Skip to Content

314 Views

پرسیارەکانى بەشدار سامى وەرامەکانى عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پرسیارەکانى بەشدار سامى وەرامەکانى عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Be First!
image_print


-بۆچى دەنووسى؟

بۆچى دەنووسى پرسیارێکى کۆنە بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە، هێزى ئەو پرسیارە خۆى لە کەشفکردندا مەڵاس نەداوە، لە دووبارەبوونەوەدا وزەکانى خۆى نوێ دەکاتەوە… ئەوە تەواو پێچەوانەى زەمەنى لەدەستچووى ژیانى مرۆڤە، مرۆڤ ناتوانێ لە رێگاى دووبارە گەڕانەوە بۆ قۆناغى بۆ نموونە منداڵى هەمان چێژ و خۆشى قۆناغى منداڵى بە دەست بهێنێتەوە، یان لە دووبارەکردنەوە بگاتەوە هەمان چێژى لەدەستچوو، زەمەنى لەدەستچوو، چێژى لەدەستچووە…

بۆچى دەنووسى هەندێ لە وەرامى ئەو پرسیارە، نوسین بە ژیان دەچوێنن: دەنوسم بۆ ئەوەى بژیم، بۆ ئەوەى بگێڕمەوە، بۆ ئەوەى لەخۆم بگەم، بۆ ئەوەى بڕواى خۆم رابگەیەنم… بەو مانایەش پرسیارەکە نزیکە لەوەى بۆ دەژى، بۆچى هەناسە دەدەى! هەندێ بە سەرچاوە نادیارەکان و هەستەکانى ناوەوەى دەبەستنەوە: نوسین تەعبیر لە هەڵچوونەکان و کپکراوەکان و وسبەلێکراوەکانى ناوەوە دەکات، نوسین بڕوابوونە بە زمانى دەربڕین، بڕوابوونە بە جوانى، هەندێ دەڵێن نوسین سەلوایە، هەندێکى دیکە دەڵێن وەک عەشق شەیدابوونە، هەندێ بوونى خۆیان وەک رووداو لە نوسیندا هەڵدەگرنەوە…

دریدا دەڵێ نوسین ژەهر و تریاکە، بەو مانایەى کە نوسین نمایانکردنى جیاوازییەکانى ناخى مرۆڤە، نواندنى خۆشەویستییە بۆ ئەویدیکەى جیاواز… نوسین بونیادنانى پەیوەندییە لەگەڵ ئەویدیکەى بەرانبەر! نوسین ئیلتیزامى مرۆڤى هوشیارە بەرانبەر زمان و پەیوەندى و خۆشەویستى… دەمەوێ بڵێم هەمیشە دەبێ زمان لە نوێوە دابهێنینەوە، ئەو رستەیە بە رستە شیعرییەکەى رامبۆى شاعیرەوە دەبەستمەوە کە دەڵێ”دەبێ خۆشەویستى لە نوێوە دابهێنینەوە” مرۆڤ و مرۆڤبوون واتە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەویدیکەى جیاواز، نوسین لە پەیوەندیگرتن بەدەر نییە، دواجار دەڵێم نوسین جۆرێکە لە منایەتى جوانى و چێژ.. نوسین بۆ من کەوتنە نێو دنیاى مەجاز نییە، نوسین دووبارە داهێنانەوەى ژیانێکى جوانترە، داهێنانەوەى پەیوەندییەکى مرۆڤانەترە، داهێنانەوەى خۆشەویستییە لە نوێوە، جوانى رێگایەکى گرنگى ئازادییە، من ئازادى خۆم لە نوسیندا دەبینمەوە، دەمەوێ لە رێگاى نوسینەوە جوانتر لە دنیا بڕوانم، من شەیداى دنیایەکى جوانترم، شەیداى چێژى ژیانم، بۆیە دەنوسم…

– ئەگەر نەنووسى هیچ کێشەیەک لە تۆدا روودەدات؟

کێشەى نوسین، کێشەى زمان و مەعریفەیە، من بنوسم یان نا، دنیا لە ئاو خواردنەوە ناکەوێ. باران دەبارێ، مرۆڤ خەون دەبینێ، رۆژ جارێکى دیکە دەردەکەوێتەوە… من بنوسم یان نا، وشەیەک نییە بڵى موتەلیب نامبینى چۆن بۆت دەسوتێم؟ کێشەى نوسین هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناکات کە نوسەرێک واز لە تەختى نوسین دێنێ، بەڵکو کێشەى نوسین تایبەتمەندى خۆى هەیە، مەرجى تایبەتى خۆى هەیە، کێشەى نوسین لە نوسیندایە. کێشەى زەروورەتى نوسین بۆ نوسەر کەوتنە نێو دنیاى مەجازە… دووبارە دەڵێم نوسین بۆ من منایەتى جوانى و چێژە، نەک مەجاز و دەسەڵات! لە نێوان مەعریفە و زماندا کێشە نییە، بەڵکو جیاوازى هەیە، کێشە لە کورسى دەسەڵاتدایە… نوسینى ئەدەبى بە خەتى گەورە وەرامى هیچ کێشەیەک ناداتەوە، زمان نەبێ، چونکە زمان سەرەتا و کۆتایى کێشەیە، بەڵام کێشەیەک نییە بە یەکجار دیارى بکرێت! کێشەى گەورەى نوسینى ئەدەبیش ئەوەیە کە خۆى بە ئاسان بە دەستەوە نادات، کێشەى گەورەى نوسینى ئەدەبى لە فرە رەهەندیدایە، لە فرە مانایى دایە، لە ئاستە بەرزەکانى جوانى دایە… بە دیوەکەى دیکە نوسینى ئەدەبى هەمیشە لە نوسەر دەوڵەمەندترە… نوسەر بەپێى دوور و نزیکى لە مەعریفە بایەخ بە نوسین دەدا. نوسین بە پێى دوور و نزیکى لە زمان و مەعریفە پەیوەندییەکانى دادەمەزرێنێ…

-زەروورەتى نوسین بۆ تۆ چییە؟

ئەزموونى نوسین لە جەوهەردا تەجاوزکردنى کۆتوبەندى کۆمەڵگایە، هەوڵێکە بۆ تەجاوزکردنى سنورە باوەکانى مەعریفە، هەوڵێکە بۆ تەجاوزکردنى سنوورە باو و ئاساییەکانى زمان، ئەو سنوورانەى کە بە رواڵەتە ئاسایى و باوەکانى گرامەر و هەبوو رازییە، ئایا زمان و مەعریفە لە داوا باوەکان و یاساکانى گرامەر کورت دەکرێتەوە؟ نوسین ئەمەکدارى نییە بۆ سنورە باوەکانى مەعریفەى کۆمەڵگا و یاسا و رێساکانى گرامەر و وەستان لە سنوورى مانا لە کار کەوتووەکاندا، بەڵکو هەمیشە نوسەر ئاواتى تەجاوزکردنى سنورەکانە، سنوورەکانى زمان، دابونەریت، مەعریفە، تاکو لەو رێگایەوە هەمیشە بە سنوورى هەستەکانى ئەویدیکەى جیاواز و مەعریفەى جیاواز بگات، بێگومان ئەوەش بۆ خۆى لە هەردوو ئاستى (تێگەیشتن) و (راڤەکردن) خۆى دەنوێنێ، لە ئەزموونى نوسیندا ئەزموونى زمان و مەعریفەیەکى دیکەى جیاواز دێتە ئاراوە.

بۆ من نوسین نزیکە لە پێکەنین، بەو مانایەى کە پرۆسیسەکردنى کرانەوە ء ئازادییە، دەشێ نوسین پێکەنینى ناوەوەى مرۆڤ بێت بە رووى دەرەوەدا، مرۆڤ دەتوانێ لە رێگاى پێکەنینەوە تەعبیر لە ئازادى ء کرانەوە بکات. نوسین پێکەنینینە بەو مانایەى کە بکرێ رەسەنایەتى و یاسا باوەکان و مانا لەکارکەتووەکان لە ئاوڕدانەوەى خۆیان بخات ء لە پیرۆزى رووتیان بکاتەوە، کاتێک کە دەڵێین نوسین پێکەنینینە بەو مانایەیە کە ئەویدیکەى جیاوازء کپکراو ء وسبەلێکراو لە ترس ئازاد دەکات، کاتێک ئەویدیکە لە ترس ئازاد دەبآ، ئیتر پێویستى بە هیچ پیرۆزى ء خواوەندێک نامێنآ، بەو مانایە نوسین پرۆسیسەکردنى کرانەوە و ئازادییە.

هیچ دەق ء گوتارآ لە دنیادا نییە، نێودژى ء جیاوازى لە خۆدا هەڵنەگرتبآ، بەرجەستەکردنى ئەو نێودژى ء جیاوازییانەیە، خودى ئەو نێودژى ء جیاوازییانە لە رێگاى تێگەیشتن و خوێندنەوە ء راڤەکردنەوە دەردەکەوآ، نوسین دامەزراندنى بونیادێکى نوێیە بۆ نێودژییەکانى مەعریفە و ژیان… زمان لە هەردوو ئاستى دال ء مەدلولدا لە تۆڕێکى پڕ جیاوازى خۆى دەدۆزێتەوە، جارێکى دیکە نوسەر دەکەوێتە ئەو تۆڕەوە. نەک هەر لە زمان بەڵکو لە ناخى هەموو شتێکى بەرواڵەت سەربەخۆء ئامادەدا ئەو جیاوازییە وجودى هەیە!

دریدا نوسین بە کردارێک دادەنى کە دژى دەربڕن دەکەوێتەوە، نائامادەیى دەنگ دەنوێنآ، ئەو جیاوازییەى کە دریدا تەئکیدى لێدەکاتەوە بریتییە لە جیاوازى نێوان ئامادە ء نائامادە… بەڵام جارێکى دیکە وەزیفەى وشەى دەربڕاو بە ئاماژەى زمانەوانییەوە دەلکێنآ، وشەى دەربڕاو لە ناوکۆیى جۆراوجۆردا خۆى دووبارە دەکاتەوە، بەو مانایەش وشەى دەربڕاو دەکەوێتە دەرەوەى قسەکەرەوە، دریدا پێیوایە ماناى زمانەوانى بە هۆى یارییە جیاوازییەکانى نێوان وشەکانەوە نەخشەى بۆ دەکێشرآ، ئەو یارییانەش سنورێکى دیاریکراو ء کۆتایداریان نییە، بەو مانایەش جیاوازى یارییەکان بە هۆى فیکرى ئەسڵى ء نیازى پێشوو، یان نیازێک لە دەرەوەى زمان دیاری ناکرآ، بەڵکو لە ناوەوەء بە هۆى نێودژى ء جیاوازییەکانەوە بەرجەستە دەکرآ.

کەواتە نوسین نە دەرچوونە لە سیستەمى باوکایەتى (ئەفلاتوون)ء نە دەرچوونە لە سیستەمى دایکایەتى(رۆسۆ) … نوسین گەمەى دالەکانە، تەعبیرکردنە لە گەمەى دالەکان لە ئاسۆیەکى ئازادء کراوەدا… هەرگیز نوسین بۆ وێنەى جەستە ناگەڕێتەوە ، بەڵکو بۆخۆى جەستەیە ء چێژ لە خۆپیتێنى خۆى وەردەگرێت، لە ناوکۆیى خۆى، خۆى بەرهەم دەهێنآ، هێزى خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە، نوسین گەمەیە، لە رێگاى ئەو گەمەیەوە جیاوازییەکان دەردەکەون، ئەوەش لەلایەک خۆشەویستى دەگەیەنێت بەو مانایەى کە ئارەزووى ئەویدیکە دەکات، لەلایەکى دیکەش دووبارەکردنەوە، یان رێگادانە بە نێودژییەکان تاکو خۆیان لە پەیوەندییەکى دیکە دووبارە بکەنەوە. بۆ من نوسین ئارەزووکردنى جوانى و چێژە، نەک دەسەڵات.

نوسین بۆ من مەجاز و دەسەڵات ، رەنگکردنى جیاوازییە، ئیمان نییە… جگە لەوەش نوسین سەرمایەیەکى مەعنەوییە، ئەو سەرمایەیەش لە نێو کۆمەڵگایەکى هوشیاردا بەرجەستە دەبێت، کۆمەڵگایەک کە بشێ رێز لە مرۆڤ بگرێ، رێز لە ئاستەکانى هوشیارى و داهێنان بگرێ، کۆمەڵگایەک کە هێزى داهێنان ناس بکات، ئێمە دیلى کۆمەڵگاین، لە تەواوى رۆژهەڵاتدا مرۆڤى ئازاد بوونى نییە، چونکە کۆمەڵگاى ئازاد بوونى نییە، قسەکردن لە تاک و تاکگەرایى، لە ئازادى تاک لە نێو کۆمەڵگاى رەگەز پەرستى و کۆمەڵگاى خێڵەکى و تیرەپەرست و هۆزخواز… بێ مانا دەکەوێتەوە، قسەکردن لە مرۆڤى ئازاد لە کۆمەڵگاى خێڵەکى قسەکردنێکى بێ مانایە، کۆمەڵگاى خێڵەکى تاکى یاخى لێدەکەوێتەوە، نەک ئازاد… لەبەر ئەوەى نوسینى ئەدەبى پێویستى بە ئازادى و فەردانییەتەوەیە، لەبەر ئەوەى نوسین لەنێو کۆمەڵگاى هوشیار و پێشکەوتوو نەبێ هیچ رێزێکى بۆ دانانرێ، کەواتە زەروورەتى نوسین لە چیدایە؟ زەروورەتى نوسین لە نێو کۆمەڵگاى دواکەوتوو هەندێجار گاڵتەجاڕانە و هەندێجار مەرگەساتئامێزە…

-هیچ کاتێک تەنها بۆ ئەوە نووسیوتە کە ناوت وەک نووسەرێک بمێنێ؟

من هەر لە پۆلى دووەمى سەرەتایى قوتابخانەى باباتاهیرى هەمەدانییەوە بەهرەى وێنەکێشانم تێدا دەرکەوت، زۆربەى منداڵانى دەرو دراوسێ کاتێ لە قوتابخانە مامۆستاى رەسم داواى رەسمکردنى لێدەکردن، داهاتنە لاى من و من وێنەکانم بۆ دەکێشان… لە وێنەکێشاندا دەستم رەنگین بوو، بەو منداڵییەى خۆم وێنەم بۆ ئەو کچانەش دەکێشا کە لەسەر بەرگى بالیف گوڵدۆزییان دەکرد… کە چوومە پۆلى سێیەمى سەرەتایى لە رێگاى مامۆستاى وێنەکێشانەوە هەموو هەفتەیەک وێنەکم بۆ هەڵواسراوەى قوتابخانە دەکێشا و لە نێو قوتابخانە هەڵیاندەواسى و لە نمایشى ساڵانەى پێشانگاى قوتابخانەکاندا بەشداریم هەبوو… دواى ئەوە خەتخۆشیش بووە بەهرەیەکى دیکەى من و لە پۆلى چوارەمەوە هەموو مامۆستایەکان منیان بۆ نوسینى سەر تەختەرەش هەڵدەبژارد و بەشێک لە کارەکانى نوسینى تەختەرەشیان بە من دەسپارد، لە پۆلى پێنجەمەوە کەڵکەڵەى خوێندنەوە کەوتە سەرم و لەلایان باوکمەوە ئەو کەڵکەڵەیەم پەرەى پێدرا و یەکەم کتێب کە باوکم بۆى کڕیم حیکایەتى دز و قازى بوو و ئێواران بۆ ماڵەوەم دەخوێندەوە، دواتر رۆستەمى زاڵ و … کە قوتابخانەى سەرەتاییم تەواو کرد، لە قوتابخانەى زانیارى هەر لە پۆلى یەکەمەوە ژوورى وێنەکێشان کە لە هەمان کاتدا مەکتەبەش بوو، بووە شوێنى کارى وێنەکێشان و چالاکییەکانم، مامۆستا محەمەد خەتاب لە وێنەکێشاندا زۆر هاوکارى دەکردم و هانى دەدام، بەڵام من هەمیشە چاوێکم لە خوێندنەوەش بوو، کتێبەکانى ئەو مەکتەبەیە بچووکەم یەکە یەکە دەخوێندەوە لەو بارەشەوە مامۆستاى کوردى شێخ بابە عەلى بەرزنجى هەمیشە بۆ خوێندنەوە هانى دەدام و هەمیشە لە داڕشتنى وانەى کوردى پلەى باشى بۆ دادەنام… ئەوەى لە هەموو ئەو گێڕانەوەى لە بارەى بەهرەى وێنەکێشان و حەزى خوێندنەوەوە دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، کە نوسین بۆ من ئارەزوو بووە، نەک مەجاز و دەسەڵات!!
مرۆڤ پنتێکى بچووکى گەردوونە، لەگەڵ مردن دەڕوا و هەرگیز ئاوڕ ناداتەوە، مانەوەى ناو بە نەمرى تەنها قسەى زیندووەکانە، هەرگیز مردووەکان بیر ناکەنەوە، بوارى ئەو قسانەیان نە لە ئاسمان نە لە زەوى بە دەستەوە نییە…

-تاکەى دەنووسى؟

نازانم، چونکە تا لە مردن نزیک بیتەوە چێژى ژیان باڵاتر خۆى دەنوێنێ، ئەوە هەم گرفتى دەسەڵاتە و هەم گرفتى منایەتى جوانى و چێژە، هەموو مرۆڤێکیش لە ناوەوەى خۆى جیاوازە، ئەوە گرفتەکەیە، گرفتەکە لە منى نوسەرەوە نییە، من بنوسم یان نەنوسم هیچ لە مردن کەم ناکاتەوە، هیچ لە زیندووە مردووەکانیش زیاد ناکات، ئەوەى من بە نوسینەوە گرێ دەدات زمانە، ئەوەى لە نوسینشم دەکاتەوە زمانە… من نانوسم بەڵکو زمان لە مندا قسان دەکات؟!

-چۆن دەتوانین نوسینى تۆ لە نووسینى نووسەرانى دیکە جیا بکەینەوە؟

ئەوە خوێنەران دەتوانن قسەى لێبکەن، ئەگەر من لەو رووەوە قسەیەکم هەبێت، تەنها ئەوەیە کە بڵێم من شەیداى فیکرى مۆدێرن و جوانکارى زمان و خەیاڵى شیعرییم، یان بە مانایەکى دیکە خوێندنەوەکانم دەکەونە ئەو بوارەوە، دەمەوێ بڵێم بەشێک لە جیاکردنەوەى خوێندنەوە جیاکردنەوەى نوسینیشى لێدەکەوێتەوە… خوێنەریش بە هەموو ئاستە جیاوازەکانییەوە قسەى خۆى لەو بارەوە دەبێت، دواجار ئەوە ئیستاتیکاى وەرگر و خوێنەرە ئاسۆى شێوازگەرى دیارى دەکات… شێوازگەرى ئەو دەرکەوتنەیە کە لەهەندێ چرکەساتى بەدواداچوونى وشە لە رستەدا بە ئەنجام دەگات.

-نووسەرانى کورد بە گشتى وەک یەکترى و لە چوارچێوەیەکدا نانووسن؟

بێگومان هەموو کلتورێک دەرکەوتنى خۆى هەیە، هەمیشە ئەویدیکەى جیاواز پەیوەندى بە کلتورى جیاوازەوە هەیە، هەموو نوسەرێکیش کوڕى کلتورى خۆیەتى… ئەوەى ماوەیەک لە چەرخى بیستەم بە ناوى نوسەرى گەردوونى بەرجەستەکرا، ماوەیەک بوو پاشان کاڵبۆوە، تێگەیشتن لە نوسەر لە دەروەى ئەو کلتورەى کە تێیدا پەروەردە بووە، تێگەیشتنێکى کەم خوێنە، بۆیە چەمکى نوسەرى گەردوونى بێنمود مایەوە… ئەگەر ئەو پرسیارەى تۆ لە چوارچێوەى کلتورێکى دیاریکراو بێ، دەتوانم بڵێم رەنگە بەشێکى پەیوەندى بە ئاستى مەعریفە و ئاستى هوشیارى نوسەرەکانەوە هەبێت، وەک چۆن بەشێکى پەیوەندى بە دنیابینى و خوێندنەوەى جیاوازەوە هەیە! دەتوانم بە شێوەیەکى گشتى بڵێم ئاستى نوسینى کوردى لە رووى دنیابینى و مەعریفەوە نزمە، زمانى کوردى هەتا ئێستا لە رووى ماناوە هەژارە، لە رووى مەعریفەوە کورتبینە، هیچ پێناسەیەکى بۆ دنیا نییە، جارێکى دیکە دەپرسم ئایا دەتوانین (مانا/بونیاد/باوک…)ى زمانى کوردى دیارى بکەین؟ یان زمان وەک تێگەیشتن لە ئازادى، وەک شێواز، وەک دەلالەت لە نێو ئەدەبى کوردى دیارى بکەین؟ ئەوەش جەختکردنەوەیە لەو پرسیارە: ئایا دەتوانین بۆ نموونە چەمکى (جوانى) لە نێو زمانى واقیعى کوردى و چەمکى (جوانى) لە نێو شیعرى کلاسیزمى کوردى کەمەکێک لێکنزیک بکەینەوە؟ جوانى سروشت لاى (گۆران) و جوانى سروشت لە واقیعدا کەمەکێک بەیەکبچوێنین؟ زمان پرۆسەیەکە لەسەرەخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات… ئایا بەخشینى مانا، بەخشینى دەلالەت لە زمانى کوردیدا پەیوەندى بە کەشفکردن و جیهانبینى تاکى کوردییەوە هەیە؟ ئایا زمانى کوردى توانیویەتى دنیا بکاتە بابەتێک بۆ تاقیکردنەوەى توانستە خەفەکراوەکانى خۆى، بۆ ئاشتەوایى… ئایا زمانى کوردى توانیویەتى مانا و پڕبوونى مانا بکاتە هێزێک بۆ ئاشکراکردنى جەوهەرى بەتاڵى خۆى… پێموایە ئەدەبى کوردى دیوارێکى پۆڵایینى لە نێوان خۆى و دوورنیازى زمان دروست کردووە…

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
20/2/2017 هەولێر

Previous
Next

Leave a Reply