Skip to Content

گۆڕانکاری … جیهاد موحەمەد

گۆڕانکاری … جیهاد موحەمەد

Closed
by ئه‌یلول 19, 2016 General, Opinion

گۆڕانکاری، بەو حیزب و بزووتنەوانە ناکرێت کە خۆیان لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی و تاڵانچێتییەکەی پارتی و یەکێتی دروستدکردووە یان دروستدەکەن. گۆڕانکاری بە حیزب و بزووتنەوەیەک دەکرێت کە هەوڵ و خەبات لە پێناوی گۆڕینی تەوقوعات و جیهانبینی گشتی خەڵکدا بکات، گەشە بە بیرکردنەوە و عەقڵ بدات. لێرەشدا گرنگە ئەوە بڵێین کە ئەم جۆرەش لە حیزب و بزووتنەوە سیاسییانەش قورسایی ئەرکی گۆڕانکاری لە تەوەقوعات و جیهانبینی تاک و کۆمەڵگەدا ئەوەندەیە کە زەوینە خۆشبکەن بۆ گەشەی بیر و عەقڵ، بۆ گۆڕینی کولتووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دواکەوتوو بۆ کولتوورێکی دیموکراسییانە، زەوینە خۆشکات بۆ بە دامەزراوەییکردنی هەموو دامەزراوە حکومیی و ناحکومییەکان، بۆ پێکهێنانی پەروەردەیەکی دیموکراسیانە و سەردەمیانە کە غەمی گەورەی بونیادنانی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیی بێت لە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی قوتابیدا، تەنانەت لە پەروەردەی ساوایاندا، چ لە باخچەی ساوایان و چ لە ناو خێزانەکاندا وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی سەرەکی. هەموو ئەمانەش بە یاساگەلێکی مەدەنییانە ڕێکدەخرێت و دەچێت بەڕێوە و هەر بە یاساش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە حوکمڕانییەک دادەمەرزێنن کە هەموو خەڵک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری تێدا دەکات.
ئەو حیزب و بزووتنەوانەی کە تەنها خەریکی خوتووکەدانی خەڵکن بەوەی کە ئەمان هاتنە سەر حوکم و بوون بە حوکمڕان ئیتر شتێک نامێنێت پێی بووترێت بێ موچەیی و موچەبڕین، یان شتێک نامێنێت پێی بوترێت نەبوونی کارەبا؛ نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاخر ئەمانە و دەیانی وەک ئەمانە مافێکی سەرەتایی خەڵکە. ئەم مافە سەرەتاییانە هێندە سەرەتایین کە لە زۆربەی حوکمڕانییە دیکتاتۆری و تۆتالیتارییەکانیشدا کە لێوانلێو بوون لە ستەمکاری و چەوساندنەوە و سەرکوتکردن هەبوون و زەوتنەکراون، بۆیە ئەم جۆرە حیزب و بزووتنەوانە جیهانبینی و خەونی تاک و کۆمەڵگە کورت و کورێر دەکەن، خەونە گەورەکان دەکوژن و خەڵکی فێری ئەوە دەکەن کە داوای تێرکردن غەریزە ئاژەڵییەکانی بکات و هیچی دیکە.
ئەفسووس ئەم مۆدێلە سیاسیەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا جگە لەوەی کە ئەم مافە سەرەتاییانەی خەڵکیان زەوتکردووە، بە هاوکاری ئەم جۆرە لە حیزب و بزووتنەوەی ئۆپۆزسوێن هەموو هەوڵ و بیرکردنەوەی خەڵکی هێندە نزمکردۆتەوە کە تەنها داوای دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن و هیچی دیکە، ئەمەش بمانەوێت یان نا بیرکردنەوەی خەڵک کورتدەکاتەوە لە چاکسازییدا، چاکسازیش بە واتای درێژەدان بەم حوکم و مۆدێلە سیاسییە گەندەڵەیەی پارتی و یەکێتی، کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە لە حیزب و بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆن کە قاچێکی لە ناو خەڵکدایە و قاچەکەی دیکەی لە ناو دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکەدایە پارێزەری دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکەیە. ئەم داواکردنی چاکسازیە، کە خۆی لە دابینکردنی مافە سەرەتاییەکاندا دەبینێتەوە بە ئاسانی وای لە خەڵک کردووە کە دوای ئەو حیزب و بزووتنەوانە بکەون کە ئەم مافە سەرەتاییانەی خەڵکیان کردووە بە کەرستەیەک بۆ خەڵک کۆکردنەوە و دەنگدەران لە دەوری خۆیان، ئەویش بەم دوو هۆکارە: یەکەم/ ناهۆشیاری سیاسیی و کورتبینی خەڵک، کە وا ڕاهێنراوە تەنها بیر لە ژیانی ڕۆژانەی و مافە سەرەتاییەکانی بکاتەوە. دووەم/ ئەم جۆرە داواکارییانە ئاسانە و خەبات و تێکۆشانێکی قورس و گرانی ناوێت، ڕەنگە بە ئاسانیش دەسەڵاتە حکومڕانییە گەندەڵەکە ئەم داواکاریانە جیبەجێ بکات بۆ ئەوەی وەک دەرمانێکی سڕکەر خەڵکی پێ بێهۆش بکات و درێژەش بە دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ تاڵانچێتییەکەی خۆی بدات.
لە ڕاستیدا کۆبوونەوەی خەڵکی لە دەوری حیزبێک یان حیزبگەلێک کە پەیامی ئەوە بدات بە خەڵک کە دەخوازێت ئەم مافانە بگێڕێتەوە بۆ خەڵک خۆی لە خۆیدا نەرێنی و عەیبەیەک نییە، بەڵکو زۆریش ئەرێنی و باشە، بەڵام کێشەی بیرکردنەوەی من لێرەدا لەگەڵ ئەم جۆرە حیزب و بزووتنەوانەدا ئەوەیە کە لە هەمان خولگەی سیاسەتی یەکێتی و پارتیدا دەسوڕێنەوە، واتە خەڵک ڕاناهێنن بۆ دەربازبوون لەم جۆرە لە حوکمڕانی، بەڵکو تەوقوعات و جیهانبینی خەڵک هێندە نزمدەکەنەوە کە پێدانی موچە و بوونی کارەبا و ئاوی خواردانەوەی پاک و نەمانی گەندەڵی یان هەندێک خزمەتگوزاری دیکە هەموو شتێک بێت!.
شتێکی دیکەی ترسناک کە من هەستی پێدەکەم، ئەوەیە کە هەموو حیزبەکانی کوردستان و زۆربەی زۆری ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرەکانی ئەم ڕەوشە قەیراناوییەی ئێستای خەڵکی کوردستان تەوەقوعات و جیهانبینییان ئەگەر نەشتوانم بڵێم بە تەواوەتی وەک یەک وان، دەتوانم بڵێم زۆر لەیەکترییەوە نزیکن.
بە گشتی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و ئەو وڵاتانەی پێیان دەوترێت وڵاتانی ئیسلام یان جیهانی سێیەم، جیهانبینییەکی نەریتی و دینیی باڵیکێشاوە بەسەر عەقڵیەت و بیرکردنەوەی زۆربەی زۆری خەڵکدا، ئەم جیهانبینیە نەریتییە هێندە بەربڵاو و کاریگەرە بە دەگمەن حیزبی سیاسیی و ئیلیتی رۆشنبیر و نووسەران و کتێبنووسەکان و ڕەخنەگران و بەرەی ناڕەزاییەتی بە حوکمڕانییە نادیموکرات و دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان لێی دەربازبوون و توانیوانە عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆیان ئازاد بکەن لەم جیهانبینی و تەوقوعاتە نزم و نەریتییە دینی و دواکەوتووە، کە لە هەناوی قۆناغی خێڵەکی و دەرەبەگایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. بە بڕوای من کێشەی سەرکی خەڵک، کە ناتوانێت حوکمڕانییەکی دیومکراسیانە و سەردەمیانە دامەزرێنێت و بیهێنتە ئاراوە ئەم تەوەقوعات و جیهانبینیە نزمەیە.
جیهانبینی و تەوەقوعاتی خەڵکی خۆی لە هێزی خێڵ و خزمایەتی و تایەفەگەرێتیدا دەبینێتەوە. ئەم جیهابینی و تەوەقوعاتە خەڵکی گشتی دابەشکردووە بە سەر چەند حیزبێکی بنەماڵەیی و خێڵەکی و تایەفەگەرێتی و ناسیۆنالستی و نەژادپەرستیدا، کە زۆرێک لەم حیزب و هێزانە جڵەوی حوکمیان گرتۆتە دەست و حکومەت و دەوڵەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتار و چەوسێنەر و سەتمکار و داپلۆسێنەریان بۆ خۆیان دامەزراندووە و بووشن بە بریکار و هەڵسوڕاوی دەستی کۆمپانیا زەبلاحەکانی جیهانی سەرمایەداری. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە تەسک و عەقڵیەتە دواکەوتوو و نەریتییە هەندێک جار خەڵکی دابەشکردووە بەسەر ناوچەگەرێتی و دەڤەرچێتیشدا.
ئەم جۆرە عەقڵیەت و بیرکردنەوە داڕزاوە کارێکی کردوە، کە مرۆڤەکان کەسایەتی و شکۆی خۆیان لەم گروپانەدا دەبیننەوە، ئەوی لەم گروپانەدا نەبێت شکۆمەند و مەزن نییە! بۆیە بە دەستەجەمعی و بە حەشامانی گەورە خەڵکی بێ ئەوەی هەست بە خۆیان بکەن بوون بە کۆیلەی ئەم حیزب وحوکمڕانانە، خودی خۆیان بوون بە ئامرازێکی بەهێز بۆ درێژەدان بە ستەمکاری و چەوساندنەوەی خۆیان و هەموو گەل و کۆمەڵگەکەیان. ئەوەی کە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی بەرەی کوردستانی هێنایە سەر حوکم، کە بوون بە مۆدێلێکی سیاسیی زۆر ستەمکار و چەوسێنەر و داوپلۆسێنەر، ئەوە خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە و ڕەشوڕووت بوون، کە بە چەپەڵە ڕێزانەوە ڕؤژی هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەییەکانیان کردبوو بە جەژن و بە لێشاو دەچوون بەرەو سندوقی دەنگدان. ئەوە خەڵک خۆیان بوون بۆ درێژەدان بەم مۆدێلە سیاسییە گەندەڵە دایک و باوەک و باپیرە نەخۆش و کەنفتەکانیان بە کۆڵ و بە نەقالەی خەستەخانەکان دەبرد بۆ دەنگدان و ئەمشیان کردبوو بە نیشتیمانپەروەری و پیرۆزیی دەنگدان، کار گەیشتبووە ئەوەی هەرکەسێک دەنگی نەدایە تەخوینیان دەکرد.
ئەم حیزب و حکومڕانانە تەنها بە ستەمکاری و چەوساندنەوە و سەرکوتکردن وازناهێنن، بەڵکو هەر جارە و بە ناوێکەوە بەردەوامی دەدەن بە شەڕێکی نەگەریس و نەبڕاوە لە نێوان خەڵکی ڕەشوڕووتدا، جارێک بە ناوی دین و پاراستنی دین؛ بە ناوی تایفەگەرێتی سوننی مەزهەب و شیعەگەرێتیی؛ جارێکی دی بە ناوی نەتەوە یان مافی نەتەوە و ناوچە و دەڤەر و شارچێتییەوە. ئەگەر ئەمانەش نەبوون بە کەرستەیەکی شەڕ هەڵگیرسان، ئەوە بە ناوی پاراستنی (سیادەی) دەوڵەت و سنورپارێزییەوە ئەم شەڕە بەرپا دەکەن. دەیان سەدەیە بەم ناوانەوە شەڕەکان بەردەوامن و گوشت و خوێنی مرۆڤی دەرخوارد دەدرێت. لە دوای هەر شەرێکیش هەژموون و دەسەڵاتی ستەمکار و چەوسێنەری ئەم یان ئەو لایەن بە جۆرێک بەهێز دەکات کە دەخوازێت لایەنی بەرامبەر بە تەواوەتی بسڕێتەوە، هەر ئەم هەژموونەشە کە دەبێتە هۆکاری بەرپابوونی جینۆساید، دەیان جار لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا جینۆسایدی ئەم نەتەوە یان ئەو نەتەوە، ئەم دین و تایەفەی دینی یان ئەو تایەفەی دینی بە جۆرێک لاوازبوون کە خەریکبووە بنەبڕ بن یان بە تەواوەتی بنەبڕ بوون و فەوتاون.
لە باشترین حاڵەتدا، کە بە حساب سەرکەوتنی گەل و خەڵکی ئازادیخوازە لەم شەڕانەدا، بە نموونە وەک ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان، کەچی چونکە لایەنی بە ناو (شۆرشگێر)، یان لایەنی بە ناو نەتەوە پارێز و نیشتیمان پارێز داڕزاوی دەستی هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە، هەمان هەستی دەسەڵاتخوازی و داگیرکەری هەیە، هێندەی پێناچێت خەڵکی تووشی هەمان دەردیسەری و چەوساندنەوە و ستەمکاریی دەکاتەوە، وەک لە کوردستاندا خەڵکی لە سەر دەستی(شۆرشگێڕکانی) پارتی و یەکێتیدا ئەوە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە خەڵکی خراپتر لە جاران تووشی چەوساندنەوە و ستەملێکردن بوونەتەوە.
ئەم دۆزانە، وەک دۆزی کورد بە نموونە، یان دۆزی دین و ئاینزایەک، کە دەکرێن بە کەرەستەی شەڕەکانی نێوان خەڵک، خۆیان لە خۆیاندا مافێکی ڕەوایە کە خەبات و تێکۆشان بکرێت لە پێناویدا بۆ ئەوەی جینۆساید نەکرێن، یان لە پێناوی ئەوەی مافی نەتەوەییان یان دینییان لە ژێر هەژموونی نەتەوەیەکی دیکە و دینێکی دیکەدا لاواز نەبێت و نەفەوتێن، واتە مافی خۆیانە شکۆمەندی بۆ خۆیان بگێڕنەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە هەرچۆن نەتەوەی سەردەست یان دینی بەهێز و داگیرکار هێز بەکاردەهێێت بۆ داگیرکاری و هەژموونگەرایی خۆی و لەم پێناوەشدا دەخوازێت بەرامبەری بسووتێنێت و بیسڕێتەوە، ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە، بووە بە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی نەتەوە و دین و گروپە بچکۆلە چەوساوە و ستەملێکراوەکانیش، بۆیە ئەوەی کە کراوە بەرامبەریان ئەمانیش لە ڕێگەی حکومڕانییەکەی خۆیانەوە گەر بۆیان بلوێت هەمان شت دەکەنەوە بەرامبەر بە نەتەوە و دینەکانی دیکەی کە جاران ستەمکار و چەوسێنەر بوون، واتە هاوکێشەکە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت، بەڵکو تەنها جەمسەرەکان دەگۆڕدرێت.
شتێکی دیکە کە زۆر ترسناکە! ئەوەیە کە ئەم عەقڵیەتە و بیرکردنەوەیە شۆربۆتە خواری خوارەوەی یەکە کۆمەڵایەتییەکان و زۆربەی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگاشی گرتۆتەوە. ئەگەر تێبینی بکەین لە خێزاندا چۆن باوک باوکسالاریی دەکات، چۆن براگەورە بە سەر دایک و خوشک و برای بچکۆلەیدا دەخوڕێت و فەرمان دەردەکات، بە هەمان شێوە ئەم عەقڵیەتی باوکسالارییە دەبێت بە عەقڵیەتی تاک بە تاکی خێزانەکە و لە بچوکترین دەرفەتی دروستکردنی قەوارەیەکی دیکەی خێزانیدا هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوە دووبارە دەبێتەوە، ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە بۆماوەیە و بە درێژایی سەدان ساڵە خەڵکی ئەم وڵاتانە دەناڵێن بە دەستیەوە و ڕزگاری و سەرفرازی و شکۆمەندی مرۆڤەکان ژێر پێدەخرێت و بەردەوامیش بەم ناوانەوە شەڕەکان درێژەیان هەیە. واتە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەو هاوکێشەیەی کە چەوسێنرە و چەوساوەی تێدایە هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا گۆڕانکارییەکان، خۆیان لە ئەمسەر و ئەوسەرکردنی هاوکێشەکەدا دەبیننەوە، ئەوەی جاران چەوسێنەر و ستەمکار بووە ئەمڕۆ دەبێت بە چەوساوە و ستەملێکراو. دەشبێت ئەوە بزانین هەمیشە چەوساوە و ستەملێکراو زۆربەی زۆری خەڵکە ڕەشتوڕووتەکەیە، واتە لە هەردوو حاڵەتەکەدا خەڵکی رزگاریان نابێت لە مەنگەنە و دەستاڕی هاڕینەکە. ئەم لەسەر حوکم بێت یان ئەوە لەسەر حکوم بێت، گۆڕانکارییەکە تەنها ئەوەندەیە کە دەستاڕەکە چۆتە ژێر دەستی چەوسێنەر و ستەمکارێکی دیکە. کەواتە ئەم شەڕانە شەڕی خەڵک نەبوون، بەڵام کوێرانە و نەفامانە کردوویانە بە ناوی رزگربوونیانەوە.
شەڕی خەڵک لەم سەردەمەدا، شەڕێکە کە دژی نابەرابەری و نایەکسانی و نادادپەروەری دەکرێت. بە بروای من شەڕێکە لە پێناوی هێنانە ئارای حوکمێکی ڕاستەقینەی دیموکراسییدا دەکرێت، شەرێکی لە پێناوی ئازادییەکانی تاک و تاکگەرییدا دەکرێت، شەڕێکە لە پێناوی نەمانی چەوساندنەوە و ستەمکاریی و هەڵاواردن و جیاکارییەکاندا دەکرێت، شەڕێکە لە پێناوی پێکهێنانی دەستورێکی مەدەنیانەدا دەکرێت کە هەموو مافەکانی تاک و نەتەوە و کەمەنەتەەوە و دین و ئاینزایەک دابنین بکات بە یاساگەلێکی مەدەنیانە و مۆدێرنانەی سەردەم.

جیهاد موحەمەد
١٦/٠٩/٢٠١٦

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish