Skip to Content

چۆن دەکرێ ئاین ببێتە هۆی توندوتیژی … گاری گەتینگ … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

چۆن دەکرێ ئاین ببێتە هۆی توندوتیژی … گاری گەتینگ … لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

Closed
by ئاب 3, 2017 General, Opinion, Slider

دوا قوربانی قەشەیەکی فەڕەنسی بوو، کە لە کڵێساکەی خۆیدا کوژرا، بکوژەکان لەکاتی کوشتنەکەدا هاواری ”اللە اکبر”یان دەکرد! دوای ئەم هێرشانە، ڕێبەرانی موسڵمان ئێمە دڵنیا دەکەنەوە کە، وەک تاریق ڕەمەزان دوای کۆمەڵکوژییەکی پاریس گۆتی، بکوژەکان ”خیانەت لە ئاینەکەمان دەکەن.” دوای کوشتنەکانی بڕۆکسل، زانکۆی ئەلئەزهەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دەبێژێ ”ئەو تاوانە خراپانە پێشێلی فێرکارییە لێبوردەییەکانی ئیسلام دەکەن.” هەمان وەڵاممان دوای هێرشەکانی ئۆرلاندۆ و نیس بیست. دەگۆترێ ئەو گروپە دەمارگیرانە کە ئەو شتە خراپانە دەکەن، ئەوان نامۆن بە کرۆکی ئاشتی و خۆشەویستیی ئیسلام. من لە هۆکاری ئەو چەشنە وەڵامانە تێدەگەم، بەڵام ئەوان پەیوەندی نێوان ئاین و نالێبوردەیی و ئەو توندوتیژیانەی کە بەهۆی ئاینەوە دێنەگۆڕێ زۆر سادە دەکەنەوە.

هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاینی وەحی و قسەی خوان، فێرکارییەکانیان هەقیقەتن و خوا خۆی بۆ ئێمەی گواستۆتەوە و داوای کردووە هەموومان قبووڵی بکەین. ئیسلام و مەسیحی، هەر لە سەرەتاوە، ئاینی بانگخوازی بوون. ئاینێک بەرپرسیار بێ لە هێنانی هەقیقەتی خوا بۆ جیهان، ئەوا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکانە دەکا کە ڕەتیدەکەنەوە ئەو هەقیقەتەی خوا قبووڵ بکەن. تاکو چ ڕادەیەک ئەو ئاینە پێویستە لێبوردە بێ بەرانبەر هەڵەی ئاینی؟ لە چەند پنتێکی دیاریکراوی مێژووی خۆیاندا، ئیسلام و مەسیحیەت بەرانبەر بە ئاینەکانی دیکە نالێبوردە بوونە، بەتایبەتی بەرانبەر بە یەکدی، تاکو ڕادەی توندتیژی.

ئەمە نەشیاوی لێ دەربازبوونە، بەڵام هاوکات ئەمە ڕێکەوت نییە. شیمانەی نالێبوردەیی لەنێو لۆژیکی ئاینی وەک مەسیحی و ئیسلامدایە، ئاخر ئەوان دەڵێن کە فێرکارییەکانیان لە وەحییەکی ئاسمانی و خواوەندییەوە هاتووە. بۆ ئەوان، ئەو هەقیقەتەی کە خوا ناردوویەتی گرنگترین هەقیقەتە؛ لەبەر ئەوە ڕەتکردنەوە یان گومانکردن لەو هەقیقەتە خوایییە زۆر مەترسیدارە، بۆ هەردوو بێباوەڕان کە ئەو هەقیقەتە کرۆکییەیان نییە و بۆ باوەڕدارانیش کە ڕەنگە بەهۆی گومان و ڕەتکردنەوەکانی بێباوەڕانەوە بەهەڵەدا ببردرێن. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە، ئاسانە ئەو دەرنجامە بەریتەوە کە تەنانەت هەنگاوی توندڕەویش بۆ نەهێشتنی بێباوەڕی گەرەنتی کراوە.

ڕەنگە تۆ بڵێی کە بیرکردنەوەی مۆڕاڵیمان، پێویستە دژایەتیمان بۆ بێباوەڕی سنووردار بکا. ئایا خەڵک مافی ئەوەیان نییە کە پەیڕەوی ویژدان و پەرستنی خۆیان بکەن وەک ئەوەی کە خۆیان پێیانوایە پێویستە بیکەن؟ لێرەدا ئێمە دەگەین بە کرۆکی کێشەکە لەگەڵ ئەوانەدا کە باوەڕیان بە ئاینی وەحی هەیە. ئەوان ناتوانن نە ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤ بۆ مۆڕاڵیتی قبووڵ بکەن کە چۆن ئەوان فێرکارییەکانی خوا ڕاڤەدەکەن، نە دەتوانن مکووڕبن لەسەر ناکاریگەری سەرجەمی ئەوەی کە وەک وەحی خوا دەیبینن، تەنانەت کاتێک کە پێچەوانەی ستانداردە ئاسایییەکانی مرۆڤیشە. ئەوانەی کە پەیڕەوی ڕوانگەی دووەم دەکەن سوورن لەسەر ئەوە کە هەقیقەتی خواوەندی لە سەروو تێگەیشتنی مرۆڤەوەیە، بۆیە مرۆڤ هیچ پێگەیەکی نییە تاکو بڕیاری بەسەردا بدا. خوا شتەکان بۆ ئێمە دەنێرێ و ئاشکرای دەکا بەتەواوی لەبەرئەوەی ئەو شتانە هەقیقەتن و ئێمە هەرگیز ناتوانین بەهۆی ڕووناکی سروشتییەوە پێی بگەین. کاتێک خوا قسەدەکا، ئێمە تەنیا دەتوانین گوێڕایەڵ بین.

بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو بیروباوەڕەن، بیرکردنەوەی سێکیولارانە ڕێگەی پێنەدراوە، تەنانەت داواکاری ڕێککەوتنی مۆڕاڵیش یان هەستی هاوبەشی پراکتیکی، ئەمانە وەک تاوانی ئاینی سەیریان دەکرێ و بیروباوەڕی هەڵەش ناشێ لێی ببوردرێ. مەسیحیەت خۆی مێژووییەکی درێژی لەگەڵ ئەو جۆرە نالێبوردەیییانەدا هەیە، لەوانە چەوساندنەوەی جوولەکەکان، جەنگ دژی موسڵمانەکان، هەروەها شەڕی سی ساڵە، کە ململانێی ئاینییەکان و ناسیۆنالیستەکان بووە هۆی تێکشکاندنی ئەوروپا. ئەم تێکشکاندنە سەرەتا بزووتنەوەیەک بوو ڕووەو لێبوردەیی ئەو نەتەوانەی کە هەوڵیان دەدا ئاینەکەیان بەسەر بێگانەکاندا بسەپێنن. بەڵام بەرانبەر بە ناوخۆی خۆیان نالێبوردەبوون_بۆ نموونە، بەرانبەر کاسۆلیکەکان، جوولەکەکان، پرۆتێستانتەکان_ ئەمە تەنانەت تاکو سەدەی نۆزدەیەمیش بڕدەکات. (شایەنی ئاماژە پێدانە کە لەو سەردەمەدا موسڵمانەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە زۆر شێواز لە زۆر ڕووەوە لە زۆر لە وڵاتە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون.) بەڵام لە کۆتاییدا، مەسیحییەت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنی مێژوویییەوە لێبوردەیی قبووڵکرد.

ڕەخنەکردنی مەسحییەت لەلایەن فەیلەسوفان و هزرڤانانی ڕۆشنگەرییەوە وەک ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ و هیوم زنجیرەیەک پرسیاری جدی لەسەر ئاینی مەسیحی هێنایەگۆڕێ، تەنانەت لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕەتکردنەوەی ئاینیش. گۆڕانی ئابووری و کۆمەڵایەتی_وەک ئابووری سەرمایەداری، داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان و بزووتنەوە سیاسییە دیموکراتییەکان_ بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پایانەی کە ئاینی ترادیسیۆنی لەسەری وەستابوو.
دوا دەرەنجام بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی لێبوردەیی ئاینی بوو لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم بیروباوەڕە گەشەکردنێکی ئێتیکی پیشاندەدا، ئاخر هەقیقەتی ئاینی هیچی دیکە وەها گرنگ نەبوو کە ڕەتکردنەوەی ببێتە هۆی نالێبوردەیی. باوەڕە و پراکتیکە ئاینیەکان وەهایان لێهات کە تەنیا وەک دەربڕینێکی کەسەکی سەیربکرێن، نەک لەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بەزۆر بسەپێندرێ. بەهۆی ئەمەوە کاریگەری بەهای ئاینی باوەڕ نزمتر بووەوە لە بەهای ئاشتی لە کۆمەڵگەیەکی سێکولاردا. ئەمڕۆ، نزیکەی سەرجەم مەسیحییەکان لەگەڵ ئەم وەرچەرخانەدا کۆکن، هەندێک تەنانەت دەڵێن کە ئەمە واتای ڕاستەقینەی بە ئاینەکەیان داوە.

هەمان شت بۆ موسڵمانەکان ڕاست نییە. ژمارەیەکی کەم نەتەوەی موسڵمان ئاستێکی بەرزی لێوردەیی ئاینی هەیە؛ بۆ نموونە، ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ، سەنیگال و سیرا لیۆن. بەڵام زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی _لەوانە سعوودیە، ئێران، پاکستان، عێراق و مالیزیا_ زۆر توندوتیژن بەرانبەر بە بیروباوەڕ و پەرستنەکانی نا_موسڵمانەکان (هەروەها بەرانبەر بە موسڵمانە بێباوەڕەکانیش). هەرچەندە زۆر لە موسڵمانان باوەڕیان وایە کە خوا داوای لێبوردەیی بەرانبەر بە ڕوانگە ئاینییە هەڵەکان دەکا، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان وا نییە کە خوا داوای ئەوەی کردبێ.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی پۆل لە ساڵی ٢٠١٣دا ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە کە لە عێراق، مالیزیا، پاکستان و ئەو وڵاتانەی کە ئیسلام ئاینی فەرمییە، زۆرینەی موسڵمانان باوەڕیان وایە کە دەبێ شەریعە سەرچاوەی یاسادانانی وڵاتەکانیان بێ. هەروەها لە %٧٦ی موسڵمانان لە باشوری ئاسیا و %٥٦ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا داوای لە سێدارەدان و کوشتنی ئەو کەسانە دەکەن کە واز لە ئیسلام دەهێنن و ئاینی خۆیان دەگۆڕن. هەروەها لە ١٠ وڵاتی ئیسلامیدا لایەنی کەم %٤٠ی موسڵمانان داوای ئەوە دەکەن کە شەریعەی ئیسلامی بەسەر نا_موسڵمانەکانیشدا جێبەجێ بکرێ. ئەمە ئەوە پیشاندەدا، کە بۆ زۆرینەی موسڵمانان هەقیقەتی وەحی ئیسلام تەنیا پەیوەست نییە بە تاکەکانەوە بەڵکو دەبێ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێ لە کایەی گشتیدا و لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دەوڵەتدا.

نالێبوردەیی پێویست نییە ببێتە هۆی توندوتیژی بەرانبەر بە بێباوەڕان؛ بەڵام، وەک ئێمە دەبینین، لۆژیکی هەقیقەتی خواوەندی یەکسەر بەخێرایی ڕووەو ئاڕاستەی ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکاندا دەڕوا تاکو بێباوەڕان بچەوسێندرێنەوە. هزرڤانانی ئیسلامی وەک ئیبن سینا لێبوردەییان قبووڵکرد بوو، ئاخر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا موسڵمانەکان زۆر لە مەسیحییەکان لێبوردەتر بوون. بەڵام رێگەی مۆدێرنی لێبوردەیی ئەوەی سەلماند کە بۆ موسڵمانەکان زۆر لە مەسیحییەکان قورسترە لێبوردەیی قبووڵ بکەن، زۆرینەی موسڵمانان تاکو ئێستاش سنوورە ئێتیکییەکان بۆ داواکاری لێبوردەیی ئاینی قبووڵ ناکەن، هەروەها توندوتیژی دژی بێباوەڕان وەک ئەرکێکی خواوەندی دەبینن. ڕەنگە بەلامانەوە قورس بێ باوەڕ بکەین کە بیروباوەڕی ئاینی بتوانێ ببێتە هۆی کوشتن و سووربین لەسەر ئەوەی کە توندوتیژی لە نەخۆشی مێشک و دەمارگیری سیاسیەوە سەرچاوەدەگرێ. بەڵام لۆژیک و مێژووی ئاینەکان شتێکی پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیەمان پێدەڵێن.

داخۆ ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیسلام خراپە؟ نەخێر، بەڵام ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئیسلام تاکو ئێستاش بە ڕادەی مەسیحییەت کۆنتڕۆڵنەکراو و ڕامنەکراوە، مەترسی لەنێو هەر ئاینێکدا خۆی شاردۆتەوە کە بانگەشەی ئەوە بکا ئەو هەقیقەتی خواوەندی هەڵگرتووە. ڕاستگۆیانە بێژین، ئیسلام وەک سەرجەم نەیتوانیوە ڕێگە بە بەها سێکولارەکان بدا و قبووڵیان بکا وەک مەسیحییەت کردویەتی. وەک سەرۆک ئۆباما ماوەیەک لەمەوبەر گۆتی، ”ئیسلام بە قۆناغی ڕیفۆرم و چاکسازی ئاینیدا نەڕۆیشتووە، تاکو یارمەتی خەڵک بدا باوەڕە ئاینییەکانیان لەگەڵ مۆدێرنێتی بگونجێنن.” ئەم گونجاندنە درێژخایەن و قورس دەبێ و داواکاری گۆڕانکاری ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات، هەندێکی لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بەرهەمدەهێنرێن، ئەوانی دیکەش لە سەرهەڵدان و زیادبوونی دەسەڵاتی فێرکارییەکانی ئیسلام لەبارەی لێبوردەیی و خۆشەویستییەوە دێنەئاراوە. بەڵام هەتاکو بەدەستهێنانی ئەو چەشنە وەرگۆڕان و گۆڕانکارییانە، هەڵە دەبێ بگۆترێ نالێبوردەیی و توندوتیژی ”خیانەتی پەتی”یە لە ئیسلام و پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە.

————————–
سەرچاوە: نیۆرک تایمز

Previous
Next
Kurdish