Skip to Content

ئێستا پیاوێک نیشتمانمە ..!! … بەیان ئیبراهیم

ئێستا پیاوێک نیشتمانمە ..!! … بەیان ئیبراهیم

Closed
by ئاب 10, 2017 General, Poems

وا هات عاشقان وا خۆی هات
سنەوبەرێک لە قەد ئەو لاپاڵەوە دێتە خوارێ
ڕەنگی ڕێک ڕەنگی ئەو پیاوەی
لە ناو دەشتایی شیعردایە و
ژیانی بە جگەرەی لا دەمیەوە هەڵواسیوە
لە کانی قەت پاڵی شاخەکە لا دەداو
تۆزێ لق وسەوزایی و دەم و چاوی تەڕ دەکات
وا هات …عاشقان وا هات
دێتە ناو دارستانەکە و
یەک یەک سڵاو لە درەختەکان دەکات
سنەوبەرێک لە پیاو
ڕەنگی لە قەمیسە سەوزەکەی بەرم دەچێ
باڵای ڕێک وەک باڵای خۆم
ئەم پیاوە سنەوبەریە
هەمیشە سەوزی شیعرە و
بەهار لە دامێنی دەچۆڕێ
نزیک دەبێتەوە ولێم و ڕەنگی دەگۆڕێ
وردە وردە ئەم پیاوە سنەوبەریە
دەبێتە دار تویەک و پێم دەڵێ :
ئێستا تۆ نیشتمانی منی
من پیاوێکم لە دار توو
لە حەوشەی ماڵی منداڵیتەوە هاتوم
پڕم لە سڵاوی ڕیشوڵەکان
منی پیاوی دارتو… لەسەر هەر لقێکم
نیگای ئەو چۆلەکانەم بۆ هێناویت
کە مناڵیتیان پر دەکرد لە جریوە
پشتم تێ دەکات دەڕوا
بەدەم ڕۆشتنەوە دەڵێ :
من هیچم نەماوە بۆ وتن و لە پڕ ون دەبێت
دێتەوە ..لە سوچێکی ترەوە دێتەوە
هات عاشقان…. وا هات
عاشقان چەند سەیرە
لەو بەرەوە لە دامێنی ڕوبارەکەوە
دار بییەک هاوار دەکات
من لێرەم … من شێرکۆم
ئێستا تۆ پیاوێک نیشتمانتە و
منیش کچێک نیشتمانمە
بانگم دەکات و دەڕۆمە ڕۆخی ڕوبارەکە
ئەو لەو بەرەوە و منیش لەمبەر
قاچم دەخەمە ناو ئاوەکەوە
بیستنمی بۆ دەکەم بە فەرشێک
پێم دەڵێ :نیشتمانی من و تۆ
لە کەشکۆڵی ئەم ڕوبارەدایە
وەرە با گوێ لەم ڕوبارە بگرین
هەر دڵۆپێکی پڕە گریانی دایكێک
هەر شەپۆلێکی پرە لە ئازارێک و گنگڵ دەدات
ئەی نابینی چۆن بە دەستی لقە شۆرەکانم
فرمێسکی بۆ دەسڕم و توڕەبونی هێواش دەکەمەوە
ئیتر دەڕوا … ئەم شۆڕە بییە دەڕوا
کەنار جێدێڵێ
بەدەم ڕۆشتنەوە
ڕەنگی دەگۆڕێ و دەبێتە دارهەنارێ
بەسەر بەردە بازەکەدا
هەنگاو هەنگاو دێتە ئەم بر
تا دەگاتە لای من گوڵ دەردەکات
دەکەوێتە گۆرانی وتن
بەدەم گۆرانی ڕەزیەی زیرەکەوە
ئەو ناوە پڕدەکات لە گۆرانی گوڵی هەنار
پێم دەڵێ: کە منی پیاولە جنسی دار هەنار هاتم
هەر گوڵێکم پەیامی هەنارێکی پێیە
فریشتەکان کە دێن
لەسەر باڵی پەپولە سوجدەی سور وەک گوڵی من
بۆ ڕۆحی ئاسمان دەبەن
عاشقان … وا دێت … سەیرکەن
ئەم پیاوە کە دەبێتە نیشتمانی من
هەر جارە و دەبێتە درەختێک
هەر جارە و دەبێتە کانیەک
هەرجارە و دەبێتە باڵندەیەک و
هەر نابێتەوە بە شێرکۆ
شیرکۆیە و لەبەرگی درەخت و
لە باڵی باڵدار و لە ئاوی کانیدا
شیعر دەخوێنێتەوە
ئەو کە دێت … پێم دەڵێت:
وەرە خۆت لە منا ببینە
سوری لێوت من لە گوڵی هەنار… بەتۆم بەخشیوە
قەمیسەکەت لە سەوزای سنەوبەریم … بۆ دورویت
دەنگت لەسەر چڵی دارتوییم….. پێ داوی
ئا من ئێستە وەک پیاوێکی شێت
نیشتمانی تۆم
ئەو دەمەی تۆ دەبیتە نیشتمانێک لە ڕەنگ بۆ من
ئەو دەمەی تۆ دەبیتە پارکی ئازادی
لە ناو هەناوتا خۆم و شیعر بۆ ئەبەد دەنوم و
بارانی شیعر بۆ تۆ جێدەهێڵم
بەفری قەسیدەم لەگەڵ ڕۆحی تۆدا دەبارێنم
عاشقان وا دەڕوات … کە دەڕاوت
خۆی گرێ دراوە بە دڵمەوە … وەک فەقیانەکەی دایکم
دڵم دەکاتە کەعبە وبە قەیسدەیەکی سپی
وەک سەرپۆشەکەی دایکم دادەپۆشێت
چاوانم دەکاتە دەبەرند و رۆحی دەبێتە پەپولە
کە دەڕوا …. عاشقان … ئاوا دەڕوا
بە ئەسپایی دەچپێنێ بە گوێمدا و دەڵێ:
نیشتمانم وەک ئاوێنە پارچە پارچە بوە
لە چاوی کچێکا کۆمکردوە
منیش کە چاوم دەشکا ئەو گوێ ی لێ بو
پارچەکانی دەکەوتنە ناو دڵمەوە
لە شین پۆشی کەمانچەژەنەوە … دەم بینی
ئێستە من پیاوێک نیشتمانە
لە پارکی ئازادیدا دانیشتوە و
ئازادی دەکاتە ملی وشە
ئێستە من پیاوێک نیشتمانە
بۆنی نێرگز لە شیعری و
چاوانی لە گوڵ و تەمەنی لە باخچە و
هەڵوێستی لە مارشی نیشتمانیدا دەبینم
عاشقان ئاوا دێت و ئاوا دەڕوا
ئەو کچێک بوە نیشتمانی و
منیش پیاوێک
کە هەر جارە و وەک درەختێک دەردەکەوێت و
وەک باڵندەیک لە ئاسماندا ون دەبێت
هەر جارە و وەک ڕوبارێک دەردەکەوێت و
وەک باران دێتەوە و بەسەرما دادەکات
وەک کانی گۆرانی دەڵێت و
وەک شیرکۆ دەچیتە ناو مێژوەوە
بەڵێ عاشقان ….. ئاوایە
ئەو ئێستە کچێک نیشتمانیەتی و
منیش پیاوێک نیشتمانمە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish