Skip to Content

چەند تێزێک دەربارەى ڕیفراندۆمەکە  … ڕزگار عەلى

چەند تێزێک دەربارەى ڕیفراندۆمەکە … ڕزگار عەلى

Closed
by حوزه‌یران 22, 2017 General, Opinion, Slider

تێزی یەکەم/ دەوڵەت دروست دەکرێت، نەک ڕادەگەیەنرێت:
کاتێک تێزى یەکەم بەکاردەهێنین، وا لێکدەدەینەوە کە قۆناغى ڕیفراندۆمەکە بۆ دەوڵەتە، واتە تۆزێک خاتری برادەرانى دەوڵەتدار دەگرین و لەو مەعمەعەیە دەچینە دەرەوە ئایا ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتە یان نا، چونکە گەر بۆ دەوڵەت نەبێت ئەوە مناقەشەى لەسەر نییە، بۆیە ئێمە لێرەدا وا حساب دەکەین بۆ دەوڵەتە، ئایا ئەگەر بۆ دەوڵەت بێت چۆنە؟

بونیادى دەوڵەت بۆ ئەوەیە لەناو قەوارەیەکى تر و جوگرافیایەکى تر بيت، کەواتە دۆزینەوەى دامەزراوەى نوێی حوکمەتدارییە، یان بە جۆرێک بەهێزکردنى دامەزراوە گەلێکى جیاوازە کە پێشتر بوونى نەبووە. لێرەدا(مافی چارەى خۆنووسین)ى هەر گەلێک دەبێتە ئەلتەرناتیڤى ئەو حوکمڕانە کە لەناویدا هەین و پێی ڕازی نین، بەڵام خواستى (چارەى خۆنووسين) بەس تەنیا بریتی نییە لە دەوڵەتدارى یان چوون بەرەو دەوڵەت، بەڵکو جۆرێکى ترە لەوەى ئینسان سەربەخۆ بێت نەک دەوڵەت، کەرامەتى ئینسان پارێزراو بێت نەک دەوڵەت، یاسا پارێزگارى لە کەمینەیەکى بێ هێز بکات نەک دەوڵەت، واتە دەوڵەتبوون لە رێگەى سەربەخۆبوونى تاک و پارێزراوى کەرامەتى تاک و پارێزگارى لە کەمینە سەربەخۆ دەبیت، ئەکرێت ئەمانەت هەبێت و دەوڵەتت نەبێت بەڵام هەست بە ئینسانبوون و دەوڵەتبوون بکەیت، بەڵام ناکرێت ئەمانەت نەبێت دەوڵەتت هەبێت.

ئەم هاوکێشەیە ئەوەیە دەوڵەتیش پڕۆسەیەکە بۆ خزمەتى ئینسان، نەک هەرچى خزمەتى ئینسانە بکەیتە قوربانى دەوڵەت، ئەگەر وابێت ئەو کات دەوڵەتێکی وەکو سوریا و عێراق و سۆماڵ و هایتى و کەمبۆدیا و بۆسنە و کۆسۆڤۆ و تەیمورى رۆژهەڵات.. لەدایک دەبێت، ئەو کات دەوڵەتێکى وەکو یەمەن و میسر و سودان لەدایک دەبێت کە دەبێت سەدان ساڵ تێبکۆشین بۆ ئەوەى پایەکانى بڕوخێنین تا کەرامەتمان پارێزراو بێت. لێرەدا ئەگەر ئەو ئەو پڕۆسانەى سەرەوەی لەگەڵ بێت دەوڵەت ئامرازێک دەبێت بۆ خزمەتى ئینسان، ئەگەر لەگەڵى نەبێت دەوڵەتەکە دەوڵەتێکى دابڵۆسێنەر و زۆرەملێ دەبێت بۆ سەر ئینسان، ئەگەردبڵۆسێنەر بێت وەکو ئەو نمونەمان لێ دێت کە فرانسیس فۆکۆیاما لە کتێبى بونیادى دەوڵەت هێناییەتەوە: (( جەوهەرى دەوڵەتى زۆرملێ و دابڵۆسێنەر ئەو حەقیقەتەیە کە لە تواناى ناردنى کەسێکدا بەرجەستە دەبێت، جل و بەرگێکى فەرمى لەبەر دەکات و دەمانجەیەک هەڵدەگرێت و بۆ ناچارکردنى ئەوانى دیکە و ملکەچکردنیان بۆ یاساکانى دەوڵەت)) لێرەدا ئەوەى بۆ دەوڵەتە کوردییەکە زیاتر داپڵۆسێنەرە ئەوەیە، ملکەچى ئینسان و ئەوانى دیکە بۆ یاساکانى دەوڵەت نییە، بەڵکو بۆ حەزى تاکە شەخسێکە، کە دەیەوێت هەمان زمانى سەدام بەکاربهێێت و پێمان دەڵێت (من دەوڵەتم و دەوڵەتیش منە). لێرەدا گولەکان و لولەى دەمانجەکان بۆ تەوقی سەرى ئەو کەسانەیە کە مل نەک بۆ یاساکانى دەوڵەتە کوردییەکە نانێن، بەڵکو مل بۆ یاساکانى شەخسێک نانێن.
هەرچى تایبەتە بە دەوڵەت و پایەکانى دەوڵەت لێرەدا دەوڵەت ڕادەگەیەنرێت نەک دروستبکرێت، ئەمەش لە هیچ کوێى دونیا نەبووە و نییە، واتە دەوڵەت بریتی نییە لە شتێک یان شیعارێک کە پێ دەڵێین دەوڵەت، بەڵکو بریتییە لەو دامەزراوە یاسایی و ئابورى کەلتورى و پەروەردەیی و سیستەمەى کە شوێنەکە بونیادی ناوە، واتە دامەزراوەکانى وڵات دەوڵەتن، نەک ناو هێنان و شیعاری قەبە و ڕاگەیاندنى فشۆڵ. ئەگەر دەمەزراوەت نەبوو، ئەوا دەوڵەتەکە هاوشێوەى ئەو خانووەیە کە لە ( لم ) دروستکراوە، ئایا کێ ئامادەیە خانوویەک لە لم دروست بکات؟ یان نیشتەجێی خانوویەک بێت پایەکانى لە لم دروست کرابێت؟

لە کوردستانی عێراق جیاوازێکە زۆر خەتەرتر دەڕوات، چونکە سەرەوەى ئەو خانووەى کە لم دروستکراوە، یان دەیانەوێت دروستى بکەن، سەقفێکى پان و بەرینە و ئەستورە، هەرچى فەزاى کۆمەڵایەتییە ئەو لمەیە کە لم بوون قبوڵ ناکات يان فەزا کۆمەڵایەتییەکە دیوارەکەیە کە قبوڵى سەقفێکى زۆر قورس ناکات، بەڵام سەقفەکە بۆ ئەوەى لمەکە یان دیوارەکە ڕازى بکات دەیەوێت بۆ ئەوەى بە بەرزى بمێنێتەوە و بە سەقفى بمێنێتەوە دەیەوێت دیوارەکە بیهێنێتە ناو خانووەکەى خۆى و بیکاتە دیوار، لە دواجاردا کە دیوارەکە بەرگەى نەگرت دادەمڕێت بەسەریدا و بەیەکجاری پارچە پارچەى دەکات، تا جارێکى تر خۆى بۆ کۆ نەکرێتەوە ناڕەزایەتى بنوێنێت.

تێزى دووەم/ شتێک نییە ناوى سیادەى عێراق بێت لەسەرمان تا جیا ببینەوە، بەڵکو بچڕانى پەیوەندییەکی جەردە ئاسایە، کە دەترسین لە داهاتوو دادگای بکرێین لەسەرى.
لەماوەى سالى ١٩٩١ دا تا ئێستا، یان لەو کاتەى ناوچەى دژەفڕین دروستبووە، ئێمە نیمچە سەربەخۆییمان هەیە، یان هەموو لایەک دەزانن ئەو فیدڕالییەتەى کە هەیە لە کوردستانى عێراق لە ڕووى دەسەڵاتەوە لە هیچ کوێی دونیا فیدڕاڵى بەو شێوەیە نییە، لە هیچ کوێی دونیا فیدڕاڵییەتێک نادۆزیتەوە ئەونە دەسەڵاتى هەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ساڵی ١٩٩١وە هیچ کاتێک سیادەى عێراق بەسەر ئێمە بەشێک نەبووە لە کێشەکانمان، واتە ئەو کێشانەى کوردستانى عێراق هەیبووە هى عێراق یان بەغدا نەبووە هاتبێت بۆمان، بەڵکو هەموو کێشەکان سەرچاوەکەى لەناو خۆدى خۆمان بووە، ئایا بەغدا دواى ئەنفال و کیمیاباران، دواى ئەوەى خوینمان لێ دەتکا، هات شەڕی ناوخۆى پێ کردین و هەزاران ڕۆڵەى ئەم نیشتیمانەى بە کوشتن دا؟ ئایا بەغدا دەبابەى هێنایە سەر پەرلەمانەکەمان؟ ئایا بەغدا دوو ئیدارەیی دروست کرد؟ ئایا بەغدا گوتى پارتى یەکێتى دوو زۆن دروست بکەن و سەروەت و سامانەکەى تاڵان بکەن بە یەکسانى؟ ئایا بەغدا شەنگالى تەسلیم کرد؟ ئایا بەغدا دواى چەندین ساڵ نایەڵێت حوکمەتە ساوەکە کارەبا بدات؟ ئایا بەغدا قوتى هاوڵاتیان دەبڕێت؟ ئایا بەغدا پەرلەمان دادەخات؟ ئایا بەغدا هەزاران گەنجى کورد ناچار دەکات ببنە قوربانى حوتەکانى دەریاى ئیجە؟ ئایا بەغدا دەڵێت سەرۆکى هەرێم تا دەمریت لە کورسییەکەت مەیەرە خوارەوە؟ ئایا بەغدا بە شەق پەرلەمان دادەخات و سەرۆکەکەى ئاودیوى سنورێک دەکات کە دەسەڵاتى نییە تێیدا، دەنا دەسەڵاتى هەبایە لە کوردستانیش دەریدەکرد؟ ئایا بەغدا پڕۆسەى دیموکراسى پەک دەخات؟ ئایا بەغدا دەیان ملیۆن و ملیار دۆلارى بە کۆمپانیاکان پێ دۆڕانیت؟ ئایا بەغدا ئابوری سەربەخۆکەتى شەلەل کرد؟ ئایا بەغدا جەردەیی و فەسادى و فێرکردن؟ ئایا بەغدا بونیادێکى وێرانی بۆ دروستکردووین؟ ئایا بەغدا نایەڵێت ئەم حوکمەتە ساوایە بەرمیلێک نەوت بداتە هاوڵاتییانى، لەکاتێکدا عەرزو عاسمانى ئەم وڵاتە نەوتە؟ یەکێک پێم بڵێت دەسەڵاتداری هەرێمەکەمان کەى ویستویانە خزمەتێک بەم هەرێمە یان تاکى ئەم هەرێمە بکەن و دەسەڵاتدارانى بەغدا نەیانهێشتبێت؟
ئەى کەواتە ئەو خزمەتە چییە بەغدا ڕێگرە و ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەى سەربەخۆییەوە بماندەنێ؟
ئەى کەواتە چى ڕوودەدات، بۆ دەیانەوێت لە بەغدا جیا ببنەوە، لە چى جیا دەبنەوە؟

هەر لەکاتى دروستبوونى عێراقى نوێوە تا ئێستا، دەسەڵاتدارانى کورد بەشێک بوون لە بونیادنانى عێراق، یان ڕاستر بڵێین بەشێک بوون لەوەى بێ لەوەى ئابورى خۆمان تاڵان بکەن هی عێراقیشیان بەو دەردە دەبرد، واتە ئیشکردنى مافیایەکانى کوردایەتى بۆ کوردایەتى بوون نەبوو لە عێراق، یان بۆ ئەوە نەبوو خزمەتى ئەم هەرێمە بکەن، بەڵکو بۆ ئەو نانە چەورە بوو کە لە بەغدا دەستیان دەکەوت، یان بۆ ئەوە بوو وەکو دەڵێن (هی خۆم بۆ خۆم هی تۆش دەخۆم)، ئەمە تا جاڕدانى (ئابورى سەربەخۆ) بەردەوام بوو، تا ئێرە هەزاران هەزار دۆلارى عێراق و کوردستانیان هاوشێوەى ئەو شۆفڵ و تەلە کارەبایانەى ساڵى ١٩٩١ ئاودیوى دەرەوە کرد. واتە خۆیان (بەرەو کوردستانى سەربەخۆیان) لەناو بردو چوونەوە بۆ عێراق، ئەم چوونەوەیە ئەوە نەبوو کە سیادەى عێراق دیسان لەسەرمان بێت هاوشێوەى دەوڵەتان و هەرێمەکەیان، بەڵکو پەیوەندییەک بوو لەسەر ئەساسی جەردەى و دزى و ڕاوڕووتى نیشتیمان کە سوڵتان و ئاغاکانى نەوت دروستیان کرد، ئەم پەیوەندییە بەردەوام بوو تا شیعارى (هی خۆم بۆ خۆم هی تۆش دەخۆم) بچڕێنرا، ئەم شیعارە و بە کردابوونى ئەم شیعارە لە لایەن مافیایەکانى کوردایەتییەوە لە عێراقى نوێ سەرى نەگرت، هەرچەند تا ئەو کاتەش بەردەوام بوو کە وەزیرەکانى کوردیان لەسەر دزى ئاودیوی هەرێمى کوردستان دەکردەوە، بەڵام لێرەدا بەتەواوى بچڕانى ئەو پەیوەندییە دروست بوو.

ئەو پەیوەندییەی کە لەسەر ئەو شیعارە دروست بووبوو، بە جۆرێکى تر کە لە بەغدا سەری نەگرت هاتەوە هەرێمى کوردستان خۆى مانفێست کرد. ئەو شیعارە لە ژێر ناوى (ئابورى سەربەخۆ و چاکسازییەوە) هەرچى خێرو بێرێک هەیە کە هاوڵاتى کورد لەسایەى عێراقی نوێوە چەند ساڵێک دەستمان کەوتبێت لێی سەندینەوە، واتە شیعارەکە (هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش دەخۆم) مافیایەکانى کوردایەتى ڕێک لەسەر خەڵکى کوردستانيان جێبەجێیان کرد، ئەمەش دواى داخستنى پەرلەمان ڕوویداو تا ئێستاش بەرەدەوامە، سولتان و ئاغاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان هەر بەوەوە نەوەستان نەوتى کەرکوک و عەرز و عاسمانى ئەم وڵاتەشیان یان بۆ کۆمپانێکان دۆڕاند یان ئاودیوی تورکیاى دەکەن، لە ئێستا هیچ ترسێکیان لە خەڵکى هەرێمى کورستان نەماوە بۆ ئەو جەردەیی و ڕاوڕوتییە، بەڵکو تاکە ترس مابێت عێراقە یان بەغدایە، کە ڕۆژیک یان دواى موسڵ سیادەی خۆى وەرگرێتەوە و لەسەر ئەو هەموو کارە مافیایە لێپرسیننەوەیان لەگەڵ بکات، تاکە ڕزگاربوونیشیان ئەوەیە هەم ئەو پەیوەندییە بپچڕێنن لەگەڵ بەغدا، هەم مافیابوونیان بگاتە لوتکەى ڕەهایەتى و هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکى نە لە ئێستا نە لە داهاتوو نەبێت. لە کۆتای ئەم تێزە دەڵێین هیچ دەسەڵاتدارێک بە قەت دەسەڵاتدارانى کورد سەربەخۆ نین، بەڵام ئەو سەربەخۆییە هەیانە و دەیانەوێت بۆ گەیشتنیانە بە ترۆپکى ستەمکارى.

تێزى سێیەم/ گەیشتن بە بە ترۆپکى ستەمکارى لە ڕێگاى خەونێکى ناکامڵ و یۆتۆپیایەکى درۆزنانە.

هەموو ستەمکارێک بۆ ئەوەى بگاتە دەسەڵاتى ڕەهای ستەمکار خۆى، پێویستى بە کۆمەڵێک ڕێوشوین هەیە بۆ ئەوەى هەم جەماوەر بکاتە حەشامات و ڕایانبێنێت لەسەر ئەو کارانەى دەیکات، هەم خۆشى قەناعەت بە خۆى بکات. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە کە زۆربەى ستەمکاران دەیگرنە بەر ڕێو شوێنى ئایدۆلۆژییە، باشترین ئایدۆلۆژیش ئەوەیە کە تاکێک بێ غەبەر و بێ هەواڵ بکات لەوەى چى ڕوودادەت.
یەکێک لەو تەکنیکانەى کە دوا چەکە بۆ دەسەڵاتدارانى خۆمان بۆ گەیشتنیان بە خەونى ستەمکارى ڕەها، چەکى ئایدۆلۆژیاى ناسیونالیزمە، ئایدۆلۆژیا ناسیونالیزم یۆتۆپیایەکی خەیاڵى( بەهەشتێکى خەیاڵى) لە داهاتوو دەخوڵقێنێ بۆ ئەوەى مژدەی سەرزمینێکى تر لەم سەرزەمینە وێرانە هەیە کە خۆیان دروستیان کردووە بە خەڵک بدەن، وەکو گوتمان ئەم چەکە پێشتر بە تەکنیکى جیاواز دیکتاتۆرە گەورەکان تاقییان کردۆتەوە. هیتلەر دواى ئەوەى کە گەیشتە دەسەڵات بۆ ئەوەى کردارە چەپەڵەکانى لاى تاک و کۆمەڵگە بە ئاسانى قبوڵ بکرێت (مرۆڤى ئارى) داهێنا، ئاریبوون لاى هیتلەر ئەوەبوو مرۆڤێکى باڵا لە چاو ئەوانى تر بەرزترە، واتە دەسەڵاتى سیاسى نازى ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە نەژادێکى بێگەرد.

ئەم تەکنیکە بە جۆرێکى تر لاى گەورە دیکتاتۆرى عێراق تاقیکراوەتەوە، سەدام حوسێن بانگەشەى (پانعەرەبیزمی) دەکرد، ئەم ئایدیا فاشیستەى کە بریتییە لە بانگەوازبوونى یەک نەتەوەى عەرەب و دامەزراندى یەک دەوڵەتى عەرەبى بووە ئایدیاى حزبی بەعس، ئەم ئایدیا بووە شەڕی ئێران و کۆیت و ئەنفالی کرد. لە ناوچەکەشدا ئەوەى ئێستا هەیە و ئەو خەونەى تا ڕادەیەک کردە واقیع (ئەردۆگانە). ئەردۆگان لە ڕێگاى ناسیونالیستى تورکەوە ئەو مافە بە خۆى دەدات تەواوى کورد قڕ بکات. ئێستاش بە تەکنیکیکى هەندێک جیاواز، ئەمەش چونکە ئێمە دەوڵەت نین دەسەڵاتدارانى خۆمان دەیانەوێت بەو ڕێگە ئایدۆلۆژییە ناسیونالیستە خێزانييە بڕۆن.

ئەگەر کەمێک یادەوەریمان هەبێت بگەرێینەوە بۆ چەند مانگێک و ساڵێک پێش ئێستا هەر ئەم تاقمە دەسەڵاتە بوو کە چەندین جار وەعدى چاکسازییان بە خەڵک دەدا، ئەم چاکسازییە نەک نەکرا بەڵکو وڵاتیان بەردەوام لە قەیرانى تازەوە تێوەدەگلان، بەڵام بەردەوام خۆیان لەو قەیرانانە دەدزییەوە، هانا ئارێنت لە کتێبى (بنەماکانى تۆتالیتاریزم) ئاماژە دەکات بۆ ئەوەى ستەمکار خۆى لە قەیرانەکان بدزێتەوە و بارى نائاسایی لەناو خەڵکدا بچەسپێنێت پێویستى (بە شەڕی بەردەوام، دوژمنى بەردەوام، سازدانى سیناریۆی بەردەوام) هەیە، سوڵتان ئاغاکانى نەوتی هەرێم لە ڕێگەى پڕوپاگەندەى مەکینە گەورەکەى ئیعلامیانەوە ئەم شەڕە درۆینانەیان بۆ خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان دەخوڵقاند، ئەم پڕوپاگەند و درۆیانە کە هەموو دیکتاتۆرەکان دەیگرنە بەر بۆ ئەوەى هەم جەماوەر هاوشێوەى سەگەکەى (پاڤلۆڤ) لێ بکەن، (سەگەکەى پاڤلۆڤ بە جۆرێک پەروەردە کرابوو تەنیا بە بیستنى زەنگ خواردنى دەخوارد ئەویش نەک برسی بێت بەڵکو وا پەروەردە کرابوو)، ئەمە بۆ جەماوەر لە لایەک و لە لایەکى تریش ئەم درۆکردنە بۆ خۆشیان بۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە.

دەسەڵاتدارانى کورد تا ئێرە هێنایان لە چەمکى بێ بەها دەیان سیناریۆیان داتاشى تا واى لێ هات خۆیان بڕوا بە درۆ بەردەوامەکانى خۆیان بکەن و ئەو درۆیانە بووە کۆت و لە ملیان ئاڵا و نەیانتوانى خۆیانى لێ قوتار بکەن، کاتێکیش لە ڕێگەى پلانەکانیانەوە شکستى گەورەی ئابورى و سیاسەییان تووشبووە، دەمامکى نەگریس و ڕییاکارییان هەڵدراوەتەوە، ئا لەم کاتەشدا کاتێک کە پەردەى حەیا و شەرمیان نەما دەیانەوێت ئەم شەڕە تا کۆتایی بەردەوامیی پی بدەن، بەڵام ئیدامەدانى ئەم شەڕە لە ڕێگەیەک مافە نیشتیمانێکانە کە ناشرینترین ڕێگەیە، دەسەڵاتدارانى هەرێم ناشیرینترین و ستەمکارترینن لەناو ستەمکارەکانى مێژوو، چونکە یارى بە شتێک دەکەن کە خەونى سەدان ساڵەى میلەتێکى ژێر دەستە بوو، بەڵام ئەمان نەک هەوڵى ڕزگاربوونى ئەو میلەتیان نەداوە بەڵکو لە سایەى ئەم حوکمڕانیکردنەى بونیادیان ناوە ژێردەستتریان کردووە.

ئەم خەونە کە ئەوان هەڵیدەگرن ئیتر خەونێکى زۆربەى ستەمکارانى مێژووە، خەونى مانەوەیە لەسەر کورسی بۆ ئەبەد بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، ئەم خەونى ناسیونالیزمە لە ڕیفراندۆم و دواتر دەوڵەت و دواتر نەژادە وە دەستپێدەکات، بۆیە دەبێت هەموو لایەک بزانین ئەم خەونە خەونێکى هەتا هەتاییە، بیروباوەڕێکى هەڕەمەکی پڕوپوچ و بەهەشتێکى درۆینەى خەیاڵییە لەسەر حسابى شکستە یەک لەدواى یەکەکانى ڕۆژانە دروست دەبێت، لەسەر ئەساسى برسیکردنى خەڵک دروست دەبێت، ئەم خەونە خەونێک بوو هیتلەر و مۆسۆلینى ڕوخاند و سەدامی بەو هەمو دەسەڵاتە گەورەیەى خۆیەوە لە پەتى سێدارە ئاڵاند.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish