Skip to Content

کۆچی دوایی باوکی کۆنە ئیخوانەکانی کوردسـتان … کاوە هادی

کۆچی دوایی باوکی کۆنە ئیخوانەکانی کوردسـتان … کاوە هادی

Closed
by حوزه‌یران 12, 2017 General

نهێنی و شاروە نیە کە کورد هەمیشە هەڵخەڵەتاو و مارانگازی دەستی دوژمنانی بووە ، ناوبەناو وێڵی کڵاوی با بردوو کەوتوە ، جگە لە گیرۆدە بوون بەو ئایدۆلۆجیە جیهانیانەی وەک ئیسلامیزم و مارکسیزم و کاپیتالیزم کە هەر وەک مەنگەنەی ئاسنین لە دڵ و مێشکمان دراوە ، هەمیشە سوورەی بەرلەشکربوین و دواجاریش کاسەکە خراپ لە سەرماندا شکێنراوە ، بەڵام کێشە هەرە گەورەکەمان ئەوەیە کە کورد خۆشی بەدەستی خۆی هەڵ خەڵەتاوە ، زۆر جاران لە پێش چاوی خۆی سەراب دروست دەکات ، دڵی خۆی بە گەیشتنە ئەو شارە جوانە خۆش دەکات کە لە ڕاستیدا ئەو شارە جوانەش جگە لە وشـکایی بیابان هیچ شتێکی دی نیە . ئەفراندنی پاڵەوانی دیرۆکی و ئەفسوناوی لە خەون و خەیاڵدا ، ناو و نازناو بەخشینەوە بە ئارەزی دڵی خۆیان … سەرۆکی ڕۆحـیمان ، سەرۆکی نێونەتەوەیمان ، باوکی کورد ، باوکی هەژاران ، باوکی گۆڕان ، فڵان و فیساری هەمیشە زیندو . من بەش بە حاڵی خۆم لە باشوری کوردسـتاندا ، هیچ شانازیەک و گەمەیەکی دیبلۆماسی زیرەکانە نابینم نە لە خەباتی شاخدا نە لە حوکمی شاردا ، هیچ گۆڕانکاریەکی مەزن و کاریگەرم نە بینیوە کە بە ناوی یەکێک لەم سەرکردە ناسراوانەوە تۆمار کرابێت .

ئەو ڕۆژەی هەواڵی کۆچی دوایی کاک نەوشیروانم بیسـت ، ماتەمینی و دڵگرانی دایگرتم و سات لە دوای سات بە قوڵی نوقمی داڵغە و خەیاڵ دەبووم ، زۆر بیرم لەو بارە دەرونیە نا ئاسایەیی خۆم دەکردەوە ، ئاخر خۆ من ڕۆژێ لە ڕۆژان هەوادار و شوێنکەوتی نەبووم ، هیچ کات هیوا و ئاواتەکانم لە سەرئەوهەڵ نەچنیون ،هەرگیز وەک فریاد ڕەسـێکی ئەم گەلە بەشخوراوەم نە ناسیوە ، ئیدی ئەم پەژارەیەم لە پای چی ؟ . بە درێژایی ڕۆژەکە ئەم پرسیارگەلە دڵ و دەروونیان هەراسان کردبووم ، پاش تێپەڕ بوونی چەند ساتێکی زۆر ، دڵی خۆم بەو وەڵامە لاوازە خۆشدەکرد ، کە دوور نییە ، نەمان و فەنا بوونی کاک نەوشیروان لەم سات و ڕۆژەدا ببێت بە مایەیی سود و بەرژەوەندی و دەسـتواڵیی زێدەتری ئەو سەرکردانەی کە کاک نەوشیروان لە زۆر لایەنەوە لەوان باشتر بوو ، لانیکەمی دەستپاکی و داوێنپاکی و خوێندەواری ، بە کوردی و بەکورتی ئەو خەسڵەتە سروشتی و ئاسایانەی کە دەبێت هەموو کەسێک خاوەنی بێت ، خۆ ئەگەر قسەوباسمان لە سەرۆک و سەرکردە بێت ، ئەوا سەد لە سەد ئەوکەسە دەبێت خاوەنی ئەو خەسڵەت و ڕەوشتانە بێت لە ڕابردو و ئێسـتا و ئایندەیدا ، ئەوجا دەکرێت باس لە بلیمەتیی و کارامەیی و هەڵوێسـت و ئەفسانەکانی بکرێت . دەسەڵاتدار و سەرکردە نابێت میراتگری هەبێت ، بەخشینی پۆست و پلە وپایە بە سەر کەسانی نزدیک لە سەرۆک و سەرکردە دەچـنە خانەی ناپاکی لە گەل و نیشـتمان ، ئەوە شـانازی نیە کە نەوشیروان موستەفا کوڕەکانی نەکردون بە وەزیر و گزیر ، ئەوە تەنها کارێکی ڕاست و تەندروستە کە دەبێت بەو شێوازە بێت ، دەنا یاساکنی پاشایەتی و بنەماڵە و کەڵەگاکان چ جای باس و خواسن . هـیوادارم لە داهاتووشدا هیچ یەکێک لە کوڕەکانی نەبن بە دەسەڵاتدار و بەرپرسی سیاسی یان گوێی شەیتان کەڕبێت بە جێگرەوەی باوکی کۆچکردویان ، بۆ ئەوەی ڕووی ڕەشی عـفریت و بێچوە عـفریتەکان سـپی نەکەنەوە ، هەروەها پەرێزی پاکی باوکیان لەو لایەنەدا پیـس نەکەن .

من نەهاتوم کای کۆن بە باکەم ، باس لەو سەرهات و ڕووداوانە ناکەم کە زۆر تا کەم لای هەمووان ئاشـکەرایە ، تەنها سەرئەنجامی کاروهەوڵە سیاسیەکانی کاک نەوشـیروان باس دەکەم لەو دوا ساڵانەی تەمەنیدا … دەرئەنجامی دامەزراندنی بزوتنەوی گۆڕان ( پ د ک ) بوو بە بکوژوبکەری هەرێم ( ی ن ک ) بوو بە پۆڕی خوراو و ناوی زل و دێی وێران . دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی گۆڕانخواز بە ئامانجی گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات ، بە دیموکراسیەت و لە ڕێی سەندوقی دەنگدان و لە کەش وهەوایەکی ئازاد و تەندروسـتدا ، کارێکی فرە مەزن و هیوا بەخش بوو لەو ڕۆژگارەدا ، مۆمێکی بەتین بوو لەو زێرابە تاریک و پەنگ خواردوەدا . ئیدی ئەو بزوتنەوە گۆڕانخوازە هیوا بەخشە هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی گرتە خۆ بە هەموو ئایدییا جیاوازەکانیەوە ، لە هەموویان ترسـناکتر سەرهەڵدان و گرنگیدان بە کۆمەڵێ کۆنە ئیخوانی تازە گۆڕانخوازی موسوڵمان لە لایەن سەرکردایەتی ئەم بزوتنەوە گۆڕانخوازەوە ، کار بەو شوێنە گەیشت کە ڕێخەری گشتی بزوتنەوە هاواری دەکرد … پشت بە خوا دەیگۆڕین ، دەنگ بە هیچ یاسایەک نادەین کە دژ بە سەوابیتی ئیسلام بێت ، ئێمە لە سەوابیتە ئیسلامیەکان لا نادەین . تەنانەت مەلا کرێکار لە دوور وڵاتەوە فەتوای دەدا بۆ موسڵمانان حەڵاڵترە دەنگ بدەیتە بزوتنەوەی گۆڕان لە بری بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی . جارێکی دی نوخبە ڕەدوی عەوام کەوت و پشت بە پشتی خودا دەیانویست بیگۆڕن . دەشـێت بەم بانگەوازە ژەهراویانە دەنگێکی زۆر کۆکرابێتەوە ، دەشـێت ئەو پێش ڕەفتە گەورەیەیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم جادوە بێت ، بەڵام کەسێک نیە باس لە پاش ڕەفتی کۆمەڵگا بکات ، داخۆ هزر و بیری کۆمەڵگە چەندە بەناخی زمیندا ڕۆ چووە !! ، چۆن دەکرێت گۆرانکاری لە کۆمەڵگەدا ڕووبدات ؟ ئەگەر لە سەوابیت و ناسەوابیتی ئیسلامی لانەدەیت و بنەمای تەواوی یاساکانت لە یاسا مرۆییەکانەوە وەرنگرتبێت . ئاخر ئەوە ئایینە یان بە دیاری کراوی شەریعەتی ئیسـلامە کە ڕێگر و بەربەستە لە تەوای گۆڕانکاری و پێشڕەفتی کۆمەڵگەکەمان . هەتا ئەو دەمەی بزوتنەوەیەک یان سەرکردەیەکی ڕاستگۆ ، بە ئاشکرا و ئازیانە بانگەشەی جودا کردنی دین لە دەسەڵات نەکات مەحاڵە هیچ گۆڕانکاریەکی مەزن لەو تاریکستانیەدا ڕووبدات .

سەرئەنجامی بانگەشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵەکانی پارتە ئیسلامیەکان و ئێرانی شیعە و تورکیای سونە و سعودی سەلەفی ، خۆش مژدە بن دوژمنانی کورد ، ئیدی هیچ کوردێک ناوی کوردی لە جگەرگۆشەکەی نانێت ، هیچ ئافرەتێکی کورد جلوبەرگی کوردی ناپۆشـێت جگە لە جلوبەرگی بیابانی عارەبی نەبێت ، هەندێکمان حیجابین بە مۆدێلی ئێرانی هەندێکیشمان حیجابین بە مۆدێلی تورکی ، پشت بە خودا لە ئایندەیکی نزدیکدا هەمووی دەگۆڕین بە نیقابە جوانەکەی سعودی عارەبی یان مۆدێلە ئەسڵ و بێ غەل و غەشەکەی داعەشـیی . زۆر سوپاس بۆ ئەو نادیموکراتییەی هەرێم ، خۆ ئەگەر ئەم کۆنە ئیخوانانەی ناو گۆڕان بگەنە لوتکەی دەسەڵات ، پێنچ فەرزە بە شەق نوێژیان فەرز دەکرد بە سەرماندا ، حیجابیان دەکردە بەر خوشک و دایکمان ، هەرچۆن کردویانەتە بەر دایک و خوشکی خۆیان ، ڕاست و چەپ دەستوقاچی تاونباریان دەبڕیەوە و بە شـمشێری شەریعە ملی هەموو ئازادیخـواز و گۆڕانخوازێکی ڕاستەقینەیان دەپەڕاند .

کاک نەوشیروان بەدەرلە وەی سەردەمانێک کە سکرتێری کۆمەڵەیەکی مارکسی لینینی بوو دواجاریش ڕێخەری گشتی بزوتنەوەیەکی گۆڕانخواز ، بەڵام لە ڕاسـتیدا هیچ کاتێک باوەڕداری خۆی لە ئاست خودا و ئاینی ئیسـلامدا نەشاردۆتەوە ، هەرچەندە هیچ کات ڕوخسـار و هەڵس و کەوتی کەسێکی دینداری نەبووە ، بەڵام پاش ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە پارتی دوهەم لە پەرلەمانی کوردستان و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیی بە چاوی خۆی بینی ، هەم لە گوتەکانی هەم لە هەڵسوکەوتەکانی ، دیاردەی کەسێکی دیندار زێدەتر بەر چاو دەکەوت ، لە دیاردەی حەج و عەمرە بە دووربوو ، لە ڕاسـتیدا ئەم دیاردە کلاسیکە کەم هەیە لە سەرۆکە زاڵم و دیکتاتۆرەکان پێی هەڵنەستابن ، بەڵام کێ هەیە لە ئێوە وێنەی زۆربەی کۆنە ئیخوانە چالاک و بزێوەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانی نەبینیبێت ، لە مەراسیمی حەج و عەمرەدا ؟ ، من نامەوێت ناوی هیچ کەسـێکیان بهێنم لەم گوتارەدا کە تایبەتە بە کۆچی دوایی کاک نەوشیروان موسـتەفا ، لە ڕاستیدا ئەو کۆمەڵە کۆنە ئیخوانە دەنگی بزوتنەوەی گۆڕانن ، بەبێ دەنگی ئەوان بزوتنەوە گۆڕان بزوتنەوەیەکی کەڕی لاڵی بێ حساب و کیتابە ، مزگەوتێکی خنجیلە لە ناو پارلەمانی کوردسـتان دەسـکەوتی سەرۆک پەرلەمانە گۆڕانخوازەکمان بوو ، بە مەبەستی بەجێ هێنانی نوێژ و نزا بەدەم چارەسەری کێشـەکانی کۆمەڵگەوە . ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەم ڕێگەیدا یەک هەنگاو بۆ دەسەڵات کەوتبێتە پێش ئەوا میللەت سەد هنگاو کەوتۆتە پاش . بەرزکردنەوەی کەسانێک بە پاشـخانێکی ئیسـلامی لە بزوتنەوەیکی جەماوەریدا ، وێنەی بۆمبێکی ئەتۆمییە و کەس نازانێت کەی بەو میللەتە بەدبختەدا ئەتەقێتەوە ، هیوادارم لەمەدا هەڵە نەبم ، ئەو شین و شەپۆڕەی کۆنە ئیخوانەکانی ناو گۆڕان کردیان لە پرسەکەی کاک نەوشیروان ، لە دیدی مندا شین و شەپۆڕبوو بۆ حاڵی خۆیان لە ترسـی نەمان وفەنا بوونیان لە ئایندەیەکی نزدیکدا .
لە داب و نەریتماندایە کە ڕێزێکی گەورە لە کەسانی کۆچکردوو بگرین ، هەرکەس ئازادە چۆن ڕێزی خۆی بۆ هەر کەسێکی کۆچکردوو دەردەبڕێت ، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە کاریگەری و جێدەستی بە دیرۆک و ڕەوشـی کۆمەڵگەوە دیار بێت . کاک نەوشیروانی کۆچکردوو لەم ڕۆژانەدا زۆر ناو و نازناوی پێ بەخشدرا ، هاوتاکرا لە تەک سەرکردەگەلێکی جیهانیدا کە جێ پەنجەیان هەتا دونیا دونیایە بە ئاسمانی نیشـتمانەوە دەدرەوشـێتەوە ، بەڵام لای من کاک نەوشیروانی کۆچکردوو ، بەتایبەت لەم کۆتا سـاڵانەی تەمەنیدا تەنها وەک باوکێکی دڵسـۆزی کۆنە ئیخوانەکانی کوردسـتان دەبینم .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish