Skip to Content

دیدی من …. بێگەرد

دیدی من …. بێگەرد

Closed
by ئاب 7, 2017 General

هه ندێ دووچاری قورس هه رسکردن هاتوون!
کەچی من مناڵانە سەیریان ئەکەم!
بێ باکانە ئاواز ئەچڕم
پەپوولە ئاسا لە ڕووناکییەکان ئەچمەپێش
من هێندە بچووکم لەو سەر زەمینە
هه ست بە نامۆیی خۆم ئەکەم
وائەزانم زیندەوەرێکی ناشرینم
لەبەردەمی ئاوێنە تەڵخەکانیان دێم و دەچم

سەردانی قامیشە شکاوەکان ئەکەم ،لەچەمەکان
لەدارستان ،بە گەڵا وەریوەکان دایانئەپۆشم
شین و ڕۆڕۆو واوەیلایان ئەنووسمەوە
لەسەر کێلەکانیان
وێنەی تەور لەلای سەریان ئەنەخشێنم
لە پێینگان قامچی ستەم

مردن ڕۆژانە ئەیبینم خۆی نمایش ئەکا
لەدەستێکی ڵەتێ نانی سووتاو
لەدەستێکی شمشێرێکی سواو
لەدەستێکی پەتێکی جەللادو
دەستێکی پڕ لەپوولی دزراو
مەست بە شەڕابێکی سوور
بەپۆشاکێکی ڕانگاو ڕەنگ
لەسەر شۆستەو جادەکانی شار
بە پێش چاوم خۆی بادەدا
هه ندێ جاریش کە چاوەکانم
بێزیان نایێ لەتەماشای
وەکو پشیلەکەم لە دوورەوە بۆنی ئەکەم
سەرم ئێشێ گەر ڕانەکەم
گێم لە زیڕەی خشتەکانە
لە دیواری تەلارە بەرزەکان..
گڵۆپە بریقەدارەکانیان
بانگی گورگەکان ئەکەن
بۆ سەمای شەو

بەچاوی بازێکی بێچوو گوم بوو
هیلاک و مووشتاق لە ئاسمان ئەنۆڕم
ئەگەڕێم بەدوای ڕفێندراوەکان
لەناو چنگی داڵاشە دەمامکدارەکان
دوا وشەی مەرگ ئەنووسمەوە
مەرگ جارێک دێ و تەواودەبێ
لای من ئەمێنێتەوە
گوڵێکی سووری لەدەستە
بەڕۆژ ژاکاوو کزەو
بەشەو ئەگەشێتەوە
بێ دەنگیم!
زاووزێی داڵاشەکانە

پیستێ لە ئازارەکان کراوە بە بەرم
کفنێکی سوور دایپۆشیوم
دارەبازەکەم پڕە لە وشەی بێ مۆڵەت
وشەی نەنووسراو
لەسەر شانی چار دێر شیعرم بۆ گۆڕستان
باس لە بوون و ڕسکان ئەکەن
باس لە وشەی کڕوزان و ئاهو نزای
روو لە ئاسمان
من چاوەڕێی ئەو بادەیەم بیخۆمەوە
بۆ گەورە بوون
دەرچوون لەو قەبارە بچووکەم
بەرەو ژیانێکی نوێ
هه ستێکی ترم پێ ببەخشێ
چاوێکی باز پێی ببینم
بۆن لە عەتری ئەستێرەکان وەربگرم
ڕایەڵەی دەزووەکانم لە تریفەی مانگ بچنم
تاپەنجەکانم باران داکەن
بەسەر گەڵای گوێزو هه نجیر
بۆ تەونکردنی کرمە ئاوریشمییەکان
بە هه ناسەم بیانکەمە ساباتێ
لە هه ورێکی سپی سۆزدار
سێبەر بکا لەسایەییدا
جۆلانەیەک لەزەنگیانە
نەرم نەرم شەماڵ بیدا لەتافگەی پەڵکە زێڕینە
نێرو مێ یەک سەربووردەی ئاو بگێڕنەوە
من لەبیرمن
دڕکەکانی دوێنێ و پێرێی لەپام ڕاچوون
شوێنەکانیان ڕەش دەچنەوە
باسی جۆرەکانیان ئەکەن
پۆرگی برینەکانی جەستەم
نۆژەندەبن بە تەوژمی ئازارە تازەکان
وەک کانێوی بنارەکان
لەناکاوڕا گەرم ئەبن ئەتەقنەوە
دڵۆپە ڕەنگاو ڕەنگەکانیان
دەجریوێنن
باسی نازی عیشق ئەکەن
ناچار ئەبم ئاوازەکان
بەئاوی گوڵ بنووسمەوە
هه ندێ وشە سورمەدارەو
هه ندێ وشە بڵێسەیی
هه ندێ بە قامیش ئەنووسم
هه ندێ بە کڵچووك و
هه ندێکیش بە نووکی خەنجەرو چەقۆ
هه ندێ برینیش سڕکراون لەدەرەوەم
بەنەوایێکی سیحراوی
بۆیێ جار جار لە پایزو لەزستانە
لە بەهار لەپاش بارانە
ڕوودەکەمە دەرەوەی شار
لەشوێنی خۆڵ وخاشاك دەگەڕێم
سەیری ڕۆژنامە فڕیدراوەکان و
پەرتوکە بێ بەهاکان ئەکەم
وشە هه ڵکوڕوزاوەکانی خۆم نادۆزمەوە
ئازارە بۆیەکراوەکان ئاشکرائەکەم
لەناوتەمەکان بۆ تیشکی خۆر دائەنیشم
ڕووناهی یە سەڕابییەکان بەیان ئەکەم
داپۆشراوەکان بە خەتی پان
ئەسڕمەوە
من کە دەبینم
لە نێوانی هه ر دوو دەستێ
مەبەستێک لە سەرە پەنجەکان
نەخشی ئایندە دەکا
حەزوو ئارەزوێك شەپۆڵەکانی
بەقەد چیا بەرز ئەبێ
خەیاڵێک باڵدەگرێ و
ترپەی دڵەکان لەنزیکەوە نابیسترێ
ئارەزووە دوورەکان نزیک ئەکاتەوە
لە نێوانی هه ر دوو لێوێ
وشەیەک باسی تام و ئازادی ئەکا
لەنێو هه موو دڵۆپە شەونمێکی پڕشنگدار
نازی گوڵێکی بۆندار
بووڵبوڵێ باسی جوانی ئەکا
وشەکانی ئەنووسمەوە
کە شمشالێک بە فووی سووتانی
باس لە گەڵا ژەنگڵێدراوەکان ئەکا
باس لە هه نگاوی ئاگرینی
شێتانەی پایزو گوڕکانە دروستکراوەکانی
چەرخ ئاکا
پووش وپەڵاشە جێماوەکان ئەبینم
لەنەکاوڕا لە دۆڵی هاوارو ڕۆڕۆ
ئەبن بە هێزی نەبڕاوە
بە تەوژمی گڕو هه ناسە بڵێسە دارەکانیان
ئەبن بە گەردەڵووڵ و
هێرش دەکەنە سەر تەلارە بەرزەکانی شار
لەترسانە ڕوودەچن و
کەندەڵانێك باس لە بۆنی گووفەک ئەکا
من پەرتوکێکی ناو تەپ و تۆزاکانی
ئەو گێتە شێتەم
بۆیە جار جار شیعرەکانم وێڵ گەرد ئەبن
شار جێدێڵن
ئەوانەی دووچاری قورس هه رس کردن هاتوون
ڕاویان ئەکەن یان زیندە بەچاڵیان ئەکەن
یان وشەکانی لەژوور بۆ سەر
بەناو خۆیان ئەنووسنەوە
بە هه ورە ڕەشەکانیان، ئاسمان دائەپۆشن
بێ ڕەحمی لە چەهرەیان دەخوێنمەوە
ژەهر دائەکەن
بەسەر گوڵە سەوزەکانی بەهار
ناڕەونەوە
من بەتەنیا ناڵە ناڵم ،بۆ شیعرە وەک باخەوان
هه رکە هاوارم ئەنووسم،ئەبمە کێوی چراخان
بۆ سەلاوی بووڵبوڵانم،موشتاق نەغمەی تازەمە
بۆ نەسمی سروەی شەمسم،لەسەمان باڵای گوڵان
سەیری داری ڕوح گەڵاکەی چۆن وەریوە گیانەکەم
زەردو بێ هێزو مەلوولم ووشك بوو دوو چاوەکەم
بۆیە پێنووسم ئەنووسێ دەرد لە گێتی شێتەوە
تابمێنێ سۆزی شیعرم یار کەهات بیخوێنتەوە
کەی دێیتەوە؟
بەرهاتنت بۆنی مسکت سەلاو بکا
ئەستێرەی ڕۆژ ساقی مەی بێ
مانگ خەرمانەی باڵات بکا
لاشەی سووتاوم خۆڵە مێش
لە باوەشت خونچە دەرکا
پێنووس پڕ بێ لە بۆن عەترت
باسی ناڵەی هیجرت بکا
ئەو دەشتەی دڵ
پڕ بێ لەگوڵ
قامیشەکان نەوا بچڕن
مردوی هاوین بژیێنەوە
شەماڵ ئاوازی جۆشبدا
من و پێنووس گژو گیا
پێکڕا هه موو بکەین سەما

ناوی شەمسم دا بەکۆڵم ڕەفیقان دێوانەمە
پرسی ناوی ئەو دەکەم بێهۆش و وێرانەمە
لەنەسیمی سوبح ئەپرسم کوانێ بۆنی دوڵبەرم
شەرمەندە بەبێ وڵامە لەدەوری پەروانەمە
****
بێگەرد
١ی٨ی٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish