاندا، فەضڵدانی مەملەکەتی پارتیی بەسەر مەملەکەتی سەوز و مۆردا، ئینتیمای پیاوە سیاسییەکان بۆ شارەکەی خۆیان و ناوچەکەی خۆیان، لەسەر حیسابی وەلائی نیشتمانیی، کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی رەهای ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن چەند نەفەرێکی باڵادەستی حیزبیی، ناوچەیی و طائیفییەوە…تاد. هەموو ئەوانە و زۆری تر، ئەگەر چاودێریی توندیان بەسەرەوە نەبێ، ئەگەر پارلەمانێکی نیشتمانیی( نەک حیزبیی) لێیان نەپرسێتەوە، گرووپێکی بچووک، طائیفەیەکی بچووک، لەسەر حیسابی گشتیی، لەسەر حیسابی گەلی کورد، دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبن. ئاکامی ئەمەش، ئەوەیە کە حیزبێک یان دوو حیزب، لەسەر حیسابی نەتەوەیەک، دەیان بیلیۆن دۆلار پێکەوە دەنێت و ئەم سامانەش، هەر لە بەرزبوونەوەدایە.

هەموو ئەمانە، ئەوەمان پێدەڵێن، ئارگیومێنتی گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەت دەبێتە سەرئێشەیەکی بەردەوام، ئەمەش دەردێکی کارییە بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و هەمیشەش ناعەدالەتیی و هەژاریی خەڵک، تەشەنە دەکات. ئەم مەرکەزییەتەی دەبێ بڕیارەکان هەمووی بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت، دیارە پایتەخت بریتییە لە یەک حیزب و یەک بنەماڵەی سیاسیی، مۆتیڤی نیشتمانیی نییە، ئەوەندەی مۆتیڤی خێڵ، عەقڵییەتی حیزبیی، سیاسیی و تەنانەت ئایدیۆلۆژیی لە پشتەوەیە. زۆر گرینگە لە حکومەتێکی ناو زلەوە بۆ جڤاکێکی مەزن، بۆ بەدەستهێنانی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان، بییر لە لابردنی “بیرۆکراسیی ئیداریی و حکومەتی مەرکەزیی” بکرێتەوە. ئەم سێنترەڵایزەی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەتیی لە دەستی بنەماڵەیەکدا، قۆرغکردنی “ویستی ئازاد”ی زۆینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتیی و گەنجان و لاوان بە تایبەتیی، هەروەها، گەندەڵیی، دزیی، هەژاریی و بێکاریی لێدەکەوێتەوە. لەم روانگەیەوەیە، دیسێنترەڵایزی هەرێم و بەهەرێمبوونی شارەکان، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی نیشتمانییبوون، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دابەشکردنی داهاتەکان، بەسەر خەڵکی هەرێمدا،بەیەکسانیی، دەخوێنرێتەوە.

دیلیپ موخەرجیی (Dilip Mookherjee ) و پراناپ قومار باردهان (Pranab Bardhan) ، لە زانکۆکانی رۆژئاوا، دوو ئیکۆنۆمیست و شارەزای قاڵی بواری گەشەپێدانن( بە باکگراوند هیندیین). خاوەنی دەیان کتێب، وتاری ژۆرناڵ، توێژینەوە و سێمینارن، لەسەر گەشەی ئابووریی، دیسێنترەڵایزی دەوڵەت، ئۆرگان و دەسەڵاتەکان، شارەزایی فرە مەودا و فرە رەهەندیان هەیە. ئەوان، پێیانوایە، لە چەند دەیەی رابردوودا، چەندین شەپۆلی دیسێنترەڵایز، کون و قوژبنەکانی جیهانی بە گشتیی و وڵاتانی تازە گەشەسەندووی، بەتایبەت گرتووتەوە. بەڕای ئەوان ئەم دیسێنترەڵایزانە، لەئەنجامی پووکانەوەی ئەو پارادایمانە(نموذج)دا هاتنە ئاراوە کە دەسەڵاتە مەرکەزییەکان، رۆڵێ سەرەکییان، لە فیاسکۆکانیاندا( فەشەلە گشتییەکان) هەبوو. ئایا پاش ئەو هەموو فەشەلە سیاسیی و ئابوورییەی حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکان، پاش ئەو هەموو فیاسکۆ سیاسیی و ئابوورییەی لە ئیدارەدانی سێ پارێزگادا، بەدەستیانهێنا، باشتر نییە بییر لە دیسێنترەڵایزی شارەکان بکرێتەوە؟

بێسلەی و کۆتی Besley, T. and Coate، ساڵی ٢٠٠٣، لە ژۆرناڵی Journal of Public Economics, vol. 87(12), pp. 2611–37 ، پێیانوایە، بڕیاردانی مەرکەزیی لەسەر خەرجکردن، بەگەڕخستنی بودجە، وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی، گرفتی زۆری هەیە، هەمیشەش دزیی زۆر گەورەی تێدا دەکرێ و کۆمەڵێ سیاسیی گەندەڵ، سوودمەندی سەرەکیین و زەرەرمەندی سەرەکییش لەم نێوەندەدا، تەنیا هاووڵاتییە. ئەگەر ئەم تێڕوانینەی بێسلەی و کۆتی، بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێکەوت بکەین، ئەوسا لەقەبارەی ئەو هەموو دزیی و گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و جیاوازییە چینایەتییە بێسنوورە، وردتر تێدەگەین کە هاووڵاتیی ئاسایی، لەگەڵ سیاسییەکان و خاوەن کۆمپانیای سیاسییەکاندا هەیانە. قەبارەی دزییەکانی کوڕانی بنەماڵە سیاسییەکان، ئەوەندە زۆرە، ئەگەر نیوەی ئەو پارە و سامانە لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا خەرجبکرایە، هەنووکە، ئاستی بژێویی و خۆشگوزەرانیی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی باشترین وڵاتانی ناوچەکەدا دەبوو.

لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵات بە ئاسۆیی و بە شاقووڵیی، گەندەڵیی دایڕزاندووە. کاتێ دەسەڵات بەم رادەیە گەندەڵ دەبێ، بیرۆکراسیی گەندەڵیی زیاتر چاوی زەق دەکاتەوە. هەڵپەی زیاتر دەکات و حەز بە هەژموونی سێنترەڵایزی دەسەڵاتەکەی زیاتر دەکات. ئەم هەژموونی بێرۆکراسییە گەندەڵییە، لە حکومەتەکەی بارزانیی( باوک و برازا) و مالیکییدا هەیە. مالیکییش وەکو ناسیۆنالیستێکی عێراقیی، زۆر دژی بەهەرێمبوونی بەصرە و شوێنەکانی ترە، هەروەکو چۆن بارزانییش، دژی بەهەرێمبوونی سلێمانیی و کەرکوکە { چونکە پارتیی، دڵنیایە، لە کەرکوکدا، قەبارەی زۆر بچووکە و بە پێی ستاندەردی دێمۆکراسیی( نەک ساختەکاریی)، ئەستەمە کورسییەکیش بباتەوە}.
خەتە سوورەکەی بارزانیی، بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لەلایەکەوە کڕوزانەوەیەکی ناسیۆنالیستییانە بوو، بۆ وێنەکردنی ئەوەی سلێمانیی لەهەرێم دادەبڕێت، لەلایەکی تریشەوە، هەڵپەی هەژموونی دەسەڵاتە بیرۆکراسییە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستانە. هاوکات کڕوزانەوەی بارزانیی بۆ کەرکوک وکەرکوکییەکان لە هەمبەر مالیکیی و دەسەڵاتی مەرکەزییدا( بەغداد)، جگە لە گوتاری بەتاڵی ناسیۆنالیستیی و بازرگانییکردن بەم کارتەوە، شتێکی تر نییە. لە کاتێکدا، بارزانیی و حیزبەکەی، بەکردەوە و لەسەر ئەرضی واقیع، کارێکی ئەوتۆیان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەکردووە و تەنانەت، دژایەتیی بە هەرێمبوونی کەرکوک دەکەن و حەزدەکەن، ئەوەندەی تر داببڕدرێت، تەنیا بۆ ئەوەی رەقیبە سیاسییەکانی، براوە نەبن. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە، لەهەردوو ئەگەری جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا، یان بەهەرێمبوونی کەرکوکدا، لەڕووی قەبارەی جەماوەرییەوە، پارتیی لاوازترین ژمارەی سیاسیی ئەو شارە دەبێت.

گۆڕان و هەرێمی سلێمانیی

پاش ئەوەی ئیشتیهای گۆڕان بۆ چوونە ناو حکومەتەکەی پارتیی، کرایەوە، ئیتر میزاجی زۆربەی ئەو رایەڵ و کەس و ناوەندانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، باسی نیشتمانییبوونی دامودەسگاکان و ئیدارەیەکی نیشتمانییان دەکرد، بێدەنگییان لە پرسە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و غەمی هاووڵاتییان کردووە و تەنیا و تەنیا، غەمی بەشداربوونیانە لە خواردنی کێكی شیرینییەکانی نەوت و هەڵپەی وەرگرتنی چەند وەزیرێکیانە. گۆڕان، لەهەموو حیزب و کەسێک باشتر دەزانن، بەشدارییکردنیان لەم حکومەتەدا، فەشەلێکی سیاسیی گەورەی بەدواوەیە، بەڵام حەزیای بەشدارییکردنەکەیان، بەرچاوی گرتوون و ئەو هەموو فیلمە رەنگاورەنگەی، جاران پیشانی خەڵکیان دەدا، هەنووکە زۆر لەخۆیان دەکەن، بەڕەشوسپییش نایبینین.

ورووژاندنی پرسی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێرە و لەوێ، لە زمانی هەندێ سەرچاوەی نزیک لەگۆڕانەوە کە دواتر خۆیشیان ناکەن بە خاوەنی، تەنیا وەکو کارتێکی گوشار، بەتایبەت لەو کاتانەی تەنگژە دەکەوێتە ناو ئیدارەی سلێمانییەوە، دژ بە پارتییش نا، بەڵکو دژ بە یەکێتیی، دەیخەنە ناو ژاوەژاوی میدیاوە، ئەمەش تەنیا گەمەیەکی سیاسیی پۆغڵە. پاش دەنگۆکان، سەرەنجام، خۆیشیانی لێ نەبان دەکەن، ئەم جۆرە رەدفیعلە سیاسییانە، ئەوەندەی نیفاقێکی سیاسیی، ئەجێندایەکی حیزبیی و بەلەسەبوونی ئایدیۆلۆژییە بۆ بەکارهێنانی خەڵک و ئیرادەی هاووڵاتییان، ئەوەندە پرۆژەیەکی نیشتمانیی و روئیایەکی سیاسیی رۆشن نییە. ناڕۆشنیی گۆڕان و خۆشاردنەوەی لە دیدێکی رۆشن، سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەوەندەی تر، ئەم گومانانەی بە یەقین کرد. هاوکات، نەبوونی تەنانەت درافتێکی سیاسییش بۆ کێشەی ئاڵۆزی کەرکوک، لەلایەن گۆڕانەوە، جگە لە پاشکۆبوونی سیاسەتە شکستخواردووەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی و یەکێتیی، شتێکی نوێیان پێ نییە.

پرۆژەی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، نابێ بکرێ بە قوربانی میزاجی سیاسیی حیزب و چەند سیاسییەکی سلێمانیی و بنەماڵەی بارزانیی. دروستبوونی هەرێمی سلێمانیی، چەند قازانجی ئیداریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بۆ خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەرەکەی هەیە، ئەوەندەش لە ئاستی نیشتمانییدا، قازانجی بۆ شارەکانی تر و سەرجەم دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم هەیە. ئەگەر هەرێمی سلێمانیی جێکەوت ببێ، هەرێمی هەولێریشی بەدوادا دێت. بە هەرێمکردنی شارەکانی کوردستان، ئەوەندەی کورتکردنەوەی دەستی حیزبێکە بەسەر هەموو کوردستاندا، ئەوەندەی دابەشکردنەوەی داهات و سامانی نیشتمانییە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بەلای کەمی یەکسانییەوە، ئەوەندەش بەهێزکردنی وەلائی نیشتمانییە لە ئاستی سیاسییدا، بە پوختیی و بە کورتیی، هەرێمی شارەکان،دەبنە هەوێنی پێکەوەگرێدانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی کۆلێکتیڤ، لەئاستی هەرێمی کوردستاندا، بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریشەوە.

رەوایەتیی و عەدالەتی ئەوە لە کوێدایە، شارۆچکەیەکی وەکو چەمچەماڵ، بەپێی پشکنینە نەوتییەکانی ئەمێریکا، بەئەندازەی شاری کەرکوک، ئەگەر نەوت و غازی تێدا نەبێت، کەمتری تێدا نییە، تەواوی سەروەت، سامان و دارایی خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵ، بەئەندازەی یەک لەسەر صەدی ١% ی سامان و دارایی، کوڕە گەورەکانی خێلە سیاسییەکانی کوردستان نابێت. ئایا ئەم هەموو دزیی و ناعەدالەتییە، تاکەی درێژەی دەبێت و بە ناوی فشەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمی نەوت و ئاڵتوریزمەکەی( پێچەوانەی خۆپەرستیی، دیارە بە گاڵتەجاڕییەوە- Alturism ) پارتییەوە درێژەی دەبێ. هاوکات بەخاتری ئەوەی گۆڕان دەچێتە سەر سفرەی حکومەت و خەڵک چاوەڕێ بکات، ئیتر دووبارە، گەلی کوردستان، لەڕێی کادیرە سیاسیی و رۆشنبیرە ئایدیۆلۆژییەکانی گۆڕان و پارتیی و یەکێتییەوە، بەرەو کەناری دەوڵەتی نەتەوەیی، حەماسی نەتەوەیی و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردیی( جار جاریش دەڵێن، کوردستانیی) دەڕەتێنن؟

لە هەر ئەگەرێکی دروستبوونی هەرێمی سلێمانییدا، ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان، بەشێوەیەکی کاتیی بەشێک دەبن لە هەرێمی سلێمانیی، چونکە چەمچەماڵ، بەشێکی سەرەکیی شاری کەرکوکە و بێ چەمچەماڵ و گەرمیان، کەرکوک ئاوەڕووت دەکرێ و لە هەموو حیساباتێکی سیاسییدا، کورد دۆڕاوی سەرەکیی دەبێت. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ماددەی ١٤٠ دابێت، یان بەهەرێمبوونی کەرکوک، چەمچەماڵ وەکو جیۆگرافیا، دانیشتوان و خاڵێکی ستراتیژیی، بڕبڕەی پشتی شاری کەرکوک دەبێت. هەرچەندە، هەموو ئاماژەکان، بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستاندا، لەپێناوی بەدەستخستنی دەیان بیلیۆن دۆلاری نەوت و غازی هەڕاجکراوی کوردستان بە تورکیا، ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەبەد، دەستبەرداری کەرکوک ببێ و ماددەی ١٤٠یش جگە لە دەعەجانکردن و گەوجاندنی گەلی کورد بە گشتیی و کوردەکانی کەرکوک بەتایبەتیی، شتێکی تر نییە.

بەهەرێمبوونی سلێمانیی، خاڵێکی بەهێز دەبێ بۆ ئەوەی هەرێمی هەولێریشی بەدوادا بێت. هەر ئێستا وەکو گریمانەیەک دابنرێ، ئەم شیرازە خاووخلیچکەی نێوان ماڵباتی بارزانیی( کوڕی ئیدریس بارزانیی و کوڕی مەسعود بارزانیی)، تاسەر بڕناکات و سەرەنجام هەر دەبێ لێکبترازێ. کێشمەکێشە سیاسیی و طموحە و طەماعە ئابووریی و تەنانەت میلیشیاییەکانیشیان، یەخەی شاری هەولێر دەگرێ . سەرەنجام هەولێر ئەوەندەی تر دەبێتە چەقی ململانێی باڵە سیاسیی، عەشایەریی و بەرەبابەکانی حیزبێکی سیاسیی و باجدەری سەرەکییش خەڵکی هەولێر دەبێت. رێگەخۆشکردن بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێکدانەوەی عەقڵانیی، دووربینیی و جورئەتی سیاسیی دەوێ. بێگومان، ئەگەر، بەهەرێمبوون، ببێ بە کولتوورێکی سیاسیی زاڵ، کەرکوک و هەولێر و تەنانەت پارێزگای تازەی هەڵەبجەش دەگرێتەوە. هەروەکو بەکردوە، هەرێمی دهۆک، حکومەتی شار و دەڤەرێکە، لەناو حکومەتی هەرێمدا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە

هەڵەبجە، دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە ببێ بە پارێزگا، ئەم هەوڵانە، بۆ ناوەڕاستی چەرخی رابردوو، دەگەڕێنەوە . حکومەتی عێراق، ویستی هەڵەبجە و نەجەف، هەردووکیان بە پارێزگا ببن. بەهۆی هەلومەرجی سیاسییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواکەوتووە. دوای جینۆسایدکردنی کورد لەوشارەدا، دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن بەعثەوە، تەواوی حیزبە کوردییەکان ، بە عەلمانیی، موحافیظکار، عەشایەریی و ئیسلامییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان وەکو منەت، شۆڕشگێڕیی، خۆهەڵنانی نەتەوەیی وئیسلامیی فرۆشتووەتەوە و بازرگانیی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییان پێوە کردووە.

لە دوو دەیەی رابردوودا، ئیسلامیی سیاسیی بە گشتیی و باڵە عەسکەرییەکەی بەتایبەتیی، لە لایەک ، بەیارمەتیی راستەوخۆی ئێران و لە لایەکیتریشەوە بە پاشکۆبوونی هەندێ هێزی ئیسلامیی تر بە سعودییەوە، بەئەندازەی حیزبی بەعث زیانیان لە کولتوور، بونیاد و شارستانییەتی ئەو شارۆچکەیە داوە. بەعث لەرووی فیزیکییەوە ،ویستی هەڵەبجە بسڕێتەوە، بەڵام ئەم تیرۆرە فیکرییە وئەم طاعونە کولتوورییە، بەشێنەیی دروێنەی مەغزی گەنجانی کردووە، فاکتەری سەرەکییش، نەبوونیی، هەژاریی، بێکاریی و بێخزمەتیی هەڵەبجە بووە.
هەڵەبجە، مافی خۆیەتی ببێ بە پارێزگا، وەکو سیمبۆڵی جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، ببێ بە شارێکی ئازاد و سەربەخۆ، لە هەژموونی ئیداریی، سیاسیی و ئابووریی، شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەدوور بێت. ئەم کارە، بارزانیی و پارتیی، بۆ ئەجێندای شەخصیی، حیزبیی، ناوچەیی و تەخشانکردنی جیۆگرافیای سلێمانیی هەوڵیان بۆ دابێت، یان مالیکیی بۆ نمایشی نیشتمانییبوون و وەکو پیاوی دەوڵەت لە ئاستی عێراقدا، کاری بۆ کردبێت، یان یەکێتیی، گۆڕان و ئیسلامییەکان، لە بەرنامەیاندا بووبێت، یاخود هەر کەسایەتیی و رێکخراوێکی مەدەنیی، هەوڵی بۆ دابێت، جێگەی دەستخۆشییە و کارێکی پۆزەتیڤی سیاسییە و رووداوێکی زۆر گرینگە لە مێژووی نوێی ناوچەکە و کوردستاندا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە، ئەو برینە ساڕێژنەبووەی نێوان شار، شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی کولاندەوە کە ئێمەی کورد، چەند گیرۆدەی ناوچەگەرایی، شارچییەتیی و لۆکاڵیزمێکی تۆقێنەرین؟ چەند قسەکانمان و کردەوەکانمان، لە دروشمی نەتەوەیی گەورە گەورەوە، بۆ کۆشکی نیشتمانیی بەتاڵ و حەتاڵ ، فشۆڵ و لەرزۆک و لاوازە. راستە گرفتی سەییدصادقییەکان، وەکو زۆربەی شوێنەکانی تری کوردستان، نەبوونی خزمەتگوزاریی، گەندەڵیی و بێکارییە، بەڵام کاتێ چەند حیزبێک، بۆ ئەجێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیان، ئەم ناڕەزایەتییانە دەقۆزنەوە و بەلارێیدا دەبەن، هەندێ لە گەنجانی خوێنگەرم، بە ترومپای ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی پەمپ دەدەن و دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن، تەنانەت گەنجێک دەبێتە قوربانیی لەم نێوەندەدا، ئیتر پێویستە بە شەفافیی، پێیان بگوترێ، کوا ئەجێندا نیشتمانیی و بالۆرە سیاسییە نەتەوەییەکانتان کە ئەو هەموو وەطەنیاتەتان بە خەڵکی کورد، دەفرۆشتەوە؟ جێی خۆیەتیی، پەنجە بەچاویاندا بکرێ و داوای ئەو هەموو ریچواڵە نیشتمانییەیان لێ بکەن، کە چەندین ساڵە دەیڕێسن؟

ئەگەر واز لە دڵدانەوەی هەندێ گەنجی سەییدصادقیی بهێنین، بەتوندییش ئیدانەی کوشتنی گەنجێک بکەین، پێویستە بڵیێن، گەلی کورد، بەگشتیی و لە دۆخێکی خراپی ئێثنۆگرافییدایە( قەومناسیی، قەوم وەکو چەمکە فارسییەکە). زۆر لە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان، ئەم دابەشبوون و هەلاهەلابوونەی جڤاک و نەتەوە و گەلانی دنیا، لە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیای نیۆ-ناسیۆنالیزمەوە بە ئینتێگراڵیزم integralism ( دەکرێ بە کوردیی پێی بگوترێ، تەواوکاریی-زم) دەچوێنن. هەنووکە ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە خاڵییە لە فیکر و روئیای سیاسیی، بەڵام پڕاوپڕ لە شیعر، فەنتازیای فەلسەفیی و ریتۆریکی بۆش، لەکاتێکدا، بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستانی باشووری دەمێکە داوە، بانگی یەکگرتنەوە پارچە جیاوازەکانی کوردستانی، لە میدیاکاندا، داوە ، بە ملێکی رەپەوە، فوو بە بوقی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردیی و جارجاریش کوردستانییدا دەکات، کەچیی وەکو دیفاکتۆ، شارەکان، رقیان لەیەکترییە، شارۆچکە دراوسێکان، خۆشییان بەچارەی یەکتردا نایەت، تەنانەت، ئەگەر دوو بەشی دەڤەرێک، دەربەندێک، یان رووبارێک جیای کردبێتنەوە، مۆڕە لەیەکتریی دەکەن!

دوو حیزب نییە، لەسەر پرۆژەیەکی دەستەجەمعیی، نەتەوەیی، یان نیشتمانیی…تاد هاوڕاییەکی تۆکمەیان هەبێ. چوار رۆشنبیرت نەبێ، لەسەر پرسێکی گرینگ و چارەنووسساز بۆ نەتەوەی کورد، بۆ نیشتمانی کوردستان( کوردستانی باشوور)، تەنانەت بۆ خزمەتی شارێکیش، لەسەر پرسە سیاسییە چارەننووسسازەکان، هاودەنگ و هاوفیکر بن؟ ئیتر، بەڕاستیی مرۆڤ دڵی بە کوێی کوردبوون خۆش بێت؟ ئەم کوردە، کەی دەبێ بەوەی، بیر لەمەودای گشتیی نەتەوە، خاک و نیشتمان بکاتەوە و تەجاوزی کۆڵان، گەڕەک، شار و ناوچەکەی خۆی بکات و بپەڕێتەوە بۆ ئەجێدانی نیشتمانیی و بەرژەوەندیی گشتیی و بنیانتانی کەلاوەیەکی نیشتمانیی؟ لەم رۆژانەدا، لە شارۆچکەی کەڵەک، نزیک لە پایتەختی هەرێم( هەولێر)، دەسەڵاتی حیزبیی، دەچێ زمانی پەروەردە و خوێندن ، دەکات بە دایەلێکتی شارە حیزبییەکەی خۆی( دهۆک)، شەڕی نێوان زمان و دایەلێکت بەرپا بکات، ئیتر هاژ و وژی نیشتمانییبوون و نەتەوەییبوون، بەعەقڵی کێدا دەچێت؟

ئەنجامگیریی:

بە هەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ تەخشانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداریی و داهاتەکانی هەرێمە، نەک بۆ ئەوەی شارەکان لێک دووربکەونەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانیی بەشێوەیەکی عادیلانە و خۆڕسکانە دروست ببێت. شاری سلێمانیی، لە ماوەی دەسەڵاتی کوردییدا، بەڕاستیی غەدری زۆری لێکراوە، بەبەراورد بە ناوچەکانی ژێر دەست پارتیی، هاوکات، یەکێتییش بەپێی پێویست، بەهۆی کوتلەکاریی حیزبییەوە، ئەو گرینگییەی پێنەداوە. گۆڕانیش، بۆ ئەجێندای حیزبیی خۆی، لایەنی عاطیفیی ئەم مەسەلەیە دەوروژێنێ، لەهەرکوێیەکدا، پێویست بکات، باسی دەکات و لەهەر شوێنێکیشدا لەگەڵ داوا حیزبییەکانیدا، ناکۆک بێت، چاوی لێ دەنوقێنێ. ئەمانە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکانی سلێمانیی، گەرمیان، کەرکوک ، باڵەکایەتیی و دەشتی هەولێر، زۆرترین بەشیان لە قەبارەی قوربانییدان، لە ئەنفال، کیمیایی و وێرانکردن بەرکەوتووە، کەمترین بەشیشیان لە داهاتی نیشتمانیی بەردەکەوێت.

ئەو هەموو جەختکردنەوەیە لەسەر هەولێر و دهۆک، لە بواری سیاسیی و ئابوورییدا، لەسەر حیسابی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک، هەرێمی کوردستان بەرەو تەواوکاریی( ئێنتێگریتیی)، نابات، بەڵکو بەرەو لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی، طائیفییبوون، جیاکاریی و دابەشبوون، دەبات. سامانی سروشتیی هەرێم، موڵکی یەک شار، یەک بنەماڵە و یەک ناوچە نییە، بەڵكو موڵکی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمە و پێویستە شارەکان و ناوچەکان وەکو یەک سەیربکرێن و لە دابەشکردنی داهاتەکانێشدا، لەیەکەوە نزیک بن. نیشتمان، بە حیزبی طائیفیی، ناوچەیی و بەرەبابیی، دروست نابێت، بە شیعاری نەتەوەیی بەتاڵ، جوڵاندنی عاطیفییانەی شەقام و نەڕەنەڕی راگەیاندن دروست نابێ، بەڵکو بە دروستکردنی ئینتیمای نیشتمانیی و وەلائی نیشتمانیی دروست دەبێت، بە مرۆڤی نیشتمانیی و دوور لە خێڵ، ناوچە و شارچییەتی دروست دەبێت.

لۆکاڵیزم، شارچییەتیی و ناوچەگەرایی، هەر لە ئاستی حیزبە سیاسییەکاندا نییە، بەڵكو لە ئاستی نوخبەی رۆشنبیر، کەسانی ئەکادیمیست و ئەوانەی ئەهلی فیکریشن، بوونی هەیە. دەیان پرۆفێسەر، دۆکتەر، رۆشنبیر، نووسەر و خاوەن فیکرمان هەن، ناوی شارەکەی، ناوی قەضا، ناحیە و گوندەکەی، ناوی دەڤەری لەدایکبوونی، وەکو نازناوی خۆی بەکار دەهێنێت و شانازییشی پێوە دەکات. ئەمە مافێکی سروشتیی هەموو هاووڵاتییەکە، ناوچە و شار و شوێنەکەی خۆی خۆشبوێت، بەڵام کاتێک لەسەر حیسابی رەهەندە نیشتمانییەکانی و جێۆگرافیای نیشتمان بێت، یان لەسەر حیسابی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بە هەرێمبوونی سلێمانیی بێت، جگە لە لۆکاڵیزمێکی خۆخۆر، شتێکی تر بەیان ناکات.

کەیسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بەهەرێمبوونی شارەکان، ناساغیی و نانیشتمانییبوونی ئێمەی کوردی ئەوەندەی تر عەمەلیی کردەوە. ئەوانەی دژایەتیی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان، بەئاشکرا دەکرد، کۆمەڵی گەنجی خوێنگەرم بوون و هەندێ حیزب، هانیدەدان. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، زۆربەی ئەوانەی دەیانویست رەخنە لەو میثۆدی ناڕەزایەتییانە بگرن، نەدەهاتن بە جورئەتەوە، رەخنە لە لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی و حیزبگەرایی لایەنە سیاسییەکان بگرن، بەڵکو بە زمانێکی گشتگیر، بەزمانێکی شیعریی و رۆمانسیی، گلەییان دەبەخشییەوە بەسەر هەموو لایەکدا، بێئەوەی هیچ حیزب و سیاسیی و لایەن و تەنانەت ، بۆچوونێکی تایبەتیش بەر رەخنە بدەن، بەدڵنیاییشەوە، ئەمجۆرە خوێندنەوانە، تۆز لە گەردنی کەس نادات.

کەسێکی نەتەوەیی کورد، ئەگەر ناسیۆنالیستبوون و سێکیولاربوونەکەی بیکوڵێنێ، کەسێکی چەپ، ئەگەر مارکسیزمبوونەکەی، سووری کردبێتەوە، نابێ رێگە بەخۆی بدات، دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات، بە بیانووی ئەوەی ئیسلامییەکان لەوشارەدا، رێژەیان بەرزە. ئەمە نەک هەر لێکدانەوەیەکی نانیشتمانییە، بەڵکو فۆبیایەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بەرامبەر بە ئیسلام، بەپێچەوانەوە، خزمەتکردنی شاری هەڵەبجە، دابینکردنی هەلی کار و رۆنانی ژێرخانێکی تۆکمە دەبێت کە گەنجانی ئەو شارە لە فەندەمێنتالیزمی دینیی و لە رادیکاڵیزمی ئیسلامیی دوور دەخاتەوە . هاوکات، هیچ حیزبێکی سیاسیی نابێ لەبەرئەوە قەڵس بێت کە رەقیبە سیاسییەکانیان، لە ئێستادا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سوودمەند دەبن، ئەگەر رەهەندی نیشتمانیی لە مەغزی کورددا هەبێت، پێویستە، بۆ دوور، بییر لە بوعدی سیاسیی، ئابووریی، کولتووریی و جیۆگرافیی، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکاتەوە. نابێ هەڵەبجە، وەکو پارادیمێکی خۆخۆریی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێ وەکو شەرعیەتێکی سیاسیی، جیۆگرافیی و ئیداریی، ئەو مافەیان پێڕەوا ببینرێ کە خۆیان ئیدارەی شارەکەی خۆیان لەناو جیۆگرافیای عێراق و هەرێمی کوردستاندا بکەن.

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، تەنانەت ئەگەر ببێ بەهەرێمی هەڵەبجەش لە داهاتووی نزیک و دووردا، بەستاندەردی رەهەندی نیشتمانیی، هیچ زیانێک بەشاری سلێمانیی ناگەیەنێت. بگرە پێشبڕکێی خزمەتگوزاریی، ئاوەدانیی و رۆنانی ژێرخانی ئابووریی دەبێتە هۆی مونافەسەیەکی شەریفانە و ئازادانە بۆ برەوپێدانی هەرێمی کوردستان. هاوکات، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی دیسێنترەڵایزی ناوچەکانی تری هەرێم بکرێ، بە تایبەت شاری هەولێر و قەضاکانی، دوور لەو ئینتێگرەیشنە ناساغڵەم و ساختەیەی لەنێوان هەولێر و بادیناندا هەیە.

بە هەرێمبوونی سلێمانیی و دواتریش هەڵەبجە و هەولێر، باڵانسی حیزبیی، طائیفیی و لۆکاڵیزمی هەندێ حیزب، ئیحتیوا دەکرێ و ئینتیمای هاووڵاتییان بۆ شارەکەی خۆیان، رەهەندی نیشتمانیی وەردەگرێ. بەهەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ سەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان، ئەگەرێکی ئیجابییەوە نابێ بەریتۆریکی نەتەوەیی، سلبیاتەکانی بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زەقبکرێتەوە. سوودەکانی دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم، بە قازانجی گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێم دەبێت و بە زیانی حیزبە طائیفیی، پرۆکسیی، لۆکاڵییەکان، بازرگانە سیاسیی و مافیاکانی بازاڕی نەوت و سامانی سروشتیی، دەبێت.

Previous
Next
Kurdish