Skip to Content

مەرگی سەردەشت عوسمان، مردنێک لەپێناو ئایدیاکاندا …  نەبەز سەمەد

مەرگی سەردەشت عوسمان، مردنێک لەپێناو ئایدیاکاندا … نەبەز سەمەد

Closed
by ئاب 11, 2017 General, Opinion, Slider

یان پالاخ_فێرخوازی چیکی لە کانوونی دووەمی ١٩٦٩دا لەکاتی پرۆتێستکردنی داگیرکردنی وڵاتەکەیەوە لەلایەن یەکێتی سۆڤییەت، گڕی لە خۆی بەردا. مەشخەڵی ئاگرەکە تەنیا ئەو داناپۆشێ، بەڵکو بۆ هەمیشە ئەو لە بنەڕەتەوە لە سەرجەم کۆمەڵگەکەی جودادەکاتەوە. کاتێك پالاخ لە ژیاندا بوو، هێندە جێی بایەخ و گرنگی پێدان نەبوو، بەڵام پاش مەرگە ئاگرینەکەی، بۆ زۆر کەس پالاخ لە خوا-مرۆیەک کەمتر نەبوو، ئاخر ببوو بە بوونەوەری هێز، وزە و کاریگەری. بۆیە پالاخ لە پشتی گۆڕەکەیەوە شێوە بە مێژووی چیکۆسلۆڤاکیا دەدات.
سەردەشت عوسمان بەرلەوەی تیرۆر بکرێت، خوێندکارێکی بەشی ئینگلیزی بوو، جێگەی بایەخ و سەرنجی خەڵک نەبوو، زۆرینەی خەڵک لەم هەرێمەدا نەیان دەناسی، ئاگایان لە نووسینەکانی نەبوو، بەڵام پاش تیرۆرکردنەکەی سەردەشت دەبێت بە ئیدیال، دەبێت بە بزوێنەری شەقام، دەبێتە جێی بایەخ و گرنگی پێدان، نووسین و نامەکانی دەخوێندرێنەوە و ئێستا لەلایەن هەمووانەوە بەهەند وەردەگیرێت. ئێستا دەسەڵات و حیزبی کوردی لە پشتی گۆڕەکەیەوە لە سەردەشت عوسمان دەترسێت، لە گلکۆکەی دەترسێت، چونکە مەرگی سەردەشت و گلکۆکەی بوونە بە هێما و سیمبولی ئازادی، سیمبولی پرۆتێستکردن و بەرەنگاری، سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتێکی حیزبی، بنەماڵەیی، خێڵەکی و گەندەڵ.

یان پاتۆچکە لە ١٣ ئازاری ١٩٧٧، لە نەخۆشخانەیەکی پراگ مرد، کەمێك دوای یادی ٧٠ ساڵەی هاتنەژیانییەوە. هۆکاری مەرگەکەی ”خوێنبەربوونێکی زۆری مێشکی بوو، چونکە لەلایەن لێکۆڵەرەوانی پۆلیسەوە ئەشکەنجە درا بوو. زیاتر لە دوو مانگ، پاتۆچکە بەبەردەوامی لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرا، دوا لێکۆڵینەوەی پتر لە یازدە سەعاتی خایاند بوو” (Kohak، 1989: 3). پاتۆچکە وەک یەکێك لە ڕێبەرەکانی (”وتەبێژەکان”)ی چارتەری ٧٧ (Charter 77)، دەبینرا کە بزووتنەوەیەکی مافی مرۆڤ بوو، ڕژێمی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکی وەک دژە_دەوڵەت لە پاتۆچکە تێدەگەیشت. پیشەی سیاسی پاتۆچکە لەگەڵ مەرگەکەیدا کۆتایی پێنەهات. کاتێک مرد، فەیلەسوفەکە لە ڕووی سیاسییەوە تەنانەت زۆر ورژێنەرترە لەو کاتەی کە زیندوو بوو، وەک سەلمێندرا بەڕێی ژمارەیەکی زۆر هێزی پۆلیس بڵاوەی پێکرابوو بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی کە بەشداری ناشتنەکەیان کرد.
تەنیا بە ئامادەبوونیان لەوێ، پۆلیس دانبەوەدا دەنێ کە مەرگی پاتۆچکە ڕەهەندێکی سیاسی هەیە، جەستەی پاتۆچکە، دیارە وەک جەستەیەکی بێژیان پەیامێکی گرنگی لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئێستا دەسەڵاتداران دەبێ لەوە تێگەیشتبن، کە سەرکەوتنیان بەسەر پاتۆچکەدا زۆر کورتخایەن بووە: ئاخر پاتۆچکەی مردوو زۆر بەهێزترە، زۆر کاریگەرتر، تەنانەت زۆر مەترسیدارترە لە پاتۆچکەی زیندوو. ئەوان دەسەڵاتیان هەبوو پاتۆچکە بۆ جەستەیەکی مردوو وەربگۆڕن_ ئێستا، ئەو جەستە مردووە بەبێدەنگی زیتبۆتەوە و بە ئەوان پێدەکەنێ. ئەوان ئەوەی توانیان بۆ تێکشکاندنی ژیانی سیاسی پاتۆچکە لە پاش مەرگیدا کردیان: ”کامێراکانی پۆلیس وێنە و فیلمی هەموو ئەو کەسانەیان دەگرت، تەنانەت ئەوانەش کە بە لای گۆڕەکەیدا تێدەپەڕین. ئەو خزمەتگوزارییە بەبێ پچڕان بوو، هەروەها گۆتاری قەشە لەکاتی ناشتنیدا کپکرابوو، بەڕێی سووڕانەوەی هەلیکۆپتەری سەربازییەوە لەسەرسەریان و زیادکردنی دەنگی ڤڕەڤڕی ماتۆڕسکیلی پۆلیسەکان لە نزیک شوێنی ناشتنەکە” (Keane 1999: 253–4). بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو؛ جەستەمردووەکە لە کۆتاییدا نوشوستی پێهێنان.

سەردەشت عوسمان ڕۆژی ٤/ ٥/ ٢٠١٠ لە بەردەم کۆلێژی ئاداب دەڕفێندرێت و تیرۆر دەکرێت، دوای دوو ڕۆژ تەرمەکەی لە نزیک موسڵ دەدۆزرێتەوە. دوای تیرۆرکردنەکەی چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەردەشت عوسمان بە مردوویی کەسێکی کاریگەرتر، ناسراوتر، بەهێزتر و بۆ دەسەڵات مەترسیدارترە لە سەردەشتی زیندوو. ئەگەر دەسەڵات و حیزبی کوردی لە کوشتن و تیرۆرکردنی ئەودا سەرکەوتووبووبێت، ئەوا جەستە مردووەکەی سەردەشت نوشوستی بە ئەوان هێناوە، چونکە مەرگی ئەو بووە بە هێمای ئازادی و هەقبێژی. سەردەشت بەهۆی مەرگەکەیەوە لەنێو یادەوەری کۆمەڵگەی کوردیدا بەزیندوویی دەژی، دوای مەرگەکەی دەسەڵاتی کوردی دەبێت لەوە تێگەیشت بێت کە سەرکەوتنیان بەسەر سەردەشت عوسماندا کاتی و کورتخایەن بووە.
مەرگ هەمیشە واتای هیچاندن (نیگاسیۆن)ی ژیان ناگەیەنێت. هەندێ جار مەرگ توانستی پێچەوانەی هەیە، توانستی برەودان بە ژیان، توانستی هێنانی هەناسەیەکی نوێ بۆ نێو ژیان. وەک لە مەرگی سەردەشت عوسماندا دەیبینین، مەرگی سەردەشت لەپێناو مردن نییە، مەرگێکی ئاسایی نییە، مەرگێکە لەپێناو ژیان، بۆ باشترکردنی ژیان، مەرگی سەردەشت لەپێناو ئەوەدایە کە هەناسەیەکی نوێ بە ژیانی ئەم هەرێمە وێرانەیە بدات.

سەردەشت عوسمان بۆیە تیرۆر دەکرێت چونکە ئەو دەستبەرداری ئەو شێوازە ژیانە نابێت کە خۆی هەڵیبژاردووە، ئەو نایەوێت ژیانێک بژیت کە دەسەڵات بۆی دیاری کردبێت، ئەو نایەوێ بە شێوازێک بیر بکاتەوە کە لە سەرەوە لەلایەن حیزبەوە، لەلایەن سەرۆکەوە بۆی داڕێژرابێت، ئەو دەیەوێت خۆی بێت. سەردەشت دەیەوێ لەپێناو ئایدیاکانیدا بمرێت، بۆئەوەی بەرانبەر بە ئایدیاکانی وەفادار بمێنێتەوە. ئایدیاکانت شتێک نین تۆ لەنێو کتێب و نووسینەکانت هەڵیان بگریت، بەڵکو شتێکە تۆ لەخۆتدا هەڵت گرتووە. ئایدیاکانت تەنیا بابەتێک نین تۆ لەبارەیانەوە بئاخڤی، بەڵکو تۆ لەنێو خۆتدا بەرجەستەیان دەکەیت.
سیمۆن وێیڵ لەبارەی مەرگەوە دەبێژێ ”مەرگ گرنگترین شتە کە بە مرۆڤ بەخشراوە. بۆیە گەورەترین بێڕێزی، خراپ بەکارهێنانی مەرگە؛ واتا بە هەڵە مردن”. سەردەشت عوسمان لەمە تێگەیشتووە، بۆیە نایەوێ بێڕێزی بە مەرگی خۆیەوە بکات، مەرگی خۆی بەفیڕۆ بدات، ئەو نایەوێت بە هەڵە بمرێت، بەڵکو سەردەشت نرخی مەرگی خۆی دەزانێت، ئەو لەپێناو مردندا نامرێت، لەپێناو ژیاندا مەرگ هەڵدەبژێرێت. ئەو ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری ئایدیاکانی بێت و بیان گۆڕێت، ئاخر گۆڕینی بیرکردنەوە و ئایدیاکان وەک گۆڕینی جل و بەرگ نییە. مەرگی سەردەشت مەرگێکە بۆ ڕاستاندنی ئایدیاکانی، بۆ دڵسۆزبوون و وەفاداربوون بەرانبەر ئایدیاکانی، ئاخر گەر تۆ خۆت بۆ ئایدیاکانت ڕاستگۆ نەبیت، کێ دەتوانێت بۆیان ڕاستگۆ بێت، ئەگەر تۆ ئایدیاکانی خۆت پراکتیک نەکەیت، کێ پراکتیکیان دەکات.

سەردەشت عوسمان مەشقی پارێسیا (parrēsía) دەکات. پارێسیا وشەیەکی گریکی کۆنە واتای ڕاستەوخۆبێژی، هەقبێژی دەگەیەنێت. لە زنجیرەیەک لێکچەردا کە لە زانینگەی بێرکلی ساڵی ١٩٨٣ پێشکەشی کرد، میشێل فوکۆ بەجوانی لەبارەی پارێسیا (گۆتنی هەقیقەت) دەئاخڤێ. بۆ فوکۆ ”گۆتنی هەقیقەت” دەربڕینی جۆرێک لە بوونە لەنێو جیهاندا و شێوازێکە لە ژیاندن لەنێو کۆمەڵگەدا. یەکێك ناتوانێ بە هەقیقەت بگات و پاشان لەبارەیەوە بێدەنگ ببێت. یەکێک کە بە زانین دەگات، ئەوا ئەو یەکە دەبێ ئەو زانینە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەش بکات. کەسێک ئەم مەشقە دەکات ”کەسێکە کە هەقیقەت بەڕووی دەسەڵاتدا دەڵێت”، ”کەسێک کە بەئازادی قسە دەکات، هەموو قسەیەک دەکات، بەتوندی قسە دەکات، کەسێکە بێدەنگ نابێت، دەمی داناخات، لەبەرئەوەی دەسەڵات پێی ناخۆشە”. ئەو چەشنە کردارە دلێری دەوێ. ئاخر ئەوانەی ئەم مەشقە دەکەن بەدەگمەن ڕووەو شادی دەچن، بەڵکو ڕووەو مەرگ دەبنەوە. چونکە ”گۆتنی هەقیقەت” ئیشێکی مەترسیدارە.

فوکۆ بەڕێی بەکارهێنانی نموونەیەکەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کاتێک هەوڵدەدا پێناسەی پارێسیا بکات. فوکۆ دەبێژێ، کاتێک فەیلەسوف خۆی بۆ سۆڤەرین، ستەمکار خویادەکات و پێی دەڵێ ستەمکارییەکانت جاڕس و ناخۆشن چونکە ستەمکاری لەگەڵ داد ناشێ پێکەوە لێرەبوونیان هەبێ، ئاخر فەیلەسوف ڕاستی دەڵێ، باوەڕدەکا ئەو ڕاستی دەبێژێ، پتر لەوەش، خۆی خستۆتە مەترسییەوە (ئاخر ڕەنگە ستەمکارەکە تووڕە ببێ، ڕەنگە سزای بدا، ڕەنگە وەدەری بنێ، ڕەنگە بیکوژێت). (Foucault 2001: 16)
سەردەشت عوسمان دەیەوێت هەقیقەت بڵێت، ئەو بە هەقیقەتێک گەیشتووە و نایەوێ لەبارەیەوە بێدەنگ بێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەشی دەکات. سەردەشت وەک مەشقکارێکی پارێسیا هەقیقەت بەڕووی دەسەڵات و حیزبی کوردیدا دەڵێت، بەئازادی، بەبوێری و بەئاشکرا هەموو شتێک دەڵێت، ئەو شتەی کە لەنێو هۆشیدایە، ئەو هەقیقەتەی کە پێی گەیشتووە.

کاتێک سەردەشت خۆی بۆ سەرۆک ئاشکرا دەکات، پێی دەڵێ تۆ ستەمکاریت، ئەو ڕاستی دەڵێت. سەردەشت دەشزانێت کە ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە، چونکە بەم قسانەی ڕەنگە سەرۆک تووڕە ببێت، ڕەنگە سزای بدات، ڕەنگە وەدەری بنێت، ڕەنگە بیکوژێت.
سەردەشت عوسمان بەتوندی ئەوە دەڵێت کە باوەڕی پێیەتی، هەرچەندە ئەو ئاگادارە کە بۆ قسەکانی دەبێت قورسترین باج بدات: ژیانی خۆی، بەڵام هەر پەشیمان نابێتەوە، ئەو دەیەوێت پەردە لە ڕووی هەقیقەتی دەسەڵات و حیزبی کوردی هەڵبماڵێت. سەردەشت لەپێناو ئایدیاکانیدا مرد.

بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود وەرگیراوە لە کتێبی:
Costica Bradatan (2015) Dying for Ideas, The Dangerous Lives of the Philosophers Bloomsbury, London.

Previous
Next
Kurdish