Skip to Content

404 Views

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل … کاوە جلال

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل … کاوە جلال

Be First!
by July 18, 2017 General, Opinion, Slider
image_print

پێشەکى

وێنە هەمیشە لەنێو هۆش و ژیانى دەرەکیى مرۆڤدا ئامادەیە، وەک وێنەى ئەندێشەیى، ئەدەبى، وێنەى دروستکراوى دیمەن، کورسى، پۆرترێ و هتد. ئایا ئەم بوونەوەرە تایبەتییە چییە و بەچیدا لە بوونەوەرە دروستکراوەکانى وەک مێز و خانوو جیادەبێتەوە؟
“بەگشتى” لە ناوچەى کولتووریى ئێمەدا وا باوە کە مرۆ لە وێنەدا (جا وێنەى خۆیى یان شێوەسازى و ئەدەبى بێت) هێمایەک بۆ شتێک دەبینێت، لێرەشدا لە ترادیسیۆنەوە هەڵوێستى خوێندنەوە یان لێچواندن (شوبهاندن) وەردەگرێت، بەڵێ تەنانەت پەرچەکردارى ئایینی یان پسیکۆلۆژیانە ئاڕاستەى وێنە دەکات. ئایا ئەم جۆرە هەڵوێستانە پێویستن؟ ئایا پەرچەکردارى جیهانبینیانە دژى داڕشتنێک لە تابلۆدا، یان لە فۆتۆگرافی و رۆماندا، زیادە نییە؟

ئێمە لەم پرسیارانەوە دەگەین بە مەبەستی ئەم توێژینەوەیە لەبارەی تیۆریی فێنۆمێنۆلۆژیانەی وێنە
کە ئێدموند هوسەرل ( ) گۆڕانی پێدا. لێ سەرەتا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ئێمە ناتوانین لەم توێژینەوەیەدا ‘ڕاستەوخۆ‘ وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوە بدەینەوە، چونکە توێژینەوەکە، لە ڕووى مێتۆدییەوە، شرۆڤەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانەى تیۆریى وێنەیە لاى هوسەرل، توێژینەوەیەکى بەم چەشنەش کە فەلسەفەییە، دەشێت تەنیا بناغەیەک بۆ وەڵامى زانستى هونەریانەى ئەو پرسیارانەى سەرەوە پێکبهێنێت. پابەند بە مەبەستى توێژینەوەکەوە دەتوانین ببێژین کە ئەم کارە هەوڵێکى تیۆریانەیە بۆ ئازادکردنى وێنە لە کۆتى هێما. وێنە بە دیدى هوسەرل دەبینرێت نەک ئاگاییەک بیخوێنێتەوە. بینین و خەریکبوون لەتەک ئەوەدا کە دەبینرێت، دەشێت هەڵوێستى راڤەکارانەى وێنە یان نرخاندنى وێنە لە ئیدیۆلۆژییەوە (جا ئایینی بێت یان جیهانی) بخەنە ژێر پرسیارەوە. کەواتە پرسیارەکە جارێ ئەوەیە کە پێشکاریى تیۆریانە بکرێت بۆ ئەوەى “کاری هونەرى” وەک جیهانێکى تایبەتیى جیاواز لە ریالێتیى کۆمەڵایەتى ببینرێت، جیهانێک کە بەبێ پابەندکردنى بە ریالێتییەوە بتوانێت پاڵهێز بە مرۆڤ بدات بۆ ئاوەڵاکردنی هزرینى ئێستێتیکى.

رێبەرى
هوسەرل لە تێگەى مەبەستەکێتییەوە (Intentionalität) گۆڕان دەدات بە تیۆرییەکى فێنۆمێنۆلۆژیانەى وێنە. لەم روانگەیەوە وێنە لاسایى فۆرمە ئەزەلییەکان نیە، دانەوەى ئۆبژێکتەکانى نێو فەزا نییە، بەڵکو وێنە لە ئاگایى مەبەستەکییەوە وەک پێکهێنان (ترکیب /Synthesis) شیاوى دیاریکردنە.
ئەم توێژینەوەیە لە چوار بەش پێکدێت. لە بەشى یەکەمدا بە ناونیشانى “فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل” هەوڵ دەدەین مێتۆدى هزرینى فێنۆمێنۆلۆژیانە ڕوون بکەینەوە، تاکو لێرەوە لە پرسى هاتنەئاراى وێنە نزیکبکەوینەوە. کلیلى فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل بریتییە لە ئاگایى مەبەستەکى، واتا: ئاگایى هەمیشە شتئاگاییە، بێگومان بەبێ ئەوەى شت کە لەنێو فەزادایە، هاتبێتە نێو ئاگاییەوە، بە پێچەوانەوە، ئاگایى خۆی هەمیشە شتێکى وەک هاوبەند (Korrelat) لەخۆگرتووە.

هوسەرل لە موئایەشەى (Erlebnisse) مەبەستەکیانەى کەسییەوە (‘من‘ى ئەمپیریەوە) کە کەس لەنێو ژینجیهاندا (Lebenswelt) پێش ئاگایى فەلسەفەیى هەیەتى، هەنگاو دەنێت بۆ شرۆڤەى وەسفکەرانەى ئاگایى. تەوەرى یەکەم بە ناونیشانى “هەڵوێستى سروشتى” ڕوودەکاتە موئایەشەى ژینجیهانیانەى تاکەکەس. جیهان کە بە شت و ڕەوشەکانى نێوییەوە لە دەرەوەى دەرککردن هەیە، جیهانێکى ترانسسێندێنتە، واتا هەرگیز سەرجەمییانە یان تەواو ئاشکرا بە سەبژێکت نەدراوە، بۆیە نەشیاوە سەبژێکت بتوانێت بەتەواوى لەبارەی ئەو جیهانە بزانێت و بڕیاری بەسەردا بدات. لێ لەبەر ئەوەى ئاگایى هەمیشە شتئاگاییە، ئەوا ئەرکى سەرەکیى سەبژێکت ئەوەیە کە لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە بۆ ئەوەى بە مەئریفەى ڕوون و ئاشکراى ئەو شتە بگات کە وەک ئۆبژێکتێتییەکى هاوبەند لەنێو ئاگایى ئەودا دراوە. مێتۆدى ئەم توێژینەوەیەى ئاگایى بریتییە لە ئێپۆخێ (Epoché)، واتا خۆبەدوورگرتن لە بڕیار کە لە دوو کورتکردنەوە ڕووەو کرۆک (Reduktion) پێکدێت.

کاتێک سەبژێکت خۆى لە بڕیاردان بەسەر هەر دەرککردنێکى دەرەکیدا بەدووردەگرێت، ئیدی ئەو بەم ڕێیەوە هەڵوێستى سروشتى وەردەگۆڕێت بۆ “هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە” (تەوەرى دووەم)، لەم ڕەوتەشدا دەرککردنی دەرەکی یان شتدەرککردن دەبێت بە دەرککردنى ناخەکى یان بە دەرککردن_دەرککراو. لێ ئێستا بە پەڕینەوەی سەبژێکت لە هەلوێستی سروشتییەوە بۆ هەڵوێستی فێنۆمێنۆلۆژیانە ‘من‘ى ترانسسێندێنتال سەرهەڵدەدات کە لێوەى ئاگایى ترانسسێندێنتال (نۆئێزیس / Noesis) پێکەوە لەتەک هاوبەندە ترانسسێندێنتالەکەیدا (نۆئێما / Noema) پەخشدەبنەوە. گەر لە هەڵوێستى سروشتییەوە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە مرۆ دەتوانێت هەتا بێدوایەکى لە روانگەى جیاوازەوە ئاگایى شتێکى هەبێت، واتا بۆ نموونە لێی بڕوانێت و لە هەر ڕوانگەیەکەوە ناوەرۆکێکی جودای ئەو بابەتەی هەیە، لێ ئەو لەم دۆخەدا جارێ لەنێو موئایەشەکەیدایە، بۆیە نازانێت کە ئەو لە هەر روانگەیەکەوە ناوەرۆکێکى تایبەتیى بابەتەکەى لەنێو ئاگاییدا هەیە. کەواتە ئێمە لە هەڵوێستى سروشتیدا جارێ ئۆبژێکتمان نییە، بەڵکو دوای ئەوە کە سەبژێکت هەڵوێستێکى ئاگامەندانە / فێنۆمێنۆلۆژیانە بەرانبەر دەرککراو وەردەگرێت، ئیدی ئۆبژێکت دێتەگۆڕێ، لێرەشدا سەبژێکت بۆى دەردەکەوێت کە ناوەرۆکگەلى ئەو بابەتەى لە ئاگاییدا هەیە.

هوسەرل ئەم ئاگاییە کە ئێستا سەربارى ناوەرۆکە جیاوازە موئایەشەکراوەکان لە خودی هەمان بابەت بەئاگایە، بە واتایەکی دی: هێشتا هەر دەرککەرانە هەمان بابەت دیاریدەکات، ناودەنێت ئاگایى پێکهێنەرى بابەت کە ئاگاییەکى هەمەکییە و لەبەر ئەم هۆیە “زۆرترە” لە کۆى ئەو شئورانە کە ئاگاییەکە خۆی پێکیاندەهێنێت. هەر ناوەرۆکێکى ئاگایى دەشێت بە شێوازى جیا لێیبڕوانرێت: ناوەرۆکەکە دەشێت تەنیا وەک دەرککردن بکرێت بە بابەتی لێتوێژینەوە، لێ دەشێت وەک یادەوەرى یان وێنە و هتد وەربگیرێت. هوسەرل جەخت دەکات کە بەبێ ئەم ساتە هەمەکییەى (سەرجەمییەى) پێکهێنان هیچ ئاگاییەکى بابەت نابێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاگایى وێنە بریتییە لە پێکهێنانێکى وێنەخەرەوە.

لە بەشى دووەمدا بە ناونیشانى “بناغەڕشتنى وێنەئاگایى” ڕوو دەکەینە پرسى وێنەیەتى (Bildlichkeit) لاى هوسەرل. تەوەرى یەکەم بە ناونیشانى “ئاگایى وێنەیەتى” پیشانى دەدات کە وێنەیەتى لاى هوسەرل ژانرێکى وێناکردنە (Imagination). لێ ئێمە پێویستە لەم پەیوەندییەدا جیاوازى بکەین لە نێوان وێنەى هۆشەکی و فیزیکیدا. بڕگەى یەکەم بە ناونیشانى “وێنەى هۆشەکى”، بڕگەى دووەم بە ناونیشانى “وێنەى فیزیکى”، بەم کێشەیەوە خەریک دەبن. پابەند بە وێنەى هۆشەکییەوە دەتوانین ببێژین: گەرچى ئەندێشە (Phantasie) وێنەییە، لێ “وێنەیەتى” تەنیا بەڕێى ئاگاییەکى تایبەتیەوە دێتەئاراوە کە هوسەرل ناوى دەنێت “ئاگایى وێنەیەتى”. هوسەرل پەیوەند بە وێنەى فیزیکییەوە سەرەتا سێ تێگە دەچەسپێنێت کە بریتین لە وێنەهەڵگر (Bildträger)، وێنەئۆبژێکت (Bildobjekt) و وێنەسوژێ (Bildsujet). وێنەهەڵگر بریتییە لە کەرەسەى داڕشتن، وەک کاغەز، خام، تەختە و هتد. کاتێک ئێمە دەبێژین: “وێنەکە دڕاوە” یان “وێنەکە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە”، ئەوا مەبەستمان لە وێنەهەڵگرە. وێنەسوژێ بابەتى ڕیالى دەرەکییە کە لە وێنەدا دەدرێتەوە بەبێ ئەوەى هەرگیز دیاربدات.

لێ وێنەئۆبژێکت دانەوەى وێنەسوژێیە لەنێو وێنەدا و بۆ نموونە لە تابلۆدا بەڕێى رەنگ و فۆرماندنى تایبەتییەوە دیاردەدات، کەواتە ئەوە وێنەئۆبژێکتە کە مرۆڤ دەرکی دەکات. پاشان لە تەوەرى دووەمدا بە ناونیشانى “هاوشێوەیى لەنێوان وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا” دەبینین، گەرچى ئەم دوو جۆرەى وێنە شیاوى جیاکردنەوەن لە یەکترى، سەرەڕاى ئەوە لایەنێکى هاوبەشیان هەیە: بۆ سەرهەڵدانى وێنەى فیزیکی پێویستە بابەتێکى دەرەکى وەک پێشمەرج هەبێت کە پاشان دوای دەرککردنی شیمانەیەک بۆ سەرهەڵدانى وێنەیەکى هۆشەکى دێتەگۆڕێ، هەروەها لە ڕەوشی وێنەى هۆشەکیدا وێنەیەکى هۆشەکى لەگۆڕێیە بەبێ ئەوەى بەند بێت بە بابەتێکى فیزیکییەوە وەک وروژێنەر، لێ وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا وێنەیە و سوژێیەک پیشان دەدات، لە ڕەوشی هەردووکیاندا ئاگاییەکى وێنەخەرەوە، پێکهێنەر، دێتە پاڵ ئاوێتەى شئورەکان و ناوەرۆکەکانیان دەخاتە پەیوەندییەکى بابەتییەوە. ئێمە لێرەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت ڕووبکەینە هەموو جۆرەکانى وێنە: شێوەسازى، فۆتۆگرافى، ئەدەبى، وێنەى بزۆک (سینەما).

لێ لە هاتنەئاراى وێنەئاگاییدا دوو پێکهێنان کاران کە لەنێو یەکتریدان و وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ پێکدەهێنن. لە تەوەرى سێیەمدا بە ناونیشانى “وێنەئاگایى وەک یەکێتیى دوو پێکهێنان” ئەم پەیوەندییە ڕوون دەکەینەوە. لەم ڕەوشەدا کە دوو پێکهێنان کاران، پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت دەبێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانى وێنەسوژێ، لێ گەر لە ڕووى مەبەستى (فینالێتیى) ئاگاییەوە بڕوانین، ئێستا پەیوەندییەکە ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە لەم ڕووەوە وێنەئۆبژێکت لەژێر ڕکێفى وێنەسوژێدایە. بەکورتى، وێنەئاگایى بریتییە لە یەکایەتیى دوو پێکهێنان، لێ یەکایەتییەک کە ئیدێنتیتێ (شوناس) نییە، بەڵکو یەکایەتییەکى ئاپۆرییە (بێ رێگەچارەیە) و هوسەرل ناوى دەنێت وێنەدانەوەى ناخەکى (immanente Repräsentation).

لە بەشى سێیەمدا بە ناونیشانى “رێپرەزەنتاسیۆن لە وێنەدا” ڕوو دەکەینە دیدى هوسەرل بۆ وێنە وەک فۆرمێکى ئاپۆریانەى یەکایەتى کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى نادات، بەڵکو بۆ خودى خۆى. لێ بۆ ئەوەى وێنەخستنەوەى ناخەکى هەردەم ڕوانینێکی هەقیقى بێت، واتا هەردەم بەدیبێت، ئەوا پێویستە پتر بگۆڕرێت و بکرێت بە ڕوانینێکی ئێستێتیکى لە وێنە. هوسەرل بە ڕەخنە لە تیۆریى هێما گۆڕان دەدات بە پرسی ڕوانینى ئێستێتیکى. لە تەوەرى یەکەمدا بە ناونیشانى “ڕەخنەى تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆن” پیشانى دەدەین، کە لاى هوسەرل تەنیا وێنەدانەوەى ناخەکى رۆڵێک بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە دەگێڕێت، کەواتە هوسەرل وێنەئاگاییەک کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى بدات، بە ئاگاییەکى ئێستێتیکى دانانێت.

تیۆریى هێما پەیوەندییەکى ڕێژەیى لە نێوان دوو تەوەرەدا وەردەگرێت و هەردووکیان بەڕێى هێماوە پەیوەندى بە یەکترییەوە دەکەن، لێرەشدا ئۆبژێکتى دیاردەر چواندنى بۆ خۆى نییە، بەڵکو چواندنی بۆ شتێکى دى هەیە کە گۆیا هاوشێوەیەتى یان لە خۆى دەچێت. هوسەرل لەدژى ئەم تیۆرییە کە وێنە دەخوێنێتەوە یان راڤە دەکات، جەخت لە ساتى بینین دەکات لە لایەن لێڕوانەرەوە، لێرەشدا بێگومان بەبێ ئەوەى لێڕوانراو بەڕێى بینینییەوە ببێت بە هێما. پاشان تەوەرى دووەم بە ناونیشانى “وێنەئاگایى ئێستێتیکى” پیشانى دەدات، کە ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە تەنیا ڕوودەکاتە شێوازى بەوێنەکردن (Verbildlichung)، لێرەشدا بەردەوام بۆ لاى وێنەئۆبژێکت دەگەڕێتەوە. ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە ڕوانینێکی هەمەکییە.

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل پرسیارێک سەبارەت بە “ئەزموونى ئێستێتیکى” دەخاتەوە (بەشى چوارەم). ئەم کێشەیە ڕوودەکاتە پرسى وەرگرتن (Rezeption) و توێژینەوە لە هونەر. بە دیدى هوسەرل هونەر جیهانى ئەندێشەى فۆرمێنراوە، بریتییە لە هونەرى ئێستێتیکیى پەتی، بەمەش تێزى هونەر وەک لاسایى رەتدەکاتەوە. ئەرکى هونەر ئەوەیە کە دۆخە ناخەکییەکانى وەرگر (Rezipient) بەرزبکاتەوە بۆ نێو کایەى جوانیى ئێستێتیکى، وەرگر (توێژەر) بخاتە نێو دۆخى ڕوانینی یان پێشبینیکردنى ئێستێتیکیى پەتییەوە، لێ وەرگر بۆ ئەوەى بەم ئەزموونە بگات، گەرەکە هەڵوێستى سروشتیى خۆى لەکاربخات تاکو هەر دیاردەیەکى لێڕوانراو یان پێشبینیکراو بەڕوونى ببینێت. هونەر لەم روانگەیەوە هیچ گرنگییەکى پراکتیکیى نییە، نەخێر، مەسەلەکە لاى هوسەرل تەنیا ڕوودەکاتە بینینى وێنە و وەسفکردنى.

-1 فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل

بە تێڕوانینى هوسەرل تەنیا فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانە پێیدەکرێت بە بنەماکانى زانستێکى بێکەلێن بگونجێت، چونکە فێنۆمێنۆلۆژى خۆى بەدووردەگرێت لە پێشبڕیار (بڕیاری پێشوەخت) بەسەر جیهاندا. ئاخر جیهان ترانسسێندێتە، واتا سەبژێکتى زانست هەرگیز ناتوانێت بەتەواوى لەبارەى جیهان بزانێت و بڕیارى بەسەردا بدات. سەبژێکت هەر بڕیارێک لە هەڵوێستى ژینجیهانیانەى خۆیەوە بدات، لە بنەڕەتدا بڕیار نییە، بەڵکو پێشبڕیارى مێتافیزیکییە. لێ سەربارى ئەم راستییە هیچ کێشەیەکى توێژینەوە بۆ سەبژێکت چێنابێت، چونکە ئاگایى ئەو هەمیشە شتئاگاییە، کەواتە ئاگایى لە سەرجەم شێوە جیاکانیدا شت و رەوشەکانى لەخۆگرتووە، بۆیە ئەوەندە بەسە کە سەبژێکتى هزرڤان لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە تاکو بەم رێیەوە بە مەئریفەى ڕوون و ئاشکراى ئەو شتە بگات کە هاوبەندى ئاگاییەتى.

لێ فێنۆمێنۆلۆژى، وەک مێتۆدێکى هزرین، یان ڕوونتر ببێژین، وەک هەر هزرینێکى مێتۆدى، بنەمایەکى رەهاى بۆ ئاوەڵابوون پێویستە، ئەم بنەمایەش بریتییە لە لۆگیکى پەتى. مرۆ تەنیا کاتێک دەبێت بە سەبژێکتى زانست، گەر سەرەتا بە شێوەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانە لە لۆگیکى پەتى بتوێژێتەوە، ئەو گەرەکە “ڕوون و ئاشکراییەکى” مەئریفەیی بە “ئیدێ لۆگیکییەکان، بە تێگە و یاساکانى لۆگیک”ى پەتى بدات ( ). مێتۆدى ئێپۆخێ (Époche)، واتا خۆبەدوورگرتن لە بڕیار کە لە دوو کورتکردنەوە ڕووەو کرۆک (Reduktion) پێکدێت، گەرەکە سەبژێکت ڕووەو ئەم ئامانجە بەرێت. بەکورتى مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار تاکە رێگەى توێژینەوەى فێنۆمێنۆلۆژیانەیە لە هەر بوارێکدا.
کەواتە هوسەرل جیاوازى لە نێوان شێوازى جیاى هەڵوێستوەرگرتندا دەکات، بە واتایەکى دى، لەپاڵ هەڵوێستى سروشتی یان ئاسایى ڕۆژانەدا، هەڵوێستى فەلسەفەیى هەیە کە هەڵوێستوەرگرتنێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەیە. سەبژێکت گەرەکە بە مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار هەڵوێستى سروشتى لەکاربخات، بەمەش بپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە و لە ئاگایى مەبەستەکیى خۆى بتوێژێتەوە، تاکو بەم رێیەوە بگات بە ئاگایى فەلسەفەیى.

-1.1 هەڵوێستى سروشتى

تێگەى ئاگایى مەبەستەکى (Intentionalität) بریتییە لە کلیلی فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرل. ئاگایى مەبەستەکی ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە ئاگایى هەمیشە ئاگایى شتێکە، هەمیشە شتێک وەک مەبەست هاوبەندێتى. ئەم بنەمایە چواندنى بۆ هەموو شێوەکانى ئاگایى هەیە: “لە دەرککردندا شتێک دەرکپێدەکرێت، لە پێشبینیى وێنەدا شتێک وێنەییانە پێشبینى دەکرێت، لە گۆزارەدا شتێک دەردەبڕرێت، لە خۆشەویستیدا شتێک خۆشدەویسترێت، (…) لە حەزدا شتێک حەزلێدەکرێت و هتد” ( ). لێ ئەم شتە کە هاوبەندى ئاگاییە، بوونەوەرێکى نێو فەزا / ڕاوم (Raum) نییە و هاتبێتە نێو ئاگاییەوە ( )، واتا پەیوەندییەک لە نێوان ئاگایى و شتەکەدا نییە. تێگەى مەبەستەکێتى لاى هوسەرل تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە هەموو موئایەشەیەکى خۆیى “کردارێکى ئۆبژێکتخەرەوەیە” (متموضع/ objektivierend)( ).

کەواتە مرۆ لە هەڵوێستى سروشتیدا بەئاگایە لە شتەکانى نێو فەزا، هێندە نەبێت کە ئەو وەک ئۆبژێکت وەریانناگرێت، بەڵکو لەنێو دەرککردنى دەرەکیانەى جیهان و رەوشەکانیدا قاڵبووە. لێ گەرچى جیهان و شتەکانى نێوى “لە دەرەوە”ى دەرککردنن، واتا ترانسسێندێنتن بە ئاگایى (بە دەرککردن) و بەمەش نەشیاوە سەبژێکت بتوانێت بەتەواوى لەبارەیان بزانێت، هێشتا هەر دەرککردنى دەرەکى کە پێش هەڵوێستى فەلسەفەیی هەیە، بریتییە لەو موئایەشەیە کە تێیدا هەقیقەتى ترانسسێندێنت ڕاستەوخۆ، واتا بەبێ گەیاندن (Vermittlung)، دیارە، یان “بابەتەکە لە دەرککردندا وەک بابەتى ئامادە (…) لە ئێستاى هەنووکەییدا لێرەیە” ( ). لێ دوای ئەوە کە سەبژێکت بە مێتۆدى خۆبەدوورگرتن لە بڕیار دەپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە، ئیدی کەرەسە دراوەکانى کردارێکى دەرککردن دەبن بە ئاگالێبووى بابەتى، واتا ئەو دوای ئەم پەڕینەوەیە چیدى خۆى لەنێو موئایەشەکانیدا نابینێتەوە، بەڵکو ڕەچاوى کرۆکى موئایەشەکانى دەکات و ئەوجا هەنگاو دەنێت بۆ دیاریکردنى وسفکەرانەى کرۆکیان.

-1.2 هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە

هەڵوێستى سروشتی بە خۆبەدوورگرتن لە بڕیار وەردەچەرخێت بۆ هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانە کە کایەیەکى ترانسسێندێنتالى خۆییە و تێیدا ئاگایى-ئاگالێبووى (دەرککردن-دەرککراوى) ترانسسێندێنتال پێکەوە هاتوونەتە ئاراوە و نەک لە من-ی ئەمپیرییەوە، بەڵکو لە منى ترانسسێندێنتالەوە ‘پەخش دەبنەوە‘: ئێستا ڕوانین لە درەختێک کە درەختڕوانینە، دەبێت بە دەرککردنى ترانسسێندێنتالى ئەو درەختە. ئێمە بەم شێوەیە دەگەین بە “خودى دەرککراو (…) کە (…) دەتوانین بە گۆزارەى وەک ‘شتى ئەستوویى‘، ‘ڕووەک‘، ‘درەخت‘، ‘گەشاوە‘ و هتد دەریببڕین. (…) خودى درەختەکە کە شتێکى نێو سروشتە، هیچى دیکە نییە جگە لەم درەختدەرککراوە کە وەک مەغزا هاوبەندی دەرککردنەکەیە. لێ کاتێک درەختەکەى نێو سروشت ئەدگارى ڕیالى هەیە، ئەوا مەغزاى دەرککردن بەدەرە لە هەر ئەدگارێکى ریال”( ).

لەم جێیەدا پێویستە ڕووبکەینە تێگەیەکى کرۆکى لە فێنۆمێنۆلۆژیى هوسەرلدا: تێگەى “داپۆشین” (Abschattung). گەر ئێمە ڕوانین بە نموونە وەربگرین، ئەوا مرۆ لەم ڕەوشەدا دەتوانێت هەتا بێدوایەکى لە ڕوانگەى جیاوازەوە لە هەر لاڕوویەکی بابەتێک بڕوانێت، لێ هەر ڕوانگەیەکى وەرگیراو لاڕووەکانى دیکەى بابەتەکە دادەپۆشێت. کەواتە شتى دەرککراو وەک “لاڕوو” (Seitenansicht)، واتا پێرسپێکتیڤییانە، لەنێو ئاگاییدا دیاردەدات. ئێمە هەرگیز ناتوانین ڕوانگەیەکى کامیلمان بۆ شتەکان هەبێت، کەواتە هەرگیز ناتوانین بەتەواوى دەرک بە بابەتێک بکەین، چونکە هەرگیز شتەکان سەرجەمییانە بە ئێمە نەدراون، بەڵکو لە لاڕووەوە خۆیان پیشانى ئێمە دەدەن. لێ گەرچى شتەکان لە لاڕووەوە دەرکدەکرێن، سەرەڕاى ئەمە هوسەرل جەخت دەکات کە ئێمە لەم دەرککردنەدا مەبەستمان لە هەمان شتە وەک سەرجەم.

بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم کێشەیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ موئایەشەکردن لە هەڵوێستى سروشتیدا. ڕوانین لە شتێک (درەختێک) شێوەیەکى دەرککردنە لە هەڵوێستى سروشتیدا، لێ مرۆ لێرەدا دەرککردنەکەى خۆى نابینێت. ئەو لەم ڕوانینەدا ناوەرۆکێکى ئاگایى هەیە، لێ گەر لە لایەکى دیکەوە لەو درەختە بڕوانێت، ئەوا ئاگایى ئەو ناوەرۆکێکى نوێى درەختەکەى لەخۆگرتووە و هتد. گەر ئەو پاشان لە هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا ڕوو بکاتە درەختى دەرککراو، ئەوا ئێستا ناوەرۆکە دەرککراوەکە وەک دیاردەى بابەتە مەبەستلێبووەکە وەردەگرێت، لێرەشدا بۆى دەردەکەوێت کە ئەو ناوەرۆکگەلى خودی بابەتەکەى لە ئاگاییدا هەیە. ئەم ئاگاییە کە سەربارى ناوەرۆکە جیاوازە موئایەشەکراوەکان هێشتا هەر دەرککەرانە ڕوو لە هەمان بابەت دەکات، یان مەبەستی ئەو هەمان بابەتە، هاوشێوەى “کۆی شئورەکان (کە بەو بابەتە دەکرێن) لەنێو دەرککردندایە”. هوسەرل ئەم ئاگاییە مەبەستبووە لە خودی هەمان بابەت ناو دەنێت (Auffassung) ( ) لە واتاى “پێکهێنان”دا (Synthesis). لێ ئەم ئاگاییە نوێیە کە ڕوویکردۆتە شئورەکان یان دەرککردنى لاڕووەکان، “زۆرترە” لە کۆى شئورەکان بەو بابەتە: “هیچ پێکهێنانێکى بابەت ڕێنادات بگەڕێنرێتەوە بۆ کۆى ئەو شئورانە کە بە بابەتەکەوە بەندن یان شیاوى بەندکردنن بە ئەوەوە. بەبێ ساتە سەرجەمییەکەى پێکهێنان هیچ ئاگاییەکى بابەت نابێت” ( ).

کەواتە هوسەرل لێرەدا جەخت لە تێزەکەی تیۆریی گێشتالت دەکات کە سەرجەمى بابەتێک (بۆ نموونە فۆرمى خانوویەک) وەک زۆرتر لە کۆى کەرتەکانى ئەو بابەتە (بۆ نموونە دیوار، دەرگا، پەنجەرە، ڕووپۆش و هتد) دادەنێت. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەى ئێرە ئەوەیە کە مەبەستەکێتى لە ڕەوشی پێکهێنانیشدا کارایە، لێ هێندە نەبێت کە ئێستا پێکهێنان تەنیا پەیوەند بە ناوەرۆکە دراوەکانى نێو ئاگاییەوە مەبەستەکییە. کاتێک هوسەرل شرۆڤەى فێنۆمێنۆلۆژییانە ئەنجام دەدات، ئەوا لە لایەک ئاگایى مەبەستەکى لە ناوەرۆکە دراوەکانى ئاگایى جیادەکاتەوە، ئەوجا لە لایەکى دی بە تێگەى پێکهێنان جەخت لە پێکەوەبوونى ناوەرۆکەکان دەکات، لێ وەک گۆتمان ئەمە کۆکردنەوەى ناوەرۆکەکان نییە، چونکە بابەتى پێکهێنراو بریتى نییە لە کۆى شئورەکان، بەڵکو هەمەکێتییەکى زۆرترە لە ئەوان. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنان کردارێکى ئاگامەندانەى ئۆتۆنۆمە و ڕوویکردۆتە ناوەرۆکى شئورەکان، هەروەها بریتییە لە بناغەى “ئاگایى ئیدێنتیتێ کە لێرەبوونى بابەت بۆ من پێکدەهێنێت” ( ). بەکورتى: من لە دەرککردنى درەختێکدا تەنیا لاڕوویەکى دەبینم، تەنیا ناوەرۆکێکى ئەو درەختەم لە ئاگاییدا هەیە، لێ لەتەکیدا لاڕووە نادیارەکانى درەختەکەم پێدراون. هەموو داپۆشینێکى هەنووکەیى ئاماژە بۆ نادراوى (نادیارى) دیکە دەدات، بەمەش من ئاگایی هەمان بابەتم هەیە.

وەک گۆتمان، کاتێک سەبژێکت لە هەڵوێستى سروشتییەوە دەپەڕێتەوە بۆ هەڵوێستى فێنۆمێنۆلۆژیانە، ئەوا لەم هەنگاوەدا ئاگایى مەبەستەکیى جیهان لەکاردەخات، بەم رێیەشەوە دەگات بە کایەى ترانسسێندێنتالى خۆیى کە تێیدا ئاگایى ترانسسێندێنتال (نۆئێزیس) و هاوبەندە ترانسسێندێنتالەکەى (نۆئێم) دراون. نۆئێزیس کە چالاکییەکى ئاگاییە، لە منى ترانسسێندێنتالەوە دەپەخشێت و شئورگەلى ئاگایى پێکدەهێنێت، کەواتە لەنێو خۆیدا کەرەسەیەک (بابەتى دەرککراو) و پێکهێنانى ئەو کەرەسەیەى هەڵگرتووە، بە واتایەکى دى، چالاکییەکە ئەو کەرەسەیە پێکدەهێنێت و بەم رێیەوە نۆئێمى (مەغزاى) جیاواز دەهێنێتە ئاراوە. مەغزاکان کە هاوبەندى هەر جۆرە چالاکییەکى ئاگایین، چیدى ناوەرۆکى ڕیال نین (واتا وەک ناوەرۆکە شئور پێکراوەکان نین)، بەڵکو مەبەستلێبووى ئیدیالن (هۆشەکین). جگە لەوە دەشێت هەر مەغزایەک بە شێوازى جیا هاوبەندى نۆئێزیس بێت، واتا هەمان بابەتێک کە وەک خودى خۆى پێکهێنراوە، دەشێت وەک دەرککردن، یادەوەرى یان وێنە دیار بدات، بکرێت بە پرسی پێوەخەریکبوون. لەم روانگەیەوە ئاگایى وێنە بریتییە لە “پێکهێنانێکى وێنەخەرەوە” ( ). وێنە بریتییە لە هاوبەندێکى نۆئێمیی، بریتییە لە فێنۆمێن.


-2 بناغەڕشتنى وێنەئاگایى

بە دیدى هوسەرل وێنە لاسایى فۆرمە/ئیدێ ئەزەلییەکان نییە، هەروەها دانەوەى یان پەرچاندنى ئۆبژێکتەکانى نێو فەزا نییە کە ئیدی بەم رێیەوە وێنەى ئۆبژێکتێک لەنێو ئاگاییدا بێت، بە پێچەوانەوە وێنە لە ئاگایى مەبەستەکییەوە شیاوى بناغەڕشتنە.

-2.1 ئاگایى وێنەیەتى

وێنەیەتى (Bildlichkeit) جۆرێکى پێشبینییە کە بەڕێى وێنەئاگاییەوە دێتە ئاراوە. ئێمە دەتوانین ئەم ڕەوشە بە نموونەى وێنەى فیزیکى (تابلۆیەک) و وێنەى هۆشەکى (هەژدیهاى سێسەر) ڕوونبکەینەوە. لەم روانگەیەوە وێنە لاى هوسەرل تەنیا بابەتى دروستکراو نییە و لێڕوانەر بییەوێت بۆ نموونە بزانێت کە داخۆ دابەشاندنەکانى رەنگ لەسەر پارچە خامێک چی بن و چۆن فۆرمێنرابن.

-2.1.1 وێنەى هۆشەکى

بۆ ئەوەى لە تێڕوانینى هوسەرل سەبارەت بە وێنە نزیک بکەوینەوە، گونجاو دەبێت گەر لە جیاوازیی نێوان دەرککردن و ئەندێشە بڕوانین. لێ پێویستە سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە جیاوازییەکى کرۆکى لە نێوان گرنگیدانى فێنۆمێنۆلۆژی و پسیکۆلۆژیدا بە ئەندێشە هەیە. گەر ئێمە بە شێوەیەکى فێنۆمێنۆلۆژیانە لەتەک دیاردەى ئەندێشەدا خەریک ببین، ئەوا گرنگیدانمان ڕوو دەکاتە “ئەدگارى ناخەکیى ئەو موئایەشانە کە تەواو وەک خودى خۆیان لێیان روانراوە”، بە واتایەکى دى، کرۆکى ئەندێشە کێشەی فێنۆمێنۆلۆژیە ( ). لەم ڕوانگەیەوە فێنۆمێنۆلۆژى گرنگى بە دیاریکردنە پسیکۆلۆژییەکانى ئەندێشە نادات، بۆ نموونە ئەندێشە وەک توانستى هۆشەکى، وەک بەهرە و موئایەشەى هەنووکەیى کە لە توانستى مرۆڤەوە سەرهەڵدەدەن.

دیاردەى ئەندێشە نزیکە لە دیاردەى دەرککردن، چونکە لە ڕەوشی هەردووکیاندا پێکهێنانى (Auffassung) ئۆبژێکتخەرەوە هەیە، جگە لەوە دەشێت لە ڕەوشی هەردووکیاندا هەمان بابەت بە هەمان تایبەتمەندییەوە ببێت بە دیاردە، لێ سەربارى ئەمە دەرککردن و ئەندێشە جیاوازن لە یەکترى. دەرککردن دەشێت دەرەکى یان ناخەکى بێت، واتا بریتى بێت لە دەرککردنى بابەتێکى ترانسسێندێنت وەک شتدەرککردن و دەرککردنى ناخەکى وەک دەرککردن-دەرککراو، لێ ئەندێشە بە پێچەوانەوە هەمیشە ناخەکییە. کەواتە دەرککردن و ئەندێشە لە دوو لایەندا جیاوازن لە یەکترى: “ئەو ناوەرۆکانە کە پێکدەهێنرێن، هەروەها جۆرى پێکهێنانەکان” ( ). “ئەمانە جیاوازیى فێنۆمێنۆلۆژیانەن” ( ).

جیاوازیى دەرککردن و ئەندێشە لە ڕووى ناوەرۆکى پێکهێنانەوە لەوەدایە کە شئور (Empfindung) بناغەى دەرککردنە، لێ وەهمى (Phantasma) سێنسی (مەحسوس) بناغەى ئەندێشەیە، هەروەها جۆرى جیاى پێکهێنان لەوەدایە کە لە دەرککردندا “بابەت وەک خودى خۆى، وەک ئامادە، دیاردەدات”؛ بێگومان لە ئەندێشەشدا بابەت دیاردەدات، “لێ نەک وەک بابەتى ئامادە، بەڵکو وەک هێنراو بۆ نێو ئامادە (vergegenwärtigt)؛ ئەو بە شێوەیەکە کە هەروەک ئامادە بێت، لێ سەرەڕاى ئەوە لەنێو وێنەدا دیاردەدات” ( ). کەواتە مۆرکى ئەندێشە بریتییە لە “بەوێنەکردن (Verbildlichung)” ( ).

ئێمە دەتوانین ئەم جیاوازییەى دەرککردن و ئەندێشە لە ڕووى ناوەرۆکى پێکهێنان و جۆرى پێکهێنانەوە بە نموونەى دیمەنێک ڕوونبکەینەوە کە دەرکمان کردووە و لە هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا پێکیدەهێنین، لێ ئێمە هاوکات خۆمان دەتوانین لە ئەندێشەدا پێشبینیى هەمان دیمەن بکەین (vergegenwärtigen). لێرەدا بناغەى دەرککردن ڕوانینی مەبەستەکییە لە دیمەنەکە کە وەک خودى خۆى، وەک دەرککراو، پێکدەهێنرێت بۆ دەرککردن-دەرککراو، لێ ئێمە هەروەها دەتوانین ئەو دیمەنە لێڕوانراوە لە کاتى دیکەدا و لەنێو ئەندێشەى ئازاددا بهێنینە نێو ئامادەوە، واتا پێشبینیى بکەین، لێرەشدا ئەوە وەهمە سێنسییەکانن (مەحسوسەکانن) کە وەک بناغەى بەوێنەکردنەکە کاران.

هێنانى بابەتێک بۆ نێو ئامادە، بە واتایەکی دی، پێشبینیکردنى وێنەیى بابەتێک، بریتییە لە وێناکردن (Imagination)، ئەمەش کردارێکە کە ئێمە لە سروشتى پرۆسەکەوە دەیزانین. لێ پرسیارەکە لە ڕووى فێنۆمێنۆلۆژییەوە ئەوەیە کە چۆن مرۆ بە ڕوون و ئاشکرایى بزانێت “وێنەیەتى (Bildlichkeit) بەڕێى ئاگاییەکى تایبەتییەوە مەغزایەکى هەیە”. هوسەرل ئەم ئاگاییە تایبەتییە ناودەنێت ئاگایى وێنەیەتى. لەم روانگەیەوە گەر لە پێشبینیکردندا ناوەرۆکێک هەبێت و شێوەى لە شتێکى دى بچێت، ئەوا لێرەدا دیاریکردنى وێنەیەکمان نییە، چونکە “هاوشێوەیى (Ähnlichkeit) بەڕێى ئاگایى وێنەیەتییەوە دەبێت بە هاوشێوەیى” ( ).

گەر ئێمە فێنۆمێنۆلۆژیانە بپرسین “وێنە چییە؟”، ئەوا ناچار دەبین جیاوازى لە نێوان وێنە و شت (Sache)دا بکەین، لێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا شتێکى دەرەکى وێنەیەکى لەنێو ئاگاییدا خستبێتەوە، بە پێچەوانەوە شت ئەوەیە کە “ئاگایى وەک مەبەست لە خۆى گرتووە” ( ). کەواتە شت ئەو هاوبەندەى ئاگاییە کە لە فێنۆمێنۆلۆژیدا بەهەند وەردەگیرێت. بۆ نموونە گەر مرۆ پێشبینیى قەڵای شێروانە بکات، ئەوا لێرەدا قەڵای شێروانە مەبەستلێبووە. لێ ئێمە پێویستە لە خودی قەڵای شێروانە وێنەکە کە وێنەى ڕاستەقینەى قەڵای شێروانە نییە، جیابکەینەوە، چونکە وێنە شتەکە پیشان دەدات، لێ ئەو وێنەیە خودى شتە ریالەکە نییە. وێنەى قەڵای شێروانە لە واتایەکى تەواو جیاوازدا وەک شت دیاردەدات و لەتەک قەڵا ڕیالەدا یەکناگرێتەوە ( ). هوسەرل ئەم جۆرەى وێنە ناودەنێت وێنەى هۆشەکى.

-2.1.2 وێنەى فیزیکى

وێنەى فیزیکى لە هەڵوێستى سروشتیى مرۆڤدا بەبێ کێشە دەرکدەکرێت، هەموو ساتە جیاوازەکانى وێنە لەنێو یەکێتییاندا وەردەگیرێن. لێ وێنەى فیزیکى دەبێت بە کێشە، گەر مرۆ زانستیانە لێى بتوێژێتەوە. هوسەرل بەڕێى چەسپاندنى سێ تێگەوە وێنەى فیزیکى دەکات بە کێشەى توێژینەوەى فێنۆمێنۆلۆژیانە لە وێنە “بەگشتى”، ئەم تێگانەش بریتین لە: وێنەهەڵگر (Bildträger)، وێنەئۆبژێکت (Bildobjekt)، وێنەسوژێ (Bildsujet). ئەم سێ ساتەى وێنە لە هەڵوێستى سروشتیدا یەکترییان داپۆشیوە و وەک یەک دیار دەدەن.
وێنەهەڵگر، لە ڕەوشی تابلۆدا، بریتییە لەو کەرەسەیە کە لەسەرى وێنەیەک دادەڕێژرێت، بۆ نموونە کاغەز، تەختە، خام و هتد. کاتێک ئێمە دەبێژین وێنەکە دڕاوە یان بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە، ئەوا مەبەستمان لە وێنەهەڵگرە. “بە هەر حاڵ وێنەهەڵگر ‘سنوورى هەیە. ئەو سنوورە وێنەکە لە دەوروبەرى جیادەکاتەوە و دەرفەت بۆ ئەزموونکردنى یەکایەتیى وێنەکە دەڕەخسێنێت‘” ( ). بۆ نموونە قەراگەکانی پارچەیەک تەختە یان چێوەیەک کە لە تەختەکە گیراوە، بریتین لەو سنوورە. وێنەهەڵگر پێشمەرجێکە بۆ دانەوەى وێنەیى وەک فێنۆمێنێکى دیارى پەتی، ئەمەش وێنەئۆبژێکتە وەک لایەنی دووەمى وێنە کە تەنیا بەڕێى بینینەوە پێمان دراوە: وێنەئۆبژێکت بەڕێى ڕەنگى تایبەتى و فۆرماندنى تایبەتییەوە ئاوها یان بە جۆرێکى دى دیاردەدات، کەواتە مۆرکى وێنەئۆبژێکت ئەوەیە کە ئەو ‘دیار‘ە، یان بابەتى دەرککردنە. وێنەئۆبژێکت وێنەدەرى (Repräsentant) یان پیشاندەرى وێنەسوژیە، واتا ئەو بابەتە ریالە کە وەک وێنە دەدرێتەوە. مۆرکى وێنەسوژێ ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک دیار نادات. “لە ڕووى تیۆریى وێنەوە جیاکردنەوەى وێنەهەڵگر، وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت پێویستە، چونکە هاوشێوەیى دوو بابەت، کە گەر تەنانەت یەکجار زۆر بێت، (…) هێشتا هەر یەکێکیان ناکات بە وێنەى ئەویدیکەیان” ( ). لێ پێویستە پەیوەند بەم پۆلێنکردنەى وێنەى فیزیکییەوە لە لایەن هوسەرل ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە هوسەرل نابێژێت گۆیا تێگەى وێنە “سیانەتییەک لەخۆدەگرێت، بە پێچەوانەوە، بەرانبەر شتى وێنەدراوە (وێنەسۆژێ) هەردوو ساتەکەى وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکت هەن. هوسەرل ساتەکانى وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ پێکەوەنالکێنێت و بییانکات بە ‘وێنە‘، ئەوجا لەم وێنەیە وێنەهەڵگر وەک ساتێکى دەرەکى جیابکاتەوە، بەڵکو ئەو لەم پۆلێنکردنەدا شوێن جیاوازیى نێوان ئامادەیى و پەنام (نائامادە) دەکەوێت، پاشان وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکت پێکەوەدەلکێنێت و هەردووکیان بەو ڕێیەوە دەبن بە یەکێتییەکى دیارى ئامادە” ( ). جگە لەمە نائامادەیى وێنەئۆبژێکت بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ئەو “لێرە نییە”، بەڵکو وێنەئۆبژێکت نائامادەیە چونکە “هەبوونێکى ڕیالى نییە؛ ئەو ‘لە ئامادەییەکى بێ هەنووکەدا‘ بۆ لێڕوانەر هەیە” ( ).
ئێمە لە بنەڕەتدا واژەى وێنە چە بۆ وێنەهەڵگر و چە بۆ وێنەئۆبژێکت بەکاردەهێنین. لەبەر ئەوەى وێنەئۆبژێکت لەسەر وێنەهەڵگر دەردەکەوێت، ئەوا نەشیاوە لە یەکترى جیابکرێنەوە، لێ ئەوان نەک تەنیا لە ڕووى فێنۆمێنۆلۆژییەوە، بەڵکو هەروەها بە دەربڕینى ساناى زارەکى، شیاوى جیاکردنەوەن لە یەکترى. بۆ نموونە کاتێک ئێمە وەسفى شێوازى داڕشتنى هونەرى و کەرەسەى هەڵگرى داڕشتنەکە دەکەین. یەکێتیى هەردووکیان بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا دەردەکەوێت: “‘وێنەى سەر دیوارەکە هەڵگەڕاوەتەوە‘. بابەتى سەر دیوارەکە تەنیا دەشێت وێنەهەڵگر بێت، لێ ئەوە کە هەڵگەڕاوەتەوە، تەنیا دەشێت وێنەئۆبژێکت بێت”( ). لەم روانگەیەوە “ڕوانین لە وێنە گەیاندنێکە (Vermittlung) لە نێوان وێناکردن و دەرککردنى ئاگایى لێڕوانەردا. ڕوانین لە وێنە کردارێکى پێکهێنەرە”، لەم رەوتەشدا “ئاگایى لێڕوانەر” یان ڕوانینی ئەو بە شێوازێکى تایبەتى چالاک بووە و “پێویستى بە بەدیهاتن هەیە. وێنەئۆبژێکت لە نێوان بابەتى دەرککردن و وێناکردنى ئاگاییدایە و دەرفەت دەدات لە هەردوو کایەدا دابنرێت” ( ).

-2.2 هاوشێوەیى لە نێوان وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا

وێنەى هۆشەکى و فیزیکی سەربارى جیاوازیان لە یەکترى لایەنێکى هاوبەشیان هەیە: ئاشکرایە لە وێناکردنى فیزیکیدا بابەتێکى فیزیکى وەک پێشمەرج دادەنرێت و ئەو بابەتە کاراییەک بۆ هاتنەئاراى وێنەیەکى هۆشەکى وەردەگرێت، هەروەها ئاشکرایە لە ڕەوشی وێناکردنى ئاساییدا وێنەیەکى هۆشەکى لەگۆڕێیە بەبێ ئەوەى بەند بێت بە بابەتێکى فیزیکییەوە وەک وروژێنەر (بۆ نموونە لە ئەفراندنى ئەدەبیدا). سەرەڕاى ئەمە وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا وێنەیە، وێنەى هۆشەکى لە ڕەوشی هەردووکیاندا بابەتێک (سوژێیەک) وێنەدەداتەوە.

بە دیدى هوسەرل دەرککردنى سانا ناتوانێت هەروا ئاسان وێنەى هۆشەکى لەنێو ئاگاییدا چێبکات. سەرەتا لە ئەندێشەدا، یان دواى دەرککردنێک (بۆ نموونە ئەزموونى ‘هەڵەبجە’)، هیچ ئاگاییەکى وێنە لەگۆڕێ نییە. ئەوە کە سەرەتا هەیە، تەنیا ئاوێتەى وەهمەکانە وەک ناوەرۆکى سێنسى، یان شئورە لەتەک شئورى دیکەدا کە پێکەوە ئاوێتەیەکى نوێى شئور دەخەنەوە. ئێمە لەم دۆخەدا جارێ وێنەئاگاییمان نییە، بە پێچەوانەوە وێنەئاگایى دێتە ئاراوە، گەر ئاگاییەکى تایبەتى ئاوێتەى وەهمەکان یان شئورەکان پێکبهێنێت. لە هەردوو ڕەوشی وێنەى هۆشەکى و فیزیکیدا ئاگاییەکى وێنەخەرەوە، یان پێکهێنەر، دێتە پاڵ ئاوێتەى وەهمەکان یان شئورەکان و ناوەرۆکەکانیان دەخاتە نێو پەیوەندییەکى بابەتییەوە. ئێمە لێرەدا دەگەین بە تێڕوانینى بنەمایى هوسەرل سەبارەت بە ئەدگارى پێکهێنان. هوسەرل جەخت دەکات کە بەم پێکهێنانە پێشبینیى شتێک دەکرێت، لێ ئەو شتە پێشبینیکراوە خودى شتەکە نییە، بەڵکو بەو رێیەوە تەنیا شتێک کراوە بە مەبەست. بۆ نموونە لە وێنەى فیزیکیدا “شێرێکى وێنەکێشراو دیاردەدات، لێ شێرێکە کە نییە، بەڵکو شتێکى ڕاستەقینە، واتا شێرێکى تایبەتى، وێنەدەداتەوە کە لە لایەنى خۆیەوە هەیە و (…) دیارنادات” ( ). کەواتە وێنە (وجودى) نییە، وێنە بریتییە لە نەبوون (هیچ) ( ). هۆى ئەمە لەوەدایە کە وێنەئۆبژێکت نە لە دەرەوەى ئاگایى و نە لەنێو ئاگاییدا هەیە؛ ئەوە کە جگە لە تابلۆیەک وەک شت (Ding)ى فیزیکى هەیە، “بریتییە (ist) لە ئاوێتەیەکى تایبەتیى شئورگەل کە لێڕوانەر لەکاتى لێڕوانینى تابلۆکەدا لەنێو خۆیدا موئایەشەى دەکات، هەروەها بریتییە لەو پێکهێنان و مەبەستە کە ئەو لەسەر بناغەى لێڕوانینەکەى خۆی بینایان دەکات و بەم ڕێیەشەوە لاى ئەو ئاگایى وێنە دێتە ئاراوە” ( ). کەواتە شئورەکانى ڕەنگ و ناوەرۆکە دیارەکانى دیکە جارێ وێنە نین، بۆ نموونە جارێ هیچ شتێک لە جەستەیەکى سێڕەهەندیى تایبەت بە وێنەى دیاردەر لە خۆ ناگرن. وێنە تەنیا بۆ ئاگاییەکى وێنەخەرەوە وێنەیە.
لە هاتنەئاراى وێنەئاگاییدا دوو پێکهێنان کاران کە سەربەخۆ نین لە یەکترى، بەڵکو لەنێو یەکتریدان و دوو بابەت دروست دەکەن: “وێنەئۆبژێکت کە دیاردەدات، هەروەها ئەو بابەتە (وێنەسوژێ) (…) کە بەڕێى وێنەکەوە دراوەتەوە”( ).

-2.3 وێنەئاگایى وەک یەکێتیى دوو پێکهێنان

وێنەئاگایى پێکهێنانێکى تایبەتییە، ئاگاییەکى وێنەخەرەوەیە و وا دەکات کە ئێمە وێنەیەک ببینین. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە دیاردەى دەرککردنمان نییە (دەرککردنى شتێک یان ڕووداوێک)، بەڵکو “دیاردەى وێنەمان هەیە، لێرەشدا بابەتێک لەسەر بناغەى شئورە موئایەشەکراوەکان دیاردەدات کە وێنەییانە پێشبینیکراوە” ( ). کەواتە لە لایەک “بناغەى وێنە لە دەرککردندایە، لێ چواندنى وێنە ناگەڕێتەوە بۆ ئەم بناغەیە (ئاخر وێنە بەڕێى پێکهێنانەوە چواندنى هەیە)، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە دەرککردنەوە” ( ). لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانێکى جووتەنى بنیاتنەرى هەموو پەیوەندییەکى وێنەییە. لێ ئێمە لێرەدا دوو پێکهێنانمان نییە کە لەسەر یەکترى بیناکرابن، بۆ نموونە پێکهێنانی دەرککردنەکانی وێنەسوژێ ببێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی وێنەئۆبژێکت، بە پێچەوانەوە “پێکهێنانى نوێ پێکهێنانە کۆنەکە دەتەنێت و دەیهێنێتە نێو خۆیەوە” ( )، بەمەش “ئەدگارێکى نوێ بە پێکهێنانە کۆنەکە دەدات و پەیوەندییەکى نوێى بابەتى دەخاتەوە” ( ). ئێمە لە هەردوو پێکهێنادا بناغەدانمان هەیە کە تێیدا پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت دەبێت بە بناغەیەک بۆ پێکهێنانى وێنەسوژێ، لێ گەر “ئاڕاستەوەرگرتنى وێنەئاگایی” وەربگرین، ئەوا “پەیوەندییەکان ئاوەژوو دەبنەوە”، چونکە ئێستا لەم ڕووەوە “وێنەئۆبژێکت لەژێر ڕکێفى وێنەسوژێدایە” ( ).

گەر ئێمە وێنەى هۆشەکى وەربگرین، ئەوا دەبینین کە ئێمە لەم ڕەوشەدا دیاردەیەکى وێنەییمان هەیە و لەتەک جیهانى ڕیالدا یەکناگرێتەوە، چونکە بابەتى ڕیال کە لە وێنەدا دراوەتەوە، تەنیا بابەتێکی مەبەستلێبووە نەک ئامادە، لێ بە پێچەوانەوە وێنەئۆبژێکت وەک مەبەست بۆ لێڕوانەر هەیە و لەنێویدا شتێکى دیکەى کەم یان زۆر جیاواز لە خۆى، کەم یان زۆر لە خۆى چوو، کراوە بە وێنە. کەواتە ئێمە لە ڕەوشی ئەم وێنەیەى بابەتێکى ڕیالدا پێکهێنانێکى دیکەى ئۆبژێکتخەرەوەمان هەیە و بۆ چێکردنى بناغەیەک پێویستە، ئەم بناغەیەش بریتییە لە پێکهێنانى وێنەئۆبژێکت. لەم کردارەدا پێکهێنانێکى نوێ پێکهێنانە سەرەتاییەکەى تەنیوە، ئێستا “پترێک” لە پێکهێنان هەیە و تێیدا وێنەئۆبژێکت چێبووە. بۆ نموونە من وێناى کۆشکى بەرلین دەکەم، لێ مەبەستى من ڕووى نەکردۆتە وێنەى کۆشکى بەرلین، واتا “لەنێو پێکهێنانى وێنەکەدا پێکهێنانێکى دیکە هەیە کە ئەدگارێکى نوێ بە پێکهێنانى وێنەکە دەدات و پەیوەندییەکى نوێى بابەتى دەخاتەوە. من لەو وێنەیەدا کە خودى کۆشکەکە نییە، لە کۆشکەکە دەڕوانم، وێنەکە کۆشکەکەم بۆ دەهێنێتە نێو ئامادەوە (پێشبینیى کۆشکەکە دەکات)، ئەوجا مەبەستى من تەنیا ڕووناکاتە وێنەئۆبژێکت، بەڵکو ڕوو لەوەش دەکات کە بەڕێى وێنەئۆبژێکتەوە وێنەدراوەتەوە (repräsentiert)، واتا شوبهێنراوە” ( ). ئێمە لێرەدا “دوو پێکهێنانمان هەن کە لەنێو یەکتریدان: پێکهێنانێکى سەرەکی کە لەنێویدا دیاردەیەکى کۆشک هەیە، لێ ئێمە بەم دیاردەیە وێنەییانە پێشبینیى کۆشکەکە لە بەرلین دەکەین؛ ئێمە کۆشکەکە وەک وێنەدەرى هاوشێوەیى پێکدەهێنین” ( ).

ئێمە هاوکات دەتوانین پرسى وێنە وەک ئەزموونێکى جووتەنى بە نموونەى وێنەى فیزیکى ڕوونبکەینەوە. من بۆ نموونە لە تابلۆیەک دەڕوانم کە وێنەى کەسێکە، لێ من لێرەدا ڕوو لەو کەسە ناکەم، بەڵکو تەنیا وەک کەسێک وەریدەگرم. کاتێک من پێشبینیى تابلۆکە دەکەم (لە واتاى پێکهێناندا)، ئەوا پێشبینیکردنەکەم بابەتێکى نوێ چێدەکات، ئێستاش بۆم دەردەکەوێت کە پێکهێنانى تابلۆکە فێنۆمێنێکى ئاڵۆزترە لە پێشبینیکردنەکەى دەرککردن (ڕوانین). لەم پێشبینیکردنە وێنەییەدا دوو پێکهێنان هەن: پێشبینیکردنى تابلۆکە بریتییە لە وێنەى ئەندێشە کە دیاردەدات، پاشان خستنەوەى بابەتێکى نوێ (واتا بابەتى داڕێژراوى وێنەیی) کە بریتییە لە وێنەسوژێ. لێرەدا مەبەستلێبوونێک سەر بە پێشبینییە وێنەییەکەیە و ڕوودەکاتە بابەتى بەوێنەکراو، واتا ڕوودەکاتە ئەو کەسە کە پۆرترێکەى دروستکراوە. کەواتە وێنەى فیزیکى وێنەى هۆشەکى بێداردەکاتەوە، وێنەى هۆشەکیش بریتییە لە پێشبینیکردنى سوژێیەک – سوژێیەک وەک شتێکى دى. وێنەى بێدارکراوەى هۆشەکى بابەتێکى دیاردەرە، بۆ نموونە کەسێک کە لە وێنەدا دیاردەدات، سوژێش خودى کەسەکەیە کە مەبەستلێبوو نییە و نەشیاوە بەهۆى رەنگ و قەوارەى وێنەییەوە هەرگیز مەبەستلێبوو بێت، چونکە ڕەنگى ئەو کەسە بریتى نییە لە ڕەنگکراوى تابلۆیى، بەڵکو ڕەنگى ڕاستەقینەى سروشتییە. هەرگیز کەسى ڕیال وەک دووەمێک بەپاڵ وێنەى تابلۆوە دیارنادات ( ).

وێنەئاگایى وەک یەکایەتى دوو پێکهێنان ئەو واتایە دەگەیەنێت کە “وێنەسوژێ ڕاستەخۆ (واتا بە نەگەیەنراوى = unvermittelt – ن) بەشدارە لە کردارى وێنەخەرەوە”دا، چونکە “وێنەسوژێ ‘لەوبەر‘ وێنەوە نییە” ( )، بەڵکو پێشبینیى وێنەسوژێ دەچێتە نێو پێشبینیى وێنەئۆبژێکتەوە و بەمەش ئەدگارى وێنەئۆبژێکتى پێدەدات. (بڕوانە بەشی سێیەم، تەوەری یەکەم: ڕەخنەی تیۆریی ڕێپرەزەنتاسیۆن).
وێنەئۆبژێکت وێناکردنێکى دەرپەڕێنراوە/ وەدەرنراوە و لە لایەن وێنەهەڵگرێکەوە دەگەیەنرێت. تایبەتیی وێنەئۆبژێکت لەوەدایە کە ئەو بە کاریگەریى نێویەکیانەى لێڕوانەر و وێنەهەڵگر دێتەگۆڕێ، لێ سەربارى ئەمە سەربەخۆیە لە وێنەهەڵگر. هوسەرل پەیوەند بەم کێشەیەوە لە ناتەبایى (Widerstreit) دەدوێت کە لە نێوان وێنەهەڵگر و وێنەئۆبژێکتدا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە لێڕوانەر دەتوانێت لە هەر یەکەیان سەربەخۆ لە ئەویدیکەیان بڕوانێت: خام یان وێنە. لێ هاوکات ناتەباییەک لەنێوان وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێدا هەیە: وێنەئۆبژێکت ناتەبایە بەو بابەتە کە دەشێت بەڕێى وێنەکەوە ڕووى تێبکرێت، وەک بۆ نموونە دیمەنى سروشتى کە قەوارە و ڕەنگى سروشتیى هەیە، یان ڕوخسارى مرۆڤ لە فۆتۆگرافیدا کە جیاوازە لە ڕەنگى سروشتیى ڕوخسار.

لەم روانگەیەوە “وێنەئاگایى بریتییە لە ئەزموونى ‘دوو-لەنێو-یەک‘دا، بریتییە لە چنینى ئەزموونێکى ئاڵۆز (…). لەنێو وێنەئاگاییدا دوانەتییەک هەیە (هینى وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێ) کە نابێت وەک جیاکراوە لە یەک لێیان تێبگەین” ( ). بێگومان “ئەم یەکایەتییە ئیدێنتیتێ نییە”، بە پێچەوانەوە “وێنە فۆرمێکى ئاپۆریانەى/ بێڕێگەچارەی (aporetisch) ‘یەکایەتى‘” دەخاتەوە( ). هوسەرل ئەم یەکایەتییە ناو دەنێت وێنەدانەوەى ناخەکى (immanente Repräsentation)
-3 رێپرەزەنتاسیۆن لە وێنەدا

تێگەى ڕێپرەزەنتاسیۆن لە ترادیسیۆنى فەلسەفەدا، پابەند بە وێنەوە، واتاى نوێنەرایەتیکردن ناگەیەنێت، بەڵکو مەبەستی لە وێنەدانەوەى یان پیشاندانى شتێکى دەرەکییە. لێ هوسەرل بە پێچەوانەوە وەک وێنەدانەوەى ناخەکى لێی تێدەگات، بە واتایەکى دی ببێژین: وێنەئاگایى پێکهێنانە، لێ هاوشێوەیى (Ähnlichkeit) بە زەروورى سەر بە وێنەئاگاییە، بەبێ ئەوەى پێکهێنان بگەڕێتەوە بۆ هاوشێوەیى، چونکە پێکهێنان کردارێکى ئۆتۆنۆمە. لەم ڕوانگەیەوە وێنەدانەوەى ناخەکى بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دەرەکى (بۆ شێرێکی ڕیال) نادات، بەڵکو بۆ خودى وێنەکە. لێ گەر بەم چەشنە لە وێنەدانەوەى ناخەکى تێبگەین، ئەوسا دەکەوێنە بەردەم “پرسى بەدیهاتن”ى ئەو وێنەدانەوەیە. واتا پێویستە وێنەدانەوەى ناخەکى “بریتى بێت لە ڕوانینێکی هەقیقى” ( ) و تەنیا وەک ئەم ڕوانینە شیاوى بەدیهاتنە، بێگومان نەک کتومت لەو شێوەیەدا کە ئەو لەگۆڕێیە، بەڵکو دەبێت وەربگۆڕرێت بۆ “وێنەئاگاییەکى ئێستێتیکى”. هوسەرل بە خەریکبوونى ڕەخنەیى لەتەک تیۆریى رێپرەزەنتاسیۆندا بناغەى وێنەئاگایى ئێستێتیکى دەڕێژێت.

-3.1 رەخنەى تیۆریى رێپرەزەنتاسیۆن

بە دیدى هوسەرل وێنەئۆبژێکت بریتى نییە لە وێنەدانەوەى بابەتە ڕیالەکان، بەڵکو بریتییە لە ئۆبژێکتى دیاردەر وەک وێنەدەرى (Repräsentant) وێنەسوژێ. لێ ئەوە کە هوسەرل ناوى دەنێت وێنەئۆبژێکت، لە تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆندا (وێنەدانەوەدا) وەک هێما دادەنرێت، واتا مرۆ پەیوەندییەکى ڕێژەیى لە نێوان دوو تەوەرەدا وەردەگرێت کە بەڕێى هێماوە پەیوەندى بە یەکترییەوە دەکەن، لێرەشدا ئۆبژێکتى دیاردەر چواندنى بۆ خۆى نییە، بەڵکو وەک وێنەدەر چواندنى بۆ شتێکى دیکە هەیە کە هاوشێوەیەتى یان لە ئەو دەچێت.
هوسەرل لەدژى تیۆریى ڕێپرەزەنتاسیۆن جەخت دەکات کە وێنەئۆبژێکتى دیاردەر شیاوى لێڕوانینە بەبێ ئەوەى پێویست بێت بەڕێى لێڕوانینەوە بکرێت بە هێما: “بێگومان ئەم دیاردەیە دروست بووە، سەرەڕاى ئەمە هێشتا پەیوەندییەک بە وێنەسوژێوە دروست نەبووە” ( ). کەواتە هوسەرل مەغزا یان ناوەرۆک بە وێنەدانەوە نادات، نەخێر، “ئەو دەیەوێت پێگەیەکى ئۆنتۆلۆژیانەى تایبەتى بە داڕشتنى نێو وێنە بدات: ئەو وەسفى داڕشتنەکە دەکات وەک بابەتێکى تایبەتى کە لە وێنەدا دیاردەدات”، لێ ئەوە کە دیاردەدات، بابەتێکى ڕیال نییە ( ) و ئەوجا پرسیار لەبارەی مەغزاکەی لە وێنەدا بکەین. بە واتایەکى دى، لە وێنەدانەوەى ناخەکیدا ئاماژە بۆ خودى وێنەکە دەدرێت نەک بۆ بابەتێک کە نامۆیە بە دیاردەر. بێگومان هوسەرل نکۆڵى لەوە ناکات کە لە وێنەدانەوەى ناخەکیشدا ئاماژە بۆ بابەتێکى دى دەدرێت، لێ بابەتێک کە لە وێنەدا دەرکەوتووە. بە واتایەکی دی: وێنە لەنێو خۆیەوە ئاماژە بۆ بابەتەکە دەدات، لێ ئەم بابەتە دەرەکى نییە، بەڵکو “بریتییە لە (…) هاوشێوەکەى وێنەى ئەندێشە” ( ).

هوسەرل بە جیاوازیکردن لە نێوان وێنەهەڵگر و وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکتدا “ئامرازێک دەخاتە بەردەم کە بەتایبەتى جەخت لە ساتى بینین دەکات. لێڕوانەر لە ڕوانگەى فێنۆمێنۆلۆژییەوە وەرگرى وێنەیە”، واتا دەیبینێت. ئەم گریمانەیە تەواو پێچەوانەى تیۆریى هێمایە کە گرنگى بە ساتى بینین نادات، بەڵکو ئاگاییەک وەک ڕاڤەکەرى وێنە وەردەگرێت. لە بنەڕەتدا هێما تەنیا کاتێک دێتەگۆڕێ، گەر ئاگاییەک بیخوێنێتەوە: “هێما دەبێت بە هێما، گەر لە لایەن ئاگاییەکەوە وەک هێما راڤە بکرێت، کەواتە واتاکەى تەنیا لە خودى هێماکەوە ناکەوێتەوە، بەڵکو هێما دەیەوێت وەک هێما بخوێنرێتەوە” ( ). لێ مرۆ لە ڕەوتى خوێندنەوەدا ناچارە شوێن ڕێسایەک بکەوێت کە “دەرفەت نادات دەرک بکرێت. ئاخر مرۆ ئەوپەڕی دەتوانێت بە بینین ئەزموونی رێسا بکات، بۆ نموونە وەک رێساى چەسپێنراو بە وشە” و پاشان لەسەری بڕوات. “تیۆریى هێما لە هێما و لە ئەمیشەوە لە وێنە ئامرازێک تێدەگات کە لە خزمەتى دانەوەى مەغزا و دانى مەغزادایە بە کەسانى دى. هێما بەندە بە ڕێکخراوێکى پێشدراوەوە کە تەنیا ڕێ بەوە دەدات لە لایەن ئاگاییەکى راڤەکەرەوە بناسرێتەوە، لێ بە هیچ شێوەیەک رێ بە ناسینى شتى نوێ نادات” ( )، بۆ نموونە لە لایەن ئاگاییەکەوە کە وێنەئۆبژێکتى وەک هاوبەند لەخۆگرتووە. وەک گۆتمان، وێنەهەڵگر بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەى وێنەئۆبژێکتێک پیشان بدرێت، لێ لەبەر ئەوەى وێنەئۆبژێکت بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ هیچ شتێکى دەرەکى نادات، ئەوا هیچ مەغزایەکى نییە لە واتاى هێمادا، بە پێچەوانەوە بریتییە “لەو ئۆبژێکتە کە وەسف دەکرێت، بۆیە هەمیشە ئۆبژێکتە بۆ کەسێک. ئێمە دەتوانین ببێژین کە وێنەئۆبژێکت فێنۆمێنە لە وێنەدا. وێنەئۆبژێکت تەنیا ئەو کاتە هەیە کە کەسێک لە وێنەهەڵگر دەڕوانێت، چونکە وێنەئۆبژێکت ئەوەیە کە لە لایەن لێڕوانەرى وێنەوە مەبەستە، کەواتە ئۆبژێکتێکى مەبەستەکییە” ( ).

-3.2 وێنەئاگایى ئێستێتیکى

بەدیدى هوسەرل تەنیا وێنەئاگایى ناخەکى “رۆڵێک بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە دەگێڕێت” ( ). لەم روانگەیەوە هوسەرل وێنەئاگایى هێمایى کە بەسەر خۆیدا ئاماژە بۆ شتى دى دەدات، بە ئاگاییەکى ئێستێتیکى دانانێت. لێ لەبەر ئەوەى هوسەرل هاوکات بۆ ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە جەخت لە “رۆڵ”ى وێنەئاگایى ناخەکى دەکات، ئەوا “وێنەئاگایى ئێستێتیکى هاوتا نییە بە وێنەئاگایى ناخەکى، بەڵکو لاى هوسەرل وەرگۆڕینى/ هەموارکردنەوەی (مۆدیفیکاسیۆنی) وێنەئاگایى ناخەکییە” ( ). هۆى ئەمە لەوەدایە کە وێنەئاگایى ناخەکى ناتوانێت لە شێوەى هاتنەئارایدا گەرەنتى بە پرسى بەدیهاتن بدات وەک “ڕوانینێکی هەقیقى”، بۆیە دەبێت بکرێت بە ڕوانینێکی ئێستێتیکى لە وێنە، واتا ڕوانینێک کە “تەنیا شێوازى بەوێنەکردن (Verbildlichung) بەهەند وەردەگرێت” ( ).
ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنە ڕوانینێکی هەمەکییە (تۆتالە) نەک دابەشێنەر. مرۆ لەم ڕەوشەدا دەیەوێت لە ئەدگارە ناخەکییەکانى وێنەئۆبژێکت بڕوانێت، لێرەشدا بێگومان دەرفەتی گەمەی ڕوانینی هەیە: “وێنە لە ڕوانینی ئێستێتیکیدا دەشێت بە چەشنێک کارا ببێت کە ئیدی پێشبینییەکى نوێ چالاک ببێت و سوژێ یان هەر پێکهاتەیەکى سوژێ بکات بە لێڕوانینێکى پڕتر، بۆ نموونە بیکات بە ڕەنگێکى گونجاوتر”، کە ئیدی “کاتێک ئێمە لە وێنەکانى پاولۆ ڤێرۆنێزە دەڕوانین، هەست دەکەین خراوینەتە نێو ژیان و سەفاى پرشنگدارى توێژە باڵاکانى ڤینیسیاى سەدەى شازدەیەمەوە، یان کاتێک لە دارهەڵکۆڵینە پڕسۆزەکانى دیوڕەر دەڕوانین، ئیدی ڕازاندنەوەى دیمەن و مرۆڤى ئەڵمانى دەبینین”. بێگومان وێنەئۆبژێکت لەم گرنگیدانەى لێڕوانەردا بەشدارییەکى کرۆکیى هەیە، چونکە گرنگیدانەکە لە سوژێ وردنابێتەوە، “بەڵکو بەردەوام بۆ لاى وێنەئۆبژێکت دەگەڕێتەوە، لە ناخەوە خۆى پێوە هەڵدەواسێت و چێژ لە شێوازى بەوێنەکردنەکەى دەبینێت” ( ).
لەبەر ئەوەى وێنە سوژێیەک ناداتەوە، ئەوا ڕوانینی ئێستێتیکى لە وێنەئۆبژێکت هەمیشە “شوێنێکى دى” نەک شوێنە ڕیالەکەى سوژێ ئاشکرا دەکات. “ئەم ڕەهەندە نوێیەى هاوشێوەیى بەند نییە بە (…) ئاسۆى ناخەکیى دیاردەوە، بەڵکو ئاسۆ دەرەکییەکەى (…) دەگرێتەوە. لە هەموو ڕەهەندە شیاوەکانى هاوشێوەییدا (وەک وێنەى ئاخڤەر، بزۆک، ڕەنگین، تەنانەت سینەما، یان وێنەى هاوقەوارە پەیوەند بە دیاردە سروشتیەکەیەوە)، وێنە لە ڕووى پەیوەندیى فەزاییەوە وەک ‘بە شوێن نەگونجاو‘(deplatziert) دیاردەدات” ( ). لەم ڕوانگەیەوە وێنە سەربەخۆیە لە هەر یاسایەکى تایبەت بە شوێنێکى دیاریکراو. دیاردەى وێنەیى هەموو بابەتەکان لە کۆنتێکستە (سیاقە) سروشتییەکەیان دادەبڕێت ( ). لێرەدا بەڕوونى هەڵوێستى دژبەرى هوسەرل بەرانبەر تیۆرییەکانى وێنەدانەوەى جیهانى دەرەکى و پەیوەندییە ڕیالەکان ڕووندەبێتەوە. بۆ نموونە وێنەى بزۆک (سینەما) جیهانێکى دیاردەییە بۆ خۆى و نەشیاوە لێڕوانەر بتوانێت تێیدا شوێنێکى تایبەتى لە جیهانى ریالدا ببینێت و راڤەى بکات، یان ڕووداوەکانى نێوى بگەڕێنێتەوە بۆ ڕووداوە ریالەکان، جا گەر تەنانەت ئەو وێنەیە لە هەندێک ڕووەوە هاوشێوەیان بێت یان کەرەسەکانى لە ڕووداوى ریالەوە وەرگیرابن. “وێنەکانى ئەنفال” بۆ خۆیان جیهانێکى دیاردەیین “لە دەرەوەى ئەنفالى ریال”؛ وێنەکانى “مەلایەکى خراپ” لە فیلمێکدا تەنیا لەنێو پەیوەندیى وێنەییدان و هیچ پەیوەندییەکیان بە پیاوانى ڕیالى ئاینییەوە نییە؛ وێنەی زاتێکی پیرۆز، پێغەمبەرێک، هیچ پەیوەندییەکی بە کەسێکی وەک پیرۆز پێشبینیکراوی ڕیالەوە نییە.

-4 ئەزموونى ئێستێتیکى

تیۆریى وێنە لاى هوسەرل دەمانخاتە بەردەم پرسیارى وەرگرتنى (Rezeption) هونەر وەک ئەزموونێکى ئێستێتیکى، لێرەشدا گەرەکە لە واتایەکى جووتەنیدا لە تێگەى وەرگرتن تێبگەین: وەک ڕوانین یان خوێندنەوە یان بیستنى هونەر لە لایەک، هەروەها توێژینەوە لە دیاردە هونەرییەکان لە لایەکى دى.
بە دیدى هوسەرل هونەر جیهانى ئەندێشەى فۆرمێنراوە، تەنیا کارایى وێنەى هەیە لە مەغزاى وێناکردنى ڕاستەوخۆدا. هونەر کە واتاى “هونەرى ئێستێتیکیى پەتى” دەگەیەنێت، گەرەکە دۆخە ناخەکیەکانى وەرگر بەرزبکاتەوە بۆ نێو کایەى جوانیى ئێستێتیکی، بیخاتە نێو “دۆخى لێڕوانینى (…) ئێستێتیکیانەى پەتییەوە” ( ). لێ پێشمەرجى ئەم شێوەیەى ئەزموونکردنى هونەرى ئەوەیە کە لێڕوانەر، هاوشێوەى فێنۆمێنۆلۆژ کە خۆى لە هەر بڕیارێک بەسەر جیهانى دەرەکیدا بەدوور دەگرێت، گرنگیدانى رۆژانەیی خۆى لەکاربخات بۆ ئەوەى بتوانێت بە ئەزموونى ئێستێتیکی بگات.

هوسەرل جەخت دەکات کە لە هونەردا، بۆ نموونە لە نمایشکردنى شانۆییدا، تەنیا پەیوەندیى دیاردەیى هەیە، بۆیە “ئێمە پەیوەست بە لێڕوانراوەوە هیچ هەڵوێستێکى ڕیال وەرناگرین. سەرجەمى ئەوە کە لەوێدا بە شت و کەسانەوە ڕوودەدات، سەرجەمى ئەوە کە دەگۆترێت یان دەکرێت و هتد، کارەکتەرى ‘ڕەنگەیەتی‘ (Als-ob)ى هەیە” ( ). لەم روانگەیەوە لێڕوانەر ئەزموونێکى گشتگیرى هونەریى دەکات و تێیدا جیهانێکى فۆرمێنراوى هونەرى ‘دەبینێت‘. کاتێک ئەو گشتگیرانە دەڕوانێت، ئەوا لە ڕوانینیدا نەک تەنیا ئەکتەرەکان، بەڵکو تەنانەت کوالیس و مۆبیلەى تەختەیی و هتد “‘تەمسیل‘ دەکەن، ئەوان سەراپا لەوێن بۆ ئەوەى ئێمە بخەنە نێو دۆخى ئەندێشەى هونەرییەوە” ( ). ئاخر مۆبیلەکان چیدى “مۆبیلەى ڕیال نین لە خزمەتى شتێکدا، بەڵکو مۆبیلەن لە ژوورى سەرۆک و هتد، کەواتە مۆبیلەى ئەندێشەیین، کەواتە ئەوانیش دیاردەن (Schein) و جیاوازن لە جیهانى ڕیال، واتا لە جیهانى مۆبیلە ڕیالەکان. ئاخر مۆبیلە بابەتێکى بەکارهێنانە و وەک ئەمە لەنێو ژووردا کاراییەکى تایبەت بە خۆى هەیە، لێ ئەو ژوورەى سەر شانۆ بریتییە لە ئەندێشەیەکى نمایشکراو بەڕێى ناتەباییەوە، هەروەها ئەو بەکارهێنانە کە مۆبیلەکان دەخرێنە ژێر ڕکێفییەوە و هەر بۆ ئەوەش لەوێن، بەڕێى ناتەباییەوە تەنیا بەکارهێنانێکى (…) نمایشکراوە لەنێو ئەندێشەدا، واتا بەکارهێنان بۆ کەسانى ئەندێشەیى کە لەسەریان دادەنیشن و هتد، لێ دانیشتنێک کە هەقیقى نییە، بەڵکو دانیشتنێکى ئەندێشەییە، جا گەر تەنانەت ئەکتەرەکە بەڕاستى دابنیشێت” ( ). بێگومان مەبەستى هوسەرل لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییە پەتییە ئەوە نییە کە لێڕوانەر هەستى نەبێت، بۆ نموونە خەفەت نەخوات یان شادمان نەبێت، لێ سەربارى ئەوە هەڵوێستى لێڕوانەر ڕوودەکاتە جیهانێکى ئەندێشەیى و دەزانێت ڕووداوەکان هیچ سوژێیەک وێنە نادەنەوە.

وەرگرتنى هونەرى، بە پێچەوانەى ئەفراندنى هونەری کە لە ئازادیدا و پابەند بە ئیدیالى ئێستێتیکییەوە چالاک دەبێت، ئازاد نییە، بەڵکو وێناکانى “وەک ڕێنوما” بەسەردا سەپێنراون ( ). بۆ نموونە خوێنەری (توێژەرى) چیرۆک ناچارە لەنێو ئەندێشەیدا ئەو جیهانە وێنەییە بهێنێتەوە گۆڕێ کە لە چیرۆکەکەدا ئاوەڵاکراوە، ئەمەش بەڕێى زنجیرەى دەرککردنەکانیەوە ئەنجام دەدات، واتا ئەو دەرککردنانە کە لە ناتەبایى بەردەوامى دەرککردندا (لە نێوان وێنەئۆبژێکت و وێنەسوژێى داڕێژراودا) سەرهەڵدەدەن.

لەم پەیوەندییەدا، لایەنى کەم پەیوەند بە وێنەى ئاخڤەرەوە، گونجاو دەبێت گەر ڕووبکەینە فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانەى زمان لاى هوسەرل، چونکە هەڵوێستى توێژەر لە فەلسەفەى زماندا هاوشێوەى هەڵوێستى توێژه‌رییە به‌رانبه‌ر ئەم جۆرەى دیاردە هونەریەکان. هوسەرل لە فەلسەفەى زماندا جیاوازى لە نێوان دوو تەوەرى فیزیکى و پسیکۆلۆژیانەى واژەدا دەکات، واتا لەنێوان وشەى دەربڕراو یان تۆمارکراو لە لایەک، ئەوجا مەبەستى دەربڕراو لە لایەکى دى، لەم پەیوەندییەشدا فێنۆمێنۆلۆژى تەنیا گرنگى بە مەبەستی دەربڕراو دەدات، چونکە بە دیدى هوسەرل کردارى دەربڕین گەیاندنى مەبەستێکە بە دەسوێژى وشە.

لە کردارى مەبەستەکیدا بابەت بەڕێى لێڕوانینەوە وەک بابەتى هەنووکەیى یان وەک بابەتى هێنراو بۆ نێو ئامادە (پێشبینیکراو) دیاردەدات، لێرەشدا کرۆکە مەبەستەکییەکە کارایى مەغزاخستنەوەى هەیە. هاوشێوەى ئەمە چیرۆکی چاپکراویش ‘مەغزا‘ى تایبەتیی لەخۆگرتووە، لێ ئەو مەغزایانە داپۆشراون. ئەرکى توێژەر ئەوەیە کە هەڵوێستى سروشتیى خۆى، واتا دەرککردنى پسیکۆلۆژیانەى بابەتەکە، لەکاربخات، بۆ ئەوەى جیهانى فۆرمێنراوى هونەرى لە هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەدا دەرکبکاتەوە، ئەوجا گەر هەوڵ بدات وەسفى ڕەوتى کردار و کارەکتەر و مۆتیڤى کەسایەتییەکان و هتد بکات، ئەوا سەرەتا مەغزاى کردار و کارەکتەرەکان شرۆڤە دەکات و شرۆڤەکانى بە گۆتە (مەقولە) دەردەبڕێت، لێرەشدا بڕیارەکانى (ڕستەکانی) تەنیا ڕوودەکەنە وێنەی فۆرمێنراو، کەواتە بڕیار نین بەسەر کەرەسەیەکى (سوژێیەکى) فۆرمێنراوى هونەریدا، بەڵکو بڕیارى ڕەنگەیین بەسەر کەسان و کرداردا. لێ گەرچى ئەم گۆتانە ئەدگارى ڕەنگەییان هەیە، سەرەڕاى ئەمە، وەک هوسەرل جەخت دەکات، ڕاستییەکى تایبەتییان لەخۆ گرتووە، چونکە گۆتەکان لەو جۆرە دەربڕینانە تێپەڕدەکەن کە لە هەڵوێستێکى سروشتییەوە لەنێو ئەندێشەدا بەرهەمدەهێنرێن. بڕیارەکان بەسەر بابەتگەلى ئەوتۆدا دەدرێن کە وەک هاوبەندى نۆئێمیی لەنێو ئاگاییدا دراون.

لەم روانگەیەی تیۆریی وێنه‌ی هوسه‌رله‌وه‌ ئێمە لە ئەزموونى ئێستێتیکییانەى هونەردا گرنگیدانى پراکتیکیمان نییە، بە پێچەوانەوە گرنگیدانمان ڕوودەکاتە ‘لێڕوانراو‘ و وەسفکردنى. “بەها”ى کاری هونەری تەنیا لەم شێوازەى بەدیهێناندایە. جارێکى دى دووپاتى دەکەینەوە: داڕشتنى وێنەیى، وێنەسوژێیەک وەک بابەتێکى دى دەهێنێتە ئاراوە، لێرەشدا “پەیوەندیى ڕاستەوخۆ دیارى نێوان وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت دەرفەت بۆ توێژەر دەڕەخسێنێت کە لە پرۆسەى توێژینەوەدا گەورەترین بەرجەستەکردنى شیاو ئەنجام بدات. کاتێک توێژەر وێنەسوژێ و وێنەئۆبژێکت بەیەک دەگەیەنێت، ئیدی لەم کارەیدا دەتوانێت تا زۆرترین ڕادە هەر هەوڵێکى راڤەکارانە پشتگوێ بخات” ( ).

سەربارى ئەم ئینجازە مەزنەى تیۆریى فێنۆمێنۆلۆژیانەى وێنە هێشتا هەر پرسیارێک بە کراوەیى دەمێنێتەوە کە ڕوو دەکاتە کارایى هونەر بۆ هەڵوێستى تاکەکەس لەنێو جیهاندا. پەیوەند بەم پرسیارەوە پێویستە سەرەتا ئاماژە بۆ هەقیقەتێک بدەین: هوسەرل گۆڕانى نەدا بە “ئێستێتیکێک” (ئەم کارە ئینگاردن ى شاگردى ئەنجامى دا)، ئەمەش پێدەچێت نەشیاو بووبێت، چونکە ئامانجى هوسەرل فێنۆمێنۆلۆژییەکى ترانسسێندێنتال بوو، واتا فێنۆمێنۆلۆژییەک کە “بابەت بەگشتى” مسۆگەر بکات، بەمەش نەک تەنیا ببێت بە مێتۆدى توێژینەوەى فەلسەفەیى، بەڵکو ببێت بە مێتۆدى تاکە زانستەکانیش. ئاشکرایە کە هەر زانستێک بابەتێکى بە خۆتایبەتمەندى هەیە، لێ بەهۆى دیاریکردنى فێنۆمێنۆلۆژیانەى “بابەت بەگشتى”یەوە دەرفەتى بۆ دەڕەخسێت کە فێنۆمێنۆلۆژیانە لە بابەتە تایبەتییەکەى بتوێژێتەوە. هاوکات پەیوەند بە وەرگرتنى هەڵوێستێکى فێنۆمێنۆلۆژیانەوە لەبارەى وێنە دەتوانین ببێژین: ئەم جۆرە وەرگرتنەى هونەر کە بینین و وەسفکردنى وێنەیە، دەشێت بەدوورمان بگرێت لە هەوڵى بێواتاى راڤە و خوێندنەوە، کە هەمیشە کورت دەهێنن، چونکە نەشیاوە ئاگایى بتوانێت وێنەدانەوەیەکى کتومتى هەر ڕیالێتییەک لە هونەردا ببینێتەوە. جگە لەوە هەوڵەکانى راڤە و خوێندنەوە دەشێت (پەیوەند بە هەندێک ناوچەی کولتوورییەوە) لە جیهانبینیی تایبەتییەوە ئەنجام بدرێن، بەمەش ببن بە داواکاری یان بە پاڵهێز بۆ یاساغکردنى وێنەى نەخوازراو لە روانگەى ئیدیۆلۆژی یان ئایینییەوە.

پەراوێز:

) ئێدموند هوسەرل 8/4/1859 لە پروسنیتس (مێرن) هاتە جیهانەوە، ساڵى 1868 لە ڤیین دەچێتە بە خوێندن، ساڵى 1876 لە زانکۆى لایپتسیگ وەردەگیرێت و بەشەکانى خوێندنى بریتى دەبن لە: ئەستێرەناسى، ماتماتیک، فیزیک و فەلسەفە. ئەو ساڵى 1881 بە توێژینەوەی “هەوڵێک لە تیۆریى ژمارەدا” دکتۆرا دەکات، پاشان لەژێر کاریگەریى تۆماس گ. مازاریک روو لە فەلسەفە دەکات و لە 1883 هەتا 1886 لە لاى فرانتس برێنتانۆ فەلسەفە دەخوێنێت. دوای ئەوە لاى کارل شتومپف کە خوێندکارێکى برێنتانۆ بوو، بە توێژینەوەى “لەبارەى تێگەى ژمارە” (ساڵى 1887بڵاودەبێتەوە) هابیلیتاسیۆن دەکات. هوسەرل ساڵى 1906 لە زانکۆى گوێتینگن دەبێت بە پرۆفیسۆر، دەرنگتر ساڵى 1916 لە زانکۆى فرایبورگ کورسیى فەلسەفەى پێدەدرێت، لێ لەبەر ئەوەى هوسەرل بە ڕەچەڵەک جوولەکە بوو، ئەوا رژێمى نازى ساڵى 1936 مۆڵەتى وانەبێژیى لێدەسێنێتەوە. هوسەرل لە 27/4/1937 جیهان جێدەهێڵێت.
نووسینە بەواتاکانى دیکەى هوسەرل بریتین لە: “فەلسەفەى زانستى حساب” (1891)، “توێژینەوە لۆگیکییەکان، بەشى یەکەم: رێبەرییەک بۆ لۆگیکى پەتى” (1900)، “توێژینەوە لۆگیکییەکان، بەشى دووەم: توێژینەوە لەبارەى فێنۆمێنۆلۆژى و تیۆریى مەئریفە” (1901)، “فەلسەفە وەک زانستى حاسم” (1911)، “ئێدێى فێنۆمێنۆلۆژیى پەتى و فەلسەفەى فێنۆمێنۆلۆژیانە” (1913)، “فەلسەفە لەنێو تەنگژەى مرۆڤایەتیى ئەوروپیدا” (1936)، “هزرینە کارتێسییەکان” (1950).
( Husserl, Edmund: Logische Untersuchungen, Zweiter Band, 1. Teil. Untersuchungen zur Phänomenologie und Theorie der Erkenntnis, hrsg. v. U. Panzer, 1984. Husserliana Band XIX 1. S. 9 (LU II, 1).
) LU II/1, S. 380.
) بڕوانە بەشی ئایندە.
) LU II/1, S. 427.
) Husserl, E: Ding und Datum. Vorlesungen 1907, Hrsg. U. Claesges1973. Husserliana Band XVI. S. 14.
) Husserl, Edmund: Ideen zu einer reinen Phänomenologie und phänomenologischen Philosophie. Erstes Buch, hrsg. V. W. Biemel1950, Husserliana Band III. S. 221 f.
) LU II/1, S. 45f.
) Ebenda, S. 399.
) Ebenda, S. 397.
) Ebenda, S. 399.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. Herausgegeben und eingeleitet von Eduard Marbach. Texte aus dem Nachlass, Bd. XXIII. Hamburg 2006. S. 12.
) Ebenda, S. 7.
) Ebenda, S. 13.
) Ebenda, S. 18.
) Ebenda, S. 18.
) Ebenda, S. 19.
) Ebenda, S. 20.
) Ebenda, S. 20.
) Simmel, George: Der Bilderrahmen. Ein ästhetischer Versuch, in: Georg Simmel, Aufsätze und Abhandlungen 1901–1908, Band 1, Georg-Simmel Gesamtausgabe Band 7, Herausgeber: Kramme, R., Rammstedt, A. und Rammstedt, O., Suhrkamp, Frankfurt a.M., 101–108, 1995[1902]. (zit. n. Dirksmeier, P.: Der Husserlsche Bildbegriff als theoretische Grundlage der reflexiven Fotografie: Ein Beitrag zur visuellen Methodologie in der Humangeografie. www.soc-geogr-discuss.net/2/1/2006/ ).
) LU II/1, S. 436.
) Seemann, Hans Jürgen: Zur Phänomenologie des Bildes im Anschluß an die Untersuchungen E. Husserls. Urn:nbn:de:hbz:468-20070839. S. 81.
) Wiesing, Lambert: Artifizielle Präsenz. Studien zur Philosophie des Bildes. Frankfurt/Main 2005. S. 70.
) Ebenda, S. 46.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 8.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 23.
) Ebenda, S. 23f.
) Ebenda, S. 24.
) Ebenda, S. 26.
) Husserl, Edmund: LU II/1, S. 399.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 55.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 32.
) Ebenda, S. 26.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 92.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 26.
) Ebenda, S. 29.
) بڕوانە
Ebenda, S. 31.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 94.
) Ebenda, S. 88f.
) Ebenda, S. 89.
) Ebenda, S. 98.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 28.
) Wiesing, Lambert, a.a.O., S. 30.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein. S. 19.
) Trabant, J.: Zeichen, in: Vom Menschen. Handbuch Historische Anthropologie, Herausgeber: Wulf, C., Beltz, Weinheim/Basel 1997. S. 630.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 10.
) Wiesing, Lambert, a.a.O., S. 30 f.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 38.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 100.
) Ebenda, S. 100.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 39.
) Seemann, Hans Jürgen, a.a.O., S. 114.
) Ebenda, S. 115.
) Husserl, Edmund: Phantasie und Bildbewusstsein, S. 212.
) Ebenda, S. 212 f.
) Ebenda, S. 213.
) Ebenda, S. 215 f.
) Ebenda, S. 216.
) Dirksmeier, P., a.a.O., S. 11.

Previous
Next

Leave a Reply