Skip to Content

ڕیفراندۆمی دوو میرنشین! … شێرزاد وڵاتدۆست

ڕیفراندۆمی دوو میرنشین! … شێرزاد وڵاتدۆست

Closed
by ئاب 5, 2017 General

ڕیفراندۆم یان گشتی پرسی دوو وشەی سواوی هەنوکەی سەر ڕایەگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانن ، بەجۆرێک خەڵک بەم بابەتەوە سەرقاڵ کراوە زۆربەی قەیران و گرفتەکانی تری ژیانی خۆی بیرچۆتەوە ، لەگەڵ ئەوپەڕی خراپی باردۆخی حکومڕانی و ژیان لە هەرێم خەمی خەڵک ئەوەیە دوای ڕیفراندۆم چ ماڵوێرانیەکی تر چاواڕێیان دەکات ،ئاخۆ ئەم ڕیفراندۆمە ئەگەر بکرێت دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرتر و گرانی و برسێتی و دەربەدەری بۆ میللەت بە دوای خۆی دێنێت یاخود سەربەخۆی خۆشگوزارانی و دیموکراسی دێنێت و وڵات دەبێتە بە شامی شەریف!.

ئەگەر چاوێک بە مێژوو چەند ساڵی ڕابردوودا بخشێنین ، ئەوە دەبینین دوای دەیان ساڵ لە قوربانی دان و زوڵم و زۆرداری گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەژێر چەپۆکی ڕژێمە یەک لە دوایەکانی دەوڵەتی عێراق ،هەتا لە ساڵی 1991 توانرا بە ڕاپەرین و دواتر بوونی کۆڕوە مەزنەکە ، کە کاریگەری بە‌هێزی هەبوو بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی وڵاتان بۆ وە دەرنانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان ، بەڵام هەر لەگەڵ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایان دوو حزبی شاخ (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زیاتر بوونی بەرژەوەندی دەسەڵات لەلایان ئەم دووهێزە چەکدارەوە ، لەجێگای دروستکردنی کیان و دەسەڵاتێکی مەدەنی و دیموکرسی کە ببێتە وێنەیەکی جوان بۆ پارچەکانی تری کوردستان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دو حیزبە کەوتنە ململانێی چەکداری و لەناوبردنی یەکتری ، کە شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆ وکوژران و ئاوارابوونی دەیان هەزار کەسی لێکەوتەوە.

لە ئەنجامی ئەم ململانێ و ڕکابەریە چەکداریەی لەسەر دەسەڵات لەلایان ئە دوو حیزبەوە هاتە ئاراوە ئەنجامەکەی دروستبوونی دوو میرنشین بوو لە هەریەکەیان ناوی دەسەڵاتی ڕەوای هەرێمی کوردستانی لە خۆی نابوو ، ئەم دوو میرنشینە هەروەک میرنشینە دێرینەکانی مێژووی کورد ویستیان بە سود وەرگرتن لە دەوڵەتانی تورک یان فارس یان عەرەب بەسەر ئەوی تر زاڵبێت ، کە زۆر کات هاتنی ‌ئەو هێزانەمان بە چاوی خۆمان بینی ، تەنانەت تا هەنوکەش بەشێک لەو ‌هێزانە لە باشوری کوردستان ماون ، لەگەڵ هاتنی هێزی ئەمریکا لەساڵی 2003 و کۆتایی هێنان بە ڕژێمی بەعس و زۆر کردن لەو دوو میرنشینە بۆ یەکگرتن و بەژداربوون لە پرۆسەی سیاسی لە دەوڵەتی عێراق ، لەساڵی 2005 بەرگێک کرا بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بە دەسەڵاتی ئەو دوومیرنشینە ، لێ لەگەڵ ئەنجامدانی چەند هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە کورسیەکانی پەرلەمان ، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ لە دەسەڵاتی میرانی ئەم دوو میرنشینە کەم نەبوویەوە نە گۆڕانکاری بەسەرهات ، بەڵکوهەریەکەیان هەتا ئێستاش لە بەشەکەی خۆیان ئاغا و کوێخان و بەشێکی خاکی باشوری کوردستانیان بۆ بنەماڵە و داردەستەی خۆیان قۆرخکردووە.

ئەوەی سەیر و جێی تێرامانە دوای 26 ساڵ حوکمی ئە دوو میرنشینە ، نە هیچ بڕیار و فەرمانێکی میرنشینی ئەم دیو لەم دیو کاری پێدەکرێت نە هی ئەمدیوش لەم دیو جێبەجێ دەکرێت و “دێگەلە” سنوری هاوبەشە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان داوەتە بانگەشەی ڕێفراندۆم و سەربەخۆی و بوون بە دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراسی لە ناوچەکە ، جگە لەوەی خۆیان بەشێک بوون لە هۆکاری لەت بوونی باشوری کوردستان و مانەوەی بەشی هەرەگرنگی خاکی کوردستان ، کە ناوچە کوردستانەیەکی دەرەوری هەرێم ناوی دەبرێت لە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتی عێراقی ، تازەبەتازە ئەو دوو هێزە دەیانەوێت ڕیفراندۆمێک بکەن بۆ سەربەخۆی کوردستان.

لەگەڵ سەرفکردنی بەسەدان میلۆن دۆلار لە ماوەی ڕابردوو لە ژێرناوی ڕاکێشانی ڕایگشتی دونیا بۆ دۆزی کورد و مافە ڕەواکانی ، بەڵام لەم چەند مانگەی بانگەشەی رێفراندۆم باش ڕونبوویەوە کە ئەمان چۆن لە ناوخۆ تا گەرویان نوقمی گەندەڵی بوون لە دەرەوەش بە هەمان شێوە لە جێگای دروست کردنی پشتیوانی و لۆبی ڕایگشتی وڵاتان بەم ملێۆنەها دۆلارە خەرکی کرینی کۆمپانیا و شوقە و بازرگانی تەکاکەسی بوون ، شکست هێنانی شاندی بەناو ڕێفراندۆم و پشتگیری نەکردنی هیچ وڵاتێک دەرخەری ئەو ڕاستیەیە .

لە کۆتایی دا پێویستە بڵیین خەونی دروستبوونی دەوڵاتێک بە ناوی دەوڵەتی کوردستان خەونی هەر کوردێکە لەهەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدابێت ، بەڵام ئەوە تەواو ڕوونبوەتەوە بۆ هەموو لایەک ، کە دەوڵەت بە کەسانێک دروست نابێت لە دوای 26 ساڵ لە دەسەڵات بەدەسەتەوبوون جگە لە سیستەمێکی نا دیموکراسی و حکومڕانیەکی گەندەڵ و شکستخواردوو نەیان توانیەوە شتگەلێکی تر بەرهەمبێنن ، دەوڵەت کەسانێکی دەوێت پێش ئەوەی خەمی دەوڵەمەندکردن و پاراستنی ماڵ و منداڵ وهۆز و حیزبەکەی خۆی بێت ، خەمی باشترکردنی ژیانی میللەت و مافی مرۆڤ و پێشخستنی وڵاتەکەی بێت .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish