Skip to Content

دایەلۆگێک لە گەڵ بەرەی “نەخێر”دا … ئاسۆکمال

دایەلۆگێک لە گەڵ بەرەی “نەخێر”دا … ئاسۆکمال

Closed
by ئاب 10, 2017 General


” من رای تۆ ناسەلمێنم ، بەڵام تا مردن بەرگری لە مافی تۆ دەکەم بۆ وتنی ” – ڤۆڵتێر
….

ئەمڕۆ کەمپینی “نەخێر” ڕایگەیاند کە لە رفراندۆمی ٢٥ سێپتەمبەردا دەنگ بە “نەخێر”دەدەن، واتە لەو رفراندۆمە و لە پرسیار و فۆرمەکەدا دژی سەربەخۆیی کوردستان دەنگ دەدەن، ئەمەش مانای خوازیاری مانەوەی کوردستانن لە سایەی حکومەتی عێراقدا. بێگومان دەنگدان بە “نەخێر” مافی هاوڵاتیانە وەک دەنگدان بە”بەڵێ” و نابێ هیچ جیاوازیەک و فشارێک لەسەر هیچ هاوڵاتیەک بێ لەم رفراندۆمەدا. لەم یەکەم پرس کردنە و بڕیاردانەی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان دەبێ هاوڵاتیان ئازادانە بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن تاکو چاوەڕوانی خەڵک لە مافە سیاسیەکانی خۆی بچێتە ئاستێکی باڵاتر و دیاریکردنی چارەنوسی کوردستان بە موڵکی حزبە دەسەڵاتدارەکان نەزانێ و چالاکانە لەدیاریکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی ئایندەشدا بەشداربێت. هەربۆیە دایەلۆگ کردن نەک تەخوینکردن لەنێوان هەردوو بەرەی “بەڵێ” و “نەخێر”دا نیشانەی کلتورێکی مۆدێرن و پرەنسیپی ململانێی سیاسی حزب و هاوڵاتیانی شاری و هاوچەرخە کە جیاوازە لە کەلتوری ململانێی حزبە چەکدارەکان و زمانی هەڕەشە و جنێو و سوکایەتی کردن. لە رفراندۆمدا ڕایەکی گشتی و دیموکراسیەکی ڕاستەوخۆ لەجیاتی کەمینەیەکی حزبی دەسەڵاتدار بڕیاردەدا و هەربۆیە شێوازی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و ڕاگۆڕین و قەناعەتکردن دەبێتە مایەی گەڵاڵە کردنی بڕیارێک کە زۆرینەی خەڵک نوێنەرایەتی دەکا و شەرعیەت بە ماف و بڕیاری خەڵک دەدا.
کەمپینی “نەخێر” بەڵگە بۆ دژایەتی ئەم رفراندۆمە دەهێننەوە لەبەرئەوەی مەرجی ئەوەی تێدانیە ” کە رێکارەکانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت و ھەروەھا پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن و دەستور پەسەند کرابێت “.

ئایا ڕیکاری سەربەخۆیی لەئێستادا جگە لە بەرپاکردنی رفراندۆم چی دەخوازێت؟ دەڵێن؛” پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن”. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا بۆ دەوڵەت لە ٢٦ ساڵی ڕابردودا لە کوردستان دانەمەزراوە ، وە ئایا کەی ئەم دەوڵەتە دیموکرات و سەرکەوتوە دادەمەزرێ؟ چۆن دەسەڵاتی دوو حزبی چەکدار دەبێتە دەوڵەت لەکاتێکدا هیچ مافێکی حوکمڕانی نێودەوڵەتی نیە و لە ئاستی جیهانیدا وەک بەشێک و پاشکۆی دەوڵەتی عێراق حسابی بۆ دەکرێ و لەڕێگەی بەغدادەوە مامەڵەی سیاسی وئابوری و سەربازی و دیبلۆماسی ڕەسمی لەگەڵ دەکەن و هیچ وڵات و دەزگایەکی ڕەسمی نێودەوڵەتی شەرعیەتی پێ نادا وەک دەوڵەتێک؟ دەوڵەتی دیموکرات و سەرکەتوش لەسایەی ئەم سیستەمەی حزبی چەکداردا چارەکە سەدەیەکە دروست نەبوە و دروستیش نابێ چونکە ئەگەر نەتوانیت مافی حوکمڕانیت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕەسمی نەناسرێ ناتوانیت وەک بەشێک لە سیستەمی دەوڵەتی دنیای ئەمڕۆ جێ بکەوێت و پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بوارەکانی تری بەڕیوەبردن لەگەڵ ئەو سیستەمەدا جیهانیەدا ڕێکبخا و ببیتە بەشێک لە بازاری جیهانی و لە نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان و سیستەمی جیهانی. بەم پێیەش کوردستان ناتوانێت دامودەزگای دەوڵەتی و مافی هاوڵاتی بون و دابینکردنی ئاسایش و پلانی ئایندەی هەبێ، هەروەک لەم ٢٦ ساڵەدا ئەمە بەکردەوە سەلماوە. بەپێچەوانەوە ڕێک مەسەلەی رفراندۆم و سەربەخۆیی بۆئەوەیە کە دەوڵەت دروست بکرێ نەک بونی دەوڵەت پێش مەرجی رفراندۆم بێت. هەربۆیە لەڕاستیدا سپاردنی رفراندۆم بۆ دوای دروستبونی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو جگە لە “نەخێر” بە بەرپاکردنی رفراندۆم و جیابونەوە لە عێراق نەبێ بەکردەوە نابێ بە هیچ شتێکی تر.

دەستوریش وەک مەرجێکی تر بۆ رفراندۆم دادەنرێ لەلایەن کەمپینی “نەخێر”ەوە. باشە مەگەر چەند ساڵێکە ئەم دەسەڵاتە ڕەشنوسی دەستوری نیە. بۆچی ئەم ڕەشنوسە ناتوانێ پەسەند بکرێ؟ چونکە پەرلەمان نیە؟ باشە پەرلەمانێک کە لەم چارەکە سەدەیەدا چەند جار بێ ئیعتبارکراوە چۆن خەڵکی کوردستان دەبێ چاوەڕێی ئەوەبن، بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، لە کاتێکدا پەرلەمانێکی سەرکەوتو دادەمەزرێ و دەستورێک دەردەکا و ئەوکات ئەم مەرجانەی رفراندۆم دابین دەبێ و ئەوکات خەڵک دەتوانن رفراندۆم بکەن؟ ئایا ئەمە بەڕاستی “چاوەڕوانی گۆدۆ” نیە، ٢٦ساڵە کە ئەم پەرلەمان و دەستورە دروست نەبوە، ئایا پێمان ناڵێن کەی دروست دەبێ؟ دواتر، بۆچی دەستور دەکاتە پێش مەرجی رفراندۆم لە کاتێکدا کە دەوڵەت ڕاگەیەندرا بێگومان دەبێ یاساکان یا دەستوری ئەو دەوڵەتە دابنرێ، واتە دەوڵەت مەرجی دروستبونی دامودەزگا و دەستور و یاسایە نەک بە پێچەوانەوە. ئەگەر یاسا و دەستور دەولەتی دروست بکردایە ئەوا پەرلەمانی کوردستان یاسای کەم بەرهەم نەهێناوە کە بەهەمووی نەیتوانیوە دوو ئیدارەش ڕیکبخا نەک دەوڵەتی دامودەزگا و خاوەن مافی حاکمیەتی نێودەوڵەتی دروست بکا.
هەربۆیە “نەخێر” وتن بە رفراندۆم لەکاتی نەبونی رفراندۆمێکی بەدیلدا و چاوەڕێ هێشتنەوەی خەڵک بەدیار پاکێجێکی تری چاکسازی و خەیاڵی دروستکردنی دیموکراسی و دامودەزگا و دەستورە لەم بەدیلی فیدرالیە شکست خواردوەدا،” بەڵێ ” وتنە بە درێژەپێدانی هەمان سیستەمی ٢٦ ساڵی ڕابردوو.
لەجیاتی ئەوەی پێوەری شەرعی بونی رفراندۆم ئەم دەزگا حساب بۆنەکراوانەی دەسەڵات و گرێی ئۆدیبی “ئیجماعی نیشتمانی” بێ، باشترە پێوەرەکە بەشداری زۆربەی خەڵکی کوردستان بێت و دەنگ و بڕیاری زۆربەی ئەم خەڵکە بێت. نەک بەهۆی فەشەلی ئەم دەزگایانەوە ٢٦ ساڵی تر خەڵک بەدیار مانەوە لەعێراقی فیدرالی قەومی و مەزهەبی دابنیشێ تا بەردەوام حکومەتی هەرێم دەستی چەوری گەندەڵی و سەرکوتی خۆی بەسەر بەشە فیدرالیەکەی لە بەغدادا بسڕێ یا دەوڵەتی شیعەی عروبی توانای ئەوە پەیدابکا کە کوردستان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتی خۆی.
ئەم کەمپەینە دەڵێن؛ “نەخێر”واتە “نا”وتن بە دەسەڵات! ئەگەر لێکدانەوە بۆ دەنگی “نەخێر” هەر شتێک بێت بەڵام دەنگدان بە “نەخێر” لە رفراندۆمێکدا کە پرسیارەکە سەربەخۆییە واتە “نەخێر” بەسەربەخۆیی و بەڵێ بۆ مانەوە لە عێراقدا. لەو رفراندۆمە و لە پرسیار و فۆرمەکەدا ناوی دەسەڵات نەهاتوە و باسیش لەسەر دیاریکردنی هەڵوێست لە دەسەڵات نیە. هەربۆیە “نەخێر” تۆڵە کردنەوەیە لە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لەبەرئەوەی دەسەڵات داوای دەکا. دەسەلات ٢٦ ساڵە بەبێ رفراندۆم وسەربەخۆیی حوکم دەکا و ئەگەر دەنگی “نەخێر”یش سەرکەوێ ئەم دەسەڵاتە هەربەردەوام دەبێ.بەڵام سەرکەوتنی “نەخێر” شکستدانە بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و سەرکەوتنە بۆ مانەوەی فیدرالیزمی قەومی و مەزهەبی و دەسەڵاتی دەوڵەتی شوڤینستی شییعە بەسەر کوردستاندا.

ئەم کەمپینەی “نەخێر” دەشڵێن؛ بەرپاکردنی رفراندۆم ” دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکانیشمان لەدەستدەدات”. دەبێ بپرسین ئەو دۆست و پشتیوانانە بۆ لەئێستادا ڕایناگەیەنن کە رفراندۆم وسەربەخۆیی بۆ خەڵکی کوردستان وەک ماف بەڕەسمی دەناسێنن و نەتەوەیەکگرتوەکان بێنن بۆ سەرپەرشتی رفراندۆم تاوەکو رفراندۆمی تەیموری ڕۆژهەڵات و باشوری سودان و کۆسۆڤۆ ڕەسمیەتی پێ بدەن و دوایی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش شەرعیەت وەرگرێ. ئایا ئەم دۆستانە، بۆنمونە ئەمریکا جگە لەوەی دەڵێن ئیێستا کاتی نیە و کوردستان وەک کارتی فشار بەرامبەر بە عەبادی و ئێران بەکاردێنن ودەیانەوێ شەڕی داعشیان بۆبکا، هیچ بەڵێنێکی تری ئەوەدەدەن کە ئەوان کەی ئامادەن رفراندۆمێک بۆ خەڵکی کوردستان سازبکەن؟ ئەم دۆستانە پێمان دەڵێن بڕۆن لە عەبادی مۆڵەتی رفراندۆم وەرگرن، لەکاتێکدا لایان ئاشکرایە کە حکومەتی شیعەی عێراق سەر بەئێرانە و ئەگەر دە داعشی تر پەلاماری بدا و ببێت بە دەپارچەی ترەوە ئامادەنیە مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ خەڵک بسەلمێنێ. کورد دۆستی وای هەبێ ئیتر دوژمنی بۆچیە؟ مافی خەڵکی کوردستان نەک ئێستا لە یەک سەدەی ڕابردودا و سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و جینۆسایدە نەیانسەلماندوە، ئیتر ئەم خۆشباوەڕکردنەی خەڵک بەم دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیانە لە پێناو چیدایە، جگە لە تراساندنی خەڵک و پشت نەبەستنیان بەهێز و ئیرادەی خۆیان و پیداگریان لەسەر مافی ڕەوای بەرپاکردنی رفراندۆم و جیابونەوەدا؟! بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی کوردستان فشار بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنێ کە مافی خەڵکی کوردستان لە رفراندۆم و سەربەخۆییدا بسەلمێنێ و داوا بکا کە نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەشداری و سەرپەرشتی رفراندۆم بکەن و ڕەسمیەت بدەن بە سەربەخۆیی کوردستان.

ئەگەر مەسەلە ناڕەزایەتیەکانی خەلکە بەرامبەر بەدەسەڵات ئێمە دەڵێین ئەم حزبانە لەسایەی نەبونی دەوڵەت و فیدرالی قەومی و مەزهەبیدابوە، نەک لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆدا کە توانیویانە ئەم چەندین ساڵە خەڵک دوچاری هەژاری و بێ ئومێدی و سەرکوت بکەن. ئایا چۆن بە “نەخێر” وتن بە سەربەخۆیی و مانەوە لە هەمان سیستەمی ئێستای فیدرالی حزبە چەکدارەکاندا دەڵێن ئەمە “نەخێر” وتنە بەم سیستەمە؟! “نەخێر” وتن بە سەربەخۆیی تەنیا مانای “بەڵێ” وتنە بەم سیستەمەی کە زاڵە و تەنیا “نەخێر” وتنە بە گۆڕینی فیدرالی. بێگومان ئەو هێز و لایەنانەی کە کێشەیان ژیان و ناڕەزایەتی خەڵکی هەژار و ئازادیخوازی کوردستان نیە کە ٢٦ ساڵە بەهۆی فیدرالیزمی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە توشی ئەوپەڕی ستەم و چەوسانەوە هاتوە ، مەسەلەیان نیە کە بە دروستبونی دەوڵەت خەڵک لەدەست سیستەمی ئەم حزبە چەکدارانە ڕزگاری دەبێ و وەک هاوڵاتی دەوڵەتێک دەتوانێ ئەم حزبانە ناچار بە گرتنەبەری یاسا و دامودەزگا و دابینکردنی چوارچێوەیەکی ڕەسمی بۆ بەڕیوەبردنی ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بکا. ئەوان کێشەیان لەگەڵ پارتی هەیە کە لەو بەشە دەسەڵات و داهاتە شەریکیان ناکا و هەربۆیە دەیانەوێ لە دژایەتی خەڵک بۆ رفراندۆمیش سود وەرگرن تاکو پلە پۆستەکانیان لە پەرلەمان و حکومەتدا وەرگرنەوە و مسۆگەری بکەن. ئەم هێزانە لە ١٧ شوباتیشدا هەمان یاریان بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک و خوینی شەهیدەکانی کرد و کەوتنەدوای دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی پاکێجەکانی دەسەڵاتیان. هەربۆیە گرنگە کە دەنگی ناڕەزایەتی خەلک دژی دەسەڵات جارێکی تر توشی ئەم یاریپێکردنە نەبێ و لەپاڵ بەردەوامی دان بە ناڕەزایەتیەکان بۆ باشترکردنی ژیان و ئازادیەکاندا، خواستی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەولەت و بەرپاکردنی رفراندۆمیش بە مافی خەلکی کوردستان بزانین و پیداگری لە جێبەجێکردنی بکەین لە لایەن دەسەڵاتەوە. رفراندۆمێکی ئازاد و ڕەسمی و پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە جێبەجێکردنی ئەنجامەکەیەوە، خواستی بەرەی ئازادیخوازی کوردستانە.

ئاسۆکمال
‏08‏/08‏/2017

Previous
Next
Kurdish