Skip to Content

شاتۆف لەچاوەڕوانیدا مرد …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

شاتۆف لەچاوەڕوانیدا مرد …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

Closed
by حوزه‌یران 28, 2017 General, Poems

شاتۆف
ئاو نەبوایە
بۆنی خوێن کاسی دەکردین
ئەو ڕۆژگارەی پێکەوە بووین
دڵمان بەوەخۆش بوو
کەباران دەباری
مژدەی ژیانەوەی پێبوو

شاتۆف

نازانم کەی تەواودەبم
لە گرێی تەنافی
ئەم کێشانە؟
شاتۆف
تۆ لە کوێی؟
لەکۆڵانەکەی ئێمە
هەموو ڕۆژێکی عەسر
مرۆڤێ لە برسا دەمرێ
ئێوارە لافاوی کارەساتێ
پێڵاو و عینەکەیەی ئەڕفێنێ
وەک ئەوەی ئیتر
کۆتایی ژیان بێ

شاتۆف

لەنیوەشەودا
لەودیوی پەنجەرەکەمەوە
دەنگی گۆرانی دەبیسم
ژنێک گیتاری ئومێد لێدەدا
مناڵێک لەدایک دەبێ
ئەوە مژدەی
ژیانەوەی ئێمەیە هاوڕێ

شاتۆف

باوکی تۆیان کوشت و
ئەوەی منیان خنکاند
بەیانییەکی پایز بوو
چاومان لێبوو
تاک تاک کۆترەکان
ئەگەیشتنە ماڵی ئاو
تازە بەیانی کراسی تەمی لەبەرکردبوو
من و تۆ لەترسی نەهەنگەکان
تا ناوەراستی چەمەکە هەڵهاتین
لەوێ لەیەک دابڕاین
هەرلەوێش زانیمان
دیجلە و فورات
دوومناڵی
خێرنەدیوی
ڕۆژهەڵاتن

شاتۆف

چەند کاتژمێرێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو خوێنی شووشەی
پەنجەرەکان دەسڕم
ئاوی ڕێحانە و گوڵی
ئینجانە شکاوەکان ئەدەم
هەتاکوو لێدەبمەوە لە ڕۆکردنی گەنم
بۆ کۆترە باڵ شکاوەکان
هەتاکوو پیلی سەعاتی
سەردیوارە ڕووخاوەکەی ڕۆحم دەگۆڕم
سەگە ئەڵمانییە نەخۆشەکەم
ئەبەم بۆ سەرئاو و
کەمێک گاڵتەی لەگەڵ دەکەم
ئاخ شاتۆف
چۆن بتگەمێ؟
گرێی تەنافی ژیان
پڕە لە تەڵەی تاوان

شاتۆف

چەند ڕۆژێ ماوەم بدەرێ
هەتاکوو زەرفێ
مۆزی پلاستیک دەکڕم
بۆ وەچەی مەیموونەکانی هاوڕێم
هەتاکوو فوودەکەمە میزڵدانی
مناڵە کوێرەکەی دراوسێم
هەتاکوو میووەی گەنیووی
دووکاندارە ئەفغانییەکەی ناسیاوم
ئاشت دەکەمەوە
بە سەلاجە قۆڵ شکاوەکەی تەنیشتم
هەتاکوو کەمێک
گوێ لە گۆرانییەکی ژنانەی
زەکی موران دەگرم
دووا بەشی ڕۆمانە شێتەکەی
دستۆفسکی تەواو دەکەم
نووقوورچێکی پێچەوانە
لە گوێچکەی خەیاڵی دەگرم
ئاخ شاتۆف
ئەو ڕۆژەی وشەی نامەکانت
لەگەڵ خوێنی
کۆترە سەربڕاوەکان تێکەڵ بوو
ئەوە سەرەتای کارەساتی
دابڕانی ئێمە بوو

شاتۆف

چەند هەفتەیەک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو دەرمانی نەخۆشییەکەم تەواودەکەم
لە پیاوێکی مارکسی
تۆزێ پارە و
کراس وپانتۆڵێکی
بەلشەفیکی قەرز دەکەم
وەک لێپرسراوێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی
لە ڕەنگی ڕێحانە
سمێڵ و سەرم بۆیە دەکەم
گیرفانم پڕدەکەم لە داڵغەی پارە
قیت قیت
وەک کەلەشێری دۆڕاوی دوای جەنگ
بیرەوەری ئەو شەقامەی
پشتی پڕە لە زامی پێ
ئەگەرمە کۆڵم و
بەرەولات
دەکەومەڕێ

شاتۆف

کەمێ ماوەم بدەرێ هەتاوەکوو
عەینەکەکەم دەگۆڕم بە ئەمریکی و
دانە دانە
دانەکانم دەردەهێنم و
لە منەتی خوا دەرئەچم
چاڵی کەلاوەکانی پووکم
بە مشتێ خۆڵەمێش و خۆێ پڕدەکەمەوە
تاقمێکی ئیتالی درووست دەکەم و
گوێز و قەسوانی کارەساتی پێدەشکێنم
پاشان کڵاوە ڕەنگاوڕەنگە
غەریبییەکەم لەسەردەکەم و
بەرەولات دێم

پەلەم لێمەکە شاتۆف
هەتاکوو بوتڵێ شەرابی مەرگ دەکڕم و
سەرێک ئەدەم لە شایی خوێن
سڵاوێک دەکەم لە لۆتی ژیان
تەلەفۆنێک دەکەم بۆ هاوڕێ کرێکارەکەم
باسی پاریسی ئێستا و
کۆمۆنەی کۆنی بۆ دەکەم
هەتاکوو دۆستێکی ستالین دەبینم و
هەواڵی سیبریا و ترۆتسکی لێدەپرسم
هەتاکوو مژێک لە ژەهری
ئەم تەنیاییە ئەدەم و
ژمارەی هەنگاوی
سەفەرەکەم دەژمێرم

شاتۆف
چەند مانگێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو لەم دوودڵییە ڕزگارم دەبێ
کراسی غەریبیم کۆندەبێ
هەتاکوو پەراسووی گەڕم
ئەگات بە پشتی کووڕم
گوێچکەی شێتم دەکشێ
تا سەروی لووتی نەخۆشم
هەتاکوو پەنجەی تاوانم
تف دەکات لە نینۆکی پیرۆزم
هەتاکوو برۆم
یاخی دەبێت لە چاوم
قاچ
لە ڕێگای چەواشەم و
سەرم
لە پەتای فەلسەفەم

شاتۆف

پەلەم لێمەکە هەتاکوو ڕادێم
بە مەکری پێکەنین و
دەق دەگرم بە گۆرانی مەرگەوە
هەتاکوو شەبقەی حیزب فڕێئەدەم و
کرمی مەزهەب
لە ڕۆحم دا دەکوژم
هەتاکوو لەفێی ئەپارتمانی
ژمارە چل و پێنج
ڕزگارم دەبێ و
خانوویەکی خەیاڵی گاڵتەجاری
لە کەناردەریای بێکۆتایی بنیات دەنێم
پڕی دەکەم لە سیسرکی سپی ئاشتی و
نیوەشەو بەدزی تاریکیەوە

سەمایان بۆ دەکەم
بەرهەیوانە ڕووخاوەکەی ئەدەم بەکرێ
بە خوێنەرێکی گەمژەی کافکا و
گوێ لە درۆی
ژیانی دەگرم

شاتۆف

پەلەم لێمەکە
هه تاکوو دەستی چەپم
ئاشت کەمەوە بەڕاستم
گوێ لە سکالای گۆرەوی و
پێڵاوی تەنگم دەگرم
هەتاکوو تەواودەبم
لە ژماردنی مووسی سپی
سەری کاسم
ئاخ شاتۆف
چیت لێم دەوێ؟
سیسرک
پاش قەڕنێ
بە شایی نیووەشەو
شادئەبێ

شاتۆف

کەمێک ماوەم بدەرێ
پارچەیەکی لەشم
لەشوێنێک لێبەجێماوە
دەگەڕێم نایدۆزمەوە
لەوانەیە لە ژووری
پۆلیسی تاوان بێ
یان لەسەر کورسی
شەمەندەفەری
ژمارە پەنجاو شەشی تەمەنم بێ
لەوانەیە لای بۆن فرۆشەکانی
قەیسەری نەقیب
لە کووچەی عەرەب لای ماسی فرۆشەکان
لەژێر قۆڵی شکاوی لقێ گیا
یان لەسەر تەپڵەکێکی پیر
لەپاڵ پیاڵە و ژێرپیاڵەیەکی ڕۆژهەلاتی
لەوانەیە ئەوڕۆژەی چووم ( ڕ ) ببینم
لەلای سەرپۆشەکەی دایکی
لێمبەجێمابێ

شاتۆف

چەند ساڵێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو ئەم سەرمای
کارەساتانە بەسەردەچێ و
لە ژماردنی گوڵی
باخچەی ماچەکان و
لە جەنگی کێچی
کۆڵانەکانی پشتم
تەواو دەبم
هەتاکوو ئاڵۆشی پێستم
کەمێ ئارام دەگرێ و
چنگی بێزاری
وازم لێدێنێ
هەتاکوو مەنجەڵی ئاشتیم
دێتە کوڵ
ئەوکاتە مژ لە جگەرەی
گەوجیم ئەدەم و
بەرەولات دێم

ئاخ شاتۆف

بێزار بووم لە گرێی دووبارە
لە پەتای سیاسەت
لەتەڵەی پارە
لەفێڵی قاتلەبەرێکی
چاوشینی مارکسی
شاتۆفی ئازیز
هێندەی باوەشی چاوەڕوانی
ماوەم بدەرێ
هەتاکوو پێت دەگەم
وەکوو جاران نەماوم
ئەترسم لە لاشەی سەربازە توڕەکان
لە گوڵی سەرگۆڕی کاپتنە دۆڕاوەکان
لەسێبەری سەنگەرە ڕووخاوەکان
لە قۆناغی تفەنگە سووتاوەکان
پێم لە هەنگاو دەترسێ و
چاوەکانم کز بوون
شەقامەکان پڕبوون
لە دز و پاسەوانی سوڵتان
ئاخ شاتۆف
بڕم لە دووبارەی تاوان

شاتۆف
چاوەڕوانم بە
کەی جەنگ کۆتای هات
پاکەتێک
نووقڵی بیرەوەری
زەرفێک
خەیاڵی قاوەیی
زەمیلەیەک
دڵەڕاوکێ و
پڕگیرفانم
گەزۆی خەم و
ئاوارەییت
بۆدێنم

ئاخ شاتۆف

لەوانەیە هەرگیز
بەیەک نەگەین
لەوانەیە چەتەکانی جەنگ
لەڕێگا بمکوژن

Previous
Next
Kurdish