Skip to Content

دادگایەک بۆ مردووەکان و پاشماوەی زیندووەکان … سۆران ئازاد

دادگایەک بۆ مردووەکان و پاشماوەی زیندووەکان … سۆران ئازاد

Closed
by ته‌مموز 18, 2017 General, Opinion, Slider

ژیان پێویستە سەکۆی دادگایکردنی مردووەکان بێت، ئەگەرنا پاشماوەکانیان دەبن بە زەقترین بەربەست بۆ گەشەکردن. ئەوانەی دەست بە پیرۆزکردنی مردووەکانیانەوە دەگرن، ئەوانەن، کە بەڕووی ئاسۆی گەشەکردندا نەکراونەتەوە. مردووەکان ڕۆیشتوون، مادام لێرە نین، پێویست ناکات وەهمی لێرەبوونیان ژیان پڕ بکەن لە پۆخڵەواتی ڕابردوویان.
دەستگرتن بە مردوو مانایەکی زۆر ئاشکرای هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە دەمانەوێت گەشەی مێژوو لە خاڵێکدا چەق پێ ببەستین، چونکە کەمن ئەوانەی توانای دروستکردنی بەردەوامی مێژوویان هەیە. ئەوەی ناتوانێت بەردەوام هەڵکشێت بەسەر ژیاندا، ئەوەی ناتوانێت ڕووبەڕووی نیگەرانییەکانی ئێستا و ئایندەی ببێتەوە، ئەوەی لە تەنیابوون و پەراوێزخستن دەترسێت، ڕێی تێدەچێت پەنا بۆ تارمایی مردووەکان ببات تاکو مانایەکی وەهمی بە ژیانە بێ ماناکەی ببەخشن.

مردوو هەر کەسێک بووبێت، پێویستە تێبپەڕێندرێت. زۆر زۆر دەتوانین لە کاتی ناشتن یان سووتاندنیدا، ماڵئاواییەکی ڕێزدارانەی بۆ بکەین و هیوای ئاسوودەیی بۆ بخوازین کاتێک گەیشتووە بە دواین مەنزڵگەی خۆی. لەوە زیاتر، هەر جۆرە هەوڵێکی تر، هەر جۆرە دەستگرتنێک بە بەها، کار، خەون، پڕۆژە یان هەر شتێکی تری بێت، کۆیلەبوونێکی قبووڵکراوە چ لای خۆی و چ لەو کۆمەڵەی، کە هەمان ئاستی هۆشیاری و تێڕامانیان هەیە.

لە مێژووی ئاگایی گشتیماندا (collective consciousness)، شوێنی مردووەکان بەرزتر و بە بەهاتر بووە لە شوێنی زیندووەکان. بێگومان مردووەکان خۆیان نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی ئەوەمان بەسەردا بسەپێنن، لە کاتێکدا ئەوەی دەمرێت ناگەڕێتەوە، ناشتوانێت بگەڕێتەوە، لەوەیش بێ دەستەڵاترە بتوانێت بگەڕێتەوە، لانی کەم بۆ هەمان جەستە و هەمان ژیان. خۆ ئەگەر توانیبای بگەڕێتەوە، لە بنچینەدا دەیتوانی نەمرێت. بەڵکو، ئەوەی شوێنی ئەوانی پیرۆز کردووە خودی زیندووەکانن.
لەناو ئەوانیشدا ئەوانەن، کە نازانن چۆن و بە چ شێوەیەک بەردەوامی بە ژیانێک بدەن، ئەگەر پشتگیری وەهمیانەی مردووەکانیان نەبێت. لەم ڕووەوە، مردووەکان بە مردنیان خزمەتێکی گەورەیان بە تەمبەڵیی هۆشی و ویستی ئەو تاکانەیان کردووە. ئێمە دەزانین، کە تەنیا ئەو مردووانە پیرۆز دەکرێن، کە لە ژیاندا خاوەن دەستکەوتێک بوون بەرزتر لە ئاستی کۆمەڵ. ئەو دەستکەوتانەن دەبن بە پێوانەی پیرۆزکردنیان. بۆ ئەوەی زیندووە مردوو دۆستەکان ڕێنیشاندەرێکیان هەبێت تاکو ببن بە شتێک یان شتێک پیرۆز بکەن، پێویست دەکات وەفا و پابەندبوونێکی قووڵ بۆ کەسی مردووی خاوەن دەستکەوت پێشان بدەین.

لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا، پێویست دەکات خودی چەمکی دەستکەوت بخەینە بەر باس. کێیە ئەوەی دەستکەوتی هەیە و چییە ئەوەی وایکردووە دەست بخرێت؟ ئێمە کاتێک دەڵێین دەستکەوت، مانای وایە شتێک دەستخراوە، کە پێش ئەو دەست نەخرابوو لەناو ئەو گرووپەی، کە تێیدا ژیاوە. ئەو دەستکەوتە دەشێت هەر بەرهەمێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئاینی، فەلسەفی، ئەدەبی و زۆر بواری تر بێت. بۆ ئەوەی شتێک دەستبخرێت، پێویست دەکات چەند پێشمەرجێکمان هەبێت. یەکەم شتێک، کە پێویستە دەست بخرێت. دووەم کەسێک، کە بتوانێت شتەکە دەست بخات، کە پێش ئەو کەس نەیتوانیبێت پێی بگات. سێیەم، بوونی ئەوانی تر بۆ ئەوەی بەهای دەستکەوتەکە بزانن. دەشتێک لە جیاتی کەس، گرووپێک بە شێوەی کاری هاوبەش بگەن بەو دەستکەوتە.

لێرەدا پێشمەرجی سێیەم بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، کە ئایا پێزانینی بۆ دەستکەوتەکە هەبێت یان نا. بۆ ئەوەی پێشمەرجی دووەم پێزانینی ئەوانی تر بۆ دەستکەوتەکەی مسۆگەر بکات، سەرەتا هەوڵی ئەوە دەدات، کە پێشمەرجی یەکەم، کە شتە دەستنەخراوەکەیە، پیرۆز بکات. کاتێک پێشمەرجی یەکەم پیرۆز دەکرێت، پێشمەرجی دووەم، کە کەسی خاوەن دەستکەوتە، ئۆتۆماتیکیەن پیرۆز دەبێت، چونکە ئەو بووەتەوە خاوەن دەستکەوت. بەم هۆیەشەوە، گەرەنتی ئەوە دەست دەخات، کە پێشمەرجی سێیەم پێزانینیان بۆ توانا و دەستەڵاتە پیرۆزەکەی هەبێت.

گومان لە گرنگیی دەستکەوت ناکرێت، بەڵام ئەو وەهمانەی دەخرێنە پاڵ دەستکەوت، کوشتنی ناوەڕۆک و گرنگیی دەستکەوت خۆیەتی. دەستکەوت دەبێت لە دەرەوەی پیرۆز و وەهمدارکردنی بێت. ئەگەرنا لە جیاتی ئازادبوون، زیندانی گەورەتر بۆ مرۆڤ دروست دەکەن. ئەوەی شتێک دەست دەخات و ئەوەی شتێک دەکات، بەر لەوەی بۆ هەر کەسێکی بکات، بۆ خۆیەتی. لەم ڕوانگەیەوە، پیرۆزکردن و بە وەهمیکردنی دەستکەوت، ئاماژەیەکی ئاشكرای لاوازیی ئەو رۆحانەیە، کە بە دەستکەوتەکانیانەوە دەنازن. پیرۆزکردنی دەستکەوت لە لایەن ئەوانەیە، کە سواڵی شتی وەهمی دەکەن، لەوانە دەشێت پێزانینی ئەوانی تر، سامان و پایەی کۆمەڵایەتی. ئەو رۆحانەی لە خۆیاندا گەشەکردوون، پێویستیان بەوە نییە دەستکەوتەکانیان بکەن بە بیانوویەک بۆ سواڵکردن. جگە لە سواڵکردنی خواردن، کە بەرزترین پایەی سواڵکردن و ڕووتبوونەوەیە لە هەر وەهمێکی کەسی، هەموو سواڵکردنەکانی تر ئاماژەن بە لاوازیی رۆح، بە تایبەت لە لای ئەوانەی، دەستکەوت بە ئەوانی تر دەفرۆشنەوە.

ئەوە کاری ئەوانەیە، کە دەستکەوت پیرۆز دەکەن و دەیانەوێت هەر بەو وەهمە خۆیان گەورە بن. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ترەوە سەیری مرۆڤ بکەین، ئەوا لەوە تێدەگەین مرۆڤ هەر دەبێت دەستکەوتی هەبێت. ئەگەر بێ دەستکەوتە، چ کارەیە لە ژیان؟ بۆچیەتی ژیانێکی دووبارەی پڕ لە ڕۆتین؟ لێرەدا دەستکەوت لە دەرەوەی وەهمە.

ڕووداوگەلی جیاواز لە کۆمەڵی ئێمەدا سواڵکەرەکانی دەستکەوتی وەهمیمان بۆ دەردەخەن. یەکێک لە ڕووداوەکان، مردنی (نەوشیروان مستەفا) بوو. خودی مردنی نەوشیروان مستەفا دیاردەیەکی سرووشتییە و هیچ مانایەکی زیاتر لەوەی، کە بۆ مردن هەیە، نادات بە دەستەوە. بەڵام، مامەڵەکردنی زیندووەکان لەگەڵ ئەو ڕووداوە کۆمیدیایەکی گەورە بوو. ئەو مامەڵەکردنی جارێکی تر بۆی دەرخستین، کە ئەو تاکانە چەندە لە ژیان دەترسن، بۆیە هەر زوو پەنایان بۆ پیرۆزکردنی (نەوشیروان مستەفا) برد. دیارە (نەوشیروان مستەفا) چەند دەیەکی ژیانی بۆ تێکۆشان و دەیەکانی تری ژیانی بۆ پیرۆزکردنی تێکۆشانەکانی تەرخان کرد. ئەگەر بۆمان هەبێت مردووەکان بگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی وەهمەکانیان ببەنەوە، لە ڕیزی یەکەمیان دەبێت نەوشیروان مستەفا بێت. ئەو کارەکتەرە بە هەوڵەکانی بۆ خۆ-سەپاندن و خۆ-چەسپاندن، هۆشی (هەژارن!)ی ئەقڵ-ی پڕ لە وەهم کرد.

بۆیە، کە دەڵێن باوکی هەژاران بوو، لەو ڕوانگەیەوە ڕاستە، کە باوکی ئەوانە بوو لە هەژاری گەشەکردنی رۆحیدا دەژین. سواڵکردنەکانی (مستەفا) لە هەموو لایەکەوە بوو؛ کاتێک بزوتنەوەی مارکسیزم لە کاتی شۆڕشدا بەربڵاو بوو، هەر زوو خۆی خستە پاڵ ئەو ئایدۆلۆگیایە بۆ ئەوەی زۆرترینی بەرکەوێت. کاتێک لەدوای ڕاپەڕین فیکری ئیسلامی گەشەکردن بە خۆیەوە دەبینێت، بە ماچکردنی قورئان بە دوای پشتگیریی جەماوەر دەگەڕێت. ئەو کارەکتەرە بە خوێندنەوەی ئەوانەیش بێت، کە بەرگری لێ دەکەن، هەرگیز ئەوە نەبوو، کە دەردەکەوت، بەڵام پێویستیمان بە چاوی نوێیە تاکو شتەکان ببینین. یەکەم بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لە لەندەن بووە بۆ هەر مەبەستێک بێت.
چ شۆڕشگێڕێکی ئاسایی لەو دۆخەی ئابووریەی کوردستاندا دەتوانێت دوو ساڵ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی لە شارێکی گرانبەهای وەکو لەندەن بژیێت؟ دووەم لە گرانبەهاترین نەخۆشخانەی سلێمانی مردووە. سێیەم نایاساییانە وەسیەت دەکات لە موڵکێکی گشتی بنێژرێت، کە گۆڕستان نییە. دیارە پێویست ناکات باس لە وردەکارییەکانی تر بکەین، مادام لە ناوەڕۆکی بابەتەکە دەردەچین. بەڵام لەم ڕوانگەیەوە، (مستەفا) یەکێکە لەو کارەکتەرانەی لە هۆشیاریی ئێمەدا، پێویستە دادگایی بکرێت و ئەو وەهمانەی بە درێژایی ژیانی زیادی کردن لە هۆشیاریی گشتیماندا، پێویستە هەڵبوەشێندرێنەوە.

لە پاڵ ئەودا، کارەکتەری (تاڵەبانی) هەمان ئەو بەشەی بەردەکەوێت. وەکو (مستەفا)، ئەو کارەکتەرە بە ڕووداوێکی سرووشتی، ڕۆڵە مێژوویەکەی مرد. ئەو مردنە کۆمەڵێک کێشەی خستەوە و کۆمەڵێک کێشەی چەپێندراویش، جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە. (تاڵەبانی) یەکێکە لەو کارەکتەرانەی، کە زۆرترین خراپ بەکارهێنانی وزە و تێکۆشانی ئەوانی تر دەکەوێتە ئەستۆ، لەوانەی تێکۆشکانی ئەوانەی گیانیان بەخشیووە. ئەو کارەکتەرە تەنانەت بۆ گەورەکردنی کەسایەتی سیاسیی وەهمیی خۆی، خەسارەتێکی گەورەی لە کێشەی نەتەوەیی کوردی دا. گەورەکردن و پڕ دەستەڵاتکردنەوەی بنەماڵەی بارزانیش، بەشێکی گەورەی بەرپرسیاریەتەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو کارەکتەرە. کۆمێدیا ئەوەیە لە باوکێک یاخی بێت و هێز بەو یاخیبوونە بەدەست بهێنیت، بەڵام کوڕەکانی ئەو باوکەی پێ پیرۆز بکەیتەوە! ئەو ئاگاییەی زۆرەی (تاڵەبانی) لە یەکەم شەڕکردن و دووەم پیرۆزکردنی بنەماڵەی (بارزانی) تەرخانی کرد، پێمان دەڵێت یاخیبوونەکەی (تاڵەبانی) کورتخایەن و شکستخواردوو بوو. هەر لە بچووکترین دەرئەنجامدا، نەیتوانی خودی حیزبەکەی لە بە بنەماڵەیی-بوون بپارێزێت.

کۆمێدیایەکی تر ئەوەیە، کە لەژێر چەتری دەستەڵاتەکەیدا، ڕەوانەکردنی گیانی (عەلی بۆسکانی) بۆ ئاسمان بە کۆمەڵێک گوللە پێویستییەکی گەورەتر بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بنەماڵەی بارزانی. لەدوای مەرگی (عەلی بۆسکانی) نەریتی لەناوبردنی دەنگە ئازاد ڕووداوگەلی تیرۆرکردنی (ئەبوبەکر عەلی)، (سۆرانی مامەحەمە)، (سەردەشت عوسمان)، (کاوە گەرمیانی)، و (ویدات حسێن) و زۆرانی تری بە دوای خۆیدا هێنا. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر لە سەد ساڵی داهاتوودا باس لەوە بکرێت کێ دەستپێشخەری ئەو نەریتە بوو، ئەو پەنجانەی ئاڕاستەی دەستەڵاتی ژێر دەستی (تاڵەبانی) دەکرێن، زۆرترین دەبن.

سەیر نییە ئەو حەشامەتەی بۆ مردنی (نەشیروان مستەفا) شین دەکات، هەمان ئەو حەشامەتەیە، کە لە ئاست گیانی دەنگە ئازادەکان بێدەنگ دەبن. سەیر نییە هەمان ئەو حەشامەتە وەهمی سلێمانیبوون دەکەن بە بیانوو بۆ وەستانەوە لە دژی وەهمی بە بارزانیبوون. ئەو وەهمە یەکێکە لەو دیاردانەی (نەشیروان مستەفا) زەقتری کردنەوە. کار گەیشتووەتە ئەوەی نووسەرانی و ئەدیبانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەویش بە تیۆریزەکردنی جیاوازییەکانی سلێمانی و هەولێر. تا دێت ئەو وەهمەی جیاکاریی لەنێوان سلێمانی و هەولێر زەقتر دەبێت و بێئگایی ڕۆشنبیر و ئەدیبەکانیشمان خزمەتی گەورە بەو وەهمە دەکەن. ئەگەرنا بە ئاسانی دەمانبینی چۆن ئاسمانی ژێر دەستەڵاتی (بارزانی)، ئیلهامێکی گەورەیان لە تیرۆرکردنی (عەلی بۆسکانی) لە ناوچەی ژێر دەستەڵاتی (تاڵەبانی) وەرگرت، بۆیە لێرەدا وەهمی سلێمانیبوون و هەولێریبوون ناتوانن ڕێگە لە کارلێکردنی سرووشتیانەی ڕووداوەکان بگرن، مادام ئێمە لە هۆشیارییەکی گشتیی ناو زمان و شوناسی هاوبەشدا دەژێین.

نەریتی جیاکاریی لەنێوان سلێمانی و هەولێر سەرەتا لە دابەشبوونی دەستەڵاتی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتی خۆی سەپاند و دواتر لە نائاگایی ڕۆشنبیرانیشدا ڕەنگی دایەوە. هەمان ئەو نەریتە ئاگایی ئێمەی پڕ کردووە لە پۆخڵەواتی هۆش، کە هیچ جۆرە دەرگایەکی ئاگایمان بە ڕوودا ناکەنەوە، جگە لە دروستکردنی زیندانی تر لەناو زمان و بیرکردنەوەماندا.

لێرەدا بۆ ئەوەی پێناسی من بۆ مردن ڕۆشنتر بکەم، ئەوا پێویستە بڵێم مردن وەهمە و پیرۆزکردنی مردن یەکسانە بە پیرۆزکردنی وەهم. هەر شتێک گوزراشت نەبێت لە واقیعی سرووشتیانەی بوون، ئەوا وەهمی ئافریدەی هۆشە. ڕووداوگەلی کوشتنی دەنگە ئازادەکان لەوە دەردەچێت وەهم بێت، مادام ئەو دیاردەیە نەریتێکی گەورەی لە شێوەی ژیانی هۆشیارییدا داگیر کردووە. بۆ ئەوەی قسەکەی (مارشێلۆ) لە (هاملێت)ی (شکسپێر)دا بگۆڕم بۆ کوردستان، ئەوا پێویستە بڵێم “شتێک لە هۆشیاریی ئێمەدا بۆگەنی کردووە.” تاکو ئەو شتە و ئەو شتانە نەدۆزرێنەوە، مەودایەک بۆ ژیانکردنی نموونەیی و ئازادانە دروست نابێت. ژیان لە هۆشیاریی ئێمەدا هێشتا توانای خۆ-دەرخستنی نییە لەبەر وەهمەکانی هۆش. شتەکان لەگەڵ مردندا لە لای ئێمە کۆتاییان پێ نایەت، مادام ڕووداوی مردن یەکسان نییە بە ڕووداوی نەمانی وەهم.

Previous
Next
Kurdish