Skip to Content

ئیمپراتۆرییەتەکان دەڕووخێن، بەڵام خۆشەویستی دەمێنێتەوە … خەندە حەمید

ئیمپراتۆرییەتەکان دەڕووخێن، بەڵام خۆشەویستی دەمێنێتەوە … خەندە حەمید

Closed
by ئاب 5, 2017 Cinema, General, Slider

The Promiseلەبارەی فیلمی …..

فیلمی ‘The Promise’ نیشاندانێکی مێژووییە سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٤-١٩١٦ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی خوێناوی عوسمانییەوە. ئەمە دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی تورکەکانە، کە بە ئێستاشەوە نکۆڵی لەو جینۆساید و تاوانانە دەکەن کە دەرهەق بە ئەرمەنییەکان ئەنجامیان داوە، هەروەک چۆن ئێستاش دەرهەق بە کوردەکان هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر، بەڵام بە فۆڕمی جیا جیا. جەنگ دەتوانێ چۆن هیوا و خەونەکانمان لە گۆڕ بنێ و تێکیان بشکێنێ، لە ژیاندا بەرەو ئاراستەیەکی ترمان بەرێت. کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە میکائیل خەونی ئەوەی هەیە ببێ بە دکتۆر، زۆر لێهاتووانە هەوڵی بۆ دەدات، هەربۆیە گوندە بچووکەکەی لە باشوری تورکیا جێدێڵێت، بۆ خوێندنی پزیشکی دەچێت بۆ کۆستەنتین (ئەستەنبوڵی ئێستا)، بۆ ئەوەی بتوانێ پەرە بە تواناکانی بدات. پەیمان بە خۆشەویستەکەی دەدات کە دوای دوو ساڵ دەگەڕێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات، بەڵام لەوێ ئانا دەبینێ کە مامۆستا و ڕاهێنەری سەمایە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ ئانا و میکائیل پێکەوە دەبەستێتەوە، سەرەتا بێ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە ئەمە خۆشەویستییە ئەوانی بەو نزیکییە هێشتۆتەوە. هەروەها ئانا خۆشەویستێکی ئەمریکی هەیە بە ناوی کریس کە کاری فۆتۆجۆرنالیست و ڕاپۆرتنووسی جەنگ دەکات. کریس لە کۆتاییدا هەوڵێکی باش دەدات بە گرتنی وێنە و دۆکۆمێنتکردنی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان دەکرێ.

تێری جۆرج دەرهێنەرێکی ئیرلەندییە، بەشێوەیەکی زۆر جوان و ورد کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە، ئەم دەرهێنەرە زیاتر ئیش لەو فیلمانەدا دەکات کە لەبارەی جەنگن، لەبەرئەوە ئەزموونی تێری جۆرج بەتەواوی لە فیلمی The Promise دەردەکەوێ، کە زۆر لێهاتووانە کاری دەرهێنان بۆ فیلمە مێژوویی و پڕ چیرۆکەکان دەکات. هەست بە ئەزموونی کارکردنی جۆرج دەکرێ چونکە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٤ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Hotel Rwanda) کردووە، کە باس لە جینۆسایدی ڕواندا دەکات و چەندین خەڵاتی بردۆتەوە.

لەم فیلمەدا ڕەنگەکان پەیوەست بە ڕووناکییەوە تەواو حەق بە سەردەمەکە دەدەن، هەروەها چۆنییەتی مکیاژکردنەکەش زۆر جوانە. بەشێوەیەکی زۆر تایبەت وێنەی ئەم فیلمە گیراوە بەڕادەیەک لێڕوانەر لە هەر گۆشەیەکەوە دەتوانێ وێنە مێژووییەکان ببێنێ و هەست بەو زەبر و توندوتیژییە بکات کە لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێ. بە بۆچوونی من ئەم فیلمە لە ڕووی فۆڕمی دیمەن و وێنەوە زۆر بەهێزترە وەک لە ڕووی دەق، تێکست و دیالۆگەوە. هەروەها ئەم فیلمە لە هەندێک ساتدا لە ڕێگەی پەیوەندی و خۆشەویستیی نێوان ئانا و میکائیلەوە ویستویەتی ئەو وێنە تۆقێنەرانەی جەنگ و جینۆساید کاڵتر بکاتەوە کە لە دەوروبەریاندا هەیە. بە مانایەکی تر دەرهێنەر توانیویەتی هەموو شتە دژیەکەکان پێکەوە کۆبکاتەوە.

لە دیمەنێکی بەهێز و پڕ بەرەنگاری بۆ مانەوە و ڕووبەرو بوونەوەی ئەرمەنییەکان بەرانبەر بە سوپای تورک، ئەرمەنییەکان پەنا بۆ چیا دەبەن، بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراوبێت. لەم دیمەنەدا جینۆسایدی ئێزیدییەکانی بیرهێنامەوە کە بۆ مانەوە و پارێزراوی خۆیان ڕوویان لە چیای شەنگال کرد. وەک ئەوەی لەوکاتەدا چیاکان بانگیان بکەن و ئەوانیش بەرەو دەنگیان بچن. چیا پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ مرۆڤ وەک ئەوەی جیهانی ڕاستەقینەی مرۆڤ چیاکان بن!
وێنەیەکی گشتی و هاوشێوەییەک لە هەموو جینۆسایدەکاندا هەیە. لەبەرئەوەی کاتێ ئەم فیلمەم بینی لە زۆر دیمەنیدا (هۆڵۆکۆست) جینۆسایدی جولەکەکانم بیردەکەوتەوە. چونکە مەبەست لە جینۆساید قڕکردن و لەناوبردنی نەتەوەیەک یاخود میللەتێکە، بۆ دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان کوشتنی بە کۆمەڵ یەکێکە لە ڕێگە باوەکان. هەربۆیە هەندێ کات بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەگوترێ (هۆڵۆکۆستی ئەرمەنییەکان). هەروەها ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئاستی هونەری ئەو فیلمە لە هەمان ئاستی ئەو فیلمە جوان و ئاست بەرزانەیە کە سەبارەت بە هۆڵۆکۆست دەرهێنراون. ئەم فیلمە ڕاستی مێژووی خوێناوی عوسمانییەکان دەردەخات.

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بە یەکەم جینۆسایدی سەدەی بیست دادەنرێ، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ لەماوەی یەکەم جەنگی جیهانیدا ڕوویداوە لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و فیزیکی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لەناودەبرێن و جینۆساید دەکرێن. بەگشتی جینۆسایدەکان لە کاتی جەنگەکاندا ڕوویانداوە چونکە ئەمە هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە و کردنی بەشێوەیەکی ئاسانتر و ڕەوایەتی پێدانی. هەربۆیە تورکەکان سوود لە جەنگ وەردەگرن بۆ ئەوەی دوژمنە ناوخۆییەکانی لەناوبەرێت وەک کریستیانەکان، بەبێ ئەوەی هێزی بێگانە بەشداری تێدا بکات. تاکو هیچی دیکە ئەرمەنییەکان بوونیان نەبێت. ”ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پێویستە لە ئەرمەنییەکان پاکبکرێتەوە، پێویستە لە ڕێگەی برسیکردنەوە لەناویان بەرین.” (ئەنوەر پاشا، ئایاری ١٩١٦).

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دوو بنەما بووە، بنەمای ئاینی و نەتەوەیی. چونکە ئەرمەنییەکان مەسیحی بوونە، سەرکردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی جەنگی پیرۆز و جیهادیان لە دژیان ڕاگەیاندووە و کوشتنیان لەسەر ئەو بنەمایە ڕەوایەتی پێدراوە. هەروەها بنەمای نەتەوەیی ناسیۆنالیستە تورکەکان (گەنجە تورکەکان، ئیتحاد و تەرەقی) ویستویانە تورکیایەک دروست بکەن تەنیا بۆ تورکەکان بێت، کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ کەمایەتییە نا تورک و نا موسوڵمانەکان نەبێت. بەداخەوە کورد وەک هەمیشەیی خۆی کە زۆر ئاسان دەتوانرێ بەکاربهێنرێ، بەشدارییەکی کارای هەبووە لەو جینۆسایدەدا، چونکە خێڵە کوردەکان ڕۆڵیکی سەرەکیان لەو جینۆسایدەدا هەبووە.

هەرگیز هیچ جینۆسایدێک نەیتوانیوە و ناتوانێ نەتەوەیەک لەناو بەرێت. وەک چۆن شاعیر و ڕۆماننووسی فەڕەنسی ئەناتۆل فرانس دەڵێ: ”ئەرمینیا لە مردندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زیندوویی دەمینێتەوە. خوێنێکی کەم لە خوێنی نەوەی پێشوی ئەرمەنیەکان ماوە، بەڵام نەوەیەکی پاڵەوانانە لەدایک دەبێتەوە. نەتەوەیەک نەیەوێت بمرێت، نامرێت.”
ئەم جۆرە فیلمانە ئامادەکارییەکی باش دەکات بۆ فێرکردنی نەوەی تازە و منداڵەکان، سەبارەت بە مێژوو، هەروەها ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئەم جۆرە مێژووانە پەردەپۆش بکەن و ڕەتیدەکەنەوە. بەهیوام ئێمەش بتوانین مێژووی چەوسانەوە و جینۆسایدی خۆمان بە کاری هونەری ئاست بەرزی لەو جۆرە نمایش بکەین، بۆ ئەوەی لە کۆ یادەوەری تاکی کوردیدا بمێنێتەوە.

Previous
Next
Kurdish