Skip to Content

نان و ڕۆن … پشکۆ ناکام

نان و ڕۆن … پشکۆ ناکام

Closed
by ئه‌یلول 19, 2016 General

….يەکێتی هەموو ڕێگاکانی تاقی کردۆتەوە، بە هاوپەيمانێتی ستراتيجیشەوە و زۆر جاریش پشی پشی و خۆ بە برا بچوک زان ، گروپە ئیسلامیەکان چەندین جار نەرمیان نواندوە و جار جارەش ئەم بەر و ئەو بەریان کردوە ، بەڵام جگە لە سوتاندنی بارەگاو ڕاونانی خۆیان
هیچی تریان لێ حاصل نەکردوە، گۆڕان سەرەڕای وەستان لە ڕووی بەشێکی جەماوەرەکەی، تا ڕادەیەک پێی بە جەرگی خۆی نا بەشداری حکومەتی کرد ، بەڵام لە بەرامبەر (کاوبۆ ) کانی پایتەخت جگە لە گەڕانەوە بۆ گردەکە هیچی تریان لەو موجازەفەیە بەدەست نەهێنا……..
کۆبونەوەی دوو قۆڵی..کۆبونەوەی دوو قۆڵ و قاچێک ..دانیشتنی سێ قۆڵی..وورتە وورتی چوار قۆڵی،،، دەربڕینی ناڕەزایەتی شەقام و حیزب، چاوشارکێی ئیعلامی و دواتر هێرش و فەزح کردن، کەشف کردنی ڕۆژانەی هەموو راستی و واقیعەکان بە بەڵگە و ژمارە و نووسین و ووتنەوە ، دان بەخۆیا گرتن تا دان لە دەما نەما ، ئەمانە هەموو و دەیان شێوازی تری هەوڵەکان لە هەرێم بەرامبەر بە بنەماڵە و پارتی بە کەڵکی یەک فلسی قەڵب نەهاتوون، هەموو هەر هاوارێتی و کەسیش هەنگاوێکی عەمەلی نانێت جگە لە ڕستە کۆن وسواوەکە: ئەبێ ئەم بار و دۆخە چارەسەر بکرێت ، حیزب و لایەنەکان بە مانشێتی میدیاکان کەسیان ئەوەی پارتی ئەیکات قبوڵی ناکەن ، پارتی و بنەماڵەش لەو لاوە زۆر بە ئیسراحەت و لەسەر خۆ بەرنامەکانی خۆیان جێ بەجێ ئەکەن بە خیانەت و مێش میوانیان نیە ێت، تەنانەت گەر جاروبار دەرودرواسێ و دؤستەکان ! قسەیەکیان تیا کردبێت هەر بە موجامەلە و قسەی بەینی دوو میوان ماوەتەوە و نەتوانراوە هیچ شتێک بگۆڕێت و لە یاری مار و پەیژەکە پارتی بە پەیژەکانا سەرئەکەوێت و برادەرانیش زوو زوو توشی مارەکان ئەبن و هەر فێری زار گرتن نەبوون……….
بنەماڵە و پارتی بە جۆرێک حوکم ئەکەن کە چۆتە قاڵبی بوون بە (ڕژێم) بە جۆرێک چەوسانەوە پەیڕەو ئەکات کە هێزی پێشمەرگەشی گرتۆتەوە کە بەرامبەر داعش لە سەنگەران و لە بەش کردنی چەک و هاوکاری مادی خێرە و مەندەکان بەشی زۆری ئەگەر هەمووی نەبێت بۆ خۆیانه و خوا هەڵناگرێ لایەنەکانیش نوتقیان لێوە نایەت…
ئەمڕۆ بنەماڵە و پارتی لایەکی هەرێمیان بۆ خۆیان بردووە جگە لە خۆیان کەس بۆی نیە بڵێ لەل ، ئیتر کات و هەقی خۆیەتی لە ناوچەکانی تر و بەتایبەتی (سلێمانی) بیر لە چارەسەرێکی سیاسی- ئیداری گونجاو بکرێتەوە کە لە هەموویان واقیعی تر دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و هەڵەبجە بێت و لە فورسەتێکیشا “گەرمیان ” بکرێت بە پارێزگا و ئەو سێ پارێزگایە هەیکەلی ئیداری هەرێمەکەی لەسەر دابمەزرێت، بەش بەحاڵی خۆم تا سەر ئێسقان لەگەڵ هێنانەکایەی ئەو هەرێمەم ، بەمەش دونیا کاول نابێ، دیارە قەدەر وای کردووە کە ئەم ناوچەیەی ئێمە تا لە بنەماڵە دوورتر بێت ئارام و دڵنیا تر بین و فریای سەرخورانی خۆمان بکەوین، با چیتر نەوت و داهاتی ئەم ناوچەیە نەخرێتە مەزادەوە و خێر و بەرەکەتی خاکەکەی بۆ دانیشتوانەکەی بێت نەک بۆ قاسە و گیرفانی چەند کەسێکی غەریب و نا ئاشنا پێ ی ، بێ بەش کردنی خەڵک لە داهات و سەرچاوەی بژیۆی خۆی جۆرێکە لە خیانەت و بەرامبەر بە خیانەت هەموو جۆرە خەبات و بەگژاچونەوەیەک ڕەوایە و هێنانە کایەی ئەو هەرێمەش لە چوارچێوەی ئەو خەبات و هەنگاوە مەدەنیانەیە و دڵنیاشم ئەوە ش بۆ چونی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە بێت و بۆ ڕاستی شیکردنەوەکەش ئەکرێت لە ناوچەکە “سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان ” ڕیفراندۆمێک رێک بخرێت کە : ئایا خەڵک بۆ باشترکردنی گوزەران ی ژیان و دابین کردنی پاشەڕۆژێکی کراوە و مسۆگەرتر ، پێیان باشە ناوچەکەیان بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ لە ڕووی ئابوری و ئیدارییەوە ، یان نا…؟
کۆمەڵانی خەڵک ئەبێت لەوە تێ بگەن تا بنەماڵە و حیزبەکەی مابێت سوود لە یەک قەترە نەوت و یەک گرام داهاتی شەرعی خۆیان نابینن ، مامۆستایەک بە دوو سێ مانگ جارێک چارەکی !موچەکەی خۆی وەربگرێت و کوڕی بە ناو سەرۆکی! حکومەتیش لە تورکیا قاوەیەک بە چوار هەزار دۆلار بخواتەوە ؟! گەر ئەمە ئاساییە کەواتە ئەو وەزع و حاڵەی بنەماڵە و حیزبەکەی بەسەر هەرێما هێناوێانە ئەوەش ئاسایی و زۆر ئیعتیادیە ، و موبارەکمان بێت ….وەک ئەبینرێ و بێ ئەوەی ئیعلان کرا بێت بنەماڵە بە فیعلی بەشێکی لە هەرێم بۆ خۆی جیا کردۆتەوە و بە ئارەزوی خۆی تەراتێنی تیا ئەکات بێ ئەوەی حساب و ئیعتیبار بۆ یەک کەس و لا و کاردانەوەیەک بکات، کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش بە حساباتی خۆمان بچینەوە و بیرێک لە مناڵەکانمان و نەوەکانی ئایندە بکەینەوە ، هەموو بگەینە قەناعەت کە دەستە وسان دانیشتن بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەرێم موسیبەتێکی گەورەیە و هەر خۆشمان باجەکەی ئەیەین ، ئەو حکومەت و بەناو دامەزراوە حکومیانە هەر پیرۆز بە بنەماڵە بێت و ئەوەنەی بیر لەوە بکەینەوە بیرلە دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆی لای خۆمان بکەینەوە ، ئەو کاتە وەک ئەوترێت هەم خواشمان لێ ڕازی ئەبێت و هەم عەبدیش، جگە لە مەسەلە ویژدانی و ئەخلاقیەکان…………
ئیتر کۆمەڵانی خەڵک بە تەواوەتی هەراسان بوون ئەبێت و ئەکرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بەینەوە کە : چیمان پێ ئەکرێت ؟ گەر مشورێکی خۆمان لە ئێستاوە نەخۆین ، تا ماوین ئەبێت بڵێین : ئەم نانه بەو ڕۆنە..نەوەکانی داهاتوش لەسەر نان و ڕۆنێک لێمان خۆش نابن…………………………….

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish