Skip to Content

لەبەرچی رەخنە لە ریفەراندۆمی یەکلایەنە دەگیرێت؟ …. شاخەوان شۆڕش

لەبەرچی رەخنە لە ریفەراندۆمی یەکلایەنە دەگیرێت؟ …. شاخەوان شۆڕش

Closed
by ته‌مموز 3, 2017 General, Opinion, Slider


“گەلی هوشیار هەنگاوی خۆکوژانە نانێت”

دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا، کاردانەوە نێونەتەوەییە رەخنەگر و دژەکان خێرا کەوتنەبەرچاو. دژایەتیکردنی سەربەخۆیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە وەکو پێشوو کەوتنەوەبەرچاو، ئەوەش رەنگ لە پۆلیتیکی نکۆڵیکەرانە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی داگیرکەر دەداتەوە کە هەمیشە وابووە، لەو وتارەدا گرنگی بەو کاردانەوانە نادەین. ئەوەی لێرەدا گرنگی پێدەدەین، رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان یا رەخنەی تاوتوێکراو و کۆنسترەکتیڤانەی رۆژئاوا بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ نمونە ئەلمانیایە لەمبارەیەوە. دیارە جودایەکی زۆر لەنێوان رەخنەکاندا هەیە، وڵاتانی داگیرکەر و هەوادارانیان راستەوخۆ دژن، هەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە لەگەڵ جۆر و شێوەی هەنگاوەکەدا ناتەبان.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە “بەهیچ جۆرێک خۆیان تێکەڵی ریفەراندۆمی کوردستانی ئێراق ناکەن”. یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی باشوری کوردستان و ریفەراندۆمی یەکلایەنە بە باش نابینێ، بەڵکو ئاماژە بە ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس لە رێگەی رێکەوتن و دەستورەوە دەکات. ئەوان پێیانوایە پێویستە کوردستان و ئێراق لەسەر هەموو کێشەکانی نێوانیان ڕێکەون و دیموکراسیانە گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس ئەنجام بدرێت. ئەلمانیا لەلایەن خۆیەوە رەخنە و ئامۆژگاریەکی لەو شێوەیە ئاراستەی بەرپرسانی کورد لە باشور دەکات. ئەڵمانیا پێیوایە گشتپرسی یەکلایەنە لە هەرێمێکدا کە ئازاری ناکۆکی و شەڕ دەچێژێ لە ئێستادا باش نییە، پێویستە پرسیارە کراوەکان لە رێگەی دایەلۆگ و رێکەوتنەوە لەنێوان کوردستان و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. رەخنەی ئەو لایەنانە زیاتر پەیوەندی بە مەترسی و پرسە دەرەکیەکانەوە هەبووە، دیارە ئەوان ئاگاداری رەوشی ئاڵۆزی ناوخۆی باشوری کوردستانن و ئاگادارن لەوەی کەوا دامەزراوە ستاتیەکان لەکار کەوتوون و کێشەیان هەیە. بۆ کورد و بۆ پرسی سەربەخۆیی گرنگی ئەو لایەنە ناوخۆییە کەمتر نییە لە مەترسی و پرسە دەرەکیەکان.

یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی رۆژئاوا ئاگاداری ئالۆزی کێشەی کوردن، بەڵام ئەگەر نەشیانگوتبێت ئەوان دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەوان پێیانوایە کورد وەکو هەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ڕەخنەکەی ئەوان هۆشداری و ئامۆژگاریە بۆ سەرانی باشوری کوردستان. ئەوان گشتپرسی یەکلایەنە و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوای ئەوە بە مەترسی لەسەر ڕێکڕاگری و ئاسایشی هەرێمەکە و رۆژهەلاتی ناوەراستدا دەبینین، ئەوان مەترسیەکە لەوەدا دەبینن کە ئەو هەنگاوە ببێتەهۆی شەڕی ئێتنی نێوان کورد و عەرەب، دەستێوەردان و داگیرکاری لەلایەن ئێران و تورکیا، فراوانبوونی شەڕ بۆ ولاتانی دەوروبەر، برسیەتی، کوشتار و ماڵوێڕانی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، خۆبەدوورگرتنی زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە پشتگیری جیابوونەوەکە، ڕەوکردنی خەڵک لە وڵاتانی خۆیان و بەمجۆرە شوپۆلێکیتری پەنابەران بۆ ئەوروپا هتد.

یەکێتی ئەوروپا پشتگیری ڕێگەیەک دەکات کە ئەو مەترسیانە رەچاو بکات و بەریان پێ بگرێت. رێگەیەک کە بتوانی پشتگیری نێونەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، بەمجۆرە پارێزگاری سەرەوەری باشوری کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەپێی رێککەوتنە جیهانیەکان بەدەستبهێندرێت، واتە بەدەستهێنانی مافی سەروەری و پارێزگاری لە سەروەری رامیاری و جوگرافی وڵات بەپێی پەرەگراف و چارتەرە پەسندکراوە نیونەتەوەیەکان، وەکو چارتەری ٧ ی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆیە ئەوەی ئەوان دەیلێن یەکەم هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دانپێنان و رەوایەتی لە ئاستی ئێراقدا، دووەم لەو ڕێگەیەوە بەرگرتنە بە هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی ئەتنی و نێونەتەوەیی بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە کوشتار و ماڵوێرانی داهاتوو، سێیەم بەدەستهێنانی پشتگیری نێونەتەوەیی لەسەر بنچینەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا، واتە بەرگرتن بە دژایەتی وڵاتانی دراوسێ و دوور، گۆشەگیرکردنی کوردستان و خەڵکەکەی، چەقبەستنی پرسەکەیە لە بارێکی نەخوازراودا.

بەکورتی ئەوان لەگەڵ گەیشتن بەسەربەخۆیین لە رێگەیەکی ئاشتیانە و دایەلۆگئامێزی کۆنسترەکتیڤی دانپێندراودا. ئەوەش لەلایەک دەسەڵاتێکی رەوا و بەهێز، هوشیار و خاوەن ستراتیژیی ناسیونالی ناوخۆ دەخوازێ، لەلایەکیتر رێکەوتن لەگەڵ ئێراقدا لەڕێگەی دایەلۆگ و دانوستاندا دەخوازێ. گومان لەوەدا نییە کەوا یەکێتی ئەوروپا بەپێی ئەزموونەکان دەدوێ و ئاماۆژگاری دەکا، کە پرۆسەکە بەڕێگەیەکی دروست و پەسندکراودا ببردرێت.

ئەو گەلە ناسەربەخۆیانەی کە لەڕێگەی دایەلۆگەوە گەیشتنە ڕێکەوتن و لە ڕێگەیەکی کۆنسترەکتیڤانەی دیموکراسیانەدا گەیشتنە سەربەخۆیی، توانیان مەترسی شەڕ و ناکۆکی، گەماڕۆ و گۆشەگیری بەلاوەبنێن، توانیان سەرکەوتووانە بگەنە هەواری سەربەخۆیی و زوو پشتگیری وڵاتانی جیهان بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی نوێ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. بۆ نمونە جیابوونەوەی سلۆڤاکیا لە چیک، جیابوونەوەی مۆنتنیگرۆ لە سربیا، جیابوونەوەی خوارووی سودان لە سودان.

سلۆڤاکیا: لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، هەروەها روخانی بلۆکی سوور، وڵاتە بەزۆر یەکخراوەکانی سۆڤیەت و یوگوسلاڤیا هەڵوەشانەوە و زۆر گەل سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. ئەو گۆڕانکاریە جیهانیە لەسەر چیکوسلۆڤاکیاش کاریگەری راستەوخۆی هەبوو. لەدوای سەرهەلدانی “شۆڕشی قەدیفەیی” لە ساڵی ١٩٨٩ دا ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نەتەوەیی سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دەستوری سەربەخۆی دارشت، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی زۆر لە مانگی ئۆگستی ١٩٩٢ سەرۆکی چیک و سەرۆکی سلۆڤاکیا لەسەر پارچەکردنی چیکوسلۆڤاکیا ڕێکەوتن، لە مانگی نۆڤەنمبەری ١٩٩٢ دا پەرلەمانی فیدرالی چیکوسلۆڤاکیا دەنگی لەسەر پارچەکردنی وڵات لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ١٩٩٢ دا، وە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ دا سەربەخۆیی سلۆڤاکیا بێ ئەنجامدانی ریفەراندۆم راگەیەندرا. بەمشیوەیە سەربەخۆیی سلۆڤاکیا لە رێگەی دایەلۆگ و بەپێی ڕێکەوتن ئەنجامدرا. وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان ڕاگەیاند و دانیاننا بە وڵاتی سەربەخۆی سلۆڤاکیا. جیابووەنەوەیەکی بێ کێشە و ئازار ئەنجامدرا.

مۆنتینیگرۆ: وەکو هەرێمەکانی دیکەی یوگوسلاڤیای کۆن لەگەڵ روخانی یوگوسلاڤیا لە یوگوسلاڤیا جیانەبۆوە، بەڵکو کۆماری فیدرالی یوگوسلاڤیایان ڕاگەیاند، کە لەلایەن کۆمەلگەی نێونەتەوەیەوە ڕەتکرایەوە و دانی پێنەندرا. لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەگەڵ سربیا بەیەکەوە کۆماری سربیا و مۆنتینیگرۆیان راگەیاند. لە رێگەی دایەلۆگ و دانوستانەوە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە مافی چارەنوسی مۆنتینیگرۆ لە دەستوردا بنوسرێ ، مافی ئەوە بدرێتە مۆنتینیگرۆ کە لە داهاتووی نزیکدا گشتپرسی لەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ سربیا ئەنجام بدات.

بەپێی دەستور بڕیاردرا گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی دوای سێ ساڵ ئەنجام بدرێت و ئەوەش لەپەرلەماندا پەسندکرا. لە ڕێکەوتی ٢١ مای ٢٠٠٦ دا گشتپرسی ئەنجامدرا و زۆرینەیەکی کەم بە بڕی ٥٥% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. لە ٣ ی مانگی ژونی ٢٠٠٦ دا مۆنتینیگرۆ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. بەمشێوەیە جیابوونەوەیەکی دیموکراسیانە و بەپێی دەستوور ئەنجامدرا. وڵاتی سەربەخۆی مۆنتینیگرۆ پشتگیری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان بەخێرایی بەدەستهێنا و بووە ئەندامێکی نوێ لەنێوان وڵاتە سەربەخۆکاندا.

دیارە ئەو وڵاتانە ئەوروپین و ئاستی هۆشیاری و پێگەیشتووییان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرزترە، وە کێشەکانیان هێندە ئاڵۆز نەبوون بەبەراورد لەگەڵ باشوری کوردستان. نمونەیەکی گونجاو بۆ باشوری کوردستان دەکرێ جیابوونەوەی خوارووی سودان بێت، هەروەکو خواروی سودان و سودان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شەڕی ناوخۆیی خوێناویدا بوون. دوای سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦ دا ناکۆکیە ناوخۆیەکان لەنێوان سەروو و خواروو دەستیان پێکرد و دواتر بووەهۆی شەری ناوخۆی درێژخایەن کە دوای دامەزراندنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان لە ساڵی ١٩٧٢دا ئارامیەکی بەخۆیەوە بینی و پاشان لە دوای ساڵی ١٩٨٣ دەستی پێکردەوە.

دوای شەڕی وێرانکەری ناوخۆ و ناکۆکی بەردەوام لە ٩ ی ژانیوەری ساڵی ٢٠٠٥ دا “رێکەوتنی بەرفراوانی ئاشتی” لەنێوان حکومەتی سودان و بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان مۆرکرا. هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان دروستکرایەوە و رێکەوتن لەسەر گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس کرا و بڕیاردرا دوای ٦ ساڵ خەڵکی خوارووی سودان ریفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەن. لە رۆژی ٧ فێبریوەری ٢٠١١ دا خوارووی سودان گشتپرسی ئەنجامدا و ٩٨% خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. لە رۆژی ٩ ژوڵای ٢٠١١ دا خوارووی سودان سەربەخۆیی ڕاگەیاند. دوای ئەوە خوارووی سودان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری کرا و هاتەریزی وڵاتە سەربەخۆکان. دیارە لەبەر ناسەرکەوتوویی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان لە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراسی رەوا، هەروەها بوونی کێشە و ناکۆکی خەستی ئێتنی ناوخۆ کەبۆتەهۆی روودانی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی، خوارووی سودان نەیتوانی نمونەیەکی سەرکەوتوو وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ پیشان بدات، ئەوەش نەبۆ ناووناوبانگی خوارووی سودان باش بووە نە بۆ ئەو گەلانەش باشە کە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە و هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن.

لەو نمونانەی ئاماژەمان پێدان، گەیشتن بە سەربەخۆیی لە رێگەی دایەلۆگ و ڕێکەوتن، دواتر ئەنجامدانی گشتپرسی لە باری مۆنتینیگرۆ و خوارووی سودان، کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەکەن. ئەگەر مۆنتینیگرۆ یا خوارووی سودان بێ ریکەوتن و بێ گوێدانە دەسەڵاتی ناوەند هەنگاوی سەربەخۆییان نابا، بێگومان شەڕ و ناکۆکی دروست دەبوون و دەکرا ببێتەهۆی دەرئەنجامی زۆر نەخوازراو بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە.

گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین، کەوا هەردوو دەسەڵاتی سلۆڤاکیا و مۆنتینیگرۆ دەسەڵاتی دیموکراسی و رەوا بوون، ئەوەش کۆڵەگەی گرنگ بوو بۆ هەنگاوی سەربەخۆیی ئەو گەلانە. خوارووی سودان خاوەنی دەسەڵاتی دیموکراسی نەبوو و کێشەی ناوخۆیی هەبوو، بەڵام خوارووی سودان توانی بەربەستی سەرداری سەپێندراوی سودان لە رێگەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا تێپەڕێنێ. دیارە ناکۆکی ناوخۆیی ئێستا هەڕەشە لە بوونی ئەو وڵاتە تازە سەربەخۆییە دەکات. خوارووی سودان نمونەیەکی نەگەتیڤە و وادەکات وڵاتانی زلهێز یا رۆژئاوا کە دەسەڵاتی گرنگیان لە رۆژەڤی جیهاندا هەیە بە وریایەوە هەلسوکەوت لەگەڵ هەرێمە ناکۆکیئامێزەکان بکەن و هەروا ئاسان پشتگیری سەربەخۆییان نەکەن.

بوونی دەسەڵاتی رەوای دیموکراسی کە بتوانێ بوونی ئازادی و مافەکان، سەروەری یاسا بسەڵمێنێ، بتوانێ ئاڵوێری دیموکراسیانەی دەسەڵات بسەڵمێنیت، گرنگترین بنچینەیە بۆ سەرکەوتن لە پێکانی زۆرترین ئامانجی نەتەوەیی و سەرکەوتن لە دانوستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی، دواتر بەدەستهێنانی دانپێنان و پشتگیری دەوروبەر و نێونەتەوەیی.
هەنگاونان بێ بوونی بنەما گرنگە ناوخۆیەکان و بێ لەبەرچاوگرتنی مەترسیە دەرەکیەکان هەنگاوێکی خۆکوژانەیە. لەبەرژەوەندی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستاندایە هوشیارانە گوێ لە رەخنە و ئاماۆژگاریەکان بگرێت، بنەماگرنگەکان دەستەبەربکات و هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی کۆنسترەکتیڤانە بدات.


شاخەوان شۆڕش
30-6-2017

———————————–

سەرچاوە و خوێندنەوەی زیاتر:

Chapter VII of the United Nations Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Chapter_VII_of_the_United_Nations_Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Slovakia#Establishment_of_the_Slovak_Republic_.28after_1993.29Slovakia:
Montenegro: https://en.wikipedia.org/wiki/Montenegro
South Sudan: https://en.wikipedia.org/wiki/South_Sudan
EU discourages Iraqi Kurdistan from holding independence referendum, June 19, 2017

EU discourages Iraqi Kurdistan from holding independence referendum

Germany warns Iraqi Kurds against ‘one-sided’ referendum plans, June 8, 2017 https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-germany-idUSKBN18Z2BM

UN won’t back Kurdistan independence referendum in Iraq: official, June 16, 2017 Kur¬dish Region, Middle East & World

UN won’t back Kurdistan independence referendum in Iraq: official

Previous
Next
Kurdish