Skip to Content

كه‌ هاتنه‌وه‌ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

كه‌ هاتنه‌وه‌ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

Closed
by حوزه‌یران 12, 2017 General, Poems

كه‌ هاتنه‌وه‌
گیرفانیان پڕی مێوژ و
كۆڵه‌پشتیان
پڕ په‌لكه‌نان
هه‌گبه‌شیان ته‌نیا ده‌نكه‌ به‌ڕووی تێدابوو
سوارۆیان پیاده‌ڕۆیی بوو
بنهه‌نگڵیان پڕ له‌ به‌رامه‌ی مامز و
ناوله‌پیان بۆنی په‌رسیله‌ و
لاملیان قیت و بڵند بوو
پرێسكه‌ی به‌رپشتێنیان
مشت بوو له‌ پوونگ و
نامه‌ی عاشقانه‌ی جۆراوجۆر
ژنه‌كانیان ده‌نكه‌ باوییان كردبوو
به‌ ڕشته‌ی مرواریی ملیان
ئەوكات زێڕینگر په‌ی به‌ ماڵی نه‌بردبوون
ئەوانیش ھەروەکوو جاران
بە کەوا و بنباخەڵی ئاودامانەوە
بە چلکەزییەوە دەھاتنە
سەر عارەبانەی نێو کۆڵان
هێشتا خوڵامكه‌ی ئه‌سیوبییان
به‌گه‌ڵ نه‌كه‌وتبوو
شامپۆی قژیان بەتەنیا گڵی سۆرك بوو
ئەوکات ھێشتا
فێری کۆستم و تەنوورە و مینیجۆب و تیشێرت و دیۆرا و
ماسکارا و کرێمئەساس نەبووبوون
ئه‌وان.. كه‌ هاتنه‌وه‌
خانووچكه‌یان له‌ مشه‌مما چێکردبوو
ناندینی ماڵەوەیان
وەکوو خەڵک
لە دوو سەرکە پیواز و
سێچوار نووردییەنان و
حەفتھەشت کەوچک و له‌نگه‌ریی فافۆن بەولاوە
ھیچی تری تێدا نەبوو
ئەوێ ڕۆژێ
ھێشتا فێری شیفۆن و ستێک و سەلەموون،
دێلیڤێریی ڕیستورانتی پێنج ئەستێرە نەبووبوون
ئەوان کە بەوپه‌ڕی دژوونی ھاتنەوە
لە ئێستا پاك وشەنگتر بوون
تەماشای بەژنی زراڤت کردبان
زیت و توولاز
ھێشتا وا ھەڵنەدەفابوون
ئەوکات
پێڵاویان له‌ په‌لكی دار به‌ڕوو بوو
لە پرسەی ھاوڕێ شەھیدەکانا
سەری پەنجە گەورەیانت
لە گۆرەوییە دڕاوەکانیان زەقزەق دەدیت
ئه‌وان ڕۆژان لای خه‌ڵك و خواش مێریڤان بوون
شه‌رواڵیان له‌ ده‌واره‌ ڕزیوه‌كانی باڵه‌كایه‌تییه‌وه‌‌
بۆ ده‌هات و به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ لوولاقیان هه‌ڵده‌كێشا
به‌ ناوپستێری سووڕاوه‌وه‌
په‌لكه‌زێڕینه‌یان ده‌كرده‌ پشتێن و
كۆمپانیایان بریتیبوو
له‌ جزدانه‌ بچكۆله‌كه‌ی نێو گیرفانیان
له‌ ورده‌ كانزا به‌ولاوه‌
هیچیتری تێدا نه‌بوو
دار جغاره‌كه‌ی ده‌ستیشیان
له‌ دار به‌ڵاڵووكی چیاكان
به‌ده‌م لێلێ وه‌سۆوه‌ بۆ دروست كرابوو و
هیشتا ناوی چرووتی كووبییان نه‌بیستبوو
پایپی فه‌ڕه‌نسییان قه‌ت له‌لێو نه‌نابوو
ناوی ماركه‌كانی پێركاردن و بۆس و ئیف سانلۆرانیان
قه‌ت به‌به‌رگوێ نه‌كه‌وتبوو
ئه‌وان كه‌ هاتنه‌وه‌
به‌ قومێ ئاره‌قی فه‌لی لای به‌عشیقه‌
ده‌كه‌وتنه‌ دونیای خه‌یاڵێكی سه‌رمه‌دی
نه‌ وه‌ك ئێستا ژه‌نگن به‌ ویسكیی سه‌تساڵه‌
ئه‌وكاتی تازه‌ هاتنه‌وه‌
ده‌رگای ماڵیان وه‌كوو ئێستا
پڕ نه‌بوو له‌ كۆد و گاڵە
ده‌رگاكانیان
نۆبه‌تداری بێژماریان لێ نه‌وه‌ستابوو
چۆن قه‌مته‌ره‌ت ڕاكێشابا
لێیان به‌ژوور ده‌كه‌وتیت و
نان و ماست و ئه‌ستووركت له‌گه‌ڵ ده‌خواردن
هێشتا دایەی منداڵە ژیكه‌له‌كانیان
دەستیان لەگەڵ
پاسەوانە سمێڵ بابڕەکانیان
ئاوا تێکەڵ نەکردبوو
گه‌نیو جه‌سته‌ی نه‌یپۆشیبوون
گولی و بۆیه‌ سه‌رو ڕوخساری بۆز نه‌كردبوون
له‌سه‌ر جاده‌ و باره‌گا و بندیوار و
ناو باژێڕ و چایخانه‌كان و
سێبه‌ری دارتووی به‌رده‌م دوكانان
له‌ هه‌موو شوێنێ ده‌بینران
ئه‌وان ده‌مان كاسپه‌رئاسا
ڕه‌نگی برووسكه‌یان نه‌گرتبوو
لەگەڵ ئێمە دەکەنین و
لەگەڵ ئێمەش ھۆڕھۆڕ دەگریان
کە ھاتنه‌وه‌.

Previous
Next
Kurdish