Skip to Content

بوێری سیاسی (political bravery)…  چالاک ئـاغجەلەری

بوێری سیاسی (political bravery)… چالاک ئـاغجەلەری

Closed
by حوزه‌یران 22, 2017 General

کەش وھەوای سیاسی ھەر دەستە و گروپ و کۆمەڵەێ لە ژێر چەتری ڕێکخراوبووندا ، سەرەتای ھەنگاوەکانی ژیانی سیاسی بوون دەبێت ھاوشانی ھێڵە ڕامیاری و فەرھەنگیەکەی خۆیان بە فۆرمێک ئـاشنا بکەن بۆ خەڕخاندنی ئـەو بزاوتە نوێیە و بەردەوامیدان بەو تەوژمە فیکر و فەرھەنگیە گەیشتن بە دوا وێستگەی مەبەست ئـەویش فۆرمی بوێری سیاسیە ( Political bravery) ، ھەرچەندە فۆرمگەلێکی تر وەکو ( ھرزی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و سەربازی) لەزۆر وێستگەدا ھاوکار و پشتیوانی ئـەو فۆرمەیە کە شایەنی وەستان و ڕاڤەکردنە لێی. دیارە ئـامانج لەم ھەموژنە زیندوە بۆ ھێزێکی سیاسی چالاک کۆنترۆڵکردنی ئـەو ژینگەیەیە کە خودی بزاوتە سیاسیەکە لە پێناویدا دەجوڵێنرێت، بۆ خۆی ئـەم جۆرە خواستە پێویستی بە ھەناسیەکی بەردەوامە لە پەیوەند بە ھێڵی بنەڕەتی و ستراتیژی درێژمەودا بۆ ھەرچی مکۆمکردنی میکانیزم و ئـالیەتی کارکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی وەکو فاکتەرێکی ھەناویی بەھێز بۆ گەیشتن بەو خواستەی لە چواچێوەی پەیڕەوەکەیدا نەخشەی بۆ کێشراوە. لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە دەبێتە ھێزێک بەجۆرێک لە ناو ناسنامەی ھێزە سیاسیەکەدا ئـەژماردەکرێت ، ھەر بۆیە تەوژمێکی لەم جۆرە ھەردەم ئـامادەگی ھەیە بۆ ھەر پێشھاتێک کە قەوارە سیاسیەکە دووچاری دەبێتەوە.

ئـەگەر تەماشای شانۆی سیاسی دونیا بکەین چەندین نموونەی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و تەنانەت خۆجێیشمان ھەیە لەمەڕ ئـەم پرسە ، دیارە زۆرێک لە نموونەکان شایەنی پێداھەڵدانی مرۆڤایەتی نین چونکە لە جیھانی سەرمایە و بەرژەوەندیدا ئـەوەی کەمترین پشکی پێدەبڕێت خەڵکی سڤیلە. وەکو پێشتر ئـاماژەم پێکرد نموونەکان ھەمە چەشنن بۆیە ئـەگەر تەماشای زۆرانە نێودەوڵەتیەکان بکەین ڕوونترین و بەرجەستەترین نموونە ھەڵوێستی بوێری سیاسی و عەسکەری ووڵاتی ڕوسیایە لە ھەمبەر بە پاوانخوازی و قەڵەمڕەوی ووڵاتێکی بەھێزی وەکو ئـەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەت ووڵاتی سوریا، بینیمان چۆن بەچی شێوازێک ئـەم فۆرمەی لە بەرامبەر ئـەمریکا جوڵاند تەنانەت بەجۆرێک شکایەوە شیکەرە سیاسیەکان نوقڵانەی جەنگێکی ماڵوێرانی جیھانیان لێدەدا، لە کاتێکدا سەرکێشی ئـەم ووڵاتە ( ڕوسیا) بە جۆرێک شکاوەتەوە وەک تۆمەتباری سەرەکی دەخالەتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئـەمریکا تا ئـەم ساتەش باس و خواسێکی گەرمی فەزای سیاسی ئەمریکایە، ھاوکات ھێڕشە ئـەلکترۆنیەکانی بۆ ووڵاتانی ئـەوروپاش بە وێنەی شەبەحێکی پڕ دڵەڕاوکێ تەنگی پێھەڵچنیوون.

لە نموونەی ھەرێمایەتیدا بوێری سیاسی ھەدەپە لە کوردستانی تورکیا و یەگەپە ویەپەژە لە کورستانی سوریا دوو نموونەی جوانی ئـەو بوێرەیە سیاسیەیە کە ھەقە شانازی پێوەبکرێت ،بە دیوێکی تردا داعش بۆ خۆی بوێریەکی سیاسی و عەسکری مەینەت ھێن بوو بۆ خەڵکی ناوچەکە، بۆ ناوخۆی کوردستانی عێراقیش ٣١ ی ئـاب١٩٩٦ ھەمان فۆرم دەێگرێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و عەسکەریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لای کەسیش شارەوە نییە کە ئـەم بوێرییەی پارتی داینەمۆی باڵادەستی وھەژمونگەرایی ئـەو ھێزەیە وەکو حزبی حاکم ، بەڵام تەنھا ھەڵوێست کە بە بڕوای من لەکۆی کێشمەکێشەکانی ناوخۆدا جەماوەری یەکێتی بوێریەکی سیاسی کەمرشکێنیان ئـاراستەی حزبەکەیان کرد کاتێک گوێیان بەخواستی ئـەو جەماوەرە ماندووە نەدا کە ھەزارەھا کەسیان لەو ھێزەدا خۆیان فیداکرد دەنگی نەخێریان بۆ بەرزکردنەوە ، ھەر بۆیە ئـێستا لەھەر ھەنگاوێکدا سەرکردایەتی ئـەو ھێزە ھەستیاری جەماوەرەکەیان وەکو ڕمێکی تیژ دەبینن ، وەک بانێک دوو ھەوا ئـەوترسەی لە یەکێتیدا ھەیە لە جەماوەرەکەی لە ھەمانکاتدا بۆ پارتی پاداشتە.

ئـەنجام ئـامانج لەم فۆرمە بە بەستنەوەی کەشی سیاسی کوردستانی عێراق ، بێگومان پێویستیەکی ھەنوکەییە ، بەتایبەت بۆ ھێزە سیاسیە ناڕازیەکان و خەڵکی سڤیل جارێکی تر دەبێت خۆیان پێناسەبکەنەوە بۆ تەواوی پرۆسە چەقبەستوەکە ، چیتر بوار بۆ تەحەفوزی سیاسی نەماوە و دەبێت بۆێری سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا ببێتە ئـەو فۆرمەی بزاوتی گۆڕنکاری سەرڕێخات و لەو شەرمە سیاسیە خۆکوژیە دەربازی بێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish