Skip to Content

نمایشی “ئاڵای بێ وڵات” و “ژیان لەسەر سنوور” لە فیستیڤاڵی فیلمی “فۆکۆئۆکا” لە ژاپۆن

نمایشی “ئاڵای بێ وڵات” و “ژیان لەسەر سنوور” لە فیستیڤاڵی فیلمی “فۆکۆئۆکا” لە ژاپۆن

Closed
by ئه‌یلول 19, 2016 Cinema, General

تاران ١٩ سێپتەمبەر (ZNA) ـ فیلمی بڵندیی “ئاڵای بێ وڵات” نویترین بەرهەمی “بەهمەن قوبادی” و فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” لە ژاپۆن نمایش کران.

فیلمی بڵندیی “ئاڵای بێ وڵات” A Flag Without a Country لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، کاتژمێر 7:15ی ئێوارێی رۆژی ١6 سێپتەمبەری 2016 لە بەشی سەرەکی بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” Fukuoka بە “تەرکیز لەسەر ئاسیا” Focus on Asia لە هۆڵی ژمارە 13ی “سینەمای یونایتێد” لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن نمایشکرا و هەر لە دوای ئەم فیلمە کوردییە، فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” Life on the Border لە دەرهێنانی هەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە بەشی “نمایشی تایبەتی پانۆڕاما”ی Special Screening Panorama ئەم فیستیڤاڵە چووە سەر پەردەی سینەما.

ئەم دوو فیلمە کوردییە لە دووهەمین نمایشی خۆیاندا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا”، کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی ١٩ سێپتەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 13ی “سینەمای یونایتێد” و لە دوایین نمایشی خۆیاندا لە کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆی رۆژی 23 سێپتەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی “سینەمای یونایتێد” لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن دەچنە سەر پەردەی سینەماکان.

“خەڵاتی بینەرانی فۆکۆئۆکا” کە خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” دێتە ئەژمار، لە لایەن بینەران و بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی فەرهەنگی سینەمای ئاسیا بە درهێنەرێکی بەهرەمەند دەبەخشرێت.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئاسیا ناسراوە و لەسەر باشترین بەرهەمەکانی سینەمایی ئاسیا تەرکیز دەکات، بە نمایشی نوێترین بەرهەمی بەرچاوی دەرهێنەرە ئاسیاییەکان لە چەندین بەشی “سەرەکی”، بەشی “فیلمە دیکۆمێنتارییەکان”، بەشی “فیلمە ڤییەتنامییەکان”، بەشی “فیلمە ژاپۆنییەکان” و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت” لە ڕۆژانی 15 تا 25ی سێپتەمبەری 2016 لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.focus-on-asia.com/lineup_en/

مەنسوور جیهانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish